لە بەریتانیا کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی کوردی دیاسپۆرا و بازرگانانی دیکەی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

27 June 2025
لە بەریتانیا کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی کوردی دیاسپۆرا و بازرگانانی دیکەی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت
لە بەریتانیا کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی کوردی دیاسپۆرا و بازرگانانی دیکەی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

بۆ یەکەمینجار لە مێژووی دیاسپۆرای کوردیدا کارسازان و بازرگانانی کوردی دیاسپۆرانشین و بازرگانانی ئەو وڵاتەی کوردی لێدەژین کۆنفرانسێکی هاوبەش دەبەستن. 
رۆژی شەممە 28/6/2025 لە شاری بێرمێنگهامی بەریتانیا، کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا رێکخەری کۆنفرانسەکەیە، جگە لە بازرگانان ژمارەیەک کاربەدەستی حکومەتی بەریتانیا و پەرلەمانتارانیش ئامادە دەبن. 
محەممەد بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا میوانی دیاسپۆرا بوو لە بارەی کۆنفرانسەکە رایگەیاند، کوردی دیاسپۆرا لە بەریتانیا لە زۆربەی بوارەکان بەرەوپێشچوون، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، کۆنفرانسەکە رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بازرگانان فێربن چۆن لە بازرگانی بچووکەوە و هەنگاو بنێن بەرەو بازرگانی گەورە، دەڵێت"دەمانەوێ هەموو بازرگانەکان بەتایبەتی بازرگانە کوردەکانی بەریتانیا لە پلاتفۆرمەکە سوودمەند بن".
محەممەد بەرزنجی گوتیشی" کۆمەڵێک بازرگانی گەورەی بەریتانیا لە نەتەوە جیاوازەکانی بەریتانیا لە کۆنفرانسەکە بەشدارن، ژمارەی بازرگانان 120 کەسن و هەروەها 30 کەسیش وەک میوان بەشدار دەبن". دەشڵێت" لە کۆنفرانسەکەدا بەرپرسی باڵا لە حکومەتی بەریتانیا و هەرێمەکەمان، هەروەها پارێزگار و چەندین ئەندام پەرلەمان و ئەندامی شارەوانیییەکان بەشدار دەبن و  یەکەمجارە بەرپرسی باڵا لەو جۆرە کۆنفرانسانە بەشداریی دەکەن".
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکی لە کۆنفرانسەکە بریتییە لەوەی کە بازرگانان فێربن چۆن بازرگانی بچووک گەورە بکەن و کارەکانیان گەورە و فراوانتر بکەن، بەتایبەتی بازرگانە کوردەکان لەرێگەی بەرکارهێنانی سستم و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەبازاڕکردن.
محەممەد بەرزنجی روونیکردەوە، هەریەکە لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا و بەرپرسی باڵا لە حکومەتی بەریتانیا لە کۆنفرانسەکەدا قسەیان دەبێت.
بەرزنجی ئاشکرایکرد، ژمارەی میوان و بەشداربووانی کۆنفرانسەکە زۆر لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بوو، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و داخستنی ئاسمانی ناوچەکە ژمارەی بەشداربووان و میوانەکان کەمبووەوە.

لە بەریتانیا کارمەندێکی باڵای دەوڵەت لەسەر پەنابەران دەستگیرکرا
کارمەندەکە بە گەندەڵی و بەرامبەر پارە ئیقامەی داوەتە کۆچبەران


لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی کاتێک کۆچبەرێکی کورد یان ناکورد داوای پەنابەرییەکەی رەتدەکرێتەوە، دەکەوێتە دۆخێکی دژوارەوە. بۆیە ئامادەیە هەموو دەستی هاوکارییەک بگوشێ کە بۆی درێژ دەکرێ. 
کارمەندێکی باڵای وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس) ئەمە باش تێگەیشتووە. بۆیە بیری کردووەتەوە چۆن پارە لەو جۆرە کۆچبەرە دڵشکاو و نائومێدانە پەیدا بکات. (عیمران ئێم) کارمەندە باڵاکەیە و تەمەنی 39 ساڵە. بەرپرسی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی کەیسی پەنابەری و دواتر بڕیاردان لەسەر کەیسەکانە لە شاری مانچێستەر. 
سەرەتای ساڵی 2024، عیمران تەلەفۆن بۆ کۆچبەرێک دەکات کە کەیسەکەی رەتکراوەتەوە. پێیدەڵێت ژمارە حیسابێکت بۆ دەنێرم، پارەی بۆ بنێرە و وادەکەم ئیقامە وەربگریت. کۆچبەرەکە ناوی (نووراڵ ئەمین)ە و لەخۆشیان شاگەشکە دەبێ. هەر هەمان هەفتە 1500 پاوەند دەنێرێتە سەر حیسابەکە. سەرەتای ئەمساڵ نووراڵ، کە داواکاریی پەنابەرییەکەی رەتکرابووەوە، لەپڕ ئیقامە وەردەگرێ. لەو ماوەیەدا چەندینجار بڕە پارەی دیکە دەنێرێتە سەر حیسابی کارمەندەکەی دەوڵەت. هەر سەرەتای ئەمساڵ عیمران تەلەفۆن بۆ کۆچبەرێکی دیکە دەکات کە هاووڵاتیی تورکیایە و پێیدەڵێت مەترسیی دەرکردن لە بەریتانیای لەسەرە و ئەگەر ئیقامەی دەوێ دەبێ 2000 پاوەند بنێرێتە سەر حیسابەکەی. کۆچبەرەکە، کە دیار نییە کوردە یان تورک، دەپەشۆکێت و گومان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەکات. بۆیە دەچێ شکایەتی لێدەکات. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەوەی تەلەفۆنی بۆ کردووە کاک عیمرانی خۆیانە! ئیتر دەستدەکەن بە لێکۆڵینەوە لەگەڵی. دروست لەوکاتەدا کە لێکۆڵینەوە دەکەن، نووڕاڵی خاوەن ئیقامە بڕێک پارەی دیکە دەنێرێتە سەر حیسابەکەی. بەمەش تەواوی کەیسەکە ئاشکرا دەبێ. 
ئێستا عیمران بە 4 ساڵ زیندان و نووراڵ بە 18 مانگ زیندان حوکمدراون. داواکاری گشتی دەڵێت کارمەندە باڵاکەیان دنیایەک مەشقی پێکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ساختەکاری، کەچی لەجیاتی ئەوەی گەندەڵی ئاشکرا بکات، خۆی گەندەڵ دەرچووە!

ئەڵمانیا.. خانمێکی کورد لە ماوەی مانگێکدا دوو خەڵاتی گەورەی وڵاتەکەی وەرگرت

سەرپیل تەمیز لە ئەڵمانیا بووەتە ناوێکی ناسراو. خانمێکی ئازایە کە کوڕەکەی لە شاری هاناو بەدەستی کەسێکی رەگەزپەرست کوژرا. دوای ئەوە سەرپیل دامەزراوەیەکی دروستکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی و هاندانی یەکتر قبوڵکردن. کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ خەڵاتێکی وەرگرت و بووە باڵیۆزی دێموکراسی و یەکترقبوڵکردن لە ئەڵمانیا. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری کوێلن خەڵاتێکی دامەزراوەی بیمە هەرێمییەکان (گێ فاو فاو GVV)ی وەرگرت. 
ئەو دامەزراوەیە چەترێکە و ژمارەیەکی زۆر بانک و دامەزراوەی بیمەی ئەڵمانیا تێیدا ئەندامن. خەڵاتەکە هێندە گرنگ بوو کە کلاوس کامینسکی، سەرۆکی گەورە شارەوانیی شاری هاناو، بەتایبەت سەفەری کرد بۆ شاری کوێلن و ئامادەی مەراسیمی خەڵاتدانەکە بوو. دوای ئەوەش کامینسکی بەو شێوەیە بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی خەڵاتەکەی کرد. 
کلاوس کامینسکی، سەرۆکی گەورە شارەوانیی هاناوی ئەڵمانیا
(ئەمڕۆ هاتووینەتە شاری کوێلن، کە پڕ لە گوڵ و گوڵزارە. لێرە کۆبوونەوەی دامەزراوە ئەندامەکانی گێ فاو فاو هەیە. کە دەکاتە دامەزراوەی بیمە هەرێمییەکان. دڵخۆشم کە ئەمساڵ سەرپیل تەمیز خەڵاتی خۆبەخشیی لەژێر دروشمی (فرەیی واتە یەکبوون) وەرگرت. ئەمە هەر بۆ ئەو گرنگ نییە بەڵکو بۆ ئێمەش گرنگە. سەرپیل، بەناوی شارەوانییەکەمان و بەناوی خۆشمەوە پیرۆزباییت لێدەکەم).  

سەرپیل تەمیز، باڵیۆزی دیموکراسی و یەکترقبوڵکردن لە ئەڵمانیا میوانی ستۆدیۆی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، سەرەتا ئێمە زیاتر لە 60 گەنجی کورد لە ئەڵمانیا و ئەورووپا دەستمان بە کارکردن کرد لە دژی نەژادپەرستی و هەروەها کارکردن بۆ دیموکراسی، پاشان هەموومان لە ئەڵمانیا کۆبووینەوەو کۆنفراسێکمان سازکرد و رێکخراوی یەکترقبووڵکردن و دیموکراسیمان دروستکرد.
سەرپیل تەمیز، روونیکردەوە، کوڕەکەی پێشنیازی بۆ کردووە بۆ ئەوەی پرۆگرامێک بۆ منداڵان دروست بکات لە قوتابخانەکان بخوێندرێت بۆ ئەوەی فێربن دژی رەگەزپەرستی بن و کار بۆ دیموکراسی بکەن، دەڵێت"ئەوەبوو ئێمەش کردمان و ئێستا لە خوێندگەکان دەخوێندرێت".
باڵیۆزی دیموکراسی و یەکترقبوڵکردن لە ئەڵمانیا کە لەلایەن چەندین سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپی پێشوازیی لێکراوە و دەڵێت" بەداخەوە ئەو هەموو سەرۆک وڵاتەم بینیون و چەندین وڵات گەڕاوم، بەڵام نەمتوانیوە بچمەوە کوردستان و وڵاتی خۆم ببینم، هەرچەندە من لە ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوومەوەو قسەمان کرد و پێم گوت من وەک کچە کوردێک خەبات بۆ دۆزی نەتەوەکەم دەکەم و هەروەها دژی نەتەوە پەرستیش کاردەکەم و هیوام وایە بە زۆترین کات بتوانم سەردانی کوردستان بکەم".
لە فەرەنسا هەرکەسێک گرێبستێکی شەش مانگی دەستکەوێ ئیقامە (یان کارتی شین) وەردەگرێ

فەرەنسا دەیەوێ ئاسانکاری بکات بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بە کار لەو وڵاتە ئیقامە وەربگرن. لەمەودوا هەرکەسێک بتوانێ گرێبەستێکی کارکردن بۆ ماوەی 6 مانگ لە فەرەنسا بدۆزێتەوە و واژۆ بکات، دەتوانێ داوای کارتی شین (یان ئیقامەی کار) بکات. 
ئەوانەی لە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاش ئیقامەی کاریان هەیە و دەیانەوێ بچنە فەرەنسا ئاسانکارییان بۆ کراوە. پێشئەوەی ئەوەتان بۆ باس بکەم، با باسی ئەوانە بکەم کە لە کوردستانەوە دەیانەوێ ببنە خاوەنی ئەو جۆرە ئیقامەیە. جاران فەرەنسا مەرجی ئەوەی دانابوو کە ئەو کەسەی گرێبەستی کاری بۆ دەکرێ لە فەرەنسا دەبێ 5 ساڵ ئەزموونی کاری پرۆفێشنەڵی لەو بوارەدا هەبێ کە بۆی دێتە فەرەنسا. هەروەها پێویست بوو بڕوانامەی زانکۆی هەبێ. لەمەودوا 3 ساڵ ئەزموون بەسە و بۆ هەندێک بواریش بڕوانامەی زانکۆ پێویست نییە. 
ئەوانەیش کە لە وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاوە دەیانەوێ بێنە فەرەنسا و لەوێ ئیقامەی کاریان هەیە، ئەوە بەسە کە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 12 مانگ لە وڵاتەکەی دیکە ئیشیان بە ئیقامەکەیان کردبێ. جاران مەرجەکە بۆ 18 مانگ بوو و ئەمە گۆڕدراوە. 


