ئەورووپا ترسی لە شاڵاوی کۆچبەران هەیە

ئەورووپا ترسی لە شاڵاوی کۆچبەران هەیە
د. ئارەش جەودەکی دیاسپۆرانشینێکی ئێرانییە و  مامۆستای فەلسەفەیە لە بەلجیکا، لە گفتوگۆیەکیدا لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی ترسی لە دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران، هاوشێوەی قەیرانی سووریا، ناتوانێت هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت بەرامبەر رووداوەکانی ناوچەکە. بە گوتەی ئەو، ئەورووپا بەهۆی نزیکیی جوگرافییەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەبوونی توانای وەرگرتنی کۆچبەری زیاتر، هەوڵدەدات رێگری لە جەنگ بکات و سیاسەتێکی ئاشتییانە و مامناوەند پەیڕەو بکات، هەرچەندە رووداوە خێراکان ئەم سیاسەتە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکانی دیاسپۆرا بەگشتی توندڕەوترن لەوانەی لە نێوخۆی ئێرانن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا و دوور لە مەترسییە راستەوخۆکان، رێگەیان پێدەدات بە ئاسانی هەڵوێستی توند دەرببڕن. لە بەرامبەردا، خەڵکی نێوخۆی ئێران بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان و پێویستیی هاوپشتی لە بەرامبەر ستەمدا، زیاتر پێکەوە کاردەکەن. د. جەودەکی باسی ناکۆکییەکانی نێو دیاسپۆرای ئێرانی کرد و رایگەیاند کە بەشێکیان، تەنانەت توندتر لەوانەی نێوخۆ، دژایەتیی پرسی کورد دەکەن و بوونی کوردستان رەتدەکەنەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ د. ئارەش جەودەکی، مامۆستای فەلسەفە لە بەلجیکا.
رووداو: دەمەوێ بە یەکێتیی ئەورووپا دەست پێ بکەم. ئەم رۆژانە دەبینین کە یەکێتیی ئەوروپا ناتوانێ رایەکی یەکگرتووی هەبێ لەسەر ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا روودەدا. بە بڕوای ئێوە، ئەوەی ئەوان دەیکەن راستە؟ ئەوەی کە بە کردەیی زۆربەیان دەڵێن نابێ ئەوروپا بچێتە نێو ئەم جەنگەوە.
د. ئارەش جەودەکی: کێشەی ئەورووپا کێشەیەکی زۆر سەیرە. چونکە ئەورووپا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆژهەڵات بەگشتییەوە نزیکە، ئەوەی بەڕاستی ئەوان لێی دەترسن، دوای ئەزموونی سووریا، دروستبوونی هێرشی بە لێشاوی کۆچبەرانە. ئەورووپا ئێستا چیتر توانای وەرگرتنی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەرانی نییە. وەک دەزانن کاتێک سوورییەکان هاتن، زۆر بوون و تاوەکو ئێستاش هەوڵدەدەن لە وڵاتەکاندا بیانگونجێنن. شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران بۆ ئەوروپاییەکان شتێکی دڵخۆشکەر نییە. چونکە ئەوان بەپێچەوانەی ئەمریکاوە لە وڵاتانی ئێمەوە نزیکن و هاتن بۆ ئێرە ئاسانترە. جگە لەوەش ئەوە سیاسەتێکی گشتیی ئەورووپایە، کە هەمیشە هەوڵدەدات رێگری لە جەنگ بکات، بەڵام ئەو رووداوانەی ئێستا لە ئێران روودەدەن زۆر خێراترن لەوەی ئەوان چاوەڕێی دەکەن.
رووداو: ئێوە ساڵانێکە لێرە دەژین، مافیان پێدەدەن بەوشێوەیە بیر بکەنەوە؟
د. ئارەش جەودەکی: هەندێک ئەورووپایی هەمیشە دەربارەی هەندێک پرس بە جۆرێک بیردەکەنەوە کە مرۆڤ لە قۆناخی یەکەمدا دەڵێ: چەندە ناسەرنجڕاکێشە! بەڵام کاتێک ئەوان بیردەکەینەوە، دەبینین لە چوارچێوەی دیدگایەکی ئەوروپاییدایە، کە هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کەشێکی ئاشتییانە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا. خۆ لە نێوخۆشیاندا زۆر سەرکەوتوو نەبوون. ئێمە هەر چەند ساڵێک لەمەوبەر لە یوگسلاڤیای پێشوو جەنگمان هەبوو. یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەوە دروست بوو کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم کەشێکی ئاشتییانە هەبێت. هەر بۆیە ئەورووپا هەمیشە هەوڵدەدات رێگەیەکی مامناوەند و ئاشتییانە هەڵبژێرێ، بەڵام رووداوەکان هەندێکجار ئەمانەیان لەبیر دەبەنەوە.
رووداو:  نزیکەی هەمان پرسیار لە ئێوەش دەکەم. ئەو شتانەی دەیبیستین، بۆ نموونە ئەوانەی لە نێو ئێراندا دەژین یان ئەوانەی لە کوردستانن هەمیشە دەڵێن ئەوانەی لە دیاسپۆران زۆرجار نازانن لێرە بەڕاستی چی روودەدات. بۆیە دەبینین زۆر جار رای زۆر سەیر و تووندیان هەیە. ئێوەش هەمان هەستتان هەیە؟ ناتوانین بڵێین هەموو دیاسپۆرا وایە، بەڵام ئەوەی باوە و دەبیسترێ.
د. ئارەش جەودەکی: هەموو ئەو چینانەی هاوتایان لەنێو ئێران و دیاسپۆرا هەیە، ئەوانەی لە دیاسپۆران رادیکاڵترن. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە لە نێوەوەی ئێران ناچارن پێکەوە بژین، لێرە ئەو دەرفەتەی ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا رێگەیان پێدەدا خۆیان باشتر پییشان بدەن. چونکە رادیکاڵ بوون لێرە هیچ مەترسییەکی نییە. منیش هەمان هەستی تۆم هەیە. چونکە ئەوانەی لە نێوەوەی ئێرانن، وەک بڵێی لەگەڵ واقیعێکی هەبوودا دەژین و دەزانن دەبێ هاوپشتیی زیاتریان هەبێ بۆ یەکدی. کاتێک ئەم هەموو مرۆڤە دەکوژرێت، ئەو 50 هەزار کەسە دەکوژرێت، ئەوانەی لە شەقامدا لەتەنیشت یەکترن، ناپرسن بیروباوەڕت چییە. بەڵکو پێکەوەن. لێرە دەتوانیت بڵێیت من لەگەڵ ئەمە دانانیشم یان لەگەڵ ئەو دانانیشم، بەڵام لەوێ دەبێ ناڕەزایەتی دەرببڕن.
رووداو: یەکێکی دیکە لەو شتانەی کە سەرەتاش قسەم لەسەر کرد ئەوەیە کە ئێمە دیاسپۆرا و گرووپی کۆچبەری یەکگرتووی ئێرانی نابینین کە بە ژیری پێکەوە قسە بکەن. بۆنموونە لێرە، ئەوەی وەک کوردێک بۆ من گرنگە و دەبینم، ئەوەیە کە بەهێزتر لەوانەی نێوخۆی ئێران بە کورد دەڵێن تەجزیەتەڵەب. هەر لەنێو ئەم پەرلەمانەدا، گروپێک لەپشت من دانیشتبوون، باسی کوردستان دەکرا، کەچی ئەوان لەپشتەوە دەیانگوت: ئەمانە باسی چی دەکەن؟ کام کوردستان؟ کەی کوردستان هەبووە؟ ئەوە رای ئەو گەنجانە بوو کە لێرە لە دیاسپۆرا گەورە ببوون.
د. ئارەش جەودەکی: بەڵێ. ئێوە سەرەتا باسی ئەوروپاتان کرد، با کەوانەیەک بکەمەوە و بڵێم هیوادارم رۆژێک لە ناوچەکەی ئێمەش شتێکمان هەبێت وەک ئەوروپا.

