پەنابەرانی کورد لە کۆڕسەکانی زمانی ئەڵمانی بێبەشدەکرێن

پەنابەرانی کورد لە کۆڕسەکانی زمانی ئەڵمانی بێبەشدەکرێن
پەنابەرانی کورد لە کۆڕسەکانی زمانی ئەڵمانی بێبەشدەکرێن
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، لە بڕیارێکی نوێدا کۆرسەکانی زمانی ئەڵمانی بۆ پەناخوازان، ئۆکرایینییەکان و هاووڵاتییانی ئەورووپی نیشتەجێی وڵاتەکەی راگرت. ئەم بڕیارە هەزاران کوردی پەناخواز لە ئەڵمانیا دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی داواکانیان رەتکراوەتەوە. جەمال نەرمۆ، فەرمانبەر لە شارەوانیی ئۆڵدنبۆرگ، لە بەرنامەی دیاسپۆرا بەشداربوو رایگەیاند، ئەو کەسانەی هێشتا مافی پەنابەرێتییان وەرنەگرتووە، لە کۆرسە خۆڕاییەکانی زمان و خۆگونجاندن بێبەش دەکرێن و لەمەودوا هەر پەنابەرێک بۆ بەشداریکردن دەبێت سێ هەزار یۆرۆ بدات. بڕیارەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەلێکسەندەر دۆبرینت دەرکراوە و بووەتە جێی ناڕەزایەتیی هەندێک لە پارتە سیاسییەکان، کە پێیانوایە زیان بە پڕۆسەی خۆگونجاندنی کۆچبەران و تێکەڵبوونیان لەگەڵ بازاڕی کار دەگەیەنێت.

زیاتر لە 400 ئێزدی لە ئەورووپاوە نێردراونەتەوە بۆ کوردستان
سەرەڕای ئەوەی پێشتر ئەڵمانیا بە ئاسانی مافی مانەوەی بە ئێزدییەکان دەدا و لە ساڵی 2023 کۆمەڵکوژییەکەی وەکو "جینۆساید" ناساند، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە. داواکاریی مافی پەنابەرێتی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە لێشاو رەتدەکرێتەوە. دکتۆر عیرفان ئۆرتاج، سەرۆکی جڤاتی ناوەندیی ئێزدییان لە ئەڵمانیا، لە بەرنامەی "دیاسپۆرا" رایگەیاند کە رەوشی پەنابەرانی ئێزدی لە ئەورووپا بەرەو خراپتربوون دەچێت، ئەمەش بەهۆی بەهێزبوونی پارتە راستڕەوەکان و گۆڕانی سیاسەتی پارتەکانی دیکە دژی پەناخوازان. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، داواکاریی زیاتر لە 40 هەزار پەناخوازی ئێزدی لە یەکێتیی ئەورووپا رەتکراوەتەوە و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە. لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، زیاتر لە 400 ئێزدی لە ئەورووپاوە نێردراونەتەوە بۆ کوردستان. ئۆرتاج ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە پێشتر ئەڵمانیا بە ئاسانی مافی مانەوەی بە ئێزدییەکان دەدا و لە ساڵی 2023 جینۆسایدی ئێزدییەکانی ناساند، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و داواکارییەکان رەتدەکرێنەوە. ئەو وتیشی، سەرەڕای ئەوەی ویلایەتی نۆرد راین ڤێستڤاڵن بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکانی راگرتووە، بەڵام هیچ هیوایەک نییە بۆ راگرتنی گشتیی دیپۆرتکردنەوە لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا. ئێستا لەبری پێدانی مافی پەنابەری بەشێوەیەکی گشتی، پێویستە هەر پەناخوازێک بەشێوەی کەسی بیسەلمێنێت کە ژیانی لە مەترسیدایە.

رووداو دەچێتە کامپی کۆمەڵکوژی ئاوشڤیتیزی پۆڵۆنیا
لە چلەکانی سەدەی رابردوودا، خەڵک بە شەمەندەفەر بەکۆمەڵ دەهێنرانە کەمپی کۆمەڵکوژیی ئاوشڤیتز. قوربانییەکان بریتی بوون لە زیندانییانی سۆڤیەت، قەرەجە بێ وڵاتەکانی ئەورووپا، بەرهەڵستکارانی پۆڵەندی و ژمارەیەکی زۆر جوو، کە سەرەڕای جیاوازیی شێوازەکانی کوشتن وەکو خنکاندن بە غاز، لەسێدارەدان یان گولـلەبارانکردن، هەموویان رووبەڕووی یەک چارەنووس بوونەوە. ئاوشڤیتز، ئێستا بووەتە مۆزەخانەیەکی گەورەو مێژووی زیاتر لە 1 ملیۆن مرۆڤ دەگێڕێتەوە کە بە زۆر هێنراونەتە ئەم کەمپە و زۆربەیان بە زیندوویی لێی دەرنەچوون. جووەکان تەنیا لەبەرئەوەی جوو بوون و سینتی و رۆماکانیش (زیاتر لە 20 هەزار کەس)، رەوانەی ئاوشڤیتز کران. لەنێو مۆزەخانەکەدا چەندین پێشانگەی نیشتمانی هەن بۆ قوربانییانی وڵاتانی وەکو فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەندا تەرخانکراون، لەگەڵ پێشانگەیەکی تایبەت بە قەرەجەکان. ئاوشڤیتز تەنیا مۆزەخانەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ناوەندێکی پەروەردەییە بۆ تێگەیاندنی نەوەی نوێ لە دەرەنجامەکانی جیاکاری و بێباکی. ئامانجی پەروەردەیی ناوەندەکە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە و پێشنیاز دەکرێت سەردانیکردنی بۆ کەسانی سەرووی 14 ساڵ بێت، تاوەکو بتوانن لە گرنگی و مێژووی شوێنەکە تێبگەن نەک تەنیا بینینێکی رووکەش بێت. زیاد رەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، لە یەکێک لە ژوورەکانی مۆزەخانەی ئاوشڤیتز، باس لەوە دەکات کە چۆن پۆڵەندییەکان توانیویانە مێژووی جینۆسایدیان بە زیندوویی بهێڵنەوە و دۆکیومێنتی بکەن. ئەو ئاماژە بە کەلوپەلی بەجێماوی قوربانیان وەکو پێڵاو و جانتا دەکات، کە هەریەکەیان چیرۆکی ژیانێکی لەدەستچوو دەگێڕنەوە. مۆزەخانەی ئاوشویتز لە ساڵی 1947 لەسەر پێشنیازی ئەو کەسانە دروستکراوە کە لەوێ زیندانی کرابوون. ئامانجە سەرەکییەکان بریتی بوون لە پاراستنی بەڵگەنامە و کەلوپەلی قوربانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو، پەروەردەکردنی گەنجان بۆ ئەوەی رووداوەکە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها ئەرشیفکردنی دۆکیومێنتەکان بۆ ئەوەی مێژوونووسان و فیلمسازان سوودی لێوەربگرن. زیاد رەئوف جەخت لەسەر لایەنی پەروەردەیی دەکاتەوە و ئاماژە بە دامەزراندنی سەنتەری پەروەردەیی، هۆڵی کۆنفرانس و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ دەکات بۆ گەیاندنی زانیارییەکان بە نەوەی نوێ. هاوکات، ئەو ئەزموونە بەراورد دەکات بە کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان و دەڵێت کە زۆرێک لە بەڵگەکانی ئەو تاوانانە لەناوچوون یان لە مەترسیدان، بۆیە پێویستە بە هەمان شێوە کار بۆ پاراستن و بەدۆکیومێنتکردنیان جینۆسایدەکانی کوردستان بکرێت. بەپێی گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێم، پۆڵۆنیا توانیویەتی سوود لە مێژوویەکی تراژیدی وەربگرێت بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر و ئاشتیخوازانە. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین جار بانگهێشتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کراوە، لەوانەش وەزیران و شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئەزموونی پۆڵۆنیا لە ئەرشیفکردن و بەبەڵگەکردنی کۆمەڵکوژییەکان ببینن. بەراوردی لەگەڵ مێژووی کوردستان کرد و گوتی کە کۆمەڵکوژییەکانی کورد بەهەمان شێوەی پۆڵۆنیا ئەرشیف نەکراون و بە باشی ناگێڕدرێنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە پسپۆڕانی پۆڵۆنیا ئامادەیی خۆیان نیشان داوە سەردانی کوردستان بکەن بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان بۆ بواری پەروەردە و ناساندنی دۆزەکە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییە نەدراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو ئۆفەرە هێشتا کراوەیە. روونیشیکردەوە کە لە پۆڵۆنیا جیاوازی لەنێوان نەوەی قوربانییەکان و نەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکاندا ناکرێت، چونکە نەوەی نوێ بەرپرسیار نییە لە تاوانەکانی رابردوو.

