لەنێو فڕۆکەخانەی پاریس دژ بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرێکی کورد خۆپێشاندانکرا

15 March 2024
لەنێو فڕۆکەخانەی پاریس دژ بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرێکی کورد خۆپێشاندانکرا
لەنێو فڕۆکەخانەی پاریس دژ بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرێکی کورد خۆپێشاندانکرا 
سەرەڕای ناڕەزایی زۆری دامەزراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە فەرەنسا، کۆچبەرێکی کورد بۆ تورکیا دیپۆرت کرایەوە. 
فیراز کۆرکماز بەوە تۆمەتبار کرابوو کە مانگی رابردوو لە خۆپیشاندانێکدا بەشداریی کردووە کە لە شاری شتراسبۆرگ، لەبەردەم باڵەخانەی یەکێتیی ئەوروپا رێکخرابوو. 
پۆلیس دەڵێ لەو خۆپیشاندانەدا وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بەرزکردبووەوە و هوتافی بۆ پشتیوانی لە پەکەکە دەگوتەوە. چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، کاتێک پۆلیسی فەرەنسی فیراز کۆرکمازیان بردە فڕۆکەخانەی (چارڵ دو گۆل) بۆ دیپۆرتکردنەوە، بە دەیان کەس بۆ پشتیوانی لە فیراز چوونە نێو فڕۆکەخانە و لەوێ لەگەڵ پۆلیس پێکدادان روویدا. 
ئەوانەی هاتبوون بۆ پشتیوانی لەو کۆچبەرە کوردە هەر کوردی دانیشتووی فەرەنسا نەبوون و ژمارەیەک سیاسەتڤانی چەپی فەرەنسیشیان لەگەڵ بوون. 
ئەم هەفتەیە ئەوە پشتڕاستکرایەوە کە فیراز دیپۆرت کراوەتەوە و ئێستا لە تورکیا گیراوە.

ئەڵمانیا.. دوو قاچاخچییەکە ویستوویانە 28 کۆچبەر لە رێگەی ساردکەرەوە بگەیەننە ئەوروپا
لە ئەڵمانیا یەکشەممەی رابردوو پۆلیس دوو قاچاخچیی هاووڵاتیی تورکیای دەستگیرکرد کە دەیانەویست 28 کۆچبەر (کە کوردیشیان لەنێودا بوون) لە چیکەوە و بە بارهەڵگرێکی ساردکەرەوە بهێننە نێو ئەڵمانیا. 
وەک پۆلیس باسیدەکات دۆخی تەندروستیی کۆچبەرەکان زۆر خراپ بووە. 
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، ئێوارەی یەکشەممە ئۆتۆمبێلێکی مێرسدس بێنزیان راگرتووە کە بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەی پێوە بووە. کاتێک دەرگای ساردکەرەوەکە دەکەنەوە، 28 کۆچبەر دەدۆزنەوە کە بەهۆی سەرما و نەبوونی ئاو و هەوای پێویست دۆخی تەندروستییان لەوپەڕی خراپیدا بووە. 
پۆلیس دەڵێ ساردکەرەوەکە نە پەنجەرەی پێوە بووە بۆ رووناکی و هەوای نێو ساردکەرەوەکەش نەگۆڕدراوە. ئەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی کۆچبەرەکان دروستکردووە، کە وەک پۆلیس دەڵێت، منداڵیشیان لەنێودان.
 23 کۆچبەریان لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە و 5 منداڵیش بردراونەتە شوێنی تایبەت بە منداڵان. ئێستا هەردوو قاچاخچییەکەش، کە تەمەنیان 26 ساڵ و 52  ساڵە، لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ. 

