بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 'رێڕۆی پێشمەرگە' لە پاریس کرایەوە

05 September 2025
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 'رێڕۆی پێشمەرگە' لە پاریس کرایەوە
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 'رێڕۆی پێشمەرگە' لە پاریس کرایەوە
سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی 'رێڕۆی پێشمەرگە': رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان


رۆژی هەینی 5-9-2025 رۆژێکی تایبەت بوو بۆ کوردی دیاسپۆرا و بەتایبەتیش بۆ دیاسپۆرانشینانی فەرەنسا، لە یەکێک لە پارکە جوانەکانی ئەو شارە رێڕەوێک بەناوی پێشمەرگەوە کرایەوە. پارکی ئەدغێی سیتغوێن ساڵی 1992، واتە ئەو ساڵەی لە باشووری کوردستان یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە پشتیوانیی فەرەنسا و هاوپەیمانان بەڕێوەچوو، کراوەتەوە. پێشتر پارکەکە کارگەیەکی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازیی بەنێوبانگ سیتغوێن (یان وەک بەکوردی پێیدەڵێن: سیترۆوێن) بووە. لەمەودوا هەرکەسێک بەنێو پارکەکەدا بچێ و رێی بکەوێتە ئەو رێڕەوە ناوی پێشمەرگەی دێتە بەرچاو. 
لە مەراسیمەکەدا سەرۆک بارزانی ئامادە بوو و وتارێکی پێشکەشکرد کە بیرخەرەوەی رۆڵی پشتیوانیکارانەی دەوڵەتی فەرەنسا بوو لە کوردستان و گوتی حکومەتەکانیش گۆڕابن ئەو پشتیوانییە نەگۆڕاوە. سەرۆکی شارەوانیی پاریسیش زۆر پەسنی پێشمەرگەی دا. ئەوەی باڵکێش بوو ئەوە بوو کە ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوون، کە لە فەرەنسا دەژین و چیرۆکێکی باڵکێشیان هەیە.  
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەورووپا، راستەوخۆ لە پاریسەوە بە وردی باسی لە سۆز و هەستی قووڵی ئامادەبووان کرد. شاڵی گوتی "ئەمڕۆ لە پاریس رۆژێکی مێژوویی بوو، ئامادەبووان بە دەستخستنی ئەم دەستکەوتە، هەستێکی تێکەڵاویان هەبوو لە نێوان دڵخۆشی و خەمباربووندا، هەندێکیان فرمێسکیان دەڕشت لە خۆشی و هەندێکی دیکەش ئەوەندە دڵخۆش بوون کە نەیاندەتوانی هەستەکانیان دەرببڕن."
ڕەمەزان دۆسکی، پێشمەرگەیەکی دێرینی شۆڕشی گوڵان بووو، یەکێک لەو کوردانەی کە بە دەستپێشخەری مادام میتەران، خانمی یەکەمی فەرەنسا، لە ساڵانی هەشتاکاندا پەنای بۆ فەرەنسا هێناوە، میوانی ئاڵا شاڵی بوو. سەبارەت بە کردنەوەی رێڕەوەکە، هەست و سۆزی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی "بەڵێ، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی بوو بۆ میللەتەکەمان، وەک دەوڵەتێک فەرەنسا پێشوازی لە ئێمە کرد، سەرۆک ماکرۆن هات و ئەو رێڕەوەی کردەوە، بێگومان شتێکی مێژووییە و مێژوو لەبیر ناکرێت بۆ میللەتەکەمان."
سەبارەت بە رۆڵی مادام میتەران لە هێنانی 350 کەسی کورد بۆ فەرەنسا رەمەزان دۆسکی گوتی "کاتێک مادام میتەران هاتە کەمپەکەمان لە تورکیا، یەکێک لە کەسە نزیکەکانم لەگەڵی بوو، ئەو گوتی مادام میتەران زۆر بەزەیی بە ئێمەدا هاتەوە و دۆخی سەختی ئێمەی بینی"، دواتر میتەران بڕیاری دا 350 کەسی کورد بباتە فەرەنسا، دۆسکی ئەم هەنگاوەی فەرەنسای بە "دەستێکی مرۆڤانە" وەسف کرد کە کوردی لە دۆخێکی دژوار رزگار کرد.
رەمەزان دۆسکی ئێستا لە فەرەنسا ژیان بەسەر دەبات و چوار منداڵی هەیە، کە هەموویان لە فەرەنسا دەژین و قوتابی زانکۆ و خوێندکارن، ئەوان ئێستا ئایندەی خۆیان لەسەر خاکی فەرەنسا بنیات دەنێن، بەڵام هەمووکات وەک خۆی ئاماژەی پێدا، وەک پێشمەرگەیەکی دێرین خۆیان دەبینن.


رەمەزان دۆسکی سوپاسی رووداوی کرد و رایگەیاند، رووداو بەڕاستی دەنگی خەڵکی کورد و کوردستانە و تەلەڤیزیۆنێکی پێشکەوتووە بۆ هەموو میللەتەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان."
دۆسکی جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی کورد تەنیا بە پێشمەرگە دێرینەکان کۆتایی نایەت، گوتی"کوردی دیاسپۆرا بە شێوازێکی دیکە خەبات دەکەن، گەنجەکانی کورد لە دیاسپۆرا لە رێگەی ئەکادیمیاوە بۆ کوردستان و بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کە لێی دەژین، لە زانکۆکانەوە و لەڕووی ئەکادیمییەوە، هەوڵی خۆیان دەدەن."
پەیامنێری رووداو پشتراستیکردەوە کە فەرەنسا بە هەموو شێوازێک، هەم لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، هەم لەسەر شارەوانی پاریسەوە، و هەم لە سەرۆک ماکرۆنیشەوە، ئاماژەیان بەوەدا کە "هەمیشە پشتگیری گەلی کورد دەکەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە رۆژئاوای کوردستان نایەڵین مافی کورد بفەوتێت، لە هەولێر هەوڵدەدەن پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەنن، و لە باکووری کوردستانیش دەمانەوێت پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێتە دی."
ئەم رووداوە مێژووییە لە پاریس دووپاتیدەکاتەوە کە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە نرخێنراوە و دەنگی کورد دەگاتە هەموو جیهان. 

هەشت کورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بەربژێرن
دووشەممەی داهاتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بەڕێوەدەچێت

تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی نەرویج، کە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەنگدان تێیدا ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنە لەم خولەدا گرنگییەکی تایبەتی وەرگرتووە بۆ کوردی دیاسپۆرا لە نەرویج، بەتایبەتی کە هەشت کورد خۆیان بەربژێر کردووە بۆ کورسییەکانی پەرلەمان. 
لە نێو ئەو هەشت بەربژێرەدا، ئێستا دوویان پەرلەمانتارن و شەشی دیکەش وەک رووی نوێ و پێشمەرگەی دیاسپۆرا لە سیستەمی سیاسی نەرویجدا دەرکەوتوون، کە بە شێوازێکی دیموکراتیانە هەوڵی پێشخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد دەدەن.
یەکێک لەم بەربژێرە نوێیانە خاتوو دەریای قادرە، بەربژێری ژمارە دوو لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران (کۆنسەرڤاتیڤ) لە بازنەی هەڵبژاردنی ئۆستفۆڵد، ئەو بیست و دوو ساڵە لە نەرویج دەژی و چوار ساڵە ئەندامی چالاکی پارتی پارێزگارانە، سەبارەت بە هۆکاری بەربژێرکردنی خۆی بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا رایگەیاند "وەکو کوردێک و هاوڵاتییەکی نەرویجی، بە ئەرکی خۆم زانیوە ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵبگرم و خزمەت بە گەل و وڵاتەکەم بکەم، من پێم وایە لە هەر شوێنێک مرۆڤێک هەستی کرد کۆمەڵگاکەی پێویستی بە گۆڕانکارییە، دەبێت هەڵوێستی هەبێت و هەوڵی گۆڕانکاری بدات، پەرلەمان خۆی وەک پلاتفۆرمێکە بۆ گۆڕانکارییەکان، منیش دەمەوێت لەم رێگەیەوە گۆڕانکاری ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا دروست بکەم، بەپێی توانا و ئەو ئەزموونانەی کە هەمە."
خاتوو دەریا قادر جەختی لەسەر گرنگی بەها کۆمەڵایەتییەکان وەک هاوکاری و یارمەتیدان لە نێو کۆمەڵگەدا کردەوە، بەتایبەتی لەم قۆناخە سەختەی ئەورووپا پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها ئاماژەی بە پاراستنی مافی تاک، ئازادی رادەربڕین و پەیوەندی خێزان و منداڵ دا کە وەک بنەما و بڕوای سەرەکی بۆ کاری پەرلەمانی خۆی دەیانبینێت.
سەبارەت بە چانسی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەدا و رۆڵی گرنگی دەنگدەری کورد لە نەرویج، دەریا قادر باوەڕی وایە کە کوردی دانیشتووی نەرویج وەک کۆمەڵگەیەکی چالاک و بەهێز، دەتوانن رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرنگ بگێڕن لە سەرکەوتنی، بە مەرجێک هەموویان بە گشتی و بەبێ جیاوازی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. گوتیشی "ئەوە وەڵامی منە بە کورتی، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە زۆرینەش پەیوەندییان پێوە کردوومە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوکاری و هەر شتێک کە پێویست بێت."
لەبارەی هەڵوێستی پارتی پارێزگاران سەبارەت بە پرسی کورد کرد، بەتایبەتی کە هەندێک بەرپرسی گەورەی نەرویجی هەوڵدەدەن بە زمانی کوردی قسە بکەن و سۆزی کورد بەلای خۆیاندا رابکێشن، دەریا قادر گوتی "مایەی خۆشحاڵییە و شانازییە کە سیاسەتمەدارەکان یان هەر کەسێک لە پێگەیەکی بەرزدایە بە زمانی کوردی ئێمە بدوێت، بەڵام با بەو شێوەیە نەبێت کە تەنیا بۆ راکێشانی سۆزی کورد بێت، بۆ ئێستا وردبینی و پێشینەی کارەکان زۆر گرنگە."گوتیشی "پارتی پارێزگاران (کۆنسەرڤاتیڤ) هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکە لایەنە کە لە نەرویج بە روونی لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیدا پشتیوانی لە دۆزی سەربەخۆیی کورد بکات بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ". هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئێریک، سەرۆکی حیزبەکە، دۆستێکی نزیکی کوردە و نەک هەر بە قسە، بەڵکو بە کرداری لە زۆر بۆنەی کوردیدا یەکەم کەسە کە دێت و بە پۆشاکی کوردییەوە بەشداری دەکات و سەلماندوویەتی کە دۆستێکی راستەقینەی کوردە، لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیشدا، وەک چاودێری نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە.
خاتوو دەریا قادر باسی لەوەکرد  پێش بەرنامەکە لەگەڵ ئێریک، سەرۆکی حیزبەکەی قسەی کردووە، بێگومان سڵاو و رێزی تایبەتی هەبووە بۆ گەلی کورد و دەڵێت"پێم راگەیاند کە من میوانی رووداوم،  ئەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هاوکات گوتی ئێمە لە پەرلەمان پلانەکەمان ئاوهایە سەرەتا کۆنفرانسێک سەبارەت بە سەربەخۆیی کورد هەروەها خەبات و گرنگی گەلی کورد لە شەڕی داعشدا دروست دەکەین، ئەو کۆنفرانسە کە رێکبخرێت، پێموایە زۆر زۆر گرنگ دەبێت، و هەروەها دەیانەوێت کۆنسووڵخانەیەک لە هەولێر و هەروەها لە رۆژئاوا بکەنەوە، دەیانەوێت پەیوەندی هەردوو گەلی کورد و نەرویج و هەردوو کولتوورەکان بەهێزتر بکەن بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ هاوکاری ئابووری و بازرگانی بەهێزتر بکەن.
هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشکاری بەرنامەکە داوای لە کوردانی نەرویج کرد کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە دەریا قادر بدەن، بەتایبەتی کە ئەو "کچی خۆمانە و پێشمەرگەی دیاسپۆرایە بە شێوازێکی دیموکراتیانە" لە نێو سیستەمی سیاسی نەرویجدا خەبات دەکات بۆ پێشخستنی دۆزی نەتەوەیی کورد، وەک گوتیشی پارتەکەشی پشتیوانییەکی زۆری لە کوردستان و دۆزی کورد دەکات.

