سیستەمی نوێی کۆچبەریی یەکێتیی ئەوروپا کاری پێنەکراوە

12 April 2024
سیستەمی نوێی کۆچبەریی یەکێتیی ئەوروپا کاری پێنەکراوە
سیستەمی نوێی کۆچبەریی یەکێتیی ئەوروپا کاری پێنەکراوە

ئەم هەفتەیە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دەنگی لەسەر سیستمی نوێی کۆچبەریی ئەوروپا دا، بەڵام هێشتا ماوە جێبەجێ بکرێ. بۆیە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە جارێ کار بە سیستمە کۆنەکەی خۆیان دەکەن.

کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا زۆر لە سیستمەکەی خۆیان رازی نییە. بۆیە داوای لە حکومەتەکەی کردووە لە پێدانی مافی مانەوە و ڤیزا بەوانەی چالاکڤانن و ژیانیان مەترسیی لەسەر دروستدەبێ زۆرتر دەست شل بکات. مەبەستیشی زۆرتر لەوانەیە کە لە رووسیا یان ئێرانەوە پەنا بۆ ئەڵمانیا دەهێنن.

ئەو کۆمیسارە کە ناوی (لویز ئامستبێرگ)ە، پێشیوایە نابێ ئەڵمانیا بیر لەوە بکاتەوە کۆچبەران بنێرێتە وڵاتێکی دیکەی وەکو رواندا. ئەو رەخنەی لەوانە گرت کە ئێستا لەنێو حکومەتی ئەڵمانیادا لەسەر ئەو مەسەلەیە گەنگەشەیان دەستپێکردووە.

بەگوتەی ئامستبێرگ پلانێکی وا نە لەڕووی یاساییەوە راستە و نە پشتیوانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشی دەبێ.

کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆچبەرانی عێراقی دەکەن
سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا رەتیدەکردەوە سەبارەت بە کۆچبەران رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبێ، بەڵام لە دیاسپۆراکۆچبەرێکی کورد باسیدەکات کە چۆن کارمەندانی کۆنسوڵخانەی عێراقی لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵکردووە.

کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤیش هانی حکومەتی ئەڵمانیا دەدات ئاسانتر مافی پەنابەری و ڤیزا بداتە ئەوانەی چالاکڤانن.

سەرەڕای ئەو رەخنەیەی کۆمیسارەکەی ئەڵمانیا، پێشتر باسی ئەوە کرابوو کە کارمەندانی کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە ئەڵمانیا یارمەتیی حکومەتی ئەڵمانیا دەدەن بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی ئەوانەی خۆیان وەکو عێراقی ناساندووە. ئەمەش هاریکەرییەکە بۆئەوەی ئەگەر عێراقی بن، زووتر بتواندرێ دیپۆرت بکرێنەوە.

لەسەر ئەمە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نەبوو. تاوەکو ئەم هەفتەیە هاوکارم زنار شینۆ توانیی کۆچبەرێکی کورد بدۆزێتەوە کە لێرە لە ئەڵمانیا لەلایەن کارمەندی عێراقییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵکراوە.
ئەو کۆچبەرە عێراقییە و خەڵکی ساری دهۆکە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەدایکبووی بەغدایە، باسی ئەوە دەکات کە لە ئەڵمانیا هەموو کارمەندێک رووبەڕوو لەگەڵت دادەنیشێ و لەکۆتاییشدا داوای لێبووردنت لێدەکات، بەڵام کارمەندە عێراقییەکە لەپشت پەردەیەکەوە ئەو کۆچبەرەی دواندووە.

بارزان: چەند کەسێک دەستگیریان کردم و منیان برد بۆ بنکەی پۆلیس

بارزان: من ژووانم هەبوو لە بەڕێوەبەرایەتی پەنابەران، کە گەیشتم لەوێ چەند کەسێک دەستگیریان کردم و منیان برد بۆ بنکەی پۆلیس.
رووداو: پێیان گوتی بۆچی دەستگیرت دەکەن؟
بارزان: پێیان گوتم تۆ ژووانت هەیە لەگەڵ کۆنسوڵی عێراق لێرە، بۆئەوەمانە بیسەلمێنین ئایە تۆ عێراقی یان نا، پێشتریش پاسپۆرتی خۆم رادەستی ئەوان کردبوو، هەروەها پشتگیریشم بۆ هێناون کە سەلماندوومە من عێراقیم، نەک جارێک بەڵکو چەند جارێک لە رێگەی پارێزەرەکەمەوە، بۆیە من نەمزانی هۆکاری ئەو دەستگیرکردنە و لێکۆڵینەوە چی بوو، بۆمن وەک خەیاڵێک بوو، چونکە هەموو شتێکی خۆم پێشتر رادەستکردبوون کە سەلماندوومە من عێراقیم.
رووداو: چەند لە زیندان مایەوە؟
بارزان: ماوەی دوو رۆژ و شەوێک لە زیندان مامەوە، دوای ئەوە منیان برد بۆ زیندانێکی دیکە و لەوێش هەشت بۆ نۆ رۆژ مامەوە، زیندانێکی نیزامی بوو، بەهیچ شێوەیەک بۆمان نەبوو بچینەدەرەوە، جگە لەو یەک کاژێرەی کە بۆ ئێمەیان دانابوو، دواتر لەوێش گوازرامەوەو منیان برد بۆ شارێکی دیکە لەوێ چەند کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی عێراق ئامادەبوون و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم.
رووداو: کارمەندانی ئەو کۆنسوڵخانەیە چ پارسیارێکیان لێکردی و باسی چییان کرد؟ ئایە پێیان گوتی کە ئەوان کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراقن یان نا؟

