لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری ئورەبرۆی سوێد دوو کەس برینداربوون

15 August 2025
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری ئورەبرۆی سوێد دوو کەس برینداربوون
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری ئورەبرۆی سوێد دوو کەس برینداربوون
رۆژی هەینی رابردوو  15ی ئاب لە شاری ئورەبرۆی سوێد دوو کەس لەنزیک مزگەوتێک بەر تەقە کەوتن و برینداربوون، رووداو زانیویەتی یەکێک لە بەرکەوتووەکان کوردە، پۆلیسی سوێدی رایگەیاندووە کە دوو کەسەکە بردراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام وردەکاریی لەسەر کەسەکان نەدرکاندووە. 
پۆلیسی ئورەبرۆی دەڵێ رووداوەکە پەیوەندیی بە شەڕی نێوان گرووپە تاوانکارییەکانی سوێدەوە هەیە و کەیسەکە وەکو هەوڵی کوشتن لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ، هەرچەندە هێشتا کەس دەستگیر نەکراوە. 
مانگی دووی ئەمساڵیش لە رووداوێکی تەقەکردندا هەر لە شاری ئۆرەبرۆ کەسێکی رەگەزپەرست تەقەی لە قوتابییان و مامۆستایانی خوێندنگەیەک کرد، لەو رووداوەدا 10 قوتابی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش بریندار بوون، ئەوکاتیش یەکێک لە بریندارەکان کوردێکی دیاسپۆرانشین بوو.
لەسەر رووداوەکە دوو شایەتحاڵی کورد کە لە نزیکەوە رووداوەکەیان بینیوە، وردەکارییەکەیان بۆ رووداو گێڕایەوە، زێرەڤان حۆجاڤا، یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە دیاسپۆرای راگەیاند "نزیکەی کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆ بوو، کاتێک نوێژی هەینیمان تەواو کرد و لە مزگەوت هاتینە دەرەوە، خەڵکێکی زۆر لە بەردەرگای مزگەوتەکە کۆببوونەوە، لەناکاو کەسێک دەستی بە تەقەکردن کرد و راستەوخۆ فیشەکێک بەر کەسێک کەوت کە بە رەگەز ئەفریقی بوو و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا."
سەبارەت بە دۆخی ئەو هاونیشتمانییە کوردەی لە رووداوەکەدا بریندار بوو و خەڵکی دهۆکە، زێڕەڤان حۆجاڤا گوتی "دۆخی تەندروستیی ئەو برایە کوردەمان زۆر باشە و سەلامەتە، راستەوخۆ گولـلەی بەرنەکەوتووە، بەڵکو فیشەکێک بەر زەوییەکە کەوتووە و هەڵبەزیەوەو بەر پێی کەوتووە، بۆیە برینەکەی سووکە."
شایەتحاڵێکی دیکەی کورد، کە لە کاتی رووداوەکەدا لە شوێنی رووداوەکە بووە، وردەکاریی زیاتری بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی "کە لە مزگەوت هاتینە دەرەوە، دەنگی تەقەمان بیست، بینیمان پیاوێک و دوو کەسی دیکە کەوتنە سەر زەوی، هێرشکارەکە رەشپێست بوو، دوای رووداوەکە دۆخێکی زۆر ترسناک و پشێو دروست بوو، کەس نەیدەزانی چی بکات و نەیدەوێرا نزیک بکەوێتەوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دیاسپۆرا کەوتوون، تاوەکو ئامادەکردنی هەواڵەکە هێرشکارەکە دەستگیر نەکراوە، پۆلیسی سوێد دۆسیەکەی بە هەوڵدان بۆ کوشتن کردووەتەوە، کە بە یەکێک لە تاوانە قورسەکان دادەنرێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.


