دیاسپۆرا - وردەکاری شەڕی نێوان کورد و تورک لە بەلجیکا

29 March 2024
دیاسپۆرا - وردەکاری شەڕی نێوان کورد و تورک لە بەلجیکا
وردەکاری شەڕی نێوان کورد و توک لە بەلجیکا
لە رۆژانی رابردوودا لە بەلجیکا شەڕ لەنێوان هەردوو کۆمەڵگەی کوردی و تورکیدا دروستبوو. دەستپێکی شەڕەکەش بەوە بوو کە لە شاری هاوتهالن-هێلخترن گرووپێکی تورکە تووندئاژۆکان هێرشیانکردە سەر ماڵێکی کورد. ماڵباتەکە تازە لە ئاهەنگی نەورۆز گەڕابوونەوە. ئەو رووداوانەی بەدوای ئەو هێرشەدا هاتن دەنگدانەوەی گەورەیان هەبوو. تورکەکان دەڵێن بۆیە هێرشیانکردووەتە سەر ماڵەکە، چونکە هەواداری پەکەکە بوونە. بەڵام لەبەردەم ماڵەکەدا و لە رووداوەکانی دواتریشدا ئاڵای کوردستان سووتێندرا و گەنج و پیری کورد تەنیا لەبەرئەوەی کورد بوون لەلایەن ئەو تورکانەوە کە بە دەست هێمای گورگە بۆرەکانیان بەرزدەکردەوە لێیاندرا و سووکایەتییان پێکرا. 
میوانەکانی دیاسپۆرا کاوە ئاهەنگەری - بەرپرسی تۆڕی نەدای زاگرۆس و  د. حوسێن عومەر - شارەزای کاروباری بەلجیکا  باسی رووداوەکەیان کرد
کاوە ئاهەنگەری بە رووداوی راگەیاند  "ئەگەری ئەوە هەیە ئەو کێشەیە درێژە بكێشێت و کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەرییان لەسەر کێشەی کورد و تورک هەیە لە بەلجیکا. ئاهەنگەری دەڵێت دۆخەکە ئێستا کۆنترۆڵ کراوە بەڵام ناتوانین بڵێین ئارامی هەیە، لە هەر کات و ساتێک و لە هەرشوێنێک کە کورد و تورکی تێدا دەژین بەتایبەت بەلجیکا و ئەڵمانیا، مەترسی رووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزی هەیە"
سەبارەت بە لایەنگیریی بەرپرسانی بەلیجیکا ئاهەنگەری گوتی " ئەلیکساندەر دی کرۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەکۆتایی قسەکانیدا  لایەنگرانە یاخوود زیاتر بە قازانجی تورکیا لێدوانی داوە و پەکەکەی بە گرووپێکی تیرۆریست پێناسە کردووە  ئەوەش بە قازانجی تورکەکان بووە  و نەدەبوو سەرۆکوەزیران بەو جۆرە  قسەی بکردایە و کەمێک بەلای تورکدا بیشکێنێتەوە،  دەبوو رەچاوی بارودۆخەکە بکا چوونکە دەبێت ئاسایش و ئارامی بۆ سەرۆکوەزیران و بەلیجکییەکان،  لە سەروو هەموو شتێکەوە بێت. ئاهەنگەری دەشڵێت   "هەندێک پەرلەمانتار و سیاسەتمەداریش بەقازانجی کورد قسەیان کردووە یاخوود زیاتر راستییەکانیان خستووەتە روو"

د. حوسێن ئومەر – شارەزای کارووباری بەلجیکا دەڵێت "بەرپرسانی پۆلیس و کاربەدەستانی دەوڵەت لەگەڵ ئەو کەسانە کۆبوونەتەوە کە تا رادەیەک نوێنەرایەتی تورک و کورد دەکەن لە بەلجیکا و پێموایە گەیشتوونەتە رێککەوتنێک کە ئەو ئاڵۆزیانە نەهێڵین ، چونکە نە کورد و نە زۆربەی تورکەکانی بەلجیکاش نایانەوئ ئەو شەر و پێکدادانەی نێوان هەردوولا هەبێت و دەڵێت ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری ئەو رووداوانە هەندێکیان دەستگیر کراون .
ئەو شارەزایەی کارووباری بەلجیکا ئاماژە بەوە دەدات کە رەنگە ئەو شەڕ و ئاژاوانەی لە بەلجیکا لەنێوان کورد و تورک درووست بوون پەیوەندی بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە هەبێت کە بڕیارە 31ی ئەم مانگە لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەبچن و بەگشتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتی تورکەکانی بەلجیکا هەیە".
هەروەها دەڵێت "سەرۆکی شارەوانی ئەو شارۆچکەیەی کە ئەو رووداوەی تیایدا روویداوە لە ئێوارەی رووداوەکە لەسەر کەناڵە تورکییەکان هەرەشەی لە کورد دەکرد و وەک کەسێکی راسیست دەرکەوت، بەڵام ئەو هەڵسوکەوتەی بووە هۆی ئەوەی کە حزبەکەی کە حزبی کریستیانەکانە ئەو سەرۆک شارەوانییە لە ریزەکانی دووربخاتەوە وەک کەسێکی رەگەزپەرست ناسێندرا، ئەو شارەزایەی کارووباری بەلجیکا باسی ئەوە دەکات لەو رووداوەدا کە میدیای بەلجیکی سەربەخۆ نەبووە و لایەنگیری تورکەکانی کردووە ، جگە لەوە سەرۆکی حکومەتی بەلجیکاش لەو بابەتە لایەنگیریی تورکەکانی کردووە چونکە بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا هەبووە"

