لە ئەڵمانیا بۆمبێک لەبەردەم چێشتخانەیەکی کوردی تەقییەوە

سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لە ناوچەی دۆیتزی شاری کوێلنی ئەڵمانیا گرمەیەکی بەهێز دانیشتووانی ناوچەکەی لە خەو راچڵەکاند. تەقینەوەکە کاژێر 4 و 30 خولەکی بەیانی لەبەردەم چێشتخانەیەکی ناسراوی کوردی لە کوێلن روویداوە. هەندێک لە شایەتحاڵان بە پۆلیسی کوێلنیان راگەیاندووە دوو پیاویان بینیوە کە لەو ناوچەیە هەڵاتوون و، ئێستاش پۆلیس بەدوای ئەو دوو پیاوەدا دەگەڕێن. بەپێی میدیای لۆکاڵی تەقینەوەکە پەیوەندیی بە شەڕی نێوان باندەکانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە هەیە، بەڵام هێشتا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا، خاوەنی چێشتخانەکە دیمەنەکانی کامێراکانی چاودێریی چێشتخانەکەی داوەتە پۆلیس. لەکاتی تەقینەوەکە کەس لە چێشتخانەکە نەبووە، بۆیە هیچکەس زیانی گیانیی پێنەگەیشتووە. پەیامنێری رووداو مەی دۆست چووەتە شوێنی رووداوەکە و لە زاری کارمەندانی چێشتخانەکەوە زانیویەتی کە ئەوەی دانراوە و تەقیوەتەوە بۆمبی دەنگی بووە. هەروەها پەیوەندی بە داواکاری گشتیی کوێلنەوە کردووە و، پێی راگەیاندووە هێشتا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
لە کوێلن ماوەیەکی زۆرە پۆلیس بەدوای باندەکانی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوەیە. وەک لە دۆسێکانی پۆلیس و دادگادا دەردەکەوێ یەک ساڵ پێش ئێستا، 350 کیلۆ ماددەی هۆشبەر کە بەهاکەی بە یەک ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ دەخەمڵێندرێ، دیار نەماوە. ئەو گرووپەی خۆیان بە خاوەنی ماددە هۆشبەرە دیارنەماوەکە دەزانن گومان لە هەندێک کەس دەکەن ئەو کارەیان کردبێت. سەرچاوە ئەڵمانییەکان دەڵێن تەقینەوەی بەردەم ئەو چێشتخانە کوردییە کاری ئەو باندانەیە. هەروەها دەگوترێ مافیای مەغریبیی-هۆڵەندی (کە بە مۆکرۆ مافیا دەناسرێن) رۆڵیان لەو کێشانەی ئەم دواییەی کوێلندا هەیە.
نۆ کەسی کورد و ئەفغانستانی بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە لە فەڕەنسا دادگایی کران
ئەم هەفتەیە لە شاری (لیل)ی فەرەنسا دادگاییکردنی 9 کەسی کورد و ئەفغانستانی بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەرانەوە دەستیپێکرد. دادگاکە رایگەیاند 8 تۆمەتبار لە هۆڵی دادگا ئامادەبوون و دەستگیر کراون، کەسی نۆیەم هەڵاتووە و هێشتا دەستگیر نەکراوە. هەروەها کەسێکی دیکەش کە تۆمەتبارە بە هاوکاریکردنی ئەو گرووپە لە بەلجیکا گیراوە و بڕیارە بەشێوەی جیا دادگایی بکرێ. دادگا ناوی کەسەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 40 ساڵیدایە و، بۆ هەر کەسێک کە لە فەرەنساوە پەڕاندوویانەتەوە بۆ بەریتانیا یان لەڕێگە لەدەستیان خنکاوە داوای 1500 بۆ 4000 یۆرۆیان کردووە. داواکاری گشتیی شاری لیل دەڵێ هێشتا بەڵگەکۆکردنەوە و زانیاریی زۆرتر لەسەر تۆمەتبارەکان بەردەوامە و دەیانەوێ بزانن هەریەک لەوانە رۆڵیان لە قاچاخچێتییەکاندا چی بووە.
لەلایەکی هەر لەو ناوچەیەی ئەو تۆمەتبارانەی لێ دەستگیرکراون، واتە لە ناوچەی کالێ و دانکیخ، رووداوێکی هەژێنەر بۆ کۆچبەرانی کورد روویدا. ئەویش دوای ئەوە هات کە دوو کۆچبەری خەڵکی باشووری کوردستان دەبێتە شەڕیان و بە چەک یەکدی دەکوژن. پۆلیس و میدیای فەرەنسی دەڵێن ئەو رووداوە پەیوەندیی بە زنجیرە رووداوێکی کوشتن و بریندارکردنی دیکەوە هەیە کە ئەو ماوەیە لەو ناوچەیە روویانداوە. هەروەها دوو کەسیش کە بەگوتەی پۆلیس کورد و ئەفغانین لەسەر ئەو رووداوانە دەستگیر کراون. کوردەکە تەمەنی 29 ساڵە و ئەفغانییەکە 16 ساڵە.
ئیتاڵیا: پێنج کەس بە تۆمەتی گەندەڵی لە پێدانی مافی مانەوە (ئیقامە) دەستگیرکران
لە رۆژئاوای ئیتاڵیا و لەنزیک سنووری مۆناکۆ و فەرەنسا 5 کەس بە تۆمەتی گەندەڵیکردن لە پێدانی مافی مانەوە (ئیقامە) بە کۆچبەران دەستگیرکران. رووداوەکە لە جانتایەکەوە دەستیپێکرد کە پارەی کاشی تێدابوو و وەکو بەرتیل بۆ فەرمانبەرێکی دەوڵەت بەناوی (لویجی ئێم) هێندرابوو.
پۆلیسی شاری ئیمپێریای ئیتاڵیا دەڵێت فەرمانبەرەکە بەرپرسی کاروباری کۆچبەران و پێدانی مافی مانەوە بووە پێیان و، لەنێو باڵەخانەی پۆلیسی شارەکەدا کاری کردووە. ماوەیەک بووە پۆلیس گومانی لێی پەیداکردووە و چاودێریی کردووە. رۆژانی رابردوو، ژنێکی رووسی بەناوی (یێڵێنا ڤی)، کە ئاژانسێکی تایبەت بە یارمەتیدانی یاسایی کۆچبەرانی هەیە، بە جانتایەکەوە هاتووەتە لای فەرمانبەرەکە. کاتێک جانتاکەی داوەتە دەست فەرمانبەرەکە، پۆلیسی شارەکە هەڵدەکوتنە سەریان و جانتاکەیان کردووەتەوە و دەبینن 5 هەزار یۆرۆی تێدایە. دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت ئەو پارەیە بەرتیل بووە و ژنە رووسەکە بە فەرمانبەرەکەی داوە بۆئەوەی مافی مانەوە بداتە کەسێک کە بەشێوەی قاچاخ هاتووەتە ئیتاڵیا. لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەریانخستووە کە لە شاری (سان ریمۆ) ئەفسەرێکی پۆلیس و دوو کەسی دیکە لە ئاژانسی یارمەتیدانی کۆچبەران بە هەمان تۆمەت و بە هەمان سیناریۆ دەستگیر کراون. تاوەکو ئێستا پۆلیس دەستی بەسەر 267 هەزار یۆرۆ پارەی بەرتیلدا گرتووە.
ئاسانترین رێگە بۆ وەرگرتنی ڤیزای شینگن بۆ خەڵکی کوردستان
ئەوانەی لە کوردستانن و چاوەڕێن فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە و گەشتەکان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوروپا و، بیر لەوە دەکەنەوە داوای ڤیزای شینگن بکەن، گرنگە بزانن لە کۆنسوڵخانەی کام وڵات داواکارییەکەیان پێشکەش بکەن. هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە شینگن بە بەخشینی ڤیزا ناسراون بە بەراورد لەگەڵ هەندێکی تر.
بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی کە لەبەردەستی بەرنامەی دیاسپۆرا دایە، ئەو 10 وڵاتەی کە لە مانگەکانی رابردوودا زۆرترین رێژەی پەسەندکردنی ڤیزای شینگنیان هەبووە بریتین لە ئایسلەند، سلۆڤاکیا، ئیتاڵیا، رۆمانیا، سویسرا، هەنگاریا، نەرویج، یۆنان، نەمسا و لوکسمبۆرگ.
ئایسلەند لە پێشەنگدایە، بە پەسەندکردنی 91%ی داواکارییەکانی ڤیزا کە پێشکەش بە نوێنەرایەتییەکانی کراون. هەروەها ئیتاڵیا، هەنگاریا، یۆنان و نەمسا رێژەی پەسەندکردنی بەرزیان پێشانداوە، لە نێوان 85% بۆ 88% داواکارییەکانیان پەسەندکردووە، ئەمەش واتە تەنیا 12% بۆ 15% رەتکراونەتەوە.
لە بەرامبەردا، فەرەنسا زیاتر لە 3 ملیۆن داواکاریی ڤیزای پێشکەش کراوە و، ئەڵمانیا 1.5 ملیۆن، بەڵام ئەم وڵاتانە لەنێو ئەوانەدا نین کە زۆرترین رێژەی پەسەندکردنی ڤیزایان هەیە. بەهۆی شێوازی کۆکردنەوەی داتا، بە وردی دیار نییە کە چەند داواکاریی ڤیزای شینگن بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی 2024 پێشکەش کراون، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە 66,000 داواکاری لە عێراقەوە، 5,000 لە سووریاوە و، 162,000 لە ئێرانەوە پێشکەش کراون. هاووڵاتییانی تورکیا دووەم زۆرترین داواکارییان لە جیهاندا پێشکەش کردووە، لە دوای چینەوە، بە کۆی 1,174,000 داواکاری.
دەوڵەتانی ئەندام لە شینگن 937 ملیۆن یۆرۆیان لە داواکارییەکانی ڤیزا کۆکردووەتەوە. ئەو کەسانەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، 136 ملیۆن یۆرۆیان خستووەتە ناو خەزێنەی وڵاتانی شینگن. تەنیا فەرەنسا لە ساڵی 2024دا 246 ملیۆن یۆرۆی تەنیا لە پارەی داواکاریی ڤیزا بەدەستهێناوە.
چیرۆکی سەرکەوتنی کوردێک لە فینلاند
سەرەڕای ئەوەی فینلاند بە کەشوهەوا ساردەکەی ناسراوە، کۆمەڵگەی کوردی بە گەرمی و چالاکییەوە لەوێ ژیان دەگوزەرێنن. لەنێو ئەوانیشدا سۆران زەکی هەیە، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پەیوەندی خزمایەتیشی لەگەڵ ناوچەی پشدەر لە باشووری کوردستان هەیە.
زەکی لە ساڵی 1993 لەگەڵ براکەی گەیشتە فینلاند، ئێستا لەگەڵ هاوژینە چینییەکەی و منداڵەکانی لەوێ دەژین. خوێندنی باڵای تەواو کردووە و بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. لە کۆتایی نەوەدەکاندا، کاتێک فینلاند یەکەم بەرنامەی دەوڵەتی بۆ مەشقی وەرگێڕانی زارەکی دامەزراند، زەکی یەکێک بوو لە یەکەم دەرچووانی ئەو بەرنامەیە و بوو بە وەرگێڕێکی فەرمی. هەروەها وەک پەروەردەکار لە قوتابخانەکانی فینلاند کار دەکات. زەکی هەمیشە هەوڵدەدات کولتووری کوردی بە خەڵکی فینلاند بناسێنێت. ئەو زانیارییە گرنگەکان دەربارەی کوردستان وەردەگێڕێتە سەر زمانی فینلاندی و لە شێوەی کتێب بڵاویاندەکاتەوە. هەروەها منداڵەکانی خۆی کە دایکیان چینییە، فێری قسەکردن و نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی کردووە. بەهۆی هەوڵەکانی زەکییەوە، کتێبخانەی ناوەندیی شاری هێلسنکی ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی فینلاندی دەربارەی کوردستانی تێدایە. زەکی نزیکەی 20 کتێب و فەرهەنگی نووسیوە.
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ سۆران زەکی
سۆران زەکی: من یەکەم جار کە هاتمە فینلاندا، جگە لە فەرهەنگێکی فینلەندی-فارسی، هیچ کەرەستەیەکی دیکە نەبوو یارمەتیدەر بێت بۆ خوێندنی زمانەکە. من لەبیرمە یەکەم خولی زمانی فینلەندی کە چووم، کابرایەکی ئێرانی لەوێ دەیخوێند، هەندێک دەستنووس و شتی خۆی هەبوو سەبارەت بە رێزمان و ئەوانە، ئیتر من لێم کڕی و بۆی کۆپی کردم. هیچ شتێک نەبوو. هەر ئەو کاتە بیرم لەوە کردەوە کە دەبێت رۆژێک لە رۆژان رێزمانێک یان، با بڵێین، پەرتووکێک بۆ فێربوونی زمان و ئەوانە بنووسم. ئەوە بوو کە ساڵی 2003 رێزمانی فینلاندییم بە کوردی نووسی. زەحمەتی زۆری تێدا بوو؛ فۆنت و کێشەی تەکنیکی لەگەڵ کۆمپیوتەر و نەشارەزایی من لە کۆمپیوتەر. لەساڵی 2003 چاپم کرد. ئیتر ئەمە تەنیا رێزمانە، روونکردنەوە دەدەیت و کۆمەڵێک نموونە دێنیتەوە. دوای ئەوە، ساڵی 2012 من پەرتووکێکی ترم چاپکرد، ناوەکەی بەم جۆرەیە: "زمانی فینلاندی بە کوردی دەخوێنم". ئەمە لە هەر کوێ پێویست بووبێت رێزمانەکە روونکراوەتەوە، دوای ئەوە بۆ نموونە دیالۆگێکە، گفتوگۆیەکە یان وانەیەکە، دوای ئەوە کۆمەڵێک راهێنان و ئەم شتانەی لەگەڵدایە، ئینجا لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا وەڵامی راهێنانەکانیش هەیە. ئیتر ئەمە بەشێک بوو لە نامەی ماستەری من لە زانکۆی هێلسینکی، بەشێک بوو لەوە. ئەوە 2012. دواتر هەمان کتێبم کردە فارسی، ئینجا بە یارمەتیی یەکێک لە خوێندکارەکانی خۆم کە خەڵکی سووریایە، هاوڕێیەکی خۆشەویستمە، ئیتر من ئەو کتێبەم کرد بە عەرەبی. بەڵام خوێندکارەکەم هات و هەڵەکانمی راستکردەوە و ئیتر ئەو کتێبەمان وەرگێڕا. دواتر هەر رێزمانەکەش، ئەو رێزمانی فینلەندی بە کوردییە، کردمانە رێزمانی فینلەندی بە عەرەبی. ئیتر ئەمانە کتێبەگەلی زمانن. بەڵام دواتر، ئەو کاتە کە لە زانکۆی هێلسینکی دەمخوێند، لەوێ هەر لە بەشی پێداگۆژی، دەبوایە خوێندکارەکان، هەرکەسە و با بڵێین، کارێکی پێداگۆژی، کارێکی پەروەردەکاریانە بکەن بۆ ئەوەی بابەتێکی دیاریکراو فێری خوێندکارەکان بکەیت. هەبوو یارییەکیان دەهێنا بۆ نموونە، بۆ ئەوەی فێری دۆخی رابردوو بیت. لەو روانگەیەوە کە خزمەت بە زمانی خۆمان بکەین یان خەڵکی ئەم وڵاتەش فێری زمانی ئێمە ببن، بیرم لەوە کردەوە کە دەبێت کتێبێک ئامادە بکەم بە ناوی: "کوردی فێر دەبم" بۆ ئەو بیانییانەی، ئەو فینلاندی زمانانە، کە بیانەوێت کوردیی سۆرانی فێر ببن. ئیتر من ئەو کتێبەم چاپکرد. دوای ئەوە، ئەمە لە ئەلفوبێوە دەست پێدەکات. سەرەتا هەردوو رێنووسەکەی کوردی تێدا دەخوێنرێت، بەداخەوە ئێمە دوو رێنووسمان هەیە یان زیاتر، هەردووکیانی تێدایە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ فێرخوازی فینلاندی تا سەرەتا بتوانێت بە پیتە لاتینییەکە بخوێنێتەوە.
رووداو: ئەمانە بابەتی زمان بوون. بۆ ئەدەبی کوردی بۆ فینلاندی چیت کردووە؟
سۆران زەکی: ئەدەبی کوردی بۆ فینلاندی، من لە شێرکۆوە دەستم پێکرد، لە هۆنراوەیەک بە ناوی "بەیان". لەگەڵ یەکەم بەیتی یەکەم دێڕی تووشی کێشە بووم کە دەڵێت: "گوندێک هەیە رووتەڵەیە". ئیتر لەوەوە دەستم پێکرد، نزیکەی چوار لاپەڕە بوو بەشی فینلەندییەکەی. دوای ئەوە بەردەوام بووم. بەلامەوە گرنگ بوو کە شێرکۆ بکرێتە فینلاندی. ئیتر زیاتر لە سەد هۆنراوەی شێرکۆم وەرگێڕاوە لە پێنج بەرهەمدا. یەکەمیان 2019، ساڵی 2019 کاک هەڵۆ شێرکۆ بێکەسیش هاتبووە ئێرە، هەر لێرە لەم کتێبخانەیە بڵاومانکردەوە. ئیتر ئەمانە کۆمەڵێک هۆنراوەی هەڵبژاردەن، بەڵام خۆم ناوی ترم لێناوە. یەکەمیان ئەوەیە کە: "پرشنگی رۆح دەستگیر ناکرێت"، دووەمیان "لە کەنار خۆزگەیەکمان" بە فینلاندی، ئەوەی تریشیان "گەلەریی دڵم". یەکێکی تریشیان "ئاوێنە بچکۆلەکان"، هەروەها چیرۆکێکی شێرکۆیە بۆ منداڵان، "کۆکۆختییە بزێوەکە". دوای ئەوە، دیوانێکی کاک هەڵۆ شێرکۆ بێکەسم وەرگێڕا بۆ فینلاندی کە کۆمەڵێک هۆنراوەی کورتن. ئەم هۆنراوانەی شێرکۆ و کاک هەڵۆ و کۆمەڵێک شاعیری دیکەی کوردیشم وەرگێڕاوە. تەنانەت ئەمانەم لە خولەکانی زمانی فینلاندیش بەکارهێناوە بۆ فێربوونی زمان.
