پەرلەمانتارێکی ئەوروپا: روومان لە کورد وەرناگێڕین

پەرلەمانتارێکی ئەوروپا: روومان لە کورد وەرناگێڕین
هەڤپەیڤین لەگەڵ عەبیر ئەلسەهلانی- ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا

رووداو: خانم ئەلسەهلانی، با باسی هەڵوێستێکی زۆر سیمبۆلیکی تۆ بکەین، کە ئەم هەفتەیە لەنێو پەرلەمان و لەکاتی دیبەتدا کردتان. جلوبەرگی کەڤناری کوردیت لەبەرکردبوو. ئەوەت لەنێو ئەو کەسانەدا کرد کە قاتلەبەر بوون و لێرە لەم باڵەخانەیەدا پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسیش هەن. پەیامت چی بوو و بۆچی پێتوابوو دەبووایە ئەو رۆژە جلی کوردیت لەبەر بێ؟

عەبیر ئەلسەهلانی: پێش هەموو شتێک زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەت. بۆ من پشتیوانیکردن لە دۆزی کورد و خەڵکی کوردستان زۆر زۆر گرنگترە لە پابەندبوون بە پرۆتۆکۆڵەکانەوە. کاتێک بینیم لە بانگهێشتنامەی دیبەیتەکەدا بە هیچ شێوەیەک ناوی کورد یان هەرێمی کوردستان نەهاتووە، بۆ من گرنگ بوو کە سەرنجی هەمووان بۆ مەسەلە هەرە گرنگەکە رابکێشم. ئەویش کوردەکانن.

رووداو: زۆر باشە، مەسەلە هەرە گرنگەکە بوو. ئێمە گوێمان لەوەش بوو کە دەتگوت کورد هەمیشە دەڵێن تەنیا چیاکان هاوڕێمانن، بەڵام بزانن کە ئێمەشتان هەیە لێرە. ئەوەی کە گوتت بە کردەوەی کۆنکرێتی مانای چییە؟
عەبیر ئەلسەهلانی: بۆ من گرنگ بوو بیری پەرلەمانی ئەوروپای بهێنمەوە کە کوردەکان چی دەڵێن و چییان کردووە. هەموو کەس ئاگای لە مێژووی خەباتی ئەوان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نییە. ویستم ئەم ماڵی دێموکراسییە ئەوەی بیربێتەوە کە گەلی کورد چ قوربانییەکی داوە. ئەوەش چەندین دەیەیە و شتێکی نوێ نییە. هەروەها دەمەویست کۆمیسیۆنی ئەوروپاش هانبدەم شتی کردەیی بکەن. دەزانی هەمووان لێرە کەمێک پێیان خراپ نەبوو کاتێک شەرع هاتە سەر حوکم لە سووریا. چونکە وا بیردەکرایەوە مادام بەشار ئەسەد نەماوە، بەڵکو ئاشتی بەرقەرار بێ. 
بەڵام ئەمە لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپاوە بوو و بیر لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەوێ نەکرابووەوە. چونکە هەموو کەس لەوە تێدەگات کە هاتنی شەڕکەرێکی پێشووی ئیسلامی بۆ سەر حوکم، گەرەنتییەکی باش نییە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی دێموکراسییانە بە بەشداریی هەمووان. ئاخر ئەگەر ئەو بنەمایانەت وەکو ئایدیۆلۆژیا تێدا نەبێ و بڕوات پێی نەبێ، ناتوانیت بونیادیان بنێیت. بۆیە گرنگە ئەمە بیری دامەزراوە ئەوروپییەکان بهێندرێنەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی کاروباری دەرەوە بەڕێوە دەبەن. 
راستییەکەی لێدوانەکانی ئەوروپا لەوبارەیەوە زۆر بێلایەنانە بوون. ئەوەی پێویستن کردەوەی کۆنکرێتین. بۆنموونە بۆ دانی ئەو پارە زۆرە بە سووریا، دەبێ یەکێتیی ئەوروپا داوای شەڕراگرتن بکات لە کۆبانێ و رۆژئاوا. لەلایەکی دیکەشەوە کۆتایی بهێنێ بەو گەمارۆیەی ئێشێکی مرۆیی یەکجار زۆر سەختی دروستکردووە.

رووداو: ئێوە دەنگتان بە بڕیارێکی پەرلەمان داوە لەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پێتوایە بڕیارێکی ئەم پەرلەمانە ددانێکی تیژ بێ بۆئەوەی رێگە لە کۆمەڵکوژی کورد لە سووریا بگرێ؟

عەبیر ئەلسەهلانی: پێموایە دەکرێ یارمەتیدەر بێ.

رووداو: بەڵێ.. دەکرێ یارمەتیدەر بێ؟
عەبیر ئەلسەهلانی: دەکرێ یارمەتیدەر بێ. چونکە ئێمە تەنیا دامەزراوەی فەرمیی ئەوروپین کە راستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتییانمانەوە هەڵبژێردراوین وەکو نوێنەری ئەوان. بەرپرسانی کۆمیسیۆن و جڤاتی ئەوروپا دامەزرێندراون، بەڵام ئێمە راستەوخۆ هەڵبژێردراوین. هەروەها ئەوانەی کاروباری دەرەوەمان بەڕێوە دەبەن زۆر گوێ لەوە دەگرن کە ئێمە لە پەرلەمان چ جۆرە پەیامێکیان بۆ دەنێرین. بۆیە بڕوام وایە ئەمە دەتوانێ زۆر یارمەتیدەر بێ.

رووداو: باشە، دەکرێ زۆر یارمەتیدەر بێ. یەکێتیی ئەوروپا کام کەرەستەی گوشارانەی بەدەستەوەیە بۆئەوەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بەکاریانبهێنێ؟
عەبیر ئەلسەهلانی: ئێمە باڵیۆزخانەکانمان لەوێن. هەروەها نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپاش لەوێ هەیە. لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەی بەدەستمانەوەیە ئەو پارەیەیە کە دەیدەینە ئەو حکومەتە. ئەمە توانای ئێمەیە. بەڵام پێموایە پێکەوە کارکردنیشمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی وەکو ئێمە بیر لە سووریا دەکەنەوە گرنگە. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیش گوشار دەخاتە سەر سووریا.

رووداو: سووریا دەبێ کام مەرجانە جێبەجێ بکات و کام گەرەنتییانە بدات بۆئەوەی ئەوروپا پارەیان بۆ بنێرێ؟
عەبیر ئەلسەهلانی: زۆر گرنگە ئاگربەست هەبێ و گەرەنتی بدەن کە هیچ هێرشێکی سەربازی ناکەنەوە سەر ئەو ناوچانە و پێکهاتەی کوردیی ئەوێ. هەروەها گەمارۆکان هەڵبگیرێن و رێگە بدەن یارمەتیی مرۆیی بچنە ئەوێ. بۆئەوەی خەڵک لەو ناوچانە لەبرسان نەمردن و رەق نەبنەوە. ئەوانە زۆر زۆر گرنگن. هەروەها دەبێ لەو وڵاتانەی کوردەکان بۆی رادەکەن ناوەندی پێشوازی هەبن. لەو ناوەندانە یارمەتیی ئەوانە بدەن. وەکو جلوبەرگ و خۆراک. هەروەها یارمەتییان بدەن بۆ هەڵهێنانی هەنگاوەکانی دواتر.

رووداو: لەکاتی دیبەیتەکەدا گوێم لە هەندێک ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بوو دەیانگوت دەبێ شانس بدەینە شەرع بۆئەوەی ئاشتی و سەقامگیری دروست بکات لە سووریا. بۆچی شانسێکی نادەنێ؟
عەبیر ئەلسەهلانی: من پێمخۆشە شانس بدەمە کەسێک کە بەڕاستی دەیەوێ شتێک بکات و تێدەگات لە بەهاکانی هەبوونی کۆمەڵگەیەک بۆ هەمووان. شوێنێک کە هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن. واتە هەم خۆیان و هەم مافەکانیان بپارێزرێن و داکۆکییان لێ بکرێ. هەروەها رێگەیان بدرێ ئەوانیش لەسەر مێزی بڕیاردان بەشێوەی یەکسان دابنیشن. 
بۆ سەرکردەیەکی سیاسیی وا دەمەوێ نەک شانسێک بەڵکو سێ شانسیشی بدەمێ. بەڵام سەرۆکی سووریا بەشی خۆی شانسی دراوەتێ لەو مانگانەی رابردوودا. زۆرتر لە ساڵێکە. ئێمە ساڵێک زۆرترە پارەیان دەدەینێ. کەچی دەبینین ئەو تاوانانە بەرامبەر گەلی کورد دەکرێن و لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش کراون. کەواتە ئەو یان توانای سەرۆکایەتیی نییە یانیش حکومەتەکەی بڕوای بەوە نییە کە ئێمە داوای دەکەین.

رووداو: من لە هەندێک خەڵک لێرە و لەنێو میدیای رۆژئاواییش دەبیستم دەڵێن پارتە چەپەکان و کریستیانەکان زێدەگاڤی دەکەن. لەوەدا کە باسی مەترسیی گەڕانەوەی چەکدارە داعشەکان دەکەن بۆ ئەوروپا. چونکە ئەوان ئێستا کۆنترۆڵ کراون لەلایەن دیمەشق و حکومەتی عێراق و هێشتاش لەلایەن هەسەدەوە و رەنگە لە ئایندەدا لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەوان دەڵێن مەترسییەکە راست نییە و ئەوانە بەکاریدەهێنن بۆئەوەی لەنێو پەرلەمانەکاندا شۆو بکەن. (پێکەنین) تۆ لەسەر ئەمە دەڵێی چی؟

عەبیر ئەلسەهلانی: ئەوانەی ئەمە دەڵێن تەنیا لەوە دەترسن کە کۆچبەران بێنە ئێرە. دەبێ ئەوە بزانیت کە هەندێک سیاسیی راستئاژۆ هەن کە دەڵێن بە هەر نرخێک بێ، تەنانەت بەوەی کۆمەڵکوژیش بکرێ، جینۆسایدیش بکرێ، دەبێ رێگە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگیرێ وەکو پەنابەر بێنە ئەوروپا. ئەوان ئاوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەترسن. ئەوان هیچی دیکەیان بۆ گرنگ نییە… مەترسیی داعش زۆر راستەقینەیە. مەترسییەکە هەر سەربازی نییە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیشە. بەڵگەیەکیش بۆ قسەکەم ئەوەیە 300 چەکداری داعش لە سوێد لەدایک ببوون و گەورە ببوون، هەروەها چووبوونە قوتابخانە و باخچەی منداڵان، هاوسەرگیرییان کردبوو لە سوێد و هەموو ژیانیان لە سوێد ژیابوون. ئەوانە بۆچی شەڕیان بۆ داعش دەکرد؟ بۆ ئەوە روویدا؟ هۆیەکەی شکستی سیاسیی یەکێتیی ئەوروپایە. چونکە رێگەی داوە ئەو تووندئاژۆیانە لەنێو ئەوروپا بێنە نێو ئەوروپا و گەشە بکەن. هەروەها لەنێو ئەوروپا کۆمەڵگەی وا دروستنەکران کە بۆ هەمووان بن و بۆنموونە کەسی وەکو ئێمە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتووین هەست بکەین بەخێرهێندراوین. یان هەست بکەین بەشێکین لە دێموکراسی و یاسا دەمانپارێزێ.

رووداو: باسی کۆچبەریت کرد، ئەوانە دەڵێن ئەگەر شانس بدەینە شەرع، کۆچبەری کەمتر دێنە ئەوروپا. رەنگە ئەوان راست بکەن!
عەبیر ئەلسەهلانی: تەنیا ئەوە نییە.

رووداو: دەڵێن سەقامگیری لە سووریا هاتنی کۆچبەری کەمتری بەدواوەیە..
عەبیر ئەلسەهلانی: ئەوان هەر بیر لە رێگەگرتن لە کۆچبەران ناکەنەوە. بەڵکو بیر لە دامەزراندنی سەنتەرەکانی کۆچبەرانیش دەکەنەوە لە سووریا بۆئەوەی لێرەوە خەڵک بۆ ئەوێ دیپۆرت بکەنەوە.

رووداو: زۆنی کۆچبەران لە سووریا..
عەبیر ئەلسەهلانی: بەڵێ.. هەستدەکەم ئەوە ئەو کارەساتەیە کە ئەوپەڕی راستئاژۆکانی ئەوروپا تێیدان. دەبێ زۆر زۆر ئاگاداری ئەوە بین. ئەوەی کە ئەوپەڕی راستئاژۆکان ئاوا بیردەکەنەوە. پێیان خۆشە یارمەتیی تیرۆریستێکی پێشوو بدەن نەک یارمەتیی دروستکردنی دێموکراسییەکی راستەقینە بدەن.

رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ رەگ و ریشەی تۆ. باسی بەسرە بکەین. بێگومان شارێکی جوانە. مێژوویەکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە. من کەمێکیش مێژووی ماڵباتەکەت دەزانم. خەباتکارانی راستەقینە بوونە بۆ ئازادی و لەدژی دیکتاتۆری. لەتەنیشت ئەوە ئێوە لە ئەوروپاش خەبات دەکەن بۆ مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان. ئەمە یەکجاریش نییە پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکەیت لەنێو پەرلەمان و لە دەرەوەش. ئەوەی ئێستا دەیکەی هیچ پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە لە بەسرەوە هاتووی یان زۆرترە لەوە؟
عەبیر ئەلسەهلانی: نا نا، رەنگە تەنیا بەسرە نەبێ. بەڵام ئەو راستییەی کە..

رووداو: مەبەستم لە باکگراوندە سیاسییەکەی ئەوێتە..
عەبیر ئەلسەهلانی: بێگومان.. باوکم و مامەکانم و دایکیشمە. لەبیرمە کاتێک تەمەنم چوار ساڵان بوو، دایکوباوکم بۆ یەکەمجار جلوبەرگی ناوچەیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بۆ کڕیبووم. ئەو جلانە کوردی بوون. خۆت دەزانی ئێمە عەرەبین و هیچ باکگراوندێکی کوردیمان نەبوو. هەروەها خەباتی کورد بۆ مافی چارەنووس هەمیشە یەکێک بوو لەو مژارانەی لەنێو ماڵی ئێمە لەسەر مێزی نانی ئێوارە گەنگەشە دەکرا. ئەوە هەمیشە بەشێک بووە لە مێژووی من. هەروەها ئێستاشم. چونکە من لەگەڵ هاوژینە کوردەکەم هاوسەرگیریم کردووە. خەڵکی دهۆکە. منداڵەکانیشم نیوە کوردن. بۆیە پێشتر پشتیوانی لە کورد بۆ من شەڕی بیروباوەڕ بوو. چونکە بەڕاستی بڕوام بەوە هەیە کە دەبێ خەڵک مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان هەبێ. 
ئێستا بووەتە شەڕێکی کەسیش. چونکە منداڵەکانم نیوە کوردن و هاوژینەکەم کوردە. واتە ماڵباتەکەشم کوردین. جگە لەوەش مەسەلەیەکی سیمبۆلیشە. کورد هەمیشە ئەوە سیمبۆلیزە دەکەن کە چۆن لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزمەوە تاوەکو مێژووی نوێ مامەڵەیان بەرامبەر کراوە. هەروەها چۆنیش لەبیرکردیان قەدەری ئەوانی دیاریکردووە. ئەوەش کە چۆن دەکرێ لەلایەن ئەوروپی و سپی پێستەکانەوە لەبیر بکرێن یان بەکاربهێندرێن بۆ ئامانجەکانیان.

رووداو: خانم ئەلسەهلانی، زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە و سوپاسیش بۆ پشتیوانیت لە کوردستان.

ساوندبایتی ئەلسەهلانی لەنێو پەرلەمان
کاتێک ئەوان وەڵامی داوای ئێمەیان دایەوە بۆئەوەی یارمەتیمان بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە قێزەونترین رێکخراوەی تیرۆریستییە، ئەوان تەنیا ماڵەکانی خۆیان نەدەپاراست، بەڵکو ئازادی ئێمەشیان دەپاراست. ئێستا دەورەکان گۆڕاون. ئەمجارە کوردەکان داوای یارمەتی لە ئێمە دەکەن. ژنانی کورد بە مردنیش وازیان لێناهێندرێ. کاتێک گیان لەدەستدەدەن، تیرۆریستەکان کەزییەکانیان دەبڕن.

—--------------------------------------------------------

هەڤپەیڤینی ئەڤین ئینجیر- ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا

رووداو: با بیکەینە ئینگلیزی... بە مەسەلەی ئاگربەست دەستپێدەکەم لە رۆژئاوا یان وەک پێیدەڵێن (باکووری رۆژهەڵاتی سووریا). رای تۆ لەسەر ئەوەی ئێستا هەیە چییە؟ پێتوایە ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێ؟
ئەڤین ئینجیر: ئاگربەست بۆ ئەوە گرنگە تا دڵنیابین خەڵکی مەدەنی ناکوژرێن. بەڵام ئاگربەست ئەوکاتە گرنگە کە هەموو لایەنەکان و بەتایبەتیش رژێم رێز لە رێککەوتن بگرێ. ئەوەی کە دەڵێن گونجاندن هەبێ، تەواوە و زۆر رێزمان هەیە. بەڵام ئاگربەست و گونجاندن وەکو ئەوە گرنگن کە دەبێ کورد مافەکانیان هەبن. ئەوەی ئەو رژێمە وەک بەڵێن داویەتە کورد شتی گەورە نییە. ئەوان بەڵێنی پێدانی مافە هەرە سەرەتاییەکان دەدەن. ئەمەش پێویستی بە دانوستاندن بوو بۆئەوەی بڵێن ئێمە رێز لەو مافانەی کورد دەگرین. دەشیخەینە نێو دەستوور کە کورد مافی ئەوەیان هەیە زمانی خۆیان بەکاربهێنن. پێموایە دەبووایە ئەو جۆرە مافانە دەمێک بووایە هەبان و شتی ئاسایی بان. هیوادارم ئەوان رێز لە ئاگربەست بگرن. بەڵام زۆر گرنگیشە کە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەمە چی دەبێ. لێرەش یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا رۆڵیان لەمەدا هەیە.

رووداو: کەواتە   هەر هیواداری و هێشتا دڵنیایی پێویست نییە..
ئەڤین ئینجیر: بێگومان دڵنیایی پێویست نییە. چونکە پێشتریش رێککەوتن هەبوونە و رژێمی دیمەشق رێزی لێ نەگرتوون. یەکێک پێشتر لە مانگی یەکی ئەمساڵ کرا. یەکێک ساڵی 2024 کرا. مێژوو دەڵێ هیچ شتێک لەکاتی خۆیدا نەکراوە و بە کردەوە هیچ پیشاننەدراوە.

رووداو: ئەمریکا و فەرەنسا گەرەنتیکاری سیاسیی ئاگربەستەکە و قۆناخی راگوزەر و ئەوەشن کە پێیدەڵێن گونجاندن. هەروەها ئەم هەفتەیە لە ئەمریکا گەنگەشە کرا لەسەر رۆژئاوا. لێرەش ئێوە لە پەرلەمان دەنگتان لەسەر بڕیارێک دا. تەنانەت دوای ئەوانەش دەڵێی هێشتا دڵنیایی نییە؟
ئەڤین ئینجیر: بۆ من ئەوکات دڵنیایی هەیە کە بیبینم رێککەوتنەکە بە کردەوە رێزی لێگیراوە. ئەگەر ببینم لە دەستووردا نووسراوە زمانی کوردی زمانی دانپێدانراوی وڵاتەکەیە. کە کولتووری کوردی دانی پێدانراوە. ئەوکات دەڵێم متمانەم بە رژێمی سووریا هەیە. تاوەکو ئەوکاتە دەبێ ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانمان و ئەمریکا گوشار بخەینە سەر رژێمی سووریا بۆئەوەی رێز لە رێککەوتنەکان بگرن.

رووداو: لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری دیکەی ئەوروپاش قسەمکردووە. هەروەها دیبەیتەکەشم شوپاندووە. گوێم لە هەندێک لەو پەرلەمانتارانە بوو دەیانگوت با شانسێک بدەینە ئەم حکومەتە، واتە حکومەتی نوێی سووریا. بۆئەوەی خۆی بسەلمێنێ. تا پیشانی بدات ئەوەندەش خراپ نییە کە بیری لێدەکرێتەوە. بۆچی هێندە بەگومانی لە حکومەتی ئێستای سووریا؟
ئەڤین ئینجیر: ئێمە شانسمان داوەتێ. تەنانەت بەوەش کە پێشوازیمان لەو رێککەوتنەی ئێستا کردووە. بەڵام مێژوو پیشانیداوین کە نابێ خۆشباوەڕ بین. قەینا شانس دەدەین، بەڵام خۆشباوەڕ نابین. دەبێ ئەوەی شانسی دەدەینێ بەکردەوەکانی پیشانمان بدات کە دەیکات. واتە دەبێ رێککەوتنەکان بکرێنە کردەوە. وەک گوتم پێشتریش رێککەوتن هەبوونە و رژێم رێزی لێنەگرتوون. چونکە ئەگەر رێزیان لێ گرتبووایە، قەتڵوعامی کورد و پێکهاتەکانی دیکەمان تەنانەت لە چەند هەفتەی رابردوودا نەدەدی. ئەمە رووینەدەدا. بۆیە من پێشوازی لە بڕیاری رێککەوتن دەکەم. هیوادارم ئەمە زۆر بەڕاستی کۆتاییهێنان بێ بە سەرکوتکاری. بەڵام ئەوکاتە بڕوایان پێدەکەم کە بە کردەوە بیکەن.

رووداو: باشە خانم ئینجیر. ئێوە کوردن و ساڵەهایە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەن لەم پەرلەمانە و لە دەرەوەش. دەزانم زۆر جار هەستتکردووە تەنیای لەو شەڕەدا. دوای دیبەیتی ئەم هەفتەیە و بڕیاری پەرلەمان لەسەر رۆژئاوا، هەستدەکەی چیدیکە تەنیا نیت و زۆر هاوڕێمان هەن؟

ئەڤین ئینجیر: من کوردم، بەڵام سوێدیشم. هەروەها سۆسیال دێموکراتم. بەڵام وەک کوردێک بێگومان ئەو ئەزموون و ئازارەم لەگەڵ خۆم هەڵگرتووە کە زۆربەی کورد لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتووە. ئەزموونی سەرکوتکران. زۆربەمان کە لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا دەژین، لەبەر ئەوە لەو وڵاتە جیاوازانە ناژین چونکە دایکوباوکمان رۆژێک لە خەو هەستان و گوتیان با کوردستان بەجێبهێڵین. بەڵکو لەدەست سەرکوتکاری لە کوردستان دەرچووین. کە هەبوو و ئێستاش بەردەوامە. 
هەندێکجار هەستمکردووە ئەوە ئاڵنگارییە کە ئەوانەی باکگراوندی کوردییان نییە و رەگی کوردییان نییە، تێبگەیەنم کە کێشەی کورد چەند جیددییە. ئەوە دڵتەزێنە کە پێویستە کارەسات لەدوای کارەسات رووبدات تا تێبگەن. پێموابوو دوای ئەوەی کورد بەهێزیی خۆیان پیشاندا، کاتێک تەنیا خۆی نا بەڵکو یەکێتیی ئەوروپا و هەموومانی لە جیهاندا بە شەڕ لەدژی داعش پاراست، ئەوکات پێموابوو ئیدی دنیا دەزانێ. دنیا چیدیکە چاوی بەرامبەر کورد داناخات. بەڵام من هەڵە بووم. بۆیە ئەمە خەباتێکی بەردەوامە و دەبێ درێژەی پێبدەین. دەبێ تیشک بخەینە سەر دۆخی کوردستان تاوەکو هەموو بەشەکانی دانیان پێدا دەنرێ.

رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەلایەن تۆوە لەنێو پەرلەمان. کاردانەوەی هاوکارەکانت دوای ئەوە چی بوو؟ دەزانم لە کاژێرەکانی رابردوودا قسەت لەگەڵ کردوون.
ئەڤین ئینجیر: کاتێک دەچوومە هۆڵی کۆبوونەوە و جلوبەرگی کوردیم لەبەر بوو، زۆر لە پەرلەمانتاران و خەڵکی دیکەش لێرە کاردانەوەیان هەبوو. دەیانگوت جلێکی زۆر جوانە. بێگومان منیش بۆم باسدەکردن کە ئەمە جلوبەرگی کوردییە. چونکە زۆر کەس لێرە لە پەرلەمان هەم ئەندامان و هەم ئەوانی دیکەش قەت جلوبەرگی کوردییان نەبینیوە. بۆیە پەیامێکی گرنگ بوو بۆئەوەی بڵێم کورد زمانی خۆی و کولتووری خۆی و ئاڵای خۆی هەیە.

رووداو: دوای بڕیارەکەی پەرلەمان، دەبێ کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان چیی دیکە بکات؟
ئەڤین ئینجیر: دەبێ وا بکەین هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و کۆمیسیۆنی ئەوروپاش هەر سەنتێک کە دەینێرێ بۆ حکومەتی راگوزەری سووریا، دەبێ مەرجدار بێ. دەبێ بگوترێ بۆیان هەیە ئەو پارەیە چۆن خەرج بکەن. ئەگەر ئەوەیان نەکرد، دەبێ یەکسەر پارەکەیان لێ بسەندرێتەوە. ئەمە لەڕووی پشتیوانیی داراییەوە. هەروەها دەبێ ئێمە پشتیوانی لە کورد بکەین لە هەرێمی رۆژئاوا. بەتایبەتیش کە ئێستا قەیرانێکی مرۆیی هەیە. ئەوە تەنیا لە کۆبانێ نییە، کە هێشتاش لەژێر گەمارۆدایە.

رووداو: خانم ئینجیر ئەوەی وادەکات پەرۆشی هەبێ، بۆنموونە لە سوێد، کە ئێستا وڵاتی یەکەمی تۆیە، ئێوە ساڵەها بوو زۆر پشتیوانیی ئەزموونی رۆژئاواتان دەکرد. بەڵام دوای مەسەلەی ئەندامبوونتان لە ناتۆ، هەموو شتێک گۆڕدرا. سوێد بووە سوێدێکی زۆر جیاواز بۆ رۆژئاوا. زۆر کوردی دیکەش وەکو من پەرۆشن کە رەنگە لەپڕ لێرەش فۆکەس بگۆدرێ و چیدیکە کورد پشتیان نەگیرێ. تۆش نیگەرانیت بۆ ئەمە؟

ئەڤین ئینجیر: خۆ نەرویجیش ئەندامی ناتۆیە. بەڵام وڵاتێکی پشکەوتنخوازە و رۆڵی سەرکردانەی هەیە لە رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و بە مافەکانی کوردیشەوە. وردە وردەش وایلێهاتووە ئەوان رۆڵی سەرکردایەتی لە پشتیوانیی کورد دەگێڕن. بۆیە ئەو مەسەلەیە مەرج نییە پەیوەندیی بە ئەندامێتی لە ناتۆدا هەبێ. بەڵام ئەندامێتی لە ناتۆ نابێ بە هیچ شێوەیەک لەمپەر بێ لەبەردەم هیچ وڵاتێک بۆئەوەی بۆ مافەکانی هەر خەڵکێک دەنگیان بەرزبکەنەوە و ببیسترێ. بە گەلی کوردیشەوە. هەروەها ئێمە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاشین. ئێرەش پلاتفۆرمێکە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگمان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد. من پێموایە یەکێتیی ئەوروپاش ئەوە ناکات کە پێویستە بیکات. بۆیە مەسەلە ئەوە نییە کە لە ناتۆی یان لە یەکێتیی ئەوروپا، بەڵکو ئەوەیە کە چەندە ئەو مژارە بە گرنگ دەزاندرێ.

رووداو: کەواتە تۆش پێتوایە دەکرێ لە ئایندەدا گرنگیی مژاری کورد بگۆڕدرێ و دیسان کورد لەبیر بکرێنەوە؟
ئەڤین ئینجیر: گرنگیپێدان دەکرێ بۆ هەر مژارێک یان هەر گەلێک بگۆڕدرێ. بەڵام ئەرکی ئێمە وەک پەرلەمانتاران ئەوەیە کە بەردەوام بین لەسەر فۆکەس خستنە سەر کورد. تاوەکو ئەو رۆژەی هەموو کورد دەتوانن لەسایەی ئاشتی و ئازادی و بە سەربڵندی و دێموکراسییانە بژین.

