هەفتەی رابردوو زۆرتر لە 500 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا

03 January 2025
هەفتەی رابردوو  زۆرتر لە 500 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا
هەفتەی رابردوو  زۆرتر لە 500 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، تەنیا لە هەفتەی رابردوو 542 کۆچبەر بە 10 بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە و لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. 
ئێستا پلەی گەرما لە نۆکەندی ئینگلیز 5 پلەی سیلیزییە. هەروەها 99 کۆچبەریش کە هەوڵیاندابوو بە بەلەم بپەڕنەوە و تووشی دۆخی دژوار هاتبوون، لەلایەن هێزی دەریایی فەرەنساوە رزگارکراون و گەڕێندراونەتەوە فەرەنسا. 
هەر لە هەفتەی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و بەریتانیا لە شاری سلێمانی 3 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستگیرکران. 
ئاژانسی نیشتمانیی تاوان لە بەریتانیا (ئێن سی ئەی) رایگەیاندووە ئەو سێ کەسەی گیراون پەیوەندییان بە ئامانج حەسەن زادەوە هەبووە، کە کۆتایی ساڵی رابردوو لە بەریتانیا بە 17 ساڵ زیندان حوکمدرا. ئەویش دوای ئەوەی لەسەری ساخ بووەوە کە بە دەیان کۆچبەری بەشێوەی نایاسایی گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون یەکێکیان تەمەنی 38 ساڵە و کاری پەڕاندنەوەی بەقاچاخی خەڵک بووە لە یۆنانەوە بۆ ئیتاڵیا. کەسی دووەم لە تەمەنی 40ەکاندا بووە و ئیشی حەواڵەی کردووە و کەسی سێیەمیش تەمەنی لە 30یەکاندا بووە و تۆمەتبارە بەوەی دەڵاڵیی بۆ قاچاخچییەکان کردووە و کۆچبەری بۆ پەیدا کردوون. 
ئامانج حەسەن زادە بەهۆی گەعدەیەکەوە ئاشکرا بوو کە ساڵی 2021 لە کوردستان بۆی کرابوو و تێیدا بە (باشترین قاچاخچی) ناسێندرابوو. پۆلیسی بەریتانی ڤیدیۆکە لەسەر یوتیووب دەبینن و دەستگیری دەکەن. 
حکومەتی بەریتانیا سوپاسی حکومەتی کوردستانی کرد لە بارەی ئاسانکاری بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچیان

حکومەتی بەریتانیا سوپاسی حکومەتی کوردستانی کردووە و لە تویتێکدا رایگەیاندووە کە جاران قاچاخچییەکان وایاندەزانی دەستمان نایانگاتێ، بەڵام سوپاس بۆ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە وایانکردووە چیدیکە وا نەبێ.

هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەریتانیا بوو. حکومەتی بەریتانیا بەفەرمی رایگەیاند کە ئامانجی سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە. هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد کە دەست بە گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران و رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی. 
زۆر لەوانەی لە بەریتانیا دەژین لەم هەواڵە نیگەرانن و وا بڵاوکراوەتەوە کە لەئێستاوە بەریتانیا دەستی بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کردووە. دەبێ ئەمە تا چەند راست بێ و بەڕاستی پێویستە کۆچبەران لە بەریتانیا لەخۆیان بترسن.
لەم بارەیەوە نەبەز بازیانی، رۆژنامەڤان لە لەندەنەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی کەیسیان یەکلانەبووەتەوە لە بەریتانیا، ترسیان هەیە و دەڵێت"بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە سۆشیاڵمیدیا ترسی لەنێو کۆچبەران بڵاوکردووەتەوە، ئەو کەسانەی بەریتانیا دیپۆرتیان کردوونەتەوە، تاوانیان کردووە، بەڵام دیپۆرتکردنەوەیان پێویستی بە رەزامەندیی دادگەیە، یاخود ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کەیسەکانیان بەتەواوی داخراون".
نەبەز بازیانی دەشڵێت"هەر گەڕاندنەوەیەکی کۆچبەران دەبێ بە یاسا بکرێ و دەبێ یەکلابکرێتەوە ئەو کەسانەی دیپۆرت دەکرێنەوە گیانیان سەلامەتە یان نا".
بازیانی ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەریتانیا باس لە "دیپۆرتکردنەوەی دیاریکراو" کراوە، بەڵام وردەکارییەکانیان ئاشکرا نەکراون.
ساڵی 2024 بە بەراورد بە ساڵی 2023 کەمتر خەڵک داوای مافی پەنابەرییان لە ئەوروپادا کردووە
داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا پیشانی دەدەن کە بەدرێژایی ساڵی 2024 رێژەی داواکردنی مافی پەنابەری لە یەکێتییەکە و سویسرا و نەرویج بە بەراورد بە ساڵی 2023، بە رێژەی 12 لەسەت کەمتر بووەتەوە. 
ساڵی 2024 یەک ملیۆن کەس داوای مافی پەنابەرییان کردووە، بەڵام ساڵێک پێشتر ملیۆنێک و سەت و چل داواکاری پێشکەشکراون. زۆربەی داواکارییەکانیش، کە دەکاتە 235 هەزار و 925 داواکاری، لە ئەڵمانیا پێشکەشکراون. 
هەرواش لە ئەڵمانیاش رێژەکە 30 لەسەت بە بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمیکردووە. زۆربەی ئەوانەش کە ساڵی رابردوو هاتوونەیە ئەڵمانیا خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوونە. 
دوای ئەڵمانیا ئیسپانیا و ئینجا فەرەنسا و بەدواشیدا ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی داواکاریی پەنابەرییان تۆماکردووە. هەنگاریا خراپترین وڵات بووە و بەدرێژایی ساڵ تەنیا 29 داواکاریی پەنابەریی وەرگرتووە. 
لە ئەڵمانیا بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەستیانپێکرد
ئەڵمانیا.. لایەنگرانی پارتێکی تووندئاژۆی دژە کۆچبەر بلیتێکی گریمانەیی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ 30 هەزار ئەدرێس ناردووە کە دانیشتووانیان بە رەچەڵەک ئەڵمانی نین