لە نەرویج هەمزە ئاگۆشی رۆڵگێڕی سەرەکیی فیلمی (مام وێنس) بەربژێر کراوە بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیلمی سینەمایی
هەمزە ئاگۆشی، لە ژمارەیەک دراما و فیلمی نەرویجیدا رۆڵی گێڕاوە. ساڵانی زۆر پێشمەرگەی کوردستان بووە، دوای هاتنی بۆ دیاسپۆرا لەتەنیشت نووسینە سەرنجڕاکێشەکانی، ئەکتەریشە. ئەو دوو جار لە نەرویج وەکو باشترین ئەکتەری بواری دراما هەڵبژێردراوە، بەڵام ئەمجارە بەربژێرە بۆ خەڵاتی (ئاماندا) بۆ باشترین ئەکتەری سینەمایی. 
جگە لەوەش دوایی فیلم کە ئاگۆشی رۆڵی تێدا بینیوە، هەفتەی داهاتوو لە شاری میونشن و لە فێستیڤاڵی فیلمدا نمایش دەکرێ. دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوانەی لەوێن بۆئەوەی بچن فیلمی (ئەنکڵ یێنس یان بەقەولی کاک هەمزە -مام وێنس-) ببینن. 
هەمزە ئاگۆشی لە نەرویجەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و لەو بارەیەوە گوتی"خەڵاتی ئاماندا گەورەترین خەڵاتی سینەماییە لە نەرویج و ساڵانە پێشکێش بە کۆمەڵێک ئەکتەر، دیزاینەر، پرۆدیوسەر، دەرهێنەر و  کامیرەمان دەکرێت و خەڵاتەکە لە ساڵی 1985 دەدرێت بە فیلمی نەرویجی و بیانییەکان و خەڵاتەکە پەیکەری ژنێکە وەک هێمایەکی بەرزی هونەری وڵاتی نەرویج".
هەمزە ئاگۆشی روونیکردەوە، رکابەرەکانی دوو خاتوونی ئەکتەری نەرویجین و لە 16ی ئابی ئەمساڵ خەڵاتەکە دەدرێت بە کەسی براوە.
ئاگۆشی گوتیشی"پێشتر دوو خەڵاتم لەڕووی دراماوە وەرگرتووە لە ساڵی 2021 و 2024 کە بریتی بوو لە چوارچێوەی زێڕین، خەڵاتەکە تەلەفزیۆنی بوو بۆ دراما، بەڵام ئەوەی ئاماندا سینەماییە".
سەبارەت بە فیلمی مام وێنس و نمایشکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی میونشن لە ئەڵمانیا هەمزە ئاگۆشی گوتی" لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی میونشن دا ساڵانە 200 فیلم بەشداردەبن، کە دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمە لە دوای فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، کە سەتان رەخنەگر بەشدار دەبن و فیلمی مام وێنس لە 3ی مانگی داهاتوو یەکەمجار لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت و دواتر لە 5ی ئەمووز دووبارە نمایش دەکرێتەوە".
ئاگۆشی روونیکردەوە، فیلمی مام وێنس لە ئەمریکا، ئیتالیا، نەرویج نمایشکراوەو پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە، بەمنزیکانە لە لەندەن و ستۆکهۆڵمیش نمایش دەکرێت.

