بەکارهێنانی چەک

17 May 2025
بەکارهێنانی چەک

بەرنامەی دەروون ئەم هەفتەیە لە رووداو تیشکی خستە سەر چۆنییەتی بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دۆخە جیاوازەکان و ئەوەیکە ئایا هێزە چەکدارەکان چەک بۆ مەبەستی تایبەتی بەکاردەهێنن؟ بەرنامەکە بە میوانداریی چەندین پسپۆڕ و شارەزا لە بوارەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی و سەربازی، هەوڵیدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە و رێوشوێنە پێویستەکان بۆ بەکارهێنانی دروستی چەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بخاتە روو.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، سالار فەتاح، دەروونناسی کۆمەڵایەتی، جەختی لەوە کردەوە کە پۆلیس مافی نییە بێڕێزی بەکەس بکات چ بگاتە ئەوەی گیانی کەسێک بسێنێت و دەبێت ئامرازەکانی پارێزگاری لە مرۆڤ، بخرێتە خزمەت سیستەمەوە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە کەسێکی چەکدار دەبێت حەزە کەسییەکانی وەلا بنێت و یاسا لە سەرووی خۆیەوە دابنێت. سالار فەتاح رەخنەی لەوە گرت کە کاتێک شتێکی مەترسیدار دەدرێتە مرۆڤ دەبێت رێکاری زۆرتری بۆ بکرێت و دەوڵەت نابێت رێگە بدات هێزێک بە پارەی خۆی چەک بکڕێت.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، سالار فەتاح رەخنەی لەوە گرت کە رێکخراوی فەرمی نابێت عەقڵییەتی هەڵگرتنی چەکیان لە عەشایەر بچێت. هەروەها گوتیشی:" چەکداری ئازا ئەوەیە کە چەکی پێیە و کۆنترۆڵی توڕەیی خۆی دەکات".

عەمید تارق ئەحمەد، ماستەر لە زانستی سەربازی، لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی ئەو چەکانەی خەڵکی پێدەکوژرێت چەکی بێ مۆڵەتن و بینیومانە کۆمەڵێک چەکدار چۆن بەرپرسی حیزبەکەیان شەقشەقێن دەکەن. عەمید تارق ئەوەشی خستەڕوو کە پێشمەرگە دوای ئەرکەکەی، دەبێت چەکەکەی لە کۆگا دابنێت، بەڵام زۆریەک لە پێشمەرگەکان، چەکەکانیان بە پارەی خۆیان کڕیوە. عەمید تارق ئەحمەد هەروەها گوتیشی:" ئەمە تاوانی فەرماندەیە کە پێشمەرگە نەزانێت کەی و بۆچی و لە کوێ چەک بەکاربهێنێت". 


کاروان خۆشناو، عەقیدی پۆلیس، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەکە، لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی سەرەکی دەستتێوەردانی حیزبە لە ناو دەزگاکاندا و کێشە چەک نییە، بەڵکو لە عەقڵییەتی بەکارهێنانی چەکە. کاروان خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە کارمەند دوای کار، دەبێت چەکەکەی لە شوێنی کارەکەی بەجێبهێڵێت. کاروان خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە کە ناکرێت بەرپرسێک بیت و بێیتە نێو شەقام 50 چەکدارت لەگەڵبێت و حیزب لەنێو دەزگا ئەمنییەکان بێتە دەرەوە، خەڵک هەموو شت بە هی خۆی دەزانێت

عەقید جەلال تەمەر، هێزی خەباتی دەشتی هەولێر، میوانی دیکەی بەرنامەکە بوو و ئاماژەی بەوەدا کە لە راهێناندا، راهێنانی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و هاووڵاتییانیان پێدەکەن.

پێشڕەو حەسێن، نووسەر و هونەرمەند، میوانی بەرنامەکە، رای وابوو کە کۆلێژە سەربازییەکان دەبێت بزانن کە دۆخی دەروونی سەربازەکان گرنگە و ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ چەک دەکەن دەبێت لەڕووی دەروونییەوە ئامادە بکرێن.