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەمجارەی ئەڵمانیا، کە نێوەڕاستی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هەڵمەتی بانگەشەی سەیر و سەمەرەی تێدایە. 
لە شاری (کارلسرووە) لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا، پارتێکی تووندئاژۆی دژەکۆچبەر شێوازێکی نوێی بانگەشەکردنی داهێناوە. پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا) لە بەرنامەی هەڵبژاردنیدا باسی ناردنەوەی زۆرتری کۆچبەران لە ئەڵمانیاوە بۆ وڵاتەکانیان دەکات. هەندێک لە ئەندامان و لایەنگران و سەرکردەکانیشیان لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن تەنانەت ئەوانەی وەڵاتینامەی ئەڵمانیاشیان وەرگرتووە، دەبێ سواری فرۆکەیەک بکرێن و بنێردرێنەوە وڵاتی یەکەمیان. 
هەندێک لەوانەی باسیاندەکرێ دایک و باوکیان یان نەنک و باپیریان هاتوونەتە ئەڵمانیا و خۆیان لێرە لەدایکبوونە، بەڵام تووندئاژۆ دژە کۆچبەرەکان دەڵێن ئەوانیش پێویستە دیپۆرت بکرێن. 
لە کارلسرووە 30 هەزار ماڵ کاخەزێکی لەشێوەی بلیتی فڕۆکەیان بۆ خراوەتە پۆستەوە. بلیتەکە بۆ یەک سەر بڕدراوە و ئێکۆنۆمییە. نووسراوە کە لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەو وڵاتە ئارامەیە کە وەرگری بلیتەکە لێیەوە هاتووە. 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا نیگەرانی و رەخنەی زۆری بەدواداهات. فرانک مێنتروپ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە رەخنەی تووندی لە پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا گرت و گوتی ئەوەی کردوویانە ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دەخاتە مەترسییەوە. 
 
لە شاری دوسەڵدرۆف کۆنگرەی نیشتمانیی ئێزدییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو

رۆژی هەینی رابردوو لە دوسەلدۆرف دوور لە باسی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، باسی ئایندەی رۆژئاوای کوردستان و رۆڵی ئێزدییەکانی رۆژئاوا کرا. کۆنگرەی نیشتمانیی ئێزدییانی رۆژئاوا بەڕێوەچوو. 
زنار شینۆ پەیامنێری رووداو لە ئەورووپا لەنێو کۆنگرەکە بوو و ئەو لەگەڵ یەکێک لە سەرپەرشتە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە گفتوگۆیەکی کردووە:

ژمارەی ئێزیدییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە دۆسەڵدۆرف کۆبوونەوەو ئیڤێنتێکیان کردووە، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەک دروست بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی شام بکەونە دانوستاندنەوە تاوەکو مافەکانی ئێزیدی لە سووریای نوێی دوای ئەسەد لە دەستوور و یاسادا و بە فەرمی بناسرێن.
ئیبراهیم سمۆ یاساناس بەشداربوو لە کۆنگرەکە، زنار شینۆ گفتوگۆی لەگەڵ کردووە.

رووداو: بە بۆچوونی تۆ دەبێت چی بکرێت، بۆ ئەوەی مافەکانی ئێزیدی لە دەستووردا یان لە یاسا نوێیەکانی سوریادا بپارێزرێن؟ بەلای ئێوەوە چی گرنگە، دەبێت پشتیوانییەکی سیاسی هەبێت، یان یەکگرتوویی ئێزیدییەکان هەبێت یان پێویستی بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە؟ 

ئیبراهیم سمۆ: پێش هەموو شتێک یەکگرتنی ئێزیدییەکان پێویستە و دواتریش پشتیوانییەکی سیاسی پێویستە و پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیش پێویستە، ئەو سێ فاکتەرە زۆر گرنگن بۆ داهاتووی سووریا و داهاتووی ئێزیدییەکان و کەمینەکانی دیکە،  تائێستا ئێمە کۆدەبینەوە، راوێژ دەکەین چی پێویستە و چی پێویست نییە، پێشتر دەمانگوت با بیربکەینەوە ئێمە چیمان دەوێت و دەبێت پەلە بکەین، ئەوەی چەندین ساڵ پێش ئێستا لە سووریا روویدا بەڕاستی قەیرانێکی گەورە بوو ئەو وڵاتە تێیدا تێپەڕی، میللەتەکەشی لێکبڵاوبووەوە، ئێزیدیش وەک پێکهاتەیەک لەو کۆمەڵگایە، بۆیە هەوڵ و توانایەکی زۆر پێویستە و چۆن دەتوانین شتێک بەدەست بخەین.

