گۆڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت؛ هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە

20 September 2025
گۆڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت؛ هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە
 
 
گۆڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت؛ هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە

لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گۆڕینەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت و وروژێنەر بەربڵاو بووە، ئەوەش لەگەڵ خۆیدا چەندین مەترسی و هەڕەشەی گەورەی هێناوەتە ئاراوە. بەرنامەی 'دەروون'  بە میوانداریی پارێزەر رێزان شێخ دلێر و دەروونناس تەها حوسێن، تیشکی خستە سەر ئەم کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییە.
رێزان شێخ دلێر، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا کە رۆژانە رووبەڕووی چەندین کێشەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و جەختی کردەوە، ئەو کەسانەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی دەکەن، وەکو "راوچی" کاردەکەن و ئەم کارەیان کردووەتە پیشە. رێزان شێخ دلێر گوتی: "هەر شتێک بیت و پێگەت هەرچییەک بێت، لەڕێگەی مۆبایلەوە بە ئاسانی دەتوانیت بکەویتە داوەوە."
تەها حوسێن، دەروونناس و میوانێکی دیکەی بەرنامەکە، تیشکی خستە سەر لایەنی دەروونیی کێشەکە و گوتی: "کەسێک کە لادانی سێکسی هەیە، بە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ بۆ کەسی بەرامبەر چێژ وەردەگرێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە زۆر کەس هۆگری ناردنی وێنە و ڤیدیۆی رووتن و چێژ لەو کارە وەردەگرن.
پارێزەر رێزان شێخ دلێر ئەوەشی خستەڕوو، زۆرجار کەسەکان بە ئاسانی وێنەی خۆیان نانێرن، بەڵکو بە قسە و بەڵێنی نەویستە، وەکو بەڵێنی هاوسەرگیری، هەڵدەخەڵەتێنرێن. ئەو ئاماژەی بە چیرۆکی کچێک کرد کە بە بەڵێنی هاوسەرگیری وێنەی رووتی خۆی ناردبوو، دواتر کەسەکە بەو وێنانە هەڕەشەی لێکردووە و پارەی لێسەندووە. شێخ دلێر گوتی: "کەسێک کە هەڕەشەی لە ژنان دەکرد بە وێنەی رووت، دەیگوت من لەسەر پارەی ئەم کارە دەژیم." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چۆن ئەم کارە بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ هەندێک کەس. هەروەها باسی لەوەش کرد، کچێک بۆ ئەوەی وێنەکانی بڵاونەبێتەوە، بڕێکی زۆر پارەی قەرز کردبوو تاوەکو بیداتە ئەو پیاوەی هەڕەشەی لێدەکرد.
تەها حوسێن، جەختی لەوە کردەوە کە سێکس پێویستییەکی ژیانە، بەڵام نابێت بە شێوەیەکی ناشیرین و نابەرپرسانە مامەڵەی پێوە بکرێت. دەروونناسەکە دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی وێنەی رووت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەر جۆرێکە لە لەشفرۆشی."
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، قوربانییەک چیرۆکی تاڵی پەیوەندییەکی ناشیاوی خۆی گێڕایەوە و گوتی، مامۆستاکەی بە بیانووی نمرەپێدان پەیوەندیی لەگەڵدا گرتووە، دواتر داوای وێنەی لێکردووە و سێکسی لەگەڵدا کردووە. قوربانییەکە  گوتی: "کاتێک تەمەنم 16 ساڵ بوو، مامۆستاکەم سێکسی لەگەڵ کردم و بە وێنەکان هەڕەشەی لێدەکردم کە لای کەس باسی نەکەم." ئەو قوربانییە ئاماژەی بەوەشدا کە تاوەکو ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەو رووداوەی لەسەر ماوە.
تەها حوسێن، باسی لەوە کرد ئەو کەسانەی هەڵدەخەڵەتێنرێن و هەڕەشەیان لێدەکرێت، تووشی فۆبیا و بێمتمانەیی دەبن. رێزان شێخ دلێر گوتی، ناخۆشترین هەڵوێست ئەوەیە کە کەسێک هەڵخەڵەتێندرابێت، "بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەس پاڵپشتیی قوربانی ناکات."
هەردوو میوانەکە جەختیان لەسەر هۆشیاریی تاکەکان کردەوە. رێزان شێخ دلێر گوتی: "دەبێت ژنان و پیاوان زۆر هۆشیار و زیرەک بن و نەبنە نێچیری کەسانی دیکە لە سۆشیاڵ میدیا." تەها حوسێنیش ئاماژەی بەوەدا کە "ئەخلاقی کۆمەڵگەی ئەوروپی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە نابێت و لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەرکوتکردنی سێکسی هەیە."
قوربانییەکی دیکە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە کە چۆن لەگەڵ ژنێک لە مەغریب پەیوەندیی گرتووە و وێنەی رووتیان گۆڕیوەتەوە، دواتر نزیکەی 100 هەزار دۆلاری بۆ ناردووە. ئەو گوتی، هەستی بە کەموکوڕیی سۆزداری کردووە و بۆیە پەنای بۆ ئەو کارە بردووە
 
لە کۆتاییدا، دەروونناس تەها حوسێن چەندین رێنمایی گرنگی خستەڕوو گوتی: هەموو تاکێک ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵبخەڵەتێندرێت، ئەگەر هۆشیار نەبێت
کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەن، هەموو نهێنییەکانی ژیانی خۆتانی بۆ باس مەکەن و متمانە بە هەموو کەسێک مەکەن هەروەها لە کاتی کێشەی لەو جۆرە، پەنا بۆ بنەماڵە یان دەروونناس ببەن

پارێزەر رێزان شێخ دلێریش دووپاتی کردەوە: "هۆشیار بن و چاوتان بکەنەوە نەکەونە داوی ئەو کەسانەی داوای وێنەی سێکسیتان لێ دەکەن". ئەم پەیامە جەختکردنەوەیەکی گرنگە لەسەر پێویستیی وریایی و خۆپارێزی لە جیهانی دیجیتاڵیدا