بۆ ریگڕیی لە ماددەی هۆشبەر نەمسا سنوورەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا کۆنترۆڵ دەکات
رەنگە ئەوانەی لە ئەڵمانیاوە بچنە نەماسا لەسەر سنوور تووشی خاڵی پشکنین ببن. ئەمەش لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا نائاساییە، بەڵام نایاسایی نییە.
 نەمسا و ئەڵمانیا بەردەوام بۆ رێگەگرتن لە هاتن و چوونی کۆچبەرانی نایاسایی ئەو خاڵانەی پشکنینیان دادەنا، بەڵام ئەمجارە نەمسا لەبەر مادەی هۆشبەر دایدەنێت. 
لەم هەفتەیەوە یاسای نوێ لە ئەڵمانیا بۆ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کاریان پێدەکرێ. بەپێی ئەو یاسایانە چیدیکە بەکارهێنانی هەندێک مادەی هۆشبەر (کە پێیاندەگوترێ سۆفت درەگس) قەدەخە نییە و لە زۆر شوێنی ئەڵمانیا خەڵک دەتوانێ بەکاریبهێنێ. 
لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانیپێکردنی هێشتاش قەدەخەیە. وەزیری نێوخۆی نەمسا دەڵێ دەیانەوێ بەو خاڵی پشکنینانە هاووڵاتییانیان بپارێزن لەوانەی لە دیوی ئەڵمانیا مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و دەگەڕێنەوە دیوی نەمسا. 


لە هەفتەیەکدا 800 کۆچبەر لە رێگە نوێیەکەی قوبرسەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا
قوبرس پەنجە لەگەڵ دیاردەیەکی نوێ نەرم دەکات. ئەویش هاتنی کۆچبەرانە لەڕێگەی دەریایەوە و لە لوبنان یان سووریاوە بۆ قوبرس. تەنیا ئەم هەفتەیە 800 کۆچبەر لەو رێگەیەوە خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی یەکێتیی ئەوروپا. 
ئەمە وایکردووە سەرۆکی قوبرس کۆبوونەوەی بەپەلە بە کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی بکات و رایگەیاندووە قوبرس کەوتووەتە نێو قەیرانێکی گەورە. بۆیەش داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە فریای وڵاتەکەی بکەون. 
بەپێی زانیارییە بەراییەکان گەشتێک بە کەشتیی ماسیگری بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان لە سووریا یان لوبنانەوە بۆ قوبرس بە 10 کاژێر تەواو دەبێ. ئەمەش وایکردووە ببێتە رێگەیەکی نوێی سەرنجڕاکێش بۆ هاتنی کۆچبەران. 

لەم هەفتەیەوە دەتوانرێت بە ڤیزای بولگاریا و رۆمانیا سەرتاسەری ئەوروپا بگەڕێن 
ئەم هەواڵە بۆ ئەوانەیە کە دەزانن سەفەر یان کۆچ هەمیشە بە یاسایی و فەرمی بێ باشترە. ئەگەر دەتانەوێ ڤیزای شینگن وەربگرن، لەم هەفتەیەوە دەتوانن لە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی رۆمانیا و بولگاریاش ئەم کارە بکەن.
ئەو دوو وڵاتە بوونەتە 28ەمین و 29ەمین وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی شینگن. بەوهۆیەشەوە هەرکەسێک ڤیزای ئەو دوو وڵاتەی دەستکەوێ دەتوانێ لە سەرتاسەری ئەوروپا گەشت بکات.
13 ساڵ بوو ئەو دوو وڵاتە هەوڵیاندەدا ببنە ئەندامی رێککەوتننامەی شینگن و لەم هەفتەیەوە هەوڵەکانیان ئەنجامی هەبوو. بۆیە لەئێستاوە دەستیانکردووە بە لابردنی خاڵەکانی پشکنین لەسەر سنووری وڵاتانی دیکەی ئەندامی شینگن.  

ئایسەل حاجی لە دانیمارک ژیانی خۆی بۆ هاوکاریکردنی هەژاران تەرخانکردووە
تیمی دیاسپۆرا چوونە دانیمارک و لەوێوە چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان بۆ بینەرانی هێناوەتەوە، لە شاری ئۆدێنسێ خانمێکی کورد هەیە کە وەک تێرێزای کورد لە دانیمارک دەناسرێ. 
ئایسەل حاجی کاتی خۆی لە کوردستانەوە بۆیە رووی لە دانیمارک کرد، چونکە منداڵی نەدەبوو. کەچی لە دانیمارک نەک هەر بووە دایک، بەڵکو بووە دایکی زۆر لەوانەش پێویستیان بە یارمەتیی ئەو هەیە. ئەو ئێستا خۆراک و کەرەستەی دیکە لە سوپەرمارکێتە گەورەکانی دانیمارک کۆدەکاتەوە و ئێواران وەک سەبەتەی خۆراک دەیداتە ئەوانەی داهاتی مانگانەیان بەشی ئەوە ناکات بەدڵی خۆیان خۆراک بۆ خۆیان و ماڵباتەکانیان بکڕن. خۆتان چیرۆکەکەی بزانن. 

ئایسەل حاجی. تێرێزای کوردە لە دانیمارک. زۆرتر لە سی ساڵە لە دیاسپۆرا دەژیت. سەرۆکی رۆژی سووری کوردییە لە دانیمارک. خەریکی پرۆژەی جیاوازە بۆ خۆگونجاندن. لەپەنای ئەوەشدا یارمەتیی هەژاران و برسییەکانیش دەدات.
 
لە ترسی ئەوەی ژنی بەسەر نەیت لەگەڵ هاوژینەکەی لە رۆژئاواوە چوون بۆ دانیمارک
ئایسەل حاجی" کاتێک لە رۆژئاوا بووم، منداڵم نەدەبوو، لەوێش کە ژنێک منداڵی نەبێت ژنێکی دیکەی بەسەردێت.. شتی ئاوا.. هەندێ داب و نەریتی کۆنی ئێمەن کە باش نین، منیش قبووڵم نەبوو وەک ژنێکی کورد ژنم بەسەر بێت، بە پیاوەکەم گوت، بەر لەوەی ژنێکی دیکە بێنێت دەبێت لەمن جیاببیەوە، ئەویش دەیگوت یان با منداڵم نەبێت یان ئەگەر هەمبێت با لە تۆ بێت، بۆ ئەویش ناخۆش بوو، خانەوادەکەی داوای منداڵیان لێدەکرد، بۆیە پێکەوە بڕیارمان دا وڵات بەجێبهێڵێن و روو بکەینە هاندەران، ئەوەبوو ئەو سەرەتای ساڵی 1990 هاوژینەکەم چووە ئەوروپا و منیش مامەوە  کاری ئارایشتگای خانمانم دەکرد و لە ساڵی 1991 منیش چووم".دەشڵێت"من لە ناچەی هیلیلی سەر بە قامیشلۆ لەدایکبوومە و  خوشک و براکانم لە باکووری کوردستان لەدایکبوونە، واتە دایک و باوکم لە باکوورەوە هاتوونەتە رۆژئاوا، ئیتر من گەورەبووم و بوومە مامۆستای زمانی عەرەبی".
ئەمە یەکێکە لەو بەیانییانەی ئایسەل و هاوکارەکانی دەچنە سوپەرمارکێتەکان و ئەو کەرەستانەی خەریکە ماوەیان بەسەردەچێ کۆدەکەنەوە. پاش کۆکردنەوە ئەوانەی خراپن فڕێدەدرێن و ئەوانەی باشن دەهێڵدرێنەوە. ئایسەل بۆخۆیشی لەگەڵ هاوکارەکانی کاردەکات. هەموو شتێکیش دەبێ تۆمار بکرێ و دیاربێ چی بووە و دراوەتە کێ. کاتێک ئایسەل هاتە دانیمارک نەیدەزانی رۆژێک دێ ئەم کارە دەکات. 
ئایسەل حاجی"کە گەیشتینە دانیمارک سەرەتا زۆر قورس بوو، هیچ تیڤییەکی کوردی نەبوو، هەمووی دانیمارکی بوون، ئینجا هیچ خانەوادەیەکی رۆژئاوای کوردستان لێنەبوو، قورس بوو، بەڵام خۆشبەختانە چەند کەسێک و خانەوادەیەکی باشووری کوردستانمان لەوێ دۆزیەوەو ئیتر بووین بە دۆستی یەکدی و زۆر دڵخۆشبووین".
دەڵێت"ماوەی 11 ساڵ لە رۆژئاوا منداڵم نەبوو، واتە ئێمە لەبەر ئەم هۆیە بەرەو هاندەران هەڵاتین ... پیاوەکەمم لەدەستی ئەوان رزگار کرد.. ماوەی سێ هەفتە بوو گەیشتبووین و کچی مامێکی هاوژینەکەمان لەگەڵ بوو لە کەمپ، من زۆر نەخۆش بووم، ئەو گوتی کە هەموو نیشانەکانی دووگیان بوونت پێوە دیارە، بەڵام من گاڵتەم بە قسەکانی کرد و گوتم یازدە ساڵە منداڵم نەبووەو ئیتر قورسە، دواتر پزیشک پشکنینی بۆ کرد و دەرکەوت من دوگیانم و زۆر دڵخۆش بووم و رۆژێکی زۆر خۆش بوو، گوتم من ماوەی 11 ساڵ بەهۆی ئەوەی دووگیان نەدەبووم هەڵاتین و کەسوکارمان جێهیشت، ئیتر کوڕێکمان بوو و ناومن نا رۆژ".
پرۆژە زۆرەکانی ئایسەل لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە پشتیوانییان دەکرێ. بەتایبەتی ئەم خانمە متمانەی زۆری بە ئایسەلە و هەمیشەش وەک راوێژکار و هاوکار لەگەڵیەتی. 

