هەشت ساڵە گەشتی راستەوخۆی سوێد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاوە
هەشت ساڵە گەشتی راستەوخۆی سوێد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاوە
دوو پەرلەمانتاری سوێد پڕۆژەیەکیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان ئامادە کردووە، بۆئەوەی سەرلەنوێ دەست بە گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە سوێدەوە بۆ باشووری کوردستان و بەپێچەوانەشەوە بکرێتەوە.
وەک لە پڕۆژەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا دەردەکەوێ لە ساڵی 2017ەوە و لەکاتی شەڕی داعشەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی بۆ سوێد راوەستاون، هۆکاری راوەستانەکەش بڕیاری ئەوکاتی حکومەتی سوێد بووە کە پێیوابووە مەترسیی ئەمنی بۆ ئەو گەشتە راستەوخۆیانە لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، هەریەکە لە سەردار کویسە و ئولا موێلەر ئەو دوو پەرلەمانتارەن کە واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کردووە، سەردار کویسە کوردە و ساڵانی زۆرە لە پەرلەمانی سوێد پشتیوانی لەو دۆزانە دەکات کە پەیوەنددارن بە کوردستانەوە، ئولا موێلەریش سەرۆکی تۆڕی سوێد-کوردستانە لەنێو پەرلەمانی سوێد کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری پشتیوانیکار لە پەیوەندییەکانی سوێد و کوردستان پێکهاتووە.
لە پرۆژەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا دەردەکەوێ تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعشیش بەو هۆیەوە گەشتەکان هەر راگیراون، چونکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق هێزی چەکداری دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەن، ئەو دوو پەرلەمانتارە دەڵێن هیچ پاساوێک نەماوە و پێویستە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکرێ، چونکە دیاسپۆرای کوردیی لە سوید نیگەران کردووە و هەستدەکەن جیاوازییان پێدەکرێ.
هەر لەسەر ئەم مژارە گفتوگۆیەکم لەگەڵ شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی کوردستان لە سوێد کە ساڵەهایە لەسەر ئەو کەیسە کاردەکات کردووە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوێد، تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان سوێد و کوردستان، کە لە ساڵی 2017 وە راگیراون، ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتی راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هاتوچۆی سوێدەوە دراوە، ئەمەش بەهۆی ئەو راپۆرتانەی کە هەر شەش مانگ جارێک لەلایەن دەزگایەکی یەکێتیی ئەووروپاوە دەنووسرێن سەبارەت بە بوونی ترس لەسەر ئاسمانی عێراق، هەرچەندە ئەم راپۆرتانە تەنیا پێشنیازن، بەڵام حکومەتی سوێد بەهۆیەوە بڕیاریداوە گەشتە راستەوخۆکان رابگرێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە سوێد لە دوای ساڵی 2017ەوە پەیوەندی بە دەزگای هاتوچۆی سوێد، حکومەتی سوێد و پەرلەمانی سوێدەوە کردووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ ئەو راپۆرتانە بکرێت، ئەو راپۆرتەی کۆتایی باس لە ترسی هەندێک میلیشیا دەکات کە لە هەرێمی کوردستان بوونیان نییە، بۆیە داوا لە پارتە سوێدییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە کە هەڵسەنگاندنی نوێ بکەنەوە بۆ گەشتە راستەوخۆکان.
شۆڕش قادر مژدەی ئەوەی دا کە دوو پەرلەمانتاری سوێدی پێشنیازێکیان بەرزکردووەتەوە بۆ پەرلەمانی سوێد، کە تێیدا داواکراوە گەشتە راستەوخۆکان بۆ هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی) دەستپێبکەنەوە، پەرلەمانتاران لە پێشنیازەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە دیاسپورای کوردی لە سوێد هەست بە جیاوازیپێکردن دەکات بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لە کاتێکدا کە کوردی سوێد هاتوچۆیەکی زۆری کوردستان دەکەن و لە وڵاتانی دراوسێ وەک دانیمارک گەشتی راستەوخۆ هەیە.
سەبارەت بە جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی وەک دانیمارک و ئەڵمانیا کە گەشتی راستەوخۆیان هەیە، شۆڕش قادر روونیکردەوە کە یاسای وڵاتەکان جیاوازن، لە دانیمارک و ئەڵمانیا، بەرپرسیارێتی ئەمنییەتی گەشتیار لەسەر خەتی فڕۆکەوانەکە دەبێت، بەڵام لە سوێد، یاساکە ئەمنییەتی هاوڵاتیان لەسەر حکومەت دادەنێت، بۆیە بڕیاری قەدەخەکردن دراوە.
سەبارەت بە کاتی گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی، شۆڕش قادر ئاشکرایکرد پرۆسەکە چەند قۆناخێک دەگرێتەوە: نووسینی پێشنیاز، پشتگیریکردنی لەلایەن حیزبی پەرلەمانتارەکانەوە، چوونە ناو لیژنەی هاتوچۆ لە پەرلەمانی سوێد، پاشان گفتوگۆکردن لە پەرلەمان، ئەم پرۆسەیە لە نێوان دوو سێ مانگ تاوەکو شەش مانگ دەخایەنێت و بەپێی پێشبینییەکان، بڕیارێک لەسەر گەشتە راستەوخۆکان لە کۆتایی بەهاری ساڵی 2026 بدرێت.
شۆڕش قادر جەختی لەوە کردەوە دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکان سوودێکی زۆری دەبێت بۆ سوێد و هەرێمی کوردستان، لە سوێد زیاتر لە 150 هەزار کوردستانی دەژین، کە پێشتر گەشتێکی زۆریان دەکرد، ئەم گەشتانە سوودی بۆ کۆمپانیا سوێدییەکان و گەشتیارانی دراوسێش هەبوو، هەروەها راگرتنی گەشتەکان بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت دیپۆرتکردنەوەی هەندێک گەشتیار بە گشتی، دەستپێکردنەوەی گەشتە راستەوخۆکان سوودی بۆ ژینگە، ئاسانکاری گەشت و بووژانەوەی پەیوەندییە بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: کاک شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆکهۆڵم بەخێربێن بۆ رووداو، ئەگەر بۆ کەسێک باسی بکەیت، هەشت ساڵی دوورودرێژ گەشتی ئاسمانی لە نێوان کوردستان و سوێد، رەنگە بڕوای پێنەکات، دیاسپۆرایەکی گەورەی کوردی لە سوێد هەیە و وەکو دەڵێن پەیوەندییەکەش پەیوەندییەکی دیرۆکی و مێژووییە، چۆن دەکرێت تاوەکو ئێستا ئەمە هەر بەردەوام بێت؟ یانی نەبوونی گەشتی راستەوخۆ پێویست نەبووە یان هۆکاری دیکەی هەبووە؟
شۆڕش قادر: پێشەکی سڵاو کاک هێمن، پرسیارێکی جوانە، ئێمە وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوێد لە 2017وە کە ئەم بڕیارە درا لەلایەن دەزگای هاتوچۆی سوێدەوە کە فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ عێراق و کوردستان قەدەخەکرا، ئێمە پەیوەندیمان بە دەزگای هاتوچۆی سوێد کردووە، بە حکومەتی سوێد کردووە، بە پەرلەمانی سوێد کردووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو راپۆرتەی کە هەر شەش مانگ جارێک لەلایەن دەزگایەکی یەکێتییی ئەورووپاوە دەنووسرێت کە ترس هەیە لەسەر ئاسمانی عێراق، ئەو راپۆرتە هەرچەند پێشنیازە یاخود رێکۆمێندەیشنێکە، بەڵام وڵاتی سوێد وا بڕیاردابوو کە فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ عێراق قەدەخە بکات، ئێستا دوواین راپۆرتی ئەو دەزگایە باسی ترسی هەندێک میلیشیا دەکات کە ئەو میلیشیانە لە هەرێمی کوردستان نین، لەبەر ئەوە داوامانکردووە لە پارتە سوێدییەکان، لە حکومەتی سوێد، لە پەرلەمانی سوێد کە هەڵسەنگاندنێکی نوێ لەسەر ئەو راپۆرتە بکات بۆ ئەوەی بۆچوونێکی نوێ لەسەر فڕۆکەی راستەوخۆ بدرێت، ئێستا خۆشبەختانە دوو ئەندام پەرلەمانی سوێدی پێشنیازێکیان بەرزکردووەتەوە بۆ پەرلەمانی سوێدکە دەبێت فڕۆکەی راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ سلێمانی و هەولێر دووبارە دەست پێبکاتەوە.
رووداو: بەڵێ، ئێمە سوێدی نازانین، بەڵام پێشنیازەکە بە کوردی بە سوپاسەوە بۆتان ناردووین، یەکێک لەو شتانەی کە بۆ من سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن دیاسپۆرای کوردی لە سوێد هەست دەکات کە جیاوازی پێدەکرێت، هەست دەکەن کە ئەمە شتێکی زۆر خراپە ئەو بڕیارەی کە دراوە، ئێوە کە نزیکن لە دیاسپۆرای کوردی، بەڕاستی خەڵکێکی زۆر گلەیی دەکات، چونکە ئەوەندەی من بزانم کوردی سوێد هاتوچۆی کوردستان دەکەن، مەسەلەن لە دانیمارکەوە راستەوخۆ هەیە، دانیمارکیش زۆر دوور نییە لە ئێوە.
شۆڕش قادر: وایە، خۆی وڵات بە وڵات یاساکەی جیاوازە، دانیمارک و ئەڵمانیا ئەوانە سێ وڵاتن فڕۆکەی راستەوخۆ هەیە، یاسای ئەو وڵاتانە جیاوازە لەگەڵ یاسای سوێد، ئەو وڵاتانە دەڵێن ئاسایشی گەشتیارەکە لەسەر هێڵی ئەو فڕۆکەیەیە، بەڵام لە یاسای سوێد جیاوازە و حکومەتی سوێد خۆی راستەوخۆ ئاسایشی هاووڵاتییان یاخود گەشتیاران هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوە بڕیاری داوە.
رووداو: بەڵێ کاک شۆڕش. ئەگەر وا تەماشای بکەین، ئەمە پێشنیازە و دوو پەرلەمانتار ناردوویانە، ئێوە وەک نوێنەرایەتی حکومەت دەزانم رەنگە هانی ئەوانە بدەن کە بڕیاردەرن لەوێ کە ئەو بڕیارە دەربچێت، ئەوەی کە بیستووتانەتەوە و گوێتان لێبووە، رێی تێدەچێت تاوەکو کۆتایی ساڵ وەک دەڵێن مژدەیەکیش بێت بۆ کوردی سوێد؟ شتێکی وا ئەبێ گەشتی راستەوخۆ دەست پێبکاتەوە؟
شۆڕش قادر: هیوادارم، بەڵام خۆی هەر بە گشتی ئەم پێشنیازانە چەند قۆناخێکن، قۆناخی یەکەم ئەوەیە پێشنیازەکە دەنووسرێت، لەناو ئەو مانگە تەواو بوو، قۆناخی دووەم ئەو حیزبانەی کە ئەندامی لە پەرلەمان هەیە پشتیوانیان بکات، ئێستا ئەوەش ئەو قۆناخەش تەواو بووە، قۆناخی سێیەم ئەوەیە بچێتە لیژنەی هاتووچۆ لە پەرلەمانی سوێد و چوارەمیش لە پەرلەمانی سوێد گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەمە دەتوانێت لە نێوان دوو سێ تاوەکو شەش مانگی پێ بچێت، لەوانەیە لە کۆتایی بەهاری ساڵی2026 بڕیارێکی لەسەر بدرێت.
رووداو: قازانجی دەرچوونی بڕیارێکی وا بۆ بزنسی سوێدی، یان خەڵکی غەیرە کوردیش لە سوێد بۆ کوردستان چییە؟
شۆڕش قادر: بەڵێ وەک خۆتان دەزانن سوێد لە سەرووی 150 هەزار کوردستانی لێیە و ئێمە پێشتر لە پێش 2017 رۆژانە فڕۆکەی راستەوخۆ هەبوو لە نێوان ستۆکهۆڵم و هەولێر و سلێمانی، هەندێک رۆژ لە سەرووی دوو سێ فڕۆکە دەردەچوو نەک بەس بۆ کوردستان، بۆ عێراقیش، بۆ سوێدیش باش بوو، سەرەڕای گەشتیارێکی زۆر لە وڵاتانی دراوسێ نەرویج، دانیمارک، فینلەندا دەهاتن لە سوێدەوە گەشتیان دەکرد بۆ ئەو کۆمپانیانەی کە ئێستا کار لە کوردستان دەکەن، هانیان دەدات بەردەوام بن لە ئیشەکەیان، ئێستا لە سوێد وەکو باسمکرد کوردێکی زۆری لێیە، ئێستا نەوەی سێیەم و چوارەمیش هەیە، ئەمانە راستە وەکو هەیکەل کوردن، بەڵام لەناو سوێدییەکان متمانەیان بە دام و دەزگای سوێد هەیە، لەبەر ئەوە بڕیارێکی ئاوەها ترس لای ئەوانیش دروست دەکات، کێشەی کۆمەڵایەتیش دروست دەکات کە منداڵەکان نایانەوێت سەفەر بۆ کوردستان بکەن، ئێستا ئەگەر حکومەتی سوێد بڕیارێکی وا بدات یان پەرلەمانی سوێد بڕیار بدات کە فڕۆکەی راستەوخۆ دەکرێتەوە، بێگومان ئەو کاتە دەرگایەکی نوێ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی گەشتەکان بەردەوام بێت، وەک خۆتان دەزانن ئێستا ئێمە زۆرمان کە دەگەڕێینەوە کوردستان لە رێگای وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێینەوە، لە رێگای ئەڵمانیا یاخود قەتەر یان تورکیا و هەندێکجار رووداوی وا روویداوە کە گەشتیار لە سوێدەوە چووە دیپۆرتکراوە، ئەگەر لە هەزار کەس یەکێکیش دیپۆرت بکرێتەوە ئەوا 999 کەسەکەی دیکە قەلەق دەبێت و لەوانەیە گەشت نەکات بۆ کوردستان، لە رووی ژینگەشەوە، یانی بۆ ژینگەش باش دەبێت، بۆ فڕۆکە یەکجار سەفەر بکات بۆ کوردستان لەوەی کە دوو سێ جار ترانزێت بکات، لەبەر ئەوە لە هەموو بوارێکەوە بۆ سوێد و بۆ کوردستان باشە.
رووداو: سوپاست دەکەم. هیوادارم کوردی سوێد، دیاسپۆرانشینانی سوێدبەم نزیکانە هەواڵی خۆش لەسەر گەشتی راستەوخۆ بۆ کوردستان ببیستن. شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی کوردستان لە ستۆکهۆڵم سوپاس کە میوانمان بووی.
شۆڕش قادر: سوپاس بۆ ئێوە، سوپاس.
بێریڤان دۆسکی: لە پێشمەرگەی دێرینەوە بۆ نوێنەری عێراق لە دڵی ئەورووپا
باڵیۆزی عێراق لە بەلجیکا: ژنانی کورد نموونەی بەهێزین
برۆکسەل تەنیا پایتەختی شانشینی بەلجیکا نییە، یەکێکە لە پایتەختەکانی پەرلەمانی پەرلەمانەکان و حکومەتی حکومەتەکانی ئەورووپا (واتە یەکێتیی ئەورووپا)، هەروەها بارەگای سەرەکیی ناتۆش هەر لە بەلجیکایە، بۆیە ئەگەر کەسێک باڵیۆزی دەوڵەتێک بێ لە بەلجیکا، کارەکانی هەر لەگەڵ حکومەتی بەلجیکا نین، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر دامەزراوەی گەورە و کاریگەری نێودەوڵەتیشە.
ئەوەی ئەو رۆڵە بۆ دەوڵەتی عێراق لە بەلجیکا دەگێڕێ خانمە دیپلۆماتکار و کۆنە پێشمەرگەی کوردە بەناوی بێریڤان دۆسکی، هاوکارمان ئاڵا شاڵی چووەتە باڵیۆزخانەکەی و گەنگەشەیەکی خۆشیان سەبارەت بە کارەکانی و تەنانەت هەندێک دیوی ژیانی تایبەتیی ئەو خانمە باڵیۆزە کوردە کردووە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاو بێریڤان خان، ئەمکاتەت باش چۆنی؟
بێریڤان دۆسکی: زۆر سوپاس ئاڵاخان بەخێربێی، من باشم سوپاس.
رووداو: سڵاوتان لێبێت، من ئاڵا شاڵیم، ئەمجارە لە بەلجیکاوە لەگەڵتانم، بێریڤان دۆسکی خانمێکی کوردە، باڵیۆزی نوێی عێراقە لە بەلجیکا، ئەو نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکات لەناو دڵی ئەورووپادا، بێریڤان دۆسکی خەڵکی دهۆکە و هەژدە ساڵە کاری لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە، ئێستا ئەرکێکی گرنگی لە ئەستۆ گرتووە، ئەویش پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ و بەلجیکا و لۆکسمبۆرگە، لەم هەڤپەیڤینەدا، بێریڤان دۆسکی بۆمان باس دەکات ئەو رۆڵی گرنگی وەکو باڵیۆزی عێراق، هەروەها وەکوو خانمی کورد لە دیپلۆماسییەتی عێراقدا، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ئەنجام دەدەین، بێریڤان خان زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
بێریڤان دۆسکی: زۆر زۆر سوپاس ئاڵا خان بۆ هاتنتان، زۆر سوپاس بۆ ئێوە، بۆ کەناڵی رووداو، بۆ بینەرەکانتان، فەرموون زۆر سوپاس، خۆشحاڵم.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس، چاوت خۆش بێت، بێریڤان خان یەکەمین جارە ژنێکی کورد دەبێتە باڵیۆزی عێراق لە بەلجیکا، لە کەیەوە جەنابتان باڵیۆزی عێراقن لێرە؟
بێریڤان دۆسکی: زۆر زۆر سوپاس ئاڵا خان بۆ ئێوە و بۆ ستافی رووداو کە هاتن، زۆر خۆشحاڵ بووم، من ئەوە چوار ساڵە لێرەم، خۆی هەژدە ساڵە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کارەکەم، چوار ساڵ لە شام بووم، چوار ساڵ لە مەدرید بووم، ساڵێک لە باشووری ئەفریقا بووم، ئەوە چوار ساڵیشە لێرە.
رووداو: بێریڤان خان، چوار ساڵ لێرەی وەکوو دیپلۆماتکارێک؟
بێریڤان دۆسکی: من چوار ساڵ پێش ئێستا کەهاتم، جێگری باڵیۆز بووم، سێ ساڵ وەک جێگری باڵیۆز کارم کرد، دوای ئەوەی باڵیۆزەکەمان گواسترایەوە، خۆشبەختانە لە سەرەتای مانگی نۆوە من باڵیۆزم لێرەم، ئەم باڵیۆزخانەیە متمانەپێکراوە لەلای بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، واتە ئێمە چوار باڵیۆزخانەین لە باڵیۆزخانەیەک.
رووداو: ئەوە گرنگە، ئێستا پرسی کۆچبەران پرسێکی هەرە گرنگە لە ئەورووپا، ئێوە تاوەکو چ رادەیەک ئاگاداردەکرێنەوە، لە ریپۆرتکردنەوەی کۆچبەران، یاخود سەبارەت بە هاتنی گەنجان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکو چ رادەیەک ئێوە لەو بابەتەدا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا یاخود لەگەڵ بەلجیکا لە لۆکسمبۆرگ لە پەیوەندیدان یاخود ئاگادار دەکرێنەوە؟
بێریڤان دۆسکی: بزانە چەندین ساڵە دانوستاندن هەیە لە نێوان عێراق و لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتە ئەندامەکانی لەو بارەیەوە، وەکو جەنابت ئاگاداری، دەستووری عێراق رێگەی بە خەڵکداوە ئازادانە هاتووچۆ بکەن، ئازادانە نیشتەجێ بن، کوێیان بوێت لەوێ نیشتەجێ بن، عێراقیش رێگەی لە خەڵکی خۆی نەگرتووە لە کاتی گەشتدا یان دەریش بچن بە شێوەیەکی یاسایی با بڵێین، بەڵام ئێستا کاتێک کە یەکێتیی ی ئەورووپا یان وڵاتە ئەندامەکانی یەکێتیی ی ئەورووپا یان لە هەر شوێنێک لە جیهاندا بە زۆرەملێ خەڵکەکە دەنێرنەوە، ئەوە سیاسەتی ئەوانە، پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، سیاسەتی ئەوانە دەنایانەوێ خەڵک دەربکەن، کاتێک کە خەڵکەکە دەربکرێت، عێراق دەرگای خۆی دانەخات بەسەر خەڵکی خۆیدا، عێراق مافی هەر هاوڵاتییەکی عێراقییە بگەڕێتەوە عێراق و لە عێراق بژیت، لەبەر ئەوە عێراق پێی ناخۆشە خەڵک بە زۆرەملێ بگەڕێنرێنەوە، لە هەمان کاتیشدا پێی ناخۆشە ئەوانەی کە خەڵک بە یاسایی دەردەخەن و پارەیەکی زۆر لێیان وەردەگرن و دەخەنە مەترسیی زۆر زۆرەوە، هەڵبەتە عێراق ئەوەی پێ ناخۆشە.
رووداو: ئێوە ئاگاداردەکەنەوە کە دەڵێن ئەوەندە عێراقیمان هەیە کارئاسانیمان بۆ بکەن بۆ دیپۆرتکردنەوەیان؟
بێریڤان دۆسکی: دەزانیت چۆنە؟ ئەگەر بەلگەنامەیان نەبێت پەیوەندی بە باڵیۆزخانەوە دەکەن، ئێمە هیچ کەسێک کە دڵنیا نەبین 100٪ عێراقییە، دوای ئەوەی کە هەڤپەیڤینیان لەگەڵ دەکەین، وردبینی لە ناسنامەکانیان دەکەین، هیچ کەسێک کە دڵنیا نەبین ئەوە عێراقییە ناسنامەی نادەینێ، یانی دوای ئەوەی کە ناسنامەی پێدرا، ئیتر ئەو وڵاتە ئەو ناسنامەیە لەوانەیە بەکاربێنێت.
رووداو: بێریڤان خان جەنابت خەڵکی دهۆکی، تاوەکو چەندێک پەیوەندیت هەیە لەگەڵ دهۆکدا و چەند ساڵ لەوێ ژیاویت و باسی ژیانی خۆتمان بۆ بکە.
بێریڤان دۆسکی: تائێستا بە شێوەزاری سۆرانی وەڵامم دایەوە، چونکە تۆش بە سۆرانی پرسیارت لێکردم، دەمەوێ بە شێوەزاری بادینی سڵاوێک بنێرم، ئەز ب خۆ کچا دهۆکێمە، ئەزل دهۆکێ ئامەزن بوویم، هەتا من دواناوەندیشی خلاسکرد ئەز ل دهۆکێ بووم، چار ساڵێن زانکۆیێژی کو من ل زانکۆیا میسلێ خلاسکر، پشڕەژی تۆ بخۆ زانی زروفێتمە کوردا چەوا بوون، مە دهۆک بجەهێلاو ئەمبووینە پێشمەرگە، پێشمەرگایەتیمان بینیوە، دەربەدەریمان بینیوە، ئیتر بیرەوەری زۆر زۆر خۆشم هەیە لە دهۆک.
رووداو: بێریڤان خان، کاتێک کە وڵاتانی یەکێتیی ی ئەورووپا یان وڵاتێکی ئەورووپا وەکو بەلجیکا بێت دەبینن بەڕێزتان ژنە کوردێکە باڵیۆزی عێراقە، چی دەڵێن؟
بێریڤان دۆسکی: دەزانیت چی؟ وڵاتە ئەوروپییەکان وڵاتانی پێشکەوتوون، پێیان خۆشە ژن لە هەموو بوارێکی ژیاندا لە پۆستەکاندا ببینرێت، لەبەر ئەوە یەکەم، ئەوە جێی خۆشحاڵییە، دووەم، رێژەی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک پێوەرە بە پێشکەوتنی ژن بەڕاستی، کاتێک کە دەبینرێت ژن گەیشتووەتە پلەی پێشەوە و بەشدارە لە حوکمڕانی و بەشدارە لە هەموو کارەکانی کە کۆمەڵگا بەڕێوەدەبرێت، ئەوە بەڵگەیە کە ئەم کۆمەڵگایە قۆناخێکی درێژی بڕیووە لە خەبات و لە جێگیربوون و لەوەی کە پیشان دەدا ئەم وڵاتە شوێنێکی پێشکەوتووە، لەبەر ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە بۆ یەکێتیی ئەورووپا کە ببینن ژنێک لە پۆستێکی وادایە، سێیەم شت کە ئەوەیە بیڵێم پێیان خۆشە کە دەبینن عێراق، عێراقێکی جاران نەماوە، ژنێکی کورد کە تاوەکو دوێنێ پێشمەرگە بوو ئێستا کاری دیپلۆماسی دەکات بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمەش جێی دڵخۆشییە، ئەوەش هەم بۆ عێراق زۆر گرنگە، هەم بۆ ئێمە وەکو نەتەوەیەک کە تاوەکو دوێنێ چەوسێنراینەوە لە چوارچێوەی عێراق، ئێستا حاڵێکی دیکەمان هەیە، ئێستا ئێمە شەریكین لەو عێراقە، پێکەوە ئەمانەوێ ئاوەدانی بکەین.
رووداو: پازدە ساڵ لە بەریتانیا ژیاوی، هەژدە ساڵە کاری دیپلۆماسی دەکەی، باشە لەگەڵ ئەم هەموو ئەزموونەدا دایکیشیت، بەڕاستی ئەرکی دایک ئاسان نییە، چۆن توانیت بگەیتە ئەم پۆستە؟
بێریڤان دۆسکی: شتێکت بۆ باس بکەم، ژنی عێراق بە گشتی، بەڵام ژنی کورد بەتایبەتی ژنێکی زۆر زۆر بەهێزە، ئێمە ژنی کورد ناسراوین بە بەهێزی بەڕاستی، ئێمەش دەبێ چاو لە پێشینان بکەین، چاو لە دایکانمان بکەین، چاو لە خەڵکی دیکە بکەین، ئەو هێزەی کە هەمانە دەبێت لە دەستی نەدەین، دەبێت زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، لەوانەیە دۆخی منیش وای لێ کردبم کە کاری زۆرتر بکەم، لە ئەورووپا بووم، لە کۆمەڵگایەک کە نەناسراو بوو بۆ من، دەبوایە خۆم پێ بگەیەنم، مناڵم پێ بگەیەنم، هەم خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا دەمخوێند و ئیشیشم دەکرد و مناڵیشم بەخێو دەکرد و دەستبەرداری دۆزی خۆشمان نەبووین، هەرگیز دۆزی خۆمان، چ دۆزی کۆمەڵایەتییەکان بێت، دۆزی کوردی بێت، هەرگیز دەستبەرداری ئەوە نەبوومە، لە هەندەران هەموو کارێکم کردووە و مناڵی خۆشم بەخێوکردووە، من دوو کوڕم هەیە هەردووکیان خوێندنیان تەواوکردووە سوپاس بۆ خودا و سەرکەوتوون لە ژیاندا، ژنی کورد ئێستا هێز و توانای ژنی کورد لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە، یانی بۆ من کە زۆر ئیشم کردووە، خەڵک هەیە قوربانی داوە و گیانی خۆی پێشکەش بە دۆزەکەی کردووە، بە وڵاتی خۆی، هەر یەکە بە شێوەیەک خەباتی خۆی دەکات و پەیامی خۆی دەدات و هیوادارم ئیتر ئەو چەند ساڵانەی کە ماویشەوە هەر بە هەمان شێوە پەیامی خۆم ئەدا بکەم.