رووداو: کەواتە پێتوایە پشتیوانییەکی بەردەوام لەنێو پەرلەمانی ئەوروپا بۆ دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێ؟
ئەڤین ئینجیر: بڕیارەکەی پەرلەمان خاڵی زۆر گرنگی تێدان. یەکێکیان پشتیوانییە لە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا، یەکێکی دیکە مەرجدارکردنی هاوکارییەکانە، هەروەها گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە، زۆر خاڵی دیکەشی تێدان کە من و زۆر کوردی دیکە و رێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ داوایاندەکرد.

رووداو: مەرجدار کردن، قسەی جوانە، لەسەر کاخەزێکە و یاسایەکە. بەڵام چ میکانیزمێک هەیە بۆ چاودێریکردنی ئەوەی لەوێ روودەدات؟

ئەڤین ئینجیر: مەرجدارکردن هەر قسەی جوان نییە. بەڵکو ئەوەشە کە ئێمە هیچ پارەیەکی هاووڵاتییە باجدەرەکانمان لەوەدا خەرج ناکەین کە رژێمێک بەهێز بکەین لەدژی یەکێکی دیکە. ئەگەر ئێمە پارەیەکی زۆر بدەینە دەوڵەتێک یان حکومەتێک یان هەر رۆڵگێڕێکی دیکە، دوای ئەوەش ئاگامان لێنەبێ کە ئەو پارەیە چۆن بەکاردێت. یان بەکاربێت بۆ بەهێزکردنی خۆیان، لەکاتێکدا خەڵکی دیکە دەچەوسێننەوە، ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی بەشداری دەکەین لە چەوساندنەوەدا. بۆیە مەرجدارکردن گرنگە. چونکە پێیاندەڵێیت ئێمە یارمەتیت دەدەین، بەڵام ئەو شتانەمان دەوێ. بەڵام جگە لەو مەرجدارکردنە، ئێمەی ئەوروپی پێویستە بەشێوەی راستەوخۆش یارمەتیی کورد بدەین.

رووداو: دوایین پرسیار، ئەگەر پەیامێک بنێریت بۆ گەنجانی کورد، یەکەمجار بۆ ژنان و دوای ئەوە بۆ پیاوان، دەتەوێ چییان پێ بڵێی؟ پەیامت چییە بۆ ئەوان؟
ئەڤین ئینجیر: دەڵێم ئێوە ئازان. بەردەوام بن لە رابوون. بزانن دەنگی ئێوە لەنێو ئەم پەرلەمانەدا دەبیسترێ. ئەوانەیش کە رەتیبکەنەوە بیبیستن، ئێمە کە دەیبیستین و هەموو هاوکارانی دیکەم کە دەیبیستن، وادەکەین دەنگ بداتەوە. تاوەکو ئەوکاتەی هەموو ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا و ئەودیوی ئەوروپاش دەیبیستن.

—--------------------------------------------------------


هەڤپەیڤینی دانیێل ئاتارد- ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا

رووداو: ڤیدیۆیەکی تۆم بینی لەسەر ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. تێیدا داوا دەکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە نەدات کورد کۆمەڵکوژ بکرێن. کاتێک تۆ ئەو قسەیە بکەی، هەر ئەوە نییە کە ئەندامێکی ئاسایی پەرلەمان وایگوتبێ، بەڵکو کەسێکە کە خوێندنی یاسای تەواو کردووە. کەسێکە ئەزموونێکی زۆری هەیە وەکو شارەدار، دوای ئەویش وەکو نوێنەری وڵاتەکەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دواتر یەکێتیی ئەوروپا و دواتریش بەریتانیا. تۆ دامەزراوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان باش دەناسیت. چۆن ئەو دەرەنجامگیرییەت کرد کە لە کوردستان و رۆژئاوا کۆمەڵکوژی دەکرێ؟

دانێیل ئاتارد: لە سەرووی هەموو ئەو شتانەوە من ئەو قسەیەم وەکو مرۆڤێک کرد. وەکو باوکێک کردم. ئەمە پێش ئەوە بوو کە وەک پارێزەرێک یان ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا قسە بکەم. پێش ئەو ئەزموونەش بوو کە هەمە. ئەو قسەیەم وەکو باوکێک و مرۆڤێک کرد. وەک کەسێک کردم کە بڕوام بە ژیانی مرۆڤەکان و رێزگرتن لێی هەیە. رێزیشم بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە. بۆیەش هەمیشە هەمان ئەو شتانە دەڵێمەوە. ئەوە هەر سەبارەت بەوە نییە کە لە سووریا روویدا، بەڵکو سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەیە کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەودیوی ئەوێش روویانداوە. ئەو بیرکردنەوەیە بەرچاوڕوونم دەکات، ئەمە بیروباوەڕ و پرەنسیپی منە کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرم. هەروەها پێموایە تەنانەت یەک مرۆڤیش بمرێ زۆرە. هەروەها بڕواشم بەوە هەیە کە ئێمە وەکو یەکێتیی ئەوروپا دەبێ لەبیرمان بێ کێ کۆمەڵگەی ئەوروپییەکانی لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا پاراست. لە شەڕ لەدژی چەکدارە تووندئاژۆکان. واتە لە شەڕی داعش. بۆیە پێموایە دەبێ ئێمەش هەمان بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی کورد وەئەستۆ بگرین. ئەو گەلەی لە بەرەکانی پێشەوە بوون بۆئەوەی تەنیا ژیانی خۆیان نا، بەڵکو ژیانی ئەوروپییەکان لێرە لەنێو یەکێتیی ئەوروپاش بپارێزن.