بارزان: کاتێک من چوومە ئەوێ بۆمن شۆکێک بوو، سەرەتا هەر نەشمزانی بۆچی دەستگیرکراوم، تاوانێکی گەورەمان نەکردووە تاوەکو دەستگیر بکرێین، ئەمەی ئەوان کردیان ئیهانەیە بۆ تاکی عێراقی و بۆ دەوڵەتی عێراقیش، بەڵام کاتێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم تەنیا سێ چوار پرسیاری ئاساییان لێکردم و مایەی شۆکێکی گەورەبوو، بۆ نموونە لێیان پرسیم، ناوت چییە و کەی لەدایکبووی و لە کوێیوە هاتووی، هەروەها گوتیان ئێمە تەنیا بۆئەوە هاتووین بیسەلمێنین ئایە تۆ عێراقی یان نا.
رووداو: ئەوانەی پرسیاریان لێکردی پێیان گوتی کە ئەوان کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراقن؟
بارزان: بەڵێ بەڵی، وایان پێگوتم، بەڵام ئەوە جێگەی شۆک بوو بۆ من، چونکە من یەکەمجارە شتێکی ئاوا دەبینم، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو، لەکاتی چاوپێکەوتنمان پەردەیەک لەنێوانمان دانرابوو بۆ ئەوەی ئێمە ئەوان نەبینین، ئێمە لە ئەڵمانیا چەند جارێک چووینەتە لای دادوەر شتی وامان نەدیوە، لە ئەوروپاش نەماندیوە، بەداخەوە کاتێک بمانەوێ چاومان بکەوێت بە کۆنسوڵێکی عێراقی یان کارمەندیكی ئاسایی کۆنسوڵخانەیەکی عێراق، پەردەیەک لەنێوان خۆی و ئێمە دادەنێن بۆ ئەوەی نەیبینین، ئینجا ناشزانم راستبوو یان نا، بەڵام پێیان گوتم کە کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراقن لە ئەڵمانیا.
رووداو: بە کوردی یان عەرەبی قسەیان لەگەڵ کردی؟
بارزان: بە کوردی قسەیان لەگەڵ کردم و یەکێکیشیان لەگەڵدابوو ئەو بە عەرەبی قسەی لەگەڵ کردم.
رووداو: ئەو چاوپێکەوتن و قسەکردنەی نێوانتان ماوەکەی چەند بوو؟ ئایە جگە لەو پرسیارانەی کە خۆت گوتت ئاسایی بوون، پرسیاری دیکەیان لێکردی؟
بارزان: بەڵێ، کاتێک ئێمە چووینە ژوورەوە هەموو شتەکانیان لێسەندین، مۆبایل و هەموو شتێکمان، وەک ئەوەی تاوانێکی گەورەمان کردبێت، کاتێک چووینە ژوورەوە کارمەندانی کۆنسوڵخانەی عێراق سەرەتا بەرواری لەدایکبوون و ناو و ناونیشانیان لێپرسیم، دواتر گوتیان ئایە دەزانیت کەیسەکەت بەکوێ گەیشتووە، گوتم بەڵێ چونکە من پارێزەرم هەیەو  دەزانم چمیمکردووە لەم وڵاتە، ئینجا پێیان گوتم، بە پارێزەرەکەت بڵێ کارەکانت باشتر بکات و باشتر بەڕێوەیان ببات، چونکە فەرمانکراوە کە تۆ دیپۆرتبکرێیەوە، بەڵام هیچ یاسایەک نییە بۆ ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقی لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق.
رووداو: پرسیاریان لێکردی کە تۆ چ بەڵگەنامەیەکی عێراقیت هەیە؟
بارزان: بەڵی پرسیاریان کرد و پێم گوت ئەو کەسەی قسەی لەگەل کردم و بەتایبەت بەوم گوت کە من خۆم بەدەستی خۆم پارەم بەتۆدا، ناتوانم بڕەکەی بڵێم کە خۆت پشتگیریت پێداوم کەمن وڵاتینامەی عێراقیم رادەستکردووی، پێشم گوت ئەمە تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤێک دەیکەن و ئیهانەیە بە تاکی عێراقی لێرە زیندانی بکرێین لەپێناو چاوپێکەوتنێک، دەبوایە لە رێگەی پۆستێک یان پەیوەندییەک ئاگادارکرابامەوە کە فلانە رۆژە چاوپێکەوتنت هەیە، بۆئەوەی منیش هاتبام و بۆم سەلماندبای کەمن عێراقیم، خاڵی دووەم من پێشتر هەموو بەڵگەنامەکانی خۆمم رادەستکردوون، پاسپۆرتی عێراقیم رادەستکردوون کە ئیستا ماوەکەی بەسەر چووە، هەروەها ناسنامە و ولاتینامەی خۆم رادەستکردوون، هەروەها سورەت قەیدی ئەلیکترۆنیم دەرهێنا و رادەستی ئەوانم کرد، واتە هەموو بەلگەنامەیەکم رادەستکردوون، هیچ بەڵگەیەکی دیکە نییە جگە لەوانەی رادەستم کردوون کە بسەلمێنێت کەسێک عێراقییە یان نا.
رووداو: پێیان نەگوتی دوای چاوپێکەوتنەکە بگەڕێوەو یان بمێنەوە یان چی دیکەی لێرە، یان تەنیا پرسیاری بەڵگەنامەکانیان کرد؟
بارزان: باوەڕکە وەک گوتم سەرەتا تەنیا داوای ناو و ناونیشان و بەرواری لەدایکبوونیان لێکردم، دووەمیش پێیان گوتم کە بە پارێزەرەکەم بڵێم باشتر کارەکانم بەڕێوەببات، چونکە یاسایەک بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەرکراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە، واتە هیچ بڕیارێک لە حکومەتی عێراقییەوە نەهاتووە بۆ ئەوەی ئەوانی وەک جەنابت بێ کێشەن بیانگەڕێنینەوە، دوای ئەوە دادگای ئەڵمانیا داوای لێبوردنی لێکردین لەسەر پێشێلکردنی مافەکانمان لێرە و زیندانی کردنم، کەچی ئەوان داوای لێبوردنیشیان لێنەکردم، مامەڵەیەکی وا ناشرینیان کرد کە مرۆڤ پێی شەرم بێت لەوێ بڵێت من عێراقیم.
رووداو: سوپاس
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا کە هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ بارزان کردبوو، بەدواداچوونی زیاتری لەبارەی کەیسی هاوشێوە کردووە و زانیاری زیاری دەستکەوتووەو لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرابوو، رایگەیاند، کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە ئەڵمانیا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەشێک لەو کۆچبەرانەی کە خۆیان بە عێراقی دادەنێن و دەڵێت"لێکۆڵینەوەکان بەشێکن لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و عێراق و کۆنسوڵخانەکانی عێراق لێکۆڵینەوەکان بەمەبەستی ئەوە دەکەن بیسەلمێنن کۆچبەرەکان عێراقین یان نا و بۆ ئەم مەبەستە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ زیاتر لە 100 کۆچبەر کردووە".
زنار شینۆ روونیکردەوە، رێککەوتن لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و ئەڵمانیا هەیە، بەڵام بە فەرمی رانەگەیێندرابوو، بەڵام میدیاکان رێککەوتنەکەیان ئاشکراکردووە و دەڵێت"بەپێی رێکەوتنەکە عێراق رازیبووە ئەڵمانیا هەر کۆچبەرێکی عێراقی بگەڕێنێتەوە وەریبگرێتەوە، بەڵام تەنیا ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتدەکرێنەوە کە پێشینەی تاوانیان هەیە، واتە ئەوانەی کە رەفزیشیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام پێشینەی تاوانیان نییە دیپۆرتناکرێنەوە، دیپۆرتکردنەوەکە تەنیا کۆچبەرە عێراقییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لەهەموو نەتەوە جیاوازەکانن، ئێستا نزیکەی 26 هەزار کۆچبەر لە ئەڵمانیا هەن کە بەنیازن دیپۆرتبکرێنەوە".

پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتیشی"پلانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بە کۆمەڵ لە ئەڵمانیا جێبەجێدەکرێت و تاوەکو ئێستا چەندین کۆچبەر بە کۆمەڵ دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوەو لە 23 و 24ی ئەم مانگەش کۆمەڵێک کۆچبەری دیکە دیپۆرتدەکرێنەوە".

دانیمارک هێنانی ئەندامانی خێزان و مافی مانەوە قورستر دەکات
دانیمارک دەیەوێ سیاسەتی کۆچبەریی خۆی دژوارتر بکات. بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دەیانەوێ مافی مانەوەی هەمیشەیی (ئیقامەی دائیمی) وەربگرن یان ئەندامانی خێزانەکانیان لە وڵاتانی خۆیانەوە بهێنن.

دەزگای کۆچبەریی دانیمارک پرۆژەیەکی نوێی ئاشکراکرد کە پێویستە هێشتا لە پەرلەمان پەسندبکرێ و بەهۆیەوە یاساکانی کۆچبەری گۆڕانکارییان بەسەردابێت. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک لە دانیمارک یان لە دەرەوە تاوانێکی کردبێ و لەسەر بسەلمێندرێ هەرگیز مافی مانەوەی هەمیشەیی نادرێتێ.

ئاژانسی کۆچبەریی دانیمارک دەیەوێ هێنانی خێزان تەنیا بۆ ئەوانە بێت کە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە. واتە ئەگەر بە جۆرێکی دیکە مافی مانەوەت هەبێ لە دانیمارک و نەبووبیتە هاووڵاتیی دانیمارک، ناتوانیت هاوژینەکەت بهێنیتە ئەو وڵاتە.

