دادگایەکی ئەڵمانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ماڵباتێکی ئێزدی روونکردنەوە دەدات

01 August 2025
دادگایەکی ئەڵمانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ماڵباتێکی ئێزدی روونکردنەوە دەدات
دادگایەکی ئەڵمانیا لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ماڵباتێکی ئێزدی روونکردنەوە دەدات

سبەی یەکشەممە یادی 11 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکانە لە شنگال، ئەم شەممە و یەکشەممەیە لە سەرتاسەری ئەورووپا و ئەمریکا و ئوسترالیا مەراسیمی گەورە سازدەکرێن. لەتەنیشت ئەو مەراسیمانە دەرهاویشتەکانی جینۆسایدەکە هەر بەردەوامن، تاوەکو ئێستا بە دەیان ماڵباتی رزگاربووی شنگال خۆیان گەیاندووەتە ئەڵمانیا و کاتی خۆی یەکسەر مافی مانەوەیان وەرگرتووە. بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا و لە چوارچێوەی تووندترکردنی سیاسەتەکانی کۆچبەری لە ئەڵمانیا ئەوانیش لە دیپۆرتکردنەوە نابەخشرێن. 
لە بەرنامەی رابردوودا باسی ماڵباتێکی ئێزدیمان کرد کە چەند کاژێرێک دوای نیشتنەوەی ئەو فڕۆکەیەی پێی دیپۆرتکرابوونەوە لە بەغدا، دادگایەکی شاری بەرلین بڕیاریدابوو رەتکردنەوەی داواکاریی مافی پەنابەرییەکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی براندنبورگی ئەڵمانیاوە نایاساییە. ئەگەر بڕیارەکەی دادگای پۆتسدام چەند کاژێرێک زووتر دەرچووبایە، ماڵباتەکە دیپۆرت نەدەکرانەوە. لەم هەفتەیەدا لەنێو رای گشتیی ئەڵمانیادا هەرایەکی گەورە لەسەر ئەو دۆزە دروستبووە. زۆریش بڕیارەکەیان وا لێکداوەتەوە کە مادام وایە ماڵباتەکە (کە بە ماڵباتی قاسم ناسراون و ژن و مێردێکن و چوار منداڵیان هەن) دەتوانن بەشێوەی یاسایی بگەڕێنەوە ئەڵمانیا. پارێزەری ماڵباتەکە بەناوی کارێبا هاگەمان رایگەیاند بەزوویی داواکاریی یاسایی بۆ هێنانەوەی ماڵباتەکە پێشکەش دەکات. بەڵام لە کاژێرەکانی رابردوودا گوتەبێژێکی دادگاکەی بەرلین روونکردنەوەی لەسەر حوکمی دادگاکەیان لەسەر ئەو ماڵباتە ئێزدییە داوە. گوتەبێژەکە بە رۆژنامەی (تاگەس شپیگل)ی ئەڵمانیی راگەیاندووە کە نە یاسایی دانانی بڕیاری هەرێمی براندنبورگ لەسەر داواکاریی پەنابەریی ماڵباتە ئێزدییەکە، بەو مانایە نییە کە ئەو ماڵباتە بۆیان هەبێ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بهێندرێنەوە ئەڵمانیا. هەروەها گوتوویەتی هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێستا ئەو ماڵباتە لە عێراق بەهۆی داعشەوە هەڕەشەیان لەسەربێ. 
ئەم هەفتەیە لە ئەڵمانیا زۆرتر لە هەزار واژۆ بۆ هێنانەوەی ماڵباتەکە کۆکراونەتەوە. پارێزەکەشیان بۆی هەیە تاوەکو 30 رۆژ پاش دەرچوونی حوکمی دادگاکە، تانە لە بڕیارەکە بدات. بۆیە هێشتا چارەنووسی ئەو ماڵباتە روون نییە و هەر شتێکی نوێ هەبوو لە دیاسپۆرا و رووداوەوە دەیزانن.   
 
8 هەزار کۆچبەر پەنجەمۆری یۆنانیان هەیە داوای مافی مانەوە لە ئەڵمانیا دەکەن

زۆر کۆچبەری کورد لە ئەورووپا بەدوای هەواڵی ئاشکرابوونی پەنجەمۆر و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە کە لە وڵاتێکی ئەورووپا  داوای مافی پەنابەرییان کردووە و دواتر دەچنە وڵاتێکی دیکەش داوای دەکەن. تاوەکو پێش برێگزیت بەریتانیاش بەشێک بوو لەو سیستمە کە رێگەی نەدەدا یەکێک بۆنموونە لە یۆنان گیراوە و پەنجەمۆری کردووە و لەترسی ناردنەوەی بۆ تورکیا داوای مافی پەنابەریی لە یۆنان کردووە. دواتر بچێتە بەریتانیا و لەوێش داوای پەنابەری بکات. ئێستا بۆ بەریتانیا ئەوە نەماوە، بەڵام بۆ ئەوانەی دێنە ئەڵمانیا یان هۆڵەندا یان سوێد ئەمە هەر ماوە. شتێکی دیکە کە بەمدواییانە زۆر کراوە ئەوەیە کە کەسێک لە یۆنان مافی مانەوە وەردەگرێ. دوای ئەوە بەشێوەی یاسایی و بە پاسپۆرتی پەنابەریی یۆنانی دێتە ئەڵمانیا و لێرە داوای مافی پەنابەری دەکات. 
وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا داتای نوێی بڵاوکردوونەتەوە و دەڵێ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی 5، نزیکەی 8000 کەس کە لە یۆنان ئیقامەیان هەیە هاتوونەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە. بە درێژایی مانگەکانی ساڵی پار 26000 هەزار کەس، کە ئیقامەی یۆنانیان هەبووە هاتوونەتە ئەڵمانیا. لەڕووی یاساییەوە ئەڵمانیا ناتوانێ رێگە لە هاتنی ئەو کۆچبەرانە بگرێ، تاوەکو ئەوکاتەی پەنجەمۆریان ئاشکرا دەبێ. بۆیە ئێستا گەنگەشە دەکرێ کە چۆن رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ رێگەگرتن لەم شێوازەی کۆچبەرییە. وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا  بەپێی رێککەوتنێک (کە بە رێککەوتنی دبلن ناسراوە) دەبێ ئەو کۆچبەرانە وەربگرنەوە کە پەنجەمۆریان ئاشکرا دەبێ. بەڵام بەکردەوە هەموویان بەتەواوەتی پێیەوە پابەند نابن. 
بەپێی داتاکانی بانکی زانیاریی پەنابەران لە ئەورووپا  (کە بە ئایدا ناسراوە)، ساڵی رابردوو ئەڵمانیا داواکاری ناردنەوەی نزیکەی 75 هەزار کۆچبەر کە پەنجەمۆریان ئاشکراببووی ناردووە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا ، لەو ژمارەیە تەنیا 5 هەزار و 827 کەس وەرگیراونەتەوە. بەڵام وڵاتانی دیکە نزیکەی 15 هەزار کەیسیان ناردووە بۆ ئەڵمانیا و لەو ژمارەیە 4 هەزار و 592 کۆچبەری دیپۆرتکراوەی وەرگرتووەتەوە. 

حکومەتی سوێد ئەو دایک و باوکانە سزا دەدات کە منداڵەکانیان لە خوێندن دادەبڕن
سیمۆنا مۆهاسۆن، وەزیری پەوەردە و خۆگونجاندنی سوێد، دەڵێ حکومەتەکەی دەیەوێ ئەو دایکوباوکانە سزابدات کە لەگەڵ منداڵەکانیان دەچنە سەفەری دەرەوەی سوێد و کاتێک قوتابخانە دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ منداڵەکانیان هەر لە سەفەر دەمێننەوە. ئەمە زۆرتر ئەوانە دەگرێتەوە کە لە قوتابخانەکان مۆڵەت بۆ منداڵەکانیان وەرناگرن، یان سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانە داوای مۆڵەتەکەیان رەتدەکاتەوە، هەر سەفەرەکە دەکەن یان درەنگتر دێنەوە. 
بەپێی سیستمی ئێستای سوێد سزا بۆ ئەو سەرپێچییە دانراوە، بەڵام شێوازی جێبەجێکردنی رووننەکراوەتەوە. وەزیرە سوێدییەکە دەیەوێ لەوە بکۆڵێتەوە کە چۆن دەکرێ سزای دارایی ئەو دایکوباوکانە بدرێت. ئەو دەڵێ ئەو جۆرە کەیسانە یەکجار زۆر زیادیانکردووە و دەبێ رێگەیان لێ بگیرێت. وەک ئەو باسیدەکات هەندێکجار منداڵەکان بەزۆر دەبردرێنە ئەو سەفەرانە.
لە میدیای سوێدیشدا نموونە بە چەند کەیسێک هێندراوەتەوە کە دایکوباوکان منداڵەکانیان دەبەنەوە وڵاتی خۆیان و لەوێ بەزۆر بەشوویان دەدەن یان ژنیان بۆ دەهێنن. 

زۆربەی دیاسپۆرانشینانی کورد لە ئەورووپا کرێنشینن

بەشی زۆری دیاسپۆرانشینانی کورد لە ئەورووپا  کرێنشینن، بۆیە دڵنیام دەتانەوێ بزانن جیاوازیی کرێی خانوو لە وڵاتە ئەوروپییەکان چییە. داتا فەرمییەکانی یەکێتیی ئەورووپا  پیشانیدەدەن لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا (واتە لە ساڵی 2020 تاوەکو 2025) بەشێوەی مامناوەند کرێی خانوو لە ئەورووپا  بە رێژەی 27.3% زیادیکردووە. واتە نزیکەی یەک لەسەر سێی نرخی پێشوو زیاد بووە. بەتایبەتیش لە شارە گەورەکان و ئەو شوێنانەی کاریان لێ زۆرە کرێی خانوو زیادتر بووە. 
بەپێی ئەو داتایانە کرێی ئاپارتمانێکی 3 ژووری خەوتن لە شاری ئەسینا نزیکەی 1100 یۆرۆیە، لە شوێنێکی وەکو لەندەن هەمان ئاپارتمان 5100 یۆرۆیە (یان 4300 پاوند). جگە لە لەندەن، لە شارەکانی ئەمستەردام و ژنێف و زیورخیش ئاپارتمانی 3 ژووری خەوتن نرخەکانیان دەگاتە 3800 یۆرۆ. لە شارەکانی ستۆکهۆڵم و بەرلین و فرانکفورت هەمان ئاپارتمانی 3 ژووری خەو کرێکەیان هەرزانترە و بە دەوری 2500 یۆرۆ دەستدەکەون. 

ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی پەکەکە بۆ رووداو: پرۆسەی ئاشتی دەرمانێکە بۆ دەردی کورد

یەکێک لەو مژارانەی لەنێو دیاسپۆرای کوردی زۆر قسەی لەسەر دەکرێ و ئێمە لە بەرنامەی دیاسپۆرا کەمتر بایەخمان پێداوە، ئەو پرۆسەی ئاشتییەیە کە ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە. بۆ ئەمجارە چووینەتە شاری کوێلن. لەوێ ئایهان چفتچیمان بینی، کە ساڵانی زۆر ئەندامی سەرکردایەتیی پەکەکە بووە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لەنزیکەوە ناسیوە. ئەو ئێستا دامەزراوەیەکی گەورەی راوێژکاریی دارایی لە کوێلن هەیە، بەڵام لە سیاسەت دوورنەکەوتووەتەوە و وەک خۆی دەڵێ گرنگ نییە لەکوێ بیت. دۆزی کورد وادەکات هەمیشە پێیەوە خەریک بیت، ئایهان چفتچی لەو هەڤپەیڤینەدا دەڵێ ئەو پرۆسەیەی ئێستا دەرمانێکە بۆ دەردی کورد، بەڵام پەرۆشی و دڵەڕاوکێشی هەیە. 

لە دڵی ئەورووپا و لە شاری مێژوویی کۆڵنی ئەڵمانیا، لەناو ئۆفیسێکی مۆدێرنی راوێژکاریی داراییدا، پیاوێک دادەنیشێت کە مێژووەکەی دوو جیهانی تەواو جیاوازی پێکەوە گرێداوە: جیهانی خەباتی چەکداری لە چیاکانی کوردستان و جیهانی بزنس و سیاسەت لە ئەورووپا، ئایهان چفتچی، کە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە و یەکێک بووە لەو کەسایەتییە کەمانەی لە نزیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ناسیوە، ئەمڕۆ لەکاتێکدا ژیانێکی جیاواز دەژی، هێشتا دڵ و مێشکی لای دۆزی کوردە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی دایاسپۆرا دا، چفتچی بە وردی و لە گۆشەنیگایەکی ئەزمووندارانەوە، تیشکدەخاتە سەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. ئەو پرۆسەکە بە "دەرمانێک"ی پێویست دەزانێت، بەڵام هاوکات هۆشداریش دەدات لەو کاریگەرییە لاوەکییانەی کە لەوانەیە لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت.
پرۆسەی ئاشتی؛ مێتافۆرێکی پزیشکی بۆ شیکارییەکی سیاسی
کاتێک پرسیار لەبارەی تێڕوانینی بۆ پرۆسەی ئاشتی لێدەکرێت، چفتچی پەنا بۆ مێتافۆرێکی قووڵ و سادە دەبات تاوەکو ئاڵۆزیی دۆخەکە روونبکاتەوە و دەڵێت"من پرۆسەکە وەک دەرمانێک دەبینم، بیهێنە بەرچاوی خۆت، مرۆڤێک نەخۆشییەکی زۆر قورسی هەیە، پزیشک بۆ چارەسەری دەرمانێکی زۆر بەهێزی دەداتێ، راستە ئەو دەرمانە نەخۆشییە سەرەکییەکە چارەسەر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوانەیە زیان بە گەدە، دڵ یان گورچیلەی نەخۆشەکە بگەیەنێت."
بە بڕوای چفتچی، پرۆسەی ئاشتیش بە هەمان شێوەیە، دەشڵێت"ئەم پرۆسەیە چارەسەرێکی بنەڕەتی و پێویستە بۆ 'نەخۆشیی' دەیان ساڵەی کێشەی کورد لە تورکیا. لێ، دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە لەوانەیە هەندێک زیانی لاوەکی و دەرئەنجامی نەخوازراوی هەبێت، بۆیە تێڕوانینی من ئەرێنییە، بەڵام ئەرێنییەکی بەئاگایە، نابێت بە سادەیی و خۆشباوەڕییەوە سەیری بکەین، بەڵکو دەبێت سیاسەتێکی واقیعی (Realpolitik) بێت و هەموو رەهەندەکانی لەبەرچاو بگیرێن."
ئۆجەلان؛ سەرکردەیەکی ریالیست و خاوەن توانای خۆگونجاندن
یەکێک لەو خاڵانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، رۆڵ و نیازی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە لەم پرۆسەیەدا، بەتایبەت کە لە دۆخێکی دژواری وەک زیندانی تاکەکەسیی ئیمراڵیدایە، زۆر کەس گومانیان هەیە کە ئاخۆ ئەمە دەستپێشخەریی خودی ئۆجەلانە یان ناچارکراوە، چفتچی کە بەهۆی نزیکیی لە ئۆجەلانەوە شارەزاییەکی قووڵی لە کەسایەتییەکەی هەیە، دەڵێت"ئۆجەلان کەسایەتییەکی یەکجار ریالیستە، یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەوەیە کە توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە هەڵسەنگاندنی هێزی خۆی و هێزی بەرامبەرەکەی، ئەو زۆر بەباشی دەزانێت لەسەر چ زەمینەیەک وەستاوە و چۆن هەنگاو بنێت."
چفتچی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، ئاماژە بە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی ئۆجەلان دەکات و دەڵێت"کاتێک لە سووریا بوو، سیاسەت و مامەڵەی لە چوارچێوەی واقیعی ئەوێدا دەکرد، کە چوو بۆ رۆما و ئەورووپا، زۆر بەخێرایی خۆی لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا گونجاند، تەنانەت لە مۆسکۆش هەروا بوو، ئەو توانایەکی بەرزی هەیە لە خۆگونجاندن (Integration) لەگەڵ هەلومەرجەکاندا، بۆیە بە بڕوای من، نابێت توانای ئۆجەلان بۆ خوێندنەوەی واقیع و ئاراستەکردنی رووداوەکان لە زیندانیشدا بە کەم سەیر بکرێت."
گومان و بێمتمانەیی؛ میراسێکی تاڵی مێژوویی
سەبارەت بەو شەپۆلە گەورەیەی گومان و بێمتمانەیی کە لەناو بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیا و پرۆسەکە هەیە، چفتچی پێی وایە ئەمە شتێکی سرووشتییە و رەگی لە مێژوویەکی پڕ لە ئەزموونی تاڵدا داکوتاوە، لەم بارەیەوە دەڵێت"قسەیەکی کلاسیکی کوردی هەیە کە دەڵێت 'دوژمنی باو و باپیران، نابێتە دۆستی نەوەکان'. ئەم بێمتمانەییە لە بۆشاییەوە دروست نەبووە، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ خیانەت و شکستی پرۆسەکانی پێشووە، بۆیە ئاساییە خەڵک بە گومانەوە سەیری بکات، بەڵام لەگەڵ ئەو ترس و گومانەشدا، هیوایەکیش هەیە کە ئەمجارە جیاواز بێت و دەرفەتێکە نابێت لەدەست بدرێت."
لە چیاوە بۆ ژیانی مەدەنی؛ "دۆزەکە" لەسەر شێوازێکی نوێ بەردەوامە
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکان، چارەنووسی ئەو هەزاران گەریلایەیە کە ساڵانێکی زۆریان لە چیاکانی کوردستان بەسەربردووە و ئێستا لەبەردەم گەڕانەوەدان بۆ ژیانی مەدەنی، ئایا تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە ئاسان دەبێت؟ چفتچی کە خۆی ئەو ئەزموونەی هەبووە، پێی وا نییە ئەمە کێشەیەکی گەورە بێت، دەڵێت"بۆ ئەو کادرانە، خەبات تەنیا کارێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو 'دۆزی کورد' بووبووە شێوازێکی ژیان، مرۆڤ کە دۆزێکی هەبوو، گرنگ نییە لە چیا بێت یان لە شار، لە زیندان بێت یان لە دەرەوە، ئەو دەتوانێت بە شێوازی جیاواز درێژە بە خەباتی خۆی بدات، لەوانەیە شێوازی خەباتەکە لە چەکدارییەوە بگۆڕدرێت بۆ سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی، بەڵام ناوەرۆک و ئامانجەکە کە 'دۆزەکەیە'، هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە."
لە کۆتاییدا، ئایهان چفتچی جەختدەکاتەوە کە سەرەڕای هەموو مەترسی و ئاڵنگارییەکان، ئەو بە گەشبینییەکی واقیعییانەوە سەیری داهاتوو دەکات و پێی وایە ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی مێژووییە کە نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستان، بەڵکو دەتوانێت "هەناسەیەک"ی گرنگ بە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ببەخشێت و دەرگایەکی نوێ لە ناوچەکەدا بکاتەوە.