لە ئاهنەگێکدا لە  بەلجیکا کوردان  دڵخۆشن بە ساڵ نوێبوونەوە و ئاهەنگ دەگێڕن. بەو دڵخۆشییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە. بەڵام تورک رێگەیان پێدەگرن و خۆشییەکەیان لێ دەکەنە ناخۆشی. هوتافەکانیان هوتافی جیهادن. جیهاد لەدژی ئەوانەی کوردن و نەورۆزیان پیرۆز کردووە. پۆلیسی بەلجیکی دەکەوێتە نێوانیان. هەوڵدەدات بڵاوە بە تورکەکان بکات. بە دەمانچە و ئاماژەی گورگە بۆرەکانەوە گەنجێکی کورد دەڕفێنن. لە پیرەپیاوێک دەدەن کە بۆئەوەی وازی لێبێنن دەڵێ عەرەبم. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پشتیوانی لە تورکەکان دەکات. دەڵێت پەکەکە لەپشت ئەو رووداوانەوەیە. 
کورد تووڕەن. دێنە سەرشەقام. هەندێکیان خەریکی ئاڵۆزکردنن، بەڵام هاوڕێکانیان ناهێڵن. زوحەل دەمیر کوردە و وەزیری ئاسایش و دادی هەرێمی فلاندرنە. ئەویش هۆشداری دەدات. کوۆت. 

خەڵکی ناوچەکە لەو رووداوانە نیگەرانن. سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا داوای دانبەخۆداگرتن لە کورد و تورک دەکات. سەرۆک شارەوانییەک دەڵێ داوای لە مەلاکان کردووە دوعای خێر بکەن. دوو گەنجی تورکن. لە ئەڵمانیان و هەڕەشە لە کورد دەکەن. پۆلیسی ئەوروپی خۆیان بۆ کۆتایی هەفتەیەکی قورس لەنێوان کورد و تورکدا ئامادە کردووە.

 
هەڵکەوت جاز،  یادگارییەکی سەردەمی هەشتاکانی دنیای میوزیکی شاری سلێمانی 

هەڵکەوتی جاز لە سلێمانی ناسراوە. ئەو یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای بابان و دواتر بۆخۆی تیپێکی مۆسیقای دامەزراندووە. هەڵکەوتی جاز ساڵانی زۆرە لە دانیمارک دەژیت، بەڵام هەمیشە لەوێ دانەنیشتووە و لە زۆر شوێنی جیهان گەڕاوە. لە  کۆپنهاگنەوە  هەڵکەوتی جاز بەشێک لە چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ دیاسپۆرا باسکرد 
هەڵکەوتی ئەنوەر کەریم ناسراو بە هەڵکەوتی جاز ئەندامی پێشووی تیپی مۆسیقای بابان و دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای راز،  لە  بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو باسی ژیانی هونەری خۆی کرد ، هەڵکەوتی جاز دەڵێت نە وەک هونەرمەند و نە وەک مامۆستای هونەری و نەوەک بەهرەمەند خۆم نابینم تەنیا بە خۆم دەڵێم هونەردۆست چونکە لە منداڵیمەوە هۆگری گۆرانی و مۆسیقا بووم.
هەڵكەوت، یەکێک بووە لە کەسە یەکەمەکان کە کاری درامزی کردووە لە مۆسیقای کوردیدا،  باسی ئەوە دەکات  یەکەمجار سروودی خوێندووە لە ئاهەنگێک بوو لە ساڵی 1971 لە قەشقۆلی کە مەلا مستەفا بارزانیش لەو ئاهەنگە بەشداربووە ، ئەوکات سروودی (خۆشمئەوێی وڵاتەکەم،کانگای هیوا و ئاواتەکەم)ی خوێندووە
هەڵکەوتی جاز باسی ئەوە دەکات کە چۆن لە ساڵی 1978  ئەوکاتەی لە پۆلی سێی ناوەندی بووە و لە یەکەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانە گۆرانییەکی گوتووە و دوای ئەوە کەسێک بەناوی ئاراسی شێخ ئارە هاتووەتە لای کە خۆی ژەنیاری جاز بووە لە تیپی مۆسیقای بابان داوای لە هەڵکەوتی جاز کردووە کە ببێتە ئەندامی تیپی مۆسیقایەک کە خۆی ئەندام بووە تیایدا ، ئەو تیپە دواتر بووەتە تیپی موسیقای بابان.
لەبارەی دابڕان لە هونەر و مۆسیقا هەڵکەوتی جاز دەڵێت بەهۆی هاوژینی و هەبوونی منداڵ و سەرقاڵی بەو ژیانە ، هۆکاری دوورکەوتنەوەم بوونە لە هونەر.
هەڵکەوتی جاز ئاماژە بەوە دەدات کە چۆن لە ئیسپانیا یەکەم رێستۆرانتی کوردی کردووەتەوە دواتر کۆرۆنا بووە هۆی داخستنی و بەوەش زیانێکی زۆری ماددی بەرکەوتووە ، جگە لەوەش وەک خۆی باسی دەکات لێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە مەرگ نزیکی کردەوە و تا کۆتایی تەمەن لە ژەنینی درامز و جاز دووری خستەوە.


کوردێکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا دەبێتە ئەفسەری ئاگرکوژێنەوە
ئالان رەمەزان ساڵانی زۆر نییە لە ئەڵمانیا دەژیت، بەڵام توانیویەتی پیشەیەکی جیاواز و پڕ مەترسی بۆخۆی بدۆزێتەوە. ئەو لە کوردستانێکەوە هاتووە کە هەمیشە لەسەر بورکانی جەنگ و پێکدادانەکانە. کەچی لێرەش نایەوێ لە ئاگر دوورکەوێتەوە. 
ئالان رەمەزان هاونیشتیمانی رۆژئاوای کوردستان، شەش ساڵە وەک ئەفەسەری ئاگرکوژێنەرەوە لە ئەڵمانیا کاردەکات.
ئالان لە بەرنامەکەدا ئامێرێکی بچووکی گیرفان نیشاندەدات کە ئامێرەکە لە کاتی هەبوونی ئاگرێک لەهەر شوێنێکی ناوچەی کاردنی بێت تەواوی زانیاری وەک ئەدرەس و قەباری ئاگرەکە و چەند زانیارییەکی دیکەی گرنگ پێشان دەدات.
ئالان باسی ئەوە دەکات کە  تەنیا لە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە نین کە ئاگادار دەکرێنەوە بەڵکو لەکاتی  لافاویش ئەرکی ئەوانە کە یارمەتی پێشکەشی زیانلەکەتووەکان بدەن و بەهانایانەوە بچن.
جگە لەوانە ئالان باسی ئەوە دەکات کە هێشتا لە هەندێک شوێنی ئەڵمانیا بۆمبی جەنگی جیهانیی دووەم ماون و لە کاتی دۆزینەوەی ئەو بۆمبانە لەگەڵ تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب دەچن بۆ شوێنەکە بۆ ئەوەی لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراودا بتوانن لە شوێنی رووداوەکە نزیک بن.
لەبارەی جیاوازی کاری ئاگرکوژێنەوە لە کوردستان و ئەڵمانیا ئالان باسی ئەوە دەکات کە ئەڵمانییەکان بەدڵنیاییەوە ئامێری پێشکەوتووتر و ئەزموونی زیاتریان هەیە لەو بوارەدا ، هەروەها باسی دیاردەی بەشداریکردنی خەڵکی سڤیل دەکات بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لەکاتی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە کوردستان و دەڵێت ، نابێ بەهیچ شێوەیەک رێگە بدرێت خەڵکی ئاسایی لەکاتی ئاگرکەوتنەوە یارمەتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بدەن چونکە ئەوە کاری تیمەکان قورستر دەکات بەهۆی نەبوونی دەمامکیش لەکاتی هەڵمژینی دووکەڵی ئاگرەکە مەترسی لەسەر ژیانی ئەو خەڵکە درووستدەکات.
ئالان سەرەتا وەک خۆبەخش دەستی بەو کارە کردووە ، ئەو دەڵێت کە ئەڵمانییەکان لەو بوارەدا خاوەنی ئەزموونی زۆرن. بۆیە ئەو هەلەی قۆستووتەوە بۆ نووسینی پەرتووکێک بە زمانی کوردی لەسەر شێوازی کوژاندنەوەی ئاگر و ئامێرەکانی کوژاندنەوە، ساڵ و نیوێکە کار لەسەر ئەو پەرتووکە دەکات و مەبەستیەتی لەو رێگەیەوە ئەزموونی خۆی ئەڵمانییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاگر بۆ هاونیشتیمانیانی خۆی لەهەرچوارپارچەی کوردستان هاوبەشی پێبکات.

 
کارەکانی هونەرمەندێکی کورد لە بەریتانیا پێشوازییان ڵێدەکرێت

تیشک بەرزنجی ساڵانێکە لە بەریتانیا دەژیت. ئەو بە کارە هونەرییەکانی وایکردووە هەم بۆ خۆی و هەم بۆ کوردیش نێو و نێوبانگێکی خۆش و باش لە جیهاندا دروستببێ.تیشک بەرزنجی خەڵکی سلێمانییە و لە ساڵی 1996 وە هاتووەتە بەریتانیا، بەرهەمە هونەرییەکانی لە و ڵاتە پێشوازییان لێکراوە
بەرزنجی دەڵێت لە کارەکانمدا سەرنج دەخەمە سەر کوردستان  و ئەمساڵ چەند پرۆژەیەکی هونەری نوێ لە کوردستان جێبەجێ دەکەم و بەرهەمە هونەرییەکانم پێشكێشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم