ماڵی ئەحەی کڕنوو لە سلێمانی
لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی، پڕۆژەیەکی گرنگ بۆ پاراستنی خانوو و شوێنەوارە مێژووییەکان دەستی پێکردووە. یەکێک لەو شوێنانە، ماڵی "ئەحەی کڕنوو"ە لە گەڕەکی سابوونکەران، کە دوای ئەوەی بەشێکی زۆری وێران ببوو و ببووە شوێنی کۆکردنەوەی خاشاک، ئێستا لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بە هاوکاریی کۆمەڵەی هونەریی میللیی کوردستان نۆژەن کراوەتەوە. جەزای ساز، هونەرمەند و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، رایگەیاند کە ئەو خانووە تەنیا دیوار نییە، بەڵکو بەشێکە لە یادەوەری و مێژووی کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە ئەو شوێنە ئێستا کراوەتە ناوەندێکی کولتووری و شانۆیی کە جێگەی 400 بۆ 500 کەس دەگرێتەوە بۆ بینینی چالاکییە هونەرییەکان
مزگەوتی گەورەی کۆیە
مزگەوتی گەورەی کۆیە، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1843 دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە ئایینی و زانستییەکانی کوردستان. ئەم مزگەوتە لەلایەن حاجی مەلا بەکر ئاغای حەوێزییەوە دروست کراوە و بە بەردی مەڕمەڕی گرانبەها نەخشێنراوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی ئەم مزگەوتە، هەبوونی 2 میحرابە، کە لە سەردەمی عوسمانیدا یەکێکیان بۆ پەیڕەوانی مەزهەبی حەنەفی و ئەوەی دیکەیان بۆ شافیعییەکان بەکار هاتووە.
بە گوتەی دکتۆر جەمال فەتحوڵڵا، مامۆستای مێژوو، ئەم مزگەوتە لە رابردوودا تەنیا شوێنی نوێژکردن نەبووە، بەڵکو ئەکادیمیایەکی گەورەی زانستیش بووە و لە یەک کاتدا 500 فەقێ و خوێندکاری لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە تێیدا خوێندوویانە. کەسایەتییە دیارەکانی وەک مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و شێخ رەزای تاڵەبانی لێرە خوێندوویانە، کە ئەمەش پێگەی بەرزی مێژوویی ئەو شارە لە بوارەکانی زانست و مەعریفەدا دەردەخات.
بەرەکات ئۆزمەن؛ 54 ساڵە گۆرانی و میوزیکی کوردی ئەرشیڤ دەکات
بەرەکات ئۆزمەن، ئەندازیارێکی تەمەن 82 ساڵ و خەڵکی نسێبینە لە باکووری کوردستان، زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەنی بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی گۆرانی و بەرهەمە هونەرییە کوردییەکان تەرخان کردووە. زیاتر لە 28 جار سەردانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە بۆ ئەوەی دەنگی دەنگبێژە رەسەنەکان و مەقامبێژە کوردەکان تۆمار بکات.
ئەو پیاوە توانیویەتی ئەرشیڤێکی گەورەی دیجیتاڵی بە قەبارەی 3 تێرابایت دروست بکات، کە هەزاران کاژێر گۆرانی و بەسەرهاتی کوردی لەخۆدەگرێت. ئەو دەڵێت "هەتا لە ژیاندا بم لەم کارە بەردەوام دەبم چونکە بڕوام وایە هونەر و میوزیک ناسنامەی نەتەوە دەپارێزن"
ئێستا ماڵەکەی وەک مۆزەخانەیەکی لێهاتووە و دەرگای بەڕووی هەموو توێژەر و خوێندکارێکی بواری هونەردا کراوەیە، تاوەکو سوود لەم سەروەتە نەتەوەییە وەربگرن.
کولتوری خوێندنەوە لە چین
لە وڵاتی چین، خوێندنەوە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و حکومەتیش ئاسانکاریی بۆ ئەم مەبەستە کردووە. لە زۆربەی شەقام، میترۆ، پارک و شوێنە گشتییەکاندا، کتێبخانەی گشتی و ئامێری خۆکاری دابەشکردنی کتێب دانراون، کە هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ بەرامبەر کتێب وەربگرن و بیخوێننەوە. ئامارەکان دەریدەخەن کە هەر هاووڵاتییەکی چینی ساڵانە بە تێکڕا 8 بۆ 10 کتێب دەخوێنێتەوە. لای چینییەکان، خوێندنەوە تەنیا حەز نییە، بەڵکو میراتێکی 2000 ساڵەیە و وەک کلیلی سەرکەوتنی کۆمەڵگە سەیری دەکەن. منداڵان لە تەمەنێکی زووەوە فێری خوێندنەوە دەکرێن، بە جۆرێک کە لە کتێبخانە گشتییەکاندا زۆرجار بەهۆی قەرەباڵخییەوە شوێنی دانیشتن نامێنێت و خەڵک لەسەر زەوی دادەنیشن بۆ ئەوەی کاتەکانیان بە زانیاریی نوێ پڕ بکەنەوە.
بهشی بكه لە