کاترین" کاتێک ناوی ئایسەڵ دەهێنم دەمەوێت لەبارەی ئەوەوە شتێک بە خەڵک بڵێم، پێم وایە ئەو بنکەی هێزی رێکخراوەکەیە و گرنگی بەخەڵک دەدات و دڵێکی زۆر گەورەی هەیە کە لاوازن و کاریگەرییان لەسەرە، پێموانییە ئەو هێشتا پرۆژەکانی تەواو کردبێت، سەرەتای هەفتە دێت و دەڵێت کاترینا وەرە دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم،.. ئینجا مێشکمان دەخەینەگەڕ و بیردەکەیەنەوەو چۆن کارەکە بکەین و چەند پارەمان پێویستە و  بۆیە ئەمە کارێکی پێکەوەییە و خەڵک دەهێنینە لای یەک و  پرۆژەکە دەخەینەگەڕ".



پاش ئەوەی ئایسەل خوێندنی زمان و مامۆستایەتیی باخچەی منداڵان تەواو دەکات، دەستدەکات بە یارمەتیدانی ئەوانەی زمان نازانن. لەوێوە لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەت پەیوەندی دروست دەکات و وەک خۆبەخش دەست بە کار دەکات. لەوێش بە هاندانی هاونیشتمانییەکی خەڵکی باشوور بڕیاردەدەن رێکخراوی رۆژی سوور دابمەزرێنن. 
چۆن رێکخراوی رۆژی سوور دامەزرا؟
ئایسەل حاجی: کاتی خۆی خەڵک لای ئێمە کە سوێندی دەخوارد دەیگوت بەم رۆژە سوورە، کوڕەکشم ناوی رۆژ بوو، ئیتر حەزم بەو ناوە بوو، رێکخراوەکەمان بەو ناوە کرد  و سەرەتا زەحمەت بوو، هەریەکە لە نەسرین و نەجلا و لەگەڵم بوون و زۆر کارمان دەکرد و دوای ساڵیک بۆ دوو ساڵ، واتە ئەو کاتەی کە داعش شنگالی داگیر کرد و خەڵکەکە ئاوارەبوون، ئیتر لێرە داوام کرد شوێنێکمان بۆ دابین بکەن و بانگەوازی کاری خێرخوازیم کرد بۆ ئاوارەکانی شنگال و ئەوەبوو رۆژانە کاژێر 10ی بەیانی تاوەکو چواری ئێوارە لێرە دەمامەوەو کۆمەکەکانم کۆدەکردەوەو دواتر هەفتانە بۆ ئاوارەکانمان دەنارد، کۆمەکەکان تەنیا بۆ ئاوارەکانی شنگال نەبوون، بەڵکو فراوان بوو، گەیاندمانە دەوروبەری کۆبانێ و عەفرینیش و هەموو ئاوارەکان کە دەستمان پێی گەیشتبێت کۆمەکەکانمان لەکارتۆن کەپس دەکرد و لە ێیگەی ترێڵەی گەورەوە رەوانەمان دەکرد".

