دایکی خەتەر وردەکاریی هۆکاری کۆچی دوایی کوڕەکەی ئاشکرا دەکات

23 May 2025
دایکی خەتەر وردەکاریی هۆکاری کۆچی دوایی کوڕەکەی ئاشکرا دەکات


دایکی خەتەر وردەکاریی هۆکاری کۆچی دوایی کوڕەکەی ئاشکرا دەکات

لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا  هەواڵ و بەدواداچوون لەسەر کۆچی هونەرمەندی ناسراوی کوردستانی و ئەڵمانی ژیوار حاجبی، ناسراو بە خەتەر، بەردەوامن. لەسەر هۆکاری کۆچکردنەکەی زۆر قسە کراون، هەروەها لەسەر بەرهەمەکانی و کارە تەواونەکراوەکانیشی زۆر کەم دەزاندرێ. 
ئەوانەی بەرنامەی هەفتەی رابردووی دیاسپۆرایان بینیبێ، دایکی خەتەریان بینی کە چۆن لەسەر گۆڕەکەی و لەکاتی بەخاکسپاردنیدا ئازایانە ورەی دەدایە دەوربەرەکەی. 
ئەم هەفتەیە بۆ یەکەمجار لەڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە خانم خەزاڵ پاکسرشت هۆکاری کۆچی دوایی کوڕەکەی ئاشکرا دەکات و زۆر زانیاریی نوێ و نەزاندراوی دیکەش بۆ رووداو باس دەکات

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەزاڵ پاکسرشت - دایکی ژیوار حاجی (خەتەر)
رووداو: سەرەخۆشی لە بەڕێزتان دەکەم، با بزانم من تەنیا  کوردێک نیم کە لە دڵەوە دەوێت سەرەخۆشیت لێ بکات، جگە لە ئەڵمانەکان، بە هەزاران ئەڵمان هەن کە بۆ کۆچی کاک خەتەر نیگەران بوون، کوردی دیاسپۆرا و کوردی ناوخۆ زۆر زۆر نیگەران بوون. قسەکانی بەڕێزتان لە هەفتەی رابردوو لە کاتی بەخاکسپاردنی کاک ژیوار دەنگدانەوەیەکی زۆر گەورەیان هەبوو، دایکێکی ئازاد کە لە کاتێکدا کوڕەکەی بە خاک دەسپێرێت، کورد و کوردستانی لە بیرە، پەیامی هەیە بۆ هەموو دنیا.
دەمەوێت بە بابەتی کورد و کوردستان دەست پێبکەم، لەوێ لەو حاڵەتەدا خۆت دەڵێی نەمدەزانی جەرگ سووتان هێندە بە ئازارە، بەڵام کورد و کوردستانت لە بیر نەچووبوو، بۆ خەتەریش یان بۆ ژیوار هەمیشە ئاڵای کوردستان زۆر گرنگ بوو، پیشانی دەدا. دەمەوێت بزانم ئەمە چۆن وا قووڵ ببووە لە بیرکردنەوەی کۆچکردوو ژیواردا، لە ماڵەوە چۆن بابەتی کورد و کوردستان هێندە گرنگی پێ دەدرا؟

خەزاڵ خان: زۆر سوپاستان دەکەم کە منتان بانگهێشت کردووە، بەتایبەتی جەنابت کە چەند جار ژیوارتان بانگهێشت کردووە لە سوێد قسەتان لەگەڵدا کردووە، ئەو زۆر ئێوەی خۆشدەویست، دەیزانی بابەتی کوردستان وەکو پرۆژە بوو بۆ ئێمە، یان من پێموابوو ئیتر سواری شەمەندەفەرێک بووین، ژیوار دابەزی لەو رێگەیە، من بێ ئەوەی بیربکەمەوە بڵێم ئەها ئێستا باشە، نازانم بۆ خۆشم، نازانم ئەو رۆژە بۆچی وابوو. ئەمە ویستی ژیوار بوو کە من رێگەکەی بەردەوام بکەم. وا هەست دەکەم هێشتا هەر لە نێو ئەو شەمەندەفەرەم کە ئەوی تێدا بوو.
رووداو: خۆتان ژنێکی شۆڕشگێڕ بوون، زیندانتان بینیوە، بەتایبەتی لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتر لە عێراقیش. ئەمە کاریگەریی لەسەر ژیوار هەبوو کە بە کوردانە بیربکاتەوە، یان خۆشی لە کەسایەتیدا هەبوو؟ لە کەسێکی ماڵباتەکەتان دەچوو کە پێتوایە کۆپی ئەو بووبێت چۆن بوو؟
خەزاڵ خان: من هەر ئەوکاتەی زیندانیکرام لە سەرەتای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1980، هەر بە جلی کوردییەوە بووم و  شاڵی کوردیم لە سەرشان بوو، حیزبی دیموکرات، هەموویان دەزانن، کاک مستەفا هیجری ئاگاداربوو ئەوان خەریکن لە سێدارەم بدەن، دواتر ئێمە ئازاد بووین، بەڵام وەکو زۆر لە کەسانی سیاسیی کورد، نەتەنیا  کوردایەتی لەبیر ناچێتەوە، بەڵکو هێزی زۆرترت پیدەبەخشێت کە دەڵێیت باشە کە وایە من بە جۆرێکی دیکە خەبات دەکەم، ئێمە ئەو خەباتمانە هەر دەکرد. جا ئیتر ماڵی ئێمە ئەوا بوو زۆر کورد دەهاتن و دەچوون و پێشمەرگە لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە ماڵمان، هەروەها سیاسییەکانیش دەهاتن، وەکو کاک شۆڕش کە لە هەولێر بوو پێموابێت ماوەیەک قایمقامبوو، ئەو باش ئێمە دەناسێت، براکەم من پێشمەرگە بوو شەهید بوو کە مرۆڤێکی زۆر باش بوو، شۆرشگێڕ بوو، کە پرسیارم لێدەکەی ژیوار لە کێ چووە، دەڵێم لەو ئەو دەچوو، ئەگەر بچنە سنە پرسیار بکەن بڵێن مەنسوور  پاکسرشت کێیە ئەو کات دەزانن، تەنانەت زۆر کەس ناوەکەی ئەویان لەسەر دەستیان تاتۆ کردووە، هەرجارێک سەیری ژیوارم دەکرد ئەوم بهبیر دەهاتەوە، ئەو کەسێکی زۆر خێرخوازبوو وهاوکاری هەژارانی دەکرد، ژیواریش لەو رووەوە لە ئەو دەچوو، هەمیشە کەلەگەڵ ژیوار قسەمان دەکرد باسی کورد و کوردستانمان دەکرد، دەمانگوت بۆچی دەبێت کورد ئاوا بێت. 
رووداو: پرسیار لەو رووەوە زۆر بوو بە منداڵی؟
خەزاڵ خان: بەڵێ زۆر، یەکێک لە پرسیارەکانی وەختێک مناڵ بوو، گوتی "بۆچی ئێمە ئاڵامان نییە؟" چۆن من پەیوەندی زۆرم بە یاریی تۆپی پێ هەیە، هەمیشە سەیری یارییەکانی تۆپی پێ دەکەین، بۆ نموونە ئیسپانیا یان ئیتاڵیا نازانم هین. گوتی "ئێمە بۆچی نیمانە؟ ئێمە بۆچی پەرچەمی کوردستان..." چۆن من نیشانیم داوە کە پەرچەم کوردستان بکێشێت و دەیکێشا و گوتی "بۆچی ئێمە ئاڵامان نییە؟" ئەوە زۆر زۆر ئەزیەتێکە کە بۆچی ئێمە ئەوەمان نییە.
رووداو: لە خێزانەیەکی هونەری بوو، بەڕێزت ژەنیاری میوزیک، باوکی بە هەمان شێوە هونەری کە دەستی کرد بە راپ. پێتخۆش بوو وەکو دایکێک؟
خەزاڵ خان: ئەگەر راستەکەی بڵێم من پشتیوانیم لێکرد، ئێمە پرۆژەکەیمان قبووڵکرد، من و دۆستێکمان بە ناوی هانس درێگا، ئەگەر کتێبەکەیتان خوێندبێتەوە، تەماشای کەن لە سەرەتاوە نووسیوویەتی سوپاسی هانس درێگا دەکەم و بنەماڵەکەم. ئەو هانسە کەسێک بوو کە ئێمە پێکەوە، ژیوار و من و هانس بەیەکەوە دانیشتین و یارمەتیمان دا.ئەو بە منداڵی وێنەی دەکێشا وێنەی ئاسمان دەیگوت کە گەورەبم یان دەبمە راپەر یان دەبمە ئەستێرەناس، من حەزم دەکرد ببێتە ئەستێرەناس ئەمەش لەبەر خاتری هاوژینی پێشووم کە دەکاتە باوکی ژیوار کە بەر لە 25 ساڵ پێش ئێستا ئەو حەزی دەکرد ئەستێرەناس بووایە، کاتێک باوکی ژیوار پەکی کەوت و بووە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، ژیوار باوکی ەبجێنەهێشت و چووە لای ئەو و بەخێوی کرد و نەیهێشت بیبەنە خەڵوەتگەی پیری و ئاگاداری تەندروستی باوکی بووم بەڵام لە کۆتاییدا ئەو ئارەزووی زیاتر بە هونەری و راپ بوو منیش پشتیوانیم کرد.

رووداو: بە گشتی کە ئینسان گوێی لە وشەی ڕاپەر دەبێت، دەزانین ستایلێکی ئازادیان هەیە لە بەکارهێنانی وشە، لە بەکارهێنانی هەندێک سنووری قسەکردن کە لە گۆرانییەکی دیکەدا گوێت لێ نابێت - مەسەلەی ژن، مەسەلەی تەقەیە، کوشتنە، هەموو شتەکە وا نییە زۆر باس دەکرێت. بەڵام لای کاک ژیوار مەسەلەی ژن کەم یان نەبوو بەڕاستی باس بکرێت بەو زمانەی کە ئیحترامی ژن نەگیرێت. کاریگەریی بەڕێزت هەبوو لەسەر ئەوەی کە ڕاپەکانی ئاوا بن - ژن‌دۆست بن؟
خەزاڵ خان:  راستیەکەی لە سەرەتاوە ئاهەنگێکی سازکرد و هەندێک ژن و کچی هێنابوو، من گوتم "ژیو گیان، ئێمە لەبەر خاتری مافی ژن، هەروەها بۆ ژنی چەوساوەی کورد خەباتمان کردووە و ویستوومانە هەمیشە رێز و ئیحترامی ژن بگیرێت، چۆن ئێستا تۆ ئەمە دەکەی؟"ئیتر لەوکاتەوە وازیهێنا و هەرگیزیش لە گۆرانی و راپەکانیشدا باسی نەکرد و رێزی لە ژن دەگرت.
رووداو: زۆر ئیشی لەسەر دروستکردنی هونەرمەندی ژن دەکرد. ئەڵمان ئەوانەی کوردیش دەزانم هەندێکیان پشتیوانی دەکردن وانییە بۆ ئەوەی ببن بە هونەرمەندی باش و گەورە. لە ئەڵمان زۆری ناسراویشن، ئەمە چۆن بوو؟
خەزاڵ خان: بەخوا زۆرم پێ سەیر بوو هەروەها شانازیشی پێوە دەکەم، ئێستا لە کوردەکان دەست پێ بکەین، لەوانەی کە هاوکاری کردن هێلی لاف بوو کە خۆی کارەکانی زۆر باشەوە لە دنیا مەشهوورە ئێستا، ژیوار گوێ بە پارە و ناوبانگ نەدەدا هەمیشە پشتیوانی هونەرمەندان بوو، دوای ئەوەی کاری بۆ ئەکردن لە سۆشیاڵمیدیاش پشتیوانی لێدەکردن و شانازی پێوەدەکردن، جگە لەوانە کچە هونەرمەندێکی بەناوبانگی ئەڵمان هەیە ناوی شین داڤید کە ملیۆنێرە زۆر هاوکاری دەکرد، دوای مردنی ژیوار خۆی لە سۆشیاڵمیدیا نووسیبووی برایەکەی ئازیم لەدەستدا، ژیوار هاوکاری زۆر خانمە گۆرانیبێژی کردووەو دەستیگرتوون.

رووداو: خەزاڵ خان، مەسەلەی ئەو خانمە گۆرانیبێژەی کە ئێستا لێرە ناسراوە شوێستەر ئێڤا، ئەو مەسەلەیە چۆن بوو؟
خەزاڵ خان: ئەو لە جێگەیەکی خراپ کاری دەکرد، ژیوار هات پێی گوت"دەزانی چی، من تۆ دەکەم بە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و گەورە، بەڵام دەبێت تۆ واز لەو کارەت بهێنی"، بەمەستی کاری لەشفرۆشی بوو، ئەویش رازی بوو وازی لەوکارەی هێنا و بووە گۆرانیبێژ و خاوەن داهاتی خۆی و بەناوبانگ بوو، دوای مردنی ژیوار ئەو زۆر دڵگران بوو لە پۆستێکدا باسی ئەوە دەکات کە ژیوار تاکەکەس بووە بەبێ بەرژەوەندی هاوکاری کردووەو وایلێکردووە واز لە کاری لەشفرۆشی بهێنێت و دڵخۆش بێت و سەربەرز بژیت، بۆیە لەکاتی ناشتنی تەرمی ژیواردا لە مزگەوت شایەتومانی هێنا و بووە موسڵمان، چون پێیوابوو ژیوار بەهۆی موسڵمانیەکەی ئەوەندە کەسێکی باشە و ئەویش ئاینەکەی ئەوی هەڵبژارد.

رووداو: من هەرگیز پرسیاری ئەوە ناکەم لەکاتی مردنی کەسێکدا بڵێم چۆن مردووەو چۆن بوو، بەڵام من مۆڵەتم لێتوەرگرت کە بتوانم پرسیارێک بکەم، لە هەندێک میدیای کوردیدا باس لەوەدەکرا کە ژیوار بە مردوویی لەنێو ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە، ئەمە راستە؟
خەزاڵ خان:  نەخێر راست نییە، ئەو رۆژەی کاک شیڤان وێنەگری رووداو لەوێبوو وێنەی دەگرت، خانمێک لەوێ بوو کەلە کۆمپانیایەکی گەورە هاتبوو وەک کۆمپانیای سۆنی و هۆڵی مێرساڵ و ئەمانە منی لە باوەش گرتووە. کاتێک باسی ئەوەیکرد ، من گوتم نەخێر وانیە من لەشی کوڕەکەم دیت وەک ئەوەبوو تازە لە وەرزشکردن هاتبێتەوە، ئەوەندە جوان بوو سمێڵێکی ئاوا و ریشەکەی وەهابوو، گوتی "بەخوا راست دەکەی ئێمە ئەو ئەو شەوە میتینگمان بووە. ژیوار لەگەڵیان قسەی کردبوو بەنیازی چەند کۆنسێرتێک و کارێکی هونەری بووە، دواتر ماندوو دەبێت و دەچێتە ماڵەوەو دەیەوێ کەمێک ئیسرەحەت بکات و دواتر بگەڕێتەوە تەنانەت ئۆتۆمبێلەکەشی بەشێوەیک پارکینگ دەکات وەک ئەوەی بیەوێ بگەڕێتەوە، بەڵام ئیتر ئەو خەوە بووە هەمیشەیی و هەڵنەستایەوە.

رووداو: شەست گۆرانی تەقریبەن ئامادە کردووە کە دوای خۆی بڵاو دەبنەوە؟
خەزاڵ خان: بەڵێ، دوای خۆی کەم کەم چەندە بڵاودەبێتەوە.
رووداو: شتێکی تریان گوت، ئەویش پێشتر قسەمان کردووە بۆیە دەیپرسمەوە: گوتیان خانمەکەی نەیهێشتووە ئاڵای کوردستان هەبێت لە کاتی بەخاکسپاردن؟
خەزاڵ خان: وایە زۆر زۆر هەڵەیە، نازانن ئەم شتانە چۆن دروست دەکەن. پێم سەیرە ئەوەندە ئەنەرژی نەرێنی دادەنن بۆ ئەم شتانە. خانمەکەی ئەمانە ئیسفاهەنیی فارسن، بەڵام عاشقی کولتووری کوردن. یانی کاتی جەژن دایکی منداڵەکانی دەڵێت"ئێمە بە کوردی هەڵدەپەڕین و شایی دەکەین" ئەسڵەن شتی وا نەبوو، نازانم ئەم هەواڵانە چۆن دروست دەکەن، ئەگەر وابێت چۆن نزیکەی 20 ساڵە پێکەوە بوونە.

رووداو:  دوو منداڵی هەیە، خوا تەمەنیان درێژ بکات، هێشتا بچووکن، تەمەنیان سێ ساڵ و شەش ساڵە. دەمانەوێت بزانین دۆخیان چۆنە؟
خەزاڵ خان: زۆربەی خەڵکی ژیوار دەناسن یان لە نزیکەوە دەزانن کە ژیوار بۆ کاری هونەری و میوزیک و هەموو شتێکی باش، کوڕەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد و هەمیشە لە باوەشی ئەودا بوو. کاتێک لە فیلارمۆنیکەکان وەکو پڕۆژەیەک بەشداری دەکرد لە ئەڵمانیا، هەمیشە کوڕەکەی لە باوەشیدا بوو. کچەکەشی هەمان شت، زۆر گرنگی بە منداڵەکانی دەدا.
رووداو: کاک ژیوار لە ئەڵمانیا خەڵک بە ئەفسانەی راپ دەیناسن، دەیان کەس بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، بوون بە ملیۆنێر و سوپەرستار، لێرە ئەویش شتێکی باشی بۆ منداڵەکانی بەجێهێشتووە؟
خەزاڵ خان: شتێکی وای بەجێهێشتووە کە تەنانەت براکەم کە منداڵەکانی ئەوەندە نەیانناسیوە، تێدەگەن، دوازدە ساڵە ئەوان دەڵێن "ئەوە باوکی ئێمە بوو" شانازی دەکەن و دەڵێن: "ئەوە بابی ئێمەیە." ئەو ناوە باشەی بۆ بەجێهێشتوون، هەر وەکو لە کەناڵێک قسەم دەکرد، کەسێکی ئەڵمانی بوو، منیش وتم وەکو گیڤارا "مرۆڤەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام هەندێک مرۆڤ هەن کە هەرگیز بچووک نابنەوە."ئێستا لە شاری بۆن هەوڵدەدەن بۆ یادکردنەوەی ئەو، شەقامێک بە ناوی ئەوەوە ناوبنێن، راستییەکەی زۆر کەس لێرەش پرسیار دەکەن، تەنانەت خێزانەکەشی رەنگە پرسیاریان کردبێت: کورد دوای ئەو هەموو شتانەی ئەو کردی، ئەو مەترسییانەی ئەو کردی، ئەو کارانەی بۆ ئێزدییەکان و خەڵکی دیکەی کوردستانی کرد، دەیانەوێت چی بۆ بکەن؟

بەریتانیا.. پیاوێکی کورد لەسەر گۆشت برژاندن دادگەیی دەکرێت

لە بەریتانیا پیاوێکی کوردی تەمەن 52 ساڵ بەزمێکی سەیری لەسەر گۆشت برژاندن بەسەردێت. بەزمێک کە وانەیە بۆ زۆر کوردی دیاسپۆرانشینی بڕوانەبوو بە سەروەریی یاسا.
لە باکووری ئینگلتەرا کاتێک کوردێک بە کۆڵانێکی شارۆچکەی (کارلیسل)دا دەڕوات، لەگەڵ دوو منداڵ تووشی شەڕ دەبێ. بەوهۆیەشەوە پۆلیس دەستگیری دەکات و کار دەگاتە ئەوەی دادگایی بکرێ. کەسوکاری منداڵەکان دەڵێن کوردەکە دژە ئینگلیزە و هەوڵیداوە لە منداڵەکانیان بدات. هەروەها تفی پێداکردوون. بەڵام دادوەر پێی گرنگ بووە قسەی کوردەکەش ببیستێ و دوای ئەوە بڕیارێکی سەرنجڕاکێشی داوە. 
پێشئەوەی بزانن بڕیارەکە چییە، با بەکورتی باسی رووداوەکەتان بۆ بکەم. لە پەڕاوی دادگاییدا ناوی کوردەکە بە سام ئاری هاتووە و گوتراوە کە هاووڵاتیی بەریتانیایە و لە کوردستان لەدایکبووە. سام بەهۆی ئەوەی شۆستەی شەقامەکە داخراوە، دەچێتە سەر جادە و لەپڕ پایسکلێک رووبەڕووی دێت، کە منداڵێک لێیدەخوڕێت و خەریک دەبێ خۆی لێبدات. ئەویش تووڕە دەبێ و دەچێ بە دایکی منداڵەکە، کە لەوکاتەدا لە دەرەوە بووە، دەڵێت سەرزەنشتی منداڵەکەی بکات. دایکەکە، کە خانمێکی سپی پێستی بەریتانییە، گوێی ناداتێ و هیچ ناڵێت. سامیش بەتووڕەیی شوێنەکە بەجێدەهێڵێ. ئێوارە، کە بە هەمان شەقامدا دەگەڕێتەوە، منداڵەکان رێگەی پێدەگرن و بەردبارانی دەکەن. سام تووڕە دەبێ و دوایان دەکەوێ. دوای ئەوە باپیری منداڵەکان دێت و لەگەڵ کوردەکە دەکێشن بە سەروگوێی یەکتردا. 
پاش ئەوە نەنکی منداڵەکان تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکات و سکاڵا دەکات. پۆلیسیش دێن و کوردەکە دەستگیر دەکەن. لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا ماڵباتە بەریتانییەکە و منداڵەکانیشی باسی ئەوە دەکەن کە کوردەکە خوێنی بە ئینگلتەرا داوە و قسەی رەگەزپەرستانەی کردووە. منداڵەکان دەڵێن سام هەوڵیداوە لێشیان بدات. جگە لەوەش چەقۆیەکیان لە جانتاکەیدا دۆزیوەتەوە.
بەڵام دادوەر گوێ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەگرێتەوە کە نەنکی منداڵەکان کردوویەتی. لەوێ نەنکەکە قسە بە خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت و دەشڵێ: چۆن دەکرێ رێگە بدرێت کەسێکی کۆچبەر بە گەڕەکێکی سپی پێستەکاندا هاتوچۆ بکات؟ ئەم قسانە و ئەو هەڵسوکەوتەی دایکەکە و منداڵەکان و باپیریان کردوویانە، وادەکات دادوەر پرسیاری زۆرتر لە کوردەکە بکات. ئەویش روونیدەکاتەوە کە بۆیە بەو کۆڵانەدا رۆیشتووە، چونکە لە پارکێکی نزیک ئەوێ لەگەڵ هاوڕێکانی سەیرانیان کردووە. چەقۆکەش بۆ وردکردنی خەیار و تەماتە و دروستکردنی زەڵاتە بووە. 
لەکۆتاییدا دادوەر حوکمی بێگوناهیی کوردەکە دەدات و دەڵێ ئەوەی ماڵباتە ئینگلیزەکە کردوویانە تۆنێکی رەگەزپەرستانەی هەیە.

ئەڵمانیا.. باندێکی هێرشکردنە سەر کۆچبەران دەستگیرکران

لە ئەڵمانیا هەفتەی رابردوو باندێکی 5 کەسیی ئەڵمانی دەستگیرکران کە کاریان سووتاندنی ئەو شوێنانە بووە کە کۆچبەران تێیاندا دەژین. هەروەها پلانیان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر کۆچبەران و کەسانی چەپ. باندەکە ناویان لەخۆیان ناوە (لێتزتە فەرتایدیگونگڤێللە)، واتە دوایین شەپۆلی بەرگری. مەبەستیان لەمەش دوایین هەوڵە بۆ پاراستنی ئەڵمانیای سپی پێستەکان (وەک ئەوان دەیڵێن) لەدەست کۆچبەران و چەپەکان. 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو باندە (هەوڵیانداوە سیستمی دێموکراسی لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵیدا دابڕمێنن. ئەویش بە کردەوەی تووندوتیژانە لەدژی کۆچبەران و ئەو کەسانەی لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵیان ناکۆکن). 
هەروەها ئەوەش ئاشکراکراوە کە پۆلیسی ئەڵمانیا 13 ماڵ و شوێنی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا پشکنیوە و 3 کەسی دیکەی بۆ لێکۆڵینەوە دەستبەسەر کردووە. ئەوانەی دەستبەسەرن گومانیان لێدەکرێ هەوڵی کوشتنی کۆچبەران و سووتاندن کەمپەکانیان دابێت. 
ئاژانسی فیدراڵیی بەرەنگابوونەوەی تاوان (بوندێس کریمینال ئامت) رایگەیاندووە کە لە ساڵی 2024دا رێژەی تاوانکاری لە ئەڵمانیا لەبەر هۆکاری سیاسی 40 لەسەت زیادیکردووە. 

نۆ وڵاتی ئەورووپا داوا دەکەن دادگەکان نەرمی بەرامبەر کۆچبەران نەنوێنن

ئیتاڵیا و دانیمارک و 7 وڵاتی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا  لە نامەیەکی هاوبەشدا داوا دەکەن پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راڤەکردن و لێکدانەوەدا چاوی پێدابخشێندرێتەوە. مەبەستیشیان ئەوەیە کە بە لێکدانەوەی ناتەواو بۆ پەیماننامەکە واکراوە نەرمیی زۆر بەرامبەر کۆچبەران بنوێندرێ. 
دادگای ئەورووپا  بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پشتبەستن بەو پەیماننامەیە زۆر بڕیاری تووندی وڵاتانی دژی کۆچبەران هەڵوەشاندووەتەوە. بۆنموونە رێگەی لە بەریتانیا گرت کۆچبەران بنێرێتە رواندا. ئێستاش داوا لە دانیمارک دەکات یاساکانی راکێشانی ئەندامانی خێزان لەلایەن کەسێکەوە کە لەو وڵاتە مافی مانەوەی وەرگرتووە ئاسان بکاتەوە. هەروەها زۆر جار وڵاتێکی واژۆکاری پەیماننامەکە هەوڵیداوە کەسێک دیپۆرت بکاتەوە، بەڵام دادگای ئەورووپا  رێگەی لێگرتووە.
46 وڵات پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە کە هەر 28 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا شیان تێدایە. سەرکردەکانی ئەورووپا  دەڵێن پێویست ناکات هەموو خاڵەکانی ئەو پەیماننامەیە بۆ کۆچبەران کاریان پێبکرێ.

ئەڵمانیا.. دوو وەرزشکاری کورد هاوکاری ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن

جیهاد ئاکیپا قارەمانێکی کوردستانی و ئەڵمانییە لە بواری کیک بۆکسیندا. ئەو بەوە بەنێوبانگە کە هەرکاتێک لە هەر یارییەکدا بیباتەوە ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە. ماوەیەک لەمەوپێش میوانی دیاسپۆرا بوو و باسی کارەکانی کرد. یەکێک لە ئارەزووەکانی ئەوە بوو بتوانێ بچێتە کوردستان و یارمەتیی منداڵانی ئەوێ بدات. لە کۆتاییدا ئارەزووەکەی هاتووەتەدی.
جیهاد ئاکیپا، پاڵەوانی کیک بۆکسین لە ئەڵمانیا لەگەڵ هاورێکەی عەلی ئاجۆ، کە ئەمیش وەرزشکارە، خەڵکی ترپەسپی رۆژئاوای کوردستانە، دەیانەوێ لە رێگەی بەدەستهێنانی ئەو داهاتەی لە رێگەی وەرزشەکانیانەوە بەدەستی دەهێنن هاوکاری کەسوکار و خەڵکی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان بدەن کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و لەو بارەیەوە هەردووکیان میوانی دیاسپۆرا بوون و باسیان لە چالاکی و کارە خێرخوازییەکانیان کرد.
ئاکیپا کە لە هەموو یارییەکانیدا ئاڵای کوردستان بەرز دەکاتەوە، باس لەو کاریگەرییە دەکات کە لەکاتی سەردانیکردنی بۆ کوردستان لەسەریکردووە و دەڵێت "ئەو کاتەی کە چوومە هەرێمی کوردستان، ئیلهامێکی گەورەم وەرگرت، شتێک بوو کە پێشتر نەمبینیبوو."
ئاجۆش باس لە خۆشحاڵی خۆی دەکات بۆ ئەو گەشتە و دەڵێت "بۆ بەشدارییکردن لە کۆڕێک گەڕامەوە کوردستان، زۆر خۆش بوو، هەفتەیەک لەوێ بووم و توانیمان یارمەتی منداڵانی کورد بدەین."
ئاجۆ، جگە لەوەی وەرزشکارە، کارسازیشە دەڵێت"کاتێک لە کوردستان بووین توانیمان 960 سەبەتەی خواردن بۆ 960 خێزان ئامادە بکەین، هەروەها بۆ 120 منداڵیش شیر و پێداویستییەکانی دیکەمان دابینکرد." دەشڵێت "ئەو زەکاتەی لەبەردەستمان بوو بە دەستی خۆمان بەسەر کەسانی موستەهەق دابەشکرد".
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی گەشتەکەیان بۆ کوردستان، ئەو پێشوازییە گەرمە بوو کە لە هەرێمی کوردستان لێیانکراوە، لەو بارەیەوە ئاجۆ دەڵێت "کاتێک گەیشتمە کۆیە زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردم و وابیرم کردەوە کە من لە باکووری کوردستانم."
ئاکیپاش باس لەو ساتە دەکات کە لە فڕۆکەخانە بە کوردی پێشوازییان لێکراوە و دەڵێت "کاتێک فڕۆکەکە گەیشتە کوردستان، کەسێک پاسپۆرتەکەی لێوەرگرتم و بە کوردی پێی گوتم بەخێربێیت، ئەمە بۆ ئێمە وەک دونیایەک بوو."
ئەم دوو کوردە وەرزشکار و خێرخوازە دڵنیایی دەدەن کە ئەم چالاکییانە بەردەوام دەبن، بەڵێنیاندا، ئەمساڵ دەرگایان واڵاکردەوە و زۆر کاری خێرخوازیان ئەنجامدا و  دەیانەوێت هەموو ساڵێک بەردەوام بن لە یارمەتی کوردان لە هەر کوێیەک بن و جگە لە هاوکاری خۆیان هاوکاری خەڵکی دیکەش دەگەیێنین". 

