هێمن حەوێزی بەربژێری کورد هیوای ماوە بگاتە پەرلەمانی هۆڵەندا

31 October 2025
هێمن حەوێزی بەربژێری کورد هیوای ماوە بگاتە پەرلەمانی هۆڵەندا
هێمن حەوێزی بەربژێری کورد هیوای ماوە بگاتە پەرلەمانی هۆڵەندا
 
هەرچەندە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هۆڵەندا کران، بەڵام راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان تاوەکو ئەمڕۆ درێژەی کێشاوە، (پارتی بۆ ئازادی)، کە پارتێکی راستئاژۆی پەڕگیرە و دژی کۆچبەران و بەتایبەتیش موسڵمانانە، جاری رابردوو براوەی هەڵبژاردنەکان بوو، ئەمجارە ئەو پارتە لەسەر دەستی دێموکراتەکانی 66، کە حیزبێکی لیبراڵ و گەنجە شکستی هێنا.
لەو هەڵبژاردنانەدا دیاسپۆرانشینانی کوردستانی لە هۆڵەندا زۆربەیان پشتگیریی بەربژێرێكیان دەکرد کە ناوی هێمن حەوێزی بوو و لەسەر لیستی پارتی کریستیان دێموکراتەکان خۆی بەربژێر کردبوو، پارتەکە لەچاو جاری رابردوو بردییەوە، بەڵام بەربژێرە کوردەکەی دیاسپۆرای کوردی لە هۆڵەندا نەیتوانی لە گەڕی یەکەمدا بگاتە پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش رێی تێدەچێ دواتر و بەهۆی گۆڕانکاری و رێککەوتنە سیاسییەکانەوە بگاتە پەرلەمان.
هەر لەم بارەیەوە شێرزاد رۆژبەیانی، چالاک لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە هۆڵەندا لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا و بەربژێرە کوردەکان کرد و گرنگی ئەو هەڵبژاردنە بۆ کوردانی نیشتەجێی هۆڵەندا خستەڕوو.
شێرزاد رۆژبەیانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەراورد بە ساڵانی رابردوو نایاب بووە و لە ماوەی سی ساڵی نیشتەجێبوونی لەو وڵاتەدا، یەکەم جارە هەڵبژاردن بەم شێوەیە گەرموگوڕ بێت و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی پێشوو کرد بەهۆی شکستی پارتی راستڕەوی پۆپۆلیستی فێڵدێڵدەر لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی.
رۆژبەیانی جەختی لەسەر هەوڵەکانی کردەوە بۆ هاندانی کوردی هۆڵەندا بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگداندا، بەتایبەتی بۆ ئەوەی هەست بە خاوەندارێتی بکەن و وڵاتی هۆڵەندا بە وڵاتی دووەمی خۆیان بزانن و گوتی "دەبێت کوردانیش ئەو راستییە بزانن کە ئەو هەستەیان لا دروست نەبێت کە مادام وڵاتی خۆمان نییە، پێویست ناکات دەنگ بدەین."
لەم هەڵبژاردنەدا هێمن حەوێز لەسەر لیستی پارتی کرسیان دیموکرات (CDA) بەربژێر بوو بە ئامانجی گەیاندنی دەنگی کورد بە شێوازێکی راستەوخۆ بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا، هەرچەندە پێشبینی دەکرا پارتەکەی دەنگێکی باش بەدەست بهێنێت، بەڵام نەیانتوانی و تەنیا نۆزدە کورسیان بەدەست هێنا.
لەم بارەیەوە رۆژبەیانی گوتی"کاک هێمن لە ژمارە 26ی لیستەکەدا بووە،  بەدەستهێنانی کورسی لەم ژمارەیەدا "کەمێک زەحمەتە، تەنیا ئەگەر دەنگێکی یەکجار زۆری هێنابێت" دەشڵێت" خەمبارم بەوەی سەرەڕای بوونی نزیکەی سێسەد هەزار دەنگدەری کورد لە هۆڵەندا، نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ کاک هێمن کۆبکەنەوە تا ببێتە نوێنەریان لە پەرلەماندا، چونکە بە هەشتا هەزار دەنگ دەتوانرێت یەک کورسی بەدەست بهێنرێت".
رۆژبەیانی ئاشکرایکرد، ئەمە یەکەم بەربژێری کورد نەبووە و لە رابردووشدا بەربژێری دیکەی کورد هەبوون، ئەو پێیوایە نابێت هەموو سەرنجەکە لەسەر یەک کەس بێت، بەڵکو کورد وەک کۆمەڵگایەک دەبێت لۆبی دروست بکەن و هاوڕێیان لەنێو پارتە جیاوازەکاندا پەیدا بکەن.
وەک نموونە، باسی لە هاوڕێیەتی لەگەڵ پارتەکانی وەک پارتی سۆشیالیست کرد کە لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا یارمەتی دابوون لە دروستکردنی مونۆمێنتی هەڵەبجە لە شاری لاهای، هەروەها روونیکردەوە بە هاوکارییەکانی پارتی ئازادی بۆ گەل (VVD) کرد لە ناساندنی جینۆسایدی کورددا، کە ئێستا خاتوو دیلان یەشلگوس، کوردێکی باکوور، سەرۆکایەتی دەکات و لە دوا هەڵبژاردنیشدا بیست و دوو کورسیان بەدەستهێنا.
لە کۆتاییدا، رۆژبەیانی جەختی لەسەر گرنگی بەشداریکردنی کورد لە هەر دەنگدانێکدا کردەوە بۆ ئەوەی "ئەو سەرنجە بدەنە هەموو پارتێک کە ئێمەی کوردیش حەز دەکەین ئەو وڵاتە بە وڵاتی خۆمان بزانین و بەشدار بین لە هەموو سیاسەتێکی ناو هۆڵەندا و دەرەوەی هۆڵەندا."


