کوردێک دوای پازدە ساڵ گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا دەستگیرکرا
پیاوێکی کورد بە ناوی (ز. ع.)، دوای 15 ساڵ لە هەڵاتن، لە بەریتانیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی منداڵبازی دەستگیر کرا و سزای 62 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاگەیێندراوی پۆلیسی بەریتانیا، پیاوە تەمەن 48 ساڵەکە لە ساڵی 2011 دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر کوڕێکی خوار تەمەن 18 ساڵ و دواتر هەڵاتووە بۆ باشووری کوردستان. دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا چاودێرییان کردووە و لە تشرینی یەکەمی 2023، کاتێک ویستوویەتی بگەڕێتەوە، لە فڕۆکەخانەی بێرمینگهام دەستگیریان کردووە.
لە دادگەی لیدز، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە جگە لە دەستدرێژی، تۆمەتی گرتنی وێنەی نەشیاوی منداڵانیشی بەسەردا ساخ بووەتەوە. پۆلیسی وێست یۆرکشایەر ڕایگەیاند، ئەو پیاوە مەترسییەکی جددی بووە و سوپاسی قوربانییەکەشی کرد کە دوای 14 ساڵ بێدەنگیی شکاندووە و بووەتە هۆی سزادانی تاوانبارەکە.
.........................................................................................
لە ئەڵمانیا چاودێرانی نەخۆش سۆسیال وەردەگرن
ناسراو بە "پارەی سۆشیال" ڕاگەیاند، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئەو کەسانەی لە ماڵەوە چاودێریی کەسێکی نەخۆشی خێزانەکەیان دەکەن، دەتوانن پارەی سۆشیال وەربگرن بەبێ ئەوەی ناچار بکرێن بەدوای کاردا بگەڕێن.
مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە ئەوەیە، کە ئاستی پێویستیی نەخۆشەکە بە چاودێری لە پلەی 3 یان بەرزتر بێت. لەم حاڵەتەدا، "جۆبسەنتەر" چاودێریکردنی نەخۆشەکە وەک کارێکی تەواو هەژمار دەکات و چیتر فشاریان ناخاتە سەر بۆ دۆزینەوەی کار. ئەم گۆڕانکارییە یارمەتیدەرە بۆ ئەو خێزانە کوردانەی ئەڵمانیا کە کاتی خۆیان بۆ خزمەتکردنی کەسوکارە نەخۆشەکانیان تەرخان کردووە.
..................................................................................................
سوێد تەمەنی سزای تاوان بۆ سێزدە ساڵ دادەبەزێنێ
لە سوێد گرووپە مافیاییەکان منداڵان بۆ تاوانکاری بەکاردەهێنن
حکومەتی سوید، پڕۆژەیاسایەکی نوێی پێشکەشی پەرلەمان کردووە بۆ زیندانیکردنی منداڵانی تەمەن 13 ساڵ و سەرووتر لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی گەورەدا. بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو مێرمنداڵانەی بە تاوانی وەک کوشتن، هەوڵی کوشتن یان دەستدرێژی تۆمەتبار دەکرێن، بۆ ماوەی 2 ساڵ لە زیندانی تایبەت بە مێرمنداڵان دەستبەسەر دەکرێن.
بە گوتەی وەزیری دادی سوید، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە لە تووندوتیژی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە مافیاییانەیە کە منداڵان بۆ کاری تاوانکاری بەکاردەهێنن. زۆرجار منداڵانی دیاسپۆرای کوردیش دەبنە ئامانجی ئەم گرووپە مافیاییانەو وەک ئامرازێک لەشەڕی نێوان باندەکاندا بەکاردەهێنرێن.
ئامارەکانی حکومەت دەریدەخەن کە ساڵی رابردوو 52 منداڵی خوار 15 ساڵ لە دۆسیەی کوشتن و هەوڵی کوشتندا تێوەگلاون.
پڕۆژەیاساکە هەروەها سزای زیندانی بۆ مێرمنداڵانی خوار 18 ساڵ لە 14 ساڵەوە بۆ 18 ساڵ زیاد دەکات و لێخۆشبوونەکانی پێشوو ناهێڵێت. ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت، لە مانگی 8ی ئەمساڵەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
...........................................................................................
لە نەمسا کچێکی کورد ژیانی منداڵێکی ساوا رزگار دەکات
لە فریاکەوتنی خێرا کاردەکات
کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی قامشلۆ، بووەتە پسپۆڕ و ڕاهێنەر لە بواری فریاکەوتنی خێرا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، کە ماوەی 12 ساڵە تێیدا نیشتەجێیە.
زەینەب عەلی، بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی رووداوێک دەکات کە بە لێهاتوویی خۆی توانیویەتی ژیانی منداڵێکی تازە لەدایکبوو رزگار بکات، دایک و باوکی منداڵەکە وەک سوپاسگوزاری بۆ ئەو کچە کوردە ناویان ناوە زەینەب.
جگە لە کارکردنی لە بواری فریاکەوتندا، ئەو کچە گەنجە ئێستا وەک ڕاهێنەر کاردەکات و وانە دەربارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و فریاگوزاری سەرەتایی دەڵێتەوە. ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە بۆ ئەوەی خەڵک بزانن چۆن لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا مامەڵە بکەن.
زەینەب گوتیشى، کە جارێک لە پەرلەمانی نەمسا راهێنانی فراکەوتنی سەرەتایی بە پەرلەمانتارەکان گوتۆتەوەو بەشداربووان بە لێهاتوویی و ئازایەتی ژنانی کورد لە کوردستان و دیاسپۆراش سەرسام بوونە.
.............................................................................................
کوردستان وەک وڵات لە فێستیڤاڵی کتێبی فەڕەنسا بەشدار بووە
هەشت سەد ناونیشانی کتێب لەسەر دۆزی کورد نمایشکراون
هەرێمی کوردستان ئەمساڵ وەک وڵاتێک بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کتێبی پاریسدا دەکات، کە تاوەکو 19ی مانگ لە هۆڵی گراند پالاس بەڕێوەدەچێت.
بەشداریکردنەکە لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنساوە ڕێکخراوە و لەژێر ناونیشانی "کوردستان، بە هەموو شێوە نووسینەکانیەوە" نزیکەی 800 ناونیشانی کتێب لەسەر هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد نمایش دەکرێن. فێستیڤاڵەکە ڕۆژی 16ی 4 بە ئامادەبوونی سەرۆکی فەرەنسا و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە فێستیڤاڵەکە بەشداربوو بە دیاسپۆرای راگەیاند کە بە سەردانێکی فەرمی و سیاسی لە پاریسن و لەو فێستیڤاڵەش بەشداربوون و ئەوەش ئاماژەیەکە کە کورد نەک تەنها لە ڕووی سیاسی بەڵکو لە ڕووی کولتووریش ئامادەییەکی باشى هەیەو کورد دەیەوێت خۆی بە کۆمەڵگای فەڕەنسی بناسێنێت.
عەلی دۆلەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، کە ئەمساڵ چواردە وڵات لەو فێستیڤاڵەدا بەشدارن و کوردستان وەک وڵاتێک دانراوە. گوتیشی کە سود لەو دەرفەتە وەردەگرن و کتێب و بەرهەمە وێژەییەکانی نوسەرانی کورد لەو فێستیڤاڵەدا بە خوێنەرانی فەڕەنسا ئاشنا دەکەن.
........................................................................................
شێوەکارێکی کورد هونەرمەندێکی دڵخوازی ئەڵمانەکانە
دایک و باوکی ویستوویانە ببێتە پزیشک لێ ئەو هونەری هەڵبژاردوە
هاوژینەکەی گلەیی ئەوەی لێکردووە کە وێنەی ژنانی دیکە دەکێشێت و هی ئەو ناکێشێت
ڕەنج حەیدەر، تەمەن 32 ساڵ، لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی 1996ـەوە لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە ئەڵمانیا و لەوێ گەورە بووە. لە ئەڵمانیا دیزاینی پەیوەندییەکانی خوێندووە و پسپۆڕی لە بواری ڤیدیۆگرافی و فۆتۆگرافیدا وەرگرتووە. دوای تەواوکردنی زانکۆ، هەستی کردووە کە زیاتر حەزی لە کاری دەستی و کێشانی تابلۆیە لە ستۆدیۆی خۆیدا، نەک کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر.
ڕەنج لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی لەوە کرد کە دەستپێکردنی بە کێشانی یەکەم تابلۆی وای لێکردووە مێشکی ئارام بێتەوە، چونکە پێشتر لەژێر فشاری خێزانەکەیدا بووە بۆ ئەوەی پیشەیەکی وەک ئەندازیاری یان پزیشکی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو ویستوویەتی ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە.
