خۆکوشتن هەرگیز چارەسەر نییە
لە بەرنامەی دەرووندا تیشک خرایە سەر دیاردەی خۆکوشتن لەژێر ناونیشانی "مرۆڤ لە هەموو کێشەکانی گەورەترە و خۆکوشتن هەرگیز چارەسەر نییە". بەرنامەکە بە میوانداریی پسپۆڕانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئایینی، هۆکارەکانی پشت بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و چۆنیەتیی یارمەتیدانی ئەو کەسانەی شیکردەوە کە رووبەڕووی ئەم دۆخە دەروونییە سەختە دەبنەوە. میوانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە کێشەکان هەرچەندە گەورە بن، کۆتاییهێنان بە ژیان چارەسەر نییە و دەرگای پەشیمانی و داوای یارمەتی هەمیشە کراوەیە.
د. سەعد بەرزنجی، دەروونناسی کۆمەڵایەتی، رایگەیاند کە خۆکوشتن راکردنێکی ترسنۆکانەیە لە کێشەکان و هیچ کاتێک چارەسەر نییە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ئەوانەی هەوڵی خۆکوشتن دەدەن دواتر پەشیمان دەبنەوە. د. سەعد هۆکاری ئابووری و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی (ئابڕووچوون)ی بە دوو هۆکاری دیاری پشت هەندێک لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن دانا، بەڵام جەختی کردەوە کە زیانی ئابووری چارەسەری هەیە و پێویست بەو بڕیارە هەڵە ناکات. و هەروەها ئەو کەسانەی وێنە و ڤیدیۆیان بڵاودەکرێتەوە قوربانین نەک تاوانبار. ئەو داوای کرد کە خێزانەکان کەسە نزیکەکانیان لە کاتی کێشەدا ببەنە لای راوێژکاری پسپۆڕ و یارمەتییان بدەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن نەک کارێک بکەن منداڵەکانیان لە ترسدا پەنا ببەن بۆ خۆکوشتن.
بەهرە حەمەڕەش، کۆمەڵناس، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەی دەروون بوو و باسی لەوە کرد کە ئەو کەسانەی بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە واهەست دەکەن هیچ دەرگایەکیان بۆ رزگاربوون لە کێشەکان نەماوەتەوە، چونکە کۆمەڵگە فێری نەکردوون چۆن کێشەکانیان چارەسەر بکەن. بەهرە حەمەڕەش گوتی: "لە وڵاتی ئێمەدا فێرت دەکەن چۆن بمریت، بەڵام شوێنێک نییە فێرت بکات چۆن بژیت." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە توندوتیژیی جەستەیی یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان و داوای لە خەڵکی کرد کە لەکاتێکدا کە دەرەقەتی کێشەکانیان نایەن، راوێژ بە پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی و مامۆستایانی ئایینی بکەن.
عەبدولغەفار سابیر، مامۆستای ئایینی، لە روانگەی ئایینییەوە جەختی لەوە کردەوە کە مرۆڤ لە ئیسلامدا پیرۆزییەکی گەورەی هەیە و لە کەعبەش گەورەترە. ئەو گوتی، پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت ئەوانەی خۆیان دەکوژن دەچنە دۆزەخ، چونکە ۆۆح ئەمانەتێکی خودایە و هیچ کەسێک بۆی نییە کۆتایی پێ بهێنێت. هەروەها رایگەیاند، ئەو کەسەی بڕیاری خۆکوشتن دەدات، گەورەیی خودای لەبیرچووەتەوە و بنەمایە شەرعی تێکداوە، هەروەها هاندانی خەڵکیش بۆ خۆکوشتن بەشێکە لەو تاوانە گەورەیە.
بهشی بكه لە