رووداو: فێربوونی زمان، ئەدەبی کوردی بۆ فینلاندی و فێرکردنی خەڵک، فینلەندییەکان فێری کوردی ببن. لە تەنیشت ئەوەوە، ئیشت لەسەر مێژوویەکی گرنگی کوردستانیش کردووە بۆ ئەوەی بە کتێب بۆ فینلاندییەکان روونی بکەیتەوە. ئەو چییە؟
سۆران زەکی: کۆمەڵێک کتێبی کاک عارف قوربانیم وەرگێڕاوە سەبارەت بە ئەنفال، گێڕانەوەی رزگاربووانی ئەنفالە. ئیتر یەکەمیان "تەیموورە"، وەک تاکە رزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ژنان و منداڵان. ئەمە نازانم ساڵی چەند بوو، لێرە لە جانتاکەشمان هەیە، ئیتر چاپم کرد. دوای ئەوە، کەسێکی عێراقی کە 25 ساڵ لە دەزگای موخابەراتی عێراقدا کاری کردووە، کاک عارف چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە. کاتی خۆی دوای رووخانی بەعس و ئەمانە، ئەم کەسە لە ناوچەی کەرکووک دەدۆزنەوە و ئەو کاتە کە کاک بەرهەم سەرۆکوەزیرانی باشووری کوردستان بوو، دەچن چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکەن و خۆشی دەڵێت، "من هاتووم هەموو زانیارییەکان بدەم، ئامادەم." ئیتر ئەو کتێبەشە، وەک ئەوەی نەک هەر قوربانییەکە بێت قسە بکات، بەڵکو جەلادیش بێت راستییەکان بگێڕێتەوە.
رووداو: چ شتێک هەیە لەسەر کتێبەکانت کە لە فینلاندییەکانت بیستووەتەوە و بیرت ناچێت کە پێیان گوتبیت؟
سۆران زەکی: پێیان گوتووم کە ئەم یەکەم کتێبەی "کوردی فێر دەبم" کە نووسیومە، ئەو زانیارییانەی کە سەبارەت بە فەرهەنگ و شوێنەوارەکانی کوردستان و مێژووی خۆمان و کولتووری خۆمان و ئەمانە باسمکردووە لە پەراوێزی کتێبەکاندا، زۆر بەلایانەوە گرنگە کە کۆمەڵێک زانیاری سەبارەت بەو کۆمەڵگەیە دەدرێت. ئیتر من کاتێک ئەو کتێبەشم نووسی، زۆر هەوڵم دا کامێراکە بخەمە سەر هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵام زیاتر بەهۆی ئەو پێگەیەی کە باشوور هەیەتی لە رووی بەڕێوەبەرایەتی و ئەوانەوە، زیاتر باسی ئەوێ کراوە. بەڵام باسی رۆژئاواش کراوە، باسی رۆژهەڵاتیش کراوە، باسی ئەو شوێنانە کراوە. بەڵام ئەم جۆرە سەرنجانە هەبوون لەسەر کتێبەکان.
رووداو: لە ماڵەوە بە کوردی قسە دەکەیت لەگەڵ منداڵەکانت؟
سۆران زەکی: بەڵێ، هێشتا لە سکی دایکیاندا بوون کە بە کوردی قسەم لەگەڵ دەکردن.
رووداو: بەڵام دایکیان کورد نییە.
سۆران زەکی: دایکیان خەڵکی چینە و ئیتر منداڵەکان زۆر باشن لە نووسین و خوێندنەوەی کوردی و قسەکردنی کوردی.
رووداو: دایکیان چۆنە؟
سۆران زەکی: دایکیان تێدەگات. ئیتر بەڵام لە ماڵەوە زیاتر لەگەڵ ئەو بە فینلاندی قسە دەکەین. بەڵام لەگەڵ خەسووم و لەگەڵ خانەوادەی ئەوان هەمیشە بە چینی قسە دەکەم.
رووداو: کوڕەکەت سەپرایزێکی بۆ کردیت، کتێبێک بوو. ئەگەر باسی ئەوەمان بۆ بکەیت.
