ئۆتۆمبێلی سەت هەزار دۆلاری و رۆشنبیریی 100 فلسی
لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکێشەیەکی سەیر لە ئارادایە، لە لایەک ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و گرانبەها کە نرخی هەندێکیان سەت هەزار دۆلار تێدەپەڕێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە رەفتار و رۆشنبیرییەک کە وەک بەشداربووانی بەرنامەی دەڵێت "بایی سەت فلس نییە". ئەمە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆیەکی گەرمی نێوان پسپۆران و شارەزایان بوو کە تێیدا بە راشکاوی باسیان لە "تیرۆری سەر شەقام" و داڕمانی بنەما ئەخلاقییەکانی بەشێک لە شوفێران کرد.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو راستییەی کە شوفێری تەنیا "هونەر و زەوق" نییە، بەڵکو پێش هەموو شتێک رەوشتە. بەڵام ئامارەکان و دیمەنەکانی سەر شەقامەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن. کەیس هەیە لە ناو بەرێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆدا، ئۆتۆمبێلێکی پاس 34 ملیۆن دینار سزایی لەسەرە، تەنانەت ئۆتۆمبێل هەیە سزاکەی گەیشتووەتە 100 ملیۆن دینار. ئەمە تەنیا ژمارە نییە، بەڵکو نیشاندەری بێباکییەکی مەترسیدارە بەرامبەر بە ژیانی مرۆڤەکان.
یاسایەکی کۆن و مۆڵەتێکی بێ مەعریفە
نەجات نەجم، شارەزای بواری هاتوچۆ، لە بەشێکی بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان پەیوەندی بە یاسای ژمارە 86ی ساڵی 2004وە هەیە کە دەستی وەزارەتی ناوخۆ و بەرێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی بەستووەتەوە. ئەو دەڵێت: "ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو دوو ملیۆن و چەند سەت هەزار کەسە هەیە کە مۆڵەتیان هەیە بەبێ ئەوەی یەک رۆژ لە بەرێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ فێری مەعریفەی شوفێری ببن". بە گوتەی ئەو، زۆر لەو مۆڵەتانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان بە رێگەی نایاسایی و "خاترانە" وەرگیراون، ئەمەش وای کردووە شوفێر تەنیا سوکان گرتن بزانێت و لە بنەماکانی ئەتیک و رەوشت تێنەگات.
ئالوودەبوونی تیژرەوی، گرفتێکی دەروونی
دکتۆر سەنگەر محەمەد، پسپۆری تەندروستیی گشتی، لە روانگەیەکی زانستییەوە سەیری بابەتەکەی کرد و رایگەیاند کە تیژڕەوی لای بەشێک لە گەنجان بووەتە جۆرێک لە ئالوودەبوون. ئەو دەڵێت: "تیژڕەوی لای هەندێک کەس وەک پۆز و ئازایەتی دەبینرێت، لە کاتێکدا ئەمە نیشانەی گرفتێکی دەروونی یان نادیاربوونی بەهای تەندروستییە لای تاک". دکتۆر سەنگەر جەختی کردەوە کە رێزنەگرتن لە پیادە، فڕێدانی پاشماوە لە ناو ئۆتۆمبێلەوە بۆ سەر شەقام، و میزکردن لە لێوار شەقامەکان، هەموویان نیشانەی لادانی رەوشتی و کۆمەڵایەتین کە پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە.
چیرۆکی تراژیدی و کێبڕکێی پاسەکان
لە بەرنامەکەدا باس لە دیمەنە قێزەونەکانی ناو پاسەکان کرا، لەوانە کێبڕکێی شوفێرانی پاس بۆ هەڵگرتنی نەفەر کە پێی دەوترێت "فرکان فرکانە". دیمەنەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە شوفێر هەیە لە کاتی رۆیشتنی پاسەکەدا بە خێرایی 60 یان 80 کیلۆمەتر، شوێنی شوفێری جێدەهێڵێت و رادەکات بۆ دواوەی پاسەکە تەنیا بۆ ئەوەی پەردەیەک دابداتەوە! ئەمە جگە لەوەی هەندێک شوفێری بارهەڵگر بە قاچێکیان ئۆتۆمبێل دەخوڕن و بە دەستێکیان مۆبایل و بە دەستەکەی دیکەیان جگەرەیان گرتووە.
هەروەها باس لە بێزاریی خەڵک لە دەنگی بەرزی بڵندگۆ و "تەقە تەق"ی ئەگزۆز کرا کە نەک هەر ژینگەی دەنگی تێکداوە، بەڵکو بووەتە هۆی بێزارکردنی نەخۆش و منداڵ لە ناو گەڕەکەکاندا.
رێگەچارەکان لە پەروەردەوە بۆ تەکنەلۆژیا
بەشداربووان هاوڕا بوون کە تەنیا سزای دارایی چارەسەر نییە. خاوەنی نووسینگەیەکی فێرکردنی شوفێری ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە "رەوشتی لێخوڕین" لە ناو پڕۆگرامی فێرکردندا هەبێت. پێشنیار کرا کە یاسای "خاڵبەندی" کارا بکرێت و مۆڵەتی ئەو کەسانە بکێشرێتەوە کە سەرپێچیی مەترسیدار دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی لە ژێر کاریگەریی ماددە کحوولییەکاندا شوفێری دەکەن.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، پێشنیازێکی نوێ بۆ بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆ کرا: بەکارهێنانی کامێرای "گۆپرۆ" لەسەر ماتۆڕسکیلەکان بۆ تۆمارکردنی ئەو شوفێرانەی لە کاتی قەرەباڵغیی سەیرانەکاندا سایدەکە دەبڕن و بە پێچەوانە دەڕۆن. پەیامی کۆتایی بەرنامەکە روون بوو: پاراستنی گیانی مرۆڤەکان لە سەر شەقام پێویستی بە شۆڕشێکی رۆشنبیری و پەروەردەیی هەیە کە لە خێزانەوە دەست پێبکات و لە قوتابخانە و مزگەوت و میدیاکاندا رەنگ بداتەوە، چونکە شەقام ئاوێنەی رەوشتی کۆمەڵگەیە.
بەرنامەی دەروون هەموو شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پێشکێش دەکرێت.