جیاوازی ئاکار و بۆچوونی کەسەکان پێش و دوای هاوسەرگیری

10 May 2025
جیاوازی ئاکار و بۆچوونی کەسەکان پێش و دوای هاوسەرگیری
بەرنامەی دەروون: جیاوازی ئاکار و بۆچوونی کەسەکان پێش و دوای هاوسەرگیری
بەرنامەی دەروون، ئەم هەفتەیە تیشکی خستەسەر گۆڕانکارییەکانی ئاکار و بۆچوونی کەسەکان پێش و دوای هاوسەرگیری و بە میوانداریی دوو پسپۆڕی دەروونناسی، هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییانە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی هاوسەرگیری خرایەڕوو.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی پەروەردەیی، ئاماژەی بەوەدا کە کەسەکان پێش هاوسەرگیری ترس و قەلەقییەکانیان بە زمانی شیرین دەکەنە بەڵێن و هەربۆیە پێش هاوسەرگیری رێژەی هۆرمۆنی عەشق لەسەرەوەیە و کەسەکان کەمتر یەک دەناسن و لەو ماوەیە بۆ بەدەستهێنانی یەکتر هەموو قسەیەکی جوان و بەڵێنێک بەیەکتر دەدەن.
د. محەممەد خانی خۆشەویستی بە گوڵێک چواند و گوتی"خۆشەویستی گوڵێکە، خۆر و ئاو و هەوای پێنەگات سیس دەبێت و پێویستە ئاگاداری بن". ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە لە هاوسەرگیریدا کەس حەز ناکات بەرامبەر بخەڵەتێنێت، هەموو شتێک لە سەرەتاوە خۆشییەکی زۆری هەیە، بەڵام دوای ماوەیەک هەموو شت ئاسایی دەبێتەوە و ئەوە بەو مانایە نییە کە هەستی و خۆشەویستی نامێنێت.
واران ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونی، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو ئاماژەی بەوەدا کە پێش هاوسەرگیری مێشکی کچ و کوڕ وەکو مێشکێکی ئالوودە بە مادەی هۆشبەر کاردەکات و زۆرکەس پێش هاوسەرگیری نازانن ئامانجیان لە هاوسەرگیری چییە.
واران ئەحمەد گوتیشی"پێویستە هەموو گەنجێک پێش هاوسەرگیری تێستێکی خودناسی لەخۆی بگرێت و خۆی بناسێت جا بچێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە". ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە پیاویش وەکو ژن پێویستە نازی هەڵبگیرێت و پیاوان زیاتر لەڕێگەی کردار خۆشەویستی پیشان دەدەن و ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەستیان کەمتر دەبێتەوە".
واران ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ژیانی پێش هاوسەرگیری زۆر راستی نییە و هاوسەرگیری ئەگەر خۆشەویستی تێدابێت، گرفتەکان چارەسەر دەبێت و ژیانی هاوبەش دەبێت لێبووردەیی و دەستپێشخەری تێدابێت.
پێشڕەو حوسێن، نووسەر و هونەرمەند، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەی دەروون بوو، ئاماژەی بەوەدا کە هاوسەرگیری قەفەسێکی زێڕینە کەسەکان بە رەزامەندی خۆیان واز لە ئازادییەکانی خۆیان دەهێنن و دەچنە ناوی.
ناوبراو ئاماژەی بە جیاوازییەکان کرد و گوتی"جیاوازی کەسەکان وادەکات کە هاوسەرگیری تاقەت پڕووکێن نەبێت". پێشڕەو حوسێن ئەوەشی خستەڕوو کە لەکولتووری ئێمەدا کەسەکان چاوەڕوانی زۆریان لە یەکتر هەیە و چاوەڕوانی زۆرکەس پاش هاوسەرگیری، لە چاوەڕوانی دیکتاتۆرێک دەچێت".
پێشڕەو حوسێن گوتیشی: "ژیانی هاوبەشی جۆرێک لە بێتاقەتی بەرهەمدەهێنێت، هەربۆیە ئەگەر بەردەوام شتی تازە لە ناو بەرامبەرەکەت بدۆزیتەوە، چێژی پێکەوەبوون زیاتر دەبێت".
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، د. محەممەد خانی ئەوەی خستەڕوو بۆ ئەوەی دوای هاوسەرگیری عەشق نەمرێت، دەبێت گفتوگۆ ببێت لەنێوان کەسەکاندا و پاش هاوسەرگیری، باوک و دایک دەبنە خێزانی دووەم. 
واران ئەحمەدیش جەختی لەوە کردەوە کە کچ و کوڕ نابێت بێ ڕاوێژی دایک و باوک هاوسەرگیری بکەن.