بێ ئی بێ: خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق کەمتر دڵخۆشن لە ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەک بڵاوبووەتەوە کە زانیاریی باڵکێشی لەسەر دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە تێدایە، ئەنیستیتیوتی فیدراڵی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دانیشتووان (بێ ئی بێ) لە سەرتاسەری ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیەکی کردووە بۆئەوەی بزانێ کام گرووپەی کۆچبەران کە لەو وڵاتە دەژین بەختەوەرترینن.
ئەنجامی لێكۆڵینەوەکە ئەم هەفتەیە بڵاوبووەتەوە و دەردەکەوێ ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانی سەر بە یەکێتیی سۆڤێتی جاران و پۆڵەند هاتوونەتە ئەڵمانیا بەختەوەرترین گرووپەکانی کۆچبەرانن لەو وڵاتە، لەنێو ئەوانەشدا کە کەمتر بەختەوەر و دڵخۆشن بە ژیان لە ئەڵمانیا خەڵکی باشووری کوردستان و عێراقن (کە لە لێکۆڵینەوەکەدا بە هاووڵاتییانی عێراق) ناویان هاتووە، کەچی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا (کە ئەوانەیش وەک هاووڵاتیی سووری ناویان هاتووە) دەرکەوتووە بەختەوەر و رازین لە ژیانیان لە ئەڵمانیا.
لێکۆڵەرەکان کە تیمێکی گەورەی پرۆفیسۆر و دکتۆر و کەسانی ئەکادیمیی ئەڵمانین، ناڕازیبوونی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق لە ژیان لە ئەڵمانیا بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە یاساکانی پەنابەری لە ئەڵمانیا چیدیکە ئاسانکاری ناکەن بۆ هاووڵاتییانی عێراق تاوەکو زووتر مافی پەنابەری وەربگرن یان ماڵباتەکانیان رابکێشنە ئەڵمانیا، لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەو کەسانە بەشدارییان کردووە کە یان کۆچبەرن یان کاتی خۆی ماڵباتەکانیان وەک کۆچبەر هاتوونەتە ئەڵمانیا و تەمەنیان لەنێوان 20 تاوەکو 52 ساڵدایە. 


سوێد 34 هەزار دۆلار دەداتە هەر کۆچبەرێک ئەگەر بگەڕێتەوە وڵاتەکەی
سوێد 63 هەزار دۆلار دەداتە هەر خێزانێکی کۆچبەر ئەگەر بگەڕێنەوە ولاتەکەیان


حکومەتی سوێد دەیەوێ لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، واتە پاش دوو مانگی دیکە، کارێک بکات هانی زۆرترین کۆچبەر بدات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، ئەویش بەوەی هەرکەسێک ویستی بە خۆبەخشانە بڕواتەوە پارەیەکی زۆریان بداتێ بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ لە وڵاتی خۆیان.
بەپێی پلانەکە ئەگەر کەسێکی کۆچبەری سەرووی 18 ساڵ بەتەنیا بڕواتەوە 350 هەزار کرۆن (واتە 34 هەزار دۆلار)یان بداتێ، ئەگەر ژن و مێردێک بیانەوێ بڕۆنەوە 500 کرۆنی سوێدی (واتە 52 هەزار دۆلار) و ئەگەر ماڵباتێک بن بە منداڵەوە 600 هەزار کرۆن واتە (63 هەزار دۆلار)یان بداتێ.

پلانەکە سەرنجڕاکێش دیارە، بەڵام زۆرتر لە 20 شارەوانیی سوێد دژین، بەتایبەتیش شارەوانیی مالمۆ (یان مالمێ) و یۆتلاند و یۆتۆبۆری لەنێو ئەو شارەوانییانەن کە دەڵێن پلانەکە خراپە و تەنیا خەرجی زیاد دەکات، جڤاتی شارەوانیی یۆتۆبۆری لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی وڵاتەکەی دەڵێ پێویستە حکومەت بیر لە خۆشکردنی ژیانی دانیشتووانی سوێد بکاتەوە، نەک پلانی ناکردەیی وا دابنێت کە دابەشبوون و ناکۆکی لە کۆمەڵگەدا دروستدەکات.

پەرلەمانی بەریتانیا: حکومەت 15 ملیارد پاوەند لە هوتێلەکانی کۆچبەران بەهەدەر دەدات
پەرلەمانی بەریتانیا: ئەو هوتێلانە شوێنی گونجاو نین بۆ مانەوەی درێژخایەنی پەناخوازان


مەسەلەی کۆچبەران و هوتێلەکان لە بەریتانیا ماوەیەکی زۆرە لەلایەن گرووپە دژە کۆچبەران و پارتێکی دژە کۆچبەری ئەو وڵاتەش بەکاردێت، کەم هەفتە هەیە نەبیسترێ لەبەردەم یەکێک لەو هوتێلانەی کۆچبەرانیان تێدا نیشتەجێکراون خۆپیشاندان نەکرێ و هەندێکجار هێرشیشیان نەکرێتەسەر. 
ئەم هەفتەیە لیژنەیەکی پەرلەمانی بەریتانیا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە هێندەی دیکە قسەی گرووپە دژە کۆچبەران سەبارەت بەو هوتێلانە بەهێز دەکات، راپۆرتەکە دەڵێ حکومەتەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە بەریتانیا پارەی زۆریان لەو هوتێلانەدا بەهەدەر داوە، بەجۆرێک کە خەرجییەکانی نیشتەجێکردنی پەنابەران لە ساڵی 2019ەوە تاوەکو 2029 چاوەڕواندەکرێ بگاتە 15 میلیارد پاوەند، هۆیەکەشی ئەوەیە بڕیار وابووە ئەو هوتێلانە شوێنی نیشتەجێکردنی کاتیی پەناخوازان بن تاوەکو شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەکرێ، کەچی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا بۆ ماوەی دوور و درێژ پەناخوازانیان لەو هوتێلانەدا نیشتەجێکردووە.
لیژنەکە دەڵێ ئەمە لەلایەکەوە دانیشتووانی بەریتانیی نزیک ئەو هوتێلانەی نیگەران کردووە لەلایەکی دیکەشەوە شوێنی گونجاوی نیشتەجێبوون نین بۆ پەناخوازان، وەک لیژنەکە دەڵێن ئەوەی لەو نێوانەدا قازانجی زۆری کردووە ئەو کۆمپانیایانەن کە سەرپەرشتیی پرۆسەی نیشتەجێكردن و هێشتنەوەی پەناخوازانیان لەو شوێنانەدا کردووە.

