تەنیا لە دوو رۆژدا هەزار و 157 کۆچبەر لە نۆکەندەوەی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا

26 September 2025
تەنیا لە دوو رۆژدا هەزار و 157 کۆچبەر لە نۆکەندەوەی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا
تەنیا لە دوو رۆژدا هەزار و 157 کۆچبەر لە نۆکەندەوەی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا

ماڵباتێکی کۆچبەری سێ کەسی، کە لە ژن و پیاوێک و منداڵەکەیان پێکهاتووە، لە فەرەنساوە بەشێوەی یاسایی و بە مافی مانەوەوە (ئیقامە) بردرانە بەریتانیا. 
فەرەنسا و بەریتانیا رێککەوتوون کە بەرامبەر هەر کۆچبەرێک کە بەریتانیا دیپۆرتی فەرەنسای دەکاتەوە، کۆچبەرێک لە فەرەنساوە بە ئیقامەوە بچێتە بەریتانیا. ئەو کۆچبەرانەی دیپۆرت دەکرێنەوە ئەوانەن کە بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە بەنێو نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئەوانەی وەریشدەگیرێن ئەو کۆچبەرانەن کە لە فەرەنسان و کەسوکاری بە ئیقامەیان لە بەریتانیا هەیە. 
سەرەڕای ئەم هەواڵە، کەچی شەممە و یەکشەممەی رابردوو، 1157 کۆچبەری دیکە بە بەلەمی بچووک گەیشتنە بەریتانیا. واتە پێناچێ جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا کۆچبەرانی لە پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا ساردکردبێتەوە. کاربەدەستانی هەردوو وڵات هیچیان لەسەر ئەوەی ماڵباتە وەرگیراوەکە خەڵکی کوێن و بردراونەتە کام شاری بەریتانیا ئاشکرا نەکردووە. بەڵام لە بەری فەرەنسا کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بە میدیاکانی خۆیان گوتووە کێشەی گەورەیان هەیە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دەکرێ شایستەی ئەوە بن لەو رێگەیەوە بنێردرێنە بەریتانیا. هۆیەکەشی ئەوەیە زۆربەی ئەو کەسانەی لە شارەکانی کالێ و دانکیغن، کە لێیانەوە کۆچبەران دەپەڕنەوە، هیچ ناسنامەیەکیان پێ نییە و ناکرێ بەشێوەی یاسایی بزاندرێ ناوی تەواویان چییە و خەڵکی کام وڵاتن. 
حکومەتی بەریتانیا شادمانە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و دەڵێت وردە وردە وادەکات کۆچبەران تێبگەن کە ئەگەر بشگەنە بەریتانیا دیپۆرت دەکرێنەوە. بەڵام لە دیوی فەرەنسا دەگوترێ رێککەوتنەکە کردەیی نییە و پێناچێ بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێ.   

28ـی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردن لە نۆردراین فێستڤاڵن بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی نوێی گەورە شارەوانیی کوێلن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت
بێریڤان ئایماز بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن


سبەی یەکشەممە 28/9/2025لە شاری کوێلن هەڵبژاردنی سەرۆکی گەورەشارەوانی دووبارە دەکرێتەوە (یان دەچێتە خولی دووەم)، لە خولی یەکەمدا هیچ بەربژێرێک نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکان بهێنێ. 
بێریڤان ئایماز، کە کوردە، زۆرترین دەنگی هێنا، بەڵام بەشی ئەوە نەبوو کە ببێتە سەرۆکی شارەوانی، بۆیە سبەی یەکشەممە دیسان بێریڤان بەربژێرە و دیاسپۆرای کوردی لە کوێلن دەتوانن بچن دەنگی بدەنێ. 
هاوکارمان مەی دۆست ئەم هەفتەیە لەگەڵ بێریڤان ئایماز بووە، سەرنجتان بۆ نیوزفیچەرێکی سەرنجڕاکێشی مەی رادەکێشم. 


بێریڤان ئایماز- بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن
بەڕاستی کەشوهەوایەکی زۆر باش و خۆشە.