رووداو: دوایی باسیدەکەین..

د. ئارەش جەودەکی: ئەوکاتە چیتر کەس ناتوانێ بە پرسی کوردستان بڵێت جیاخوازی. چونکە هەموومان لەنەو یەکەیەکی گەورەتردا دەبین. چاوداخستن لەئاست واقیعەکان شتێکی ئایدیۆلۆژییە. نابێ کەس بە نوێنەرایەتیی کەسێکی دیکە قسە بکات و قسە بخاتە دەمیەوە. دەبێ رێگە بدەین ئەوکەسەی ستەمی لێکراوە خۆی قسە بکات. ئەمە سەرەتایەکە بۆ گفتوگۆیەکی نیشتمانی، تا بتوانین لەو رووداوانەی ئەم ٤٧-٤٨ ساڵە تێپەڕین، کە لەراستیدا شەڕێکی نێوخۆیی بووە و کۆماری ئیسلامی ناوی نەهێناوە. نموونەی یەکەمی جەنگەکەش خۆتان دەزانن لە کوردستان روویدا… تا ئەوکاتەی بمانەوێ چاو لەئاست واقیع دابخەین و مۆرک لە یەکتر بدەین، کارێکی بێمانا دەکەین. کەس بۆی نییە بڵێت سەرەتا بیسەلمێنە جیاخواز نیت ئینجا قسە بکە. هەرکەسە و رایەکی هەیە.
رووداو: دواجار رۆژێک ئەم جەنگە کۆتایی دێت. رۆژێک دێت کە دەبێ دەربارەی داهاتوو قسە بکرێت. دەربارەی شتە باشەکان. ئێوە وەک کەسێک کە ساڵانێک لێرە مامۆستای زانکۆ بوون و ئەزموونی ئەوروپاتان بینیوە، هەستدەکەن چ شتێک لە ئەوروپا هەیە کە ئێران بتوانێ سوودی لێ وەربگرێ؟ مەبەستم ئێرانی دوای ئەم جەنگەیە.
د. ئارەش جەودەکی: بیری دێموکراسی و ئازادی زۆر گرنگە. ئێستا لە ئێرانیشدا بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی ٤٧-٤٨ ساڵ نەبووە، بووەتە ئاواتێک. بۆیە دەبینین ئەو ئێرانییانەی لە نێوەوەی ئێرانن، وەک خۆت گوتت، تێگەیشتنێکی باشتریان بۆ ئازادی هەیە، وەک لەوانەی لە دەرەوە دەژین. دەبێ فێری ئەوە ببین کە دێموکراسی دوو چەمکی تێدایە: هاووڵاتیبوون و دێموکراسی. ململانێی ئەمانە وا دەکات دێموکراسییەکان بگۆڕدرێن. کاتێک پرسی هاووڵاتیبوون دێتە پێشەوە، شتێک نییە لە پێشەوە پێماندرابێ، دەبێ شەڕی بۆ بکەین و یاسای نوێی بۆ دابڕێژین. دەبێ فێربین چۆن پێکەوە بژین، هاووڵاتیبوون چ پلە و پایەیەکی هەیە و چۆن هەرکەسە و مافێکی هەیە، و دەتوانێ بۆ مافەکانی شەڕ بکات.
رووداو: بەڕاستی قسەی زۆر هەیە بۆ کردن، بەڵام هیوادارم جارێکی دیکە یەکدی ببینینەوە، لە بارودۆخێکدا کە جەنگ نەمابێت و خەڵکی ناوچەکەمان بە خۆشی پێکەوە بژین. زۆر سوپاس

