لە سوێد دوو گەنجی بێتاوانی کورد دەبنە قوربانیی شەڕی باندە تاوانکارییەکان و گیان لەدەستدەدەن.

18 April 2025
لە سوێد دوو گەنجی بێتاوانی کورد دەبنە قوربانیی شەڕی باندە تاوانکارییەکان و گیان لەدەستدەدەن.


لە سوێد دوو گەنجی بێتاوانی کورد دەبنە قوربانیی شەڕی باندە تاوانکارییەکان و گیان لەدەستدەدەن. 
 
ئێوارەی 14ی نیسان، واتە چوار شەو لەمەوبەر، بە دروستی کاژێر 11:36 خولەک، خەڵکی ناوچەی (بیسکۆپسگۆرتن) لە شاری یۆتۆبۆریی سوێد گوێیان لە دەنگی تەقە دەبێ. پێنج شەش گوللە دەتەقن. ئەو شوێنەی دەنگەکانی لێ بیستراوە پارکێکی ئۆتۆمبێلە. 
 
خەڵک تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەن. کاژێر 3:55 خولەک پۆلیس ئاشکرای دەکات کە دوو کەس لە تەقەکردنەکەدا بەرکەوتوون. یەکێکیان تەمەنی نزیکەی 20 ساڵە و ئەوەی دیکەیان 25 ساڵە. دوو ئۆتۆمبێلیش بە تەقەکان زیانیان پێگەیشتووە.
 
هەردووکیان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام برینەکانیان سەخت بوون، بۆیە گیانیان لەدەستداوە. دواتر دەردەکەوێ کەسێکی دیکەش کە تەمەنی نزیکەی 30 ساڵ بووە لەگەڵ دوو کوژراوەکە بووە و بەرنەکەوتووە. ئەو رایکردووە و رزگاری بووە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی دیاسپۆرا، ئەو دوو گەنجەی گیانیان لەدەستداوە هەردووکیان کوردن. 25 ساڵەکە خەڵکی باکووری کوردستانە و ناوەکەی نەزاندراوە. 20 ساڵەکە باشوورییە و دیاسپۆرا زانیویەتی لە ماڵباتێکی ناسراوی سلێمانییە. ناوی رێژیر ئومێدە، کە لە سوێد بە رێژیر عەبدولڕەحمان ناسراوە. 
 
هەر زوو پۆلیس و رۆژنامەی بەنێوبانگی سوێدی (ئافتۆنبلادت) بۆیان دەردەکەوێ کە رووداوەکە شتێکی تەواو نییە: ئەوانەی کە کوژراون هیچ تۆمارێکی تاوانیان لای پۆلیس نییە و پێشتر گومانیشیان لێ نەکراوە کە دەستیان لەگەڵ گرووپە تاوانکارییەکان هەبووبێ. لەو ناوچەیەی ئەو گەنجانە لێی دەژیان، نزیکەی 20 ساڵە شەڕێکی تووند لە نێوان گرووپە تاوانکارییەکانی تێدا هەیە. ئەوانە زۆرتر لە 15 کەسیان لە یەکدی کوشتووە. بەڵام دەرکەوتووە ئەو دوو گەنجە هیچ پەیوەندییەکیان بەو شەڕ و کێشانەوە نەبووە. بەڵکو قوربانییانی تەقەی بەهەڵە بوونە.
 
ئێستا پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوەیە. تاوەکو ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە، بەڵام هەموو ئەوانەی رووداوەکەیان بینیوە، هەروەها کەسوکار و نزیکانی قوربانییەکانیش گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێ بۆئەوەی وێنەیەکی روونتری رووداوەکە لای پۆلیس هەبێ.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە کە لە سوێد گەنجی کورد بە هەڵە، هەندێکیشیان بەهۆی بەشدارییان لە باندە مافیاییەکاندا، دەکوژرێن. پێشتر بۆ دیاسپۆرا چووینە سوێد. لەوێ کارمان لەسەر ئەو دۆسیەیە کرد. دۆسێیەکی هێندە ئاڵۆزە کە پۆلیس و دەوڵەتی سوێدیش لەئاستی دەستەوەستانە و نازانێ چۆن بنبڕی بکات. هەندێک لەو کوردانەی ئەوکات لە دیاسپۆرا قسەیان کرد، دواتر لە رووداوی دیکەدا کوژران. یەکێکیان ناوی حاجی هێرش بوو، کە لە ئۆفیسەکەی خۆی لە ستۆکهۆڵم هەڤپەیڤینمان لەگەڵیکرد و باسیکرد کە چۆن کوڕەکەی بەدەستی ئەو باندانە کوژراوە. مانگەکانی رابردوو، حاجی هێرش خۆیشی کوژرا.
 