لە رۆژانی کۆتایی پێشبڕکێی هەڵبژاردندا، کە دژوار و سیاسییە، بۆ بێریڤان ئایماز  هەر سڵاوێک گرنگیی خۆی هەیە، لێرە لە فێستیڤاڵێکدا ژیان بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئایمازیش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت، سەرۆکی شارەوانیی نوێی شارەکە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دیاری دەکرێت و ئێستا هەر دەنگێک گرنگە.


بێریڤان ئایماز- بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن
"بێگومان بەردەوام دەبم لە سەردانکردنی ئەو گەڕەکانەی کە ژمارەیەکی زۆر گەورەی دەنگم تێیاندا بەدەستهێناوە، بۆ ئەوەی بیری هەمووانی بخەمەوە کە لە 28-09 جارێکی دیکە هەموو دەنگێک گرنگە، بەڵام دەچمە ئەو گەڕەکانەش کە لە دەرەوەی پارتەکەم دەنگم لێیانەوە بەدەستهێناوە، ئەو شوێنانەی کە قەڵای پارتی سەوزەکان نین".

بێریڤان ئایماز ، بەربژێری پارتی سەوزەکان کە خەڵکی باکووری کوردستانە، لە قۆناخی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندایە، دوای گەڕی یەکەم، زیاتر لە 28%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئێستاش رووبەڕووی رکابەرەکەی لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەبێتەوە، ئەمڕۆ ستراتیژییەکەی روونە: راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک دەکات و گرنگیی ئەو چەند رۆژە لەوەدایە کە دەنگدەران لەسەر شەقامەکان رازی بکات.

بێریڤان ئایماز- بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی کوێلن
"من بە بابەتەکانی ئەم شارە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنم کرد، بۆ نموونە خانوو بە نرخی گونجاو، سیستەمێکی باشی گواستنەوەی گشتی، پاس و شەمەندەفەر، کە مرۆڤ هەست بکات بە شێوەیەکی سەلامەت لە شوێنێکەوە دەگاتە شوێنێکی دیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا دۆخی سەر شەقامەکان، بەکارهێنانی ئاشکرای ماددە هۆشبەرەکان کە بۆ نموونە لە نۆیمارکت هەیە، ئەمانە ئەو بابەتانەن کە من لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسم لێوەکردوون، ئەمەش لە رۆژانی داهاتووشدا دەبنە بابەتی گفتوگۆ".

لەبری ئەوەی بە گوتاری گەورە قسە بکات، لەنێو خەڵکدا دەگەڕێت و دیداری رووبەڕوو ئەنجام دەدات بۆ دروستکردنی متمانە و بەدەستهێنانی پشتیوانی، بێریڤان ئایماز نیشانی دەدات کە بۆ ململانێی ئەم هەڵبژاردنە ئامادەیە، پەیامەکەشی روونە کە پشتی بە خەڵک بەستووە، پرسیارمان لە هەندێک دەنگدەر کرد کە لە بەربژێربوونی ئەودا چی دەبینن.


کائان ئاککایا- خوێندکار
"بە بڕوای من، ئەو بە دڵنیاییەوە زۆر باشتر لێمان تێدەگات، چونکە خۆی ئەو شتانەی ژیاوە کە ئێمە دەیژین، پێموایە کە دیدگایەکی باشتری لەسەر ئەمە دەبێت، نەک وەکو کەسێک کە لەمە تێناگات و وەکو ئێمە خەڵکی هەمان بنەچە نەبێت".

لوتز مارکوارت- راهێنەر و مۆدێل

"من خۆم هەمیشە لەگەڵ ئەوەدام کە ژنێک ببێتە بەربژێر، واتە من ئەمە بە شتێکی زۆر باش دەبینم، بە بڕوای من، ژنان هەستی هاوسۆزییان هەیە، بەتایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی شارێک، هەروەها من باکگراوندی ئەو وەکو ژنێکی کوردی باکووری کوردستان بە زۆر سەرنجڕاکێش دەبینم، پێموایە ئەو زۆر شتی ژیاوە و خاوەنی چیرۆکێکی کاریگەرە و لە شارێکی وەکو ئەمەدا کە بە ملیۆنان کەس و بێگومان زۆر ژنی کۆچبەر و کەسانی خاوەن باکگراوندی کۆچبەریی تێدا دەژین، دەتوانێت بە ئاسانی لە خەڵک تێبگات".