چیرۆکی هۆزانڤانێکی ئێزدی خەڵکی باکووری کوردستان لە دیاسپۆرا
نەواف میرۆ: لە جیهاندا کوردم و لەنێو ئێزیدخاندا تەنیا ئێزدیم

نەواف میرۆ هۆزانڤانێکی دیاسپۆرانشینی خەڵکی باکووری کوردستانە، ئەو خەڵکی وێرانشاری سەر بە رووهایە و لە دایک و باوکێکی ئێزدی لەدایکبووە، شیعرەکانی نێو 5 دیوانە چاپکراوەکانی لەنێو خوێنەرانی کورد، بەتایبەتیش ئەوانەی بە کورمانجی دەخوێننەوە دەستاودەست دەکەن و دەگوترێنەوە. 
هاوکارمان زنار شینۆ فیچەرێکی باڵکێشی لەسەر ئامادە کردووە. 
دەقی نیوزفیچەرەکە:

خەڵکی باکووری کوردستانە، هەلبەستڤان، رۆماننووس، چیرۆکنووس و وەرگێڕە. سنگی پڕە لە خۆشەویستیی کوردستان و ئێزیدخان، زمانی کوردی بۆ ئەو زیاترە لە ئامرازێکی لێکتێگەیشتن، نەواف میرۆ لەدایکبووی ساڵی1968ی خێزانێکی ئێزدیی وێرانشاری باکووری کوردستانە، لە ساڵی 1987ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، لەو وڵاتە خوێندوویەتی و کاری کردووە.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
ئەڵمانەکان هیچ کاتێک کەموکورتییەکانی خۆیان ناشارنەوە، ناڵێن کەموکوڕیمان نەبووە، ناڵێن پێشینەمان بێگوناه بوونە، لە ئەڵمانیا کولتووری لێبووردەیی هەیە، چونکە ئەگەر تۆ هەڵەیەکت کرد... هەر شتێک روویدابێت، ئەگەر پێشینەکانت کردبێتیان، تۆ دەتوانیت ئەمڕۆ سەری خۆتی بۆ دانەوێنی، یان ئەژنۆ دابدەیت، دەتوانیت بڵێیت داوای لێبووردن دەکەم.

زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە ئەڵمانیا بەسەر بردووە و ئەزموونی دیاسپۆرا، زیاتر بە ئێزدیاتی و کوردبوونەوەی بەستووەتەوە.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
ئەگەر کوردبوون و ئێزدیبوونی ئێمە هێندە لە بنەڕەتدا نەبووایە، بێگومان دەستبەرداری دەبووین و ئەو زمان و خۆشەویستییەش نەدەبوو، بۆ من ئەرکی گەورەی نووسەر ئەوەیە لەگەڵ لاوازەکاندا بێت، بۆ کۆمەڵگەکەی بێت، لەگەڵ ئەو مرۆڤانەدا بێت کە پێویستییان بە پاراستنە؛ ئەوانەی دەبێت بیانپارێزێت، لە جیهاندا خۆم وەک کوردێک دەبینم، هەر لەبەرئەوەشە بە کوردی دەنووسم، من لەنێو کوردستان و ئێزیدخاندا تەنیا ئێزدیم، نامەوێت پێمبگوترێت کوردی ئێزدی، تەنیا ئێزدیم.
دەنگی سرووشتی... نەواف میرۆ هۆنراوەیەکی خۆی دەخوێنێتەوە
نەواف میرۆ خاوەنی پێنج دیوانی شیعری چاپکراوە، دەربارەی جوانترین و شیرینترین فۆرمی ئەدەبی دەڵێت:
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
شیعر، دەستپێکێکی بێکۆتاییە، ئازارێکە، ئازارێکی ئەویندارانەیە کە یەکدی تەواو دەکەن، چونکە لە ژیاندا مرۆڤ تا هەست بە ئازار بکات دەژی. واتە ئازار خۆی ژیانە. ئەگەر نەتوانین هەست بە ئازار بکەین، ئەوە واتای وایە ئێمە لە ژیان تێناگەین و ناژین. مرۆڤ چەند بتوانێت بگری، ئەوەندە بەرامبەرەکەشی ئازار نادات.
هەرچەندە هێشتا گەنجە و دەرفەتی بەر هەمی زیاتریشی هەیە، نەواف خاوەنی هەشت رۆمانە و یەکێکیان وەک زانستی- خەیاڵی (ساینس فیکشن) هەژمار دەکرێت.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
هەشت ڕۆمانم هەیە لە هەشت بابەتی جیاوازدا و هەوڵمداوە بتوانم لەڕێگەیانەوە ئاستی رۆمانی خۆم... ئاستی رۆمانی کوردی، ئەو کوردییەی پێی دەنووسم ئەم دیالێکتەی ئێمە کورمانجیی سەروو، ئاستی بەرزبکەمەوە. چەندین جۆری نووسین هەن، بۆ نموونە یەکێکیان وەک یەکەمین رۆمانی زانستی- خەیاڵی هەژمار کراوە.
بە گوتەی نەواف، زمانی کوردی بۆ مرۆڤی ئێزدی، تایبەتمەندی و گرنگییەکی جودای هەیە.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
زمان بۆ هەموو کەسێک گرنگە، بەڵام بۆ ئێزدییەکان دوو هێندە گرنگترە، چونکە هەموو قەول و بەیت و زانین و چیرۆک و داستان و لاوکەکانمان بەم زمانەیە. هۆنینەوەی زمان وەک پەرستنێک دەبینم، واتە دەتوانم بڵێم بە شێوازی خۆم پەرستنێکم بۆ ئەم زمانە کردووە.
دەنگی سرووشتی... نەواف میرۆ هۆنراوەیەکی خۆی دەخوێنێتەوە...
 نەواف بە پلان و بەرنامە نووسین دەکات، بەڵام دەیەوێت دەرفەت و تەمەن یارمەتیدەری بن بۆ زیاتر کارکردن لەسەر ئێزدیاتی.
نەواف میرۆ - هەلبەستڤان و رۆماننووس:
مەبەستەکە ڕیکلام نەبوو، واتە بۆ ئەوە نەبوو یارمەتیدەر بێت بۆ ناوبانگ، بەڵکو بابەتێکە من زۆر دەمەوێت لێرەدا کاری لەسەر بکەم، بەو شێوەیەی من باسی دەکەم. بابەتی ئێزدیاتی، زۆر هێما و رەمز و ناو هەن، بەڵام نەهۆنراونەتەوە، نەبوونەتە دیمەنێک تاوەکو لە مێشکی مرۆڤدا بچەسپن، هەروەها لێکدانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی نێو ئایینەکەش کەمە، لێکدانەوەی دوعا و وشەکانیش لەو ئاستەدا نییە کە هەموو کەسێک لێی تێبگات.
نەواف، کە باوکی سێ منداڵی هەرزەکارە، چەندین پەرتووکی چیرۆکی بۆ منداڵان و خێزانەکان نووسیوە. هەروەها کاری وەرگێڕانیشی لە زمانی ئەڵمانییەوە کردووە.