ئەڵمانیا.. هەریاد هاشم بووەتە وەرزشکارێکی سەرکەوتوو لە ئەڵمانیا
ئەڵمانیا.. هەریاد تەمەنی 17 ساڵە و بێ دایک و باوک گەورەبووە


دەگەڕێمەوە ئەڵمانیا، ئەمشەو چەند برایەک میوانمانن کە چیرۆکێکی باڵکێشیان هەیە، بەتایبەتی هەریاد کە تەمەنی 17 ساڵە و سەرەڕای ئەوەی دایک و باوکی نییە، بەڵام بە هەوڵی خۆی و براکانی توانیویەتی ببێتە وەرزشکارێکی سەرکەوتوو.
هێمن عەبدوڵڵا میوانداری هەریاد و سۆرانی کرد، دوو برا کە نموونەیەکی درەوشاوەی یەکگرتوویی و خۆڕاگرییان نیشان دا، لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، هێمن عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە پاڵەوانی راستەقینەی ئەم چیرۆکە، جگە لە هەریادی بۆکسێنەر، براکانیەتی، سۆران و یەعقوب، هەریاد، کە لە تەمەنێکی بچووکدا بێ دایک و باوک گەورە بووە، بەڵام براکانی پیاوانە پشتییان گرتووە و پەروەردەیان کردووە تاوەکو گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لەم دواییانەدا لە ئەڵمانیا خەڵات وەربگرێت.
هێمن عەبدوڵڵا بە پێکەنینەوە باسی چیرۆکی هیتلەری کرد و پرسیاری لە هەریاد کرد، کە ئەم ناوە چییە، هەریاد بە روویەکی خۆشەوە روونیکردەوە کە لە یەکەم یاریدا لە ئەڵمانیا، رکابەرەکەی ناوی هیتلەر بووە، گوتی "چوومە ژوورەوە و بە تووڕەیی سەیری منی دەکرد، منیش بە تووڕەیی سەیری ئەوم دەکرد، مامۆستاکەم پێی گوتم: دەستپێبکە و لووتی بشکێنە! لێیدە! بەس لێم نەدا،" ئەم چیرۆکە سادەیە، بەڵام پڕ واتایە، بووە مایەی پێکەنین و سەرسامی ئامادەبووان.
سۆران هاشم، برای هەریاد، باسی لەوە کرد کە هەریاد لەم دواییانەدا پلەی دووەمی لە بۆکسێنگدا بەدەستهێناوە لە شاری کالسرۆ لە ئەڵمانیا، هەریاد لە یانەکەی خۆی لە کیک بۆکسینگ لە رافرس بۆرگ راهێنان دەکات، لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرەکەی ئایا ئەندرێ، برا گەورەکەی، یەعقوب، کە لە پشتی کامێراوە پاڵپشتی دەکات، راهێنەری ماڵەوەی هەریادە.
سۆران باسی لەوەش کرد کە چۆن هەریاد هاتە ناو دنیای بۆکسێنگ، کاتێک دایکیان کۆچی دواییکرد، هەریاد تەمەنی حەوت ساڵان بووە، سۆران و یەعقوب و ئەیوبی برایان، کە ئێستا لە کوردستانە، ماڵەکەیان بە جۆرێک رازاندووەتەوە کە هەریاد هەر لە جێگاکەی خۆیەوە دەیتوانی یاری بۆکسێنگ بکات تاوەکو دەچووە ناو باخچەکە، ئەمە نیشانەی خۆشەویستی و دڵسۆزی براکان بوو بۆ بچووکترین ئەندامی خێزانەکەیان.
هێمن عەبدوڵڵا پرسیارێکی ئاراستەی سۆران کرد، سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەوان وەک برا، بەبێ دایک و باوک، توانیویانە هەریاد پەروەردە بکەن و بیکەنە پاڵەوان، لەکاتێکدا زۆر منداڵی دیکەی کورد دایک و باوکیان هەیە بەڵام سەرکەوتوو نین، سۆران بە قووڵی وەڵامی دایەوە و گوتی "ئێمە یەکگرتووین، ئەو یەکگرتووەش ئێمە لە دایکمانەوە فێر بووین، یەکگرتووی نێوان براکانم، کە کاتێک دایکمان کۆچی دواییکرد، هەریاد حەوت ساڵان بووە و ئێمە بەتەنیا لە ئەڵمانیا ماونەتەوە، خەڵک دەیانوت تەواو، منداڵەکان دەکەونە سەر شەقام، هیچ کەسێکمان نەماوە لێرە، بەڵام ئێمە یەکدیمان گرت و بڕیارمان دا کە ئەگەر پاڵپشتی یەکتر نەکەین، هیچ چارەنووسێکمان نابێت،واتە یەکگرتووییمان نهێنی سەرکەوتنمانە".
سۆران باسی لەوەش کرد کە خۆی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا خواردن و جل شوشتنی هەمووانی کردووە، بەڵام ئێستا هەریاد فێری کردووە و خۆی جلی دەشوات و دەتوانێت خواردن دروست بکات.
هەریاد بە پێکەنینەوە باسی خواردنی کرد و گوتی" براکانم هەمیشە پێمدەڵێن زۆر کەباب دەخۆی، کەباب و کفتە". گوتیشی"کەبابی کوردی یەکەمە، نهێنی سەرکەوتنم کەبابی کوردییە". ئەمە نیشانەی خۆشەویستییەکەی بوو بۆ خواردنی کوردی،
سەبارەت بە خۆئامادەکردنی بۆ یارییەکان، هەریاد گوتی"هەفتەیەک پێشتر نانی زۆری نەدەخوارد، تەنیا نانی سووک وەک پاستا و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە کەمی، هەروەها راهێنانی زۆری دەکرد".
سەبارەت بە هەستی کوردبوون و ئاڵای کوردستان لەکاتی یارییەکانیداهەریاد گوتی "یەکێک هەیە بە ئاڵای کوردستانەوە لە ئەڵمانیا یاری دەکات، ئەوەم پێ جوانە، یانی شەرم ناکات کە کوردە، منیش وەک ئەوم، منیش شەرم ناکەم کوردم، من بەو خەڵکانە لە دەرەوە پێیان نیشان دەدەم من کێم و خەڵکی کوێمە".
سۆران باسی لەوە کرد کە خۆی لە زانکۆ لە بەشی هونەری و شانۆ خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی بچووکی هەریاد و پێویستییان بە پارە، زەحمەت بووە بەردەوام بێت، بەڵام ئێستا هەموویان گەورە بوون و خوێندنیان تەواو کردووە و کار دەکەن.

