چاوی رووداو | خواردنی نانی بەیانی لەنێو کەشتییەکی ئیستەنبووڵ
خواردنی نانی بەیانی لەنێو کەشتییەکی ئیستەنبووڵ
ئیستەنبووڵ یەکێکە لە شارە هەرە دڵگیرەکانی جیهان. لەم شارە زۆر چالاکی جۆراو جۆر پێشکەش بە گەشتیارانی دەکات. نانی بەیانی لە ئیستەنبووڵ یەکێکە لەو ژەمانەی کە خەڵکی نۆرە دەگرن لە چێشتخانەکاندا.
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین نانی بەیانی، چێشتخانەیەکە لەنەو کەشتییەک کە بەدەم خواردنی نانی بەیانییەوە، بەنێو گەرووی بۆسفۆردا دەسووڕێتەوەو دیمەنی سەرنجڕاکێش دەبینی لەکاتی خواردندا.
گەشتیاران بۆ دەستکەوتنی ژەمێک لەم کەشتییەدا لە بەرەبەیانەوە دەچنە کەناری بۆسفۆر و نۆرە دەگرن بۆ سەرکەوتن لە کەشتییەکەدا، ئەو کەسە زۆر بە شانسە کە بتوانێ سەرکەوێتە ناو کەشتییەکە، چونکە شوێنەکان لەم کەشتییە دیاریکراون.
نیلۆفەر چەکمەک، بەرپرسی کەشتی نانی بەیانییە لە ئیستەنبووڵ دەڵێ : چوار ساڵە ئەم کەشتییەمان بۆ نانی بەیانی ئامادەکردووە، کە لە کاتی نانخواردندا دیمەنی سەرنجڕاکێشی ئیستەنبووڵ دەبینی.
پردی خۆشەویستی لە ئەڵمانیا
لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا پردێک هەیە بەپردی خۆشەویستی ناسراوە. پردی هۆهن سۆلەرن رینگ، یەکێکە لە پردە ناودارەکانی ئەڵمانیا کە دەکەوێتە سەر رووباری راین لەم شارە.
لەوێ ئەو کچ و کوڕانەی یەکدییان خۆشدەوێ یاخود هاوژینی یەکدین، وەکو هێمای مانەوە و وەفا و خۆشەویستی قفلێک لە پردەکە دەبەستن و کلیلەکەی دەخەنە رووباری راینەوە.
ژمارەی قفلەکان هێندە زۆرن، کەس ناتوانێ بیانژمێرێ، هەر قفلێک چیرۆکێکی خۆشەویستی یاخود یادگارییەکی لەسەر نەخشێنراوە.
خانووە مێژووییەکانی موسڵ
بەهۆی ئەوەی شارێکی کۆنە و یەکێکە بووە لە ویلایەتە گرنگەکانی دەوڵەتی عوسمانی، لە موسڵ زۆر شوێنەوار و خانوو باڵەخانەی مێژوویی و کۆن هەبوون، بەڵام دوای هاتنی داعش جگە لەوەی بەشێکی زۆر لە خانووەکان رووخێنران و لەنێوچوون، خەڵکێکی زۆریشی کردووەتە کرێچی.
باسی ژیانی سەعد محەممەد دەکەین، کە کاری تەنەکەچییە لە موسڵ، ئەو خانووێکی کۆنی لە باپیرانییەوە بۆ مابووەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش کە موسڵ بۆردوومان دەکرا، خانووەکەی دەڕووخێت و تەنیا پارچە زەوییەک ماوە، ئێستا لەگەڵ منداڵەکانی لە خانووێکی کرێدا دەژی و تاوەکو ئێستاش قەرەبوو نەکراوەتەوە.
سەعد محەممەد دەڵێ : ئێمە زۆر زەرەرمەندبووین، سەرەتا منداڵەکانم برینداربوون، تۆش دەزانی کاتێک تۆ لە خانووەکەی خۆت دانیشتبی و بەردەوام مووشەک بەسەر تۆدا بەردەنەوە چیت بەسەردادێت.بێگومان شتێکت بەسەردادێت. بەم هۆیەوە منداڵەکانم بریندابوون و دەروونمان زۆر تێکچوو. دوای شەڕیش زۆر ماندوو بووین، تاوەکو منداڵەکانم گەڕاندەوە ژیانێکی سرووشتی کاتێکی زۆری پێچوو. خانووی تۆ موڵکی تۆ ببێتە پاشماوە، لەم زەرەرە زیاتر چی بکەم.