گوێنەگرتن و زۆربڵێی

23 August 2025
گوێنەگرتن و زۆربڵێی
لە کاتێکدا قسەکردنی بێ وەستان و گوێنەگرتن لە یەکدی بووەتە دیاردەیەکی باو، شارەزایان هۆشداری دەدەن لە دەرەنجامەکانی و ریشەی کێشەکە لە خودی تاک و سیستەمی پەروەردەدا دەبیننەوە. بە بڕوای ئەوان، مرۆڤەکان بۆ راکردن لە خاڵە لاوازەکانیان و بۆ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەوە بە "نەزان" سەیر نەکرێن، پەنا بۆ قسەکردن دەبەن.
نوور یوسف، راوێژکاری دەروونی و پەروەردەیی، پێی وایە هۆکاری سەرەکیی زۆربڵێی، "نەناسینی خود"ە. ئەو دەڵێت "مرۆڤ بۆئەوەی رووبەڕووی پرسیارە قووڵەکانی ژیانی و خاڵە لاوازەکانی نەبێتەوە، پەنا بۆ قسەکردنی بەردەوام و سەرقاڵبوون بە ژیانی خەڵکی دیکەوە دەبات."
نوور یوسف رەخنەی تووند لەو دەنگبەرزانەی سۆشیال میدیا دەگرێت کە بێ ئەوەی زانیارییان هەبێت، قسە لەسەر هەموو بابەتێک دەکەن و دەڵێت، "کێشەی گەورەتر ئەوەیە کۆمەڵگە بێدەنگی بە نەزانی و هەژاری لێکدەداتەوە". ئەم تێڕوانینە وادەکات تاکەکان هەست بکەن ناچارن بەردەوام لە قسەکردندا بن، تەنیا لە پێناو سەلماندنی بوونی خۆیاندا.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولخالق یەعقووبی، نووسەر و توێژەر، کێشەکە لە سیستەمی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیدا چڕ دەکاتەوە و دەڵێت"گوێگرتن پێویستی بە فێربوونە، بەڵام سیستەمی پەروەردەی ئێمە، لە خێزانەوە تاوەکو زانکۆ، لەسەر بنەمای تاکبێژی دامەزراوە."
یەعقووبی نموونە بەوە دێنێتەوە کە باوک بە منداڵەکەی دەڵێت "دەی بزانم چیت دەوێت" و گوێی لێناگرێت، هەروەها مامۆستاش لە پۆلدا "تاکە بێژەر و بڕیاردەرە"، ئەو نووسەرە گوێگرتن بە کردارێکی بەخشندەیی وەسف دەکات و پێی وایە کەمبوونەوەی خوێندنەوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی گوێگرتن هەبووە، چونکە "خوێندنەوە یانی تۆ خەریکە گوێ لە دەنگی نووسەرێک رادەگریت."
شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە چارەسەری ئەم دیاردەیە تەنیا بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیستەمی پەروەردە و گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەدا دەکرێت. پێویستە منداڵان لە بنەماڵە و قوتابخانەکانەوە لەسەر دیالۆگی دوولایەنە و رێزگرتن لە بۆچوونی بەرامبەر رابهێنرێن.
دەبێت ئەو تێگەیشتنە بچەسپێت کە قسەی باش لەسەر بنەمای گوێگرتنێکی زۆر دادەمەزرێت و بێدەنگیش سەرچاوەی دانایی و بیرکردنەوەیە نەک نەزانی. بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، پێویستی بە تاکی گوێگر هەیە کە بتوانن لە یەکتر تێبگەن، نەک تەنیا دەنگی خۆیان بەسەر ئەوی دیدا زاڵ بکەن.

بەرنامەی دوروون هەموو شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەبێت.