لە رووداوێکی تەمومژاویدا کارسازێکی کورد لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا

04 July 2025
لە رووداوێکی تەمومژاویدا کارسازێکی کورد لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا
لە رووداوێکی تەمومژاویدا کارسازێکی کورد لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی هەفتەی رابردوو، کارسازێکی کورد لە ماڵێکی لەشفرۆشی (یان وەک لە ئەڵمانیا پێیدەڵێن ساوناکلوب) دا لەسەر سنووری ئەڵمانیا و هۆڵەندا بەمردوویی دۆزرایەوە. کە ئەم رستەیە دەبیستیت، رەنگە بڵێیت ئەمە وەک هەر رووداوێکی مردنی دیکەیە و رەنگە ئەو کابرایە مادەی هۆشبەری بەکارهێنابێ یان جۆرە حەبێکی خواردبێ و مردبێ. بەڵام کاتێک وردەکارییەکانی دەزانیت، دەبینیت شتەکە ناڕوونترە.
 
ئەو کەسەی مردووە ناوی محەممەد یاقووتە و خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە. لەوێ و لە هەموو باکوور و تورکیاش کە ناوی بهێنیت، هەمووان دەیناسن. دوو ساڵ پێش ئێستا ئەو پیاوە هەندێک ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و گوتی نهێنیی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیای لەلایە و ئاشکرایان دەکات، دواتر لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد دەرکرا، کە بە (رێد نۆتس) دەناسرێ. 
محەممەد لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە هاتوچۆی دەکرد، تاوەکو رۆژی 30ی 4ی ئەمساڵ، واتە دروست دوو مانگ و چوار رۆژ پێش ئێستا، پۆلیسی هۆڵەندی لەسەر سنووری ئەڵمانیا دەستگیریانکرد. ئەو دەچووە دیداری کەسێکی دیکە، کە رۆژێک دوای دەستگیرکردنەکەی، لە شارێکی نزیک دێنهاخی هۆڵەندا تەقەی لێکرا و کوژرا. 

تورکیا داوای رادەستکردنەوەی محەممەدی لە هۆڵەندا دەکرد، بەڵام هۆڵەندا داواکەی رەتکردەوە. ئینجا رۆژی 30 ی 6، واتە 5 رۆژ پێش ئێستا، محەممەد لە زیندان هاتە دەرەوە و چەند کاژێرێک دواتر، لەو ماڵی لەشفرۆشییەدا (کە ناوەکەی و شوێنەکەی لای بەرنامەی دیاسپۆرا پارێزراوە) گیانی لەدەستدا. هەرچەندە پۆلیسی ئەڵمانیا نایەوێ لەسەر کەیسەکە قسە بکات و دەڵێ جارێ توێکاری بۆ لاشەکەی دەکەن تاوەکو هۆکاری مردنەکەی بزانن، بەڵام کەسانی نزیک لە محەممەد دەڵێن جەڵتە لێیداوە. دەشڵێن ماڵی لەشفرۆشییەکە هی کابرایەکە کە هاووڵاتیی تورکیایە و محەممەد لەوێ ژوانی لەگەڵ کەسێک، کە نازاندرێ کێیە، هەبووە.
 
پاش دەرچوونی لە زیندان، محەممەد چووەتە شاری دویزبورگی ئەڵمانیا، لەوێ باسی ئەوەیکردووە کە لە زیندان زۆر کێشی لەشی کەمیکردووە، دەزگا ئەمنییە رۆژئاواییە جیاوازەکانیش زۆر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵکردووە. هەروەها باسی ئەوەیکردووە کە کێشەی دڵی هەیە. کاتێک چووەتە ماڵەکە، شۆفێرێكی لەگەڵ بووە. شۆفێرەکەی دەڵێ محەممەد پێیگوتووە لەوێ ژوانی لەگەڵ کەسێک هەیە و زوو دەگەڕێتەوە. دوای ئەوە شۆفێرەکە ئامبوڵانسێکی بینیوە کە هاتووەتە بەردەم ماڵەکە. ئینجا کە چووەتە ژوورەوە، پێیانگوتووە محەممەدیان بردووەتە نەخۆشخانە و هەر لەوێ تەواو بووە. 
وەزارەتی نێوخۆی هۆڵەنداش، وەکو ئەڵمانیا، نایەوێ جارێ لەسەر ئەو کەیسە و کەیسی ئەو کەسەی پێش دەستگیرکردنی ژوانی لەگەڵ هەبووە و کوژراوە هیچ بڵێت. بەپێی یاسای هۆڵەندی ئەو جۆرە کەیسانە پێیاندەگوترێ (گەمارۆدراو)، واتە بۆئەوەی لێکۆڵینەوەکان بەلاڕێدا نەچن نابێ حکومەت هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئاشکرا بکات. 

بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا دوای دەرکەوتنی ئەنجامی توێکارییەکان لە ئەڵمانیا، تەرمی محەممەد دەبردرێتەوە ئامەد و لەوێ دەینێژن.     

هۆڵەندا.. خەڵاتی کەڤین بۆ دادپەروەری دابەشکرا

لە هۆڵەندا یادی گەنجێکی دیاسپۆرانشین بەرز راگیرا کە کاری بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەکرد. 
کەڤین بەگیخانی، قوتابیی زانکۆی لایدنی هۆڵەندا بوو، کە یەکێکە لە ناسراوترین زانکۆکانی جیهان و ئەکادیمییەکانی تاوەکو ئێستا 16 جار خەڵاتی نۆبڵیان بردووەتەوە. ئەو لە تەمەنی 27 ساڵیدا گیانی لەدەستدا، بەڵام ئێستا زانکۆکەی، بە یارمەتیی دامەزراوەی (کەڤین بۆ دادپەروەری)، خەڵاتێکی ساڵانە دەداتە باشترین نامەی دەرچوون کە سەبارەت بە دادی نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارکردنی تاوانکارانی جەنگ یانیش ئاشتی نووسرابن، رۆژی هەینی رابردوو خەڵاتەکەی دابەشکرا، کچێکی بەرازیلی بەناوی میلانۆ دۆرۆدا خەڵاتەکەی بردەوە.
یەکێک لە مامۆستاکانی کەڤین و ئەندامی دەستەی دادوەرانی خەڵاتەکە، دکتۆر سیمۆن مینکس بوو، کە هەمان ئەو یاساناسەیە رۆڵی هەبوو لە سزادانی بازرگانێکی هۆڵەندی لەسەر کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، دکتۆر مینکس لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو لەبارەی خەڵاتەکەوە گوتی"میلانۆ دۆرۆدا کچە خوێندکارێکی بەرازیلییە و یەکێک بوو لە چوار بەربژێرە کۆتاییەکە و توانی خەڵاتەکە بباتەوە، ئەو گوتارێکی نایابی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنیانەوە پێشکەش کرد، بۆیە دەستەی دادوەران بە کۆی دەنگ بڕیاریان دا ببێتە براوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە براوەکە بڕی دوو هەزار یۆرۆی وەک خەڵات پێ بەخشراوە تاوەکو لە توێژینەوەکانی داهاتوویدا سوودی لێ وەربگرێت.
دکتۆر مینکس سەبارەت بە ناسینی کەڤین گوتی"لە ساڵی 2017 لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کەڤینم ناسی، قسەمان لەسەر زۆر بابەتی گرنگ کرد، لەوانە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، من زۆر سەرسام بووم بە بیروبۆچوونەکانی و حەزی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە لە بواری دادپەروەری و ئاشتی جیهانی هەبوو".
دوای کۆچی دوایی کەڤین، دکتۆر مینکس باسی بیرۆکە و  پێدانی خەڵاتێک دەکات بەناوی کەڤین لە زانکۆکەیان و دەڵێت"لەگەڵ بنەماڵە و دامەزراوەی 'کەڤین بۆ دادپەروەری' گفتوگۆمان کرد و بڕیارمان دا ساڵانە بەم شێوەیە یادەکەی بەرز رابگرین و خەڵاتێک بە ناوی ئەوەوە بدەینە ئەو خوێندکارەی باشترین گوتار لەبارەی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی و مافەکانی مرۆڤ پێشکێش بکات و ئەمەش دەبێتە هاندانێک بۆ خوێندکارانی دیکەی زانکۆکەمان."
دامەزراوەی "کەڤین بۆ دادپەروەری" بەشێک لە کارەکانی تایبەتە بە دۆزی کورد و تاوانەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران، بەڵام پەیام و ئامانجی کەڤین فراوانتر بوون و دادپەروەری و ئاشتیی بۆ هەموو جیهانی دەویست. 
دکتۆر مینکس روونیکردەوە، دامەزراوەکە هەوڵدەدات ئاستی هۆشیاری لەنێو خوێندکاران بەرزبکاتەوە تاوەکو لە رێگەی نووسین و توێژینەوەکانیانەوە ببنە هۆی کەمکردنەوەی تاوانە گەورەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە جیهاندا، هەرچەندە بارەگای سەرەکیی دامەزراوەکە لە کوردستانە، بەڵام ئامانجەکانی نێودەوڵەتین و بۆ خزمەتی هەموو مرۆڤایەتییە.

ئەڵمانیا بووە خاوەنی گەورەترین جڤاکی کۆچبەران لە سەرتاسەری ئەورووپا

حکومەتی ئەڵمانیا هەندێک زانیاریی زۆر باڵکێشی لەسەر ژمارەی ئەوانەی لەو وڵاتە مافی مانەوەیان هەیە (واتە ئیقامەی پەنابەری یان پاراستنیان هەیە)، بڵاوکردەوە. 
بەپێی ئەو داتایانە 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەڵمانیا ئەو کەسانەن کە ئیقامەیان هەیە. واتە لە هەر 25 کەسی دانیشتووی ئەو وڵاتە، یەکێکیان ئیقامەی هەیە. لەو زۆرتر لە 3 ملیۆن کەسە، یەک ملیۆنیان خەڵکی ئۆکراینان. ئەوانیدیکە 713 هەزاریان هاووڵاتیی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، 190 هەزاریان هاووڵاتیی عێراق و باشووری کوردستانن و 150 هەزاریشیان هاووڵاتیی تورکیا و باکووری کوردستانن. هەڵبەت ئەمانە جیان لەوانەی وەڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە و پاشبنەما (باکگراوندێکی) کۆچبەرییان هەیە. 

لە داتاکاندا دەردەکەوێ کە ئەو خاوەن ئیقامانە زۆرتر گەنجن و بازاڕی کاری ئەڵمانیاش پێویستی بە دەستی کاری گەنج هەیە، ئاستی مامناوەندیی تەمەنی ئەڵمانەکان 45 ساڵە، بەڵام ئاستی مامناوەندی بۆنموونە خاوەن ئیقامە سووری و رۆژئاوایی و عێراقی و باشوورییەکان لەو زۆرتر لە 3 ملیۆن کۆچبەرە 28 ساڵە، یەک لەسەر سێشیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵدایە. 

جگە لەوەش ئێستا 427 هەزار کەس داواکاریی ئیقامەکەیان وەڵامی نەدراوەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامن، هەروەها 171 هەزار کەسیش دەرکراون و هێشتا لە ئەڵمانیا ماونەتەوە. 
بەو ژمارانە ئەڵمانیا بووەتە خاوەنی گەورەترین جڤاکی کۆچبەران لە سەرتاسەری ئەورووپا.  
بەریتانیا.. پارتێکی دژی کۆچبەران پێش پارتی کرێکارانی حوکمڕان و پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن کەوتەوە

بۆ یەکەمجارە لە راپرسییەکاندا پارتێکی دژی کۆچبەران پێش پارتە سەرەکییە ناسراوەکە، واتە پارتی کرێکارانی حوکمڕان و پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن کەوتووەتەوە. بەدرێژایی ئەم هەفتەیە پارتی ریفۆرمی بەریتانیا لە راپرسییەکاندا لەنێوان 26 بۆ 30 لەسەتی دەنگەکانی هێناوە. لەبەرامبەردا پارتی کرێکارانی حوکمڕان، کە کەیر ستامەی رێبەری پارتەکە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە، لەنێوان 22 تاوەکو 25 لەسەتی دەنگەکانی هێناوە. پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆنیش لەنێوان 16 بۆ 19 لەسەتی دەنگەکانی هێناوە. 

هۆکاری سەرەکیی ئەو قەڵەمبازە گەورەیەی (پارتی ریفۆرم)ی دژە کۆچبەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئێستای بەریتانیا و حکومەتی پێشووتریش کە هی پارێزگاران بوو بەڵێنیاندابوو رێگە لە هاتنی زۆرتری کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بگرن، بەڵام داتاکان پیشانیدەدەن ئەمساڵ هاتنی کۆچبەران لەو نۆکەندەوە ریکۆردی شکاندووە.
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، 2025دا، 19 هەزار و 982 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە و بە نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، پار ئەمکاتانە رێژەکە دەگەیشتە 13 هەزار و 489 کۆچبەر.

حکومەتی ئێستای بەریتانیا دەڵێت لە ماوەی رابردوودا کاری زۆری لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کردووە و تاوەکو ئێستاش 24 هەزار کەس دیپۆرت کراونەتەوە. هەروەها لەگەڵ فەرەنساش رێککەوتنێک کراوە لەسەر ئەوەی کۆچبەرانی هاتوو لە نۆکەندی ئینگلیز دیپۆرت بکرێنەوە و فەرەنسا وەریانبگرێتەوە. لەبەرامبەریشدا بەریتانیا ئەو کۆچبەرانەی بەری فەرەنسا ببات و ئیقامەیان بداتێ کە کەسوکاریان لە بەریتانیان. چاوەڕواندەکرێ لە سەردانی هەفتەی داهاتووی ئیمانووێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەریتانیا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێ.  

لەندەن و برۆکسەل لەبارەی گەشتەوە گەڕانەوە سەردەمی پێش برێگزیت

ئەو دیاسپۆرانیشانەی ساڵانی پاش برێگزیت هاتبنە سەردانی کەسوکاریان یان بۆ گەشتوگوزار هاتبنە وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا، بەدڵنیاییەوە شتێک نیگەرانی کردوون. ئەویش ئەوە بووە کە چیدیکە بە پاسپۆرتی بەریتانیا نەیانتوانیوە لە دەروازە ئەلیکترۆنی و خێراکانی تایبەت بە هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا بێنە نێو یەکێتییەکەوە.
لە فرۆکەخانە ئەوروپییەکان، کاتێک دەگەیت و بەرەو پاسپۆرت کۆنترۆڵ دەڕۆیت، دوو ئاراستەت پیشاندەدرێ. یەکێک بۆ هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپایە، کە زەوییەکەی بۆ شین کراوە و بەرەو ئەو ئامێرانە دەتبات کە لە چەند چرکەیەکدا پاسپۆرتەکەت کۆنترۆڵ دەکات و بەخێرتدەهێنێتەوە بۆ ئەورووپا. یەکێکیان بۆ ئەوانەیە کە خەڵکی وڵاتانی دیکەی جیهانن و دەبێ لە نۆرەی دوور و درێژدا هەندێکجار کاژێرێک زیاتر چاوەڕێ بن تا ئەفسەرێکی پۆلیس پاسپۆرتەکان کۆنترۆڵ بکات. 
بەمدواییانە بەریتانییەکان دەچوونە ئەو نۆرە دوور و درێژانەوە، بەڵام رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان لەندەن و برۆکسەل کراوە و بەمزووانە بەریتانییەکان بۆیان دەبێ جارێکی دیکە لەڕێگە خێراکەوە بێنە نێو یەکێتیی ئەورووپا. جگە لەوەش رێککەوتن کراوە کە چیدیکە خاوەنی سەگ و پشیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیش، کە لە بەریتانیاوە بە ئاژەڵەکانیاوە دێنە ئەورووپا، ناچار نەبن پارەی زیاد بدەن.

ئیتاڵیا ڤیزای کار دەداتە 500 هەزار کەس لە جیهاندا
هەفتەی رابردوو حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاریدا بۆ 3 ساڵی داهاتوو 500 هەزار ڤیزای کار بداتە دەستی کاری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا. واتە ئەگەر کەسێک لە کوردستانەوە بیەوێ بۆ کار بێتە ئیتاڵیا، ئەمە دەرفەتە. ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاندووە ئەو بڕیارە بۆیە دراوە چونکە دەرکەوتووە ئابووریی ئیتاڵیا بۆ بەهێزمانەوەی پێویستی بەو دەستی کارانەیە کە لە نێوەوە دەستناکەون. 
شتێک زیاتر لە نیوەی ئەو ڤیزای کارانە دەدرێتە ئەوانەی بۆ وەرزێکی دیاریکراو، بۆنموونە بۆ وەرزی رنینەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دێنە ئیتاڵیا. 230 هەزار ڤیزاش دەدێتە ئەوانەی بۆ کاری دیکە یان بۆ بزنسی تایبەت بەخۆیان دێنە ئیتاڵیا. 
حکومەتی ئیتاڵیا دەیەوێ لەو رێگەیەوە هانی کۆچی یاسایی و دوورکەوتنەوە لە کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی بدات. 
هەرچەندە دامەزراوەکانی پشتیوانی لە کارسازان و پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان پێشوازییان لەو بڕیارەی حکومەت کردووە، بەڵام پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن بڕیارەکان هەر لەسەر کاخەز دەمێننەوە و حکومەت میکانیزمێکی داناوە کە ئەو ڤیزای کارانە بە کردەوە نادرێنە ئەو کەسانەی داوای دەکەن یان وایانلێنایەت کەسە بتوانێ لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە و بەردەوام بێ لەسەر کارکردن. 

وەبەرهێنەرانی بەریتانیا وەبەرهێنان لە کوردستان دەکەن
شەممەی رابردوو، لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتەدا، کۆنفرانسێکی بازرگانیی هاوبەش، لەنێوان بازرگانانی دیاسپۆرانشین و بازرگانانی دیکەی بەریتانیا بەڕێوەچوو. کۆنفرانسێک کە جگە لە باسی هاوکاریی نێوان بازرگانانی کورد و بەریتانی لە بەریتانیا، باسی بردنی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتەش بۆ کوردستان کرا.

دەقی ئینهاوسی کۆنفرانسی بازرگانیی دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا

ئێرە شاری بێرمینگامی بەریتانیایە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی دیارسپۆرانشینی کورد و بازرگانانی بەریتانی ساز دەکرێت، کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا رێکخەری کۆنفرانسەکەیە.

هاوژین مستەفا، بەرپرسی بەدواداچوون لە کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا:

"ئامانجمان لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە ببینە پردێکی پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، دەمانەوێت وەبەرهێنەران لە بەریتانیاوە بتوانن بە ئازادی بچنە کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، هەروەها بە پێچەوانەشەوە، بازرگانانی هەرێمی کوردستان بتوانن بێنە بەریتانیا و لێرە وەبەرهێنان ئەنجام بدەن".

زیاتر لە 120 کارساز، بازرگان و سیاسەتڤانی بەریتانی تێیدا بەشدارن، کە شارەداری وێست میدلاندز یەکێکە لەوان.

ریچارد پارکەر، شارەداری وێست میدلاندز:
"من ئەمڕۆ وەک شارەداری وێست میدلاندز لێرەم، ویستم بەخێرهاتنی گشت شاندەکانی ئەم کۆنفرانسە بکەم و جەخت لەوە بکەمەوە کە کۆمەڵگەی کوردی لە بێرمینگام و ناوچەکەماندا خاوەن پێگەیەکی گرنگە، دەمەوێت پەیوەندییەکی پتەوم لەگەڵ کوردی ئێرە هەبێت، تاوەکو باشتر لە یەکتر تێبگەین و دەرفەتی بازرگانی بۆ هەردوولا بڕەخسێنین؛ هەم بۆ ئێرە و هەم بۆ کوردستان، واتە، بزانین چۆن دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکانی کوردستان کار بکەین و هاوکات دەرگایان بۆ واڵا بکەین کە ئەوانیش بێنە ئێرە".

لە بەریتانیا، بە گشتی کۆچبەران کەمتر خاوەنی کار و بزنسی گەورەن و زۆربەیان کاری کرێکاری دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا، لەنێو دیارسپۆرای کوردیدا کارساز و بازرگانی بەتوانا هەن، کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن، هەرچەندە هەندێک لە ئامادەبووان پێیان وایە دەبوو ژمارەی بازرگانە کوردەکان زیاتر بووایە، بەڵام پارێزگاری پێشووی لامبێس لە لەندەن، کە خۆی کوردە، رایەکی جیاوازی هەیە.

سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری پێشووی لامبێس لە لەندەن:
"ئێمە وەک کۆمەڵگەیەکی نوێ لەم وڵاتەدا، بە نەوەی یەکەم (First Generation) دادەنرێین، کۆمەڵێک بەربەست هەن کە بازرگانە کوردەکان رووبەڕووی دەبنەوە؛ بۆ نموونە، بۆ ئەو کەسانەی تازە هاتوون، زمان رەنگە بەربەستی سەرەکی بێت، بەڵام ئەو بازرگانانەی کە ساڵانێکی زۆرە لێرەن و جێگیر بوون، کێشەکانیان هاوشێوەی کێشەی هەر بازرگانێکی دیکەی بەریتانیایە، هاوکات، بازرگانی زۆر سەرکەوتوومان هەیە کە لە بواری خۆیاندا زۆر پێشکەوتوون، بۆیە پێم وایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێمە نەوەی یەکەمی کۆچبەرین، ئاستێکی زۆر باشمان بڕیوە، بەڵام بێگومان دەتوانین زیاتر پێش بکەوین و ئەم جۆرە کۆنفرانسانەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر یارمەتیدەرن".

پارێزەرێکی بەشداربووی کۆنفرانسەکەش بەم شێوەیە باس لە بەربەستەکانی بەردەم کاری بازرگانیی کوردانی دیارسپۆرا لە بەریتانیا دەکات:
فەرەیدون رەزا، پارێزەر:
"کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر هەن کە وایان کردووە کورد بە گشتی، تائێستا لە بواری بازرگانیدا نەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، بەڵام بێگومان ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەرگایەکی نوێ دەکەنەوە بۆ خەڵکی کورد، کە خەڵکێکی زیرەک و بەتوانان، تاوەکو بتوانن لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا کاری باشتر ئەنجام بدەن، من دڵنیام ئەمە پردێکی پەیوەندی دروست دەکات تا خاوەن کارەکان بیرۆکەکانیان بگۆڕنەوە، کارەکانیان فراوانتر بکەن و بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن، بۆیە پێم وایە زۆر گرنگە کە ئەم جۆرە کۆنفرانس و کۆبوونەوانە بەردەوام بن".

لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، زۆرینەی کۆچبەرانی کورد لە لەندەن نیشتەجێ دەبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی بەرچاوی کورد لە شارە پیشەسازییە گەورەکانی دیکەی بەریتانیادا کۆمەڵگەی خۆیان دروست کردووە، رۆژ لەدوای رۆژیش، لە رێگەی دامەزراوە کوردییەکانەوە، رۆڵ و پێگەی ئەم رەوەندە لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین، زیاتر دەردەکەوێت.


کچە کوردێک خەڵاتی باشترینی لە زانکۆی کوێلنی ئەڵمانیا بەدەستهێنا
ئەروا عەبدولحەمید حەزی لێ نییە پێیبڵێن خاوەن پێداویستیی تایبەت. ئەو لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا دەژیت و ئەمساڵ نامەی دەرچوونەکەی خەڵاتی باشترین توێژینەوەی لە زانکۆی کوێلن پێدرا. 
مەی دۆست فیچەرێکی لەسەر ئامادە کردووە:
 
دەنگی سروشتی..

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"دەستەواژەی 'کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت' شیاو و دروست نیین".

ئەروا عەبدولحەمید، کچێکی زیرەک، ئازا و خاوەن ئیرادەیە و رۆژێکیش لە هەوڵەکانی نەوەستاوە، ماوەی شەش مانگ لەسەر تێزی بەکالۆریۆسەکەی کاری کرد و لە ئەنجامدا، وەک یەکێک لە باشترین توێژینەوەکانی ئەو ساڵە، خەڵاتێکی باڵای لە زانکۆی کۆیڵن لە ئەڵمانیا بەدەست هێنا، بابەتی توێژینەوەکەی بریتی بوو لە بەراوردی بارودۆخی کەسانی خاوەن توانای تایبەت لە عێراق و ئەڵمانیا.
دەنگی سروشتی..
بەپێی توێژینەوەکەی، لە عێراقدا رێژەی 11٪ و لە ئەڵمانیا 10٪ی دانیشتووان کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، هەروەها جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوان و کەسانی ئاساییدا هەیە.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"خوێندنی گشتگیر (Inclusive Education) ئەوەیە کە هەموو قوتابییان پێکەوە گەورە بن و بچنە یەک قوتابخانە، ئەگەر قوتابییەک پێویستیی تایبەتی هەبوو، دیاری دەکرێت، بەداخەوە نزیکەی 70٪ی ئەو قوتابییانەی دەچنە خوێندنگەی جیا، کەمتر سەرکەوتوو دەبن".

بێگومان ئەروا رەخنەی لە دۆخی عێراقیش هەیە و بە ئامارەکانی نێو توێژینەوەکەی، راستییەکان دەسەلمێنێت.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"لە عێراق ناوی لێ نراوە 'خوێندنی گشتگیر'، بەڵام بەداخەوە کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە پشتیوانیی بەردەوامیان نییە، دوو لە پێنجی قوتابییانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانن بچنە قوتابخانە، زۆر لە قوتابخانەکانیش رایان گەیاندووە کە ناتوانن وەریان بگرن، چونکە توانای هاوکاریکردنیان نییە".

پێش ماوەیەک، ئەروا سەردانی باشووری کوردستانی کرد، هەم بۆ بینینی خێزانەکەی و هەمیش بۆ ئەوەی لە نزیکەوە و لەسەر بنەمای خوێندن و توێژینەوەکەی، ئاگاداری بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"لەوێ ناچار بووم ئۆتۆمبێلێک بەکرێ بگرم و رمپێک پەیدا بکەم بۆ ئەوەی لەکاتی سەرکەوتن و دابەزیندا بەکاری بهێنم، ئەم کێشەیە لە عێراق و کوردستاندا بوونی هەیە، زۆر گرنگ و پێویستە کە بە دابینکردنی پاس یان ئۆتۆمبێلی تایبەت هاوکاریی گواستنەوەیان بکرێت".

دەنگی سروشتی...
ئەروا کەسێکی کۆڵنەدەرە و سەرەڕای ئەو هەموو سەختییە، پێی وایە پێشکەوتنی باشی لە باشووری کوردستان بەدی کردووە.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"لە کوردستان هەوڵ دەدرێت 25٪ی قوتابخانەکان، پۆلی تایبەت بۆ ئەو قوتابییانە ئامادە بکەن کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن".

لەم چوارچێوەیەدا، ئەروا سەردانی چەند قوتابخانەیەکی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت، یەکێک لەو قوتابخانانە سەرنجی زۆر راکێشا.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"قوتابخانەی رێباز پۆلێکی تایبەتی بۆ ئەو قوتابییانە کردبووەوە و گوتیان: 'ئێمە وەریان دەگرین و یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی خوێندنیان تەواو بکەن،' بەڵام ئاماژەیان بەوەش دا کە کێشەیان ئەوەیە حکومەت  هاوکارییان ناکات، جیاوازییەکە لێرەوە دەردەکەوێت؛ لە ئەڵمانیاش بەبێ یارمەتیی حکومەت  کارەکان زەحمەتن، بەڵام لێرە ئەو هاوکارییە دابین کراوە".

بابەتێکی گرنگی دیکە، پرسی پێناسەی دروستە، لە زۆرێک لە وڵاتان ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەردەوامە و ئەنجامێکی یەکگرتووی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام ئەروا لە رێی لێکۆڵینەوەکەیەوە گەیشتووەتە بۆچوون و دەرەنجامێکی تایبەت بە خۆی.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوانەن کە خاوەنی توانایەکی جێگرەوەن، واتە هەر یەکێکیان تایبەتمەندییەکی هەیە و دەتوانێت لە بوارێکی جیاوازدا خزمەتێک بە دەوروبەری خۆی بگەیەنێت".

دەنگی سروشتی...
ئێستا ئەروا بەدوای کارێکدا دەگەڕێت تا وەک کارمەندێکی کۆمەڵایەتی دەستبەکار بێت، بەڵام چالاکییەکانی هەر بەوەندە ناوەستن.

ئەروا عەبدولحەمید- خاوەن پێداویستی تایبەت
"لێرە کارێکی خۆبەخشانە دەکەم؛ سەردانی هەندێک نەخۆشخانە دەکەم و لەگەڵ ئەو کەسانە دادەنیشم کە تووشی رووداو بوون، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەم و رێنماییان دەکەم کە چۆن بتوانن یارمەتیی خۆیان بدەن دوای ئەوەی نەخۆشخانە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەتایبەتی ئەوانەی تووشی شەلەل بوون".

پەیامی ئەروا بۆ داهاتوو ئەوەیە کە لەکاتی دەرکردنی بڕیارەکاندا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتەوە، هەمیشە بۆچوونی خودی ئەو کەسانە وەربگیرێت، هەروەها ئەروا داواکارە کە رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەجیددی جێبەجێ بکرێت.
ئەروا عەبدولحەمید کچێکە ژیانی زۆر خۆش دەوێت و هەمیشە بە گەشبینی و پەرۆشییەوە لە ژیان دەڕوانێت؛ کچێکە نەک تەنیا بیری لای خۆیەتی، بەڵکو بیر لە کەسانی دیکەش دەکاتەوە.

ئەڵمانیا.. سۆریاز یوسف بووەتە کەسایەتییەکی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

سۆریاز یوسف خەڵکی دێركا حەمکۆی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ئێستا لە ئەڵمانیا بووەتە ناوێکی ناسراو. ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرووی 300 هەزار شۆپێنەری هەیە و هانی کچان و گەنجانی دیاسپۆرانشین دەدات لەو کۆمەڵگەیانی تێیاندا دەژین چالاکتر بن و باشتر کاربکەن.