ئەو شێوەکارە، پێی وایە زۆر کورد هونەرمەندی بەهرەمەندن بەڵام وەک پێویست ڕێز لە کارەکانیان ناگیرێت. دوو ساڵ لەمەوبەر، سەردانی سلێمانی کردووە و ستۆدیۆیەکی لە کارگەی کولتوور (کارگەی جگەرەکەی جاران) گرتووە بە نیازی دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی هونەری، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە ناچار بووە بگەڕێتەوە ئەڵمانیا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا پلانی هەیە بگەڕێتەوە سلێمانی و بۆ ماوەیەک لەوێ کار بکات، بەو هیوایەی نزیکبوونەوە لە وڵات و سروشتەکەی کاریگەری لەسەر ستایلی هونەرییەکەی دابنێت.
هونەرمەند رەنج حەیدەر، باس لە ژیانی تایبەتی و هونەریی خۆی دەکات و ئاشکرای دەکات کە خێزانەکەیان خێزانێکی هونەرین. ئەو و هاوژینەکەی، مێلیسا، ماوەی 6 ساڵە پێکەوەن و خاوەنی دوو منداڵی کوڕن بە ناوەکانی نۆیار و دالی کە تەمەنیان 1 و 4 ساڵە. رەنج، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی حەزیان لە وێنەکێشانە و زۆرجار منداڵەکانیشی دەباتە ستۆدیۆکەی بۆ ئەوەی پێکەوە وێنە بکێشن.
ئەو هونەرمەندە چیرۆکی یەکێک لە تابلۆکانی دەگێڕێتەوە کە وێنەی هاوژینەکەیەتی و دوای ئەوەی ناکۆکییەک لەنێوانیاندا دروست بووە، کێشاویەتی. هاوژینەکەی گلەیی ئەوەی لێکردووە کە وێنەی ژنانی دیکە دەکێشێت و هی ئەو ناکێشێت، بۆیە بۆ ماوەی هەفتەیەک و ڕۆژانە 10 بۆ 12 کاتژمێر کاری لەسەر تابلۆکە کردووە. دوای نیشاندانی تابلۆکە، ئاشت بوونەتەوە و هاوژینەکەی زۆر دڵخۆش بووە بە تابلۆکە.
رەنجی شێوەکار باسی ستایلە هونەرییەکەی خۆی دەکات کە تێکەڵەیەکە لە ڕەنگکردنی ناڕێک و پاشان دەرخستنی سیماکان لەناو ڕەنگەکاندا.
سەبارەت بە ناوی ستۆدیۆکەی لە شاری بۆخومی ئەڵمانیا "رەنگ"، ڕوونی کردەوە کە کاتێک هاتوونەتە ئەڵمانیا، دایک و باوکی بە هەڵە ناوی ئەویان بە رەنگ تۆمار کردووە، بەڵام ئێستا ئەو ناوە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان و کارە هونەرییەکەی. ئاماژەی بەوەشدا کە ستۆدیۆکەی لە شوێنێکی کۆندایە کە پێشتر وەک کۆگا بۆ شەمەندەفەر بەکارهاتووە.
رەنج لە ستۆدیۆ تایبەتەکەیدا باسی کارەکانی بۆ هێمن عەبدوڵڵا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ستۆدیۆکەی تەنیا شوێنێک نییە بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی تابلۆ، بەڵکو شوێنێکە بۆ فێرکردنی خەڵک. هەموو ڕۆژانی هەینی و شەممەیەک وۆرکشۆپ ساز دەکات کە تێیدا بەشداربووان لە ماوەی 3 کاتژمێردا دەتوانن تابلۆیەک دروست بکەن و لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شارەزاییەکی پێشوویان لە وێنەکێشاندا نەبێت.
رەنج، تابلۆیەکی بە قەبارەی 1 مەتر بە 80 سانتیمەتر ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا کارێکی هونەریی هاوبەش ئەنجام بدەن و ڕوونی کردەوە کە هەموو ڕەنگەکان لە تێکەڵکردنی ڕەنگە سەرەکییەکان (زەرد، سوور، شین، ڕەش و سپی) دروست دەبن.
رەنج حەیدەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی دروستکردنی تابلۆکەی پێویستی بە پلانی پێشوەختە نییە، بەڵکوو خۆشییەکەی لەوەدایە کە بە شێوەیەکی عەفەوی دەست بە کار بکات تەنها بە هەڵبژاردنی ڕەنگ و ئامرازی گونجاو.
ئەو شێوەکارە باسی بنەماکانی تێکەڵکردنی ڕەنگ دەکات، بۆ نموونە چۆن ڕەنگی شین و زەرد پێکەوە ڕەنگی سەوز دروست دەکەن، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویست نییە هەموو ڕەنگەکان بە تەواوی تێکەڵ بکرێن، بەڵکوو دەکرێت تەنها لە تەنیشت یەکدی دابنرێن بۆ دروستکردنی کاریگەریی جیاواز. هێمن عەبدوڵڵا بەشداری پرۆژەکە دەبێت و بە ڕێنمایی رەنج ڕەنگەکان تێکەڵ دەکات و ئاماژە بە هەستێکی "زۆر خۆش و تایبەت" دەکات لە کاتی کارکردنەکەدا و دەڵێت کە ئاسوودە بووە بە کارەکە.
.............................................................................................
نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی ئاشتی دەگەیێنێتە پاپای ڤاتیکان
نووسەرێکی خەڵکی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی سویسرایە، لە نوێترین کتێبیدا بە ناوی (8 ملیار و 156 ملیۆن نیگا بۆ ئاشتی جیهانی) پەیامی ئاشتی و پاراستنی مافی ژنان و منداڵان ئاراستەی سەرۆک و رێبەرانی جیهان کرد. کتێبەکە بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی نووسراوەو لە زمانی کوڕەکەیەوە کە منداڵێکی سێزدە ساڵانەیە داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکات.
حەسەن ئازادە نووسەری کتێبەکە بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی لەوە دەکات کە سەروبەندی جەنگی ئۆکراینا وەک پەنابەر خۆی و کوڕەکەی گەیشتوونەتە ئەورووپا و هەزاران ژن و منداڵى ئۆکراینایان بینیوە کە بەهۆی شەڕەوە رایانکردوەو لەو کتێبەدا چیرۆکی خۆیان ئەو پەنابەرانە دەگێڕێتەوەو داوای ئاشتی بۆ منداڵانی جیهان دەکات.
نووسەر کتێبەکەی بۆ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان دەنێرێت و لەوانە تا ئێستا بۆ پاپای ڤاتیکان و وەزیری ناوخۆی سویسڕاو چەندین سەرکردەی دیکەی جیهانی ناردووە.
حەسەن ئازادە گوتیشی کە کتێبەکەی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرهەم سالحی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرێت.
.......................................................................................
سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە دۆسڵدۆرف بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بە دروشمی "یەکێتی و بەرخودان" دەستیپێکرد. ئەم فێستیڤاڵە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دوو هۆڵی جیاوازی سینەمای شارەکە بەڕێوەدەچێت، پرۆگرامەکەی پێکهاتووە لە ٢٩ بەرهەمی سینەمایی، لەوانە (٣ فیلمی درێژ، ٩ بەڵگەفیلم و ١٧ کورتەفیلم).
فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، فیلمی درامیی "هەڤاڵ براکۆ"یە لە دەرهێنانی (نومان یەکیت) کە بەرهەمێکی ساڵی ٢٠٢٥ی ڕۆژئاوای کوردستانە. ئەم فیلمە چیرۆکی تێکچوونی خەونەکانی منداڵی لە ژێر سێبەری جەنگدا دەگێڕێتەوە. ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە دوو برا دەکات کە بەهۆی جەنگەوە لێک جیا دەبنەوە، بەڵام سەرەڕای دووری و ئازارەکان، دڵیان لای یەکە.
رەوەند جەواد، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە بە دیاسپۆرای راگەیاند، کە بێجگە لە فیلمە کوردییەکان چەندین فیلمی نێونەتەوەیی کە تایبەت بە دۆزی کورد بەرهەمهێنراون بەشدارن. دەربارەی بەشداری سینەماکارانی کورد باسی لەوە کرد کە بەهۆی شەڕو گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داخراوی فڕۆکەخانەکان سینەماکارانی کورد نەیانتوانیوە بەشداری ئەو خولەی فێستیڤاڵەکە ببن.