پزیشکێکی کورد لە کەمپەکانی کۆچبەراندا منداڵان فێری هونەری شێوەکاری دەکات

ناوی ویژدانە، کارە هونەرییەکانیشی ویژدانی مرۆڤایەتی دەجووڵێنن، پزیشکێکی ددانە کە هاوکارمان زنار شینۆ لە فیچەرێکدا دیوە هونەرییەکەیمان پێدەناسێنێ.

دەقی نیوزفیچەرەکە:
بەردی بچووک، بەرهەمی گوزارشتکارانە لە پرسیارە گەورەکانەوە دەخوڵقێنن.
ویژدان رەشید، پزیشکی ددانە، ساڵی 1972 لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە منداڵییەوە جیهانی وێنەکێشان سەرنجی راکێشاوە.

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"پێشتر وێنەی فیلمی کارتۆنم دەکێشا و زۆر حەزم پێی بوو، لە سەردەمی ئێمەدا ساسۆکی هەبوو، گریندەیزەر و عەدنان و لینا هەبوو، ئێمە هەموو منداڵ بووین کە حەزمان لە فیلم بوو، فیلمە کارتۆنەکان هانیاندام کە وێنەی ئەو کەسایەتییانە بکێشمەوە".
لە ماوەی خوێندنی پزیشکیی ددان لە زانکۆی حەلەب، کاریکاتێری گوزارشتکارانەی لە ژیان و رەوشی خوێندکاران کێشاوە کە زۆربەیان کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەمێکیان سیاسی بوون.

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"خەڵک بە گشتی زەزی لێدەکەن، بەتایبەت کاریکاتێر، چونکە چالاکی و دینامیکییەتی تێدایە و مرۆڤ پێوەی پەیوەستە، وەکو ئەو تابلۆ ئاساییانە نییە کە سەیری دەکەیت و رەنگە دواتر لەبیرت بچێتەوە، دەبێت کاریگەریی لە مێشکی مرۆڤدا هەبێت، جاری وا هەبوو سیاسی بوو، هەندێجار کۆمەڵایەتی بوو،".

دوای وێنە و کاریکاتێر، دروستکردنی بەرهەمی هونەری و گوزارشتکردن لە پرس، رەوش و دیاردەکان بە بەردی بچووک، بووەتە کاری سەرەکی ئەو.

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"شتێکی نوێیە، شتێکە کە لە جیهاندا بوارێکی کاریکاتێری کلاسیکی بوو، بەڵام ویستم لە بیری خۆمەوە شتێک بکەم، ئەمە بیرۆکەیەکی نوێیە، بۆ نموونە کە باڵندەیەک دەکێشم، چەندین تابلۆ هەن، کاتێک سەیری ئەم وێنانەم دەکرد، هەستم دەکرد شتێکی ئاساییە، واتە ئەو داهێنانەی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەی وێنەکانم زۆر جوانن و ژیانی کاریکاتێرییان هەیە، بەڵام ئەو داهێنانەم تێدا نەدەبینییەوە کە دەمویست شتێکی جیاواز لە وێنەکەمدا بتەقێنمەوە، بەڵام بەردم بینی، بەرد بەڕاستی بوارێکی زۆر فراوانی تێدایە بۆ کارکردن".

بۆ ئەوەی منداڵانی ناو کەمپەکان کاتەکانیان بە بەتاڵی بەسەر نەبەن، ویژدان رەشید کە باوکی چوار منداڵە، وانەی فێربوونی وێنەکێشانیان پێدەڵێتەوە، منداڵەکان سوپاسی دەکەن.

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"هەفتەی جارێک یان دوو جار وانەی وێنەکێشانیان بە منداڵان دەڵێمەوە، بەپێی کاتی خۆم، نزیکەی 15 بۆ 20 منداڵن، بۆ نموونە ئەمە تابلۆی منداڵێکە کە تەمەنی نزیکەی هەشت ساڵانە دروستی کردووە، بە شێوازێکی زۆر ئاسان بۆیان رووندەکەمەوە، بۆ نموونە دەڵێم ئەم کارە چۆن بکەین، لە ژمارە یەک، دوو، سێی لاتینییەوە، ئەمە منداڵە پەنابەرەکانی ئەفغانی، رووسی و ئۆکراینین".

هەندێکجار فۆرم و پێکهاتە ئەندازەییەکانی بەردەکان، بیرۆکەی بەرهەمی هونەری بۆ ویژدان دروست دەکەن کە ناوی هونەریی جانۆیە.

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"دوو رێگە هەیە، یان بیرۆکەکە سەرەتا دێتە مێشکم و دواتر بەردەکە بەگوێرەی ئەو بیرۆکەیە دەدۆزمەوە و کاری تێدا دەکەم، یانیش هەندێکجار بەردێک دەبینیت شێوەی لە شتێک دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە، یان بیرۆکەیەک لێیەوە دروست دەبێت، یان بیرۆکەکە پێشتر هاتووە یانیش دواتر دێت".

