بەرلین؛ کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵ رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە

بەرلین؛ کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵ رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە
بەرلین؛ کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵ رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە

شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ئەم هەفتەیە رووبەڕووی وردەکاریی رووداوێکی دڵتەزێن بووەتەوە کە کچێکی کوردی تەمەن 16 ساڵ قوربانییەکەیەتی. بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی 11ی ساڵی رابردوودا، کچەکە لە سەنتەرێکی گەنجان لە گەڕەکی نۆیکویلن، لەلایەن گەنجێکەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە، بەڵام لەو کاتەدا رووداوەکە بێدەنگیی لێ کراوە.

دواتر لە مانگی 1ی ئەمساڵدا، ژمارەیەک گەنجی دیکە قوربانییەکەیان بردووەتە بەشی پشتەوەی هەمان سەنتەر و دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر. ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنجی رای گشتی، ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەرەکە و دواتر فەرمانگەی کاروباری نەوجەوانان ئاگاداری رووداوەکە بوون، بەڵام هیچ رێکارێکیان نەگرتووەتەبەر. رووداوەکە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە کچەکە پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کرد و ئەوانیش فەرمانگەی تاوانەکانیان لە دۆسییەکە ئاگادار کردەوە.

بەپێی یاساکانی ئەڵمانیا، لە دۆسییەی هاوشێوەدا پاراستنی ناسنامەی قوربانی لەپێشینەیە، هەر بۆیە لە هیچ بەیاننامە و لێدوانێکی فەرمیدا ناوی کچەکە ئاشکرا نەکراوە. تەنیا ئەوە خراوەتەڕوو کە باوکی قوربانییەکە سکاڵای یاسایی لەسەر دەستدرێژیکارەکان، بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەری گەنجان و فەرمانگەی نەوجەوانان تۆمار کردووە. پۆلیس لەم چوارچێوەیەدا چەند کەسێکی دەستگیر کردووە و گومان دەکرێت یەکێک لە تۆمەتباران کە تەمەنی 17 ساڵە، ڤیدیۆی رووداوەکەی تۆمار کردبێت، بەمەبەستی ئەوەی لە داهاتوودا وەک هەڕەشە لە دژی کچەکە و وەک بەڵگەش لە بەرامبەر هاوڕێکانی بەکاری بهێنێت.

رووداوەکە کاردانەوەی سیاسیی فراوانی لێکەوتووەتەوە. سارا ناگل، کە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوچەی نۆیکویلنە، رەخنەی توندی لە فەرمانگەی نەوجەوانان گرتووە کە سەرەڕای ئاگاداربوون لە رووداوەکە، هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.

فالکۆ لیککە، وەزیری کاروباری نەوجەوانان لە هەرێمی بەرلین، رایگەیاندووە کە پێی وایە بێدەنگیکردن لەم دۆسیەیە پاڵنەری سیاسیی لەپشت بووە و هەوڵ دراوە سەرنجی رای گشتی لەسەر کۆمەڵگەی موسڵمانان لاببرێت، چونکە بەپێی زانیارییەکان تۆمەتباران موسڵمانن. ناوبراو جەختی کردەوە کە بەم کارە، جارێکی دیکە ستەم لە قوربانییەکە کراوە.

لەلایەن خۆیەوە، جڤاتی کوردی لە ئەڵمانیا (Kurdish-e Gemeinde) لە راگەیەندراوێکدا داوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفافی لە رووداوەکە کردووە و رایگەیاندووە: "ئەگەر بیسەلمێنرێت کە کارمەندانی سەنتەرەکە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی هەوڵی پاراستنی تاوانبارانیان داوە، ئەوا ئەمە دەبێتە ئابڕووچوونێکی گەورە."