من لە کاژێر نۆوە لە دەوامم، وەکو ئینگلیز دەڵێن ئەمن ئێرلی بێرد، وەکو چۆلەکە بەیانی زوو هەڵدەستم، بەڵام دەواممان لە کاژێر نۆ دەست پێدەکات، لە کاژێر نۆوە کە دەچمە دەوام، ئیتر نووسراوە هاتووەکانی رۆژی پێشترم بۆ دێت مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم، دوای ئەوە ئیتر راپۆرتەکانی ئامادە دکەەین، دوای ئەوە پێشوازی لە میوانان دەکەین یا ئێمە سەردانمان هەیە بۆ لایەنە فەرمییەکانی ئێرە، کارێکی خۆشیشە کە ئەنجامی کاری خۆت دەبینی و دەزانی شتەکان بە باشی ئەنجامداوە، خۆشە، رۆژەکەمان تەواو نابێ هەمووی ئیشە.
رووداو: پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا نوێنەرایەتی زیاد لە پێنج سەد ملیۆن خەڵک دەکات لە ئەورووپا، پەیوەندی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق چۆنە؟
بێریڤان دۆسکی: پەیوەندی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە گشتی و عێراق پەیوەندییەکی زۆر زۆر باشە، ئێمە پەیوەندییەکەمان لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوبەشی و هاوکارییدایە، وەکو باسمکرد پێشتریش، چوار کۆمیتە لە چوارچێوەی رێککەوتنەدا هەیە، ئێستا ئەمڕۆ سەردانی ئێرەم کرد بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بکەین بۆ کۆبوونەوەی کۆپەریشن کانسڵ کە نۆزدەی مانگە لێرەیە لەسەر ئاستی وەزارەت، وەزیری دەرەوە و وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بێجگە لەوەش وەکو گوتم چوار کۆمیتەمان هەیە لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە زۆر زۆر کاری هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەشمان پێکەوە هەیە، بێجگە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆمیتەی هاوبەشی پەرلەمانی دامەزرا کە ئەوەش کۆمیتەیەکی زۆر زۆر گرنگە، لەوەتەی رێککەوتنی هاوبەشی و هاوکاری واژۆکراوە کە لە 2012 بوو، لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا یەکێک لە خاڵەکانی چوارچێوەی ئەو رێککەوتنی هاوبەشی و هاوکارییدایە کە دەبێت کۆمیتەیەکی هاوبەشی پەرلەمانی دابمەزرێت ئەمساڵ دامەزرا، ئەو کۆمیتەیە زۆرگرنگە، چونکە پەرلەمانتارەکانی عێراق و پەرلەمانتارەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن کۆمیتەیەکی هاوبەش دروست بکەن پێی دەڵێن لیژنەی پەرلەمانییە، کۆمیتەی پەرلەمانتاران، ئەو کۆمیتەیە زۆرگرنگە، چونکە دەتوانن ئەو شتانە، ئەو مژارانە، ئەو بابەتانەی گرنگ بە عێراقەوە، بەو نوێنەرانەی خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەو بابەتە گرنگانە بێنن لەگەڵ پەرلەمانتارە ئەورووپییەکان باس بکەن و ببەنە پەرلەمانی ئەورووپا و راگەیندراو دەربچێت، کار و چوارچێوەی کارەکان دیار بکەن.
رووداو: ئەمە بۆ کورد چەند سوود دەبێت؟
بێریڤان دۆسکی: ئەمە وەکو هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، ئەمە بۆ هەموو پێکهاتەکانە، لە پەرلەمانی عێراقیش نوێنەری کوردیش هەیە وەکو نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە، ئەم نوێنەرانە بەرژەوەندی خەڵکی خۆیان دەپارێزن، نوێنەری هەولێرە بەرژەوەندی خەڵکی هەولێر دەپارێزێت، نوێنەری بەغدا هەروا، هی بەسرە هەروا، هی دهۆک هەروا، ئەو نوێنەرانە کە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق لەبەرچاو دەگرن، شتی هاوبەش دێنن لە پەرلەمانتاری ئەورووپا باس دەکەن.
رووداو: کەی دەستبەکار دەکەن؟
بێریڤان دۆسکی: ئەم ساڵ دەبێت دەستبەکار بکەن، بەڵام هەڵبژاردنی عێراق لە ئارادایە، پێموایە شتەکان دوادەخرێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و دوای دروستبوونی حکومەت، لەبەر ئەوە شتەکان تۆزێک دوادەخرێت، بەڵام لە مانگی پێنجەوە ئەو کۆمیتەیە دامەزراوە و بە هیوای ئەوەین کە کارەکان بەرەو پێشەوە ببەین و کار بکەین بۆ ئەوەی بەکارا بێت ئەو کۆمیتەیە.
حکومەتی بەریتانیا: ڤیزای کار دەدەینە شارەزایانی 82 پیشە
لە بەریتانیا رۆژانی رابردوو هەردوو پارتی گەورە، واتە لەیبە (کرێکاران)ی دەسەڵاتدار و پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن کۆنگرەی خۆیان بەست، هەردوو کۆنگرە لەژێر گوشارە رۆژ بە رۆژ زیادبووەکانی جووڵانەوە دژە کۆچبەرییەکانی نێو بەریتانیا کران، بۆیەش بڕیارەکانیان ئەوەیان پێوە دیار بوو کە دەبووایە بۆ ئارامکردنەوەی شەقامی بەریتانی بڕیاری تووندتر سەبارەت بە کۆچبەری بدەن.
لەلایەکی دیکەوە کۆمیتەی راوێژکاریی کۆچبەریی دەوڵەتی بەریتانیا لیستی 82 پیشەی بڵاوکردووەتەوە کە شارەزایانی دەتوانن بۆ وەرگرتنی ڤیزای کار لە بەریتانیا بەهۆیانەوە بێنە ئەو وڵاتە و کاربکەن، بەو مەرجەی ڤیزاکانیان بۆ چەند ساڵێک بێ و بۆیان نەکرێتە مافی مانەوەی هەمیشەیی، لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بەختیار مام شێخ میوانی دیاسپۆرا بوو، کە یەکێک لە ناسراوترین کوردەکانی نێو پارتی لەیبەی دەسەڵاتدارە، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە نوێیەکانی یاسای کۆچبەران لە بەریتانیا و کاریگەریی پارتە راستڕەوەکانی لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە روونیکردەوە.
بەپێی قسەکانی مام شێخ، بەهۆی یاسا و گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە، هەر کەسێک تەنانەت ئەگەر مافی مانەوەی لە بەریتانیا وەرگرتبێت، ناتوانێت هاوژین و منداڵەکانی بهێنێتە وڵاتەکە، ئەمەش بەرهەمی کاریگەریی پارتی ریفۆرمە کە پارتێکی راستڕەوە و سەرۆکەکەی ناوی نیگێل فەرەجە، نیگێل فەرەج کە پێشتر پەرلەمانتاری بەریتانیا و نوێنەری بەریتانیا بووە لە یەکێتیی ئەورووپا، ئێستا جارێکی دیکە لەگەڵ سێ کەسی هاوبیری خۆی بوونەتەوە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، مام شێخ ئاماژەی بەوەدا کە فەرەج توانیویەتی بە دروشمی دژە کۆچبەر دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت و خەڵک هان بدات بۆ وەستانەوە لە دژی کۆچبەران، هەمان سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیڕەو دەکات.