رووداو: وەڵامەکەم راستەوخۆ وەرنەگرت، بەڵام وا دیارە کە هیچ لەم سیانە ئێستا نییە، نە یەکگرتوویی، نە پشتیوانی سیاسی، نە پشتیوانی نێودەوڵەتی؟

ئیبراهیم سمۆ: بەڕاستی هەوڵدەدەین یەکێتیی ئێزیدییەکان بەدەست بهێنن پێش هەموو شتێک و دواتر بیربکەینەوە چۆن بەرەو کوێ دەڕۆین، چۆن بیردەکەینەوە و ستراتیژیەک دادەنێین، ئەو ستراتیژییە بەڕاستی گرنگە، پشتیوانیی نێودەوڵەتی و سیاسی هەردووکیان گرنگن، بە بۆچوونی من ئەمڕۆ دەبینم ئێزیدییەکان ئامادەن بەرەو پرسی خۆیان بڕۆن، رەنگە پێشتر ئەو ئامادەییەی ئێزیدییەکان نەبووبێت، ئێستا ئامادەن بەرەو پرسی خۆیان بڕۆن و خاڵەکانی خۆیان یانی بوونی شتێک، بوونی خۆیان بە تایبەتمەندییەکانی خۆیانەوە راست بکەنەوە.

رووداو: ئەگەر داوات لێ بکرێت، لە دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی کورد بە تەواوی نا، بەڵام تەنیا ئێزیدی دیاری بکەیت، تۆ جەخت لەسەر چی دەکەیتەوە و دەتەوێت چی لەو دەستوورەدا هەبێت؟

ئیبراهیم سمۆ: بەڕاستی مەسەلەی کۆتا زۆر گرنگە، کۆتای ئێزیدی لەبەر ئەوەی ئێزیدییەکان ژمارەیان کەمە، کۆتا بە مانای مافەکانیان و ناویشیان باس کرا پێکهاتەیەکی ئیتنۆگرافییە، بەڵام پێکهاتەیەکی ئایینییە یانی باس بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە نێو هەر یاسا و رێسایەکی سووریای داهاتوودا دەکرێت، ئەوەش ببێتە گرەنتیەک.

رووداو: پێویست ناکات بڵێن کە ئێزیدی و وەک ئاینێکی سەربەخۆ دانی پێدا بنرێت و دەبێت ئێزدی خۆیان و ئاین و کولتووریان بپارێزرێن، ئەم وردەکارییانەش باس دەکەن یان بەجێی دێڵن بۆ دوایی؟

ئیبراهیم سمۆ: بە بڕوای من ئەم وردەکارییانە ئەگەر باس بکرێن تاچەند دەتوانن بگەنە جێبەجێکردنی سیاسی، ئەوە جێبەجێکردنی سیاسی دیاری دەکات، چەند ئێزیدییەکان ژیر دەبن لەو جێبەجێکردنە سیاسییەدا و دەتوانن مافی خۆیان چەند فراوان بکەن بەڕاستی باشتر دەبێت بە بڕوای من، بەتایبەتی زۆر گرنگە ئەم دەربڕینەی تۆ باست کرد، باس کران هێشتا لەوە زیاتر داواکارییەکی فراوانترمان هەیە، بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت هەموو شتێک بەدەست بخەین، لەبەر ئەوەی ئێزیدییەکان بەپێی ژمارەی خۆیان داواکاری بکەن، ئەو کاتە ئەو هەڵوێستە زەحمەت دەبێت بەڕاستی، بۆیە پشتیوانی سیاسی و نێودەوڵەتیش پێویستە تاوەکو بتوانن مافەکانی خۆیان لە سووریای داهاتوو دیاری بکەن.
فەرەنسا بۆ ئەمساڵ یاساکانی پێدانی ڤیزای شینگنی دەگۆڕێ
فەرەنسا دەیەوێ رێساکانی پێدانی ڤیزا بگۆڕێ و بۆ هەندێک وڵات قورستری بکات. هەفتەی رابردوو سەرۆک ماکرۆن باسی ئەوەیکرد کە دەیانەوێ ریفۆرم لە سیستمی ڤیزای وڵاتەکەیاند بکەن. 
بەپێی زانیارییەکان لەمەودوا فەرەنسا هەوڵدەدات زانیاریی زۆرتر لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بگۆڕێتەوە، تاوەکو وەک خۆیان دەڵێن خەڵکێک کە مافیان نییە، بەئاسانی نەتوانن ڤیزای فەرەنسی وەربگرن. هەروەها ئەو وڵاتانەی لە مەسەلەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران و زانیاریگۆڕینەوە لە بوارەکانی دیکەی تایبەت بە کۆچبەراندا هاریکاریی فەرەنسا ناکەن، هاووڵاتییانیان بەزەحمەتتر دەتوانن ڤیزای فەرەنسا وەربگرن. گۆڕانکارییەکی دیکە ئەوە دەبێ کە سیستمی پێدانی ڤیزا و کۆکردنەوەی زانیارییەکان باشتر دیجیتاڵی دەکرێت. 
هەروەها فەرەنسا دەیەوێ هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا سیستمێکی سەرنجڕاکێشتر بۆ راکێشانی دەستی کاری شارەزا دابنێ و پێدانی ڤیزا بۆ ئەو کەسانەی لە فەرەنسا لە بواری دیاریکراودا پێویستن ئاسانتر بکات. هەموو ئەو گۆڕانکارییانە هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ.   
 سوێد مەرجەکانی وەرگرتنی وەڵاتینامە قورستر دەکات

سوێد لە مانگی دەی ساڵی رابردووەوە رێوشوێنی تووندتری بۆ پێدانی وەڵاتینامە گرتووەتەبەر. بەو هۆیەشەوە وەک لە داتاکانی فەرمانگەی کۆچبەریی سوێدیدا دەردەکەوێ ساڵی 2024 خەڵکێکی کەمتر بە بەراورد بە ساڵی 2023 وەڵاتینامەی سوێدییان وەرگرتووە. 
ساڵی 2024، بەگشتی 65 هەزار و 591 کەس بوونەتە خاوەنی وەڵاتینامەی سوێدی، ساڵی پێشتر رێژەکە 68 هەزار و 168 کەس بووە. هەروەها ئەوانەش کە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە، لە نزیکەی 17 هەزار کەسەوە دابەزیووە بۆ 15 هەزار و 500 کەس. 
بنەمای سەرەکیی رێوشوێنە تووندەکانی سوێد بۆ پێدانی وەڵاتینامە ئەوەیە کە نابێ کەسەکە هەرەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی سوێد دروست بکات. هەروەها ئەوەش چەسپێندراوە کە ئەگەر کەسێک وەڵاتینامەی لێ وەرگیرایەوە، جارێکی دیکە ناتوانێ وەریبگرێتەوە. 
فەرمانگەی کۆچبەریی سوێد رایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵەوە رێوشوێنی تووندتر لە سیستمی کۆچبەریدا بگیرێنەبەر، بۆئەوەی وەک فەرمانگەکە رایگەیاندووە رێگە لەوە بگیرێت کە سیستمی کۆچبەریی سوێدی بەخراپ سوودی لێ وەربگیرێت. 

ئەڵمانیا.. ئەوەی داوای مافی مانەوەی کار (یان کارتی شین) بکات، دەبێ مووچەکەی ساڵانە بگاتە نزیکەی 50 هەزار دۆلار
لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا شتێک هەیە پێیدەڵێن (کارتی شین)، کە مافی مانەوە و کارکردنە بۆ کەسانی شارەزا لە بوارێکدا کە لە یەکێتیی ئەوروپا پێویستیان بە شارەزاییەکەی هەیە. هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا ئازادە لە دانانی مەرجەکانی پێدانی ئەو کارتە. 
تاوەکو ئێستا لە ئەڵمانیا کەسێک دەیتوانی ئەو کارتە وەربگرێ کە ئۆفەرێکی کارکردنی لە ئەڵمانیا بۆ هاتبێ کە مووچەی ساڵانەی بگاتە 43 هەزار و 759 یۆرۆ. لەمەودوا ئەمە نامێنێ و دەبێ کەسی داواکار ئۆفەرێکی هەبێ کە مووچەی ساڵانەی بگاتە سەرووی 48 هەزار و 300 یۆرۆ. واتە مووچەی مانگانەی بگاتە سەرووی چوار هەزار یۆرۆ.

کارتی شین بەوە لە جۆرەکانی دیکەی مافی مانەوە جیادەکرێتەوە کە دوای ئەوەی وەریدەگریت، ئازادیت لە گۆڕینی کارەکەت. هەروەها بۆ هێنانی ئەندامانی خێزان و وەرگرتنی وەڵاتینامەی ئەوروپیش ئاسانتر دەکات. 
هۆڵەندا.. فێستیڤاڵی رەنگاڵە بۆ هونەر و کولتووری کوردی بەڕێوەچووە
رۆژانی رابردوو، لە دێنهاخی پایتەختی سیاسیی هۆڵەندا فێستیڤاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێشی تایبەت بە هونەر و کولتووری کوردی هەبوو. خانمێکی هۆڵەندیی بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا بە سەرسامییەوە باسی جوانیی کولتووری کوردی دەکات.
دەنگی میوزیک..
ریحان خەزنەوی- دیزاینەر:
من ریخان خەزنەویم، کوردی رۆژئاوای کوردستانم و  دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندام، ماوەی شەش بۆ حەوت ساڵە لێرەمە و حەزم کرد ئەم ئیڤینتە بکەم و بە پێویستم زانی کورد لێرە کۆبکەمەوە.
دەنگی میوزیک..
ریحان خەزنەوی- دیزاینەر:
من دەبینم کە پشتگیرییەکی بەرچاو نییە بۆ پشتگیری لە گەنجان و کاری گەنجان، بۆیە دەمەوێ لێرەوە پشتیوانیان بۆ بڕەخسێنم.

دەنگی میوزیک..
ریحان خەزنەوی- دیزاینەر:
وەک دەبینین ئەمانە تابلۆن و  زۆر شتی تایبەت لێرەن بەڕاستی، کە پێویستە سەرەنجیان بخەینە سەر، بە خەڵکی خۆمان بیانناسێنین و هەروەها پشتیوانیان بکەین و رێگە بدەین زیاتر گرنگی بە کولتوور و هونەر و فەرهەنگی کوردی و جلوبەرگ و دیزانی کوردی بدەن.
دەنگی میوزیک..
مەسعود تاهلۆ- دیزاینەر:
من مەسعودم، دیزاینەرم، لە 2018ەوە کاری دیزیان دەکەم و ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر جلوبەرگی کوردی دەکەم، پێشتر دروستم نەدەکرد، بەڵام دوای ئەوەی بیرم کردەوە من کوردم و دیزاینەرێکی کوردم بۆچی گرنگی بە دیزیان و دروستکردنی جلوبەرگی کوردی نەدەم، بۆیە کردم و هەوڵ دەدەم کولتووری خۆمان دەربخەین و هەرچەندە ئەوانەی من دروستیان دەکەم جیاوازن، بەڵام من ویستم کوردایەتی خۆم لە رێگەی دیزاینەکانمەوە بۆ گەلەکەم و هەموو جیهان بەدەربخەم.
دارین موڕاد- مۆدێل:
ناوم دارینە، خەڵکی قامیشلۆم و لە ئەڵمانیا دەژیم. یەکەم جارە دێمە هۆڵەندا و بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا دەکەم. دوو کراسی کوردی نمایشکران، یەکێکیان دیزاینی مەسعود بوو. زۆر دڵخۆشم، چونکە بەشداریکردنم لەم نمایشەدا هاندانێکە بۆ من و دەرخستنی جوانی جلوبەرگی کوردی، کاتێک رێکخەران داوایان لێکردم بەشداریی نمایشەکە بکەم، زۆر خۆشحاڵبوو، کە لە شارێکی وەکو دهۆک لەگەڵ کوردەکانی خۆمان لێرە بووم، لەگەڵ زۆر دیزاینەری کورد ئاشنا بووم و هەمیشە شتی جوان هەیە بۆ نیشاندان، خەڵکی ئێمە زۆر توانستیان هەیە. 

مەسعود تاهلۆ- دیزاینەر:
ئەمڕۆ شتێکی زۆر تایبەتە بۆ من کە جلوبەرگی کوردمان نمایش کرد، خەڵکی هۆڵەنداش ئەمڕۆ ئێمە لە شاری دەنهاخین لە هۆڵەندا، خەڵکی هۆڵەندا جلە جوانەکانی ئێمە دەبینن، ئەمەش شتێکی زۆر باشە بۆ ئێمەی کورد و بۆ کوردستان.
جۆلێ ڤان هارلێم- میوان:
زۆر خۆشە. من دراوسێکەم بانگهێشتی کردووم. بەڕاستی نەمدەزانی دەبێ چاوەڕێی چی بکەم، بەڵام تووشی سوپرایز بووم. بەڕاستی ئەوەی لێرە هەیە زۆر جوانە، هەم رووناکی و هەم رازاندنەوەی هۆڵەکە و خواردنێکی یەکجار زۆر خۆشیشی لێیە، بەڕاستی بۆ ئێمە زۆرتر لە چیرۆکی بەر ئاگردان دەچێ، بەتایبەتی ئەو هەموو وردەکارییە جوانکارییەی دەیبینین و ئەو خشڵە جوانانە، هەروەها ئەو هەموو خانمە نازدارانە! بەڕاستی ئێرە زۆر رەنگینە. قەت نەمدەزانی کولتووری کوردی هێندە جوانە. 
ریحان خەزنەوی- دیزاینەر:
ئێمە خاوەنی کەلتوورێکی دەوڵەمەندین، دەبێت نیشانی بدەینەوە کە ئێمە خاوەنی کولتوورێکی راستەقینەین و ئەمە جلوبەرگە کوردییەکانمانە و جلوبەرگی فۆڵکلۆرین، جلوبەرگی خێڵەکی و نوێن، هیوادارم جوان بێت، زۆر پشتگیریان لێکردین هەبوو بۆ یازدە دیزاینەری کورد، کە کاتێکی زۆر جوان بوو. 
پێشانگای رەنگاڵە، دەبێت بەردەوام بێت و ساڵانە جارێک بکرێت بۆ پشتگیری کاری گەنجانی کورد لە ئەوروپا بەگشتی، ئەوانەی ئەمساڵ دەرفەتیان نەبوو بەشداربن، ساڵی داهاتوو دەرفەتێکی نوێ و شانسێکی نوێ بە شێوەیەکی پیشەییتر دەبێت.
رەنج ئازاد- هونەرمەند:
خۆشحاڵبووم کە ئەمڕۆ منیش بەشداربووم لە گەورەترین ئیڤێنتی کوردی لە هۆڵەندا، وەک هونەرمەندێک بە زمانی کوردی سۆرانی خزمەتی فێستیڤاڵەکەم کرد.
دیاسپۆرا چیرۆکی کاریگەریی د.عوبێد ئەفەندی لە ڤیەننا دەخاتەڕوو

د. عوبەید ئەفەندی پزیشێکی ناسراوی کوردە لە نەمسا. خەڵکی کۆبانێیە و رۆحی کوردایەتییەکەی هی چوار پارچەی کوردستانە. یەکێکە لەو یەکەمین کوردانەی هاتوونەتە ئەورووپا. لە ساڵانی حەفتادا بووەتە سەرۆکی لقی نەمسای کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد. 
تیمی دیاسپۆرا لە نەمسا چوونە ماڵەکەی و لەگەڵ هاوژینەکەی پێشوازییەکەی گەرمیان لێکردن. ئەو ساڵانێک گەڕایەوە رۆژئاوای کوردستان و لەوێ خزمەتی دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی لە ڤیەننان و لەوێ چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ دیاسپۆرا گێڕایەوە. 
باسی ئەوەشیکرد کە چۆن بە ئامۆژگاریی کەسێکی نەمسایی چالاکییەکانی کوردی نەمسا لە حەفتاکاندا لە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵێک و وتارێک لە میدیای ئەوکاتی نەمسادا گۆڕاوە بۆ لۆبیکردن و دۆستایەتیی بڕیاربەدەستانی ئەو وڵاتە. 
یەکێک لەوانەی د. ئەفەندی لە نەمسا ناسیویەتی نەوشیروان مستەفا بووە. د. عوبەید باسی ئەوە دەکات کە چۆن هەواڵیان بۆ ناردووە کە نەوشیروان مستەفا لە ڤیەننایە و دەبێ هاوکاریی بکەن. بۆمان دەگێڕێتەوە کە چۆن لە زانکۆی نەمسا لە بەشی زانستە سیاسییەکاندا وەرگیراوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا دەچێتە شاخەکانی نەمسا. گوایە گوتوویەتی دەیەوێ فێری سەختییەکانی چیا ببێ. چیرۆکەکە لە زاری د. ئەفەندییەوە ببیستن. 
پاش تێکچوونی شۆڕشی کوردستان، دۆخی پەناهەندەکانی شۆڕش و سەرکردایەتییەکەشی لەژێر دەستی شای ئێران زۆر خراپ دەبێ. ئەوکات د. ئەفەندی و هاوڕێکانی هەوڵدەدەن و یەکەمین گرووپی ماڵباتە کوردە پەناهەندەکان لە ئێرانەوە وەکو پەنابەر دەگەیەننە نەمسا. پێمخۆشە گوێتان لە چیرۆکەکەی بێ. 

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

من لە ساڵی حەفتاکان لەدایک بووم. کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ڤیەننا لقی نەمسای هەبوو، بەڵام چالاکییەکانی کەم بوون. نەورۆزێکیان دەکرد و کوردەکان ئامادە دەبوون. ئەگەر بەیاننامەیەک لە کوردستانەوە دەهات، ئەو بەیاننامەیەیان دەخوێندەوە و دەڕۆیشتن، لەو کاتە کورد لێرە کەم بوون.

هەڵبژاردن بەڕێوەچوون و لەو کاتەدا من بووم بە سکرتێری کۆمەڵەی لقی نەمسا. بڕیارماندا کە پێویستە مۆڵەتمان هەبێت تاوەکو بتوانین بە ئارەزووی خۆمان کار بکەین لە نەمسا. داوای مۆڵەتمان کرد و وەرمانگرت، رێکخراو بووین، بەڵام ئیمکانیاتمان کەم بوو، تەنیا سندوقێکی پۆستەمان هەبوو، پۆست فاخێکمان هەبوو، ژمارەی 160 بوو. کلیلێکم هەبوو، دەچووم دامدەخست، جار جار پۆستە دەهات، شت دەهات، ئیمکانیاتی دیکەمان نەبوو کە بارەگایەکمان هەبێت و شتی وا بکەین.
رۆژێک لەو رۆژانە پۆستکارتێک هات بۆ ئێمە کە نووسیبووی "من زۆر حەزم لە کورد و کوردستانە و دۆستی کوردم"، ئەگەر کاتتان هەیە، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەکەمە، تەلەفۆنم بۆ بکەن. تەلەفۆنم کرد، دەرکەوت ئەو کەسە بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی حزبی سۆسیالیستی نەمساییە.
کەسێکی زۆر سپۆڕت بوو و زۆر حەزی لە کورد و کوردستان بوو، دەیویست یارمەتیمان بدات، ئەو فێری کردین چۆن کار بکەین.پێی گوتین "هەر مانگێک دەبێت لەلای رۆژنامەڤانان شتێک لە رۆژنامەکاندا بڵاو بکەینەوە. ئەمە کەمە بۆ کاری سیاسی، پێویستە ببنە ئەندامی حزبە سیاسییەکان، ببنە ئەندامی رێکخراوەکان، کار بکەن و هاوڕێ و دۆست لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندی دروست بکەن".

لەو کاتەدا تەلەفۆنم بۆ تارق ئاکرەیی کرد کە ئەو کاتە بەرپرسی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە بۆن و هەروەها بەرپرسی پارتیش بوو. گوتم "کاک تارق، دوو حیزبی دەبێت و یان نابێت، ئێمە چی بکەین کێشەیەکی وا هەیە؟" گوتی "کاک عوبەید، ئەگەر خزمەتی کورد و کوردستان بکەیت هیچ کێشە نییە". گوتم "کاکە ئەمەش بۆ کورد و کوردستانە، ئێمە چ کارمان بە سۆسیالیستی نەمساوی هەیە؟"
دابەشمان کرد، هاوڕێیەکمان هەبوو ناوی خەتا ئۆسۆ بوو، ئەو چوو بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤ، بۆ رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ. ئاژانسی هەواڵی ئاستریا، من وەکالەتی رۆژنامەڤانیی نەمساوی و پەیوەندییەکانم لەگەڵیان دروست کرد. پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیان دروست کرد.
من لەو کاتەدا بینیم کە کاتێک هاتمە ئێرە، دۆخی ئابووریمان باش نەبوو. لە چایخانەی خانەی خوێندکاران کارم دەکرد. لە ساڵی 1972 بوو، یەکشەممەیەک هاوڕێیەک هات بە رێکوپێکی و داوای پیاڵەیەک چای و نانی خواست و پێشکەشم کرد. کاتێک خواردنەکە هات گوتم حیسابەکە چەندە؟ گوتی حیساب نییە. تۆ میوانی ئێمەیت، تۆ خوێندکاریت و یەکەم جارە هاتوویتە ڤیەننا، ئێمە هیچ پارە وەرناگرین. گوتی تۆش بۆ پارە وەرناگریت؟ تۆ کێیت؟ گوتم وەڵڵا من کوردم. گوتی کوردی؟ تۆ بارزانیت؟ بەڵێ من بارزانیم. بە راستی بە دڵێکی خۆشەوە کە یەکێک گوتی بارزانی، ئێمە زۆر کەیفمان خۆش دەبوو. گوتم بەڵێ ئێمە بارزانین، لێرە خوێندکار پارە وەرناگرێت و لە ڤیەننا دەخوێنێت و پارە وەرناگرێت، گوتی ئێمە بە عادەتی کورد میوانێکمان بێت هیچ پارەی لێ وەرناگرین. وا بوو، گوتی پارە وەرناگرین. ئەمە کارتی منە، رۆژێک لە رۆژان ئەگەر شتێکت پێویست بوو وەرە لای من، لەوێ نەما.
رۆژێک لە دوای ئەوە من هایم لایتەرێکم هەبوو، ئەو لە خانەی خوێندکاران چاودێری خانەی خوێندکاران بوو، گوتیان یەکێکی وا هاتووە. گوتم ناوی چییە؟ گوتی نازانم، بەس کارتێکم هەیە، کە کارتەکەی پیشان دا گوتی دەزانی ئەمە کێیە؟ گوتی ئەمە بەرپرسی هەموو خوێندکارە بیانییەکانە لە نەمسا، ئەمە دەتوانێت هەر شتێک بکات، هەموو شتێک دەتوانێت بکات و تەواو، چووم لای ئەو پەیوەندییەکم لەگەڵی دروست کرد، پەیوەندییەکی بەهێز تا ساڵێک. من بانگهێشتی ماڵی خۆی کردم لەو کاتەدا، دیاری بۆ منی هێنا، پاکەتێک بوو. پاکەتەکەم کردەوە، بۆینباخێک و کراسێک و قەمیسێکی وەک دیاری پێدام، پەیوەندییەکی باشم لەگەڵی دروست کرد. 
دوای ئەوە هاوینان دەهاتم لە نووسینگەکەی کارم دەکرد، ئەوان یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانیان ئیشی هاوینە دەدەن بە خوێندکاران. رۆژێک لە رۆژان تەلەفۆنێکم بۆ هات، ژنێک بوو گوتی من کۆرسی عەرەبی لە زانکۆ دەخوێنم، بەڵام پێویستم بە کەسێک هەیە بە عەرەبی قسەم لەگەڵ بکات. بێگومان ئێمە لە وڵاتانی عەرەبی دەژین، ئاسانترە یەکێک عەرەبی بزانێت،. گوتی بەڵێ مامۆستا هەیە.
لەو کاتەدا ئێمەش دۆخمان خراپ بوو، گوتم هەیە، مەوعیدێکمان دانا. چوومە لای ئەو، نزیکەی مانگێک وانەم پێدەگوت، هەفتەی دە جار. گوایە دێت بۆ ئێمە لە چایخانە دادەنیشین، گوتی قەیناکە تۆ بێیتە ماڵی ئێمە؟ لە ماڵ راحەتترە بۆ من و بۆ تۆش. گوتم کێشە نییە. من چوومە ماڵ، کە چوومە ماڵ، هیچ کەس نەبوو لەوێ، پیاوێک هات مێردی ئەو بوو. دەرکەوت وەزیری دادی نەمسا، کریستیان برۆدا بوو، پەیوەندیان دروست بوو، هاتوچۆ دروست بوو. ئەو دەهاتە لای خوێندکاران، ئەو دەهاتە ماڵی من، من دەچوومە لای ئەو.