گەنجێکی کورد لە باکووری ئەڵمانیا کوژرا

لە شارۆچکەی ئێکەرنفۆردە لە نزیک شاری کیلی باکووری ئەڵمانیا، گەنجێکی کوردی تەمەن 15 ساڵان بە ناوی ئەحمەد تارق لە بارودۆخێکی ناڕووندا کوژرا. ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، پۆلیسی ئەڵمانیا لە بوونی ئاڵۆزییەک لە بەردەم سوپەرمارکێتێک ئاگادار کرایەوە. دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس، تەنیا شوێنەواری خوێن لە شوێنی رووداوەکەدا دۆزرایەوە. بە گوتەی شایەتحاڵان، بەر لە گەیشتنی پۆلیس، ئۆتۆمبێلێک بەخێرایی شوێنەکەی جێهێشتووە. دواتر، ئەحمەد بە برینداری لە دووریی نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە دۆزرایەوە و لە رێگەدا بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

تارق بەکر، باوکی قوربانییەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەی 4 ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا کۆچیان کردووە و کوڕەکەی خوێندکاری بەشی پیشەیی تەکنیکاریی ددان بووە. تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ کەسێکی لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام بە باوکی قوربانییەکەیان راگەیاندووە کە سەرەداوی گرنگیان لەبارەی تاوانەکەوە دەستکەوتووە. باوکی ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامەی ئەنجامدەران و پاڵنەری پشت تاوانەکە نییە و پزیشکی دادی سەرقاڵی پشکنینی تەرمەکەیە بەر لەوەی رادەستیان بکاتەوە.


هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت

لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی هۆڵەندا، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچن، 13 بەربژێری کورد لەنێو پارتە جیاوازەکاندا بەشداری دەکەن کە هاووڵاتیی بەشە جیاوازەکانی کوردستانن.

بەرنامەی "دیاسپۆرا"، بەهۆی گرنگیی رۆڵی حکوومەتە خۆجێیەکان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، بەتایبەتی ئەو کوردانەی لە هۆڵەندا نیشتەجێن، گرنگیی بەم هەڵبژاردنانە داوە. ئامانجی بەرنامەکە هاندانی کوردانی هۆڵەندایە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان. بەرنامەی دیاسپۆرا لە بنکەیەکی کولتووری لە شاری زوترمیر، میوانداریی سێ لە بەربژێرە کوردەکانی کرد.

هێمن حەوێزی، بەربژێری ژمارە 2ـی پارتی کرستیان دیموکرات لە شاری زوترمیر؛ سایە عومەر بلە، بەربژێری ژمارە 7 لە شاری هارلێم؛ و سەمیر شەریف، بەربژێری ژمارە 25 لە شاری دەنهاخ، لەگەڵ نزیکەی 10 بەربژێری دیکەی کورد لە شارە جیاوازەکانی هۆڵەندا بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لە میانی گفتوگۆیەکدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هۆڵەندا کرایەوە. ئاماژە بەوەش کرا کە بوونی نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنی شارەوانیی دەنهاخ، کە شارێکی گرنگە و باڵیۆزخانەی زۆربەی وڵاتانی تێدایە، پێویستییەکی هەنووکەییە و داوا لە کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە کرا کە بەشداریی دەنگدان بکەن.

سەمیر شەریف، بەربژێری ژمارە 25 لە شاری دەنهاخ، یەکێکە لە بەربژێرەکان و لە هۆڵەندا لەدایک بووە و گەورە بووە و خوێندنی لە بواری بەڕێوەبردن تەواو کردووە. ناوبراو رایگەیاند کە هارلێم شارێکی گرنگە و ژمارەیەکی بەرچاو کوردی لێ نیشتەجێیە، بۆیە گرنگە دەنگیان هەبێت و نوێنەری خۆیان لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا هەڵبژێرن.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، جیاوازیی نێوان هەڵبژاردنی پەرلەمانی ناوەندی و شارەوانییەکان روون کرایەوە. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە شارەوانییەکان دەسەڵاتیان لە بوارەکانی خانووبەرە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، رێگەوبان و کاروباری رۆژانەی هاووڵاتییاندایە، کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە.

هێمن حەوێزی، رایگەیاند کە ئەم دیدگایە جیاوازە لەوەی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، کە تێیدا پۆستی وەزیر پلەیەکی زۆر بەرزتری هەیە و وەرگرتنی پۆستێکی خوارتر وەک قایمقام بە کەمکردنەوەی پێگەی سیاسی ئەژمار دەکرێت.