ئەڵمانیا.. باوکێکی کورد لەکاتی رزگارکردنی منداڵەکەی لە رووباری رایندا خنکا

ئەمڕۆژانە شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن لە ئەورووپای داوە، هەندێک وڵات هۆشدارییان داوە و دەڵێن دەبێ ئەم چەند رۆژە زۆر ئاگامان لە خەڵکی بەتەمەن و ئەوانە بێ کە بەرگەی گەرمای زۆر ناگرن، لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا رێکخراوە خێرخوازییەکان بە ئاوی سارد و فێنککەرەوە یارمەتیی ئەو کەسانە دەدەن کە لەسەر شەقامن و ماڵیان نییە.
لەبەرئەوەی ئەمڕۆژانە پشووی قوتابخانەکانیشە، زۆر لە دایکان و باوکان منداڵەکانیان دەبنە مەلەوانگە و پارکەکان و سەر رووبارەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی کۆچبەرن و لە ئاپارتمانی وادا دەژین کە زوو گەرم دادێن و فێنککردنەوەیان ئاسان نییە، زۆرتر خەڵک دەچێتە دەرەوە، ماڵباتی هەڤاڵ حوسێنیش لە شاری کوێلن چووبوونە سەر رووبار بۆ خۆفێنکردنەوە، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی مەترسیی بۆ دروست دەبێ، ئەو کوردە دیاسپۆرانشینە خۆی فڕێدەداتە ناو ئاو، بێئاگا لەوەی ئەمە دوایین هەناسەدانی دەبێ و کەمێک دواتر دەخنکێ.
بەپێی داتا فەرمییەکان ئەمساڵ 25 کەس لە رووباری رایندا خنکاون، بۆیە لە شاری دوسەلدرۆف بڕیاردراوە کە مەلەکردن لە رووباردا قەدەخە بکرێ و ئەوەی سەرپێچی بکات بە 1000 یۆرۆ سزا دەدرێ.