ئەو پەیوەندییە لەگەڵ وەزیری داد بەهێز بوو، لەگەڵ خێزانەکەی بەهێز بوو، لەگەڵ دکتۆر کۆلەر بەرپرسی خوێندکارە بیانییەکان بەهێز بوو، ئەوە من ناڵێم، لەو کاتەدا وەک گوتم بە ئێمەی گوت دەبێت ببنە ئەندامی حیزبەکان، ببنە ئەندامی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکی بەهێزمان دروست کرد.
هەڵبژاردن بەرێوەچوون، ئێمە لەگەڵ نزیکەی سێ جەلالی هەبوون و هەروەها کۆمەڵەش هەبوون. کۆمەڵەی خوێندەڤانی کورد لە کاتی خۆیدا کۆمەڵێکی سەربەخۆ بوو، ئێمەی پارتی تێیدابوون، هەروەها جەماعەتی جەلال هەبوون، کۆمۆنیستی تێدا هەبوون، کۆک و کاژیک تێدا هەبوون، هەموو کەس تێدا هەبوو، بەڵام ئێمە بۆ کورد و کوردستان یەک دەست بووین، راجیایی هیچ نەبوو حەقیقەت بۆ خزمەتی کورد و کوردستان، ئێمە یەک بووین بەس هەر کەسێک فکری خۆی سیاسی هەبوو ئەو بۆ خۆی بوو بۆ حیزبی خۆی بوو بەس نەک بۆ کۆمەڵە و کاری نەتەوەیی.

رۆژێک لە رۆژان لە ساڵی 1973 دا کاک تارق تەلەفۆنی بۆ من کرد گوتی کاک عوبێد، گوتی برادەرێک هاتووەتە لای ئێوە، لە مەکتەبی سیاسی پارتی نامەیەکم بۆ هاتووە کە کەسێک بەناوی نەوشیروان ئەمین هاتووە، لە کاتی خۆیدا نەوشیروان جەماعەتی جەلالی بوو، ئێستا وازی لە جەماعەتی جەلال هێناوە، پێویستی بە هەرچییەک هەبووە یارمەتی بدەن.
کاتی خۆی فوئاد مەلا مەحموود، هەبوو خەڵکی سلێمانی بوو، لە فوئادم پرسی یەکێک هاتووەتە ئێرە بە ناوی نەوشیروان مستەفا ئەمین سەر بەکێیە؟، چونکە فوئاد جەلالی بوون بە ئیعتیبار ئێمەش دەمانزانی نەوشیروان پارتییە جەماعەتی ئێمەیە. ئێمە لێمان پرسی و نەوشیروانمان دۆزیەوە، چووینە زانکۆ و کۆرسی ئەڵمانیمان بۆ وەرگرت و  لە پسپۆری سیاسەت و ئابووری، کارەکانمان لە زانکۆ بۆ تەواوکرد و دواتر چووینە لای پۆلیسیش هەروەها مافی مانەوەشمان بۆ دەستەبەر کرد، ئێمە هەموو کارەکانی ئەومان تەواوکرد و گوتمان کاک نەوشیروان ئێستا دەبێت دەست بە کۆرس بکەی و ئیتر ئەویش دەبوایە دەست بە خوێندن بکات، بەڵام ئەو دەستی پێنەکرد ، ناوچەیەک لێرە هەیە بەرزی و نزمییە، واتە زۆر چیا و شاخ و دۆڵی لێیە، چووە ئەوێ و بووە شوانی گامێشان، دەیگوت دەبێت من فێری ژیانی قورس و زەحمەت بم.