بەختیار مام شێخ، کە سەرکردیەکی پارتی کارە، باسی گۆڕینی بۆچوونی بەریتانییەکانی کرد سەبارەت بە کۆچبەران کە بەهۆی راستڕەوەکانەوە دروست بووە، گوتی "ساڵی رابردوو لە مانگی حەوت هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا ئەنجامدرا، ئەو پارتەی من تێیدا ئەندامم کە پارتی کارە، توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و زیاتر لە 400 کورسی لە کۆی 650 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێتەوە پارتەکەی من لە 100 کورسی زیاتر ناهێنێت و پارتی پارێزگارانیش کە ئێستا خاوەنی 170 کورسین، ئەوانیش کورسییان زۆر کەمدەکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئێمە دژە کۆچبەر نین و لە بەرامبەردا دەنگی دژە کۆچبەر زۆر زیاتری کردووە."
ئەو سەرکردەیەی پارتی کار ئاشکرایکرد، لەم رۆژانەی رابردوو ناوەندێک راپرسییەکی ئەنجامدا و پێشبینی دەکات ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، پارتی ریفۆرم زیاتر لە 370 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەهۆی رۆڵی میدیا و هاندانی خەڵکی بەریتانیایە بۆ وەستانەوە لە دژی کۆچبەران.
نیگێل فەرەج، سەرۆکی پارتی ڕیفۆرم، لە مانگی نۆی ئەمساڵ لە کاتی کۆنگرەی حیزبەکەیدا رایگەیاند و بەڵێنیدا ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لە ماوەی پێنج ساڵی حکومڕانییەکەیدا زیاتر لە 900 هەزار کۆچبەر کە مافی مانەوەی هەمیشەییان لە بەریتانیا نییە دەربکات.
بەختیار مام شێخ پێشنیار دەکات کوردەکانی بەریتانیا بەشداری کاری سیاسی بکەن و ببنە ئەندامی حیزبەکان و بانگەشیان بۆ بکەن بۆ ئەوەی ئەو حیزبانە بە هەموو توانایانەوە پشتگیرییان بکەن.
لەکۆتاییدا، مام شێخ پێیوایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هیچ حیزبێک بە تەنیا ناتوانێت دەنگی تەواو بهێنێت، بۆیە پێویستە هاوپەیمانی دروستبکرێت و دەڵێت" پێموایە پارتی پارێزگاران و پارتی کار دەتوانن پێکەوە حکومەت پێکبهێنن"، داواشیکرد چیتر کۆچبەران لە رێگەی قاچاخەوە نەیێنە بەریتانیا، بەڵکو زۆر رێگەی دیکە هەیە وەک خوێندن و کارکردن کە باشترن.
ئەڵمانیا کۆتایی بە وڵاتینامەی 3 ساڵە دێنێت و مەرجەکانی سۆشیال تووندتر دەکات
لە ئەڵمانیا ئەم هەفتەیە دوو بڕیاری پەیوەنددار بە کوردی دیاسپۆرا دەرچوون، یەکێکیان بۆ ئەوانەیە کە دەیانەویست بە 3 ساڵ ببنە خاوەنی وەڵاتینامەی ئەڵمانی، لە کابینەی پێشوودا کە ئۆلاف شۆلتز سەرکردایەتیی دەکرد بڕیاردرا هەرکەسێک لە ئەڵمانیا ئاستی خۆگونجاندن و فێربوونی زمانی بەرزترین بێ یان خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە ئەڵمانیا بکات، لەماوەی 3 ساڵدا بۆی هەیە وەڵاتینامە (یان پاسپۆرت)ی ئەڵمانی وەربگرێ.
ئەم هەفتەیە کابینەی نوێی راوێژکار فرێدریش مێرتز بە پشتیوانیی پارتەکەی شۆلتز، واتە سۆسیال دێموکراتەکان، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و چیدیکە کەس ناتوانێ بە سێ ساڵ ببێتە ئەڵمانی، بڕیاری دووەم سەبارەت بەوانەیە کە سۆسیال و یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەردەگرن، لەمەودوا مەرجەکانی بەردەوامبوونی سۆسیال قورستر دەکرێن، بۆنموونە هەرکەسێک سۆسیال وەربگرێ دەبێ پلانێکی روونی لە جۆب سەنتەری شارەکەیەوە بۆ دابنرێ کە چۆن دەیەوێ دوای ماوەیەک بچێتەوە کاربکات، ئەگەر کەسەکە پلانەکە جێبەجێ نەکات یان لەو ژوانانەی لە جۆب سەنتەر بۆی دادەنێن ئامادە نەبێ، سەرەتا 30 لەسەتی سۆسیالەکەی و دواتر تەواوی سۆسیالەکەی دەبڕدرێ، هەروەها ئەو پارەیەی بۆ کرێی خانوو و کارەبا و یارمەتییەکانی دیکەی پێیدەدرێ ئەوانیش وردە وردە دەبڕدرێن، ئەمە هەمووی بە یەک جار نابێ و ئەگەر کەسەکە چەندین جار بڕیارەکانی جۆب سەنتەری جێبەجێ نەکرد و پلانەکەی پشتگوێخست یان چەند کارێکی بۆ پێشنیاز کرا و نەچوو، ئینجا یارمەتییەکان دەبڕدرێن.
ئەزموونی شێوەکارێکی خەڵکی کەرکووک لە دیاسپۆرا
شێروان کەرکووکی، شێوەکارێکی دیاری کورد، لە ساڵی 1963 لە گەڕەکی شەتەرلووی کەرکووک لەدایکبووە، باوکی خەڵکی کۆیە و دایکیشی خەڵکی رواندز بووە، شێروان بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە یادی منداڵی و کۆڵانەکانی کەرکووک دەکاتەوە، کاتێک شارەکە لانکەی پێکەوەژیانی کریستیان و تورکمان و عەرەب بوو و هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەبوو، هەر بەهۆی ئەم خۆشەویستییەوە بۆ شارەکەی، ناوی کەرکووکی بە ناوی هونەریی خۆیەوە گرێداوە.
خولیای هونەری شێروان هەر لە تەمەنی زووەوە دەستیپێکردووە، لە تەمەنی 11 ساڵیدا یەکەم تابلۆی کێشاوە، کە وێنەی عەدنان قەیسی بووە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ باوکی کۆچکردووی هەیە، کە چۆن بە نهێنی لە قوتابخانە خۆی دزیوەتەوە بۆ ئەوەی سەیری وێنەکێشانی مامۆستایەک بکات، باوکی کە بەم کارەی زانیوە، لە جیاتی سەرزەنشتکردن هاوکاری کردووە لە گەشەپێدانی بەهرەکەی.
لە ساڵی 1997، شێروان کەرکووکی رووی لە ئەورووپا کردووە و لە هۆڵەندا و پاشان لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، پێش ئەوەی بەرەو ئەورووپا بڕوات، لە تورکیا ئەزموونی وێنەکێشانی لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس هەبووە، شێروان تاتڵیساس بە کەسایەتییەکی باش و ئاسایی وەسف دەکات و باس لەوە دەکات کە چۆن تاتڵیساس تابلۆکانی ئەوی لە کەناڵی شەشی تورکیا (کەناڵ ئاڵتێ) نمایش کردووە.