چیرۆکی هونەرمەندێکی ئێزدی لە باتمانەوە بۆ ئێکس فاکتەری ئەڵمانیا

بەدیل ئیبراهیم، گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، کە نەک تەنیا لەنێو کوردانی ئێزدیی ئەڵمانیا، بەڵکو لەنێو تەواوی دیاسپۆرای کورد لە ئەورووپا ناوێکی دیارە، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا، چیرۆکی ژیان و کاری هونەریی خۆی گێڕایەو،. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن لە گوندێکی باکووری کوردستانەوە بەهۆی فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناچار بووە کۆچ بکات و لە ئەڵمانیا درێژە بە کاری هونەری بدات، تا دەگاتە ئەوەی ببێتە یەکێک لە بەشداربووە دیارەکانی بەرنامەی بەناوبانگی "X-Factor"ی ئەڵمانیا. هاوکات، رۆڵی بەرچاوی لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شنگالدا هەبووە لە کاتی هێرشی داعشدا.
سەرەتای ژیان و رەتکردنەوەی ئیستەنبووڵ
بەدیل ئیبراهیم لە گوندی "کەلهۆک"ی سەر بە شاری باتمانی باکووری کوردستان لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی تێدا بووە، تاوەکو ئەو رادەیەی کە لە قوتابخانە مامۆستایەکی ویستوویەتی بیباتە ئیستەنبووڵ بۆ ئەوەی ببێتە گۆرانیبێژ، بەڵام باوکی رێگەی پێنەداوە. بەدیل لەمبارەیەوە دەڵێت "باوکم قبووڵی نەکرد و گوتی، کوڕم نابێت بچیتە ئیستەنبووڵ، لەوێ لە رێ لادەدەن. ئێستا دەڵێم کارێکی باشی کرد، ئەگەرنا رەنگە ئێستا ببوومایە گۆرانیبێژێکی تورک."
بەهۆی گوشارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانەوە، بە تایبەتی لەسەر کوردی ئێزدی، بەدیل و خێزانەکەی کۆچ دەکەن بۆ ئەورووپا. ئەو دەڵێت، لە ئەورووپا دەرفەتی زیاتری بۆ رەخسا تاوەکو ئازادانەتر خزمەتی میوزیکی کوردی بکات، چونکە لە تورکیا میوزیکی کوردی قەدەخە بوو.
لە گۆرانیی "سالێ"ـیەوە تاوەکو "ئێکس فاکتەر"ی ئەڵمانیا
لە ئەڵمانیا بەدیل یەکەم کاسێتی خۆی تۆمار دەکات و بە گۆرانیی سالێ ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، یەکێک لە وێستگە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی هونەریی، بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەی بەهرەمەندانی "X-Factor"ی ئەڵمانی.
بەدیل چیرۆکی بەشداریکردنەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت"رۆژێک بەیانی زوو تەلەفۆنێکم بۆ هات، گوتیان ئێمە لە 'ئێکس فاکتەر'ەوەین و لە ئینتەرنێت کارەکانتمان بینیوە و دەمانەوێت بەشدار بیت". ئەو بە مەبەستی ناساندنی کولتوور و هونەری کوردی بە ئەورووپییەکان بەشداری دەکات.
بۆ ماوەی پێنج قۆناخ بە گۆرانیی کوردییەوە سەردەکەوێت و کاردانەوەی بینەران و لیژنەی دادوەران زۆر ئەرێنی دەبێت. بەدیل دەڵێت "کاتێک بە کوردی گۆرانیم دەگوت، بینەرە ئەڵمانەکان هەڵدەستانە سەر پێ و چەپڵەیان لێدەدا، کاتێک چیرۆکی گۆرانیی 'چەمێ زاخۆ'م بۆ گێڕانەوە، زۆر پێی سەرسام بوون"، بەڵام کاتێک داوای لێدەکرێت لە قۆناخەکانی کۆتاییدا بە زمانی ئینگلیزی گۆرانی بڵێت، ئەو پاشەکشە دەکات، چونکە ئامانجی سەرەکیی ناساندنی هونەری کوردی بووە.
هاوکاریی شنگال لە رۆژە سەختەکاندا
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، بەدیل ئیبراهیم زۆر کاریگەر دەبێت و بڕیار دەدات هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە بکات، ئەو لەگەڵ هونەرمەند دەشنێ موراد، هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی هاوکاریی ماددی و دارایی رادەگەیەنن.
بەدیل خۆی هاوکارییەکان دەگەیەنێتە کوردستان و سوور دەبێت لەسەر ئەوەی سەردانی چیای شنگال بکات کە ئەو کاتە لەژێر گەمارۆیەکی سەختدا بوو. لەوێوە دەڵێت "پێیان گوتم زۆر مەترسیدارە، بەڵام من گوتم، منیش کوڕێکی ئەو ئێزدییانەم و دەمەوێت بچمە لایان، من لەوان باشتر نیم"، بە هەلیکۆپتەر دەچێتە سەر چیاکە، دیمەنی دۆخە مرۆییە سەختەکە تۆمار دەکات و لە گواستنەوەی بریندارەکاندا هاوکار دەبێت.
بەدیل ئیبراهیم خاوەنی شەش ئەلبووم و ژمارەیەکی زۆر گۆرانیی سینگڵە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە کاری هونەری، ئەو هەوڵدەدات رێچکە هونەرییەکەی لە رێگەی منداڵەکانیەوە درێژە پێبدات؛ کچەکەی لە یەکێک لە کلیپەکانیدا لەگەڵیدا گۆرانی دەڵێت و کوڕەکەشی (هۆزان حەسۆ) بە هەمان شێوە لە بواری هونەردا کار دەکات.