لە دانیمارک پەرتووکێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی بڵاوکرایەوە

ئەوانەی لە دانیمارک دەیانەوێ فێری خوێندنەوە و نووسین بە کوردی بن. کوردی فێرببە، پەرتووکێکی نوێی دەنیز بەرخوەدانە کە ئەمڕۆژانە بڵاوبووەتەوە. 
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی، نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد دەنیز بەرخودان کە بە کارە زانستییەکانی لەسەر کورد و کولتووری کوردی ناسراوە، کتێبێکی تایبەتی بە زمانی دانیمارکی بڵاوکردووەتەوە کە بە تەواوی تەرخانکراوە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی.
ئەم کتێبە کە بە ناوی "فێربوونی کوردی" لە دانیمارک بڵاوبووەتەوە، بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی زانستی و میتۆدی نوێ، دەرفەتی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو کەسانە دابینکردووە کە تەنیا زمانی دانیمارکی دەزانن. ئەم بەرهەمە نە تەنیا بۆ کوردەکانی نەوەی دووەم و سێیەم گرنگە کە پەیوەندییان بە زمانی دایک و باوکیانەوە لاواز بووە، بەڵکو بۆ هاووڵاتییانی دانیمارکیش کە حەزیان لە فێربوونی زمانێکی نوێ هەیە.
کتێبەکە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و بەکەڵک لە خۆدەگرێت کە زۆر شتی گرنگ و پێویست لە ژیانی رۆژانەدا دەگرێتەوە. میتۆدی کارکردنی کتێبەکە لەسەر ئەو بنچینەیە دامەزراوە کە زمانی کوردی لە رێگەی زمانی دانیمارکییەوە فێر بکات، ئەمەش ئاسانکاریی زۆر بۆ فێرخوازەکان دروست دەکات.
کتێبەکە نەک تەنیا لایەنی تیۆریی فێربوونی زمان لە بەرچاو دەگرێت، بەڵکو جەخت لەسەر پراکتیزەکردن و بەکارهێنانی زمان لە دۆخە جیاوازەکانی ژیانی رۆژانەشدا دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە کە کتێبەکە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردیش بن، زۆر بەسوود بێت.
دەنیز بەرخودان بە شێوەیەکی بەردەوام کار لەسەر بابەتەکانی کورد دەکات و دەنووسێت، کارەکانی لە بواری لێکۆڵینەوە و نووسینەوەی مێژووی کورد و کولتووری کوردیدا ناوی وەک لێکۆڵەرێکی بەتوانا ناساندووە، ئەم کتێبە نوێیەش دیسان دەسەڵاتی لەسەر بابەتەکانی کورد و خۆشەویستیی بۆ زمانی کوردی دەردەخات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کۆمەڵگەی کوردی لە دانیمارک پێویستیی بە ئامرازەکانی پاراستنی زمان و کولتووری خۆی هەیە، زۆر جار کوردەکانی نەوەی نوێ لە رووداو  بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی گونجاو و میتۆدی پەیوەست بە ناوخۆی ئەو وڵاتانەوە، ناتوانن بە شێوەیەکی باش فێری زمانی کوردی بن.
کتێبەکەی دەنیز بەرخودان بە ئاراستەکردنی ئەم کێشەیە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی زمانی کوردی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دانیمارک، هەروەها ئەم کتێبە دەرفەتی باشیش بۆ هاوڵاتییانی دانیمارکی و نەتەوەکانی دیکە دابینکردووە کە بیانەوێت ئاشنا بە زمان و کولتووری کورد بن.
ئێستا کتێبەکە لە بازاڕەکانی دانیمارک بەردەستە و ئەوانەی لەوێ دەژین دەتوانن بە ئاسانی بیکڕن، ئەم کتێبە کە بە زمانی دانیمارکی نووسراوە، دەرگایەکی نوێ بۆ ئەوانە دەکاتەوە کە پێشتر دەرفەتی خوێندنەوەی سەرچاوەیەکی پیشەیی و میتۆدی بۆ فێربوونی زمانی کوردییان نەبووە.
ئەمجۆرە کارانە کە لەلایەن کەسایەتییەکانی کوردەوە ئەنجامدەدرێن، گرنگییەکی زۆریان هەیە لە پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردیدا، کتێبەکەی دەنیز بەرخودان نموونەیەکی باشە بۆ ئەو هەوڵانەی کە دەکرێن بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە زمانێکی زیندوو و بەرفراوان بمێنێتەوە.
ئەم هەنگاوە هان بەوانەی دیکەش دەدات کە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا کاردەکەن، هەنگاوی هاوشێوە بنێن و بەشداری لە پاراستنی گەنجینەی زمانی و کولتووری کوردیدا بکەن.