ئەڵمانیا.. خەتەر لە شاری بۆن بە خاکسپێردرا
ئەڵمانیا.. خەتەر لە شاری بۆن بە خاکسپێردرا
کۆچی دوایی هونەرمەند ژیوار حاجبی، کە بە خەتەر ناسراوە، لە ئەڵمانیا دەنگدانەوەی گەورەی هەیە، پێنجشەممەی رابردوو خەتەر لە شاری بۆن بەخاکسپێردرا و لەسەر گڵکۆکەی دایکی فرمێسکی دەوەراند، بەڵام شێرەژنانەش و بە شانازییەوە باسی ئەوەی دەکرد کە چۆن ژیواری کوڕی بە گۆرانییەکانی و بەو کارانەی کردی زۆر مەبەستی بوو هەموو دنیا کورد و کوردستانیان لەبیربێ و بزانن چیمان بەسەرهاتووە.
ژیوار حاجبی ناوە هونەرییەکەی خەتەر بوو، ئەو رۆژی هەینی 9/5/2025 لە تەمەنی 43 ساڵیدا گیانی سپارد.
پێنجشەممەی رابردوو بە سەتان کەس لە هەواداران و هاوڕێکانی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەیدا بوون، بە سەتان کەس فرمێسکیان دەوەراند، میدیای ئەڵمانیا بە بایەخەوە هەواڵی بەخاکسپاردنەکەیان گواستەوە، چونکە لێرە هەرچەندە خەتەر زۆر باسی کورد و کوردستانی دەکرد، بەڵام ئەڵمانییەکان خۆیان پێیان دەگوت "ئەفسانەی راپ".
ئەو پێشتر لێرە لە ستۆدیۆی رووداو میوان بوو و باسی ئەوەی کرد کە چۆن قورئان وزەی داوەتێ و ئاسوودەی کردووە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی خەتەر ئەوەیە کە ئێستا لە ئەڵمانیا گۆرانیبێژێکی بەنێوبانگ هەیە بەناوی (شوێستە ئێڤا)، ئەو پێشتر تووشی لەشفرۆشی بوو، بەڵام خەتەر رزگاریکردووە و بەڵێنی پێداوە واز لە لەشفرۆشی بهێنێ، بیکاتە گۆرانیبێژ و کردیشی، ئەو گۆرانیبێژە لە مزگەوت و لەدوای خوێندنی نوێژی مردوو لەسەر تەرمی خەتەر، موسڵمان بوو.
لەم راپۆرتەدا مامۆستا ئیقباڵ حاجبیی باوکی خەتەر کە یەکێک لە زاناکانی بواری میوزیکە و ئەهلی هونەر باش دەیناسن، لەسەر کورسییەکی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و تاساوە، هەروەها خەتەر لە گۆرانییەکیدا باسی ئەوە دەکات کە هەمیشە لەسەر سنگی دایکی ئارام دەبێتەوە، لاواندنەوەی ئەو دایکە ببینن و ببیستن کە چیدیکە خەتەر سەری ناخاتەوە سەر سنگی.
ژیوار حەجابی، ئەفسانەی میوزیکی راپ کە لە ئەڵمانیا کە بە "خەتەر" ناوبانگی دەرکردبوو، 9ی ئەم مانگە لە تەمەنی 43 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خەتەر لە شاری بۆنی ئەڵمانیادا، پڕۆفیسۆر ئیقبال حاجیبی و غەزال پاکسەرەشت، دایک و باوکی هونەرمەند، لە نێو ئاپۆرای بەشداربووان بینران کە بۆ کۆچی ناوەختی کوڕەکەیان دەگریان.
کەسایەتییەکان و نزیکانی، لە کاتی ناشتنیدا یاد و بیرەوەرییەکانیان لەگەڵ ژیوار حەجابی (خەتەر) دەگێڕایەوە. مرۆڤگەلێکی فرەچەشن لە رەنگ و رەچەڵەک و نەتەوە جیاوازەکانەوە هاتبوونە سەر مەراسیمەکە، کە ئەمەش دەرخەری خۆشەویستی و وەفاداری بەرامبەر بەم هونەرمەندە ناودارە کوردستانی و ئەڵمانییە بوو.
غەزال پاکسەرەشت، دایکی خەتەر، بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە لەکاتی ناشتنی کوڕەکەی رووداوی گوت "کوڕەکەم پێیدەگوتم دایکە هەندێک گۆرانیبێژ پێم دەڵێن پەیوەندیم هەیە لەگەڵ ئەڵمانەکان، لەکاتێکدا من ئەو کەسەم کە ئەوانم گەورە کرد و هەموویان بوونە ملیۆنێر".
پڕۆژەی ناتەواوی خەتەر بۆ کوردستان
دایکی خەتەر ئاشکرایکرد کە کوڕەکەی خاوەنی پڕۆژەیەک بووە بۆ هونەرمەندانی کورد"نەخشەم ئەوە بوو کە ئەو تەکنۆلۆژیایە بۆ ئەوانیش دابین بکەم، ئەوە پڕۆژەکەی بوو، زۆر هەوڵی دا تاوەکو بیگەیەنێتە ئەنجام، ئەوان گۆرانیبێژ و هونەرمەندی باشن، بەڵام لەڕووی داراییەوە لاوازن و من هاوکارییان دەکەم، نازانم بۆچی خودا وای ویست و نەیهێشت ئەو پڕۆژەیە سەر بگرێت، چونکە بڕیار بوو سێ مانگی دیکە بگاتە هەولێر".
خەتەر پێشتر لە بەرنامەی دیاسپۆرا بەمجۆرە باسی کوردستانی کردبوو "کاتێک من هێشتا لاو بووم، وەک کوردێک پەروەردە بووم، لە ماڵەوە تەنیا بە کوردیقسەمان دەکرد و فارسیم نەدەزانی، کاتێک هاتمە ئێرە دەمبینی خەڵکانێک دەترسان بڵێن کوردن، دەیانگوت تورکین، جۆرێک قەیرانی شوناس هەبوو لێرە لەنێو گەنجە کوردەکاندا".
کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای کوردی ئەڵمانیا
پەروەر عەلی، یەکێک لە هاوادارانی خەتەرە بە دڵتەنگییەوە بە رووداوی گوت "بەڕاستی رۆژێکی ئێجگار ناخۆشە بۆ گەنجێکی ئاوا چاک، گەنجێکی کورد، بەڕاستی خەتەر ئێمەی کوردی بە ئەڵمانیا ناساند، ئێمە بەهۆی خەتەرەوە دەمانتوانی بە شانازییەوە بڵێین کوردین".
محەممەد رۆستەم، لە لایەنگرانی خەتەرە لەکاتی ناشتنی ئامادەبوو و گوتی" شتێکی زۆر باشی تێدا بوو، بەناوی مرۆڤایەتی، بەناوی ئەخلاق، بەناوی ئایین و رەوشت، کەسێکی روون و پاک بوو، خودا بیبەخشێت، ئێمە دەڵێین کاری دەکرد بەناوی کورد و کوردستان، بەناوی زمانی کوردی، رەحمەت و ئاشتی بۆ گیانی".
خدر حەمۆ، یەکێکی دیکەیە لە لایەنگرانی خەتەر باسی لەوە کرد"ماڵ بە ماڵ، دەرگا بە دەرگا دەگەڕا لێرە لە مونشن، هاتووە بۆ لای ئێمە و هاتووە بۆ لای گشت خەڵک، هەموو هەوڵێکی داوە تەنیا بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵە بێسەرپەرشتەکان بدات".
خزمەتەکانی خەتەر بۆ قوربانیانی شەڕی داعش
خەتەر تەنیا لە ئەڵمانیا چالاک نەبووە، بەڵکو لە کوردستانیش پڕۆژەی گرنگی جێبەجێکردووە، پەروەر عەلی، ئاماژەی بەوە کرد کە خەتەر بە شایەتی دنیا و قیامەت یارمەتی منداڵانی ڤیژن هاوسی داوە، ئەو شوێنەی کە منداڵانی باوک و دایکیان شەهیدبوونە نیشتەجێبوون.
پەروەر باکۆ، هاوڕێ و دامەزرێنەری یەکێک لە پڕۆژەکانی خەتەر، باسی خزمەتگوزارییەکانی ئەم هونەرمەندەی بۆ ئێزیدییەکان کرد و گوتی"دوای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال، خەتەر پشتیوانییەکی بەرچاوی کردین و دەنگی ئێمەی بە سەرانسەری ئەڵمانیا بڵاوکردەوە و هاواری ئێمەی گەیاندە هەمووان، هەروەها ئەو قوتابخانەیەکی بۆ منداڵان لە خانکێ بنیات نا، بەگشتی یارمەتییەکی زۆری ئێزیدییەکانی دا".