مارکێتێکی کوردی لە ناو مزگەوتێکی ئەڵمانیا کراوەتەوە
لە شاری گێڵزنکیرشنی ئەڵمانیا، کە ژمارەیەکی زۆری موسڵمان و 32 مزگەوتی لێیە، کوردانیش خاوەنی مزگەوتی خۆیانن و چەندین ساڵە مزگەوتی برایەتی کراوەتەوە. لە مانگی رەمەزاندا، خواستی کوردانی تاراوگە لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستان زیاد دەکات. حاجی هشیار جزیری، کە خەڵکی دهۆکە و لە گێڵزنکیرشن دوکانێکی لە نێو مزگەوتە کوردیەکە کردۆتەوە، بەرهەمەکانی کوردستان هاوردە دەکات و دەیانفرۆشێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی کڕیارەکانی خەڵکی باشووری کوردستانن، بەتایبەتی ناوچەی بادینان، هەروەها هاووڵاتییانی ئێزدی و کرستیانیش سەردانی دوکانەکەی دەکەن. حاجی هشیار باسی لەوەش کرد کە بەپێی داواکاریی کڕیارەکانی، کەلوپەل لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا دەهێنێت. دەربارەی خواستی کڕیارەکانیش باس لەوە دەکات کە ئێزدییەکان زیاتر کەشک و ژاژی لێ دەکڕن. 

کچە کوردێک بە ئۆنڵاین جلی کوردی دەگەیێنێتە هەموو جیهان
کچێکی کورد لە ئەڵمانیا پرۆژەیەکی ئۆنڵاینی بۆ ناساندنی جلوبەرگی کوردی دامەزراندووەو بەرهەمەکانی دەگەیەنێتە هەموو جیهان. دلبا ئاڵتوون، تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی باکووری کوردستانەو لە ئەڵمانیا دەژی، پڕۆژەیەکی ئۆنلاینی بە ناوی "دل فستان" بۆ ناساندن و فرۆشتنی جلوبەرگی کوردی دامەزراندووە. بیرۆکەی پڕۆژەکە دوای ئەوە هات کە لە ئەڵمانیا بە زەحمەت توانیبووی جلوبەرگی کوردی دەستبکەوێت، ئەمەش وای لێکرد پڕۆژە ئۆنلاینەکەی دەستپێبکات و ئێستا بووەتە براندێکی ناسراو. بەگوێرەی قسەکانی خۆی لە بەرنامەی "دیاسپۆرا"، دلبا ئاڵتوون رایگەیاند کە جلوبەرگەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان و هەولێر دەدوورێن و بۆ هەموو جیهانیان دەنێرێت.
دلبا، کە مامۆستای فەلسەفە و زمانی ئینگلیزییە، گرنگییەکی زۆر بە کولتوور و ناسنامەی کوردی دەدات. هەرچەندە لە منداڵیدا نەیتوانیوە بە باشی بە کوردی قسە بکات، بەڵام ماوەی 5 ساڵە هەوڵی داوە و ئێستا بە کوردییەکی باش قسە دەکات.