دەروون - ڤلۆگەر

30 August 2025
دەروون - ڤلۆگەر
بەرنامەی دەروون ئەم هەفتە تیشکی خستە سەر ئەو کەسانەی بە ناوی ئینفلوەنسەر و گەشەپێدەری مرۆییەوە پێدەخەنە نێو بواری دەروونناسییەوە و بە ناوی دەروونناس و راوێژکارەوە کۆرس دادەنێن.
بەگوێرەی هەندێک لە پسپۆڕانی دەروونی و کۆمەڵناسەکان، چارەسەری دەروونی لەژێر ناوی "گەشەپێدانی مرۆیی" لە سۆشیاڵمیدیای کوردستاندا بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار. لە بەرنامەی دەرووندا، دانا شوانی، کۆمەڵناس، و فریشتە کەوە دەروونناس، هەروەها میران میری ئینفلووەنسەر میوانی بەرنامەکە بوون.
دانا شوانی رایگەیاند کە گەشەپێدانی مرۆیی وەهمێکی کورتخایەن بەرهەمدەهێنێت و کاریگەرییەکەی "وەک تلیاک وایە" کە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی خەڵک سڕ دەکات و دواتر کاریگەری نامێنێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دیاردەیە دەتوانێت ئەگەرەکانی بێهیوایی و خۆکوشتن زیاد بکات.
هاوکات، دکتۆر هەژار عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، جەختی لەوە کردەوە کە باشترین چارەسەری دەروونی، بینینی رووبەڕووی پزیشکە نەک بە شێوەی ئۆنلاین. 
فریشتە کەوە، دەروونناس، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەکە بوو و گوتی:"لە کوردستان، لە بەشی دەروونناسی پێویستییەک هەیە کە هیچ لایەنێک پڕی نەکردووەتەوە." هەروەها گوتیشی:"ئەم بۆشاییە وایکردووە خەڵک پەنا بۆ سەرچاوەی نافەرمی و بێبڕوانامە ببەن، لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک سوید، دەروونناس دەبێت ساڵێک لە نەخۆشخانە کار بکات ئینجا دەتوانێت خۆی بە دەروونناس بناسێنێ". 
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە، نەبوونی ڕۆشنبیریی دەروونی و کەلێنێکی گەورەیە لە سیستەمی خزمەتگوزاریی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا.
لە بەرامبەردا، ئینفڵووەنسەران بەرگری لە کارەکانیان دەکەن و پێیانوایە بۆشاییەک پڕ دەکەنەوە. میران میری، یەکێک لەو ئینفڵووەنسەرانە کە کۆرسی دەروونناسی هەیە، دەڵێت:"کەس هەیە دێتە لای من و دەڵێت نامەوێت بچمە لای پزیشکی دەروونی، تۆ یارمەتیم بدە." ناوبراو دان بەوەدا دەنێت کە زانیاریی کۆرسەکانی لە "گووگڵ و Chat GPT" کۆکردووەتەوە و نرخەکەی تەنیا 25 هەزار دینارە، کە بە وتەی خۆی "پارەی دوو نێرگەلەیە." ئەو پێیوایە خەڵک بە زیرەکی دەزانن و ڤیویان هەیە، بۆیە رووی تێدەکەن، تەنانەت بانگەشەی ئەوەش دەکات کە کەسێکی لە خۆکوشتن رزگار کردووە.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بلۆگەر ناتوانێت ببێتە راوێژکاری خێزانی و دەروونی، چونکە زانست لە زانکۆیە نەک لە گووگڵ. پسپۆڕەکان داوا دەکەن خەڵک هۆشیار بن و پارە نەدەن بە کەسێک کە بڕوانامەکەی دیار نییە لە کوێوە هاتووە یان بڕوانامەی نییە.