پێتەر بێستڕۆن: ئەورووپا لە جەنگی ئێراندا خاوەنی ستراتیژێکی روون نیە
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت، جەنگێک هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە. لە پەرلەمانی ئەورووپا و دامەزراوە بڕیاربەدەستەکانیدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەوڕووپا لە کوێی ئەو هاوکێشەیەدایە؟  پێتەر بیستڕۆن ئەندامی پەرلەمانی ئەوڕووپا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیای رووداو، وێنەیەکی روونتر لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی دەخاتەڕوو. بیستڕۆن ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتی ئەورووپا خاوەن ستراتیژێکی روون نیە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بەشێکیان پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشێکیشیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە. 
رووداو: بەڕێز بیستڕۆن، ئێستا یەکێتیی ئەورووپا لە شەڕی نێوان ئەمریکا ئیسرائیل لە دژی ئێران چ رۆڵێک دەگێڕێت؟
 
پێتەر بیستڕۆن: وەک دەبینی یەکێتی ئەورووپا رۆڵێکی روونی لەو شەڕەدا نیە، وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ژمارەیان زۆرە، هەندێک وڵات راستەوخۆ لە بەرەی ئەمریکاو ئیسرائیلن و پێگەی خۆیان دەپارێزن، هەندێکیشیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە. ئەمە بە فراوانی باڵیکێشاوە.
 
رووداو: ئەوە بەو مانایە دێت کە یەکێتی ئەورووپا لەو شەڕە گەورەیەدا هیچ رۆڵێکی نابێت؟
 
پێتەر بیستڕۆن: ئەورووپا خاوەنی هێزێکی سەربازی هاوبەش نیە کە بەشداری بکات، بەڵام چەند ووڵاتێکی ئەوڕووپا هەن  دەکرێت بەشداری بکەن، ئێستا گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەن  هاوپەیمانییەک دروست بکەن، ئەوانەش کە نایانەوێت بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیە نابن و لەدەرەوەی شەڕەکە دەمێننەوە، هەروەکو کورد بۆ نموونە؛ ئەوانیش نایانەوێت بەشداری ئەو شەڕە بکەن.
 
رووداو: دەبینین کە هەندێک لە وڵاتانی ئەوڕووپا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دێنە ناو شەڕەکەوە، هەندێکیشیان جارێ خۆیان دوورگرتووە، ئەوە هەروا دەمێنێتەوە یاخود دەگۆڕێت؟
 
پێتەر بیستڕۆن: سەیرکە شەڕێکی وا کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر ژیانی ئێمە دەبێت، دۆخی ئابووری تێکدەچێت و هەر لە ئێستاوە بەدەست گرانبوونی نرخی نەوت و بەنزینەوە دەناڵێنین و نرخی لیترێک بەنزین دوو یۆرۆی تێپەڕاندووە، ئەوە دۆخێکە بۆ هەموومان نەویستراوە. ئێمە وەکو پارتی ئەلتەرناتیڤی ئەڵمانیا، دەمانەوێت باجی سەر بەنزین لابدرێت بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بەنزین، پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا ئەوە بۆ خەڵک بکات نەک خۆی لە شەڕێکی ئاوا تێوەبگلێنێت.
 
رووداو: شەڕی ئۆکراینا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گرانبوونی خۆراک و گیرفانی خەڵک هەبوو، پێدەچێت ئەو جەنگەش ژیانی خەڵک قورستر بکات؟
 
پێتەر بیستڕۆن: دەبینین کە بەهۆی ئەو گەمارۆ بێمانایەی خراوەتە سەر رووسیا و خەڵک چ زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە، لێرە لە پەرلەمانی ئەورووپا دەیانگوت، ئەگەر نەوت و غازی روسیا نەکڕین روسیا هەر دوو هەفتە بەرگەی شەڕی ئۆکرانیا دەگرێت و بۆمان دەکەوێتە سەر چۆک، بەڵام چی روویدا، شەڕ بەردەوامە و ملیۆنان گەنجی ئۆکراینی و رووسی لەو جەنگەدا کوژراون و گەمارۆکانیش کاریگەریی پێچەوانەیان هەبووەو نرخی کەلوپەل و خۆگەرمکردنەوە زیاتر بووە، هەڵاوسان زیاتر بووەو نرخی بەرهەمەکان بەگشتی زۆر بەرزبۆتەوە، ژمارەی پێوانەییمان لە مایەپووچبوون و رۆیشتنی کۆمپانیاکاندا تۆمارکردووە، ئەمەش دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەیە.