سوێد ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە دەکات بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستدێنن
سوێد بەوە ناسراوە کە بەمدواییە سیاسەتی کۆچبەرییەکەی دژواتر کردووە، بەڵام بۆ خوێندکارانی دکتۆرا و توێژەران ئاسانکاریی زۆر دەکات.
حکومەتی سوێدی کۆمیتەیەکی پێکهێناوە بۆئەوەی ئەو رێوشوێنانە بدۆزنەوە کە وادەکەن زۆرترین قوتابیی دکتۆرا یان توێژەر بێنە سوێد. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بەمدواییانە کەمتر ئەو کەسانە روو لە سوێد دەکەن و زۆرتر بۆ ئەڵمانیا و هۆڵەندا دەچن.
سوێدییەکان دەڵێن ئەمە لە درێژمەودادا کاریگەریی دەبێ لەسەر پێشکەوتنی وڵاتەکەیان لەڕووی زانست و نوێکارییەوە.
ئێستا سوێد لەسەر ئاستی جیهان یەکێکە لەو وڵاتانەی بەوە دەناسرێتەوە کە نوێکاریی زانستیی گەورەی تێدا دەکرێ و دەوڵەتیش پشتیوانیی زۆری ئەو بوارە دەکات.
ئێستا 17450 خوێندکاری دکتۆرا لە سوێد هەن، دە ساڵ پێشتر ئەو ژمارەیە بەرزتر بوو و 18397 خوێندکار بوون. یەکێک لە هۆکانی ئەو کەمبوونەوەیە دژوارکردنی سیاسەتی کۆچبەری و یەکلایینەکردنەوەی کەیسی ئەوانەیە کە دەیانەوێ بچنە سوێد و لەوێ دکتۆراکەیان بکەن.

ئیتاڵیا..مافی مانەوەی ساڵێک دەداتە ئەوانەی بە دیجیتاڵی لە وڵاتێکی دیکە کاردەکەن
ئیتاڵیا مافی مانەوەی یەک ساڵی دەداتە ئەو کەسانەی دەیانەوێ بەشێوەی دیجیتاڵی لە وڵاتێکی دیکە کاربکەن و لە ئیتاڵیا بژین. بەردەوامیش دەکرێ مافی مانەوەکە نوێ بکرێتەوە.
مەرجی وەرگرتنی ئەو مافی مانەوەیە ئەوەیە کە دەبێ کەسەکە بیسەلمێنێ کارێکی ئاستبەرز (واتە ئا ئاستی هەڵگری ماستەر و دکتۆرا) دەکات و دەکرێ ئەو کارە بەشێوەی ئۆنلاین لە ئیتاڵیاوە بکرێ.
دەکرێ کەسەکە فریلانسیش بێت و بۆ کۆمپانیای جیاجیا کاربکات. قازانجی ئیتاڵیا لە پێدانی ئەم جۆرەی مافی مانەوەیە ئەوەیە کە وادەکات پارەی زۆرتر لە دەرەوە بێتە نێو ئیتاڵیا و ئەو کەسانەی ئیشدەکەن باج بدەن.
لە هەندێک وڵاتی دیکەی ئەوروپاش ئەو جۆرە ئیقامە دیجیتاڵییە هەیە.
هۆڵەندا لەسەر قاچاخچییەکان رەخنەی لە ئاژانسی فرۆنتێکس دەگرێت
هۆڵەندا رەخنەی لە ئاژانسی فرۆنتێکس هەیە و دەڵێ وادەکەن بەئاسانی نەتوانین قاچاخچییەکان دەستگیربکەین.
فرۆنتێکس دەزگای پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپایە. کاتێک کۆچبەرێک دەگاتە نێو یەکێتیی ئەوروپا، یەکەمجار ئەفسەرێکی فرۆنتێکس لێکۆڵینەوەی لەگەڵدەکات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن هاتووە و بۆنموونە کام قاچاخچییە هێناویەتە نێو یەکێتییەکە.
بەمدواییانە فرۆنتێكس سیستمی کارکردنی خۆی لەگەڵ پۆلیسی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا گۆڕیوە و چیدیکە ئەو پۆلیسانە ناتوانن هەرکاتێک ویستیان تەماشای داتاکانی فرۆنتێکس بکەن. وەزارەتی نێوخۆی هۆڵەندا رایگەیاندووە کە ئەو گۆڕانکارییە کێشەی گەورەی بۆ پۆلیسی هۆڵەندی دروستکردووە و ناتوانن وەک پێویست رێگە لە بەقاچاخ هێنان و بردنی کۆچبەران بگرن. چونکە کاتێک کۆچبەران دەگەنە هۆڵەنداش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدەکرێ و هەندێکجار بەوە لە هۆڵەندا دەیڵێن و ئەوەی کۆچبەرانی دیکە لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا بە فرۆنتێکسیان گوتووە دەکرێ زووتر ناسنامەی قاچاخچییانی کۆچبەران ئاشکرا بکرێن.
هانس لەیتنس، بەڕێوەبەری فرۆنتێکس رەخنەکەی هۆڵەندای پێ راست نییە و دەڵێ هەر بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی پۆلیسی وڵاتان، بەڵام پێویست نییە هەموو ئەو زانیارییانەی کۆیاندەکەینەوە ئەوانیش بیبینن.