ئایسەل بۆ ئەو کارانەی دەیانکات چەندین خەڵاتی لە دانیمارک بردووەتەوە. میدیاکانیش بایەخی زۆریان پێداوە. دەڵێن کاتێک ئایسەل پرۆژەیەک دەباتە شارەوانییەکەی، یەکسەر قبوڵدەکرێ و رەتبوونەوەی بۆ نییە. 
 
خەڵاتەکانی ئایسەل 
کاترین"ئێمە هاوکاریمان بۆ ئەو ژنانە بوو کە زەبریان بەرکەوتووەو ئازاردراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کردووە، خوولێکی بچووکی پەروەردەییمان بۆیان هەبوو، ئایسەڵ بەباشی دەستیپێکرد و خوولەکەی دەگوتەوەو ئیتر لەلایەن شارەوانییەوە خەڵاتەکەت کرا، نازانم ناوی خەڵاتەکە چۆن وەربگێڕن، بەڵام خەڵاتێکی کارسازی کۆمەڵایەتی بوو، 40 هەزار و پەیکەرێکیان بردەوە، ئایسەل رێکخراوەکەی فراوان کردووەو چەندنی بەشی بۆ زیاد کردووە، هەرجارێک هەر خەڵاتێک لە شارەوانییەوە بەدەستبێنین، ئەوا بەهۆی ئایسەڵەوەیە و هەموویان دەستخۆشی لێدەکەن".
پرۆژەکانی ئایسەل زۆرن. هەر لە پرۆژەی دایەنگەیەک بۆ منداڵانی کۆچبەر تا دەگاتە پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ ژنان و گەشتی هاوینە. یەکێک لە پرۆژەکانی بۆ فێرکردنی دروومانە.
دروومان و کۆرسی زمانی کوردی 
ئایسەل حاجی: زۆر ژن دێن بۆ فێربوونی دروومانی، هەموو تەمەنێک لە خولی فێربوونی دروومانی بەشدارن، بەڵام زۆربەی بەشداربووان بە تەمەنن و لەسەرووی 55 ساڵییەوە، ئەوان لە ماڵەکانیان بە تەنیان و کاریان نییە و کەسیان لەگەڵ نییە و ئەمەش بۆ ئەوان ناخۆشە و  بۆیە دێنە ئێرە و لێرە دڵخۆش دەبن و فێریش دەبن، هەروەها ئێمە جلوبەرگی کوردی دەدوورین و بۆ گەورە و بۆ منداڵانی، هەروەها لێرە بەکارهێنانی ناویلۆن لە بازاڕەکان قەدەخەیە و ئێمە گونیەیەک یان تۆربەیەک بە قەبارەی جیاوا دروست دەکەین لە قوماش و وەک شوێنگرەوەی نایلۆن بەکاردەهێندرێت و دەیفرۆشین و بازاڕیشی باشە، جگە لەمە رۆژانی دووشەممە ژنەکان کۆدەبینەوەو وەرزش دەکەین، هەروەها خولی فێربوونی زمانی کوردیشمان بەشێوەی ئۆنلاین هەیە و کچێکی رۆژئاوا سەرپەرشتی دەکات و پێشتر رێژەی بەشداربووان زۆر بوون، بەڵام ئێستا کەمترە و ئەو رۆژە کجێک قسەی بە جوانی بەکوردی دەکرد کە پێشتر نەیدەزانی بە کوردی قسە بکات..".
ئێوارەیە و خەڵک چاوەڕێن ئایسەل و تیمەکەی سەبەتە خۆراکییەکانیان بدەنێ. هەموو شتێک ئامادەکراوە و دابەشدەکرێن. 


"گەنجی کوردی دیاسپۆرای دانیمارک کارامە و لێهاتوون"
ئایسەل حاجی"سوپاس بۆ خوا منداڵانی کورد لێرە کەسانی سەرکەوتوون و زۆربەیان بە خوێندنیان دەدەن و تێیدا سەرکەوتوون و هەروەها ئەو گەنجانەی بەمدووایانە لە رۆژئاواوە هاتوون بەهۆی دۆخی خراپی ئەوێ کەسانی زۆر زیرەکن و لێهاتوون وخوێندیان تەواوکردووەو لەکارەکانیان زۆر جیدین و پێیانەوە سەربڵندین، هەمووان من دەناسم و کارەکانم زۆر پاکن و بە شێوەیەکی رێکخراو ورێک وپێک کاردەکەین". 