پڕۆفیسۆر سڤێن بیسکۆپ: هێشتا ئومێد هەیە شەڕەکە لەدەست دەرنەچێت
لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەکان و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرەو توونێلێکی نادیار بردووە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا جیهان لەبەردەم جەنگێکی گشتگیریی هەرێمیدایە کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، یان هێشتا دەرفەتێک بۆ دیپلۆماسی ماوە؟
لەم ململانێیەدا، ئەورووپا خۆی وەکو "تەماشاکەرێک" دەبینێتەوە کە لەنێوان بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی و گوشارەکانی ئەمریکادا گیری خواردووە. بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری بەشداریی وڵاتانی ئەورووپی، مەترسیی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران و ئایندەی رژێمی ئێران لەژێر سایەی هێرشەکاندا، تۆڕی میدیای رووداو گفتوگۆیەکی لەگەڵ پرۆفیسۆر سڤێن بیسکۆپ، سەرۆکی پەیمانگەی شاهانەی بەلجیکا بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامداوە.
دەقی هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا  لەگەڵ پڕۆفیسۆر سڤێن بیسکۆپ:

رووداو: پرۆفیسۆر بیسکۆپ، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. هەمووی چەند رۆژێکە پێکدادانەکانی ئێران دەستیان پێ کردووە. ئەوەی ئێستا دەیبینم جۆرێکە لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە. ئەوەی کە ئێستا لە ئێران و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیبینین جەنگێکە کە تازە لەدەست دەرچووە، یان هێشتا ئومێد ماوە رێگە لەوە بگیرێ کە ببێتە جەنگێکی تەشەسەندووی هەرێمی؟

سڤێن بیسکۆپ: پێموایە دەتوانین هێشتا ئومێدمان بەوە هەبێ کە لەدەست دەرنەچێ. هەرچەندە زۆر بێباکانەیە کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر ئەو هەموو وڵاتەی کەنداو. تەنانەت هێرشی کردووەتە سەر قوبرسیش، وەک وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا. بێگومان ئەوەش بێباکانەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل کردیان و ئەم جەنگەیان دەستپێکرد. بەڵام هەرواش هێشتاش، جگە لە ئەمریکا و ئیسرائیل، وڵاتانی دیکە شەڕێکی تەواو عەیاری ئیقلیمییان بەرامبەر ئێران نەکردووە. بۆیە هێشتا دەکرێ و ئومێدەوارم شەڕەکە کۆنترۆڵ بکرێ.

رووداو: پێتوایە چۆن دەکرێ کۆنترۆڵ بکرێ؟ بۆنموونە بەوەی وڵاتانی ئەوروپا رۆڵیان هەبێ بۆئەوەی پێکدادانەکان کۆنترۆڵ بکرێن؟

سڤێن بیسکۆپ: بۆ من پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئامانج لەم شەڕە چییە؟ دەزانین کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێشخەر بوون، بەڵام سەبارەت بەوەی دەیانەوێ بگەنە چی، پەیامی دژیەک دەنێرن. هەندێکجار ترەمپ دەڵێ دەیەوێ دانوستاندن بکرێنەوە. دوایی باسی گۆڕینی رژێم دەکات. داواش لە خەڵکی ئێران دەکات شۆڕش بکەن. تەنانەت رەتینەکردەوە هێزی زەمینیش بەکاربهێنێ. بۆیە بەڕاستی نازانین چییان دەوێ. پێموایە ئەمە زۆر گرنگترە لەوەی دەست بە گفتوگۆکان بکرێنەوە. جا ئەگەر سەرلەنوێ رێگەی دیپلۆماسی دەستپێبکاتەوە، رەنگە ئەوروپا لەمەدا رۆڵی هەبێ. هەرچەندە دەبێ واقیعبین بین و ئەوروپاش واقیعبین بێ، ئێمە ئێستا تەنیا تەماشاکەرین.

رووداو: زۆرتر تەماشاکەرن… بەڵام دەشبینین جۆرێک لە با وا بیڵێم وڵاتانی ئەوروپا یەکگرتوو نین لەسەر ئەو شەڕەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. هەندێک وڵاتی ئەوروپا پشتیوانیی شەڕەکە دەکەن و رەنگە بەشداریشی تێدا بکەن. هەندێک وڵاتی دیکە لەدژین. هەندێک وڵاتیش لەنێوان ئەو دوو جۆرە بیرکردنەوەیەدان سەبارەت بە شەڕەکە. پێتوایە ئممممم ئەم شەڕە بەرەو ئەوە دەڕوات ئەوروپا زۆرتر دابەش بکات یان پێتوانییە ریسکێکی وا هەبێ؟