رووباری راینە لە شاری کوێلن لە ئەڵمانیا، لە رۆژانی هاویندا ئێرە شوێنی پشوودان و فێنکبوونەوەی هەزاران کەسە، بەڵام لەپشت ئەم دیمەنە ئارامەوە، مەترسییەکی کوشندە خۆی شاردووەتەوە.
بۆ خێزانێکی ئێزدی ئەم مەترسییە بووە راستییەکی دڵتەزێن، باوکێکی تەمەن 47 ساڵ بەناوی هەڤاڵ، لێرە کەوتە بەر شەپۆلەکانی ئاو و لەگەڵ خۆیدا بردی.
لەدوای خۆی خێزانەکەی لە شۆکدا جێهێشتووە، براکەی بە بێدەنگی چاوەڕێی هەواڵێک دەکات، بەڵام ئامادە نەبوو قسەبکات، هاوژین و منداڵەکانیشی بەگوتەی ئامۆزای هەڤاڵ لە دۆخێکی خراپدان و ناتوانن بدوێن.
خودێدا نەرمۆ، ئامۆزای هەڤاڵ
"ئاوەکە شەپۆڵ و گێژاوی زۆرە، بەتایبەت کاتێک کەشتییە بارهەڵگرەکان تێدەپەڕن، شەپۆلی بەهێز دروست دەکەن، ئەو ویستوویەتی مەلە بکات، بەڵام کەوتووەتە شوێنێکی قووڵ و گێژاوەکە نوقمیکردووە، هیوای زیندوومانەوەی ئەو زۆر کەمە، نزیکە لە سفر، بە تێپەڕبوونی کاتیش هیوامان کەمتر دەبێتەوە."
هیوای رزگاربوونی هەڤاڵ لەلایەن خانەوادەکەیەوە هەرچەند کەمیش بێت، بەڵام رووبەڕووی راستییەکی تاڵ دەبنەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کوێلن رۆژی رووداوەکە بۆ ماوەی دوو کاژێر هەوڵیاندا تەرمەکەی بدۆزنەوە، بەڵام گوتەبێژەکەیان جەخت دەکاتەوە کە دۆزینەوەی تەرمەکەی کارێکی زۆر سەختە.
ئولریچ لاشێت، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی کوێلن:
"گەورەترین ئاستەنگ ئەوەیە کە بە روونی دیار نییە ئەو کەسە لە کوێیە، رووباری راین زۆر پانە و نازانین کەوتووەتە کام ئاراستەی ئاوەکەوە، هەروەها راین یەکێکە لە قەرەباڵخترین رێڕەوە ئاوییەکانی ئەورووپا، هاتووچۆیەکی چڕی کەشتیوانیی تێدایە و مەترسییەکی زۆر گەورە هەیە بکەوێتە ژێر یەکێک لە کەشتییەکانەوە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا رێگری لەمە بکرێت، هەموو تیمەکانی فریاکەوتن ئاگادارکرانەوە و بەپێی پێوەرە تاکتیکییە دیاریکراوەکان، بەرەو شوێنی رووداوەکە جووڵەیان پێکرا بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا تەرمی ئەو کەسە بدۆزرێتەوە."
ئەم سەختییە، مەترسییە گشتییەکانی رووباری راین دەخاتەڕوو، لەمبارەیەوە رێکخراوی ئەڵمانی بۆ رزگارکردنی ژیان (DLRG) بەردەوام هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان.
کیان شەهبوداغی، گوتەبێژی کۆمەڵەی ئەڵمانیی رزگارکردنی ژیان (DLRG):
"ئەگەر کەسێک بکەوێتە بەر شەپۆڵێکی بەهێزی ئاوەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک پێچەوانەکەی مەلە بکات، بەڵکو دەبێت هەوڵبدات سەرنجی خەڵک رابکێشێت، هاوار بکات و لەگەڵ شەپۆلەکەدا خۆی بگەیەنێتەوە کەنار، ئەگەر کەوتە نێو گێژاوێکی ئاوەکەوە، پێویستە خۆی نوقمی ئاوەکە بکات و لە قووڵاییەوە هەوڵی دەرچوون لە گێژاوەکە بدات."
سەرەڕای ئەوەی ژیان لە کەنارەکانی رووباری راین بەردەوامە، بۆ خێزانەکەی هەڤاڵ تەنیا ئازار و ماتەمێکی قووڵ بەهۆی لەدەستدانی ئازیزەکەیانەوە ماوەتەوە، دوای سێ رۆژ گەڕان و چاوەڕوانییەکی پڕ لە ئازار، تەرمی هەڤاڵ 100 کیلۆمەتر دوورتر لە شوێنی خنکانەکەی دۆزرایەوە، ئێستا خێزانەکەی دەرفەتی ئەوەیان هەیە بۆ دواجار ماڵئاوایی لێبکەن و بە رێزەوە بەخاکی بسپێرن.