سەمیر شەریف، باسی لە کارنامەی هەڵبژاردنی خۆی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشە رۆژانەییەکانی هاووڵاتیان دەدات، لەوانە پاکوخاوێنی و وەرزش. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی رێزگرتنی یەکسان لەنێوان ژن و پیاو و دابینکردنی پێداویستی بۆ منداڵان کردەوە و ئاماژەی بە پرۆژەیەکی 5 ساڵە کرد بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی.

هێمن حەوێزی، بەربژێر لە شاری زوترمیر، ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 3,000 کورد لەو شارەدا نیشتەجێن و گەنجەکانیان دوای تەواوکردنی خوێندن پێویستیان بە یەکەی نیشتەجێبوون لە نزیک خێزانەکانیان هەیە. بە گوتەی ئەو بەربژێرە، بەهۆی کەمتەرخەمیی ساڵانی رابردوو، ئێستا پێویستە لە ماوەی 4 ساڵی داهاتوودا 16,000 یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کە بەشێکە لە قەیرانێکی فراوانتری نیشتەجێبوون لە شارەکانی وەک دەنهاخ و هارلێم. ناوبراو هەروەها بەڵێنی دروستکردنی هێڵێکی ترامی لەنێوان رۆتردام و زوترمیر دا کە لە چوارچێوەی بەرنامەی هەڵبژاردنەکەیاندایە.

ئەم بەشدارییە سیاسییە بە پێشکەوتنێکی گرنگ بۆ رەوەندی کوردی لە ئەورووپا دادەنرێت، کە لە رابردوودا تەنیا ئاواتیان ناساندنی ناوی کورد بوو، بەڵام ئێستا گەنجەکانیان لە شارەوانی و پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپادا کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆست دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، لە شاری ئایندهۆڤنی هۆڵەندا، کە بە شاری تەکنەلۆژیا و زانست ناسراوە، خانمە نووسەر و ئەکادیمیی کورد، چنوور زاگرۆس، خۆی بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکە بەربژێر کردووە.

چنوور زاگرۆس، کە ماوەی نزیکەی 18 ساڵە لە ئایندهۆڤن نیشتەجێیە و کاندیدی ژمارە 31ـە، ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لەنێوان کۆمەڵگەی هۆڵەندی و کۆچبەراندا، بەتایبەتی بۆ ئەوەی ببێتە دەنگی کۆمەڵگەی کوردی و پێگەیان لە شارەکەدا بەهێزتر بکات.

چنوور زاگرۆس، داوای لە کوردانی دانیشتووی ئایندهۆڤن کرد کە لە رۆژی چوارشەممە، 18ی مارس، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و دەنگی پێ بدەن، بۆ بەهێزکردنی دەنگی کورد لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا.


هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ویلایەتی هێسن بە بەشداریی چەندین بەربژێری کورد بەڕێوەچوو

رۆژی یەکشەممە، 15ی ئادار، هەڵبژاردنی شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەکان لە هەرێمی هێسنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. چەندین بەربژێری کورد بەشێوەی سەربەخۆ، لەنێو پارتە ئەڵمانییەکاندا و لە چوارچێوەی لیستێک بە ناوی "کوردستان" بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد.

حەسەن سیفەدین، کە بەربژێری پارتی سۆسیالدیموکراتی ئەڵمانیا بوو بۆ ئەنجوومەنی شاری گیسن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرنگیی ئەو هەڵبژاردنانە لەوەدایە کە بڕیار لەسەر ئەو پرسانە دەدەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە، وەک قوتابخانەکان، باخچەی ساوایان، گواستنەوەی گشتی و پەرەپێدانی گەڕەکەکان. ئەو بەربژێرە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ ئەنجوومەنی بیانییان و ئەنجوومەنی شارەکە خۆی بەربژێر کردووە و لە بەرنامەیدایە گرنگی بە زمانی کوردی و کولتوور و ناسنامەی کوردی لە شارەکەیاندا بدات.

ئەو کوردانەی کە وەک بەشێک لە دیاسپۆرا لە ویلایەتی هێسن نیشتەجێن، مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنەدا هەبوو. لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکان، بەربژێر و لیستی کوردی بوونیان هەبوو و بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.

لەلایەکی دیکەوە، پۆستەرێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە شاری فرانکفۆرت سەرنجی زۆری بەلای خۆیدا راکێشا؛ پارتی سەوز لە شارەکەدا داوای کرد کە ژمارەی توالێتە گشتییەکان و شوێنەکانی میزکردن زیاد بکرێن و بکرێنە خۆڕایی. ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە نرخی بەکارهێنانی ئاودەست لە ئەڵمانیا روو لە بەرزبوونەوەیە و لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە 1.5 یۆرۆ.


گەنجێکی کوردی خەڵکی عەفرین لە هەفتەی مۆدی دوبەی بەشداری دەکات

لەیس موحەمەد، گەنجێکی کوردی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی عەفرینە و ماوەی 2 ساڵە لە دوبەی نیشتەجێیە و کار دەکات، ئەمساڵ وەک مۆدێلێک بەشداریی لە هەفتەی مۆدی دوبەی کرد، کە بە یەکێک لە بۆنە گرنگەکانی بواری فاشن لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.

لەیس موحەمەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە لە سەرەتادا بەشداریی لە خولی راهێنانی تایبەت بە مۆدە کردووە و بۆ ئەمساڵیش لەلایەن دیزاینەرێکی لوبنانییەوە، کە خاوەنی براندێکی جلوبەرگە، بانگهێشت کراوە بۆ نمایشکردنی دیزاین و بەرهەمە نوێیەکانیان.

ناوبراو سەبارەت بە بەشداریی مۆدێلە کوردەکان رایگەیاند، کە بە دەگمەن مۆدێلی کورد لەو جۆرە چالاکییانەدا بەشدارن، هەر بۆیە بە گرنگی زانیوە تواناکانی خۆی پەرە پێبدات و ببێتە مۆدێلێکی جیهانی. ئەو گەنجە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی براندێکی تایبەت بە خۆی دەکات، کە بریتی دەبێت لە جۆرێک بۆن و ناسنامەیەکی کوردی هەڵدەگرێت.


دکتۆر بێهرووز چەمەنئارا، شیکاری بۆ هێرشی لایەنگرانی رەزا پەهلەوی دژی کورد دەکات

دەرهاویشتەکانی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی بەرچاوی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەر ئەوروپا و ئەمریکا، بەتایبەتی لەنێو دیاسپۆرای کورددا، جێهێشتووە. لە ماوەی ئەم دواییانەدا، توندوتیژیی لایەنگرانی رەزا پەهلەوی، ناسراو بە "شاپەرستان"، بەرامبەر بە کورد لە دەرەوەی وڵات پەرەی سەندووە. ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ئاڵای کوردستان هەڵدەگرن، نموونەی دیاریش هێرشکردنە سەر چێشتخانەیەکی کوردی بوو بە ناوی "نەورۆز" لە لەندەن.

دکتۆر بێهرووز چەمەنئارا، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لە شیکارییەکدا هۆکاری ئەم رەفتارانە بۆ مێژووی "داگیرکاری" و "کۆیلەکردن" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە. بە بڕوای ناوبراو، دەوڵەتی ئێران، چ لە سەردەمی رژێمی پێشوو و چ لە ئێستادا، مامەڵەیەکی کۆلۆنیالیستییانەی لەگەڵ گەلان، بەتایبەتی کورد، پەیڕەو کردووە.

بەپێی قسەکانی چەمەنئارا، ئەم سیاسەتە لە رێگەی قەدەخەکردنی زمان و تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە. ئەو پێناسەیەی بۆ "ئێرانیبوون" دارێژراوە، ناسنامەی کوردی پەراوێز خستووە و داوا دەکات کورد تەنیا لە چوارچێوەی ئێرانێکی ناوەندگەرا و فیداکاردا بوونی هەبێت و ناسنامەی خۆی بسڕێتەوە.

دکتۆر بێهرووز چەمەنئارا، باسی لە چەمکی ناسنامەی ئێرانی و جیاوازیی تێڕوانینی نێوان فارس و کورد کرد و ئاماژەی بەوە دا کە مێژووی ئێران، وەک سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکان، بەشێکە لە مێژووی کوردیش، بەڵام لە ئێستادا ئەم دیدگایە رەت دەکرێتەوە.

جەخت لەوە کرایەوە کە دەوڵەتی ئێران، چ لە سەردەمی شا و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە کە لە قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەدا زمانی فارسی وەک زمانی باڵادەست بسەپێنێت، لە کاتێکدا کورد و نەتەوەکانی دیکە ئەو دەرفەتەیان پێنەدراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە لەنێو ئێراندا، فارسەکان بە شێوەیەک پەروەردە کراون کە خۆیان بە باڵادەست بزانن و کوردەکان وەک "تەجزییە تەڵەب" (جوداخواز) سەیر بکەن.

دکتۆر بێهرووز چەمەنئارا، دۆخی دەروونیی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەوروپای شیکردەوە و رایگەیاند، ئەو ئێرانییانە لە لایەکەوە هەست بە کەمیی خۆیان دەکەن بەرامبەر بە ئەوروپییەکان، بەڵام لە لایەکی دیکەوە خۆیان بە باڵادەستتر لە کورد دەزانن. ئەم هەستە وای کردووە کە هەندێک ئێرانی لە ئەوروپا، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، سەردانی چێشتخانە و مارکێتە کوردییەکان بکەن و داوایان لێبکەن ئاڵای شێر و خۆری ئێران هەڵواسن.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ناکۆکیی هەڵوێستی هەندێک لەو ئێرانییانە کرد؛ بۆ نموونە، سیاسەتمەدارێکی ئێرانی لە وڵاتێکی وەک بەلجیکا رەنگە پشتگیری لە مافی جیابوونەوەی هەرێمەکان بکات، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر ئێران، هەمان کەس دژی هەر جۆرە داواکارییەکی سەربەخۆیی بۆ کورد دەوەستێتەوە و بە توندی رووبەڕووی دەبێتەوە.


چەمەنئارا  گوتیشی، هەندێک جار لایەنی بەرانبەر خۆی بڕیار دەدات تێنەگات؛ بۆ نموونە، ئایدۆلۆژیای ئێران کە لەسەر بنەمای ''یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک وڵات'' دامەزراوە، بڕیاری داوە گوێ لە کورد نەگرێت و نایانبینێت.
دەربارەی ئەوەی ئایا کورد لە دیاسپۆرا توانای ئەوەی هەبووە کە بە شێوەیەکی دامەزراوەیی خۆی رێکبخات و دەسەڵاتی هەبێت، دکتۆر بێهرووز باوەڕی وایە کە سەرەڕای هەبوونی ئەو توانایە، ئەم کارە نەکراوە و رێکخراوە کوردییەکان لاوازن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بە هەندێک گۆڕانکاریی ئەرێنی کرد، وەک کارەکانی رێکخراوی کوردی لە ئەڵمانیا کە لەم ساڵانەی دواییدا چالاکتر بوون و پەیوەندییان لەگەڵ پەرلەمانتاران و حیزبەکاندا دروست کردووە. هەروەها، پشتیوانیکردنی کوردان لە بەربژێرە کوردەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، نیشانەی گۆڕانکارییە، هەرچەندە ئەمەی وەک ''درەنگ بەخەبەرهاتن'' ناوبرد.
دکتۆر بێهرووز گوتیشی، کورد بە شێوەیەکی مێژوویی لە کاری رێکخراوەیی درێژخایەندا سەرکەوتوو نەبووە. بەڵام دامەزراوەکان لە باشووری کوردستان وەک خاڵێکی ئەرێنی دەبینێت، لە کاتێکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان رژێم رێگرە، هەرچەندە هەندێک دامەزراوەی نافەرمی وەک گرووپەکانی ژینگەپارێزی لەنێو خەڵکدا سەریانهەڵداوە.

لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن دەدرێت. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات.
 
پێشکەشکار: هێمن عەبدوڵڵا
پرۆدیوسەر: سابیر یاسین و سەنگەر ستار