پاولینا ردوخ- پسپۆڕی خۆراک
"بۆیە من زۆر پێشوازیی لێدەکەم کە لەبری ئەوەی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر لە یەکدی دوور بکەوینەوە لە یەکدی نزیک ببینەوە، پێموایە ئەمە یەکێکە لەو ئامانجانەی کە دەبێت پەیڕەو بکرێت و هەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت، هەروەها دەبێت ئەمە سەرەتا لە بچووکترین ئاستەوە دەست پێبکات".

ئەم پشتیوانییە بۆ بێریڤان ئایماز  جێگەی هیوایە و لەم کاتژمێرە کۆتاییانەدا ئامانج ئەوەیە کە دەنگدەرە دوودڵەکان رازی بکرێن.

شانسی بێریڤان ئایماز  و پارتی سەوزەکان بۆ ئەوەی لەم رۆژانەدا لە هەڵبژاردنە یەکلاکەرەوەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی گەورەی کۆڵن دەنگی زۆر بەدەست بهێنن، گەلێک گەورەیە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەو و رکابەرەکەی لە پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ ئەو پۆستە ململانێ دەکەن.



هەر سەبارەت بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکشارەوانیی شاری کۆێلن لە ئەڵمانیا، چیلەر فیرتنە، رۆژنامەڤانی ناسراوی کورد و ئەڵمانی، میوانی دیاسپۆرا بوو، تیشکی خستەسەر گرنگیی هەڵبژاردنەکە و رۆڵی بێریڤان ئایماز بەربژێری پارتی سەوز، و بەشداریی کورد لەم پرۆسەیەدا.
فیرتنە، کە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە بێریڤان ئایماز لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام سەرکەوتن لە گەڕی دووەمدا زۆر زەحمەتە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) و پارتی راستڕەو (AfD) داوایان لە دەنگدەرانیان کردووە پشتگیری لە بەربژێری SPD بکەن، ئەمەش وایکردووە کێبڕکێکە زۆر تووند بێت و تاوەکو دوا سات پێویستە بجەنگین و زۆرترین دەنگ بۆ بێریڤان بەدەست بێنین.

فیرتنە باسی لە خاڵە لاوازەکانی رکابەرەکەی بێریڤان کرد و گوتی "رکابەرەکەی بێریڤان پرۆفایلێکی شەخسیی دیاریکراوی نییە، بەڵکو ئەجێندایەکی حیزبیی هەیە"، ئاماژەی بەوەشدا کە کابەرەکەی پشتیوانی لە دروستکردنی تونێلێک بۆ میترۆ دەکات لە کێلڵن، کە ملیۆنان یۆرۆی تێدەچێت، فیرتنە گوتی "پارتی سەوز و بەتایبەتی بێریڤان دژی ئەم پڕۆژەیەن، چونکە پێویستمان بەو پارەیە بۆ چارەسەرکردنی کاروباری کۆمەڵایەتی و کێشەکانی دیکە"، ئەو روونیکردەوە کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی رکابەرەکەی، چونکە زیاتر پەرە بە بابەتی سیاسی دەدات کە لە خزمەتی خەڵکی کۆێلن و ئەڵمانیادا نییە، دەڵێت "ئێمە شەڕێکی کەسایەتی لە دژیدا ناکەین، بەڵکو ململانێیەکی سیاسی لەسەر پرسە سیاسییەکاندا لە دژیدا دەکەین."
فیرتنە روونیکردەوە، ئەنجامە باشەکانی بێریڤان لە گەڕی یەکەمدا وایکردووە دەنگدەران لەنێو شاری کۆێلن باوەڕیان بە سەرکەوتنی ئەو هەبێت و زیاتر هانبدرێن دەنگی پێبدەن، دەڵێت "تەنانەت ئەگەر کۆچبەربن، ژن بن، ئەوانەی لێرەن لە کۆێلن زەحمەتە بۆ ئەوان کە خۆیان بۆ پۆستێکی لەم شێوەیە بەربژێر بکەن بۆ سەرۆکشارەوانی، بەڵام بینیمان کە دەنگدەران کە پاشخانەی کۆچبەرانیان هەیە دەنگیان دا و پشتیوانییان لە بێریڤان کرد."
سەبارەت بە هەڵمەتی بانگەشە، فیرتنە گوتی "هەڵمەتێکی زۆر روون و چالاکمان دەستپێکردووە لەسەر شەقامەکان، هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەموو کەسێک هەوڵدەدات دراوسێ، هاوڕێ و خزمەکانی قایل بکات تاوەکو مافی دیموکراسی خۆی بەکاربهێنێت و دەنگ بدات.
فیرتنە باسی لە چالاکییەکانی بێریڤان لە دوو هەفتەی رابردوودا کرد و گوتی "هەموو رۆژێک پانێلێک رێک دەخرێت لە شوێنی جیاجیا لە شارەکەدا بۆ ئەوەی خەڵکەکە بڕۆن گوێی بۆ بگرن، دەشڵێت" لەم پانێلانەدا بێریڤان و رکابەرەکەی باس لە گرنگترین پرسەکانی کۆێلن دەکەن و هەر کەسێک دەتوانێت بڕوا لەوێ گوێ بگرێت، پرسیار بکات و وەڵامەکانی خۆی وەربگرێتەوە"، ئەو جەختی لەسەر ماندووبوونی بێریڤان کردەوە و گوتی "بەتایبەتی دوو هەفتەی رابردوو زۆر زەحمەت بوون، چونکە رۆژانە چەندین جار بەشداری لە پانێلەکاندا دەکرد بۆ ئەوەی دەنگدەران قایل بکات."
فیرتنە جەختی لەسەر گرنگیی رۆڵی کوردانی دانیشتووی کۆێلن کردەوە، کە ژمارەیەکی زۆریان هەن و لە سەرانسەری کوردستانەوە هاتوون، "زۆر لەوانەش وڵاتینامەی ئەڵمانیان هەیە بۆیە دەتوانن دەنگ بدەن"، ئەو داوای لە کوردی دیاسپۆرای هەرێمەکە کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دووبارە بڕۆن دەنگ بدەن و مافی خۆیان بەکاربهێنن.
فیرتنە هۆشداری دا لەوەی کە "هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە ئێس پی دی و کریستیان دیموکرات، ئەوانیش پشتیوانی لە ئێس پی دی دەکەن... و دەڵێن بێریڤان دەرفەتی بردنەوەی نییە، بەڵام بەڕاستی ئەمە راست نییە"، ئەو جەختی لەسەر رۆحییەتی کورد کردەوە و گوتی "ئێمە کوردین، ئێمە شەڕ بۆ مافەکانمان دەکەین... هەموو کەسێک هان دەدەین بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە بڕوا مافی دیموکراسی خۆی بەدەست بێنێت و دەنگ بە بێریڤان بدات."
لە کۆتاییدا، فیرتنە داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە گوێ لە پرۆگرامەکە دەگرن پەیوەندی بە خزم و دراوسێکانیانەوە بکەن و داوایان لێ بکەن دەنگ بدەن، گوتیشی"تەنیا پێویستیان بە ئایدی کارد هەیە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن... زۆر زەحمەت نییە"، ئەو کۆتایی بە قسەکانی هێنا بەوەی کە "بێریڤان هەموو کوردەکانی یەکخستووە و هیوایان بەوە هەیە سیاسەتێکی باشتر بکەن لێرە لە کۆێلن بۆ هەموو کەسێک بێت، نەک تەنیا بۆ ئەڵمانییەکان، بەڵکو بۆ ئەوانی دیکەش، بە تایبەتی بۆ کورد، بۆیە گرنگە بەڕاستی بڕۆن دەنگ بدەنە بێریڤان."


ئەورووپا.. یادی 8 ساڵەی گشتپرسیی سەربەخۆیی کرایەوە
 
ئەمساڵ یادی هەشت ساڵەی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان بوو. دیاسپۆرای کوردی لەکاتی گشتپرسی و ساڵانی دواتریشدا بە گەرموگوڕی بەشداریی هەڵمەتی بانگەشەکردن و پشتیوانیکردن لە گشتپرسییەکەیان کرد. ئێستا وەکو نەریتێکی ساڵانەی لێهاتووە کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا، هەرجێیەک دیاسپۆرای کوردیی لێبێ، یادی گشتپرسی دەکرێتەوە. 
هەفتەی رابردوو لە نەرویج، سوێد، دانیمارک، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەش گردبوونەوەی رەنگاوڕەنگ بە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردی و سروودی نیشتمانی و گۆرانییەوە یادەکەیان کردەوە. رێکخەری یادکردنەوەکان کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بوو. جگە لە کوردستانییان، پشتیوانانی کوردستانیش لە ئەورووپا لە یادکردنەوەکاندا بەشداربوون. 