لە ئەڵمانیا ژن و مێردێکی کورد بە تۆمەتی داعشبوون دەستگیرکران
ئاشکرابوون و دادگاییکردنی ئەو کۆنە داعشییانەی دزەیان کردووەتە نێو یەکێتیی ئەوروپا. ئەم هەفتەیە ژنێک و پیاوێکی کورد لە ئەڵمانیا دەستگیرکران کە ناویان توانا و ئاسیا بوو.
لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی ئەڵمانیا دەریخستبوو کە ئەو دوو کەسە داعش بوون و لەگەڵ شەپۆلی کۆچبەران دزەیان کردووەتە ئەڵمانیا. هەر ئەو لێکۆڵینەوانە دەریشیانخستووە کە ئەو دوو داعشە دوو کچی بچووکی رفێندراوی ئێزدیی 5 ساڵ و 12 ساڵیان لە ماڵەکەیاندا هەبووە. توانا دەستدرێژیی کردوونەتە سەر و ئاسیا کچەکانی بۆ رازاندووەتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەو کۆنە داعشانە ئاشکرا دەبن و رەنگە هێشتاش زۆری دیکە مابن.
لەو بارەیەوە لە ستۆدیۆ د. عیرفان ئۆرتاچ، سەرۆکی جڤاتی راوێژکاریی ئێزدییان میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، پێش دوو ساڵ بەڵێنمان بە نەتەوەکەمان دا کە لە داعشەکان خۆش نابین و دەڵێت" لەگەڵ پۆلیس و دادگا و داواکاری گشتیی ئەڵمانیا بە بەردەوامی کاردەکەین و هەموو ئەو داعشانەی دەستیان سوورە بە خوێنی رۆڵەکانمان و کڕین و فرۆشتنی کچەکانمان دەیاندەینە دادگا و سزایان دەدەین".

د. عیرفان ئۆرتاچ گوتی" پێشتر ئەڵمانیا تەنیا ئەو داعشە گەڕاوانەیان دەستگیر دەکرد کە هاووڵاتی ئەڵمانی بوون، بەڵام دوای بەجینۆسایدناساندنی کۆمکوژی ئێزدییەکان ئەڵمانیا ئەو داعشانەش دەستگیر دەکات کە ئەڵمانی نین، یاخود وەک کۆچبەر دێنە ئەڵمانیا".
سەبارەت بە دەستگیرنەکردنی ژنە داعشییەکان سەرۆکی جڤاتی راوێژکاریی ئێزدییان، دەڵێت" سەرەتا وایان دەرخست کە ژنە داعشەکان تاوانیان نەکردووە، بەڵام دوای بەڵگەکانمان سەلماندمان کە ژنە داعشەکانیش تاوانبارن و ئیتر ئەوانیشیان دەستگیرکرد".
سەبارەت بەو داعشانەی کە ئەڵمانین و چووبوونە نێو خەلافەتی داعش و دوای نەمانی خەلافەت گەڕانەوەیان بۆ ئەڵمانیا، د. عیرفان ئۆرتاچ گوتی"تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا نزیکەی 790 داعشی گەڕاوەی دەستگیرکردوون و بەڵێنمان داوە تەواوی داعشە گەڕاوەکانی ئەڵمانیا دەستگیربکرێن و لێخۆشبوونیشیان بۆ نییە و رێگە نادەین بە ئارامی لە ئەڵمانیا بژین".