سۆران زەکی: بەڵێ، ئەو کاتە کوڕەکەم تەمەنی 10 ساڵ بوو. زۆر هەوڵم دەدا کە کوردییەکەی باش فێر بێت، نەک هەر قسەکردن، بەڵکو خوێندنەوە و نووسینیش. ئیتر ئەوە بوو کە چیرۆکم بۆ وەردەگرت لەم کتێبخانەیە. کتێبەکان زۆر کەم بوون، ناوەڕۆکەکان زۆر باش نەبوون، دوای ئەوە رەش و سپی بوون. لە رووی تەکنیکییەوە رەنگی نەبوو. دایکی کتێبی چینی، چیرۆکی چینی، بۆی وەردەگرت و رەنگی و شتی وا، ئیتر زیاتر ئەوە بوو، تۆزێک رکابەری بوو لەنێوانماندا لەسەر ئەمانە. ئیتر منیش بۆ ئەوەی، منداڵی ئێمە تەعریب و تەفریس و تەتریک کراوە، وتم ئەمانیش نەچنە ژێر کاریگەریی زمانی چینی (ئەڵبەتە گاڵتە دەکەم، لە ماڵی ئێمە باسی ئەو شتانە نییە، زۆر کەشێکی نێونەتەوەییە). بەڵام هەوڵم دا کە ئیتر خۆم چیرۆک دابنێم. من چیرۆکی "ماسییە رەشە بچکۆڵەکە"ی سەمەد بێهڕەنگیم لە فارسییەوە کردە کوردی. دەشمزانی کە ئەم کتێبە کراوەتە کوردی، بەس دەستم نەکەوت. ئەوەم کردە کوردی و ئیتر دام بە کوڕەکەم کە ئەمە بکات بە فینلەندی.
رووداو: واتە منداڵەکانت خوێندنەوە و نووسینی کوردی زۆر بە باشی دەزانن.
سۆران زەکی: بەڵێ. ئیتر ئەوە بوو کە دەتوانم بڵێم نیوەی کتێبەکەی لە کوردییەوە وەرگێڕا، دواتر لە رێگەی ئینتەرنێتەوە زانی کە ئەم کتێبە بە ئینگلیزیش هەیە، ئیتر ئەوەی تری لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕا. کوڕی من لە باخچەی ساوایانی ئینگلیزی بووە. لەبەر ئەوەی ئەو کتێبێکی یەکجار زۆری خوێندووەتەوە، دەتوانم بڵێم هاری پۆتێرەکانی سەرەتا پێش ئەوەی بێتە فینلاند، بە ئینگلیزی خوێندوویەتییەوە. داوامان کردبوو بۆی. خوێنەرێکی زۆر باش بوو. ئیتر زۆر زوو وەریگێڕا. دواتریش کە کچەکەمان لەدایکبوو، 9 ساڵ جیاوازیی تەمەنیان هەیە، ئیتر بەشێک لەو چیرۆکە فۆلکلۆرییە کوردیانە، پیرێژن و مام رێوی و شەنگێ و پەنگێی کورمانجی و تیتیل و بیبیلی سۆرانی و ئەمانە، بەشێکیان من وەرمگێڕان، مام هۆمەر و لێشکە قوڵە و ئەمانە، بەشێکیشی ئەو وەریگێڕان بۆ خوشکی، تا یارمەتیی بدات. ئیتر ناچار بووم ئەو کاتە کۆمەڵێک چیرۆکیش هەروا زارەکی بۆیان دابنێم. زۆر جار دەیگوت، "ئەمە وا نییە، جۆرێکی ترە". بەڵام ئیتر لە کۆتاییدا من چووم ئەو چیرۆکە فۆلکلۆرییە کوردیانەم وەک کتێبێک بە ناوی "دۆڵی رێویان" چاپمان کردن و ئەوەی تریشیان هەر بە فینلاندی. کچێکی خەڵکی پیرانشار وێنەکانی کێشاوەتەوە و ئێستا وەکو دوو توێی دوو پەرتووکی جیاواز چاپ کراون.

بهشی بكه لە