سڤێن بیسکۆپ: پێموایە سەرکردەکانی زۆر وڵاتی ئەورووپا هێشتا نازانن پێویستە کاردانەوەیان چی بێت. کەسیان هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ رژێمی ئێستای ئێران نییە. بەڵام ئەمە شەرعیەت نادات بە دەستپێکردنی جەنگ. هەروەها ئەمەش وا ناکات کە هەڵگیرساندنی جەنگ بکاتە شتێکی عاقڵانە. چونکە ئەوە لە سیناریۆی هەرە خراپدا مانای ئەوەیە چەندین دەیە بێ سەروبەری و شەڕی نێوخۆیی لە ئێران دروست دەبێ. وەکچۆن ساڵی 2003 و دوای هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق ئەمە روویدا. بۆیە زۆر سەرکردەی ئەوروپا هەن کە دەڵێن ئەم شەڕە لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە شەرعی نییە، بەڵام دەشڵێن پێشوازی لە گۆڕینی رژێم دەکەن. بۆیەش دەبێ بڵێین کاردانەوەکانیان ناڕوون و لێڵن. بۆیە هەندێکیان دەیانەوێ راستەوخۆ بچنە شەڕەکە و هەندێکیشیان گوتوویانە ناچن. بەڵام بۆ من سەپرایز دەبێ ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا راستەوخۆ بچنە نێو شەڕەکەوە. ئەمە نابینم رووبدات. مەگەر قوبرس زۆر بە سەختی لێیبدرێ. ئەوکات دەبێتە شتێکی دیکە. چونکە ئەوکات وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بەپێی پەیمانی یەکێتییەکە دەبێ بچن داکۆکی لە قوبرس بکەن. 
رووداو: هەندێک لە چاودێران فرێدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا بە هەڵۆی جەنگی بۆ ئەو شەڕە دەزانن کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران هەیە. تەنانەت بەو قسانەی ئەویش دەیکات هەر تووشی سەپرایز دەبیت ئەگەر وڵاتێکی ئەوروپی بەشداری لە شەڕەکەدا بکات؟

سڤێن بیسکۆپ: بەڵێ، جێگەی سەرسوڕمان دەبێ بۆم ئەگەر وڵاتێکی ئەورووپی راستەوخۆ بەشداری لە شەڕەکەدا بکات. بەڵام پشتیوانیی ناڕاستەوخۆ، بۆ نموونە بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری، پێدانی بەرگریی ئاسمانی بە وڵاتانی کەنداو، رێگەدان بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی، ئەو شتانەن کە دەزانم روودەدەن. بەڵام ئەوەی بەشێوەی سەربازیی راستەوخۆ بەشداری بکەن، پێموانییە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ئەمە بکات.

رووداو: بۆچی لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەورووپادا نییە بەشداری بکەن؟ چونکە دەبێ لەبیرمان بێ دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دەڵێت ئێوەی ئەورووپی بەردەوام داوای پشتیوانی و پاراستنمان لێدەکەن، بەڵام خۆتان ئەوەی پێویستە نایکەن بۆ پاراستنی ئێمە.

سڤێن بیسکۆپ: ئەگەر لە روانگەی ستراتیژی و بەرژەوەندییەکانی خۆمانەوە تەماشای بکەی، بەرژەوەندیی ئەورووپا لە سەقامگیریدایە. دانوستاندنەکان هەبوون. ئەوە باشترین رێگە بوو بۆ هاندانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ ریسکی زۆری تێدایە. هەر بۆیەش پێموایە سەرکردە ئەورووپییەکان بەشداری لەو شەڕەدا ناکەن. جا دۆناڵد ترەمپ بیەوێ بەشداربن یان نا، پێموایە ئەو کاتە تێپەڕیوە کە هەر دەبێ سەرکردەکانمان لە بڕیارەکانیان پاشەکشە بکەن . چونکە زۆر ناکۆکیی راستەوخۆی دیکەشمان لەگەڵ ترەمپ هەیە.

رووداو: پرفیسۆر.. بەڵێ.. فەرموو..

سڤێن بیسکۆپ: ببوورە.. دەمویست بڵێم، پێموایە ئەو بەرپرسیارێتییە سەرەکییەی لەسەر ئێمەی ئەورووپییە و ئەمریکییەکانیش دەیانەوێ پێی هەستین ئەوەیە کە پشتیوانیی ئۆکراینا بکەین لەو شەڕەی رووسیا لەدژی ئەوان دەیکات. هەروەها بێگومان داکۆکی بەکۆمەڵیش لە یەکدی بکەین.

رووداو: کەواتە دەکرێ ئارگیومێنتی بەشدارینەکردن لە شەڕی ئێران ئەوە بێ کە ئەوروپا ناتوانێ هاوکات بەشداری لە دوو جەنگدا بکات؟ واتە هەم لە ئۆکراینا و هەم لە ئێران..

سڤێن بیسکۆپ: زۆر زەحمەتە سیستمێک لەیەککاتدا خەریکی دوو قەیران بێ. ئێستا دەبینین هەمووان باسی کەنداو دەکەن و کەس ئاگای لە ئۆکراینا نەماوە. ئەوە راستییە. بێگومان لە ئۆکرایناش ئێمە بەشێوەی راستەوخۆ بەشداریی سەربازیمان نییە. بەڵکو بە چەک و کەرەستەی دیکە یارمەتیی ئۆکراینا دەدەین. هێزەکانمان لەوێ نین. بۆیە ئەوەی بیانەوێ ئەوروپا راستەوخۆ لەوێ بێ و بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنانەدا بکات لەدژی ئێران، شتێک نییە کە بۆ من چاوەڕوانکراو بێ. چونکە بۆ ئەوروپا کارێکی ژیرانە نابێ راستەوخۆ لەڕووی سەربازییەوە بچێتە ئەو شەڕەوە. بەڵکو دەبێ رۆڵمان هەبێ لە سەقامگیرکردنەوە و نێوەندگیری. ئەویش ئەگەر پێمان بکرێ. 