14ـی ئەم مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن دەکرێت
300 کورد خۆیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بەربژێر کردووە
6 کوردی ئێزدی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن بەربژێرن


وەک هەفتەی رابردووش لەسەری راوەستاین، ئەمجارەش لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن رادەوەستین. هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی و جڤاتی شارەوانی و ناوچە و خۆگونجاندنن. واتە زۆرتر لە هەڵبژاردنێکن و تێیاندا نزیکەی 300 کورد لەسەر لیستی پارتەکان و هەندێکیان بە لیستی سەربەخۆ و هەندێکیشیان وەکو کەسی بێ پارت خۆیان بەربژێر کردووە. 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو شەش ئێزدی لە شارە جیاوازەکانی ئەم هەرێمە بەربژێرن، یەکێکیان ناوی هیلمەنت خەڵاتە و لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکراتی دەسەڵاتدار خۆی بەربژێر کردووە. 
هاوکارمان زنار شینۆ  لە ڤیتییەکدا زانیاری ورد لەم بارەیەوە ئاشکرادەکات.

رۆژێکی گەرمی مانگی ئابە لە شاری کوێلنی ئەڵمانیا. 
لەگەڵ کەمال و هیلمەند دانیشتووین، خەم و ئەزموونەکانی بیانیبوون لەم وڵاتەدا پێکەوە باس دەکەین.
هیلمەند لەدایکبووی ساڵی 2000ـە و خەڵکی شاریای پارێزگای دهۆکە، نزیکەی سێ ساڵە لەگەڵ رێکخراوێک کە کەمالێکی عەلەویی خەڵکی تورکیا دایمەزراندووە هاوکاریی بیانییەکان لە شارەکەی خۆیاندا دەکەن.

هیلمەند خەڵات – بەربژێری کورد لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکرات:
من لە ساڵی 2022ـەوە لە رێکخراوی "زۆلیبووند ئێڤاو" کار دەکەم، لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە هاوکاریی هاونیشتمانییانی خۆم و هەموو کەسێک دەکەم کە لە دەوروبەرم بێت، لەبەر ئەوە هەوڵدەدەم کە ئەنجوومەنی یەکخستن (Integrationsrat) بتوانێت شوێنێکی گەورەتر و هاوکارییەکی زیاتری بۆ وڵاتەکەم هەبێت، لەبەر ئەوەش چوومەتە نێو ئەنجوومەنی یەکخستنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا قۆناخێکە و من لە بواری سیاسەتدا بەردەوام دەبم و هەرچەند بتوانم هاریکەریی بکەم دەیکەم.

 نزیکەی بیست ساڵە هیلمەند لە گەڕەکی پۆرتس لە کوێلن نیشتەجێیە، گەڕەکێک کە پڕە لە بیانی و لەنێویاندا هاوئایین و هاونەتەوەکانی خۆی لێ دەژین.

ئەو گەنجە ئێزدییە لە زانکۆی کوێڵن لە بەشی کۆمەڵایەتی دەخوێنێت و لە قۆناخی کۆتاییدایە. بۆ ئەو زانینی ماف و ئەرکەکان بەتایبەتی دەرفەتەکانی مانەوە و وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون (ئیقامە) زۆر گرنگ بوو، هەر بۆیەش دەمەوێت لەو بوارەدا، لە لیژنەکانی کاروباری بیانییەکان کار بکات. 

هیلمەند خەڵات – بەربژێری کورد لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکرات:
تەنیا بچمە نێو کۆمیسیۆنی نووسینگەی بیانییەکان (Ausländeramt). چونکە دەبینم خەڵک دێتە ئێرە، زۆرێکیشیان لە 2015ـەوە هاتوون و ئێستا بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دەرچووە، دوای دە ساڵ کە مرۆڤ هەموو شتێکی خۆی لە عێراق فرۆشتبێت و بگەڕێتەوە، زۆر زەحمەتە پێویستە ئەو شتە رابگیرێت، یان پێویستە مرۆڤ بزانێت ستاتۆس و دۆخی لە ئەڵمانیا چۆنە، ئایا مرۆڤ دەتوانێت بۆ هەمیشە بمێنێتەوە یان نا؟ من دەمەوێت بۆ ئەم پرسە دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنم تاکو مرۆڤ بتوانێت بزانێت چارەنووسی چی دەبێت و چۆن دەتوانێت لێرە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە ژیان.

هیلمەند دەزانێت کە کاری ئەنجوومەنی بیانییەکان لە ئەڵمانیا راوێژکارییە، بەڵام دەتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت، وەکو لە هەڵسوکەوتەکانی هیلمەندەوە دیارە خۆبەربژێرکردنی سەرەتایەکە بۆ پلانێکی درێژخایەن بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیی ئەڵمانیادا.
 

هەرە لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن و هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی و جڤاتی شارەوانی و ناوچە و خۆگونجاندنن، دوو بەربژێری دیار میوانی دیاسپۆرا بوون، خاتوو ئارژین بیرهیمئۆغڵوو، بەربژێری لیستی "ئیلبۆ ئینتەرناسیۆناڵیست" لە شاری بۆخوم،  هەروەها یاسین کوت، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) بۆ شارەوانی لودن شاید، ئەوان تیشکیان خستە سەر رۆڵی کورد لە سیاسەتی ئەڵمانیادا و ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانەی کە لە بەردەمیانە.
خاتوو ئارژین بیرهیمئۆغڵوو کە خۆی بەربژێری لیستێکی کوردییە، بە پەرۆشییەوە باسی لە ئامانجەکانی لیستی ئیلبۆ کرد لە بۆخوم و گوتی "لیستی ئیلبۆ لەسەر بنەمای هاوکاریکردنی کۆچبەران و تازەهاتووان دامەزراوە، بە تایبەتی ئەوانەی کە دێنە ئەم وڵاتە نوێیە و دەیانەوێت هەست بە ماڵباتی بکەن". و دەڵێت" بۆخوم کە ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدا نیشتەجێیە، پێویستی بە نوێنەرایەتییەکی بەهێز هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکانی کۆچبەران".
سەبارەت بە کاریگەریی هەڵبژاردنەکە بەسەر چارەنووسی کۆچبەران و ئاسانکاریی بۆیان، خاتوو ئارژین گوتی"ئێمە دەمانەوێت ژیان بۆ کۆچبەران ئاسان بکەین، چونکە رووبەڕووی کۆمەڵێک سەختی دەبنەوە، فێربوونی زمانی ئەڵمانی یان خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمێکی نوێدا ئاسان نییە، یەکێک لە پڕۆژە سەرەکییەکانمان دابینکردنی چاودێری منداڵانە بۆ دایکان، بە تایبەتی ئەو دایکانەی کە دەیانەوێت کار بکەن یان زمانی ئەڵمانی فێربن و پێویستە شوێنێک هەبێت کە دایکان دڵنیا بن منداڵەکانیان سەلامەتن، تاوەکو بتوانن بە ئارامی پەرە بە خۆیان بدەن و ببنە بەشێکی چالاک لە کۆمەڵگەدا."
خاتوو بیرهیمئۆغڵوو جەختی لەسەر گرنگی یەکسانی نێوان ژن و پیاو کردەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بەڵێنی دا کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان بکات.
لای خۆیەوە یاسین کوت، کە ماوەی 35 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە خەباتی سیاسی لە کوردستان و ئەڵمانیا هەیە، نوێنەرایەتی قووڵایی ئەزموونی سیاسی کوردی دەکات لە دیاسپۆرا، وەک بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کوت تیشکی خستە سەر گرنگی بەشداریی سیاسی کورد لە پێشخستنی کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا و گوتی"وەکو گەلێک کە لێرە دەژین، پرس و گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆمان هەیە، پێویستە لە ژیانی ئەم وڵاتەدا بەشدار بین و کاریگەریمان هەبێت و پێویستە خۆمان بسەلمێنین کە ئێمەش وەک هاوڵاتییانی دیکەی ئەڵمانیاین و دەتوانین لە بونیادنان و پێشخستنی ئەم وڵاتەدا هاوکار بین". 
یاسین کوت ئاماژەی بەوەدا کە کێشەکانی قوتابخانەکان، خانەوادەکان، دابینکردنی ماڵباتی و پێشخستنی ژێرخانی شارەکان، هەموویان بابەتێکن کە لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا بڕیاریان لەسەر دەدرێت و کورد دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. دەڵێت"یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانمان، دابینکردنی باخچەی ساوایانی خۆڕاییە بۆ منداڵانی تەمەن سێ ساڵ، ئەمە یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ خێزانەکان، بەتایبەتی بۆ دایکان و باوکان کە کار دەکەن و پێویستیان بە چاودێری منداڵەکانیان هەیە". 
کوت باسی لە کاریگەری نەژادپەرستی کرد کە لە ئەورووپا بە گشتی و ئەڵمانیا بە تایبەتی لە زیادبووندایە، دەڵێت"بەشداریی چالاکی ئێمە لە سیاسەتدا بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی خۆمان، باشترین رێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتە نەژادپەرستەکان و دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر."
هەردوو بەربژێرەکە، سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە لیستی پارتەکان هاودەنگ بوون لەسەر گرنگی بەشداریی سیاسی کورد، خاتوو ئارژین بیرهیمئۆغڵوو داوای لە کوردی بۆخوم کرد دەنگ بە لیستی ئیلبۆ بدەن، چونکە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێداویستییەکانی کۆچبەران دەکەن و دەڵێت "ئێمە دێینە ناوەندی بڕیاردان بۆ ئەو کەسانەی کە کەس نەیاندەبینی، ئێمە دەنگێکی نوێین بۆ کۆچبەران."
لە لایەکی دیکەەوە، یاسین کوت بە پشتبەستن بە ئەزموون و تێگەیشتنی قووڵی لە سیستەمی سیاسی ئەڵمانیا، داوای لە کوردی لودن شاید و سەرانسەری نۆردراین ڤێستفالن کرد کە بەشدارییەکی چالاک بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا، گوتی"هەر دەنگێک دەرفەتێکە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر پێویستە پشتگیری لەو کەسانە بکەین کە دەتوانن نوێنەرایەتیی راستەقینەی ئێمە بکەن و کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی بکەن."
ئەم هەڵبژاردنانە نەک هەر تەنیا بۆ دیاریکردنی سەرکردەکانی خۆجێیی گرنگن، بەڵکو دەرفەتێکن بۆ کوردی دیاسپۆرا بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی دەنگێکی کاریگەر و رۆڵێکی چالاک بگێڕن لە بونیادنانی داهاتووی نۆردراین ڤێستفالن و ئەڵمانیا بە گشتی. بەشداریی چالاکانە لەم هەڵبژاردنانەدا، نەک تەنیا مافێکی دیموکراسییە، بەڵکو ئەرکێکیشە بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.


ئەوانەی مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەردەگرن بۆیان نییە داوای هێنانی ماڵباتەکانیان بکەن

هەفتەی رابردوو حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا ئەوانەی مافی پەنابەری وەردەگرن چیدیکە بۆیان نییە داوای هێنانی ماڵباتەکانیان بکەن. بڕیارەکە کاتییە، بەڵام زۆر لەوانە دەگرێتەوە کە لە بەشەکانی کوردستانەوە لە بەریتانیان و مافی پەنابەرییان وەرگرتووە و هێشتا داوای هێنانی ماڵباتەکانیان نەکردووە. ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەو داوایەی کردبێ بێخەم بێ بڕیارەکە نایگرێتەوە. 
ئەوانەی وەک پەنابەر نا، بەڵکو بە هۆکاری دیکە مافی مانەوەیان وەرگرتووە پێویستە داهاتێکی ساڵانەیان هەبێ کە لە 29 هەزار پاوند کەمتر نەبێ، هەروەها ئەوانەی دێن دەبێ بیسەلمێنن تا ئاستێک لە زمانی ئینگلیز تێدەگەن. بۆ پەنابەران ئەم مەرجانە نەبوون، بەڵام لەمەودوا ئەوانیش بەو مەرجانەوە دەتوانن ماڵباتەکانیان بهێنن. ئەڵمانیاش پێشتر هێنانی ماڵباتی بۆ پەنابەرانی هاووڵاتیی رۆژئاوای کوردستان و سووریا راگرت. بەڵام سوێد رایناگرێ و دەیەوێ بەردەوام بێ، بە مەرجی نوێوە. پێشتر حکومەتی سوێد لیژنەیەکی پێکهێنابوو بۆئەوەی لەوە بکۆڵێتەوە کە کەموکوڕییەکانی سیستمی ئێستای چین. 
راپۆرتی ئەو لیژنەیە کە هەفتەی رابردوو دەرچووە، دەکرێتە بنەمای سیاسەتی نوێی کۆچبەریی سوێد. بەپێی راپۆرتەکە دەبێ لەمەودوا هەر کەسێک مافی مانەوەی کاتیی هەبێ، بەلایەنی کەمەوە دوو ساڵ لە سوێد ژیابێ ئینجا بۆی هەیە داوای هێنانی ماڵبات بکات. هەروەها ئەو مەرجەش دانراوە کە دەبێ کەسی داواکار جگە لەوەی دەیسەلمێنێ خەرجیی ژیانی ئەو کەسانەی دەیانهێنێ لەسەر خۆی دەبێ و توانای هەیە ئەوە بکات. ئەوەش بسەلمێنێ کە دوای بەسەرچوونی کاتی ئیقامەکەشی هەر دەتوانێ بەردەوام بێ لەسەر ژیاندنیان. هەروەها ئیقامەی هاوسەرگیریش وایلێدەکرێ کە کەس نەتوانێ داوای بکات. ئەوانەیش کە بیانەوێ منداڵەکانیان بهێنن، دەبێ بیسەلمێنن کە منداڵەکە لەڕووی بایۆلۆژییەوە هی خۆیانە. واتە وەخۆیان نەگرتووە (ئەدۆپت نەکراوە). 

سوێد.. شەش ئەندامی ئەنجوومەنی سکونا بەهۆی کۆچبەرانەوە دادگایی دەکرێن

لە شارۆچکەیەکی پارێزگای سکونا لە سوێد شەش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارۆچکەکە بڕیارێک دژی کۆچبەران دەدەن، کە ئێستا تووشی سەرئێشەی یاسایی و دادگای کردوون. بەپێی سیستمی کۆچبەریی سوێد، کاتێک کۆچبەران مافی پەنابەری وەردەگرن، بۆ نیشتەجێبوون بەسەر ناوچە جیاجیاکانی سوێددا دابەش دەکرێن. یاسا دەڵێت دەبێ شارەوانیی ئەو ناوچانە پەنابەرەکان وەربگرن و شوێنیان بۆ دابین بکەن. 
ئەنجوومەنی شارەوانییەکەی سکونا لەسەر ناردنی چوار پەنابەر بۆ شارەوانییەکەیان دەنگیان داوە و شەشیان دژی وەرگرتنیان بوونە. دواتر کە ئاشکرا بووە و زاندراوە رەتکردنەوەکە دژی یاسای سوێدییە، بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە. بەڵام ماگدەلینا پیتەرشۆن، داواکاری گشتییە و کەیسەکەی جووڵاندووە، دەڵێت: ئەوانە پێگەی خۆیان بەشێوەیەکی مەترسیدار بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێناوە. بۆیە دەبێ بەپێی یاسا سزا بدرێن. هەرچەندە چوار پەنابەرەکە نێردراونەتە شارەوانییەکی دیکە، بەڵام شارەوانییەکە بڕیارەکەی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە. شەش کەسەکەش دەڵێن ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە و دادگا و دڵنیان هیچ تاوانێکیان نەکردووە. 

ئەڵمانیا.. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت 

لە شاری گیلسن کیرشنی ئەڵمانیا شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت، نەریتی فێستیڤاڵەکە وایە کە سەرەتا هەندێک وتار پێشکەش دەکرێن، دوای ئەوە هونەرمەندێکی کوردستانی دەچێتە سەر ستەیج و بەرچەنەیەک لە گۆرانییەکانی پێشکەش دەکات، هۆڵێکی گەورە جمەی دێت لە دەرهێنەران و ئەکتەران و هەوادارانی هونەر. بۆ ئەمساڵ هونەرمەند هانی موجتەهیدی میوانە.
 مەی دۆست لە هۆڵی فێستیڤاڵکەوە لە ڤیتیێکدا زانیاریی زۆرتر بە بینەران دەدات.

ئامادەکارییەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کۆبانێ بۆ فیلم بەڕێوەدەچن و ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە، فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و بە بەرنامەیەکی دەوڵەمەند و رەنگین پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
ئەمە شەشەمین فێستیڤاڵی کۆبانێیە کە تێیدا رەنگەکانی سینەما پێشکێش دەکرێن، لە رۆژی یەکەمدا، میوانانی فێستیڤاڵ کە تەنیا هونەرمەند، دەرهێنەر و رۆشنبیران نین، بەڵکو سپۆنسەرەکانی فێستیڤاڵەکەش ئامادە دەبن.
بەرپرسی فەرمیی فێستیڤاڵی کۆبانێ بۆ رووداو باسی ئامانجەکانی ئەم فێستیڤاڵە رەنگینە دەکات و دەڵێت، لە رێگەیەوە کولتوورە جیاوازەکان پێکەوە گرێ دەدرێن.

بیتەر عەلی – رێکخەری فێستیڤاڵ:
بۆچی فیلمی بیانی لە فێستیڤاڵی کۆبانێدا زۆرن؟ بە راستی دەمانەوێت وەکو فێستیڤاڵی کۆبانێ  ببینە پردێک لەنێوان سینەمای کوردی و جیهانیدا، کاتێک دەبینین لە 127 وڵاتەوە فیلم هاتوون، ئەوان دێن ئامادە دەبن، سەیری فیلمەکان دەکەن، دەرهێنەرە بیانییەکان دێن ئامادە دەبن و سەیری فیلمەکان دەکەن، ئەوان کولتووری ئێمەی کورد دەناسن، ئێمەش لە رێگەی فیلمەکانیانەوە ئەوان و رۆشنبیرییان دەناسین، یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە ببینە پردێک لەنێوان سینەمای جیهانی و کوردیدا. 
ژمارەیەکی زۆر فیلم لە وڵاتانی زۆرەوە گەیشتوونەتە دەست تیمی فێستیڤاڵ، لیژنەی دادوەرانیش ماوەیەکی زۆر کاریان کردووە بۆ ئەوەی لەنێو زیاتر لە هەزار و 100 فیلمدا هەڵبژاردن بکەن.

نەوزاد شێخانی – دەرهێنەر:
ئێمە پێنج کەس وەکو ئەندامی لیژنەی دادوەرانین، دوای ئەوەی نزیکەی هەزار و 100 فیلم گەیشتنە فێستیڤاڵەکە، لیژنەیەک هەیە، لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکان، ئەوانیش کارێکی زۆر قورسیان لەسەر فیلمەکان کرد، لە کۆتاییدا 29 فیلم گەیشتنە لای ئێمە، ئێمەش ئەو 29 فیلمە دەخەینە لیستی کورتەوە، دوای ئەوەی خرایە لیستی کورتەوە، کۆبوونەوەیەک دەکەین ئەندامانی لیژنەی دادوەران دەڵێین ئەم فیلمە یان ئەو فیلمە باشترینەو خەڵات وەردەگرێت، وەکو باشترین فیلمی درێژ، باشترین کورتەفیلم، ئەنیمەیشن، ئەکتەر یان دەرهێنەر.

میوانەکانیش بە خۆشحاڵییەوە بەشداری دەکەن، ئەوان زیادبوونی فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بە باش هەڵدەسەنگێنن و هیوادارن لە داهاتوودا ئەم کارە بەردەوام بێت.

سەڵاح مووسا – بەشداربووی فێستیڤاڵ:
یەکەمجارە دێمە فێستیڤاڵی سینەمای کۆبانێ و  پیرۆزی دەکەم، جێگەی شانازییە زۆر دڵخۆشین کە کورد هاتووەتە ئەم بوارەوە و دەتوانێت وردە وردە خاوەندارێتی لەم هونەرە ناسکەی بکات، کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە و مرۆڤ هەیە، ئەویش سینەمایە، سینەما شتێکی زۆر خۆشە. 

دوو رۆژی فێستیڤاڵەکە ماوە، تێیدا فیلمی کوردی، ئێرانی، پۆڵەندی و نەتەوەکانی دیکەش پێشکێش دەکرێن و خەڵات دەکرێن و چاوی میوانان و تیمەکەش زیاتر گەش دەکەنەوە.