لەم ساڵانەی دواییدا زۆر دایک و باوکی کورد لە سوێد هەوڵدەدەن لەبەر خاتری منداڵەکانیان و بۆ زیندووهێشتنەوەیان باربکەن و بچنە وڵاتی وەک ئەڵمانیا یان شوێنەکانی دیکە. 
 

پۆلیسی بەریتانیا هەڵدەکوتێتە سەر 235 بزنسی بچووک کە زۆربەی خاوەنەکانیان کوردن

لە بەریتانیا ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر ئەو سەرتاشخانە و سوپەرمارکێت و دووکانانەدا دەستپێکردووە کە زۆربەی خاوەنەکانیان کوردن. بەگوتەی پۆلیس بەسەر 235 بزنسی بچووک دادراوە و چەندین هەزار پاوەند پارەی کاشی رەش و شتی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە. 
 
ماوەیەکە راستئاژۆ دژەکۆچبەرەکان لە بەریتانیا هانی پۆلیس دەدەن بەسەر دووکانی کۆچبەراندا بدەن. دەڵێن لەو شوێنانە پارە سپی دەکرێتەوە، قاچاخچێتی دەکرێ و ئیشی رەش دەکرێ. بۆ نموونە شەڕەکەیان لە دژی ئەو سەرتاشخانانەیە کە بە تورکیش باربەر (سەرتاشخانەی تورکی) ناسراون، بەڵام زۆرینەی خاوەنەکانیان و سەرتاشەکانیش کوردن. 
 
یەکێک لەو کەسانەی لە هەمووان تووندترە نایجل فاراجە. سیاسییەکی ناسراوە و بەمدواییانەش شۆیەکی تەلەڤیزیۆنیی هەیە. لەژێر گوشاری ئەو کەسانە و پاش کۆکردنەوەی زانیاری. حەوت هەفتەیە هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بەناوی (ئۆپەرەیشن ماشینایز) دەستپێکردووە و بەسەر ئەو دووکانانەدا دەدەن. 
 
دووکانەکان هەندێکیان سەرتاشیان تێدا دەکرێ، هەندێکی دیکە شووشتنگەی ئۆتۆمبێل یان سوپەرمارکێت یانیش دووکانی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ)ن. پۆلیس دەڵێ لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەسەر 265 دووکانیان داداوە. لەئەنجامدا زۆرتر لە یەک ملیۆن پاوەندیان لەسەر هەژماری بانکیی خاوەنی دووکانەکان بلۆککردووە، زۆرتر لە 500 هەزار پاوەند پارەی کاشی رەشیان دۆزیوەتەوە، 35 کەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە پارە سپیکردنەوە و پێشێلکردنی یاساکانی کۆچبەری، هەروەها 10 دووکانیشیان بەیەکجاری داخستووە.
 
کێشەی ئەو دووکانانە ئەوەیە کە هەموو کارەکەیان بە پارەی کاشە. بۆیە دەوڵەت ناتوانێ کۆنترۆڵی بکات کە داهاتیان چەندە. پۆلیس دەڵێ ئەمە دەرگا دەکاتەوە بۆ سپیکردنەوەی پارە و کاری تاوانکاریی دیکە. بۆنموونە لە هەندێک شوێن کامێرای دووکانەکانیان بردووە و بینیویانە لەو ماوەیەدا موشتەریی زۆر بۆی ناچن، کەچی داهاتەکەی زۆرە. پۆلیس دەڵێ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پارەی رەش لەو دووکانانەدا سپی دەکرێتەوە.
 
لەم ساڵانەی دواییدا زۆربەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی دەگەنە بەریتانیا خۆیان فێری سەرتاشی دەکەن و لە سەرتاشخانەیەک کار دەدۆزنەوە. بەوهۆیەشەوە یارمەتیی کەسوکاریان دەدەن لە کوردستان و خەرجییەکانی گەشتەکەیان پەیدا دەکەنەوە.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر لەو کەسانە نیگەرانن و قسە بەوانە دەڵێن کە پێیانوایە لای پۆلیس شکایەتیان لێکردوون، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە بۆم باسکردن. ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانە و دەمێکە ئامادەکاریی بۆ دەکرێ. 
 
