رێککەوتننامەی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کارا کرا

08 August 2025
رێککەوتننامەی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کارا کرا
ئەڵمانیا دەیەوێ بە یاسایەکی نوێ رێگە لە ئیشی رەش لە ئارایشگا و سەرتاشخانەکان بگرێت

وەزیری دارایی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە کە وادەکات ئیشی رەش یان بێ مۆڵەت لە هۆڵی جوانکاری و سەرتاشخانەکاندا زەحمەت ببێ، بەپێی پرۆژەکە دەبێ هەرکەسێک لەو شوێنانە کاردەکات بەردەوام ناسنامەی فەرمیی لە باخەڵدا بێ و کاتێک کۆنترۆڵ دەچێ بتوانێ ناسنامەکەی بسەلمێنێ. 
وەک لارس کلینگبەیل، وەزیری دارایی، هاوکات جێگری راوێژکاری ئەڵمانیاشە، باسیکردووە دوای دەرچوونی یاساکە، هەرکەسێک نەتوانێ ناسنامەی فەرمیی خۆی بسەلمێنێ، بە 5 هەزار یۆرۆ سزا دەدرێ. هەروەها یاساکە ئەوەش لەسەر خاوەنکارەکان دەسەپێنێ کە دەبێ هەرکەسێک بۆ چەند خولەکێکیش بۆ کار بچێتە لای، دامودەزگاکانی دەوڵەتی لێ ئاگادار بکاتەوە. ئەگەر کۆنترۆڵ بچێ و ئاشکرا بێ ئەمەی نەکردووە، ئەویش بۆ هەر حاڵەتێک بە 5 هەزار یۆرۆ سزا دەدرێ. 
وەزیرەکەی ئەڵمانیا دەڵێ لەمدواییانەدا زانیاریی زۆریان لەسەر سپیکردنەوەی پارە لە هۆڵەکانی جوانکاری و سەرتاشخانەکان پێگەیشتووە.


رێککەوتننامەی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران کارا کرا

حکومەتی بەریتانیا دیمەنی یەکەم گرووپی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە کە دەستبەسەر کراون بۆئەوەی لە بەریتانیاوە بنێردرێنەوە فەرەنسا. ئەو کۆچبەرانە ئەوانەن لە پێشتر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە پەڕیبوونەوە بەریتانیا. 
بەپێی رێککەوتنێک کە لەنێوان هەردوو وڵات کراوە، بەرامبەر هەر کۆچبەرێک کە بەریتانیا دەینێرێتەوە، دەبێ کۆچبەرێک لە فەرەنساوە وەربگرێ کە کەسوکاری لە بەریتانیا هەیە، حکومەتی بەریتانیا رۆژی چوارشەممە، واتە پێرێ، دیمەنەکانی بڵاوکردەوە و رێگەی بە هیچ میدیایەک نەدا کامێرای خۆی بنێرێتە شوێنی گواستنەوەی کۆچبەرە دەستبەسەرەکان، هەمان رۆژی چوارشەممە ئەوە ئاشکرا کرا کە 155 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە پەڕیونەتەوە ئەوبەری ئاو. 
لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی بەریتانیا لە دیوی فەرەنسا پۆستەرێکی بەنێو کۆچبەراندا بڵاوکردووەتەوە کە دیمەنی کۆچبەرێکی لەسەرە و بە سێ ئەفسەر دەوردەدراوە و سواری فڕۆکەیەک دەکرێت، تێکستی سەر پۆستەرەکە دەڵێت ئەگەر بگەیتە بەریتانیا دەستگیر دەکرێیت و دەنێردرێیتەوە فەرەنسا.

دادگای باڵای ئەورووپا: هیچ وڵاتێکی ئەندام بۆی نییە شوێنی حەوانەوە بۆ پەناخوازان دابین نەکات

دادگای باڵای دادی ئەورووپا لە بەرژەوەندیی دوو کۆچبەری دانیشتووی ئیرلەندا بەرامبەر حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری دام، دوو کۆچبەرەکە سەرەڕای ئەوەی داوای مافی پەنابەرییان کردبوو و بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا دەبووایە حکومەتی ئیرلەندا شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بکات، بەڵام خرابوونە سەرشەقام و کۆپۆنێکی 25 یۆرۆییان درابوویێ. 
حکومەتی ئیرلەندا دەڵێت بۆیە ئەو کەسانەی خستووەتە سەرشەقام چونکە جێگەی بۆ داڵدەدانیان نەماوە و کۆچبەرانی ئۆکراینی هەموو شوێنەکانیان گرتووە، دادگاکەی ئەورووپا دەڵێ بە هیچ پاساوێک هیچ حکومەتێکی ئەورووپا بۆی نییە سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی کەسێک بخاتە مەترسییەوە کە داوای مافی پەنابەریی کردووە. 

ئەڵمانیا..کورد بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن دەکەن

رۆژی 14ی مانگی نۆ هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لەم هەرێمە، هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن، بەڕێوەدەچن. هەڵبژاردنەکان بۆ جڤاتی ناوچەکان، شارەوانییەکان و شارەکان و خوارتریش دەکرێن، ژمارەیەکی زۆر کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم هەرێمە خۆیان بەربژێر کردووە. 
هاوکارمان زنار شینۆ زانیاریی زانیاری وردتری بۆ بینەرانی دیاسپۆرا ئاشکرا کرد.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی و پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن، کە بەپێی ژمارەی دانیشتووان بە گەورەترین هەرێمی ئەڵمانیا دادەنرێت، ژمارەیەک کوردی دانیشتووی هەرێمەکە وەک بەربژێر بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن. لە شاری لیڤەرکوزن، کورد بۆ یەکەمجار بە لیستێکی سەربەخۆ بە ناوی "یەکبوون" بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یەکخستن دەکات، کە ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی بیانییەکان و کارکردنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، رۆژی 14ی ئەیلوول هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی یەکخستنی بیانییەکان بەڕێوەدەچێت. لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن نزیکەی 13 ملیۆن و 700 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی نیو ملیۆن کوردی تێدا دەژی.
لە ئەزلایڤەکەدا زنار شینۆ میوانداریی دوو بەربژێری کوردی لەسەر لیستی "یەکبوون" لە شاری لیڤەرکوزن کرد، کە بریتی بوون لە بەفرین چەلەنگ، کچە کوردێکی باکووری کوردستان و فەرهاد میرۆ، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان.
بەفرین چەلەنگ، بەربژێری لیستەکە گوتی"چاوەڕوانیمان بۆ سەرکەوتن زۆرە، چونکە لە لیڤەرکوزن نزیکەی 13 بۆ 15 هەزار کورد دەژین، ئەمە یەکەمجارە کە وەک کورد بە لیستێکی سەربەخۆ و بە ناوی خۆمانەوە بەشدار دەبین، بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردیمان دیار بێت و لە بەرامبەر رەگەزپەرستیدا هەڵوێستمان هەبێت، هەروەها زیاتر کار لەسەر پرسی گەنجان، قوتابخانەکان و کێشە و مافەکانی ژنان دەکەین، زۆر گرنگە هەموو بیانییەک دەنگی خۆی بدات بۆ ئەوەی ناسنامە و بوونی خۆی بسەلمێنێت."
سەبارەت بەوەی کێ مافی دەنگدانی هەیە، ئەو بەربژێرە کوردە ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئەو بیانیانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و وڵاتینامەی ئەڵمانییان نییە، دەتوانن دەنگ بدەن، تەنانەت هاووڵاتییانی ئەڵمانیش دەتوانن فۆرمێکی تایبەت پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان بۆ ئەم ئەنجوومەنە پێبدرێت.
لای خۆیەوە، فەرهاد میرۆ، بەربژێرێکی دیکەی لیستەکەیە، ئاشکرایکرد کە لیستی یەکبوون لەسەر دەستی چوار کۆمەڵەی سەرەکیی کوردی لە لیڤەرکوزن پێکهاتووە و نوێنەرایەتیی هەموو کوردانی شارەکە دەکات.
فەرهاد میرۆ گوتیشی"لیستەکەمان 25 بەربژێری لەخۆگرتووە کە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانن، ئامانجمان ئەوەیە هەموو کوردانی نیشتەجێی لیڤەرکوزن کۆبکەینەوە، ئەم هەنگاوە بۆ ئێمە ئەزموونێکی گرنگە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانی و پۆستە باڵاکانی دیکەدا بکەین."
سەبارەت بە مەرجەکانی دەنگدان، فەرهاد میرۆ روونیکردەوە، هەر کەسێک تەمەنی 16 ساڵی تەواو کردبێت، لانیکەم سێ مانگ بێت لە لیڤەرکوزن نیشتەجێ بێت و مافی مانەوەی لە ئەڵمانیا هەبێت، دەتوانێت دەنگ بدات."
بەربژێرانی لیستی "یەکبوون" پێشبینی دەکەن بتوانن لەنێوان پێنج بۆ حەوت کورسیی ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنن، کە بە وتەی خۆیان، ژمارەیەکی باشە و دەرفەتیان پێدەدات رۆڵێکی کارا لە شارەوانیدا بگێڕن.
جگە لە شاری لیڤەرکوزن، لە چەندین شاری دیکەی هەرێمەکە وەک هێرنێ و مونستەر، کورد بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. هاوکات ژمارەیەک بەربژێری کوردیش لەنێو لیستەکانی پارتە ئەڵمانییەکاندا خۆیان بۆ هەمان ئەنجوومەن پاڵاوتووە.
ئەکتەرێکی ناسراوی هۆڵەندا بە فیلمێک رەگ و ریشەی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ سۆمەرییەکان

لە هۆڵەندا ئەکتەر و پێشکەشکار و دەرهێنەرێکی کورد هەیە کە یەکێک بووە لە ناسراوترین روخسارەکانی سەر شاشە لەو وڵاتە. کە دەڵێم ناسراو، واتە بە ملیۆن کەس تەماشای کارەکانیان کردووە. ئەو ئێستا کار لەسەر فیلمێک دەکات کە چاوەڕوان دەکرێ سەرەتای ساڵی داهاتوو تەواو ببێ و لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا نمایش بکرێ. 
فیلمەکە ئامانجی ئەوەیە مێژووی شاردراوەی کورد و پەیوەندییان بە سۆمەرییەکانەوە روونبکاتەوە و بیگەیەنێتە جیهان. 

دەقی راپۆرتی فیلیپ جەمال رەشید

ڤۆیس ئۆڤەر
ئێرە هۆڵەندایە، ئەم پیاوەی لەتەنیشتم دەڕوات دەرهێنەر و ئەکتەر و پێشکەشکارێکی بەنێوبانگی هۆڵەندایە. فیلیپ جەمال رەشید. یەکێک لەوانەی وەک ئەکتەر بە ملیۆن بینەری هۆڵەندی کارەکانیان تەماشا کردووە، پۆستەرەکانی فرۆشراون و چووەتە سەر بەرگی گۆڤارە بەنێوبانگەکانی هۆڵەندا.

ئێستا ساڵانێکە لە دوبەی دەژی و بۆ دەرهێنانی کارێکی تایبەت هاتووەتەوە هۆڵەندا. دەرهێنانی فیلمی (جەمال). گێڕانەوەی چیرۆکی کوردستان و رەگ و ریشە سۆمەرییەکەی بۆ خەڵکی جیهان. 

فیلیپ کوڕی مرۆڤێکی زانای کوردستانە، پرۆفیسۆری کۆچکردوو، مێژووناس و پسپۆڕ لە دیرۆکی کۆنی کوردستان، جەمال رەشید، رۆڵەی کەرکووک و ساخکەرەوەی زانستییانەی کوردستانیبوونی کەرکووک. 

فیلیپ جەمال رەشید:
پێش هەموو شتێک فیلمەکە راستەوخۆ لەسەر باوکم نییە، بەڵکو فیلمێکە وەک رێزلێنانێک بۆ باوکم، چونکە چیرۆکەکە دەربارەی گەنجێکی کوردە. ئەو کوڕە بچکۆلەیەی لە ناوچەی بایلمێری ئەمستەردام گەورە دەبێت و ناوی جەمالە، واتە هاوناوی باوکمە. ئەو کوڕەی بە تەواوی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا ناگونجێ، شوێنە ئارامەکەی خواردنگەیەکی شاورمەیە، لەوێ لەلایەن کەسایەتییەکی ئەفسانەیی سۆمەرییەوە رێنمایی دەکرێت و ئاگاداری رابردووی خۆی دەکرێتەوە. ئەو چیرۆکە و ئەو لایەنە ئەفسانەییە و ئەو زانیارییانە لەسەر سۆمەرییەکان، بە تەواوی لەسەر بنەمای میراتی باوکمە کە بۆم ماوەتەوە.
بۆچی ئێستا ئەو فیلمەم دروستکرد؟ چونکە ئێستا بۆی ئامادەم. یەکەم دەقی چیرۆکەکەم 15 ساڵ لەمەوپێش نووسی. ئەوکات هۆڵەندا و جیهان ئامادە نەبوون بۆ ئەو جۆرە چیرۆکانە، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، پێگی گێمێرتس، کە بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، دەقەکەی هەڵگرت و پێشکەشیکرد وەک پڕۆژە، ئیتر ئێستا لێرەین، وێنەمان گرتووە و زۆر جوان دەرچووە. کاستێکی نایابمان هەیە کە تێکەڵەیەکە لە خەڵکی کورد و هۆڵەندی و سوورینامی.

