لە هۆڵەندا خانمێکی کوردی عەلەوی دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری

لە هۆڵەندا خانمێکی کوردی عەلەوی دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری
لە هۆڵەندا خانمێکی کوردی عەلەوی دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری
 لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ پێگەی کورد لە ئەوروپا، دیلان یەشیلگیوز، خانمە سیاسیی کوردی عەلەوی، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەستنیشان دەکرێت. ئەم هەنگاوە دوای سێ مانگ لە گفتوگۆی چڕی نێوان پارتە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی هۆڵەندا دێت. یەشیلگیوز کە سەرۆکایەتی پارتی (VVD) دەکات، پێشتر چەندین پۆستی گرنگی وەک وەزیری داد و ئاسایشی بەڕێوەبردووە. باوکی دیلان، دکتۆر یوجەل یەشیلگیوز، توێژەرێکی ناسراوی بواری تاوانناسییە و یەکێکە لە چالاکوانە دێرینەکانی دۆزی کورد لە هۆڵەندا. دیلان هەرچەندە لە سیاسەتی ناوخۆیی هۆڵەندادا جێگیرە، بەڵام لەم دواییانەدا هەڵوێستێکی توندی دژی پێشێلکارییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان نیشاندا و پاراستنی کوردانی وەک ئەرکێکی مرۆیی و سیاسی وەسف کرد.

سوێد مەرجەکانی وەڵاتینامە قورستر دەبن
لە باکووری ئەوروپاوە، پەڕەیەک لە نیگەرانی بۆ پەنابەران هەڵدەدرێتەوە. حکومەتی سوێد بە نیازە یاساکانی وەرگرتنی وەڵاتینامە (جنسیە) بگۆڕێت. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ماوەی چاوەڕوانی بۆ داواکردنی وەڵاتینامە لە ٥ ساڵەوە بۆ ٨ ساڵ درێژ دەکرێتەوە. رێبوار فەخری، پارێزەری شارەزا لە سوێد، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر رەوەندی کوردی دەبێت و وردەکارییەکان باس لەوە دەکەن کە رەنگە مەرجەکان بۆ هەمووان وەک یەک نەبن.

هەڵمەتێکی جیهانی بۆ ناساندنی قەوارەی رۆژئاوا
لە ئاستی ئەکادیمیدا، هەوڵێکی بێپێشینە دەستیپێکردووە. ٨٢ پرۆفیسۆر و توێژەری نێودەوڵەتی لە زانکۆ ناودارەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و کەنەدا، داوایەکی فەرمییان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ئەوەی دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستاندا بنرێت وەک قەوارەیەکی کارگێڕی فەرمی. زۆربەی واژۆکارانی ئەم داوایە ئەکادیمییانی بیگانەن کە هاوشانی هاوکارە کوردەکانیان، مەترسییەکانی سەر ناوچەکە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دەبینن.

لەندەن و ناشڤیڵ دیپلۆماسیی لە ناوەندی بڕیار
لە بەریتانیا، سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری پێشووی لامبێس و سەرکردەی پارتی کرێکاران، پەیامێکی گرنگی گەیاندە دەستی "کەیر ستارمە"ی سەرۆکوەزیران. بەرزنجی لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی کورد لە سووریا تەنیا پرسێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە ئاسایشی بەریتانیا و رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و قەیرانی کۆچبەری. هاوکات لە ئەمریکا، شاری ناشڤیڵ کە بە "کوردستانی بچووک" دەناسرێت، بووەتە چەقێکی دیکەی پشتیوانی بۆ رۆژئاوا. تەعبیر سندی، سەرۆکی ئەنجوومەنی جڤاکی کوردی لە تێنێسی، باس لە چالاکییە بەردەوامەکانی رەوەندی کوردی دەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی.

هەفتەی داهاتوو بۆ دۆزی کورد لە ئەوروپا چارەنووسساز دەبێت؛
١. پەرلەمانی ئەوروپا لە شتراسبۆرگ دەنگ لەسەر بڕیارێکی تایبەت بە سووریا و پاراستنی مافی کورد دەدات.
٢. لە هۆڵەندا، لێژنەی کاروباری دەرەوە لەگەڵ نوێنەرانی دیاسپۆرا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی سووریا تا گەرەنتیی پاراستنی کورد دەدرێت.
٣. لە بەریتانیا، پەرلەمانتاران گوێ لەو رۆژنامەنووسانە دەگرن کە شایەتحاڵی پێشێلکارییەکانی سەر رۆژئاوان.

هونەر و سۆشیال میدیا دەنگی کورد لە جیهاندا
هەکار میرزا، ئینفلوێنزەری ناسراوی کورد لە لەندەن، کە بە ڤیدیۆ کاریگەرەکانی لەسەر ناسنامەی کورد دەناسرێت، بە گۆرانییەکی نوێوە دەردەکەوێت. هەروەها هونەرمەند سامان هیدایەت لە ئەلمانیا، لە ڕێگەی پەیکەرێکی داربەڕووەوە کە هێمای "کەزیی شەڕڤانان"ە، چیرۆکی خۆڕاگریی ژنانی کورد بە زمانی هونەر بۆ جیهان دەگێڕێتەوە.