سامی عەبدولرەحمان یەکەم کەس بوو کاتێک مەلا مستەفا بارزانی(رەحمەتی) شۆڕشی وەستاند لە ساڵی 1975 هاتە ئەورووپا، کاک تارق گوتی" دۆخەکە زۆر خراپە و داوامان لە حکومەتەکان کرد کە پەنابەرانی کوردستانی عێراق وەربگرن، بەڵام هیچ کەسێک وەرینەگرتین"، سەرکردایەتیی گشتی لە ئێران چاودێری دەکران و هیچ جووڵەیەکیان پێ نەدەکرا، دوای گەڕانەوەم لە کۆنگرە لە 1975، هاوڕێیەکم کە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوو لە نەمسا پرسی چۆنە دۆخەکە. گوتم" دۆخەکە خراپە". گوتی ئێمە چیمان پێدەکرێت بۆ ئێوە بیکەین؟ گوتم سەرکردایەتیی پارتی دەیانەوێت پەنابەری سیاسی وەربگرن.

بەیانی چووینە لای برۆنۆ کرایسکی، کە لەو کاتەدا سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی نەمسا و راوێژکاری نەمسا بوو. بەبێ دواکەوتن چووینە لای کرایسکی، لەسەر مێزەکەی هەستا و هاتە لام. هاوڕێکەم مەناخێم کە بەرپرسی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە نەمسا، دەستی بە شیکردنەوەی دۆخی کورد کرد. کرایسکی گوتی پێویست ناکات شیکردنەوە بکەیت، من دۆخی کوردان باش دەزانم، گوتی "ئێمە چیمان پێدەکرێت بۆ ئێوە بیکەین؟" گوتمان دۆخەکە ئەوەیە کە سەرکردایەتی پارتی و مەلا مستەفا و خێزانی مەلا مستەفای رەحمەتی هەموویان لە ئێرانن و لەژێر چاودێری دەزگای ئاسایش و ساواکی ئێرانن، هیچ جووڵەیەکیان پێناکرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەم کەسانە پەنابەری سیاسی لە نەمسا وەربگرن، ئەمە کێشەکەیە.
چووینە لای فیشەر لە کلوبی فیشەر ئۆپمان کە سەرۆکی پەرلەمانی پارتی سۆسیالیست بوو. چووین چاوەڕێی دەکرد. گوتی با تێبگەم. ئەمڕۆ ئێوارە کۆبوونەوەی پەرلەمان هەیە، ئێمە مەسەلەی کورد و پەنابەری کورد دەخەینە بەر باس، گوتی باشترە بچینە لای پارتی ئۆپۆزیسیۆن (گەل) کە حیزبێکی نوێ بوو. تەلەفۆنی بۆ سکرتێریان کرد و گوتی ئامادەیە. من و مەناخێم چووینە لایان. بەبێ شیکردنەوە گوتی من مەسەلەی کورد دەزانم و حەزم لە کورد و مەلا مستەفا هەیە. مەلا مستەفا نیشتمانپەروەرە و ئێمە ئەمشەو بڕیار دەدەین بە یەک دەنگ پەنابەری کورد لە نەمسا وەربگرین.
سوپاسم کرد و دەرچووین. کاژمێر حەوت و نیوی ئێوارە لە هەواڵەکانی رادیۆی ئێر ئێف تییەوە بیستمان کە بە یەک دەنگ پەرلەمانی نەمسا بڕیاری دا سەد و پەنجا خێزانی کورد وەک پەنابەری سیاسی لە نەمسا وەربگیرێن.
هەواڵمان دایە تاریق و ئەویش هەواڵی دایە دکتۆر شەفیق قەزاز کە لەو کاتەدا بەرپرسی پەنابەران بوو لە تاران. داوامان لێکرد لیستێک ئامادە بکات بۆ پەنابەری. دواتر هەواڵ هات کە ئەو پەنابەرانەی دێن هیچ پاسپۆرت و بەڵگەنامەیەکیان نییە. گەڕاینەوە لای برۆنۆ کرایسکی، گوتی هیچ کێشە نییە، تەنیا پێویستە لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی هاتووچۆیان لە تاران بۆ دروست بکرێت و ناوەکانیان بدەنە ئێمە.
لە سەرەتای ساڵی 1976 کاک سامی عەبدولڕەحمان هاتە ئێرە، رۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی "کاک عوبێد، من لە فڵان شوێنم و دەمەوێت تۆ ببینم". تەلەفۆنەکەی لە تارق ئاکرەیی وەرگرتبوو. لە رێگای تارقەوە بینیم، تارق گوتی ئەوە سامییە، بینیم. پرسیم بۆ پەنابەری؟ گوتی بەڵێ. تەلەفۆنمان بۆ هاوڕێکەمان مەناخێم کرد و گوتمان وەرە با بچینە لای کرایسکی. رۆژی دواتر کاک سامی و من چووین، چووینە لای و وتمان ئەمانە کوردن. سامی کە وەزیری پێشووی کورد بوو، سامی عەبدولڕەحمان، زۆر گرنگی پێدا. لیژنەیەکیان دروستکرد لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری دەرەوە و وەزیری داد، دکتۆر کۆلەر کە دۆستمان بوو کۆیانکردەوە. کۆبوونەوەکەمان لە لای کرایسکی لە وەزارەتی داد بوو. ئەوان بڕیاریاندا هەموو کورد، هیچ بەڵگەنامە و شایەتی و هیچ شتێکیان ناوێت، تەنیا شتی گرنگ بەڵگەنامەیەکە لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، مستەفا گۆران لەگەڵ کوڕەکەی لە ساڵی شەستەکان لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێند. کۆمەڵە مۆر و واژۆی بکات، ئەوە قبووڵە و تەواوە.