رووداو: دیبەیت و دەنگدانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی ئەوروپا زۆری پێچوو. هێرشێکی گەورە و فراوان کرایە سەر کورد لە سووریا. 150 هەزار کورد ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و بەهۆی هێرشەکەی حکومەتی سووریاوە ئاوارە بوون. بۆچی هێندەی پێچوو تاوەکو ئەخیرەکەی ئەم هەفتەیە لێرە دیبەیت بکرێ؟

دانێیل ئاتارد: وەک پێشتریش گوتوومە، زۆر جار، بەداخەوە و زۆر بەداخەوە، یەکێتیی ئەوروپا لەڕووی دامەزراوەییەوە سنووردارێتیی هەیە. بۆ؟ چونکە زۆر کەس و لایەنمان هەن کە زۆرتر کاریگەریی سیاسی و جیۆپۆڵیتیکییان لەسەرە وەک لەوەی قەناعەتی خۆیان هەبێ. دەبێ لەبیرمان بێ کە یەکێتیی ئەوروپا دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە. یەکێتیی ئەوروپا رووسیا نییە. کۆماری جەماوەریی چین نییە. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانیش نییە. یەکێتیی ئەوروپا پێکهاتووە کە کۆمەڵێک دامەزراوەی جیاواز. پەرلەمانی ئەوروپا 720 ئەندامی هەن. گرووپی جیاوازیی زۆری لەوپەڕی چەپەوە تاوەکو راست تێدایە. جڤاتی ئەوروپا لە 27 وڵاتی ئەندام پێکهاتووە و یەک دەوڵەتی فیدراڵی یان زلهێزێک نییە. پێموایە ئەمە وایکردووە کە شتەکان دوابکەون. چونکە بۆ هەموو شتێک پێویستە لێرە کۆدەنگی هەبێ. کۆدەنگی لەسەر هەڵوێستوەرگرتن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش. ئەمەش وادەکات یەکێتیی ئەوروپا لەدواوە بێ. بەداخەوە کە وایە، چونکە پێموایە کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر مافەکانی مرۆڤ و مادام بەڕاستی بڕوامان بەوە هەیە مافەکانی مرۆڤ مافێکی جیهانین، نابێ هێندەمان پێبچێ تا لەسەریان وەدەنگ دێین. بەڵام ئەو شێوازەی دامەزراوەکان دانراون و رێککەوتنەکان نووسراونەتەوە، وادەکەن یەکێتیی ئەوروپا نەتوانێ لەمە خێراتر بجووڵێ. بەداخەوە ئەمە واقیعەکەیە. یەکێتیی ئەوروپا لە زۆر بواردا زۆر سەرکەوتوو بووە، بەڵام کاتێک دێتە سەر مژارە جیۆپۆڵەتیکییەکان، بەداخەوە یەکێتیی ئەوروپا زۆرتر لە کەشتییەکی گەشتیاری دەچێ نەک لە بەلەمێکی خێرا. پێموایە ئەوەش حەیفە. چونکە یەکێتیی ئەوروپا واتە پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ. داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤیش نابێ تەنیا تاوەکو سەر سنوورەکانمان بڕوا، بەڵکو دەبێ بۆ هەموو شوێنێک هەمان شت بێ.

رووداو: دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە.. ئەمریکا نییە.. بۆیە بۆ زۆر کەس وایە کە یەکێتیی ئەوروپا هێزێکی وای نییە کە بۆنموونە رێگە لە حکومەتی سووریا بگرێ کە کورد کۆمەڵکوژ نەکات، ئەوەی کە تۆش داواتکرد. کۆکی لەگەڵ ئەو رایە. دوای دەرچوونی بڕیارەکەی پەرلەمان، ددانی تیژتان هەیە بۆ جێبەجێکردنی؟

دانێیل ئاتارد: دەمەوێ کۆک نەبم. بۆ؟ چونکە ئەوروپییەکان هێزیان هەیە. بەداخەوە ئەو بەهێزییە زۆرجار بەکاردێت لەدژی لاوازییەکانی. یەکێتیی ئەوروپا بازاڕێکی یەکگرتووی زۆر بەهێز و یەکگرتووی هەیە. ئەمە هێزێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان. بۆنموونە کە باس بێتە سەر رێککەوتن و دانوستاندنە بازرگانییەکان، یەکێتیی ئەوروپا هێزێکی مەزنە. بەڵام ئەو هێزە بەکاردێت بەرامبەر ئەو لاوازییەی لەسەر ئاستی سیاسی هەیەتی. کاتێک باسی سووریا دەکەین، وەکو تۆ دەیزانی و زۆربەمان دەیزانین یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی پشتیوانیی دارایی بە حکومەتی راگوزەری سووریا داوە. ئەوە وەکو بەها شتێکی زۆر ئەرێنییە. چونکە سووریایەکمان دەوێ کە لە قۆناخی راگوزەردا بچێتە نێو قۆناخی دەوڵەتێکی دێموکراسییانە کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ، کەمینەکان و پێکهاتەکانی دەگرێ، کە خۆیان بڕیار لە ئایندەی خۆیان دەدەن. ئەوە وەک پرەنسیپ زۆر باشە. ئەوەی بە بڕوای من جێی داخە، ئەوەیە کە ئەو پاکێجی هاوکارییە داراییەکانەی یەکێتیی ئەوروپا و کۆمیسیۆن بەڵێنیداوە بیداتە دیمەشق، هیچ گەرەنتیی کردەیی بۆ وەرنەگیراوە و مەرجدار نەکراوە بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی هەموو کەمینە و پێکهاتەکان. بەتایبەتیش مافی گەلی کورد بۆئەوەی بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن و بە تەواوەتی بەشدارییان پێبکرێ. ئەمەش نەک بە تیۆری بەڵکو بە کردەوەش بەشداربن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریای ئایندە. پێموایە لەوێدا یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێ هێزی خۆی بەکاربهێنێ، بەوەی ئەو پارە قەبەیەی وەک یارمەتی دەینێرێ مەرجداری بکات بەو پرەنسیپانەی سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەیەتی. ئەمە ئەو شتەیە کە پێماندەکرێ و ئێمەش لەنێو پەرلەماندا هەوڵی بۆ دەدەین.