خەتەر، هونەرمەندێک بوو کە ناسنامەی کوردی بەرز راگرت و بووە مایەی شانازی بۆ کوردی ئەورووپا، کۆچکردنی ئەم هونەرمەندە زیانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگە و هونەری کوردی.
بەپێی سیاسەتی نوێی بەریتانیا ماوەی چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی مانەوە 10 ساڵە
هەفتەی پێشوو لە بەریتانیا سەرۆکوەزیران (کەیر ستامە) سیاسەتی نوێی کۆچبەریی حکومەتەکەی ئاشکراکرد. سیاسەتێک کە زۆر کەسی لە نێوەوەی بەریتانیا و دەرەوەش تووشی شۆک کرد. بۆیە شۆک، چونکە شتی وای تێدایە کە لە شوێنی دیکەی وڵاتێکی ئەوروپی ئەوپەڕی راستئاژۆ تووندئاژۆکان و پارتە دژە کۆچبەرەکانیش داوای ناکەن.
بۆنموونە لەمەودوا هەر کۆچبەرێک بیەوێ ببێتە هاووڵاتیی بەریتانیا یان لەوەش کەمتر، ئەگەر بیەوێ مافی مانەوەی هەمیشەیی (ئیقامەی دائیمی) وەربگرێ، دەبێ 10 ساڵی رەبەق چاوەڕوان بێ.
بڕیارەکانی حکومەتی بەریتانیا لەژێر گوشاری زۆری شەقام و دەنگدەراندایە کە دەڵێن خەریکە وردە وردە بەریتانیا بەهۆی کۆچبەرانەوە لەدەست دەچێ! هەڵبەت ئەمە ئارگیومێنتێکی راست نییە و بەریتانیای خاوەنی مێژووی ئەو ئیمپراتۆریایەی سنوورەکەی هێندە فراوان دەبوو پێیاندەگوت قەت خۆری لێ ئاوا نابێ، چەندین سەدەیە کۆچبەری بۆ دەچن و سەتان نەتەوە و گەلی جیاوازی تێدا دەژین. بۆیەش رەنگە بۆ ئێوەش کە ئێستا تەماشای دیاسپۆرا دەکەن ئەوە پرسیار بێ کە ئەو سیاسەتە نوێیە تووندە چییە و بۆچی هاتووە. هەروەها بۆچی ئێستا لە بەریتانیا کوردی ئەوێ دەستیان بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە کردووە بۆئەوەی سیاسەتە نوێیەکە کاری پێنەکرێ.
هاوژین مستەفا بەرپرسی بەدواداچوون لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا، لەم بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی سیاسەتە نوێیەکەی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی کۆچبەران خستەڕوو.
بەرپرسی بەدواداچوون لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا هۆشداری دا دەربارەی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر یاسای پەنابەران و کۆچبەران لە بەریتانیا هاتووە و رایگەیاند، بەپێی پڕۆژەیاسای نوێ، پەنابەران دەبێت 10 ساڵ چاوەڕێی مافی مانەوەی هەمیشەیی بکەن، بەڵام بەپێی پڕۆژە یاساکە سەرۆکوەزیران دەستنیشانی نەکردووە پەنابەری یاسایی دەگرێتەوە یان نا".
هاوژین مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەو کەسانەی بۆ کارکردن و خوێندن دێنە بەریتانیا بە 5 ساڵ مافی مانەوە وەردەگرن"، هەروەها روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا پڕۆژە یاساکە نەچووەتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر نەدراوە.
لەبارەی دۆخی وڵاتانی ناوچەکە، مستەفا رایگەیاند"عێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتی سەلامەتن"، بۆیە کاریگەرییان لەسەر دۆسیەی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەو ناوچانە دەبێت.
ناوبراو ئاشکرایکرد "پارتی دەسەڵاتداری بەریتانیا بەرامبەر بە پرسی کۆچبەر تووندە" و گوتیشی: "بەریتانیا رێککەوتنی کردووە بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی هیچ مافێکیان نییە".
بەرپرسی بەدواداچوون لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا لە کۆتاییدا ئامۆژگاری گەنجانی کوردی کرد و گوتی"گەنجانی کورد لە رێگەی کۆچی یاساییەوە دەتوانن بێنە بەریتانیا".
لە چوار مانگی رابردوودا 47 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی چوونەتە ئەورووپا
لە سنوورەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپادا هێزێکی هاوبەشی ئەوروپی هەیە کە پێیدەگوترێ فرۆنتێکس. فرۆنتێکس بۆنموونە ئیشی پاراستنی سنوورەکان، هەروەها کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کۆچبەریی نایاسایی و قاچاخچییانە.
داتاکانی ئەو دامەزراوەیە کە هەفتەی رابردوو ئاشکرا کراون، دەریدەخەن لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە پار ئەوکاتانە رێژەی پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا 5 لەسەت زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا زۆرتر لە 18 هەزار کەس لە بەری فەرەنسا تۆمارکراون کە پەڕیونەتەوە. هەروەها 27 لەسەت کەمتر کۆچبەرانی نایاسایی، کە ژمارەیان 47 هەزار کەسە، لە شوێنی دیکەی وەکو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی ئاسیا و ئەفریقاوە هاتوونەتە نێو یەکێتیی ئەورووپا.
هۆی ئەو کەمبوونەوەیەش، وەک لە داتاکاندا دەردەکەوێ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رێگەیەکی قاچاخ لە وڵاتانی بالکانەوە (وەک مەکەدۆنیا و کۆسۆڤۆ و سێربیا و بۆسنە) هەبوو و ئەو رێگەیە وەک جاران ئاسان نەماوە. بۆیە بە بەراورد بە پار 58 لەسەت کەمتر کۆچبەر بەو رێگەیەدا گەیشتوونەتە نێو یەکێتیی ئەورووپا.
ئەو رێگەیەی هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و هێشتا زۆر کۆچبەری لێوە دێن رێگەی ئاوییە بەرەو ئیتاڵیا و داتاکان پیشانیدەدەن بە بەراورد بە پار تەنیا سێ لەسەت کۆچ لەو رێگەیەوە کەمیکردووە. فرۆنتێکس دەڵێ ئەوانەی هێشتاش لە رێگەی باڵکانەوە خۆیان دەگەیەننە ئەورووپا، زۆرتر هاووڵاتییانی سووریا و تورکیا و ئەفغانستانن.
پۆلیسی ئەڵمانیا و بەلجیکا: تۆڕێکی قاچاخچێتی بە مرۆڤیان دەستگیرکرد
هۆیەکی سەرەکیی کەمبوونەوەی رێژەی هاتنی کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو ئەورووپا بۆ ئەو هەڵمەتە بەردەوامانە دەگەڕێتەوە کە دامەزراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئەورووپا بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییان دەیکەن.
هەفتەی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پۆلیسی ئەڵمانی و بەلجیکیدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکران. پۆلیسی ئەو دوو وڵاتە دەڵێن (تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتی بە مرۆڤ)یان دەستگیر کردووە کە 7 کەس بوونە و بەرپرسیارن لە بەقاچاخ هێنانی 300 کۆچبەر بۆ ئەورووپا و گواستنەوەیان لە نێوەوەی ئەورووپا. لەو حەوت کەسە 6 كەسیان لە بەلجیکا دەستگیرکراون و یەکێکیان لە ئەڵمانیا بووە. ئەو کەسانە بەوە تۆمەتبارن کە لەنێوان ساڵانی 2022 و 2024 کۆچبەریان بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی (واتە بارهەڵگر نا) لەڕێگەی سنوورەکانی پۆڵەندا و نەمساوە گەیاندووەتە ئەڵمانیا.
پۆلیس دەڵێت لە مانگی 9ی پار، بە رێکەوت لەسەر سنووری نێوان نەمسا و ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێکیان راگرتووە، دوای لێکۆڵینەوە لە شۆفێرەکە و دەستگرتن بەسەر تەلەفۆنەکەیدا، دەرکەوتووە ئەندامە لە تۆڕێکی قاچاخچێتیدا. دوای ئەوە ئەم هەفتەیە تەواوی تۆڕەکە دەستگیرکراون.
هەموو دەستگیرکراوەکان، لەسەر داوای ئەڵمانیا، دەهێندرێنە ئەڵمانیا و لێرە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدەکرێ و دادگایی دەکرێن.
راپۆرتێک: زۆرترین خواستی ڤیزای زێڕین لەسەر هەنگاریا، ماڵتا و یۆنانە
ئەوانەی نایانەوێ بکەونە دەست قاچاخچیی ساختەچی و بێبەزەیی رێگەی یاسایی بۆ هاتنە ئەورووپا دەگرنەبەر. وەک ڤیزای خوێندن یان کار، یانیش ئەگەر خواپێداو بن دەتوانن بە وەبەرهێنان و بە پارە مافی مانەوە بۆ خۆیان و ماڵباتیان دەستبخەن. ئەمە پێیدەگوترێ (ڤیزای زێڕین) و زۆر وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا هەیانە.
