زیندووکوژی مردووپەرست دەردێکی فەرهەنگییە چۆن چارەسەر دەبێت؟
لە بەرنامەی ئەمجارەی دەروون دا، مژارێکی قووڵ و هەستیاری کۆمەڵایەتی و دەروونی خرایە بەرباس، ئەویش دیاردەی "مردووپەرستی و زیندووکوژی"یە. بەرنامەکە بە ئامادەبوونی د. یاسین ئافتاو، مامۆستای زانکۆ، خانمە شاعیر و نووسەر تەرزە جاف، هەوڵیدا لە رەگ و ریشەی ئەو خوە کۆمەڵایەتییە بکۆڵێتەوە کە تێیدا مرۆڤەکان لە کاتی ژیاندا پشتگوێ دەخرێن یان ئازار دەدرێن، بەڵام دوای مردنیان دەبنە جێگەی ستایش و گریانێکی بێپایان.
مێژوویەک لە تانە و تەشەر
دکتۆر یاسین ئافتاو، لە دیدێکی کۆمەڵناسییەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دیاردەیە مێژوویەکی دوورودرێژی لە ناو کەلتووری ئێمەدا هەیە. ئەو نموونەی بە "مەحوی" هێنایەوە، کە شاعیرێکی گەورەی وەک ئەو لە کاتی ژیانیدا لەبەردەم مزگەوتی گەورە رووبەڕووی سووکایەتی بووەتەوە، بەڵام دوای مردنی کرا بە پیرۆزی. د. یاسین جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە لە "لەدەستدان"دا مانا دەدۆزینەوە، نەک لە "هەبوون"دا. ئەو گوتی "بەهای شتەکان لای ئێمە کەم دەبێتەوە کاتێک لەبەردەستدان، تەنیا کاتێک دوور دەکەونەوە یان دەمرن، ئینجا نرخەکەیان دەزانین." هەروەها باسی لەوە کرد کە پێویستە مرۆڤ فێری "هونەری بەهاپێدان" بێت و رق و کینە لە دڵی خۆی دەربهێنێت، چونکە گەردنئازایی و لێبوردەیی دەبێتە هۆی ئارامیی دەروونیی خودی مرۆڤەکەش.
سۆشیاڵ میدیا و دووڕوویی لە ماتەمینیدا
خانمە شاعیر تەرزە جاف، رەخنەی تووندی لە شێوازی مامەڵەی خەڵک لە سۆشیاڵمیدیا گرت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر کەس کاتێک هاوڕێیەکیان دەمرێت، دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی سکرینشۆتی چاتەکان و نامە دەنگییەکان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە چەند نزیک بوون، لە کاتێکدا رەنگە کاتی خۆی ئەو نامانەیان خستبێتە ئەرشیڤ و گوێیان لێ نەگرتبێت. تەرزە گوتی "پێویستە فێری سوپاسگوزاری ببین بۆ ئەو کەسانەی ئێستا لە ژیاندا ماون. نابێت رێگە بدەین کێشە سیاسی و ئایینییەکان و جیاوازیی بیروڕا ببنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان لە ژیاندا بکوژین و دوای مردنیان لۆمەی ویژدانمان بکەین." ئەو داوای کرد کە جیاوازییەکان قبوڵ بکرێن و چیتر مرۆڤەکان بەهۆی ئینتیمای حیزبی یان شێوازی ژیانیانەوە لە سۆشیاڵمیدیا تیرۆر نەکرێن.
دەرەنجام
بەرنامەکە بەو پەیامە کۆتایی هات کە مردن حەقیقەتێکی نزیکە، بەڵام کلیلی چارەسەر لە دەستی زیندووەکاندایە و بۆ ئەوەی لە بازنەی مردووپەرستی بێینە دەرەوە، پێویستە مرۆڤەکان فێری زانستی بەهاپێدان ببن و رێز لەو شتانە بگرن کە لەبەردەستیان دایە وەک تەندروستی و هاوڕێ و خێزان، هەروەها زۆر گرنگە جیاوازییەکان قبوڵ بکرێن و رێز لە بیروباوەڕی بەرامبەر بگیریت پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات و لە کۆتاییشدا لێبوردەیی و گەردنئازایی بەر لەوەی کەسەکە بچێتە ناو تابووت پراکتیزە بکرێت چونکە وەک لە بەرنامەکەدا گوترا توورێکی قوڕاوی نایەنێت بۆ منێک کە مردووم کاتێک لە ژیاندا بووم پێویستم بە میهرەبانیی تۆ بوو.
بەرنامەی دەروون شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.