شێرەکەی خۆشناو و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

29 July 2022
شێرەکەی خۆشناو و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

عەلی خۆشناو، سەرمایەدارێکی شاری هەولێرە. لە ماڵەکەیدا شێرێکی ئەفریقی بەخێو دەکات، کە بە یەکێک لە ئاژەڵە دڕندەکانی سەر زەوی دادەنرێت.

عەلی خۆشناو، خەڵکی گوندی شێخ وەسانانە، کە یەکەم گوندی کوردستانە لەلایەن رژێمی بەعس کیمیاباران کرا. وەکو خۆی باسیدەکات، باوک و باپیری پێشمەرگە بوون، دوای ساڵی 1974 بەهۆی تێکچوونی شۆڕش، راگوێزراون بۆ دیوانییە. عەلی خۆشناو دەڵێ "من لە دیوانییە لە دایکبووم".

عەلی خۆشناو زۆر حەزی لە بەخێوکردنی ئاژەڵبوو، لە منداڵییەوە چەندین ئاژەڵی راگرتووە، بەردەوام خەونی بە بەخێوکردنی شێرەوە بینیوە. لەبارەی چۆنییەتی دەستکەوتنی ئەم شێرە ئەفریقییە دەڵێ "هاوڕێیەکم ئەو شێرەی بە دیاری بۆ هێنام، شێرەکە ئەفریقییە و دوو دانەبوون، یەکێکی بۆ شێخێکی عەرەبەکان برد و ئەمەشی بۆ من هێنا، لە بەچکەییەوە بەخۆم بەخێوی دەکەم، ئێستا تەمەنی ساڵێک و 6 مانگە".