رووداو: هەرچەندە وەک گوتم چەند رۆژێکە شەڕەکە هەیە، بەڵام دەرهاویشتەکانی لەسەر ئەورووپا دەرکەوتوون. ئەوە لە بازاڕە ئەورووپییەکاندا دەبیندرێ. بۆ نموونە نرخی وزە یان بەنزین و گاز، لەچاو چوار پێنج رۆژ پێش ئێستا بەرزتر بوونەتەوە. تەنانەت دوای ئەوەش بڕوا ناکەی رای گشتیی ئەورووپا بیەوێ ئەم جەنگە زووتر لەوەی چاوەڕواندەکرێ یەکلایی بکرێتەوە؟ مەبەستم بەوەی کە بەشداریی راستەوخۆ بکەن لە جەنگدا.

سڤێن بیسکۆپ: من بڕوام بەوە نییە کە بەشداریی راستەوخۆی ئەورووپا بەو مانایە بێ کە جەنگەکە زووتر تەواو دەبێ.

رووداو: ئاوا..

سڤێن بیسکۆپ: ئەوکات راستە ئامانجی زۆرتر بۆمباران دەکرێن، بەڵام ئەو شەڕە مەرج نییە ئەنجامەکەی گۆڕینی رژێم بێ. مەرجیش نییە وابکات شۆڕشێکی گەورە لەنێو خەڵکی ئێران دەستپێبکات. دەکرێ بەو بۆمبارانە کاریگەرانەش هیچ شتێکی مەیدانی روونەدات. بۆیە ئەگەر ئەوە نەبوو، ستراتیژی دەرچوون لەمە چییە؟ پێموایە باشترین رێگە بۆ گەیشتنە کۆتاییەکی خێرا ئەوەیە کە بگوترێ دەرگای دانوستاندن دەکەینەوە و ئەو شتانەمان دەوێ کە دەبێ ئێران بیکات. ئەگەرنا دەست بە بۆمباران دەکەینەوە. ئەمە خێراترین رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئەمەش بێگومان بەو مانایەیە کە دەبێ لەگەڵ رژێمی ئێستا دانوستاندن بکەیت. چونکە ئێستا رژێمێکی نوێ نەهاتووە.

رووداو: کتێبێک لە پشت سەرتە کە نووسیوتە و بۆ ژمارەیەک زمان وەرگێڕدراوە. ئەوەی دەیبینم بە هۆڵەندی ناوی کتێبەکە (چۆن زلهێزەکان بڕیار لەسەر ئاراستەی سیاسەت دەدەن)ە. پێموابێ چوار پێنج ساڵ لەمەوپێش ئەم کتێبەت نووسی. ئێستاش دەبینین ئەمریکا بڕیار لەسەر دەستپێکردنی جەنگ دەدات، بەبێئەوەی پرس بە هاوبەشە ئەوروپییەکانی بکات. واتە ئێستا باسی یەک زلهێز دەکەین و چیدیکە باس باسی زلهێزەکان نییە. ئەگەر ئەمڕۆ کتێبەکەت دیسان بنووسیت، چیی لێ دەگۆڕیت؟ یان راستترە بڵێم ئەگەر بینووسیتەوە..

سڤێن بیسکۆپ: شتێک کە پێموانەبوو رووبدات و روویدا ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنیا هاوپەیمانی ئەورووپا نییە، بەڵکو رکابەریشیەتی. چونکە وەک دەبینیت چەکی گومرگ لەدژی ئەورووپا بەکاردەهێنێ. هەروەها چاوی بڕیوەتە خاکی ئەوروپی لە گرینلاند. جگە لەوەش دەستتێوەردان لە سیاسەتی نێوخۆیی ئەوروپادا دەکات و پشتیوانیی راستئاژۆ تووندئاژۆکان دەکات. هەمیشە لە رابردوودا گوتوومە شتێکی باشە کە ئەورووپییەکان لە هاوپەیمانێتیی ئەتلانتیکدا بن، ئەمە هەر پرسیار نییە، بەڵکو پرسیار ئەوەیە ئەمریکییەکان لەو هاوپەیمانێتییەدا دەمێننەوە؟ ئێستا دەزانن ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ئەوەی ناوێ. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە. بێگومان ئەمریکییەکان دەتوانن بڕیاربدەن کە دەست بە جەنگێک بکەن، کەسیش ناتوانێ رێگەیان لێبگرێ. ئەمە شتێکی نوێ نییە. بیر لە عێراقی ساڵی 2003 بکەوە. بەڵام دەبێ ئەوان ئەوەش بزانن کە هەرچەندە ئەوان دەتوانن هەرچییەکیان ویست لەڕووی سەربازییەوە بیکەن، بەڵام ئەوەی کە ئەمە ئەنجامی سیاسیی دڵخوازی ئەوانیشی هەبێ، ئەمە شتێکی دیکەیە. ئایا ئەوان دەزانن چییان لەم شەڕە دەوێ؟ ئەو ئەنجامە سیاسییەی دەیانەوێ چۆن پێیدەگەن؟ بۆیە پێموایە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو کە لەمکاتەدا شەڕێکی نوێ دەستپێبکەن. دەیبینین ئەمە بەرەو کوێمان دەبات.