بەریتانیا بۆ رێگرتن لە 'ئیشی رەش' رێکاری نوێ دەگرێتەبەر

حکومەتی ئێستای بەریتانیا دەیەوێ وابکات کاتێک تیمەکانی پشکنین دەچنە سەر دووکانێک یان بزنسێک بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی ئیشی رەش دەکەن، بە دوو کلیک بزانن مافی مانەوە و ئیشکردنت هەیە یان نا. ئەویش بەوەی هەموو کەس ناچاربێت ناسنامەیەکی دیجیتاڵیی پێبێت. 
ناسنامەکە ئەپێکە کە لەسەر مۆبایلەکەت ئیشدەکات، تێیدا (ناوی تەواوت، خەڵکی کام وڵاتەیت، مافی مانەوە و ئیشکردنت هەیە یان نا)ی تێدایە لەگەڵ وێنەیەکی خۆت. ئەپەکە بەستراوەتەوە بە وەزارەتی نێوخۆ (هۆم ئۆفیس)ەوە. تیمی پشکنین ناسنامەکەت سکان دەکەن و یەکسەر دەزانن ئەو کەسەی لەسەر وێنەکەیە هەمان ئەو ناو و زانیارییانەی هەیە کە لە هۆم ئۆفیس هەن یان. ئەگەر وەکو یەک بوون، کێشەت نییە. ئەگەر جیا بوون، کێشەیە. 
ئەمە هێشتا کاری لەسەر دەکرێ و پێیدەچێ. چاوەڕواندەکرێ بۆ ساڵی 2029 بەتەواوەتی کاربکرێ. بەڵام لەئێستاوە ئۆپۆزیسیۆن دژیەتی و دەڵێن نابێ بۆ هەموو کەس (بەتایبەتی ئەوانەی هاووڵاتیی بەریتانیان و کۆچبەر نین) ناچاری بێ کە ئەو ناسنامەیەیان پێبێ.

ترەمپ بۆ ئەورووپا: هاتنی کۆچبەرانتان پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێ
بەپێی داتاکان چوونی کۆچبەران بۆ ئەورووپا 21% کەمیکردووە


دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری هەفتەی رابردووی خۆیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر کۆچبەران هۆشداریی دایە وڵاتانی ئەورووپا، پێیگوتوون بەو حاڵەی ئێستایانەوە وڵاتەکانیان دەبنە دۆزەخ. زۆریش پەسنی کارەکانی خۆی دا بۆ رێگەگرتن لە هاتنی کۆچبەران بۆ ئەمریکا.
ئەو داتایانەی ئاژانسی پاراستنی سنوورەکان و کەناراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە رۆژانی رابردوودا بڵاویانکردووەتەوە، دەریدەخەن ئەمساڵ بە بەراورد بە پار هاتنی کۆچبەران بە قاچاخ بۆ ئەورووپا 21 لەسەت کەمیکردووە. بەتایبەتیش ئەوانەی جاران لە رێگەی پۆڵەندەوە دەهاتن لە هەشت مانگی رابردوودا 44 لەسەت کەمتر هاتوونە، لە باڵکانەوە رێژەی کەمکردنەکە 47 لەسەتە و لە ئەفریقاشەوە کەمکردنەکە هێشتا زۆرترە و 52 لەسەتە. تەنیا لە رێگەی تورکیاوە، لە زۆر کۆچبەری بەشەکانی کوردستانی لێوە دێنە ئەورووپا، رێژەکە کەمترە و 18 لەسەتە. 

پۆلیسی ئیتاڵیا: دوو کەس بە فێڵ یەک ملیۆن یۆرۆیان دەستکەوتووە

دوو راوێژکاری باج لە پارێزگای (پیاچێنتسا) رێگەیەکی سەیریان دۆزیوەتەوە و بەوهۆیەوە 141 کۆچبەریان بەشێوەی یاسایی و بە ئیقامەوە هێناوەتە ئیتاڵیا. ئەو دوو کەسە چوونەتە لای کۆمپانیا گەورەکانی پارێزگاکەیان و لێیان پرسیون دەستی کاری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپایان دەوێ؟ کۆمپانیاکانیش گوتوویانە هەر زۆریش پێویستمانە. گوتوویانە کەواتە داواکاری بنووسن و دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی پێویستتانە داوای کرێکار بکەن. 
ئەمە وادەکات حکومەت مافی مانەوە و کارکردن بداتە نیوەی کەسەکان. مامەڵە یاساییەکانیشیان لەسەر ئێمە. دوای ئەوە چوون مافی مانەوەیان بۆ نیوەکەی دیکەش وەرگرتووە و بەو 141 کۆچبەرەیان فرۆشتووەتەوە. بەمەش یەک ملیۆن یۆرۆیان پەیدا کردووە. 
فێڵەکەشیان بەوە ئاشکرا بووە کە یەکێک لەو کۆچبەرانە نەیزانیوە ئیشەکە فێڵی تێدایە و چووەتە فەرمانگەیەکی حکومی. بۆئەوەی بزانێ ئیقامەی خوارزاکەی چیی لێهاتووە کە راوێژکارەکان 4000 یۆرۆیان لێ وەرگرتووە بۆئەوەی بۆی وەربگرن. بەمە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و فێڵەکە ئاشکرا بووە. ئێستا دوو کەسەکە مۆڵەتی کارکردنیان لێوەرگیراوەتەوە و چاوەڕوانی سزای دادگان. 

گرووپی کامۆس لە فێستیڤاڵەکانی ئەورووپا بەشداری دەکەن


ئیشەکانی گرووپی کامۆس پڕ وزەن، کاتێک میوزیکێکی کوردی دادەنێن، بە سەتان گەنج کە کوردی نازانن هەڵدەپڕن و دەکەونە سەما.هاوکارمان شڤان بەرواری نیوزفیچەرێکی ئامادەکردووە.

دەقی نیوزفیچەرەکە:


شاڵاو سۆفی- ئەندامی گرووپی کامۆس:

سڵاوتان لێبێ من ناوم شاڵاوە خەڵکی کەرکووکم 25 ساڵە لە هۆڵەندا دەژیم.


گویدۆ فان نیستەلرۆی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
ناوم ئیزگیدۆیە، خەڵکی هۆڵەندام، پێمان دەڵێن چامۆس. پێکەوە میوزیکی ئەلیکترۆنی کوردی بەرهەمدەهێنین.


شاڵاو سۆفی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
چامۆز، دەستمان پێکردووە لە 2018،گۆرانی کوردی کۆمباین دەکەین لەگەڵ ئەلیکترۆنیک میوزیک، لە هەموو جیهان ئەم ئاهەنگانە دەکەین بە گۆرانی کوردی، بۆ ئەوەی پیشانی هەموو جیهانی بدەین کە گۆرانی کوردی چییە، کولتووری کوردی چییە؟


گویدۆ فان نیستەلرۆی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
من هەمیشە حەزم لە میوزیکی کوردییە، سرووشی زۆری لێوەردەگرم و حەز بە تێکەڵکردنی دەکەم لەگەڵ میوزیکی کڵەب و ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی بە هەموو جیهاندا. پێم خۆشە کە دەچمە کوردستان.


شاڵاو سۆفی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
کە ئاهەنگەکان دەکەین دەیبینین کە گەنجی کوردی دێت بۆ ئاهەنگەکانمان زۆر دڵمان پێ خۆشە، پیشانیان دەدەین کەکە دەکرێ گۆرانی کوردی لە کلوپیش لێبدرێت، هیوادارین ئەم پڕژەیە لە دە ساڵی داهاتوو بیهێنینە دی.


گویدۆ فان نیستەلرۆی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
تازە دەستمان بەو پڕۆژەیە کردووە و دەمانەوێت بۆ ساڵانێک بەردەوام بین لەسەری. زۆر شت هەنە بکرێن و زۆر شوێن هەنە سەردان بکرێن. پێموایە دەتوانین بۆ ساڵانێک ئەمە بکەین، من زۆرم حەز لەوەیە.