یەکێک لە پاساوەکانیش ئەوەیە کە تەنیا لە ساڵی 2024دا لە ئینگلاند 750 سەرتاشخانەی نوێ کراونەتەوە. پۆلیس دەڵێ ئەمە زیاترە لە پێویستیی بازاڕ و مەعقوول نییە لەپڕ ئەو هەموو سەر و ریشە پەیدابووبن کە پێویستیان بە مقەستی زێڕێنی سەرتاشانی کورد بێ.



بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەست بە گفتوگۆدەکەن

لە میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوە بڵاوبووەتەوە کە فەرەنسا و بەریتانیا رێککەوتوون لەسەر ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا. 
بەدواداچوونی دیارسپۆرا دەریدەخات ئەمە راست نییە. بۆیە ئەوانەی لە بەریتانیان و لەو هەواڵە ترساو و نیگەرانن، بێخەمبن لێی. 
بەڵام بەریتانیا و فەرەنسا دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەسەر ئەوەی ئەگەر شتێکی وا بکەن، چۆن دەبێ؟ حکومەتی ئێستای بەریتانیا لەژێر گوشاری گەورەی نێوخۆییدایە. چونکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و بەو چوار مانگە زۆرتر لە 9 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک هاتوونەتە نێو بەریتانیاوە. تەنیا ئەم هەفتەیە و تەنیا رۆژی سێشەممە15ـی نیسان 705 کەس پەڕیونەتەوە. ئەمساڵ بە بەراورد بە پار و پێرار ژمارەیەکی زۆر زیاتری کۆچبەران گەیشتوونەتە ئەوبەر. بۆیە حکومەتی بەریتانیا دەیەوێ لەگەڵ فەرەنسییەکان قسە لەسەر ئەوە بکات کە چۆن و بە کام رێگەی یاسایی کۆچبەران دیپۆرتی فەرەنسا بکاتەوە. فەرەنسییەکان  دەیانەوێ لەگەڵ بەریتانییەکان لەوە بکۆڵنەوە کە لەبەرامبەر هەر کۆچبەرێک کە دیپۆرت دەکرێتەوە و وەریدەگرنەوە، یەکێک بنێردرێتە بەریتانیا کە کەسوکاری لەوێیە و لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی خێزاندا گرنگە بگەنەوە یەکدی. بۆنموونە کەسێک کە لە بەریتانیا مافی مانەوەی وەرگرتووە و هاوژین و منداڵەکانی لە فەرەنسان. بەڵام ئەمە هێشتا تەنیا قسەیە و دانوستاندنی جدیشی لەسەر نەکراوە. 


دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگە بە حکومەتی فیدراڵی دەدات کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگەی بە حکومەتی فیدراڵی دا لەمەودوا کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە. بڕیارەکەی دادگە لەسەر سکاڵای دوو کۆچبەر بوو کە داوایان دەکرد نەیاننێرنەوە یۆنان. رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی کۆچبەران لە بڕیارەکە نیگەرانن.
 
دادگەی فیدراڵیی کارگێڕی لە ئەڵمانیا بڕیارێکی داوە کە رەنگە بۆ هەندێک لە کۆچبەران لە ئەڵمانیا زۆر خۆش نەبێ. بەپێی بڕیاری دادگەکە، لەمەودوا حکومەتی ئەڵمانیا دەتوانێ کۆچبەران دیپۆرت بکاتەوە بۆ یۆنان. 
 
بڕیاری دادگەکە دوای ئەوە هات کە دوو کۆچبەر سکاڵایان لەسەر حکومەتی ئەڵمانیا تۆمار کردبوو و داوایان دەکرد دیپۆرتیان نەکەنەوە بۆ یۆنان. 
 
ئەو دوو کۆچبەرە لە یۆنان داوای مافی مانەوەیان کردبوو و لەوێ قبووڵکرابوون. بەڵام پاشتر بڕیاریاندابوو بچنە ئەڵمانیا. پاساویشیان ئەوە بوو کە یۆنان ژیانێکی رێکوپێک و بێ کێشە دابین ناکات کە مافی مانەوەیان دەداتێ. 
 
دادگە ئەڵمانییەکە سکاڵاکەی رەتکردەوە و بە کۆچبەرەکانی گوت: "ئێوە لە وڵاتێکی ئەندامی رێککەوتنی دبلن مافی مانەوەتان وەرگرتووە و مافی ئەوەتان نییە لە وڵاتێکی دیکەش داوای مافی مانەوە یان پەنابەری بکەن." 
 
دادوەر رۆبەرت کێللە، کە سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی دادگای دەکرد بە کۆچبەرەکانی گوتووە: "لە یۆنان نان و شوێنی خەوتن و سابوونتان هەیە بۆ خۆشووشتن. هەرچەندە ئەمە زۆر نییە، بەڵام نیشانەی ئەوەیە لەوێ ژیانێکی سەختتان نابێ."


ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە بە سێ ساڵ وڵاتینامە بەکەس بدات

لە ئەڵمانیا ئەو ئاسانکارییەی بۆ هەندێک کۆچبەران دەکرا تاوەکو بە سێ ساڵ ببنە خاوەنی 
وڵاتینامە، کۆتایی پێدێت. حکومەتی نوێ کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە 5 ساڵ وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام خێراكردنی بۆ 3 ساڵ رەتدەکاتەوە.
 
هەر لە ئەڵمانیا چاوڕێ دەکرێ سەرەتای مانگی داهاتوو حکومەتێکی نوێ لە بەرلین دەستبەرکار بێت. حکومەتێک کە پارتی یەکێتیی کریستیانەکان و سۆسیال دیموکراتەکان پێکیدەهێنن و رێککەوتنیان لەسەر کارنامەکەی کردووە. بەپێی رێککەوتنەکە فرێدریش مێرتز دەبێتە راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا. 
 
لەنێو رێککەوتنەکەدا هەندێک گۆڕانکاریی گرنگ بۆ کۆچبەران هەن کە گرنگە دیاسپۆرای کوردی لێیان ئاگاداربێت. 
 
یەکێک لەوانە ئەوەیە کە چیدیکە پرۆسەی وەرگرتنی پاسپۆرتی ئەڵمانی خێرا ناکرێ. لە مانگی شەشی ساڵی رابردووەوە حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا بڕیاریدابوو کە ئەوانەی بە باشی خۆیان گونجاندووە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی بۆیان هەبێ بە 3 ساڵ ببنە هاووڵاتی و پاسپۆرت وەربگرن. 
 
ئەو کەسانە دەبووایە بڕوانامەی زمانیان لە ئاستی زانکۆدا هەبێ (کە لە ئەڵمانیا پێیدەڵێن سێ ئەینس) و دەبووایە لە بوارێکی گرنگیشدا بیسەلمێنن کە کاری باشیان بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی کردووە. 
 
بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە ئەمە نامێنێ و هەموو کەس، هەرچەندە زیرەک و چالاکیش بێ، دوای 5 ساڵ و پاش هێنانی بڕوانامەی زمانی (بێ ئاینس) و خوگونجاندنی دەبێتە خاوەنی وڵاتینامە.


گەنجێکی ئاکرێی دەوێ جلوبەرگی کوردی ببات نێوبراندە بەنێوبانگەکانی جیهان
هاڤی ئاکرەیی یەکێکە لەو گەنجانەی لە بواری مۆدە و دیزاینی جلوبەرگدا بووەتە کەسێکی سەرکەوتوو لە ئەوروپا. ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو هاڤی ئاکرەیی، دیزاینەری ناسراوی کورد کە لە پاریس نیشتەجێیە، بە وردی باسی لە سەرەتای دەستپێکردنی لە بواری دیزاین و کاریگەرییەکانی ژیانی لەسەر کارەکانی کرد.
هاڤی ئاماژەی بەوەدا کە دایکی رۆڵێکی یەکجار گەورەی هەبووە لەوەی کە ئەو ببێتە دیزاینەرێکی سەرکەوتوو. ئەو دەڵێت "دایکم جلوبەرگی کوردی دروست دەکرد و پارچەی دەکڕی و دروستی دەکرد. کاتێک ئێمە بچووک بووین لە سوید بووین، دەنگی مەکینەی دروومان دەبیست."
ئاکرەیی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو دەنگەی مەکینەی دروومان سەرەتا بۆی بێزارکەر بووە، بەڵام دواتر بۆتە ئیلهامێک بۆی. 
,هاڤی باسی لەوەش کرد کە لە دوای تەواوکردنی خوێندن، خێزانەکەی هانیان داوە کە بەدوای خولیاکانیدا بگەڕێت و لە بواری هونەر و دیزایندا خۆی پێش بخات. "هەموویان دەیانگوت تۆ حەزت لە جلوبەرگە، شێوەکاریت خۆش دەوێت، وێنەکێشان و هونەر. جلوبەرگ و هونەر کە پێکەوە دەبن دەبنە دیزاین."
هەڵبژاردنی پاریس وەکو ناوەندێک بۆ دیزاین
لەبارەی هەڵبژاردنی پاریس وەکو شوێنێک بۆ خوێندن و کارکردن، هاڤی دەڵێت "لە هامبۆرگ خوێندنم تەواو کرد و پاشان ئەو کۆلێژە لە پاریس زۆر ناوبانگی هەبوو لەو کاتەدا و هێشتا ناوبانگی زیاتری پەیدا کردووە." ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە کۆلێژەکەی لە لەندەنیش هەبووە، بەڵام کۆلێژەکەی پاریس هەلی باشتر و پێشکەوتنی زیاتری بۆ رەخساندووە.
جلوبەرگی کوردی، ناسنامەیەک بۆ دیزاینەری کورد
هاڤی باسی لەوەش کرد کە دایکی هەمیشە لە کارەکانیدا هاوکاری بووە و تەنانەت سەردانی پاریسیشی کردووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە تەواوکردنی دیزاینەکانیدا. "دایکم پێیگوتم هەر کاتێک بگەمە تەمەنی پەنجا ساڵ، حەز دەکات لەگەڵم بێت بۆ پاریس."
هاڤی ئاکرەیی هیوای خواست کە بتوانێت لە رێگەی کارەکانییەوە خزمەت بە کلتووری کوردی بکات و ناسنامەی کوردستانی بە جیهان بناسێنێت