رووداو: یەکێک لەو مەسەلە یان خاڵانەی نیگەرانی دروستکردووە لە ئەورووپا مەسەلەی کۆچبەرانە. واتە قەیرانێکی نوێی کۆچبەران. پێتوایە ئەوروپا ئامادەبێ بۆ قەیرانێکی وا؟ چونکە تەنانەت ئەگەر شەڕیش وابوەستێ، زۆر خەڵک هەن نایانەوێ چیدیکە لەوێ بژین، واتە لەژێر گوشار و قەیرانی ئابووری و زۆر کێشەی دیکەی ناوچەکە..

سڤێن بیسکۆپ: بێگومان ئەگەر ئەم شەڕە وابکات ژمارەی گەورەی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا بێن، ئەمە گوشار لەسەر سیستمی سیاسیی ئێمە دروستدەکات. ئەمە هیچ گومانی تێدانییە. ببوورە. هەموومان دەزانین مژاری کۆچبەری زۆر هەستیارە. هەروەها زۆریش زەحمەتە بۆ ئەوروپییەکان بۆئەوەی رێککەون لەسەرئەوەی چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن. چونکە ئەوەش راستییەکە کە بەهۆی پیربوونی دانیشتووانەوە ئێمە پێویستمان بە کۆچبەریش هەیە. بۆیە ئەگەر شەڕی ئێستا وابکات شەپۆلی گەورەی پەنابەران بێن، گوشاری زۆر گەورە لەسەر سیستمەکەمان دروستدەکات.

رووداو: ئەگەر لەسەر سیاسەتی جیۆپۆڵەتیکی و ستراتیژیی نێودەڵەتی یەکێتیی ئەوروپا، راوێژ بدەیتە سەرکردەکانی ئەوروپا و دەشزانم  دەیاندەیتێ، چییان پێدەڵێیت؟ دەبێ ئەوان لەم رۆژە سەختانەدا چی بکەن؟

سڤێن بیسکۆپ: راوێژم ئەوە دەبێ کە پشتیوانیی بەهێز لەو هەڵمەتە سەربازییە مەکەن، بەڵکو روونتر بڵێن ئەوروپا پشتیوانی لە بەکارهێنانی نایاسایی سەربازی ناکات، تەنانەت ئەگەر لەدژی رژێمی زۆر خراپیش بێ. تەنیا ئەوکاتە نەبێ کە هەڕەشەیەکی زۆر گەورەی دروستکردبێ. هەروەها پێموایە دەبێ ئێمە ئێستا داوای دەستپێکردنەوەی جووڵەی دیپلۆماسییانە بکەین لە چوارچێوەیەکی هەرێمیی فراواندا. بۆئەوەی بگەینە چارەسەرێک کە تەنیا ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا تێیدا بەشدارنەبن، بەڵکو هەموو ناوچەکە تێیدا بەشداربێ. چونکە دیسانیش گرنگترین شت بۆ ئەوروپا سەقامگیریی ناوچەکەیە. رکابەرییەکی زۆر گەورەی جیۆپۆڵەتیکی لەنێوان سعودیە و ئێراندا هەیە. دەبێ لە برۆکسەلەوە وا تەماشای بکەین کە ئیشی ئێمە نییە لەمەدا لایەنگیری بکەین. ئیشی ئێمە ئەوەیە سەقامگیری دروست بکەین، بۆئەوەی بتوانین بازرگانی و وەبەرهێنان بکەین.   

پەرلەمانی ئەورووپا یادی قوربانیانی دەستی داعش دەکاتەوە
لەنێو پەرلەمانی ئەوروپا، مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی دەستی داعش و تووندئاژۆ ئیسلامییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوو و تێیدا مۆم بۆ گیانی کورد، کریستیان، درووز و گەلانی دیکە داگیرسێندرا.
سیڤەل حوسێن، چالاکوانێکی کوردی نیشتەجێی بەلجیکا، لە گوتارێکدا سوپاسی رێکخەران و ئامادەبووانی کرد بۆ هاوپشتییان و رایگەیاند کە خەڵکی سووریا، لەوانە کورد، عەلەوی، درووز و کریستیانەکان، بەهۆی ناسنامەکەیانەوە رووبەڕووی راوەدوونان، کوشتن، دەرکردن، رفاندن و بەکۆیلەکردنی ژنان بوونەتەوە.
بێرت یان راوسن، ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا، ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئیخوان موسلمین لە ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە هۆی جینۆسایدی ئێزدی و کریستیانەکان لەلایەن داعشەوە، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و چەوساندنەوەی کورد. تۆماس سۆدۆفسکی، ئەندامێکی دیکەی پەرلەمان، رێزی خۆی بۆ ئەو نوێنەرانە دەربڕی کە سەرەڕای گوشار و هەڕەشە، ئایدۆلۆژیای توندڕەوییان رەتکردووەتەوە.
کۆبوونەوەکە وەکو کۆنفرانسێک بۆ ئاگادارکردنەوە لە مەترسیی تووندئاژۆیی ئیسلامی لەسەر ئەوروپا وەسف کراو تێیدا ئاماژە بەوە کرا ئیخوان موسلمین و ئێران هەوڵدەدەن هەمان کارەسات بهێننە ئەوروپا.
نایگڵ گودریش، سکرتێری رێکخراوی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێودەوڵەتی، وردەکاریی جینۆسایدی ئێزدییەکانی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە خستەڕوو، کە بە 74ـەمین هەڵمەتی جینۆساید لە دژیان دادەنرێت. بەپێی قسەکانی، ئەو هێرشە بووە هۆی کوژرانی 5,000 کەس، رفاندنی 11,000 ژن و کچ، ئاوارەبوونی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، وێرانکردنی گوندەکان و بەکارهێنانی تووندوتیژیی رەگەزی. هەروەها رایگەیاند تاوەکو ئێستاش چارەنووسی 3,500 کەس نادیارە.
 