شاڵاو سۆفی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
لە مانگی پێنجدا لە سلێمانی و لە کۆیە دوو ئاهەنگمان کرد، ئەمساڵ زۆر پێم خۆش بوو کە بچمەوە وڵاتی خۆم و ئاهەنگ بکەین و هەموو گەنجەکان لەوێ بێن بۆ ئاهەنگەکانمان، ئەوەشم زۆر پێخۆش بوو کە بتوانم باشترین هاوڕێم کە خیدۆیە ببمەوە بۆ کوردستان و کوردستانی پێ پیشان بدەم.


گویدۆ فان نیستەلرۆی- ئەندامی گرووپی کامۆس:
چەند مانگێک لەمەوبەر بۆ یەکەم جار چوومە کوردستان، خۆشم ویست، کولتوور، خواردن و میوزیکەکەم زۆر بەدڵبوو. پێمخۆشە بەمزووانە دووبارە سەردانی بکەمەوە، چەند هەفتەیەکی دیکە لە هەولێر دەبین، زۆر بەپەرۆشم کە دووبارە دەچمەوە کوردستان.


سەبارەت بە بەشداریی گرووپی کامۆس لە فێستیڤاڵەکانی ئەورووپا، هەریەکە لە شاڵاو سۆفی، ئەندامی گرووپی کامۆس و گویدۆ فان نیستەلرۆی، ئەندامی گرووپی کامۆس میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوون، باسی کاروچالاکی و ئامانجی گرووپەکەیان کرد کە ئێستا گرووپەکە خەریکی گەشتێکی هونەری گەورەن کە چەندین وڵاتی ئەورووپا و ئاسیا کوردستانیش دەگرێتەوە.
شاڵاو سۆفی، کوردێکی کەرکووکیە و لە منداڵییەوە لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە هۆڵەندا، باس لەوە دەکات کە یەکەم پرۆژەیان تێکەڵکردنی میوزیکی کوردی و ئەلیکترۆنی بووە، دەڵێت "ئەمە یەکەم پرۆژەی ئێمە بوو کە دەستمان پێکرد بە کارکردن لەسەر میوزیکی کوردی، کە کۆمانکردەوە لەگەڵ میوزیکی ئەلیکترۆنی لە زۆر مێلۆدی کوردی و ئامێری مۆسیقی کوردییەوە ئیلهاممان وەرگرت وەکو دەهۆڵ و ئەوانەی دیکە."
شاڵاو هۆکاری ناونانی پرۆژەکەیان بە فرۆم هەولێر بۆ ئەمستەردام روونکردەوەو گوتی "ویستمان کاتێک خەڵکی کوردستان بیبینێت یەکسەر بزانێت ئەمە پڕۆژەی کەسێکی کوردە یان کوڕێکی کوردی تێیدا بەشدارە، دەمانەوێت خەڵک لە ئەورووپاش بزانێت لە کوێوە دێت، چونکە هەولێر لە ئەورووپا زۆرتر ناسراوە، پایتەختی باشووری کوردستانە، لەبەر ئەوە گوتمان لە هەولێرەوە بۆ ئەمستەردام، چونکە خۆمان لە ئەمستەردام دەژین."
گویدۆ فان نیستەلرۆی، کە برازای یاریزانی بەناوبانگی هۆڵەندی روود ڤان نیستەلرۆیە، جەختی لە وزە و ئێنێرجی میوزیکی کوردی کردەوە و گوتی "میوزیکی کوردی وزەیەکی زۆری تێدایە، دەبینم کە خەڵک دڵی زۆر پێی خۆش دەبێت"، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازی خەڵکی کوردستان و تەنانەت هۆڵەندییەکانیش زۆر گەرم و گوڕ بووە، چونکە میوزیکەکەیان وزەیەکی زۆر دەبەخشێت و وایان لێدەکات پێکەوە سەما بکەن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی گۆرانی بەرزی بەرزی،  گویدۆ گوتی "بیرۆکەکە هی شاڵاو بوو کە ئەو گۆرانییە بکەین، گوتی با شتێکی لەم شێوەیە بکەین و گۆرانییەکەی پیشاندام، من زۆر پێم خۆش بوو گوتم بەڵێ وەرە با بیکەین."
گویدۆ باسی یەکەم سەردانی بۆ کوردستان کرد و وەک ئەزموونێکی نوێ و نایاب وەسفی کرد و گوتی "من لەگەڵ زۆر کورد گەورە بووم، زۆر هاوڕێی کوردم هەیە، بەڵام ئەوە یەکەم جار بوو کە بچم شوێنەکە ببینم... زۆر دڵمخۆش بوو کە ئەوانەم بینی و زۆر حەزم لە خواردنەکانیان کرد، وەکو کەباب زۆر خۆش بوو"، هەروەها گوتیشی" لە کوردستان چەندین میوزیکژەنی بینیوە و لەگەڵیان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێکەوە کار بکەن".
سەبارەت بە ژیری دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر پیشەسازی میوزیک شاڵاو دەڵێت "زۆر گرنگە ئێمە لە سەرەتادا کار و بەرهەمی خۆمان هەبێت، بەڵام ژیری دەستکردیش دەتوانێت یارمەتیی ئێمە بدات بۆ ئەوەی دەنگەکان باشتر بکەین... بەڵام پێویستە رێز لە دەنگی گۆرانیبێژەکە بگیرێت و مافی پارێزراو بێت." شاڵاو گوتیشی" AI دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی ریمێکسی نوێ و باشترکردنی کوالیتی دەنگ".

