بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران رێککەوتن

11 July 2025
بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران رێککەوتن
بەریتانیا و فەرەنسا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران رێککەوتن
دیپۆرتکردنەوەکە ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە بە بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا


پاش دانوستاندن و شەڕەقسە و ناکۆکیی چەندین ساڵە، لەندەن و پاریس لەسەر کۆچبەرانی نۆکەندی ئینگلیز رێککەوتن، رێککەوتنێک کە دەبێ ببێتە میکانیزمێکی خێرا بۆ کەمکردنەوەی پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا. 
بیرۆکەکە ئەوەیە کە فەرەنسا لەمەودوا رازی دەبێ ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لە خاکەکەیەوە و لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا وەربگرێتەوە. بەڵام مەرجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بەرامبەر وەرگرتنەوەی هەر کۆچبەرێکی دیپۆرتکراوە، دەبێ بەریتانیا کۆچبەرێک لە فەرەنساوە بەشێوەی یاسایی بباتە بەریتانیا. ئەو کۆچبەرە پێویستە کەسێکی نزیکی لە بەریتانیا مافی مانەوەی هەبێ و پێویست بکات کەسوکارەکەی بچنە لای. 
کەیر ستامە لە کاژێرەکانی رابردوودا وردەکاریی زۆرتری پلانەکەی ئاشکراکرد و دەڵێت لەمەودوا هەر کۆچبەرێک بە بەلەم بگاتە بەریتانیا، دەگیرێ، دوایی دادگایی دەکرێ و بەدوایدا لەماوەیەکی کەمدا دیپۆرت دەکرێتەوە. سەبارەت بەوانەش کە لە فەرەنساوە دەهێندرێنە بەریتانیا، گوتی دەبێ ئەو کەسانە قەت هەوڵیاننەدابێ بەشێوەی نایاسایی بێنە بەریتانیاوە. واتە لەسەر سنووری نەگیرابن و نەگێڕدرابنەوە بۆ فەرەنسا.
کەمتر لە 24 کاژێر دوای راگەیاندنی رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا سەبارەت بە پرسی کۆچبەران، کاردانەوە و دەنگی ناکۆک لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای بەرزبوویەوە. رێککەوتنەکە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کە بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا بووەتە جێگەی مشتومڕی سیاسی و یاسایی.
نەبەز بازیانی، رۆژنامەڤان و شارەزا لە سیاسەتی کۆچبەریی بەریتانیا، لەم بارەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، ئەو تیشکی خستەسەر وردەکاری و لێکەوتەکانی رێککەوتنەکە و رایگەیاند، رێککەوتنەکە دوای سەردانە کاریگەرەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەریتانیا دێت، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی یەکێتیی ئەورووپا بوو بۆ ئەو وڵاتە لە دوای برێگزیت.
نەبەز بازیانی روونیکردەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆی بەریتانیا، ئۆپۆزسیۆن رەخنەی تووند لە حکومەت دەگرێت و پێیوایە ئەم پرۆژەیە ناتوانێت کۆتایی بە دیاردەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەم بهێنێت، بەپێی ئامارەکان تەنیا ئەمساڵ نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 48٪ زیادیکردووە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بەریتانیا لە هەر 17 کۆچبەر تەنیا یەکێکیان دیپۆرتدەکاتەوە.
هاوکات بازیانی ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەتی پێنج وڵاتی دەروازەی سنووریی یەکێتییەکە، نیگەرانیی خۆیان لە رێککەوتنەکە دەربڕیوە. دەڵێت"ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە ئەو کۆچبەرانەی بەریتانیا دەيانگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا، لە کۆتاییدا رەوانەی وڵاتانی یەکەم دەکرێنەوە ئەمەش بە پێشێلکاریی یاساکانی کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپای دەزانن".
نەبەز بازیانی گوتیشی"بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەک هەنگاوی یەکەم، 50 کۆچبەر بە شێوەی تێست بگەڕێندرێنەوە، ئەگەر هەنگاوەکە سەرکەوتوو بوو، ژمارەکە لە ساڵی داهاتوودا زیاتر دەکرێت". دەشڵێت"بەپێی زانیارییەکان گەڕاندنەوەکە لە سەرەتادا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کەمپەکاندان، بەڵام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت".
پرسی کۆچبەری یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی بەریتانیا و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکان و تەنانەت گۆڕینی حکومەتیش هەیە، هەندێک لایەنی سیاسی بەریتانیا پێیانوایە ئەم رێککەوتنە بە تەنیا ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات و داوای گەڕانەوە بۆ پڕۆژەی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەکەن، چونکە پێیان وایە ئەو پڕۆژەیە کاریگەریی زیاتری لەسەر بێهیواکردنی کۆچبەران هەبوو".
ئەڵمانیا میوانداریی لووتکەیەک لەسەر کۆچبەری دەکات
 ئەڵمانیا.. ئەو کۆچبەرانەی خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن و تاوان دەکەن دیپۆرت دەکاتەوە

وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا بانگهێشتنامەیەکی بۆ وەزیرانی نێوخۆی 6 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا ناردووە کە بەوە ناسراون لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تووندی کۆچبەریدان، بۆئەوەی هەینیی داهاتوو، لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا لەسەر سیاسەتێکی نوێ و تووندتر سەبارەت بە کۆچبەری کۆببنەوە. 
ئەلێکساندر دۆربیندت (کە وەزیرە ئەڵمانەکەیە) کەسێکی دیکەشی بانگهێشت کردووە کە ئەویش بەوە ناسراوە لەگەڵ سیاسەتێکی تووندی کۆچبەریدایە بۆ یەکێتیی ئەورووپا. ئەو کەسە ماگنووس بروونە، کۆمیسیاری باڵای ئەورووپایە بۆ کاروباری نێوخۆ و کۆچبەری. 

وەزیرانی نێوخۆی هەریەکە لە فەرەنسا، پۆڵەند، نەمسا، دانیمارک و چیک بەشداری لەو لووتکەیەدا دەکەن، کە وەک وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندووە ئامانجی ئەوەیە بیرۆکەی نوێ پێشنیاز بکات بۆ هەبوونی سیاسەتێکی کۆچبەریی بەهێزتر و کۆنترۆڵکراوتر. یەکێک لەو بیرۆکانە ئەوەیە کە چۆن ئەو کۆچبەرانەی داوای مانەوەکانیان رەتکراوەتەوە بنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان یان ببردرێنە وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا. 

ئەو شوێنەی لووتکەکەی لێ دەبەسترێ لووتکەی بەرزترین چیایە لە زنجیرە کێوەکانی ئاڵپ بە دیوی ئەڵمانیادا. ئاڵپ لە سنووری هەشت وڵاتی یەکێتیی ئەورووپادا هەیە و بە جوانترین ناوچەی گەشتیاریی نێوەڕاستی ئەورووپا دادەنرێ. 
جووتیارانی پۆڵەند رێگری لە کۆچی نایاسایی لەنێوان وڵاتەکەیان و ئەڵمانیا دەکەن
 حکومەتی پۆڵەند بۆ جووتیاران: کارێکی خراپ دەکەن و ئەوە ئیشی دەوڵەتە نەک ئێوە

لە پۆڵەند ماوەیەک بوو جووتیاران دژی سیاسەت و بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ خۆپیشاندانیان دەکرد. ئەمە گەیشتبووە ئەوەی کۆمەڵە و رێکخراو دروستبکەن و دەستەی سەرۆکایەتیی بۆ دابنێن. ئێستا ئەو جووتیارانە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێ ئەم ماوەیە لەجیاتی کشتوکاڵ خەریکی مەسەلەی کۆچبەری بن. بۆیەش دەیانەوێ بچنە نێو هێزی گەلێریی پاسەوانیی سنووری نێوان پۆڵەند و ئەڵمانیا، بەمەش نەهێڵن کۆچبەری نایاسایی لەوێوە بچنە نێو ئەڵمانیا. 
ئەو هێزی گەلێرییەی باسیدەکەن لەڕاستیدا لەلایەن گرووپە راستئاژۆ تووندئاژۆکانەوە دامەزراوە و جگە لەو گرووپانە، هاندەرانی تووندئاژۆی هەندێک یانەی بەنێوبانگی تۆپی پێی پۆڵەندیشیان تێدان. 
حکومەتی پۆڵەند لە 8 هەفتە بوو گیری خواردبوو بەدەست خۆپیشاندانە زۆرەکانی جووتیاران سەبارەت بە کشتوکاڵ، بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیەی جووتیارانی پێ خراپترە لە خۆپیشاندانەکان. وەزیری بەرگریی پۆڵەند دەڵێت پاراستنی سنوورەکانی پۆڵەند کاری جووتیاران و گرووپە سیڤیلەکان نییە، بەڵکو کاری دەوڵەتە. 
دۆناڵد توسکی سەرۆکوەزیرانیش پێشتر گوتبووی ئەو هێزە گەلێرییانە ئیشەکانی هێزە دەوڵەتییەکانی پاسەوانی سنووریان تێکداوە و ناهێڵن ئەرکەکانیان بەباشی بەجێبهێنن. 
کوردێک لە ئەڵمانیا منداڵانی کۆچبەر تواناساز دەکات
ئۆرهان یەڵدرم؛ ئەو کوردەی لە ئەڵمانیا زانست دەکاتە چەکی سەرکەوتنی نەوەی نوێی کۆچبەران


لە ئەورووپا پشووی قوتابخانەکان دەستیپێکردووە، ئەمە بۆ دایکان و باوکانی دیاسپۆرانشین ئاڵنگارییە. بەتایبەتیش ئەوانەی سەفەری کوردستان ناکەن یان بەتەمانین بۆ ماوەی زۆر بچنە لای کەسوکارە دیاسپۆرانشینەکانیان لە وڵاتێکی دیکە یانیش بۆ گەشتوگوزار سەفەر بکەن، دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم ماوەیە چۆن منداڵەکانیان سەرقاڵ بکەن. 
هاوکارم مەی دۆست بژارەیەکی باشی دۆزیوەتەوە کە لە ئەڵمانیا و لە وڵاتانی دیکەش هەیە، ئەویش راهێنان و تواناسازیی منداڵانە لە بواری جیاجیادا. وەک فێربوونی زمانێکی نوێ یان کارامەییەک. 
ئەو کوردێکی دۆزیوەتەوە کە لە ئەڵمانیا سەنتەرێکی هەیە بەناوی (بژارەی ژیرانە). 

دەقی نیوزفیچەرەکە:
لەم ناوەندەدا منداڵان فێری بیرکاری، ئینگلیزی، فیزیک و چەندین بابەتی دیکە دەبن، ناوەندەکە، کە ناوەکەی بە کوردی دەبێتە 'بژاردەی ژیرانە'، لە چوار شاری ئەڵمانیادا لقی هەیە و دەرفەت بۆ هەموو منداڵێک دەڕەخسێنێت تاوەکو زانیاریی نوێ بەدەست بهێنێت و بەسەر ئاستەنگەکانی خوێندندا زاڵ بن.
ئۆرهان یەڵدرم، دامەزرێنەری ناوەندەکەیە، ئەو خەڵکی نسێبینی باکووری کوردستانە و لە تەمەنی چوار ساڵیدا وەک پەنابەر رووی لە ئەڵمانیا کردووە، ئۆرهان دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە پرۆسەی فێربووندا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر بووەتەوە، ویستوویەتی دەرفەتێک بۆ هەموو منداڵان بڕەخسێنێت تا زانیاری بەدەست بهێنن، بۆیە لە ساڵی 2015ـەوە ناوەندە فێرکارییەکەی دامەزراندووە و لەو کاتەوە لەگەڵ هاوکارەکانیدا خزمەتی منداڵان دەکەن.

ئۆرهان یەڵدرم - دامەزرێنەری فێرگەی کلوگ ڤال:

"کاتێک لەگەڵ خێزانەکەمدا گەیشتینە ئەڵمانیا، بۆم دەرکەوت کە خەڵکی ئێمە لێرە لە سەرەتادا بەهۆی نەزانی زمان و کەمیی زانیارییەوە چەندە ئازار دەچێژن، بۆیە بڕیارم دا کارێک بکەم کە خزمەتێک بێت بۆیان و ئەو بارگرانییەیان لەسەر کەمبکاتەوە."
هەموو دەستپێکێک بچووکە، کاتێک ئۆرهان سەرقاڵی تەواوکردنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بوو، بیری لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە کردەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵک، لە سەرەتادا تەنیا وانەی بە پێنج منداڵ دەگوتەوە، بەڵام وردە وردە ژمارەی خوێندکاران زیادی کرد.

ئۆرهان یەڵدرم - دامەزرێنەری فێرگەی کلوگ ڤال:

"نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر فێرگەیەکی بچووکم لێرە دامەزراند و ساڵانە نزیکەی سەد منداڵ روویان تێ دەکرد، کە زۆربەیان منداڵی پەنابەر و کرمانج بوون و زمانی ئەڵمانییان نەدەزانی، من شارەزای ئەو سیستەم و رێگایانە بووم کە چۆن بە خێرایی فێریان بکەم، هەر بۆیە دەستم پێکرد."

ئۆرهان هەر زوو ئامانجی خۆی ناسییەوە، کە بریتی بوو لە یارمەتیدانی خەڵک، لەسەر رێچکەی بیرۆکەکەی هەنگاوی نا و دوای دە ساڵ، خەونەکەی هاتە دی.

ئۆرهان یەڵدرم - دامەزرێنەری فێرگەی کلوگ ڤال:

"خەونی من ئەوە بوو فێرگەیەکی نموونەیی دابمەزرێنم تاوەکو بتوانم یارمەتیی خەڵک بدەم، کاتێک بیرۆکەکەم بۆ کەسە نزیک و هاوڕێکانم باسکرد، پێکەنینیان پێی دەهات و دەیانگوت 'تۆ باسی چی دەکەیت؟ ئەمە کارێکی یەکجار ئەستەمە'، بەڵام من ئامانجێکم هەبوو و کۆڵم نەدا، بۆ دابینکردنی خەرجییەکان، داوای قەرزم لە بانکێک کرد، بەڵام بانکەکە بڕێکی کەمی پێدام، بەو بڕە پارەیە دەستمان بە کارەکانمان کرد و فێرگەکەمان بنیاد نا."

ئێستا ناوەندەکە لە شەش شاری جیاوازی ئەڵمانیادا وانە بە منداڵان دەڵێتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە، ئۆرهان دەیەوێت هەمیشە لە پێشکەوتندا بێت و دەزانێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چی پێویستە.

ئۆرهان یەڵدرم - دامەزرێنەری فێرگەی کلوگ ڤال:

"پڕۆژەیەکی نوێمان هەیە بە ناوی 'Klug-Wahl Digital'. دیدگای پڕۆژەکەش بریتییە لە دروستکردنی وەشانی دیجیتاڵیی 'Klug-Wahl'ی ئاسایی. ئەم سیستەمە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لە هەر شوێنێکی جیهان بیت، دەتوانیت بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە وانەکاندا بکەیت، ئێمە بەردەوام کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەین و دەمانەوێت فراوانتری بکەین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی فێربوون دروست بکەین و لە رێگەیەوە خوێندکاران لە سەرانسەری جیهان پێکەوە ببەستینەوە و یەکتر بناسن."

ئۆرهان گرنگییەکی زۆر بە مامۆستایانی ناوەندەکە دەدات و هەمیشە هەوڵدەدات دڵنیا بێتەوە لەوەی کە مامۆستاکان دەتوانن زۆرترین سوود بە خوێندکاران بگەیەنن، خوێندنی سەرەتایی لە ناوەندەکەدا بەخۆڕاییە و خوێندکار خۆی ئەو وانانە هەڵدەبژێرێت کە ئارەزووی لێیانە، ئەگەر دواتر ویستی بەردەوام بێت، ئەو کاتە بە بڕێک پارە دەدرێت.

ئۆرهان یەڵدرم - دامەزرێنەری فێرگەی کلوگ ڤال:

"مامۆستاکانمان زۆر لێهاتوو و ئەکادیمین، پێش ئەوەی دەستبەکار بن، پێویستە بەڵگەنامەی پێشینەی پاک لە پۆلیس بهێنن، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە رابردوویان، هەروەها لێکۆڵینەوە لە بڕوانامە و شوێنی خوێندنیان دەکەین و دڵنیا دەبینەوە کە ئایا شارەزاییان لە شێوازی وانەگوتنەوەدا هەیە یان نا، لەگەڵ چەندین پێوەر و مەرجی دیکەدا."بۆ زۆر لە منداڵانی کوردی دیاسپۆرا نەک تەنیا ژمارەی قوتابخانەکان کەمن، بەڵکو دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایکیشیان کەمە، بۆیە بەلای ئۆرهانەوە، بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بۆ کوردان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ئۆرهان یەڵدرم - دامەزرێنەری فێرگەی کلوگ ڤال:

"بەلای ئێمەوە فێربوونی منداڵانی کورد و بەدەستهێنانی زانیاریی جۆراوجۆر زۆر گرنگە، پێویستیمان بە قوتابخانە و فێرگەی زۆر هەیە بۆ ئەوەی فێری زمانی دایکیان بن و شارەزای مێژوو و چاندی نەتەوەکەیان ببن. پێویستە بزانن نەتەوەکەیان چ نەهامەتییەکی بەسەر هاتووە، لە کاتێکدا کە خۆیان لە وڵاتێکی نامۆدان، ئێمە کوردین و لەم ناوچانەدا نوێین، بۆیە دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا هەوڵبدەین کارێکی باش بکەین و بخوێنین. ئەوەندە بخوێنە و خۆت پێبگەیەنە تاوەکو لەناو کۆمەڵگەدا جێگەی خۆتت هەبێت، لەم ژیانەدا، تەنیا لە رێگەی زانستەوە دەتوانیت رووبەڕووی ئەرکەکانت ببیتەوە و رێگای راست بدۆزیتەوە."

ئۆرهان تەنیا نایەوێت زانیاری بگوازێتەوە، بەڵکو دەیەوێت بۆ هەر منداڵێک دەرفەتێکی نوێ بڕەخسێنێت و ساڵ بە ساڵ هەنگاوی گەورەتر بنێت.
دامەزراندنی ناوەندێکی وەک "Klug-Wahl" لەلایەن کوردێکەوە، نیشانەی ئەوەیە کە زۆر لە کوردی دیاسپۆرا لە گرنگیی خوێندن و پەروەردە تێگەیشتوون و دەشزانن دامەزراندنی فێرگەیەکی ئاوا چەندە قورس و زەحمەتە، بەڵام ئۆرهان توانیی ئەو کارە ئەستەمە بکات و دەرفەت بۆ هەموو منداڵێک بڕەخسێنێت تاوەکو فێری زانست و زانیاری بێت و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەوڵبدات.
ئەمریکا.. کوردێک بە قەڵەمەکەی چیرۆکی خۆی و نەتەوەکەی بۆ جیهان دەگێڕێتەوە
 نووسەرێکی کورد لە ئەمریکاوە تراژیدیا و خۆشەویستیی کورد دەکاتە کتێب

لە  ئەمریکا هاوکارم دیار کوردە، نەوزاد بریفکیمان پێدەناسێنێ، کە لە ویلایەتی مێنەزۆتا دەژیت و تاوەکو ئێستا دوو کتێبی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. خۆی قسە لەسەر کتێبەکانی و ژیانە پڕ هەڵبەز و دابەزەکەی دەکات. 

گەنجێکی کورد کە بەهۆی شاڵاوی ئەنفالی ساڵی 1988 خانەوادەکەی بەرەو تورکیا و دواتریش بەرەو ئەمریکا کۆچیانکردووە، دوو پەرتووکی بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی کورد نووسیووە، یەکێکیان لەبارەی گەشتی کۆچیی خۆیی و خانەوادەکەی بۆ ئەمریکا و هەروەها ئەوەی دیکەش لەبارەی چیرۆکی گەنجێکی پێشمەرگە نووسیووە کە لە 14 ساڵی چووەتە نێو شۆڕش، بەڵام دواتر دێتە ئەمریکا و پاشانیش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس دەگەڕێتەوە کوردستان و عێراق و دەکەوێتە داوی خۆشەویستیەوە، باس لەوە دەکات چۆن شەڕ ناتوانێت خۆشەویستی کۆتاییپێبهێنێت.


نەوزاد بریفکی، نووسەر
''ناوم نەوزاد رەشید بریفکییە، خەڵکی گوندی بریفکامە لە عەشیرەتی بەرواوری لە دەڤەری دهۆک، لە ساڵی 1988 لە ئەنفال وەک ئاوارە بۆماوەی چوار ساڵ چووینە تورکیا، دواتر لە ساڵی 1992 هاتینە ئەمریکا، لە ویلایەتی داکۆتای باکوور لە فارگۆ ماینەوە، لە ساڵی 1995 چووینە ویلایەتی مێنیسۆتا و تائێستا لێرەمە.''

نەوزاد بریفکی، نووسەر
''پەرتووکی یەکەمم کە ساڵی 2017 نووسی، لەسەر ئەوەی کورد کێنە و چ کارەساتێکیان بەسەرهاتووە، وەک ئەنفال و کارەستاکانی دیکە، تاوەکو ئێستاش بە مافەکانی خۆیان نەگەیشتوون، بێ وەڵاتن، ئەمەم بۆ خەڵکی بیانی نووسیووە کە چۆن هاتووم بۆ ئەمریکا، لە ساڵی 2021یش، پەرتووکێکی دیکەم نووسیووە بەناوی شەڕ ناتوانێت ئەڤین بوەستێنێت. ئەویش لەسەر گەنجێکی چواردەساڵییە کە لە ناوچەی بەرواریان دەچێت نێو شۆڕش، دوای ئەوە دێتە ئەمریکا و لە ساڵی 2003 کاتێک ئەمریکا دەچێتە شەڕی عێراق، ئەویش وەک خۆبەخشێک لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دەچێت بۆ کۆتاییهێننان بە رژێمی بەعس.''


نەوزاد بریفکی، نووسەر
''ئێستا بەس بە زمانی ئینگلیزی هەیە، لە داهاتوودا پشتیوان بەخوا، نیەتم ئەوەیە بیکەمە کوردی و زمانی دیکەش''

رووداو: لە ئەمریکا هەموو کارئاسانییەک کراوە ئەگەر کەسێک بیەوێت بیخوێنێتەوە، هەروەها خوێندنەوەش بەشێکە لە کولتووری ئەمریکا، ئێوە وەکو نووسەرێک ئەو کارئاسانیانەی خوێندنەوە چۆن دەبینیت؟

نەوزاد بریفکی، نووسەر
''شتێکی زۆر جوان، چونکە وەک دەڵێن چەندین بژاردەت پێدەدەن، خوێندنەوەی پەرتووک لە پەرتووکخانەی شارەکان بە خۆڕاییە، دەتوانیت بیکڕیت، دەتوانیت بە کتێبی دەنگی گوێیی لێبگریت، هەندێک پەرتووک بە ڤیدیۆ سەیری بکەیت، بۆیە بژاردەکان زۆرن، ئەگەر کەسێک بڵێت، من کاتم نییە بخوێنمەوە، بیانووی نامێنێت.''

رووداو: هۆکاری سەرەکی نووسینی ئەو پەرتووکانە چین، کێ هاندەری سەرکیت بوو؟

نەوزاد بریفکی، نووسەر
''هەر لەسەرەتاوە کە منداڵ بووم و دەچوومە قوتابخانە، زۆر هاوڕێم هەبوو دەیانپرسی کورد کێنە، ژیانی خۆتم بۆ باس بکە. کە دەچوومە کۆبوونەوەو لەسەر کار هاوڕێکانم دەیانپرسی کورد کێن، باسی چیرۆکی خۆتان بکە، ئێوە کۆمەڵکوژکراون، چۆن تاوەکو ئێستا ماون، بۆیە زۆر برادەر و خێزانی ئەنفال هەن و هاتوون بۆ ئەمریکا، بە ئازارێکی زۆری نەفسی و ناخۆشیدا رۆشتوون، بۆیەش بۆمن گرنگ بوو وەک کوردێک ئەمە بگێڕمەوە، چونکە کورد کە نزیکەی 40 بۆ 50 ملیۆن کەس دەبن، هێشتا خەڵک هەیە ئێمە ناناسێت، بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو وەک کوردێکی ئەمریکی ئەمە بنووسم و بڵاویبکەمەوە تاوەکو ئەوانەی کورد ناناسن، لەم رێگەوەیە بیناسن.''

نەوزاد بریفکی، نووسەر
''هەمووکات ئەو بیرۆکەیەم هەبوو کە پەرتووکێک بنووسم و باسی کورد بکەم، زۆرجار دەمگوت چۆن دەنگی خۆمان نەک تەنیا بە یەک کەس و گرووپێک بەڵکو بۆ خەڵکێکی زیاتر بگەیێننین، دەمگوت ئەگەر پەرتووکێک بنووسم باشترە. پلانم ئەوەیە پەرتووێکی دیکەش بنووسم بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، چونکە چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسایەتییەکان دەکەم، ئینشائەڵڵا ئەمساڵ یان ساڵێکی دیکە ئەم پەرتووکەم بڵاودەبێتەوە.''

لە فینلەند کوردێکی دیاسپۆرانشین داهێنانێکی سەرنجڕاکێشی کردووە
بەهێز کەریم لە پاشماوەی قاوە کەرەستەی سووتەمەنی و وزەی خاوێن دروستدەکات


هەرچەندە بەهۆی جەنگەکانەوە ئەم ماوەیە کەمتر باسی ژینگە و وزەی خاوێن دەکرێ، بەڵام ئەو کەسانە هەر هەن کە بیری لێدەکەنەوە و ئیشی باشیشی بۆ دەکەن. یەکێک لەوانە بەهێز کەریمە کە لە فینلەند خوێندنی تەواو کردووە و شتێکی سەرنجڕاکێشی دۆزیوەتەوە. 

گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانی، لە وڵاتی فینلەندا کار لەسەر پڕۆژەیەکی ژینگەیی گرنگ دەکات و دەیەوێت لەڕێگەی زانستی "بایۆئیکۆنۆمی"یەوە، پاشماوەی قاوە، کە یەکێکە لە زۆرترین ئەو پاشماوانەی لەو وڵاتە فڕێ دەدرێت، بکاتە سەرچاوەیەکی وزەی سوودبەخش.
بەهێز کەریم، گەنجێکی دانیشتووی شاری هێلسنکیی پایتەختی فینلەندایە و ئەندازیاریی ژینگە دەخوێنێت، ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو و لەو بارەیەوە رایگەیاند، پڕۆژەکەیان بە ناوی "T Seven Percent Coffee Waste and Biodegradable Ingredients" ئامانجییەتی چارەسەرێکی کرداری بۆ کێشەی فڕێدانی تڵپەی قاوە بدۆزێتەوە و بیکاتە سووتەمەنییەکی پاک.
سەبارەت بە ژیان و گەشتی خوێندنی، بەهێز کەریم گوتی"من خەڵکی دەڤەری شارباژێڕم و لە شاری سلێمانی لەدایکبووم، بۆ مەبەستی خوێندن هاتوومەتە دەرەوەی وڵات، سەرەتا ساڵێک لە ئەڵمانیا بووم، دواتر لە زانکۆیەکی فینلەندا وەرگیرام و ئێستا ماوەی نزیکەی شەش ساڵە لێرە نیشتەجێم."
بەهێز پسپۆڕییەکەی بە "ئەندازیاریی ژینگە یان بایۆئیکۆنۆمی" پێناسە دەکات و دەڵێت"کورتەی بوارەکەمان ئەوەیە کە چۆن دەتوانین پاشماوەکان و ئەو کەرەستانەی فڕێ دەدرێن، دووبارە بەکاربهێنینەوە و ژیانێکی نوێیان پێ ببەخشین."
بیرۆکەکە چۆن سەری هەڵدا؟
فینلەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دانیشتووانەکەی ساڵانە زۆرترین بڕی قاوە لەسەر ئاستی جیهان بەکاردەهێنن، بەپێی ئامارەکان هەر تاکێکی فینلەندی ساڵانە نزیکەی 12 کیلۆگرام قاوە دەخواتەوە، ئەمەش وایکردووە بڕێکی زۆر لە پاشماوەی قاوە رۆژانە فڕێ بدرێت.
بەهێز کەریم ئاماژەی بەوە کرد، بیرۆکەی پڕۆژەکەیان لە پڕۆژەیەکی خوێندنی زانکۆوە سەرچاوەی گرتووە و دەڵێت" لە زانکۆ داوامان لێکرا پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی 'شارێکی نموونەیی' ئامادە بکەین، شارێک کە هیچ جۆرە زبڵ و خاشاکێکی تێدا فڕێ نەدرێت و هەموو کەرەستەکان بەکاربهێنرێنەوە، لە کاتی توێژینەوەدا بۆمان دەرکەوت کە لە فینلەندا، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا پێنج ملیۆن و نیوە، بڕێکی خەیاڵی قاوە بەکاردەهێنرێت و زۆربەی پاشماوەکەشی بەفیڕۆ دەچێت."
لێرەوە بەهێز و تیمەکەی بڕیار دەدەن کار لەسەر ئەم کێشەیە بکەن و چارەسەرێکی داهێنەرانەی بۆ بدۆزنەوە.
لە تڵپەی قاوەوە بۆ "داری سووتەمەنی"
پڕۆژەکەی بەهێز کەریم بریتییە لە کۆکردنەوەی تڵپە و پاشماوەی قاوە لە کافێ و رێستۆرانت و ماڵەکان، پاشان لەڕێگەی پرۆسەیەکی میکانیکی و کیمیایی سادەوە، دەیگۆڕن بۆ جۆرێک لە سووتەمەنییرڕەق کە لە شێوەی "داری سووتەمەنی" یان لێت (Pellets)دایە و دەتوانرێت بۆ گەرمکردنەوە بەکاربهێنرێت.
دەشڵێت"ئێمە دەمانەوێت ئەو قاوەیە کۆبکەینەوە و ژیانێکی تری پێ ببەخشین، لەبری ئەوەی ببێتە بارگرانی بەسەر ژینگەوە، دەیکەینە سەرچاوەیەکی وزەی پاک کە جێگرەوەیەکی باشی سووتەمەنییە تەقلیدییەکان بێت."
ئەم گەنجە کوردە هیواخوازە لە داهاتوودا پڕۆژەکەیان فراوان بکەن و بتوانن لەسەر ئاستێکی بازرگانی کار بکەن، نەک تەنیا لە فینلەندا، بەڵکو لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کە کێشەی هاوشێوەی تێدایە، وەک خۆی دەڵێت، "ئەمە تەنیا سەرەتایە و لە داهاتوودا گوێبیستی هەواڵی زیاترمان دەبن."


چیرۆکی سەرکەوتنی کوردێکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا
نووبار حوسێن ئەو ئەستێرە کوردەی لە ئەڵمانیا بە دوو باڵی خوێندنی بلیمەتانە و وەرزشی پاڵەوانانە دەفڕێت


نووبار حوسێن لە ئەڵمانیا راهێنەری کەسییە (کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن پێرسنەل ترەینەر). واتە کەسێک کە بیەوێ لەشی جوان بێ، لەژێر چاودێری و رێنمایی ئەودا کارەکە دەکات. ئەو کارەکەی بە ستایلێکی جیاواز دەکات، ئەویش ئەوەیە کە بە میوزیکی کوردی دەیکات. بۆخۆیشی هەر بە میوزیکی کوردی نمایشی سەرنجڕاکێش دەکات. 