تۆماس سۆدۆفسکی، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، رایگەیاند کە ئەو کۆنفڕانسەی لە پەرلەمانی ئەورووپا رێکخراوە وەکو بانگەوازێکە بۆ کارکردن لەپێناو بڕینی بودجە و راگرتنی پشتیوانییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە ئیخوان موسلیمینەوە هەیە. بە گوتەی سۆدۆفسکی، زیاتر لە 20 ساڵە دەزگا ئەمنییەکان چاودێریی ئەو تۆڕانە دەکەن، بەڵام ترس لە وروژاندنی بابەتەکە هەبووە.
دکتۆر تۆماسۆ ڤیرجیلی، لێکۆڵەر لە ئیسلامی سیاسی، ئاماژەی بەوەدا کە پارەی یەکێتیی ئەوروپا لەڕێگەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە بۆ پرۆژەیەکی دژە توندڕەوی دراوەتە رێکخراوێک، کە وەکو خاڵی پەیوەندی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین کاری کردووە. ڤیرجیلی روونیکردەوە کە پەیوەندی لە نێوان سەنتەری ئیسلامی هامبۆرگی سەر بە ئێران و سەنتەری ئیسلامی میونشن هەیەو بە ناوەندی سەرەکیی ئیخوان موسلیمین لە ئەڵمانیا دادەنرێت.
یەکێک لە میوانە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە محەممەد تەوحیدی بوو، بە "ئیمامی ئاشتی" ناسراوە و پشتیوانیی میدیا رۆژئاواییەکانی هەیە بۆ هەڵوێستەکانی دژی ئیسلامی سیاسی. تەوحیدی، کە بەڕێوەبەری جڤاتی جیهانیی ئیمامەکانە و لە عێراق خوێندنی ئایینی تەواو کردووە، کەسایەتییەکی مشتومڕاوی لەنێو موسڵمانانی دیاسپۆرادا هەیە و شیعەکانی عێراق و ئێران گومان لە بڕوانامە ئایینییەکەی دەکەن.
ئەنجامی سەرەکیی کۆنفرانسەکە داواکارییەک بوو بۆ ئەوەی ئەورووپا چیتر پارە نەداتە ئەو رێکخراوانەی بیری ئیخوان موسلیمینیان هەیە. ئەم داواکارییە، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر چەندین دامەزراوەی کوردی لە ئەوروپا هەبێت، هێشتا نەبووەتە بڕیارێکی فەرمی و تەنیا وەکو داخوازییەک لەنێو پەرلەماندا ماوەتەوە.
ئەو شێوەکارە کوردەی بووەتە جێی بایەخی میدیای ئەڵمانی
هانا شێخولئیسلامی، شێوەکارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە شاری بەرلین خاوەنی گەلەرییەکی تایبەت بە خۆیەتی. ئەو کچی سەعیدی شێخولئیسلامی، شاعیر و وەرگێڕی خەڵکی سنەیە، لە تاران گەورە بووە و لە تەمەنی 23 ساڵیدا چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ درێژەی بە خوێندنی هونەر داوە.
کارە هونەرییەکانی هانا بووەتە جێی سەرنجی ئەڵمانی و ئەورووپییەکان و میدیاکانی ئەڵمانیا گرنگییان پێداوە. هانا بە رووداوی راگەیاند، کە بە عاشقانە کارەکانی دەکات و بۆ گەیشتن بەم ئاستە، لە کاتی خوێندکاریدا پۆرترێتی خەڵکی لە شار و میترۆکاندا دەکێشا بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی.
یەکێک لە کارە دیارەکانی تابلۆیەکی درێژی 11 مەترییە کە باسی لێهاتوویی و ئازایەتیی ژنی کورد دەکات و مێژوو و ئەفسانەی کوردی و جیهانی تێدا رەنگیداوەتەوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە کورد و کوردستان ناسنامەی ئەون و لە کارەکانیدا ئامادەییەکی گەورەیان هەیە.
 
لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن دەدرێت. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات.
 
پێشکەشکار: هێمن عەبدوڵڵا
 
پرۆدیوسەر: سابیر یاسین و سەنگەر ستار