میرکۆ عوسمان وەرزشکارێکی کوردی دیاسپۆرانشینە لە دەستشکاندنەوە بێ رکابەرە
میرکۆ عوسمان وەرزشێکی تایبەت و جیاوازی هەڵبژاردووە و تێیدا بووەتە پاڵەوان. ئەو وەک سەردەمی کۆنی باو و باپیرانی وەرزشی دەستشکاندنەوە دەکات و مەدالیا و پاڵەوانێتیی زۆری بردوونەتەوە.
" ناوم میرکۆ عوسمانە،  25 ساڵم لە سلێمانی لەگەڕەکی ئاشتی لەدایکبووم، لە 2004ـەوە لە ئەڵمانیا دەژیم، لە ساڵی 2019 دەستم بە وەرزشی دەستشکاندنەوە کردووە و بووم بە پاڵەوانی ئەڵمانیا لە منداڵییەوە دەستم زۆر  بەهێز بوو لە تەمەنی گەنجیمەوە حەزم لە دەستشاندنەوە بوو، پێش پێنج ساڵ دەستم بەم وەرزشە کردووە و پێشتریش یاری بۆکسێنم دەکرد، دواتر هاوڕێکانم گوتیان دەبێ دەست بە وەرزشی دەستشکاندنەوە بکەیت لەبەرئەوەی ئەوە خولیای تۆیە بۆیە منیش چووم لە گرووپێکەوە دەستم بە وەرزشەکە کرد و دوای سێ مانگ بووم بە پاڵەوانی ئەڵمانیا دواتر چووم بۆ سویسرا، پۆڵۆنیا، فەرەنسا و دووجار بۆ سلۆڤاکیا و بردمەوە".

میرکۆ عوسمان میوانی ستۆدیۆی دیاسپۆرا بوو لە ئەڵمانیا و رایگەیاند، ئەو لە منداڵییەوە هێزی دەستی زۆر بووە و دەڵێت" خۆم هەستم بەوە کردبوو هێزی دەستم بەهێزە و بە هاندانی هاوڕێکانم دەستم بە یاریی دەستشكاندنەوە کرد و توانیم سەرکەوتووبم و هەروەها  لە 6 وڵات بوومە پاڵەوانی دەستشکاندنەوە و پێشتر وەک وەرشێکی ئەکادیمی گرنگی پێنەدەدرا، بەڵام ئێستا جیاوازەو چەند ساڵێکە لە جیهاندا گرنگی پێدەدرێت و لایەنگری زۆر بووە".

میرکۆ ئاشکرایکرد، ئەو تاوەکو تەمەنی 18 ساڵ وەرزشی بۆکسێنی کردووە و گوتی" دوای ئەوەی چەند خەڵاتێکم وەرگرت و ویستم بەشداری لە پاڵەوانییەتی ئەڵمانیا بۆ وەرزشی دەستشکاندنەوە بکەم، ئەوەبوو بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2019 بەشدارییم کرد و بوومە پاڵەوانی ئەڵمانیا".

میرکۆ دەڵێت" حەزم لە کێبڕکێیە لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە لە خۆم بەهێزترن، بیرمە جارێک دەستی وەرزشڤانێکی ناسراوی ئەمریکیم شکاندووە".

میرکۆ عوسمان روونیکردەوە، خواردنی باش کاریگەریی لەسەر بەهێزبوونی دەستی هەیە و دەڵێت"کورد دەستی بەهێزە بۆ یاریی دەستشکاندنەوە و کوڕێکی تەمەن 16 ساڵم بینی لە سلێمانی دەستی لە من بەهێزتر بوو".
میرکۆ ئاشکرایکرد، مانگی پێنج لە سلۆڤاکیا لە کێبڕکێی دەستشکاندنەوەدا بەشداری دەکات.