ڤۆیس ئۆڤەر
فیلمی جەمال باسی رەگ و ریشەی کورد و مێژووی کوردستان دەکات. بۆ دەرهێنەرێک کە ساڵەهایە لە دوبەی دەژیت و کاری نێودەوڵەتی دەکات، رەنگە پێشبینی بکرێ فیلمەکەی بە ئینگلیزی بەرهەمبهێنێ، کەچی فیلمەکە بە کوردی و هۆڵەندی و سۆمەرییە. 


فیلیپ جەمال رەشید:
فیلمەکەم چیرۆکێکی ریالیزمی جادووییە و گۆڕەپانەکەی هۆڵەندایە. چونکە من لێرە گەورە بووم. باوکم وایکرد ئێمە لێرە بەسەلامەتی گەورە بین، دایکم منی بەخێوکرد، بۆیە زمانی قسەکردنی فیلمەکە هۆڵەندییە، بەڵام زۆربەی دیالۆگەکان بە کوردی و سۆمەرین. بۆیە توێژینەوەیەکی زۆرمان کردووە و لەگەڵ ئەکتەرەکانیش هەوڵمانداوە هەستێکی سرووشتی و واقیعیی پێببەخشین، پێموایە ئەوەی چیرۆکەکەش تایبەتتر دەکات، ئەوەیە کە زۆر جار چیرۆکی دیاسپۆرای کوردی بەمشێوەیەی ئێمە کردوومانە ناگێڕدرێتەوە.

پرسیاری هێمن: زەحمەتییەکی زۆرتان کێشا بۆ وێنەگرتنی؟ تەواو بووە، وانییە؟

فیلیپ جەمال رەشید:
ماوەی ساڵێک سەرقاڵی بووین و بەڕاستی تیمێکی زۆر باشمان هەبوو، توێژینەوەیەکی زۆریشمان کرد. پڕۆفیسۆرێک یارمەتی بەشە سۆمەرییەکەی دا، چونکە هەرچەندە تیۆری هەن، بەڵام کەس بە تەواوی نازانێت زمانەکە چۆن گۆ کراوە و چ دەنگێکی هەبووە یان خەڵکی سۆمەری چ جۆرە جلوبەرگێکیان لەبەرکردووە، بۆیە بەڕاستی هەوڵێکی زۆر زیاترمان دا بۆ ئەوەی بیکەینە بەرهەمێکی باش. 

ڤۆیس ئۆڤەر
هونەرمەند برادەر لە کوردستان زۆرتر بە گۆرانییەکانی ناسراوە، بەڵام لە هۆڵەندا وەک ئەکتەری خاوەن رۆڵی قورس و شانۆکاریش ناسراوە، لە فیلمی جەمالدا برادەر رۆڵە هەرە گەشاوەکە دەبینێ.

برادەر، هونەرمەند و بەشداربووی فیلمەکە
"لە فلیپم نەپرسی چۆن منی دۆزیەوە، ئایە لە تیڤییەکان یان بەهۆی گۆرانییەکانم لەوانەشە پێداچوونەوەی کاستنبرۆی کردبێت لەوێیوە ناوم هاتبێت، چیرۆکی فیلمەکە بۆمن سەرنجراکێشبوو، بەهۆی گرێدانی سەردەمی سۆمەرییەکان بە ئێستا، کە ئەمەش شتێکی مێژووییە، من تێیدا میوزیک دروست دەکەم و هەروەها گۆرانیش دەڵێم، واتە من خۆم لەناویدا دۆزیەوە و ئیتر بڕیارمدا بەشداریی بکەم و لەوبارەیەوە قسەمان کرد و رێککەوتین، دواتر من و خێزانەکەم گەڕاینەوە نیشتمان و لەوێ هەندێک گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەمدا هات، کە من لە فیلمەکەدا بە هۆڵەندی و کوردی و سۆمەری قسە دەکەم و هەمووشیان تێکستی درێژن، دەمگوت زەحمەتە بتوانم ئەمە بکەم، دواتر فلیپ بە منی گوت تۆ بەڵێنت داوە بەشداری بکەی و دەتوانی بکەی، منیش گوتم بگەڕێ کەسێکی دیکە بدۆزەوە بۆ شوێنی من، گوتی پێشتر زۆر گەڕاوم لە تۆ باشترم دەستنەکەوتووە، تۆ ئەو کەسەی کە من بەدوایدا دەگەڕام، ئیتر چی بکەم بەشدارییم کرد".

جەمال رەشید بە کتێب و لێکۆڵینەوەکانی کاری گەورەی کرد بۆ یەکلاییکردنەوەی راستییە مێژووییەکان لەسەر رەسەنایەتی و کەڤناریی کوردستان و گەلەکەی. ئەو ساڵی 2016 لە کوردستان کۆچی دوایی کرد.چیی نوێ هەیە کە ئێمە وەک  کورد دەربارەی جەمال ڕەشید یان میراتەکەی نەیزانین و لێرە لەو فیلمەدا بیبینین؟

فیلیپ جەمال رەشید:
بۆ ئەوەی بابەتە کەسییەکە بزانیت، شتێکت بۆ باسدەکەم. من کارە "باوەکانم" وەک پێشکەشکار بۆ  کەناڵە هۆڵەندییەکانی وەک MTV و VPRO دەکرد. هەمووی لەسەر بنەمای هیپ هۆپ و هونەرە جەنگییەکان بوون. ئەو سەیری دەکرد و لێیدەپرسیم: بۆچی سەرقاڵی ئەو شتانەی؟ بۆچی چیرۆکەکانی کولتووری خۆمان ناگێڕیتەوە؟ ئەم فیلمەی ئێستام یەکەم پڕۆژەیە کە لەوەوە سەریهەڵداوە. ئەمە ئەو تۆوە بوو کە ئەو لە مندا چاندی، بۆئەوەی ئەو جیهانانە پێکەوە گرێبدەم و بە شێوازێکی خەیاڵی بیگێڕمەوە،  پێشتر هەوڵمداوە لەگەڵ باوکم زۆر حەزماندەکرد پێکەوە فیلم دروست بکەین و زۆر قسەمان لەسەر کرد، بەڵام سەختییەکانی ژیان هاتنە پێشەوە و جەنگ هاتە پێشەوە. بۆیە ئێستا پێموابوو کاتی ئەوەیە بە شەخسیترین شێوە ئەو کارە بکەم. هەروەها هەرگیز نەمتوانی ماڵئاوایی کۆتایی لە باوکم بکەم، چونکە کاتێک گیانی سپارد، شەڕی داعش هەبوو. من ئەو کاتە لەگەڵی نەدەژیام و ئەوە زۆر قورس بوو، بۆیە بەمشێوەیە دەمەوێت ئەو یادەوەرییەش زیندوو بکەمەوە.
ماوەیەک خزمەتم دەکرد، هەڵبەت ئەو پیاوێکی یەکجار سەربەخۆ بوو و بەڕاستی ئەوەی دەکرد کە خۆی دەیەویست، لە قۆناخێکدا باری تەندروستیی زۆر باش نەما، کە زۆرتر بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە بوو. ئەوکاتە بردمە نەخۆشخانە، هەرچەندە خۆی نەیدەویست. بەڵام من هەموو رۆژێک دەرزیی ئەنسۆلینم لێدەدا، چونکە خۆی نەیدەویست ئەو کارە بکات، زۆر تایبەت بوو کە ئەو ماوەیە بە چەندین شێوازی جیاواز و زۆر نزیک پێکەوە بووین.
 
سەبارەت بەوەی باوکی چیی لەسەر کوردبوون و گەلەکەی گوتووە کە هەمیشە لە یادی ئەودا ماوەتەوە، فیلیپ جەمال رەشید دەڵێت:
کاتێک بیری لێدەکەمەوە، بیر لە یەک رستە دەکەمەوە. خێزانەکەم هەرگیز بە فیلیپ بانگیان نەدەکردم. پێیاندەگوتم ئالان. کاتێک تەمەنم نزیکەی 3 ساڵان بوو، ڕستەیەکی هەبوو و بە دەنگی بەرز پێی دووبارە دەکردمەوە: (ناوم ئالانی میللەتی کوردە). ئەوە هەمیشە لە یادم ماوەتەوە، هەمیشە دەیویست بزانم مێژووەکەمان چەند جوان و دەوڵەمەندە. هەروەها ئەوەی کە ئێمە یەکێکین لە کۆنترین گەلانی سەر ئەم هەسارەیە، بە مێژوویەکی زۆر تایبەتەوە، گەیاندنی ئەمەی بە ئەرکی سەرەکیی ژیانی دەزانی، وەک خۆت دەزانیت هەوڵیدەدا ئەمە بە جیهان بگەیەنێت، ئەوە بگەیەنێت کە ئێمەش مافی بوونمان هەیە…. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە منیش بەم فیلمە دەمەوێت بیکەم. ئێمەی کورد لە میدیاکانی جیهاندا دەرناکەوین، لە هەواڵەکاندا ناومان نایەت، خەڵک نازانێت کە ناوی ئێمە (کور) و (کوردا) پێشتر لەسەر تاتە قوڕینە کۆنەکانی شارستانیەتی سۆمەریدا باسکراوە، دەمەوێ ئەمە بە هەموو جیهان بگەیەنم. پێیانبڵێم: ئێمە هەین، بوونمان هەیە و مافی ئەوەمان هەیە قسەی خۆمان بکەین.

ڤۆیس ئۆڤەر
فیلیپ رەشید دوای ئەم فیلمەی دەچێتەوە دوبەی. وەک خۆیشی باسیکرد خەونی باوکی ئەوە بووە پێکەوە فیلم دروست بکەن و چیرۆکی کوردستان بگێڕنەوە. فیلمی جەمال لە هۆڵەندا بوو، لێمپرسی فیلمی داهاتووی لە وڵاتەکەی خۆی و باوکی: واتە کوردستان دەبێ؟

فیلیپ جەمال رەشید:
هیوادارم بتوانم ئەو پردە دروست بکەم. کارەکانی من رێبازێکی نێودەوڵەتییان هەیە. من بە تەواوی باوەڕم بەوە هەیە، چونکە بێگومان خۆم کەسێکی نێودەوڵەتیم. هەروەها بڕوام وایە دەتوانین چیرۆکەکانی کوردستان وا بگێڕینەوە کە بتوانن بگەنە خەڵکی جیهان. زۆریش حەزدەکەم ئەمە لەڕێگەی  فیلمی سینەماییەوە بێت. چونکە ئەوە  ئەو شتەیە کە من دەتوانم پێشکەشی بکەم.

هۆزان دینۆ : 35 ساڵە هونەر و خەباتی نەتەوەییم پێکەوە گرێداوە

دەقی نیوزفیچەری هۆزان دینۆ
گۆرانی ئۆی یارێ..
من دینۆم، چەندین بەرهەمی کوردیم هەیە، من خەڵکی ناوچەی سەرحەدم، لە شاری قەرس و ئەردەهان لەدایکبووم، نزیکەی 35 ساڵە لە بواری هونەریدا کار دەکەم، بەڵام لە بنەڕەتدا من زووتر دەستم پێکردووە، سەرەتا بە شێوەیەکی نیمچە پیشەگەرانە بوو، دواتر بووە پیشەی سەرەکیم، من بە ژەنینی ساز دەستم پێکرد، کە بۆ من ناسنامەیەک بوو؛ میوزیک خۆی ناسنامەیە. 
میوزیک..
هونەر بۆ ئازادییە، مرۆڤ بۆ ئازادی دەژی و گۆرانی دەڵێت، من نزیکەی سی و پێنج ساڵەگۆرانی دەڵێم و لەم بوارەدا کار دەکەم.
میوزیک..
ئامانجێکی سەرەکیم هەیە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان گرنگە: ئەویش ئەوەیە نەکەوینە داوی شەڕی ناوخۆ و سیاسەتی تەسکی حیزبانەوە، پێویستە هەر چوار پارچەی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە هونەر و کولتووری خۆیان بپارێزن و پێشی بخەن، جاران دەرفەت نەبوو کارەکانمان بکەین، بۆیە وەک زۆر هونەرمەندی دیکە، ئێمەش ناچار بووین کۆچ بکەین، من لە ساڵی 1998ـەوە لە هۆڵەندا دەژیم.
باری ئێمەی هونەرمەندان قورس بوو، هونەری کوردی و هونەرمەندانی کورد هەمیشە لەناو خەباتێکی بەردەوامدا بوون، من و هاوڕێیانم هەمیشە دەڵێین"هونەرمەند نابێت لە گۆشەیەکدا دابنیشێت و بێدەنگ بێت."
بۆ کۆنسێرتەکانم، هەمیشە هەوڵدەدەم بەرهەمی نوێم هەبێت، چونکە خەڵک پرسیاری کاری نوێ دەکات و چاوەڕوانیی هەیە، داهێنان شتێکی ناوازەیە لە ژیانی مرۆڤدا، پێویستە مرۆڤ هەمیشە شتی نوێ بخوڵقێنێت و کاری نوێ بکات، هەروەها هەوڵبدات منداڵەکانی و گەلەکەشی فێری ئەم رۆحیەتە بکات.
دینۆ تەنیا گۆرانی ناڵێت، بەڵکو کاری دیکەش دەکات، ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، شتی شیرین و خۆشی تێدایە، خەڵکێکی زۆر پرسیاری ئەوە دەکات کە هونەرمەندان چۆن دەژین، منیش ویستم لە رێگەی کارەکانمەوە وەڵامیان بدەمەوە و ژیانی خۆمم لەگەڵدا هاوبەش بکەم.


دەقی هەڤپەیڤینی لەگەڵ هۆزان دینۆ:

هێمن عەبدوڵڵا: زۆر بەخێربێیت کاک دینۆ، بەڕاستی من وا دەڵێم، نەوەی دوای من و بچووکتر لە من، چ بە سۆرانی، کورمانجی، زازاکی، هەورامی، کەس نییە گۆرانی هۆی یارێی نەبیستبێت و نەناسێت، کەس نییە دینۆ نەناسێت، دەزانی یەکەمجار کە ناوی تۆم بیست و گوێم لە گۆرانیەکەت گرت، نەمدەزانی هی کێیە، گوتم دینۆ، بە کورمانجی واتە "من دەمەوێت جارێک بتبینم".
هۆزان دینۆ: بە سۆرانی دەڵێن شێت.

هێمن عەبدوڵڵا: پەرژین بێت.. بەڕاستی گوتم چۆن ئەم ناوە هەڵبژێردراوە؟ چیرۆکی دینۆ چییە؟ بۆچی دینۆ؟
هۆزان دینۆ: بەڵێ کاک هێمن، پاشناوی ئێمە پێشتر لە تورکیا دەلی بوو، چونکە باپیری باپیرم، ناوی 'دەلی مەمەت' بوو، واتە 'دەلی' بە واتای دین و شێت نەبوو، بەڵکو دەمارگیر بوو، واتە کەمێک پیاوێکی تووڕە یان دەمارگیر بوو، کاتێک یاسای پاشناو لە تورکیا دەرچوو، دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەموو کەسێک پاشناوێکیان پێدا، هی ئێمەش بووە دەلی، بە کوردییەکەی، کورمانجییەکەی دەبێتە دینۆ، منیش دەمگوت بە سۆرانیش دەڵێن 'شێت'، بەڵام من دینبوون بە واتایەکی نەرێنی نایبینم، بەڵکو من بە ئەرێنی دەیبینم، چونکە مرۆڤ دەتوانێت هەوڵبدات شتێکی جیاواز بکات، شتێک کە کەس نەتوانێت بیکات، بۆ ئەوەی بتوانیت شتی وا بکەیت، من ئەمە بە کەمێک بوێری دەبینم، بۆ من زۆر قورس بوو، زۆر زەحمەت بوو مرۆڤ ناوی دینۆ هەڵبگرێت، چونکە لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا لە کوردستان شتێکی مەترسیدار کوڕێکی لاو ناوی 'دینۆ' بێت، بەڵام سەرکەوتوو بوو.

هێمن عەبدوڵڵا: پێش پشووەکە راپۆرتێکمان هەبوو لەسەر کوڕی مامۆستا جەمال رەشید، جەمال رەشید لە یەکێک لە کتێبەکانیدا باسی ئەو وشانە دەکات کە لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە ماون، یەکێک لەو وشانە دینۆ یان دینە، دەڵێت لەناو کوردیدا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و پێشتر واتایەکی دیکەی هەبووە، من بینیم تۆ دوێتێکت لەگەڵ کاک خێرۆ عەباس کردووە، ئەمە شتێکی نوێیە، دەتوانم بڵێم یەکەمجارە یان دووەمجارە؟
هۆزان دینۆ: دووەمینە، پێشتر لەگەڵ کوڕێکی گەنج دوێتم کردبوو، من هەندێکجار پشتگیریی گەنجان دەکەم لە پێناو پێشخستنی کولتوورەکەمان، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لەگەڵ هونەرمەندێکی پرۆفیشناڵ دوێتێک دەکەم، چەندین ساڵی درێژ تێپەڕیبوو، زۆر لە هەڤاڵان و گوێگرەکانمان دەیانپرسی بۆچی ئێوە لەگەڵ گۆرانیبێژەکانی دیکە دویت ناکەن؟ ئێمەش گوتمان با یەکێک تاقیبکەینەوە بەڵکو بەدڵی ئێوە بێت، باوەڕم وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هاکان ئاکای زۆر دوێتی دیکە دەکات و بەڕێوەی دەبات، ئێمە پێکەوە سترانێک دەڵێین، هیوادارم بەدڵی ئێوەش بێت.

هێمن عەبدوڵڵا: تۆ دەمێکە خێرۆ عەباس دەناسیت؟
هۆزان دینۆ: زۆر، بێگومان. 

هێمن عەبدوڵڵا: ئەمە پلانێکی کۆنە، تازە نییە؟
هۆزان دینۆ: جار جار قسەمان دەکرد و دەمانگوت با بیکەین، بەڵام بە شێوەیەکی کرداری هەرگیز دەرفەت دروستی بکەین، خێرۆ کۆنسێرتی هەبوو، منیش هەمبوو، ئەو دەچووە کوردستان و دەهاتەوە، زۆربەی کات لە نیشتمان بوو، لە تورکیا و باکووری کوردستان بوو، من زیاتر لە ئەورووپا بووم، چونکە نەمدەتوانی بگەڕێمەوە، ئەمەش مابووەوە و بە شێوەیەکی کرداری نەمانخستبووە رۆژەڤەوە، ئینجا بە هاوکاریی هاکان، دەتوانم بڵێم ئێستا پلانێکمان دانا، من ئەمڕۆ هاتمە ستۆدیۆ، تەنانەت پایلۆتیشمان تۆمار کرد، دەمۆیەکمان ئامادە کردووە.

هێمن عەبدوڵڵا: با بڵێم کە کاک خێرۆ و کاک هاکان لە ژوورەکەی دیکەوە سەیری ئێمە دەکەن، ئەوانیش لە ستۆدیۆن، لەسەر سەر و چاومان هاتن، هاوکارانمان ڤیدیۆیەکی کورتیان ئامادە کردووە، یەکێکە لەو گەنجە بەهرەمەندانەی دیاسپۆرا کە شتێکی کردووە و باسی تۆ دەکات، دەمەوێت هاوکاران ئەگەر ڤیدیۆکە ئامادەیە نیشانمانی بدەن، با بیبینین، بەڵێ، ئەو گەنجە پۆرترێتێکی دروستکردووە، پۆرترێتێک بۆ هونەرمەند هۆزان دینۆ، زۆر بە جوانیش کاریکردووە، هەفتەی داهاتوو فیچەرێکی بڵاودەبێتەوە کە هاوکارمان مەی دۆست ئامادەیکردووە، پرسیاری من ئەوەیە، من لەنێو گەنجاندا زۆر دەبینم کە هۆزان دینۆیان خۆشدەوێت، وەک سیمبولێکە بۆیان، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا، دەزانیت شتێکی نوێیە لە دیاسپۆرا، زۆرجار تۆ لە شوێنێک دەڕۆیت، ئۆتۆمبێلێک دەبینی دەنگەکەی زۆر بەرزکراوەتەوە و گوێت لە سترانی هۆزان دینۆ دەبێت، بۆچی گەنجان ئەوەندە تۆیان خۆشدەوێت؟
هۆزان دینۆ: بەڵێ، بەڕاستی ئەم پرسیارە زۆر دەکرێت، زمانی سەدە، یان هەر سەدەیەک بە شێوازێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، پێداویستییەکانی خۆی دەخوڵقێنێت، پێویستە تۆ زمانی ئەوان، ژیانی ئەوان، کولتووری ئەوان، رابردوو و داهاتووی ئەوان بناسیت تاوەکو بتوانیت بەگوێرەی داخوازییەکانیان گۆرانی دروست بکەی، چونکە با بڵێین بێگومان هەموو هونەرێک بەهێز و بەقیمەتە، بۆ نموونە پێشتر گۆرانییەکان باسی قۆلنگیان دەکرد، باسی بێریڤانیان دەکرد، باسی شوانەکانیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ مەرجەکانی ژیان گۆڕاون، شوێنی ژیان گۆڕاوە، زۆربەیان وەک تۆش ئاماژەت پێدا، بە ملیۆنان کورد لە دیاسپۆرا دەژین، هەروەها لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش گەنجەکانمان دەژین، بەڵام دەبێت بە زمانی ئەوان بێت، ئیتر گەنجینەی وشەی منداڵان و سترانی منداڵان پێویست نین، پێویستە ناوەڕۆکەکەیان لایەنی فەلسەفی، وێژەیی، مێژوویی و زۆر لایەنی دیکەی تێدا بێت و هەڵبسەنگێنرێت، تاوەکو بتوانیت پێداویستییەکانیان پڕبکەیتەوە و داواکارییەکانیان بهێنیتە دی، بۆ نموونە زۆربەی ئەو ئەوینانەی نەژیاون، هەزاران شەهیدمان هەیە لەپێناو تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا کە هیچیان بە ئەوینەکەی خۆیان نەژیاون، کەواتە پێویستە من ببمە زمانی ئەوینەکانی ئەوان، بۆیە لە خۆیانیان نزیک دەبینن، ئەمە راستییەکەیە، ئەوینی نەژیاو لە دڵی ئەواندا وەک برینێک ماوەتەوە، پێویستە من ئەوان بهێنمە زمان، ئەوان لەو زمانە تێدەگەن و منیش لەوان تێدەگەم، بەڵام کەموکوڕی هونەرمەندان ئەوەیە کە زۆربەیان دەڵێن گەلی ئێمە زمانی خۆی باش نازانێت، پێویستە ئێمە بە زمانێکی سادە بنووسین، بەڵام وا نییە، لە رێگەی رێکخراوەکان، قوتابخانەکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، گەنجەکانمان پەروەردە کراون، لە هەموو چاپەمەنی و هەموو شوێنێکدا دەبینیت کوڕان و کچانی ئێمە و گەلی ئێمە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە بە کوردی دەنووسن و دەخوێننەوە و لە هەموو زاراوەکانی کوردیش تێدەگەن و لە ئێمەش پێشکەوتووترن.

هێمن عەبدوڵڵا: لە زماندا باشتر فێربوون، بەڵام ترسێکی زۆر گەورەش هەیە، من نموونەیەک دەهێنمەوە، تۆ دوای ئەوەی پرۆسەی چارەسەریی جاری پێشوو لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد، گەڕایتەوە و لەگەڵ میدیایەکی تورکیدا قسەت کرد، لەگەڵ ئەواندا دەڵێیت، "ئەو گەنجانەی من ئێستا دەیانبینم، منداڵ بوون کە من رۆشتم، ئێستا پێم دەڵێن خاڵۆ و مامۆ، بۆ من زۆر سەیرە"، هەروەها دەڵێیت، "وشەی ئینگلیزی زۆر دەزانن، بەڵام وشەی کوردی نازانن،" واتە ئەو مەترسییەش هەیە، نازانم ئێستا گەنجانی باکوور باش گوێت لێدەگرن، چیت هەیە بۆیان؟ بۆ ئەوانەی کە هێدی هێدی کوردییەکەی خۆیان لەبیر دەکەن، بۆ ئەوانەی کە گرنگ نییە بەلایانەوە بە کوردی قسە بکەن؟
هۆزان دینۆ: بێگومان، من هەمیشە دەڵێم قورسترین توانەوەی کولتوور و زمان لە باکووری کوردستان ئەنجامدرا و بەڕاستی هێشتاش بەردەوامە، بەڵام هەندێک شت هەن کە ئێمە برینەکانی خۆمانی پێ دەپێچینەوە، واتە هەرچەندە شتی زۆریشمان لەدەستدابێت، ئێستا با بڵێین بە هاوکاریی ئێوە، چاپەمەنیی کوردی، بە هاوکاریی هەموو تەلەڤیزیۆن و چاپەمەنییە کوردییەکان، بەڕاستی گەنجەکانمان هێدی هێدی دەگەڕێنەوە سەر راستیی خۆیان، چونکە ئێستا کە سەیری تیکتۆک، ئینستاگرام، فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکەین، ئەنجامەکانیان دەبینین، میوزیکی ئێمە زیاتر گوێی لێدەگیرێت، پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر مرۆڤ وشەیەک حەوت جار ببیستێت، جاری هەشتەم ئیتر لە گەنجینەی مێشکیدا لەبیری ناکات و لەبەری دەکات، لەبەرئەوەی ئێمە و گەلەکەمان بە شێوەیەکی فەرمی پەروەردە ناکرێین، پێویستە ئێمە بە میوزیکی خۆمان و بەکولتوور، کتێب، زمان، قسەکردن و هەڵوێستی خۆمان، گەنجینەی گەلەکەمان بە کوردەواری بهێڵینەوە، نەهێڵین بکوژرێت و بتوێندرێتەوە، بەڵکو بیژیێنین، بۆیە من هەوڵدەدەم. بۆ نموونە لێم دەپرسن دەڵێن، "مامۆستا ئەمە چ وشەیەکە بەکاریدەهێنیت؟" من واتاکەیان پێدەڵێم، دەڵێن، "ئێمە ئەوەمان نەدەزانی، چۆن دەبێت؟ ئێمە هەرگیز نەمانیستبوو،" واتە چەندە لە ستران و بەرهەمەکانتدا وشەی نوێ و رەسەن بەکاربهێنیت، ئەوە وەک پەروەردەیەک، وەک قوتابخانەیەک کار دەکات، گەلی ئێمەش بەڕاستی گەلێکی هونەردۆستە، گەلی ئێمە بەهاکانی خۆی دەردەخات، بەڵام دەبێت خۆشمان قیمەتی ئەو گەلە بزانین.

هێمن عەبدوڵڵا: شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، کۆنسێرتەکانت لە ئەورووپا، وەک بە ئینگلیزی دەڵێن 'Sold out' دەبن، هەموو بلیتەکان دەفرۆشرێن پێش ئەوەی دەستپێبکات، من باسی ئەورووپا ناکەم، وەک گوتم وایە، بەڵام ئێستا گوێم لێیە لە باشوور، ئەوانەی لە کۆنترۆڵی رووداو دانیشتوون، دەڵێن "توخوا لێی بپرسە کەی دێتە باشوور"؟
هۆزان دینۆ: من لە ساڵی 2008 چوومە باشوور، بەڵام گەڕاندیانمەوە، زۆر دڵم شکا، ئەو برینە هێشتا ساڕێژ نەبووە، بێگومان، مرۆڤ چۆن حەزناکات بچێتەوە وڵاتی خۆی؟ وەک دەڵێن ماڵی خۆتە، بێگومان رۆژێک دێت، هەر پارچەیەکی کوردستان دەرفەت بڕەخسێت، دەچمەوە وڵاتی خۆم.

هێمن عەبدوڵڵا: راستە، ئەوەش گرنگە لەوێ بیبیستن، چونکە وەک گوتم زۆر کەس ئەو پرسیارەیان کردووە بۆچی هۆزان دینۆ جارێک کۆنسێرتێک لە باشوور ناکات؟ سەد لە سەد لەوێش 'Sold out' دەبێت و هەموو بلیتەکان دەفرۆشرێن، بێگومانم کاتێک دەڵێم بلیتەکان دەفرۆشرێن، وەک هونەرمەندە ئەورووپی و ئەمریکییەکان نییە کە بە ملیۆنان دۆلار بێت، بەڵکو لە خۆشەویستییەوەیە، عەشقێک هەیە کە هەمووان لە هۆڵێکدا کۆببنەوە و بە شێوەی زیندوو گوێ لە گۆرانییەکانت بگرن.
هۆزان دینۆ: خۆشەویستی گەل بۆ من تەنیا لەبەر هونەر نییە، بەڵکو  خۆشەویستییە لە راستیی خۆی، لە کوردەواری، لە چارەسەرکردنی برینەکانیان، واتە کاتێک گەلی ئێمە ئێمەی خۆشدەوێت، لە زۆر رووەوە خۆشیدەوێت، سەیری هەڵوێستت دەکات، سەیری ژیانت دەکات، سەیری هونەرەکەت دەکات، هەمووی پێکەوە واتادار دەبن، واتە تەنیا خۆشەویستی نییە وەک لە وڵاتانی دیکە کە کێشەیان نییە، خۆشەویتی گەلی ئێمە جیاوازە. 

هێمن عەبدوڵڵا: زۆر کەس پرسیار دەکەن، ئایە چیرۆکی گۆرانی ئۆی یارێ چییە؟
هۆزان دینۆ: من داوای لێبوردن دەکەم، چونکە من هەرگیز چیرۆکی گۆرانییەکانم ئاشکرا ناکەم، بۆچی؟ چونکە هەمیشە دەڵێم ئەو هەستانەی ناونیشانیان دیار بێت، واتایان نامێنێت، چونکە هەر هەستێک دەبێت بە نهێنی خۆی، بە تایبەتمەندیی خۆی بپارێزرێت و وەک خۆی بمێنێتەوە، وەک مامۆستا محەممەد شێخۆ دەڵێت 'ئای لێ گوڵێ'، هەندێک دەڵێن باسی کوردستان دەکات، هەندێک دەڵێن باسی ئەویندارەکەی دەکات، هەندێکی دیکە دەڵێن باسی شتێکی دیکە دەکات، چونکە ناونیشانی هەستەکان چەندە نادیار بێت، ئاسۆی لێکدانەوەی فراوانتر دەبێت، با بەمشێوەیە بمێنێتەوە.

هێمن عەبدوڵڵا: یەکێک کە زۆر بە وردی گوێی لە سترانەکانی تۆ نەگرتبێت، دەڵێت زۆر خەمگینە، سترانەکانی هۆزان دینۆ خەمگینن، بەڵام کاتێک مرۆڤ باش گوێی لێدەگرێت، ئومێدی تێدایە، هیوای تێدایە، بۆچی ئەو هیوایە ئەوەندە گرنگە بۆ تۆ لەنێو سترانەکانتدا؟ لە کاتێکدا مێژووی ئێمە، مێژووی کوردستان، مێژوویەکی خەمگینە و تاوەکو ئێستاش هەر خەمگینە، بۆچی ئەو مەبەستە لە گۆرانییەکانت بۆتۆ ئەوەندە گرنگە؟
هۆزان دینۆ: تۆ دەبینیت کوردستان چوار پارچەیە، نە سیاسییەکان لە یەکدی تێدەگەن، نە میللەت لە یەکدی تێدەگات، نە قسەی یەکدی وەردەگرین، ئێمە هاوار دەکەین و دەڵێین ئێمە چوار پارچە نین، ئێمە یەک پارچەین، دەتوانین بە شێوەیەکی نەتەوەیی بجوڵێینەوە، من لە نەورۆزی پارساڵیشدا گوتم، گەورەترین هیوای من ئەوەیە ساڵی داهاتوو بتوانین نەورۆزێکی زۆر گەورەتر بە بەشداریی هەموو گەلی کورد پێکەوە ساز بکەین، سەدان هەزار کورد بێن، واتە ئێمە لە گوتنەوەی وشەی یەکێتی ماندوو بووین، بەڕاستی کە برینێک لە پارچەیەکی کوردستاندا بێت، لایەنەکەی دیکەش ئازار دەچێژێت، تۆ چۆن دەتوانیت لە ماڵی خۆت دابنیشیت ئەگەر لە پارچەیەکی دیکەدا کوردێک شەهید بێت یان کوردێک ژیانی لەدەست بدات؟ وەک ئەوەی لە رۆژهەڵات روودەدات، ئەو کوردەی گیانی خۆی لەدەستدەدات، چۆن دەتوانین ئێمە دڵخۆش بین؟ ناکرێت، ئەو برینە لە هەمووماندا دەمێنێتەوە، بۆیە من چۆن باسی خەمگینی نەکەم؟ چی بڵێم؟ ناتوانم ئەو رووداوانەی روویانداوە نەهێنمە زمان و لە گەنجینەی گەلەکەمدا تۆماریان نەکەم، بۆ نموونە هەندێکجار گۆرانی ئەڤینداریش دەڵێم، دەڵێم "منت خۆشدەوێت وەک وڵاتی خۆم"، واتە وڵاتەکەم لە خۆشەویستیی تۆ بەنرخترە، بۆیە هەندێک بەها هەن پێویستە بپارێزرێن، ناتوانیت بە هەرزانی بهێنیتە زمان و بەکاریان بهێنیت، شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، هونەرمەندێک بەهێزی خۆی دەتوانێت هەموو کچ و کوڕان بکاتە ئەڤیندار و دەشتوانێت لە شۆڕش دووریان بخاتەوە، بەڵام پێویستە تۆ هەموو ئەو هەستانەی بۆ ئێمە پیرۆز و گرنگن، لە ژیانی ئەواندا بیانژیێنیت، بیانخوڵقێنیت و هەمیشە لەوێ بیانگریت، بەخۆمان لە دیاسپۆرا دەژین و بە خۆمان چوار پارچەین، بەمە زیاتر پارچە پارچە دەبین، ئێمە چۆن دەتوانین ببینە نەتەوەیەکی گەورە، ئێمە نەتەوەیەکین لە جیهاندا زیاتر لە 70 ملیۆنین کەچی بێ وڵاتین، پارچەیەک ئازاد دەکەین لە پارچەکەی دیکەدا خوێن دەڕژێت، ئەوەی دیکە ئازاد دەکەین ئەوی دیکە بریندار دەکرێت و خوێنی لێدەچۆرێت، من وەک دینۆ دەڵێم بەڕاستی ئێمە ماندوو بووین، داوا لە هەموو سیاستڤانان دەکەم هەندێک بنەما و پێگە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان زیاتر لێکنزیکبکاتەوە و ئازارەکانیان کەمبکەنەوە.

هێمن عەبدوڵڵا: لە دیاسپۆرا ئەلبوومت بڵاوکرایەوە، پێشتریش هونەرت هەبوو، ئایا کاریگەریی دیاسپۆرا وایکرد هونەرەکەت بەهێزتر بێت و عەشقی وڵاتت زیاتر بێت؟ چونکە زۆر کەس دێتە دیاسپۆرا، با بڵێین ئەورووپا، دەڵێن ئەورووپا خۆشە، ئازادی هەیە، ژیانێکی ئاسوودەی هەیە.
هۆزان دینۆ: میللەتی بن‌دەست هونەرمەندێکی ئازادی لێ دروست نابێت، ئەمە خۆهەڵخەڵەتاندنە، تۆ لە دیاسپۆرا بژیت، لە غەریبی و پەنابەریدا بژیت، ناتوانیت بڵێیت من ئازادم، ئەوە درۆیە، تۆ هەر غەریبیت، ئێوەش باشتر دەزانن، ئەمڕۆ ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ پارچەیەکی کوردستان، پارچەیەکی ئازاد، باشووری کوردستان، ئەو هەستەی لەوێ هەتە کاتێک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیت، ئایا لەوێ ئازادتریت یان لێرە؟ بێگومان دەڵێی دینۆ من لێرە ئازادتر دەژیم و لێرە ناترسم، هەر باڵندەیەک بە رەوی خۆی دەفڕێت، بازێک لەگەڵ قەلەڕەشێکدا نافڕێت، ئێمەش دەبێت لەگەڵ رەوی خۆماندا بفڕین، هاتنی ئێمە بۆ ئێرەش لەپێناو داخوازییەکی نەتەوەیی و داهاتوویەکی نەتەوەیی بووە، بۆیە دەڵێم لە غەریبیدا دڵشادی نییە، مرۆڤ هەمیشە دڵبریندارە.

هێمن عەبدوڵڵا: تۆ جارێک کە پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد، چوویەوە باکوور و وڵاتەکەت، هۆڵەندات بەجێهێشت چونکە گوتت وڵاتی دووەمی من نییە، بەڵام پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو و گەڕایتەوە، ئایا هیچ ئومێدێکت هەیە بەم زووانە لە ئامەد، لە مێردین، لە وان، لە شەمزینان، لە شوێنێک کۆنسێرت بکەیت؟
هۆزان دینۆ: من هەمیشە زیاتر لە هەموو کاتێک بەهیوا و ئومێدەوەم، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئێستای، کێشەی کورد چارەسەر نەکات، ئەوا خۆی هەڵدەوەشێتەوە، پێویستە حیساباتی باش بکەن، چونکە ئیتر کورد کوردی جاران نییە، کورد لە هەموو دنیادا، لە دیاسپۆرا، سیاسەت دەکات، خۆی دەپارێزێت، خاوەن ساز و دەزگایە، پێشکەوتووە، باوەڕ بکە ئیتر ترس و نیگەرانیم نییە، کورد هەر بەدەستی دەهێنێت، تەنیا کاتی دەوێت، ئەگەر دەوڵەت و دەسەڵاتداران زیرەک بن، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن، ئەگەرنا دەبێتە بەڵا بەسەر خۆیانەوە.

هێمن عەبدوڵڵا: بەهیوای ئاشتی، بەهیوای بینینی کۆنسێرتەکانت لە باشوور، چونکە گوتم داواکارییەکی زۆر هەیە، هەروەها لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش و خۆزگە رۆژێک لە رۆژهەڵاتیش، زۆر زۆر سوپاس هۆزان دینۆ، من بەڵێنێکم لێ وەرگرتوویت، بەم زووانە دەست بە پۆدکاست دەکەین و تۆ میوان دەبیت لە پۆدکاستێکدا و درێژتر قسە دەکەین. 
هۆزان دینۆ: زۆر سوپاست دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە.

هێمن عەبدوڵڵا: سوپاس بۆ ئێوەش.