سەبارەت بە چارەنووس و دۆزینەوەی ئەو دوو کچە منداڵە ئێزدییەی کەلەلایەن ژن و مێردێکی کوردەوە کە داعش بوون ئازاردرابوون و دەستدرێژیان کرابووە سەر، لەکاتی رۆشتنیان بۆ ئەو ئەوروپا هەردوو کچەکەیان فرۆشتبوو، د. عیرفان ئۆرتاچ گوتی" بەپێی زانیارییەکانمان ئەو ژن و مێردە داعشە کوردەی کە دەستگیرکران دوو منداڵە ئێزدییەکەیان فرۆشتوون و تاوەکو ئێستا گەڕان و بەدوواداچوونم بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە".
د. عیرفان ئۆرتاچ روونیکردەوە، هێشتا هەندێک قوربانی لە ئەڵمانیا هەن ناوێرن لە دادگا ئیفادە دژی داعشەکان بدەن، بەڵام بەڵێنمان پێداون کە ژیانیان پارێزراو دەبێت و داوامان کردووە هەرچی بەڵگەیەکیان لایە بیدەنە دادگا و تاوانباران سزا بدرێن.

کەیسی داعشێکی هۆڵەندی لە دادگا یەکلانەبووەتەوە

ئەم هەفتەیە لە هۆڵەندا پۆلیس پەنای بۆ تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی برد و لەسەر داعشییەکی دەستگیرکراو بانگەوازێکی بە هۆڵەندی و عەرەبی بڵاوکردەوە.
بەپێی بانگەوازەکەی پۆلیس ساڵی 2019 پیاوێکی 37 ساڵەی خەڵکی سووریا لە هۆڵەندا داوای مافی پەنابەریی کردووە. سەرەتای ساڵی 2023 ئاشکرا بووە کە ئەو کەسە پێشتر داعش بووە و بەشداریی لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکدا کردووە. بۆیە دەستگیریان کردووە. بەڵام هێشتا بەڵگە و شایەتیی زۆرتر پێویستن بۆئەوەی کەیسەکەی لە دادگادا یەکلایی ببێتەوە.
بۆیە داوایان لە خەڵک لە نێوەوەی هۆڵەندا و سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکەش کردووە کە هەرچییەکیان هەیە لەسەر ئەو داعشە دەستگیرکراوە بینێرن و بێن شایەتی بدەن.
وەک پۆلیسی هۆڵەندی ئاشکرایکردووە ئەو کەسە لەنێو داعش و پێشتریش جەبهەتولنوسرەدا ناوی خالید ئەلئەمنی بووە. لەنێوان ساڵانی 2023 تاوەکو 2018 یەکێک بووە لە فەرماندەکانی داعش و پێشتریش نوسرە.
لەژێر فەرماندەیی ئەودا لە ناوچەی یەڵدای نزیک دیمەشق، 12 زیندانی و دیل گولـلەباران کراون.
سەعید قاسم، کە لە دامەزراوەی نێودەوڵەتیی فەریدەیە، لەو بارەیەوە لە دهۆکەوە میوانی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، لە رێگەی چەندین پارێزەر و دادگا و  داواکاری گشتیی ئەڵمانیاوە داعشە تاوانبارەکان دەستگیردەکرێن و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لێ دەستگیرکراون.
سەعید قاسم گوتی" تاوەکو ئێستا 10 کەیسی کۆمکوژی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا یەکلاکراونەتەوە و چەندین کەیسی دیکەش لە دادگا هەن و دڵنیاین کەیسی دیکەش دەبن".