سۆریاز یوسف، کاریگەریدانەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان میوانی دیاسپۆرابوو، ئەو کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی دێرکا حەمکۆیە لە رۆژئاوای کوردستان و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، توانیویەتی ببێتە یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و پەیامێکی روونی هەیە بۆ هاندانی گەنجان و ژنانی کورد بەرەو گرنگیدان بە خوێندن و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
سۆریاز  کە لە ساڵی 2013ـەوە وڵاتی ئەڵمانیای بۆ ژیان هەڵبژاردووە، ئێستا خوێندکاری قۆناخی کۆتاییە لە بەشی پزیشکیی ددان لە یەکێک لە بەناوبانگترین زانکۆکانی ئەڵمانیا، کە زانکۆی شاریتێ (Charité) لە بەرلینی پایتەخت. ئەو هاوکات لەگەڵ خوێندنە قورسەکەیدا، کاتێکی زۆری بۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سۆشیاڵمیدیا تەرخان کردووە و بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەزاران گەنج.
ئامانجی سەرەکیی سۆریاز  لەم کارەیدا، وەک خۆی باسی دەکات، بریتییە لە هاندانی گەنجان و ژنانی کورد بۆ ئەوەی خوێندن و زانست بکەنە بنەمای ژیانیان، ئەو دەیەوێت ئەو بۆچوونە بگۆڕێت کە خوێندن تەنیا ئەرکێکی ناخۆشە، بەڵکو بیکاتە کولتوورێکی شیرین و پڕ لە هیوا.
کاریگەریی پەیامەکانی سۆریاز  لە قسەی شوێنکەوتووانیدا بە روونی دەردەکەوێت، ئەو دەڵێت"زۆر کەس هاتوونەتە لام و پێیان گوتوم کە پێشتر حەزیان لە خوێندن نەبووە، بەڵام کاتێک گوێ لە قسەکانت دەگرین و پۆستەکانت دەبینین، خوێندن لەلامان شیرین دەبێت و هەست دەکەین وزەیەکی نوێمان وەرگرتووە. ئەم جۆرە پەیامانە من زۆر دڵخۆش دەکەن و هانم دەدەن بەردەوام بم."
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەوڵە سنوورە تاکەکەسییەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە پەیامێک بۆ هەموو ژنانی کورد، بەتایبەتی نەوەی نوێ و لاوان، سۆریاز هیواخوازە ببێتە "دەنگ و رەنگێک" کە ئیلهامبەخش بێت و نموونەیەک پیشان بدات کە ژنی کورد دەتوانێت لە هەموو بوارێکدا، چ لە بواری ئەکادیمی و چ لە بواری کاریگەریی کۆمەڵایەتیدا، سەرکەوتوو بێت.
بەم شێوەیە، چیرۆکی سۆریاز  یوسف نموونەیەکی دیاری گەنجێکی سەرکەوتووی کوردە کە نەک تەنیا لە بواری خوێندنی خۆیدا هەوڵدەدات، بەڵکو تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بۆ ئامانجێکی باڵا و خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەی بەکاردەهێنێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە گەنجان پێویستییان بە هاندەر و نموونەی زیندووی سەرکەوتن هەیە.

خانمە سیاسەتڤانێکی کورد بە یەکێک لە 10 سەرنجڕاکێشترین سیاسەتمەدارەکانی سەرتاسەری ئەڵمانیا ناوزەد کرا
رۆژنامەی بیلد لە ئەڵمانیا، یەکێک لە ناسراوترینەکانە و پڕفرۆشترینە، بە ژیریی دەستکرد چوونە لێکۆڵینەوە و راپرسییەکیان کردووە. ئەویش بەوەی وێنە و زانیاریی 1900 پەرلەمانتاری هەرێمەکان و پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیایان داوەتە مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد بۆئەوەی چی بکات؟ سەرنجڕاکێشترین پەرلەمانتارەکان دەستنیشان بکات، لەنێو ئەو نزیکەی 2 هەزار پەرلەمانتارەدا خانمە پەرلەمانتار سەیران پاپۆ، لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆلشتاین بووەتە یەکێک لە 10 سەرنجڕاکێشترین سیاسەتمەدارەکانی ئەڵمانیا. 
خانم پاپۆ سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە و لەنێو پارتەکەیدا چالاکە، زۆریش کار لەسەر ئەو دۆزانە دەکات کە بۆ کورد و کوردستان و دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا گرنگن.
بێگومان خانم پاپۆ زوو زووش میوان بووە لە ستۆدیۆی رووداو لە ئەڵمانیا و بە کوردییەکی خۆشی جزیری سیاسەتی ئەڵمانیای بۆ بینەرانی دیاسپۆرا روونکردووەتەوە.