نووبار حوسێن خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی 11 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، چیرۆکی کۆچ و سەرکەوتنی، بووەتە نموونەیەکی گەش و جێگەی سەرنجی کۆمەڵگەی کوردی و ئەڵمانی، نووبار نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر وڵاتەکەی بەجێهێشتووە، ئێستا لە ئەڵمانیا نەک تەنیا ژیانێکی نوێی دەستپێکردووە، بەڵکو لە دوو بواری تەواو جیاوازدا، خوێندن و وەرزش، توانایەکی لەڕادەبەدەری لەخۆی نیشانداوە، نووبار میوانی دیاسپۆرا بوو باسی توان و بەهرە و خولیاکانی خۆی کرد.
یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی نووبار لە بواری خوێندندایە، ئەو بەهۆی زیرەکی و بلیمەتییەکەیەوە، توانیویەتی لە سیستەمی خوێندنی ئەڵمانیادا ئاستێکی ئەوەندە بەرز پێشکەش بکات کە بەرپرسانی قوتابخانەکەی بڕیاریاندا "بازپێدانی پۆل"ی بۆ بکەن، واتە بەبێ تەواوکردنی پۆلێک، بیگوازنەوە بۆ پۆلێکی بەرزتر، ئەمەش دەستکەوتێکە کە تەنیا بە قوتابییە هەرە زیرەک و بەتواناکان دەدرێت و نیشانەی خێرایی فێربوون و خۆگونجاندنیەتی لەگەڵ ژینگەیەکی نوێی فێربووندا.
هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتنە ئەکادیمییەکەیدا، نووبار خولیایەکی قووڵی بۆ وەرزش هەیە، بەتایبەتی وەرزشی "کالیسێنیکس" (Calisthenics)، کە جۆرێکە لە وەرزشی سەرشەقام و تێیدا وەرزشوان پشت بە کێشی لەشی خۆی دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی جووڵەی سەخت و سەرنجڕاکێش.
نووبار لەمبارەیەوە بە دیاسپۆرای گوت"ئەم وەرزشە بۆ من وەک عەشق وایە، نەک ئەرکێکی سەربازی یان فەرمانی کەسێک، ئەم حەزە لە قامیشلۆوە لە دڵمدا بووە و لێرە لە ئەڵمانیا دەرفەتم بۆ رەخسا پەرەی پێبدەم و بیکەمە بەشێک لە ژیانم."
ئەو تەنیا وەک خولیایەک سەیری ئەم وەرزشە ناکات، بەڵکو بەشداریی لە پێشبڕکێکاندا کردووە و توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاستی بەهرە و پابەندبوونی ئەو بە وەرزشەکەیەوە دەردەخات.
لەپشت ئەم هەموو سەرکەوتنەوە، نووبار ئاماژە بە رۆڵی گرنگی باوکی دەکات وەک گەورەترین پاڵنەر و هاندەری. وەک خۆی دەڵێت"باوکم زۆرترین وزەی پێداوم، هەمیشە پشتگیریم دەکات و هانم دەدات بۆ ئەوەی باشتر بم و بەردەوام بم لەسەر کارەکانم."
ئێستا نووبار خۆی بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەنجانی دیکە، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانی لە کاتی ئەنجامدانی وەرزشدا، هەوڵدەدات پەیامی کۆڵنەدان و بەدواداچوونی خەونەکان بگەیەنێت بە هاوتەمەنەکانی. ئەو دەیەوێت بیسەلمێنێت کە مرۆڤ دەتوانێت لە هەر کوێیەک بێت، بە ئیرادە و کاری بەردەوام بگاتە ئامانجەکانی.
نووبار ئامانجی و خەونی خۆی بۆ بینەرانی دیاسپۆرا ئاشکرا کرد و گوتی"دەمەوێت ببمە نموونەیەکی باش بۆ خەڵکی، نامەوێت کەس وەک من بێت، بەڵکو دەمەوێت هەریەک خەونی خۆی هەبێت و کاری بۆ بکات، ئێمەی کورد خەڵکی شەڕڤان، خوێندەوار، مامۆستا و وەرزشکارمان هەیە و دەتوانین لە هەموو بوارێکدا سەرکەوتوو بین."
چیرۆکی نووبار، چیرۆکی منداڵێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکی ئیرادە، کۆڵنەدان و تێکەڵکردنی بلیمەتیی ئەکادیمی لەگەڵ حەز و خولیای وەرزشیدایە، ئەو بووەتە ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی ئەڵمانیا کە رووناکییەکەی رەنگدانەوەی بەهرەی منداڵانی کورد و توانای سەرکەوتنیانە لە هەر ژینگەیەکدا.