هەفتەکانی رابردوو ئەمریکاش دەستی بە پرۆژەیەکی وا کردووە و سەرۆک ترەمپ رایگەیاندووە هەرکەسێک 5 ملیۆن بدات مافی مانەوە لە ئەمریکا وەردەگرێ. رەنگە ئەمە بۆ زۆر کەس شتێکی خۆش و باش بێ و بەڕاستیش ئەمریکا ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ حەز بکات تێیدا بژیت و پیر ببێ. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە تاوەکو ئێستاش خواست زۆرتر لەسەر ڤیزای زێڕینی ئەوروپییە نەک ئەمریکی. رەنگە هۆی سەرەکیشی ئەوەبێ کە ڤیزای ئەوروپی هەرزانتر دەکەوێ و هەموو کەس 5 ملیۆن یۆرۆی نییە بۆئەوەی پێی بچێتە ئەمریکا.
دامەزراوەی پرۆپێرتی وایەری بەریتانی لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە دەریدەخات زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێ بە وەبەرهێنان مافی مانەوە وەربگرن دەچنە شوێنێکی وەکو هەنگاریا یان یۆنان. لەو هەنگاریا لەجیاتی 5 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کە دەکاتە نزیکەی 4 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆ، خەڵک بە سەرووی 250 هەزار یۆرۆ دەبنە خاوەنی ئیقامە.
هەڵبەت دەبێ ئەوە بڵێین کە ئەو پارەیە نرخی ئیقامەکە نییە و نافەوتێ، بەڵکو بەرامبەر ئەو پارەیە لەو وڵاتە موڵکێک یان پرۆژەیەکی دیکەی وەبەرهێنان دەکڕیت و هەر موڵکی خۆت دەمێنێ.
نەرویج .. وەرزشڤانێکی کورد گەشتێکی 2222 کیلۆمەتری بە پیادە دەستپێدەکات
یەکێک لەو وڵاتانەی لە ئەورووپا جوانییەکی ئەفسووناوییان هەیە نەرویجە. زۆربەی کوردی ئەوێ کە قسەیان لەگەڵدەکەی لە ژیانیان و لە جوانیی سرووشتی ئەوێ رازین. چالاکیشن و بەڕاستی لە میدیای ئەوێش زۆر ناویان دێ.
ئێستا فیلمێکی نەرویجی و کوردی لە سینەماکانی سەرتاسەری نەرویج پیشاندەدرێ بەناوی ئۆنکل یەنس، کە بڕوا وەهابپوور دەرهێنەریەتی و هەمزە ئاگۆشی رۆڵی سەرەکیی تێدا گێڕاوە. ئەگەر لە نەرویجن بڕۆن ئەو فیلمە ببینن.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ شەممە وەرزشکارێکی کورد لە نەرویج دەست بە گەشتێکی بەپێیان دەکات و دەیەوێ 2222 کیلۆمەتر ببڕێ. رەنگە بۆتان پرسیار بێ کە بۆچی کوردێک لە نەرویج دەیەوێ ئەمە بکات و بۆچی تایبەتە.
شڤان ئازاد خەلیل میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، گەشتەکەی لە شارۆچکەی لیندزنێس لە خاڵی هەرە باشووری نەرویجەوە دەست پێدەکات و بەرەو نوورکاپ کە دەکەوێتە خاڵی هەرە باکووری وڵاتەکە بەردەوام دەبێت.
شڤان ئازاد گوتی"چالاکییەکانم وەک چالاکییەکانی ژیان دەبینم، من وەرزشوان یان چالاکڤان نیم، بەڵکو مرۆڤێکم کە خودا وای لێکردووم، پێویستە مرۆڤ خەبات بکات و چالاکی بەردەوام بێت."
گەشتەکەی شڤان هاوکاتە لەگەڵ رۆژی گروونلۆڤ کە رۆژێکی پیرۆزە لای نەرویجییەکان، بەگوێرەی بەرنامەی وەرزشوانە کوردەکە، گەشتەکەی نزیکەی سێ تا چوار مانگی پێدەچێت.
بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هێمن عەبدوڵڵا، پێشکەشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا، بەدواداچوون بۆ گەشتەکە بکات و چەند دیمەنێک لە چالاکییەکەی شڤان پیشانی بینەرانی رووداو بدات.
بهشی بكه لە