رووداو: لەڕووی یاسادانانەوە و دوای بڕیارەکەی پەرلەمان، پەرلەمانی ئەوروپا کاری خۆی کرد، پێتوایە دەبێ دوای ئەمە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەوروپا چی بکات؟

دانێیل ئاتارد: وەک گوتوومە دەبێ ئێمە لە پەرلەمانی ئەوروپا و جڤاتی ئەوروپاش گوشار دروست بکەین بۆ مەرجدارکردنی یارمەتییەکان. ئێمە دەمانەوێ ناردنی پاکێجی یارمەتییەکان بۆ حکومەتی راگوزەری سووریا، مەرجدار بێ بە بنەمای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی هەموو کەمینەکان و پێکهاتەکان بێ. کاتێک دەڵێم بەشداریپێکردن هەر ئەوە نییە دەنگێکیان بدرێتێ، بەڵکو راستەوخۆ بەشدار بکرێن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. دەوڵەتێک کە رێز لە یەکسانی دەگرێ. یەکسانی لە هەموو بوارێک و هەموو ئاستێکی دەوڵەتی سووریادا. ئەمە ئەو شتانەن کە دەبێ بیانکەین.

رووداو: ئەمانە مەرجی زۆر جوان و قسەی جوانن، بەڵام میکانیزم چییە کە ئەمە جێبەجێ بکرێ؟
دانێیل ئاتارد: هەمان ئەو میکانیزمە بەکاربهێنین کە بۆ پێدانی یارمەتیی دارایی بە وڵاتانی دیکە بەکارمانهێناوە. ئێمە پێش ئەمەش ئەو ئیشەمان کردووە. دەبێ لە سووریاش کار بە هەمان ئەو پرەنسیپانە بکەینەوە.

رووداو: تۆ بڕوات وایە ئەمە سەرکەوتوو دەبێ؟

دانێیل ئاتارد: دەبێ سەرکەوتوو بێ. بەڵێ. بە پێداگیری و بەردەوامی سەرکەوتوو دەبێ.

رووداو: نەوەیەکی نوێ لە کوردستان هەیە. بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. خۆت دەزانێ ئێستا ئەوێ بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق. هەروەها نەوەیەکی نوێمان هەیە لە سووریا. ئەوانە بۆنموونە قەت بۆنموونە عێراق حوکمی نەکردوون. ئەوانە لەسایەی حکومەتە کوردییەکاندا گەورە بوونە. لەلایەن ئێوەوە هیچ گەرەنتییەک هەیە کە ئەو دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرییە کوردییانە بپارێزرێن؟

دانێیل ئاتارد: ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە داوای دەکەین. ئەمە ئەو شتەیە کە من لێرە لەنێو پەرلەمانی ئەوروپا داوامکرد. بەڵام وەک گوتم یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێک دامەزراوەی جیاوازی هەیە. ئێمە لە پەرلەمان ئەوەی لەسەرشانمانە دەیکەین. ئێمە بەردەوام دەنگمان هەڵبڕیوە و دووبارەمان کردووەتەوە، ئەمەشمان بە سەنگەوە کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی لەسەر کورد هەر لە حکومەتی سووریا نەپێچینەوە بەڵکو لە دامەزراوە ئەوروپییەکانیش بپێچینەوە، ئەگەر لەسەر پرەنسیپەکانی ئێمە نەڕۆن. واتە ئەگەر وانەکەن کە هەر یارمەتییەک کە بۆ حکومەتی راگوزەری سووری دەینێرن، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ نییە. ئەمە ئەو شتەیە کە کردوومانە. ئەوەشە کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەنجامدانی. دەتوانم بۆ ئەوە بەڵێنت پێبدەم کە وەک پەرلەمانتار بەردەوام دەبم لەگەڵ هاوکارانم لەسەر ئەوەی کە نەک لە حکومەتی سووریا بەڵکو لە دامەزراوە ئەوروپییەکانیش بپێچمەوە.

رووداو: باشە.. تۆ بەڵێنم پێدەدەی کە بەردەوام دەبیت لەسەر ئەو پرۆسەیە. بەڵام لە نێوەوەی کوردستان ترسێکی گەورە هەیە. لەوێ دەڵێن ئەگەر لە گۆشەیەکی دیکەی دنیا شتێک رووبدات، ئێوە فۆکەستان دەگۆڕن. دیسان ئاگاتان لە ئێمە نامێنێ. بەڵێنم پێدەدەی کە قەت گەلی کوردستانت لەبیرنەچێ و هەمیشە فۆکەست لەسەر دۆزەکەیان بێ؟

دانێیل ئاتارد: من فۆکەسم لەسەر رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەبێ لە هەر شوێنێک پێشێل بکرێ. بەبەردەوامیش داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە کەمینەکان و رێزگرتن لە دێموکراسی و پرەنسیپە دێموکراسییەکان دەکەین. گرنگ نییە لەوێ. لەم پەرلەمانەدا ئێمە پرۆسەمان هەن. هەمیشە کە کۆبوونەوە هەن دەتوانین پرۆژە بڕیاری ئاوارتە پێشکەش بکەین و دیبەیتی ئاوارتە بکەین. لەوێ بەردەوام دەبین لە دەنگ هەڵبڕین لەسەر مافەکانی مرۆڤ و رێزگرین لە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و دێموکراسی لە هەر کوێیەکی جیهان بێ. ئەمە ئەو شتەیە کە بەردەوام دەبین لەسەری و کردووشمانە. گەرەنتیی ئەوە دەدەم کە دەرگای ئێمە هەمیشە بەکراوەیی دەمێننەوە بۆ دیالۆگ و تێکەڵاوی.

رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز ئەتارد بۆ ئەم دەرفەتە..