شێروان کەرکووکی تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە سەبارەت بە هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن، بە بڕوای ئەو، ئەم جۆرە هونەرانە کە بێ وردەکاری زۆر دروست دەکرێن و هەموو قوتابخانە هونەرییەکان تێدەپەڕێنن، نایەنەوێت بە هونەر دابنرێن و دەبێت هونەرمەند بە قۆناخ قۆناخ گەشە بکات.
ژیانی شێروان لە تاراوگە پڕ بووە لە هەوراز و نشێو، لە هۆڵەندا ژیانی هاوبەشی لەگەڵ ژنێکی خەڵکی هەڵەبجە پێکهێناوە، بەڵام بەداخەوە هاوژینەکەی لە ساڵی 2010 کۆچی دوایی دەکات و بۆشاییەکی گەورە لە ژیانیدا دروست دەکات.
شێروان کەرکووکی ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە لە گەشت و کۆچبەریدا دەژێت و لە ئەورووپا هەست بە غەریبییەکی زۆر دەکات، سەرەڕای ئەوەی لە ئەورووپا ئازادی بیرکردنەوە و سیستەماتیکبوونی فێر بووە، بەڵام هەست دەکات تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی لێی سەندراوەتەوە و دڵی خۆش نییە.
لە ساڵانی 2014 و 2018، شێروان گەڕاوەتەوە کوردستان بەو هیوایەی وانەی هونەر بە منداڵ و گەنجانی کوردستان بڵێتەوە، بەڵام ئەم هیوا و ئاواتەی هێشتا بەدی نەهاتووە، شێروان کەرکووکی بە شیعرەکانیشی دەنگی کوردێکی مافخوراو و نیشتمانپەروەر دەگەیەنێت، کە لە خاک دەرکراوە و چاوەکانی پڕن لە فرمێسک.
هاوکارمان زنار شینۆ فیچەرێکی باڵکێشی لەسەر دروستکردووە.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"باوکم خەڵکی کۆڕێیە و خۆشناوم، دایکیشم رواندزییە، عاتیفەکەم بۆ کەرکووک ئەوەیە کە منداڵی خۆم بیردێتەوە، کۆڵانەکانی کەرکووکم بیردێتەوە، ئەو کات کەرکووک ئەو کەرکووکە نەبوو، ئێمە لەناو کریستیان، تورکمان و عەرەبەکان بووین، رۆژێک لە رۆژان کێشەمان نەبوو".
بەهۆی خۆشەویستی خۆی بۆ بابە گوڕگوڕ کە شوێنی لەدایکبوونییەتی، کەرکووکی بە ناوی هونەری خۆیەوە گرێداوە، لە ساڵی 1963 شێوەکار شێروان عەزیز لە گەڕەکی شەتەرلووی کەرکووک لەدایکبووە، هەر زوو خولیای هونەری بووە.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"یەکەم تابلۆ کە منداڵ بووم تەمەنم 11 ساڵ بووم وێنەی عەدنان قەیسیم کێشا، ئەوە یەکەم تابلۆمە کە لەبیرم دێت".
چیرۆکێکی فیلم ئاسا لەگەڵ باوکی خوا لیخۆشبووی کە گرێدراوی هونەر بووە هەیە.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"دوکانێک هەبوو وێنەی خەییامی دروست دەکرد، بۆ بازرگانی بوو، منیش هەموو بەیانییەک دەچووم و سەیری دەستەکانیم دەکرد، لەوێ دادەنیشتم و جانتاکەم دادەنا، باوکم وایدەزانی من هەموو بەیانییەک کە هەڵمدەستێنێت بۆ قوتابخانە، دەچمە قوتابخانە، بەڵام خۆم دەدزییەوە و دەچوومە بەرامبەر ئەو دوکانە دادەنیشتم، مانگێک بەو شێوەیە تێپەڕی و من نەچووبوومە قوتابخانە، کارگوزارێکیقوتابخانەکە کە باوکمی دەناسی، هات و گوتی "مام عەزیز کوڕەکەت مانگێکە نایەتە قوتابخانە،" باوکم گوتی "چۆن؟ من هەموو بەیانییەک هەڵیدەستێنم و دەینێرم بۆ قوتابخانە، کابرا گوتی "نەوەڵا نایەتە لای ئێمە"، دواتر باوکم کە منی بەڕێکرد بۆ قوتابخانە دواتر بە نهێنی بەدوامداهات، منیش ئاگام لێنەبوو ، ئیتر وەک جاران چوومە بەردەم دوکانەکە، کاتێک هات لەبەرامبەر دوکانەکە دانیشتبووم، سێ چوار کاتژمێرێک بوو، گوتی "تۆ یەک مانگە ناڕۆیتە قوتابخانە و لێرەیت؟" وتم "وەڵا، هاتوومە سەیری ئەو پیاوە دەکەم".
لە ساڵی 1997، شێروان کەرکووکی تەمەنی 34 ساڵ بوو، رێگەی ئەورووپای گرت و لە دەستپێکدا لە هۆڵەندا و پاشان لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوو، پێش ئەوە لە تورکیا لەگەڵ هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوداری تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیساس ئەزموونی وێنەکێشانی هەبوو.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"ئیبراهیم تاتڵیساس کە تۆ لە تەلەفزیۆنەکان دەیبینیت مرۆڤێکی زۆر باش و ئاساییە، تابلۆکانی منی بینی و من نەمدەزانی کە دەیانباتە سەر شاشە، یانی لە خەیاڵی مندا نەبوو کە من چووم و تەوقەم لەگەڵ کرد، یەکەمجار بوو بە واقیعی ئیبراهیم تاتڵیساس ببینم لە کەناڵی شەشی تورکیا (کەناڵ ئاڵتێ)، ماوەیەک ماینەوە لەوێ، دواتر سەیری تەلەفزیۆنەکانی تورکیام کرد، تۆزێک ئازادی هەبوو بە بەراورد بە رژێمی بەعس، ئێمە کە رامانکرد، سەرنجم خستە سەر ئازادییەکە و تاوەکو لەوێش دەستم بە تۆزێک کاری هونەری کرد، ئیدی ئاوا خەڵکم ناسی و لەگەڵ فەنتازیاکان، زۆر حەزم دەکرد ئەحمەد کایا ببینم، بەڵام نەمبینی".
هونەری نوێ (مۆدێرن) یان پۆست مۆدێرنیزمە بە شێوازێکی جیاواز و بێ وردەکاری زۆرتر بەپێی تیروانینی شێروان کە لە هۆڵەندا خوێندوویەتی دروست نییە ناوی ئەو بەرهەمانە بە هونەرەوە گرێبدرێت.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"ئەوە با بۆ خۆی بڵێت هونەر، لە فەلسەفەی هونەر شتی وانییە لە نێوان تەسلیە و رابواردن و هونەر، جیاوازییەک هەیە، تۆ رابکەیت لە واقیعەکان و هەموو قوتابخانەکان بپەڕیتەوە، رێک بە ناوی مۆدێرن قسە بکەیت و تۆ هێشتا قوتابخانەکانی کە نەزانی، یانی تۆ دەبێت بە قۆناخ قۆناخ بڕۆیت".