حەوت کورد بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج

لە نەرویج هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچن و حەوت کوردی دانیشتووی وڵاتەکەش بەربژێرن و هەوڵی مسۆگەرکردنی کورسی پەرلەمان دەدەن، لە نەرویج دیاسپۆرایەکی چالاک و خوێندەواری کوردستانی هەیە، ئێستاش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەرلەمانتارێکی کورد هەیە.
عەبدولباقی حوسێنی، باوکی مانی حوسێنی، کە تەنیا پەرلەمانتاری کوردە لە پەرلەمانی نەرویج، زەنگی ئاگاداکردنەوە لێدەدات و رایدەگەیەنێت، سەرەڕای کراوەیی سیستمی سیاسیی نەرویج، بەڵام کوردان هێندەی سەرقاڵی سیاسەتی وڵاتی دایکن، نیو ئەوەندە بایەخ بەو گۆڕەپانە سیاسییە نادەن کە دەتوانێت داهاتوویان تێیدا مسۆگەر بکات.
عەبدولباقی حوسێنی، سیاسەتمەدارێکی دێرین و شارەزایە لە کۆمەڵگەی نەرویجی، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، رەخنەی لە بەشێک لە کوردانی ئەو وڵاتە گرت و گوتی"ژمارەی ئەو کوردانەی لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە هاتوون و لەنێو کۆمەڵگەی نەرویجیدا چالاکبن زۆر کەمن، زۆربەیان زیاتر سەرقاڵی سیاسەتی کورد و کوردستانن تاوەکو سیاسەتی ئەو وڵاتەی بووەتە نیشتمانی دووەمیان، ئەمەش وایکردووە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسیی لۆکاڵی کەم بێتەوە."
حوسێنی جەختی لەوە کردەوە کە سیستمی سیاسیی نەرویج هیچ رێگرییەک لەبەردەم کۆچبەران و کەمینەکان دانانێت، بەڵکو دەرگەی بەڕووی هەموواندا کردووەتەوە و دەڵێت"لێرە دەرگە بۆ هەموو کەسێک کراوەیە، جیاوازیی نییە تۆ کوردی یان خەڵکی وڵاتێکی دیکە، هەر مرۆڤێکی چالاک و بەتوانا بێت دەتوانێت بچێتە نێو سیاسەت و بگاتە بەرزترین پلەکان."
بۆ سەلماندنی قسەکانی، باوکی مانی حوسێنی چیرۆکی سەرکەوتنی کوڕەکەی وەک نموونەیەکی زیندوو هێنایەوە و روونیکردەوە "مانی لە رێکخراوی گەنجانەوە دەستیپێکرد، دواتر بووە ئەندامێکی چالاکی پارتی کرێکاران، چەندین جار بووە پەرلەمانتاری یەدەگ و دواجار وەک پەرلەمانتارێکی سەرەکی چووە پەرلەمان، ئەمە بەڵگەیە کە رێگەکە کراوەیە بۆ هەموو کەسێک کە کاری بۆ بکات."
سەبارەت بە چارەنووسی حەوت بەربژێرە کوردەکەی ئەمجارە، حوسێنی پێشبینییەکی تارادەیەک نائومێدکەری خستەڕوو و رایگەیاند، تەنیا دوو کەسیان چانسی سەرکەوتنیان بەهێزە، کە یەکێکیان مانی حوسێنی کوڕیەتی و ئەوی دیکەیان خانمێکی خەڵکی باکووری کوردستانە.
هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەوانی دیکەشی بۆ هەڵەیەکی ستراتیژی گەڕاندەوە و گوتی"کێشەکە ئەوەیە زۆرێک لە کوردەکان روو لە پارتە بچووکەکان دەکەن کە هیچ بنکەیەکی جەماوەرییان نییە و چانسی گەیشتنیان بە پەرلەمان سفرە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، دەبێت بچیتە نێو پارتە گەورە و کاریگەرەکانەوە، وەک پارتی کرێکاران (کە مانی سەر بەوە) و پارتە سەرەکییەکانی دیکە ئەوکاتە دەرفەتی سەرکەوتنت دەبێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەبدولباقی حوسێنی ئاماژەی بە هێزی شاراوەی دەنگدەری کورد لە نەرویج کرد و گوتی" ئەگەر کورد لێرە یەکبگرن دەتوانن هاوکێشەکان بگۆڕن، دەڵێت "ژمارەی کوردان لە نەرویج، بەتایبەت لە ئۆسلۆی پایتەخت و دەوروبەری کەم نییە، ئەگەر هەموویان بە یەکگرتوویی و بە شێوەیەکی ستراتیژی دەنگ بە بەربژێرە کوردە شایستەکان بدەن، بێگومان دەتوانن چەندین کورسیی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، بەڵام بەداخەوە، ئەم یەکڕیزییە بوونی نییە و دەنگەکان پەرتەوازە دەبن."
بانگەوازەکەی حوسێنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا، وەک زەنگێکە بۆ کوردانی نەرویج تاوەکو لەبری چاوبڕینە رابردوو و دووری نیشتمان، ئاوڕێک لە داهاتووی سیاسیی خۆیان لەو وڵاتە بدەنەوە و ببنە هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار.
  

ئەڵمانیا.. ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی فراوانی گەنجانی رۆژئاوای کوردستان دەکرێ

لە دڵـی ئەورووپاوە، گەنجێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان خەمی پاراستنی ناسنامەی نەوەی نوێی کوردی لە ئەستۆ گرتووە و لە رێگەی دەستپێشخەرییەکەوە هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە کولتوورییە پڕبکاتەوە کە کۆچبەری لەنێوان گەنجان و رەگوڕیشەیاندا دروستی کردووە.
ئەحمەد حەسەن، کە چیرۆکی کۆچبەرییەکەی لە ساڵی 2015 لە گوندی بلێجی سەر بە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و لە ئەڵمانیا گیرسایەوە، نموونەی ئەو گەنجە کوردانەیە کە سەرەڕای سەرقاڵییان بە ژیانی رۆژانە و کارکردنەوە، لە خەمی داهاتووی نەتەوەکەیان دانەبڕاون، ئەو کە ئێستا خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە، وەک خۆی دەڵێت"وەک هەر گەنجێکی دیکەی رۆژئاوا" دوای فێربوونی زمان، دەستی بە کارکردن کردووە و ئێستا بەرپرسی بەشێکە لە شوێنی کارەکەی، بەڵام ئامانجە گەورەکەی لە دەرەوەی چوارچێوەی کارەکەیەتی.
ئەو خەونە لە ساڵی 2020ـدا بووە بە واقیع و ناوی ڤەژینـی لێنا، ڤەژین تەنیا دەستپێشخەرییەک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکە بۆ زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لەنێو ئەو گەنجانەی لە دیاسپۆرا لەدایکبوون یان گەورە بوون.
ئەحمەد حەسەن، کە بەرپرسی گشتیی دەستپێشخەرییەکەیە، ئامانجی سەرەکیی ڤەژین بۆ دیاسپۆرا رووندەکاتەوە و دەڵێت "ئامانجی سەرەکیی ڤەژین ئەوەیە رێگری بکەین لەوەی گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا، لە زمان، مێژوو و کولتووری خۆیان دوور بکەونەوە، ئێمە یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی رەسەنایەتیی خۆیان بپارێزن و لە هەمان کاتدا هانیان دەدەین یەکدەست بن و پێکەوە کار بکەن، تاوەکو بتوانن هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ کوردستانێکی ئازاد خەبات بکەن".
بە بڕوای ئەحمەد، وزە و توانایەکی زۆر لەنێو گەنجانی کوردی دیاسپۆرا دا هەیە، بەڵام زۆرجار ئەو وزەیە پەرتەوازەیە و ئاراستەیەکی دروستی نییە، ئەو دەڵێت "گەنجانی کورد بەتایبەتی هێزێکی گەورەیان هەیە، بەڵام پێویستە ئەو هێزە بە شێوەیەکی راست بەکاربهێنرێت، ڤەژین هەوڵدەدات هەم خۆی و هەم گەنجانی دەوروبەری خۆی رێکبخات و ئەو بوێرییە راستەقینەیەیان پێببەخشێت کە هەموو کەسێک بتوانێت بەهێزەوە بۆ خۆی و بۆ کوردستان کار بکات".
ئەحمەد حەسەن کە میوانی دیاسپۆرا بوو بە وردی تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانی دەستپێشخەریی ڤەژین و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی گەنجانی کورد دەبنەوە لە هەندەران و چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەیان، رایگەیاند، کار بۆ رێکخستنی کۆنفرانسێک دەکەن بۆ 130 گەنجی رۆژئاوای کوردستان کە لە دیاسپۆرا دەژین، بە ئامانجی یەکخستنیان و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتوویان، روونیکردەوە کە میکانیزمی هەڵبژاردنیان ورد و فرەڕەهەندە و دەڵێت "بەشداربووان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 42 ساڵ دەبێت و رێژەی بەشداریی ژن و پیاو 50% بە 50% دەبێت، هەروەها تەنیا کەسانی ئەکادیمی و خوێندەوار بەشدار نابن، بەڵکو نوێنەری هەموو توێژەکان لە پزیشک، ئەندازیار، کرێکار و تەنانەت کەسانی نەخوێندەواریش بانگهێشت دەکرێن، چونکە باوەڕمان وایە هەموو تاکێکی کورد لە کۆمەڵگەدا رۆڵی خۆی هەیە".
ئەحمەد حەسەن سێ ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکەی خستەڕوو:
1. دامەزراندنی "یەکێتیی کوردانی رۆژئاوا:  بۆ یەکخستنی دەنگ و هەڵوێستی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە دیاسپۆرا.
2. پشتیوانیکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە): وەک تاکە هێزی شەرعی و پارێزەری کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە.
3. پاراستنی مافەکانی کورد: کارکردن بۆ ئەوەی لە داهاتووی سووریادا مافەکانی گەلی کورد لەدەست نەچن و بڕیار لە دەستی کورد خۆیدا بێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خاوەنی دەستپێشخەری ڤەژین ئاماژەی بە زیادبوونی دیاردەی رەگەزپەرستی دژی کورد لە ئەڵمانیا کرد و باسی لەوە کرد کە لایەنگرانی حکومەتی سووریا چالاک بوون و کێشە بۆ کورد دروست دەکەن و دەڵێ" بەداخەوە دەبینین رەگەزپەرستی زیادیکردووە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو عەرەبە سووریانەی کە لایەنگری رژێمن و لە دوای ساڵی 2019ـەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئەوانە رێکخراون و لە هەموو شوێنێک دژایەتیی هەر شتێکی کوردی و کوردستان دەکەن".
ناوبراو داوای لە کوردانی دیاسپۆرا کرد کە رووبەڕووبوونەوەیان لە رێگەی یاساوە بێت و گوتی"ئەڵمانیا وڵاتێکی دیموکراتە و یاسای تێدایە، پێویستە هەر رووداوێکی رەگەزپەرستی بە پۆلیس رابگەیەنرێت و لە رێگەی یاساوە مافی خۆمان وەربگرین، نەک بە شەڕی دەستەویەخە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باوە".

ئەڵمانیا.. لە حەوت مانگی رابردوودا 434 کۆچبەری عێراقی دیپۆرت کراونەتەوە

لە ئەڵمانیا زوو زوو هەواڵی ئەوە بڵاودەبێتەوە کە کۆمەڵێک هاووڵاتیی باشووری کوردستان و عێراق دیپۆرت کرانەوە، بەڵام کەس داتای فەرمیی لەلا نییە کە ئەمساڵ (واتە لە حەوت مانگی رابردوودا) چەند کەس دیپۆرت کراونەتەوە.
زنار شینۆ پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەوبارەیەوە پرسیاری لە وەزارەتی نێوخۆی فیدراڵیی ئەڵمانیا کردووە، لارس مارمسێن، گوتەبێژی وەزارەتەکە، بە رووداوی راگەیاندووە کە بەدرێژایی حەوت مانگی رابردوو 434 کەس کە وەڵاتینامەی عێراقییان هەبووە (واتە بەوانەشەوە کە خەڵکی باشووری کوردستانن) دیپۆرت کراونەتەوە، لەو ژمارەیە 328 کەسیان راستەوخۆ بە فڕۆکە نێردراونەتەوە عێراق، جگە لەوەش هەر لە حەوت مانگی رابردوودا 380 هاووڵاتیی عێراق و باشووری کوردستان بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە و ئەڵمانیایان بەجێهێشتووە.
ئەو ژمارەیە نزیکە لەوەی بەدرێژایی دوازدە مانگی ساڵی 2024 لەسەر خواستی خۆیان ئەڵمانیایان بەجێهێشتووە و 496 کەس بوونە، یەکێک لە بەنێوبانگترین کەیسەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەمساڵ کەیسی دیپۆرتکردنەوەی ماڵباتی (قاسم) بوو، کە ماڵباتێکی ئێزدین و چوار منداڵیان هەن، ئەوان دوای ئەوەی سواری فڕۆکە کران و گەیەندرانە بەغدا، دروست ئەوکاتەی گەیشتن دادگایەکی بەرلین بڕیاریدا کە داواکاریی پەنابەرییەکەیان بەشێوەیەکی نایاسایی رەتکراوەتەوە، دواتر دادگا روونکردنەوەی دا کە بڕیارەکە بەمانای هێنانەوەی ماڵباتەکە لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا نییە، سەرەڕای ئەوەش هەوڵە یاساییەکان و واژۆکۆکردنەوە بۆ هێنانەوەی ماڵباتەکە بۆ ئەڵمانیا هەر بەردەوامە. 


تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ وەڵامی داواکاریی هەموو ئەوانە دەدرێتەوە کە دەیانەوێ ببنە هاووڵاتیی سوێد
 
ئاژانسی کۆچبەریی سوێد، کە دامەزراوەی فەرمیی دەوڵەتە بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی کۆچبەری و پەنابەری، رایگەیاندووە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ وەڵامی هەموو داواکارییەکانی وەرگرتنی وەڵاتینامەی سوێدی دەداتەوە.
هەندێک لەو داواکارییانە ماوەی چوار ساڵ دەبێ پێشکەشکراون و ئاژانسەکە توانای یەکلاییکردنەوەیانی نەبووە، لەسەر ئەوەش رەخنەی زۆری هاتووەتەسەر، وەک ئاژانسەکە روونیکردووەتەوە یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان بەپێی کۆنیی داواکارییەکان دەبێ، واتە ئەگەر داواکارییەک چوار ساڵ لەمەوپێش پێشکەشکرابێ، زووتر لەوەی سێ ساڵە پێشکەشکراوە یەکلایی دەکرێتەوە.
هەندێک گۆڕانکاریی دیکەش هەن کە دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێ، بۆنموونە چیدیکە ئەوانەی کەیسەکانی پەنابەرییان دادەخرێ ناتوانن بەهۆی دۆزینەوەی کارەوە داوای مافی مانەوە بکەن، هەروەها لەمەودوا کار بەوە دەکرێ کە لەجیاتی 5 ساڵ دەبێ کەسێک 8 ساڵ لە سوێد مافی مانەوەی هەبووبێ بۆئەوەی بۆی هەبێ داوای وەڵاتینامە (یان پاسپۆرتی سوێدی) بکات.
دانیمارک باشترین وڵاتە بۆ خانەنشینان

رەنگە بۆ ئەوانەی لە دیاسپۆرا دەژین، بەتایبەتیش ئەوانەی لە ئەورووپا و ئەمریکان شتێک سەرنجڕاکێش بێ بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە کام وڵاتانەی جیهان باشترین شوێنن بۆئەوەی تێیاندا خانەنشین ببی، دامەزراوەی (وایز فاینانشەڵ)ی بەریتانی بەرواردێکی کردووە و بەپێی ئەو بەراوردە باشترین وڵات لە جیهاندا بۆ خانەنشینبوون دانیمارکە.
دوای دانیمارک هۆڵەندا پلەی دووەمی هەیە لە جیهاندا، ئینجا فینلەند و ژاپۆن و ئیسپانیا بەدوای یەکدا پلەی سێیەم و چوارەم و پێنجەمیان هەیە، نەمسا لەپێش ئەڵمانیایە و پلەی حەوتەمی هەیە، ئەڵمانیا نۆیەمە و سوێد و بەریتانیا هەژدەهەم و نۆزدەهەمن.
پێوەرەکان بۆ ئەو ریزبەندییە بە پلەی یەکەم بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی و کوالیتیی ژیان و رێژەی بەختەوەری لەنێو ئەوانەی خانەنشین دەبن دانراوە، دانیمارک و هۆڵەندا بەوە ناسراون کە لەو بوارانەدا، بەتایبەتیش لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا، باشترین سیستمەکانی جیهانیان هەیە، دامەزراوەکە لەوەشی کۆڵیوەتەوە کە کام وڵاتانە بەختەوەرترین کەسانی خانەنشین تێیاندا دەژین، لەو ریزبەندییەدا فینلەندییەکان یەکەمی جیهانن، لەدوای ئەوان دانیمارک، ئینجا ئایسلەند و سویسرا و هۆڵەندا دێن.

چارەنووسی بلیتە هەرزانەکەی گواستنەوەی ئەڵمانیا نادیارە
ئەڵمانیا.. مەترسیی راوەستانی بلیتە 60 یۆرۆییەکەی گەشتکردن هەیە


لە ئەڵمانیا بلیتێکی هەرزان بۆ سواربوون و گەڕان بە سەرتاسەری ئەڵمانیادا هەیە بە شەمەندەفەر و مترۆ و ترام و پاس و کەرەستە گشتییەکانی دیکەی گواستنەوە، زۆر لە کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا ئەو بلیتەیان هەیە و بە ئابونەیەکی مانگانەی نزیکەی 60 یۆرۆیی، دەتوانن لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بگەڕێن، دامەزراوەی هەڤبەندیی شارە گەورەکانی ئەڵمانیا هۆشداریی داوە کە ئەگەر حکومەتی ئێستای فیدراڵیی ئەڵمانیا باربووی پرۆژەکە نەکات، رەنگە لە ساڵی 2026دا رابوەستێ.
هۆیەکەشی ئەوەیە کە خەرجییەکانی هۆکانی گواستنەوە و هاتووچۆ زۆرن و ئەو پارەیەی دەدرێتە ئابۆنەکە و رێژەی ئەوانەی بەشدارییانکردووە کەمترە لەو خەرجییانە، بۆیە دەبێ حکومەتی فیدراڵی ئەو کەلێنە داراییە پڕبکاتەوە.
ئەمساڵ تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی و هەرێمە فیدراڵییەکان نزیکەی 3 ملیارد یۆرۆیان بۆ باربووکردنی پرۆژەکە خەرجکردووە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو دیار نییە ئەوە بەردەوام دەبێ یان نا.

سویسرا.. لە جنێف حکومەت هاتووچۆ بە ترام و پاس دەکاتە خۆڕایی

لەکاتێکدا لە ئەڵمانیا ئەگەری هەیە بلیتی هەرزان (دۆیچلاند تیکێت) نەمێنێ، لە شاری جنێفی سویسرا، حکومەتی خۆجێیی (یان وەک ئەوان پێیدەڵێن -کانتۆن) بڕیاریداوە هاتووچۆ بە هۆکارەکانی گواستنەوە و هاتووچۆ بکاتە خۆڕایی، واتە ئەگەر ئێستا لە جنێف بژیت یان بۆ گەشت چووبیتە ئەوێ، بێخەم بەبێ بلیت دەتوانیت سواری شەمەندەفەر و ترام و پاس بیت.
جنێف یەکێکە لەو شارانەی ئەورووپا کە هەموو شتێک تێیدا گرانە، هەرواش گەشتیاری یەکجار زۆر روویتێدەکەن، چونکە جوانییەکی ئەفسووناویی هەیە، ئەو جوانییە ئەفسووناوییە بەهۆی سرووشتە جوانەکەیەوەیە کە چەند ساڵێکە هەڕەشەی لەسەرە، ژینگەی جنێف رۆژ بە رۆژ پیستر دەبێ و کوالیتیی هەوا زۆر خراپ بووە، بۆیە حکومەتی جنێف دەیەوێ بە کەمکردنەوەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی هۆکانی گشتیی هاتووچۆ کەمێک هەوای شارەکە و ناوچەکە پاک بکاتەوە.