دیزاینەرێکی فاشنی کورد بە تێکەڵکردنی جلوبەرگی کوردی و ئەورووپی سەرنجی هەمووانی بۆخۆی راکێشاوە
یاسمین خانمێکی ئێزدیی سەرکەوتووە و خەڵکی باعەدرێیە. ئەو دیزاینی جلوبەرگی کوردی و ئەورووپی تێکەڵ دەکات و هەم بەکرێ دەیداتە ئەوانەی پێی سەرسامن و هەمیش دەیانفرۆشێ. 
دیزاینەکانی زۆر سەرنجڕاکێشن، بۆنموونە کراسێکی کوردیی والێکردووە هەستدەکەیت جلوبەرگی ماڵباتێکی شاهانەیە لە ئەورووپا. یان جامانەیەکی کوردیی وا رازاندووەتەوە کە حەزدەکەیت بە سەری هاوژینەکەت یان یارەکەتەوە بیبینیت. 

یاسمین کەریم شێخ شەرۆ، کچە کوردێکی خەڵکی ناحیەی باعدرێیە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو لەگەڵ دڵڤینی خوشکی، پڕۆژەیەکیان بۆ دیزاینکردن و دوورینی جلوبەرگی کوردی بە ستایلێکی سەردەمیانە و تێکەڵ بە دیزاینی ئەورووپی دەستپێکردووە، بە ئامانجی ئەوەی جلوبەرگی کوردی لەنێو گەنجانی کورد لە دیاسپۆرادا بە زیندوویی بهێڵنەوە.
یاسمین، کە سەرەتا وەک مەیکەپ ئارتیست کاری کردووە، باس لە سەرەتای بیرۆکەکەی دەکات و بە رووداوی گوت"بیرۆکەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چۆن بتوانم جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی لە ئەڵمانیا دروست بکەم، دەمانەوێت کچ و ژنانی کورد لە ئەورووپا حەز بە ستایلە نوێیەکەمان بکەن و بیپۆشن، نەک تەنیا ستایلی بیانی، بەڵکو جلوبەرگی خۆمان بە ستایلێکی ئەورووپی".
ئەو دوو خوشکە کارەکانیان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەبەن، یاسمین دیزاین و نەخشەکان دادەڕێژێت و دواتر بۆ بەرگدرووەکانیان دەنێرێت بۆ ئەوەی مۆدێلێکی جوان و گونجاو بۆ گەنجانی کورد لە ئەورووپا دروست بکەن، یاسمین ئاماژە بەوەش دەکات کە برایەکیان لە ئەڵمانیا یارمەتییان دەدات بۆ دابینکردنی قوماش و کەرەستە کوردییەکان.
دلڤین، خوشکی یاسمین، هاوبەشی سەرەکیی کارەکەیەتی و دەڵێت"دوای ئەوەی خوشکەکەم دیزاینەکان دادەنێت و نەخش و مورووەکان دیاری دەکات، من پێکەوەیان دەبەستم و کاری دوورینەکەی تەواو دەکەم".
دلڤین نموونەی یەکێک لە کارەکانیان دێنێتەوە و روونیدەکاتەوە کە چۆن هەوڵیانداوە کراسێکی شازادانە (Elegant) دروست بکەن کە دیزاینەکەی لە جلوبەرگی کوردییەوە وەرگیراوە، بەڵام مۆدێلەکەی جیاوازە و تێکەڵەیەکە لە ستایلی کوردی و ئەورووپی.
یەکێک لەو بەشانەی یاسمین بایەخی تایبەتی پێدەدات، گۆڕانکاریکردنە لە "جەمەدانی" کە بووکانی کوردی ئێزدی لەکاتی ئاهەنگی هاوسەرگیرییدا بەکاری دەهێنن، ئەو دەڵێت"زۆر حەزدەکەم جەمەدانی بە شێوازێکی نوێ پێشکێش بکەم، هەوڵمداوە گۆڕانکاری لە رەنگەکانیدا بکەم بۆ ئەوەی بووکەکان زیاتر حەزیان لێی بێت و ئەم نیشانە کولتوورییە زیاتر دەربکەوێت".
ئامانجی سەرەکیی یاسمین و دلڤین هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی شانازی بە کولتوور و جلوبەرگی رەسەنی خۆیانەوە بکە، ئەوان هیواخوازن لە داهاتوودا بتوانن لقێکی کارەکەیان لە کوردستانیش بکەنەوە و پڕۆژەکەیان بەرفراوانتر بکەن.