رۆنی شامیلیان کوڕە ئەکتەری کۆبانێ لە ئەڵمانیا دەدرەوشێتەوە
کۆبانێ ئەو شارەی هەر بە ئازایەتییەکەی بەرامبەر داعش نا، بەڵکو بە خۆشەویستیی خەڵکەکەشی بۆ کولتوور و زمانی کوردیش بەنێوبانگە. رۆنی شامیلیان گەنجێکی کوردی خەڵکی کۆبانێیە و ئێستا لە ئەڵمانیا وەک ئەکتەر دەدرەوشێتەوە. 
چیرۆکی درەوشانەوەی ئەکتەرێکی خەڵکی کۆبانێ لە ئەڵمانیا
"رۆنی شاملیان ئەکتەرێکی کوردە و خەڵکی کۆبانێیە و ماوەی 24 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم و بەشداری زۆر فیلمی ئەڵمانیم کردووەو  یەکەم فیلمم لە کۆتایی 12013 بوو لە کۆبانێ وێنەگیرابوو ، بەناوی رێگەی حەلەب، ماوەی 50 رۆژی خایاند و ئەڵمانەکان بە فیلمەکە زۆر سەرسام بوون و قسەیان لەسەر کرد، بەتایبەتی لە رۆژنامەی بێڵدسایتۆن لە لاپەرەی سەرەکی بەتەواوی بۆ من و فیلمەکەم تەرخان کرابوو، ئەمە جگە لە کەناڵە ئەڵمانییەکان، هۆفێر فیلم فێستیڤاڵ-48 خەلاتی باشترین ئەکتەری پێدام لە فیلمی رێگەی حەلەب دا".
رۆنی شامیلیان لە دوو فیلمی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆڵی گێڕاوە
"لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو فیلمم بەرهەمهێناوە یەکێکیان (خوێ فرۆش) لە دەرهێنانی ماریەم سەمیدی. لێرە پێیان دەگوتم چۆن دەتوانی لە ئێران فیلم دروست بکە، ئیتر وەک گەشتیار چوومە ئێران و بەبێ رەزامەندی دەوڵەتی ئێران کاری وێنەگرتنم دەستپێکرد و سەرەتا ترسێکم هەبوو، بەڵام ئەوانەی لەوێ لەگەڵم بەشداربوون هێز و ورەی زۆریان پێدام و ئەزموونێکی باش بوو بۆمن و فیلمی دووەمیش بەناوی (خانیەک بەرتاڤێ) کە سیناریۆیەکە هی من و ماریەم سەمیدی بوو".
رۆنی شامیلیان لە چەندین فیلمی بەناوبانگدا رۆڵی گێڕاوە
"لە ئەڵمانیا ئەو کوردانەی دەیانەوێ لە فیلمدا بەشداری بکەن زۆرن، بەڵام من لەگەل هاوڕێکەم باسل بنی قسەمکرد و داوام لێکرد کۆمپانیایەک بۆ بەرهەمی فیلم و کلیپ دابمەزرێنین، ئێستا ئێمە لەسەرەتای دامەزراندنیدان و سەرەتا لە فیلمی بچووک و کورتەوە دەستمان پێکردووە".

رۆنی شامیلیان: ژیانی رۆژانەی خۆمم بۆ سینەما تەرخانکردووە
"ژیانی رۆژانەی من وەک هەر کەسێکی ئاساییە و دەچمە سەرکار و دەگەڕێمەوەو منداڵەکانم دەبینم و لە دەرەوە لەگەڵ هاوپیشەکانم  و سینەماکاران قسەدەکەم و کەلە ماڵەوەشم زیاتر سەیری فیلم دەکەم و هەفتەی رۆژێکیش سەردانی ستۆدیۆ دەکەم و لە دوو هەفتەشدا جارک دەچمە تیاترا، پێموایە ئەکتەری تەنیا بەهرەیەک نییە و هەتبێت، بەڵکو پێویستی بە بایەخدان و فێربوونی بەردەوامە"

رۆنی شامیلیان: کورد لە ئەڵمانیا لە بواری سینەما زۆر چالاکن
"ئەو گەنجانەی حەزیان لە کاری سینەمایە گرنگە سەرەتا بە شێوەی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ بخوێنن و فێربن و هەمیشە چاودێربن و لەکارەکە دانەبرێن، چونکە دابران واتە کەمبوونەوەی هێزی ئەکتەری".