گۆڕانی وێنەی کورد لە بەریتانیا، لە پاڵەوانی جەنگەوە بۆ تۆمەتباری قاچاخچێتی و تاوان

21 November 2025
گۆڕانی وێنەی کورد لە بەریتانیا، لە پاڵەوانی جەنگەوە بۆ تۆمەتباری قاچاخچێتی و تاوان
گۆڕانی وێنەی کورد لە بەریتانیا، لە پاڵەوانی جەنگەوە بۆ تۆمەتباری قاچاخچێتی و تاوان
بەریتانیا.. نەشارەزایی لە یاسا و گوشاری خێزان بۆ پارە پەیداکردن، گەنجانی کورد بەلاڕێدا بردووە

بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرا  لەبارەی ئەو وێنە ناشرینە بوو کە بەشێک لە میدیایی بەریتانیا بۆ کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە دروستکردووە، لە قاچاخچییەتی و دەستدرێژی و بازرگانی ماددەی هۆشبەر و چەندین تاوانی دیکە بوو، هێمن عەبدوڵڵا، پێشکەشکاری بەرنامەکە بەڕاشکاوی پەردەی لەسەر مەبەستی دیبەیتەکە هەڵدایەوە. بەمە دەستیپێکرد "ئەگەر دوو ساڵ پێش ئێستا باسی شێخ سەرباز بەرزنجی وەکو پارێزگارێکی کوردی سەرکەوتوو لە لەندەن دەکرا، ئەوا ئەمساڵ هەمووان لەژێر کاریگەریی راپۆرتە بەرفراوانەکانی (BBC) و میدیاکانی بەریتانیادان کە وێنەی کوردیان وەک ئەکتەری سەرەکیی تاوانی رێکخراو، قاچاخچێتیی مرۆڤ و دەستدرێژی وێنا کردووە". پرسیارەکە ئەوە بوو: ئایا میدیای بەریتانی بە ئەنقەست کوردی کردووەتە ئامانج، یان دووکەڵەکە لە ئاگرێکی راستەقینەوە هەڵساوە؟
دکتۆر عەلی محەممەد زەڵمی، توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆ، بە زمانی ژمارە و تیۆرییە کۆمەڵناسییەکان یەکێک بوو لە میوانانی دیبەیتەکە، شرۆڤەیەکی وردی بۆ دۆخەکە کرد. ئەو رەتیکردەوە کە پیلانگێڕییەک هەبێت بۆ ناشیرینکردنی کورد، بەڵکو راستیە و دەڵێت "کارەکە تەقیوەتەوە و راستییە". دەشڵێت" تاکی کورد 150 ساڵ بێ دەوڵەتی و ژیان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا، سایکۆلۆژیایەکی لا دروست کردووە کە دژایەتیکردنی دەسەڵات و یاسا بە 'ئازایەتی' تێدەگات، گەنجی کورد کاتێک دێتە ئێرە، ئەو هزرە لەگەڵ خۆی دەهێنێت و فێڵکردن لە حکومەت و سیستەم وەک زیرەکی دەبینێت، بێئاگا لەوەی ئەمە لێرە تاوانە نەک قارەمانێتی."
لە دیوی دووەمی سکەکەدا، مامۆستا محەممەد جەلال بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا، بەرگرییەکی تووندی لەو گەنجانە کرد کە دەبنە نێچیر، ئەو وێنەیەكی تراژیدی لە ژیانی ناو هۆتێلەکانی پەنابەران کێشا، بەرزنجی بە توڕەییەوە پرسیاری کرد: "کێ دەتوانێت لە بەریتانیا بە 8 پاوەند لە هەفتەیەکدا بژی؟ سیستەمی پەنابەریی بەریتانیا گەنجان دەخاتە دۆخێکەوە کە نە دەتوانن کار بکەن، نە پارەیان هەیە. ئەمە وایکردووە ببنە نێچیرێکی ئاسان بۆ باندە تاوانکارییەکان، باندەکان لە دەرەوەی هۆتێلەکان چاوەڕێیانن تاوەکو بە پارەی خێرا پەلکێشی تونێلە تاریکەکانی قاچاخچێتی و ماددە هۆشبەرەکانیان بکەن."
خاتوو هێرۆ جەلال، پەرستار و چالاکوان، بە دڵێکی پڕەوە باسی لەو ئازارە کرد کە وەک ژنێکی کورد دەیچێژێت کاتێک هەواڵی تاوانەکان دەبیستێت و دەڵێت "ستەمە لەو مێژووەی ئێمە دروستمان کردووە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە رووداوەکان راستین." تیشکی خستە سەر خاڵێکی گرنگ، ئەویش ئەوەیە کە زۆر جار ژنانیش بەهۆی نەزانینی زمان و یاساوە، دەبنە قوربانی یان تێوەدەگلێن لە کاری گواستنەوەی ماددەی قەدەخە بەبێ ئەوەی دەرک بە مەترسییەکەی بکەن و گوتی: "زمان زانین، قەڵغانی یەکەمە بۆ پاراستنی خۆت و خێزانەکەت."
لای خۆیەوە گەنجۆ غەفوور، پارێزەر و راوێژکاری یاسایی، باسی لە "چاوچنۆکی" و فشاری کۆمەڵایەتی کرد، بە بڕوای ئەو کێشەکە لەوەدایە گەنجێک کە تازە هاتووە، دەیەوێت ژیانی کەسێک بژی کە 20 ساڵە لە بەریتانیایە و دەڵێت"دەیانەوێت لە چاپتەری یەکەمەوە باز بدەن بۆ چاپتەری بیستەم، ئەمەش مەحاڵە مەگەر بە رێگای نایاسایی، دەرەنجامەکەشی زیندان و لەدەستدانی هەموو شتێکە". هەروەها رەخنەی لەو کولتوورە گرت کە هێشتا هەندێک کورد خۆیان بە لەم وڵاتە بە میوان دەزانن و هەست بە بەرپرسیارێتی خاوەندارێتی وڵاتەکە ناکەن.
وەک ئەنجامگیرییەک بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیە، دکتۆر عەلی زەڵمی دەستەواژەیەکی پڕ مانای بەکارهێنا و گوتی "دەبێت پشتوێنەکە بکەینەوە." مەبەستی دکتۆر ئەوەبوو کە کورد دەبێت لەو خەیاڵە بێتە دەرەوە کە تەنیا بۆ پارە کۆکردنەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە، بەڵکو دەبێت تێکەڵ بە سیستەمەکە ببێت، بە یاسایی کار بکات و منداڵەکانی بەو گیانە پەروەردە بکات.
لەلای خۆیەوە، محەممەد بەرزنجی مژدەی ئەوەی دا کە لۆبی کوردی لەڕێگەی گرووپی "Kurds for Labour" کە نزیکن لە حکومەتی ئێستای بەریتانیا، کار لەسەر چاککردنەوەی سیستەمی هۆتێلەکان و سپیکردنەوەی رووی کوردی بەریتانیا دەکەن لەڕێگەی چالاکی مەدەنی و یاساییەوە.