ئێستا گرووپی کامۆس خەریکی گەشتێکی چڕ و پڕن، ئەوان شەوی رابردوو لە شاری کۆێلن کۆنسێرتان هەبو، ئەمڕۆ شەممە بەرەو هێڵسینکی لە فینلەندا بەڕێدەکەون و دواتر بەرەو هامبۆرگ، لە 6/10/2025 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆنسێرتێکی گەورە ساز دەکەن.
هەروەها لە 11/10/2025 بۆ ماوەی سێ هەفتە گەشت بۆ ئاسیا دەکەن و سەردانی جاکارتا، مالیزیا و سەنگافورە دەکەن، دواتریش بۆ یەکەمجار سەردانی میسر دەکەن.

لە 5/10/2025، ریمێکسی گۆرانی دڵم تەنگەی هونەرمەند کاروان هەورامی بڵاودەکەنەوە.

بەرلین.. 15مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت

لە بەرلین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت، رێکخەری فێستیڤاڵەکە پێش دەستپێکردنی بەرنامەکە قسەی بۆ دیاسپۆر ا کرد و باسی ئەجێندای فێستیڤاڵەکەی کرد.
رێزان عەبدولعەزیز، رێکخەری فێستیڤاڵ:
وەکو دەزانن، ئەمە پازدەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردییە کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، دەربارەی کردنەوەکە فیلمی دەستپێکمان هی دەرهێنەر نەفشە بەریڤان بوو، کە باسی کچێکی ئێزدی دەکات کە لە ئەورووپا بۆ مافەکانی خۆی خەبات دەکات، وەکو هەموو ساڵێک بابەتی تایبەتمان هەیە، بابەتی فێستیڤاڵی ئەمساڵیشمان پێکەوەژیانە، ئێمە باسی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کوردستان دەکەین، زیاتر لە پەنجا فیلم هەن، لەوانە فیلمی دۆکیۆمێنتاری و فیلمی درێژ و کورتەفیلم، ئەوانەی بەشداری دەکەن لەم فێستیڤاڵە لە ئێستاوە تاوەکو یەکی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت و ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین بە بەشداریکردنتان، جگە لە پڕۆگرامی فیلمەکان، پڕۆگرامی دیکەشمان هەیە، پێشانگایەک بە ناوی "Thinking Like a Mountain" بە سەرپەرشتی سێچکین ئایدن هەیە، هەروەها دوو نووسەری نوێمان هەن، ئەلچین حەسەن و یاوز ئێکنج رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دێن کتێبەکانیان پێشکێش دەکەن، جگە لەوە، سیی ئەم مانگە ئاهەنگی کۆتاییمان هەیە، زۆر دڵخۆش دەبین بە هاتنتان، ئێلیانۆر کە کچێکی فەرەنسییە بەشداری دەکات و ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین بە بەشداریکردنتان".