لە دووسڵدرۆڤ دووەم فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێودەچێت
ئەمساڵ لە دوسەڵدرۆف دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرێوەدەچێت. بەرنامەیەکی چوار رۆژی چڕ و پڕی بۆ دانراوە،  رەوەند جەواد، یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە میوانی دیاسپۆرا بوو گوتی ئەمساڵ لەماوەی 5 رۆژی فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 40 فیلمی هەرچوار پارچەی کوردستان  پێشاندەدرێن 
دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە 23 تاوەکو 27ـی نیسان بەردەوام دەبێت
رەوەند جەواد گوتیشی بەڵگەفیلمی وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال کە بەرهەمی تۆڕی میدیای رووداوە لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت و جگەلە نمایشی فیلمەکان دوو پانێڵ و  کۆڕی کتێبناسی بۆ دوو رۆماننوسی باکوور و رۆژئاڤای کوردستان بەڕێوەدەچن 
لەبارەی فیلمەکانی فێستیڤاڵەکەوە رەوەند جەواد دەڵێت زۆربەی فیلمەکانی بەشدار لە فێستیڤاڵکە نوێن و لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەم هێندراون 15 بەڵگەفیلم و 19 کورتەفیلم  کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکەن و فیلمەکانی دیکەش لەدەرەوەی کێبڕکێن و هەموو فیلمەکان بەژێرنووسی ئەڵمانی و یان ئینگلیزی نمایش دەکرێن

مەرزی رامۆس  گۆرانیی  (دەستم بگری) بڵاو دەکاتەوە
مەرزی رامۆس زۆر نییە دەستی بە گۆرانی کردووە، بەڵام دەنگە خۆشەکەی سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئەو لە ئەمریکا دەژیت، بەڵام لە چریکەکەیەوە دەزانیت کوردستان و ئاوازی کوردی لە ناخیدا دەژیت. مەرزی رامۆس میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو گوتی "لە تەمەنی 5 ساڵیەوە حەزم بە گۆرانی گوتن کردووە، لەو کاتەوە گۆرانیم گوتووە دەڵێت بەشداری چەند کۆرسێکی راهێنانی دەنگ و گۆرانی گوتنی لە تورکیا و ئەمریکا کردووە
مەرزی دەڵێت" گۆرانی دەستم بگری یەکەم بەرهەممە و پێمخۆشبوو بە کوردی بێت لە داهاتووشدا ئەگەر بکرێت هەوڵدەدەم ئینگلیزیشی لەگەڵ تێکەڵ بکەم، بەڵام زمانی کوردی ناسنمامەمە و ئەوەی بەلامەوە گرنگە کولتوور و ناسنمانەی کوردی بەرز رابگرم رامۆس دەڵێت تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە رۆژهەڵاتی ژکوردستان و لەگەڵ گۆرانی و میوزیکی کوردی ژیاوم" 
ئەو دەڵێت پێمخۆشە بە کوردی گۆرانی بڵێم بۆ ئەوەی میوزیکی کوردی بچێتە نێو پلەی لیستی گەلانی دیکەوە. مەرزی لە تەمەنی 18 بۆ 23 ساڵی لە وڵاتی تورکیا بووە لە 23 دواتریش چووەتە ئەمریکا دەڵێت هەشت ساڵە نەهاتووەتەوە بۆ کوردستان و پێخۆشە ئەگەر دەرفەت هەبێت سەردانی کوردستان بکات