من دارێکی بێ ئاو و وشک و هەڵپڕوکاوم
من کۆچەرێکی بابە گوڕگوڕ و لە خزمان دابڕاوم
من کوردێکی بێ خان و دەم کوتکراوم
من چاو بە فرمێسک و لە خاک دەرکراوم
من دەنگی کوردێکی ماف لێخوراوم
من شیعری شاعیرانم و داستانێکم لە شیعر نووسراوم
من کوڕی شەوگارم و لە ژێر ئاسمانی کوردەواریدا بەخێو کراوم
لە هۆڵەندا شێروان و ژنێکی هەڵەبجەیی ژیانی هاوبەشیان دەستپێکرد، بەڵام هاوڕێی ژیانی لە ساڵی 2010 کۆچی دوایی دەکات و تەنیا دەمێنێتەوە.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"مرۆڤ تاوەکو مرۆڤێکی ئازیز لە ژیانی خۆتدا لەدەست نەدەیت، نازانێت چ بۆشایەکت لەلا دروست دەکات، واتە نەمانی ئەو بۆشایەک بوو بۆ من، بۆشایەکی فراوانی لە ژیانی مندا بەجێهێشت، وەک ئەوەی خۆم لەناو گۆڕەپانێکی فراواندا بە تەنیا دۆزیبێەوە".
زیاتر لە 30 ساڵە شێروان لە گەشت و کۆچبەریدا دەژێت، ئەو لە ئەورووپا تێربووە.
شێروان کەرکووکی- شێوەکار:
"لێرە هێمنی نییە، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی زیاتر، فێربوونی سیستەم و سیستەماتیک، ئازادی بیر، لە هەمووشی گرنگتر، مرۆڤ تاڕادەیەک خۆی دەدۆزێتەوە، هەست بە غەریبییەکی زۆر دەکەم، واتە ئێستا لە ئەورووپا بمبەیتە کوێ دڵم خۆش نییە، حەز دەکەم منداڵی کورد فێری هونەر بکەم، ئێمە لە ئەورووپا تێربووین، کە 30 ساڵم تێپەڕاندووە، دەزانم لە سەرەتاشدا کە هاتم لێرە زۆر دڵخۆش نەبووم، ئێرە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی لێم سەندمەوە".
لە ساڵی 2014 و پاشان جارێکی دیکە لە 2018 گەڕایەوە کوردستان و هیوای ئەوە بوو وانەی هونەر بە منداڵ و گەنجانی کوردستان بڵێتەوە، بەڵام ئەو هیوایەی هێشتا بەدی نەهاتووە.
کچ و دایکێک لە ئەڵمانیا بەشێوازێکی نوێ زمانی کوردی دەپارێزن
مزگین و شاهی ئەو دوو ناوە خۆشەن کە دایک و کچێکی خەڵکی عەفرین هەیانە، هاوکارم مەی دۆست چیرۆکی ئەو دایک و کچە دیاسپۆرانشینەتان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵدەدەن کولتووری خۆیان لە دیاسپۆرا بپارێزن.
ئەو، مزگین و کچە شیرینەکەی شاهی، خەڵکی شاری عەفرینن.. ئێستا لە شاری لیڤەکوزن لە ئەڵمانیا دەژین، مزگین هەوڵدەدات ناسنامە و کولتووری خۆی لە رێگەی کچەکەیەوە بپارێزێت.
ئەو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، ڤیدیۆی کورت و پەروەردەیی بە زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە، هەمیشە ڤیدیۆیەکانیان بە رۆژباش کوردستان دەستپێدەکەن.
مزگین – بلوگەر:
رۆژباش کوردستان، ئەمڕۆ ئێمە ڤیدیۆیەکی خۆمان دروست دەکەین بۆ کەناڵی رووداو، من و شاهی لێرەین، سڵاو.. سڵاو..
دەنگی سروشتی..
مزگین تەمەنی 24 ساڵە، لە گوند گەورە بووە و لە منداڵییەوە زۆر بە زمان و کولتووری خۆیەوە پەیوەستە.
مزگین – بلوگەر:
من هەمیشە حەز دەکەم شتەکان بە زمانی کوردی دروست بکەم، فێری زمانی کوردی بم یان کولتووری کوردی، گۆڤەند بێت، گۆرانی بێت، یان هەرچی بێت حەز دەکەم بیکەم، هەر کە چاوم کردووەتەوە رووبەڕووی شتی کوردی بوومەتەوە، بە تایبەت کاتێک قسە لەگەڵ شاهی دەکەم.
مزگین چەندین کتێبی کوردی بۆ شاهی دابینکردووە، کاتێک بۆی دەخوێنێتەوە، شاهی بە وریاییەوە گوێ لە دایکی دەگرێت، مامەڵەی میزگین لەگەڵ شاهی سێ ساڵان، وەک مامەڵە لەگەڵ منداڵێک نییە، بەڵکو وەکو مامەڵە لەگەڵ هاوڕێیەکە، بە نەرمی و لە هەمان کاتدا بە جیددی قسەی لەگەڵ دەکات.
مزگین – بلوگەر:
شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ یان گەورەکردنیان، ئێمە ئەوە ناگوازینەوە، ئێستا ناتوانم بڵێم دایکم بەو شێوەیە منی گەورە کردووە منیش ئاوا گەورەی دەکەم، نەخێر، من وا ناکەم، من هەمیشە هەوڵدەدەم چەند بتوانم شتی باشی پێشکێش دەکەم، چەند بتوانم شتی باشی فێردەکەم، ئێستا ناڵێم دایکم شتی خراپی فێرکردووین نا، ئەو چەند توانیویەتی پێی بەخشیووین، منیش بەو شێوەیە لەگەڵ شاهی دەبم.
دەنگی سروشتی..
لە ڤیدیۆکاندا باسی چەندین بابەتی قووڵ دەکەن، جیاوازی نێوان بۆچوون و راستی چییە؟ تێگەیشتنیان بۆ ئازادی چییە؟ میزگین بە زمانێکی سادە و بەپێی تەمەنی کچەکەی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
مزگین – بلوگەر:
حەز دەکەم ئەو هەموو شتێک بزانێت، بزانێت چی پێویستە بیکات و نابێت کەسێک لە بەرامبەری چی بکات، یان مافی چییە و مافەکانی چین، بۆ نموونە کاتێک کەسێک لێی نزیک دەبێتەوە... من ئەو بۆ ژیانی دەرەوە ئامادە دەکەم.
جگە لەوە، مزگین و شاهی کاتەکانیان بە چالاکی جۆراوجۆر بەسەر دەبەن، ئەوان پێکەوە وێنە دەکێشن و لە چێشتخانە بچووکەکەی شاهیدا خواردن دروست دەکەن.
دەنگی سروشتی..
هەروەها شاهی زۆر حەزی لە گۆرانیی کوردییە.
دەنگی سروشتی..
ئامانجی مزگین ئەوەیە، پیشانی بدات کە لە دیاسپۆراش مرۆڤ دەتوانێت منداڵەکانی فێری زمانی دایک بکات و شێوەزاری عەفرین زیاتر بڵاوبکاتەوە.
دەنگی سروشتی..
کارەکەیان سادەیە، بەڵام پڕ واتایە، مزگین و شاهی بوونەتە قوتابخانەیەکی بچووک بۆ زمان و کولتووری کوردی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ا
بهشی بكه لە