سەعید قاسم گوتیشی" زۆر جار لە دادگاکانی ئەڵمانیا پێویستی بە شاهیدی زیاتر هەیە لە دژی داعشە دەستگیراوەکان، بەڵام ئەو شاهیدانە لەوێ نین و لێرەن، بۆیە کێشەیەکی گەورەیە کە زۆربەی قوربانیانی شنگال لێرە ناتوانن بچنە ئەڵمانیا ئیفادەی خۆیان بدەن و شایەتی لەسەر تاوانەکانی داعش بدەن کە لە دژیان کراوە".

سەعید قاسم روونیکردەوە، لە عێراق و کوردستان یاسایەکی تایبەت بۆ سزادانی تاوانبارانی کۆمکوژی نییە، ئەوەی هەیە تەنیا یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە.

سەعید قاسم سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیای کرد و گوتی" هەرگیز هەڵوێستی ئەڵمانیا لەبارەی ناساندنی کۆمکوژی ئێزدییەکان لەبیر ناکەین".

شاناز ئەمین: ئێستا ئارایشتگایەکم بە ناوی خۆم کردووەتەوە

شاناز ئەمین خانمێكی کوردە و  خەڵکی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەیەکی زۆر نییە لە ئەڵمانیا دەژی و مەیکاپ ئارتیستە و بووەتە کارسازێکی سەرکەوتوو. بەجۆرێک کە نەک خۆی بەڵکو کەسوکار و هاوڕێکانیشی خستووەتە سەر کار.

ناوم شاناز ئەمینە و خەڵکی شاری حەسەکەم لە رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی 2015ـەوە لە ئەڵمانیا دەژیم، مەیکاپ ئارتیستم، بۆیەش ئەو کارەم هەڵبژارد، چونکە زۆر حەزم لێیەتی.

دەستپێکی کارەکەم لە شاری هەولێر بوو لە باشووری کوردستان، کاتێک هاتمە ئەڵمانیا ویستم هەمان کار لێرە بکەم و حەزم دەکرد لەو بوارە بخوێنم، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی فێرببم و کارەکە بکەم.

لە دەستپێکی ژیانم لە ئەڵمانیا زەحمەتی زۆرم بینی، چونکە هەم سیستەمێکی نوێ بوو، هەمیش زمانی ئەڵمانی زەحمەت بوو، بەڵام هێواش هێواش فێری زمانی ئەڵمانی بووم و هەروەها فێری سیستەم بووم.

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو کارەشەم دەگەڕێتەوە بۆ بوونی خوولیایەکی زۆرم بۆ مایکەپ و زۆر حەزی پێدەکەم و دەشمەوێ ژن هەمیشە گرنگی بەخۆی بدات و خۆی بڕازێنێتەوەو لە هەموو تەمەنەکانی هەر جوان بێت و بە جوانی بمێنێتەوە.

ئێستا ئارایشتگایەکم بە ناوی خۆم کردووەتەوەو ستافێکی زۆر باشیشم هەیە و پێکەوە وەکو تیم کاردەکەین و هەموو کارمەندەکانیشم کوردن، من زۆر لە تیمەکەم رازیم و دڵخۆشم.

هەموو هەفتەیەک نزیکەی 15 بووک دێنە لامان و ئارایشتیان بۆ دەکەین و ئامادەیان دەکەین لە هەموو نەتەوە جیاوازەکان وەک، کورد، عەرەب، ئەڵمان، تورک و فارس و هەمووشیان لە کارەکانمان زۆر رازین.