لە ساڵی 2015ـەوە ویژدان و خێزانەکەی لە ئەڵمانیا دەژین، ئەو بەردەوامە لە کردنەوەی پێشانگە، ئەڵمانیا ئارامی و دەرفەتی کاری بە خۆی و خێزانەکەی پێبەخشیوە.

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"من لە ئەڵمانیا لە ئارامی و ئاسایشدا دەژیم و منداڵەکانی منی پاراستووە، کاتێک ئێمە پێویستیمان بە ئارامییەک بوو بەتایبەتی دوای ئەو شەڕانەی روویاندا".

دوورکەوتنەوە لە نیشتمان قوربانیدانیشی لەگەڵدایە

ویژدان رەشید، پزیشکی ددان و شێوەکار
"ئەو مێژووەی لە قامشلۆ، لە رۆژئاوا دروستمکردبوو، بەڕاستی زۆر بیری دەکەم".

وێستگەی کۆتایی ژیانی ویژدان، نایەوێت لەو وڵاتە سارد و بێگانەیە بێت، چاوی لەسەر خاک و ئاوی کوردستانە کە ماڵی خۆی لێ دامەزراندووە، پێش ئەوەی بگاتە وێستگەی کۆتایی.

هێمن حەمەساڵح باسی دوایین کارە هونەرییەکانی دەکات
هونەرمەند هێمن حەمەساڵح، سەرەڕای ئەوەی دانیشتووی بەریتانیایە، بەڵام کارە هونەرییەکانی بە تەواوی هەڵگری بۆن و بەرامی شاخ و داخەکانی کوردستانن، ئەو لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا، باس لە کار و بەرهەمەکانی و ئاستەنگەکانی بەردەم هونەری کوردی لە دەرەوەی وڵات کرد.
هێمن حەمەساڵح، وەک خۆی باسی دەکات، بۆ بەرهەمهێنانی دوو ڤیدیۆ کلیپی نوێ، گەشتێکی بۆ بۆکان ئەنجام داوە و دەڵێت "چووینە بۆکان، کاک موحسین هەریوان لەوێ کارم لەگەڵ دەکرد، وەک ئیشی دابەشکاری و ئیشی میوزیک، ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ کرا و توانیومانە دوو ڤیدیۆ کلیپ تۆمار بکەین". ئاماژە بەوەش دەدات کە کاک ئەحمەد، ڤیدیۆگرافەری پرۆفیشناڵ و هاوڕێی نزیکی لە لەندەن، نەیتوانیوە یاوەرییان بکات بۆ کوردستان.
هەمیشە دوورکەوتنەوە لە وڵات کاریگەریی قووڵی لەسەر هونەرمەندان هەیە، هێمن حەمەساڵح باس لەوە دەکات کە یەکەم کاری هونەریی لە ساڵی 2006 بووە لەگەڵ مامۆستا بورهانی موفریزادە لە شاری لەندەن، دەڵێت "دوو سێ کارمان کرد، بەڵام بەڕاستی ئەو کاتە ئەو سەردەمە بۆ من گونجاو نەبوو، نەمتوانی بەرهەمەکان بڵاوبکەینەوە تاوەکو ساڵی 2020، بەڵام لە 2020 ەوە بەردەوامین".
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بەردەم هونەرمەندانی کورد لە دەرەوەی وڵات، بە بڕوای هێمن حەمەساڵح، نەبوونی گوێگرێکی شایستەیە، ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت "راستی گەورەترین کێشەی ئێمە گوێگرە و زۆربەی زۆرمان، بە منیشەوە، ئەو ئیشانەی کە دەیکەین تەنیا بووەتە بەشێک لە ئارەزوو، هونەر، بەداخەوە، هونەری جوان گوێگری نییە، من دوای 25 ساڵ لە بەریتانیا تاوەکو ئێستا کۆنسێرتێکی خۆشم نەبینیوە کە کرابێت". ئەمەش وای کردووە کە نەتوانێت لە هیچ شوێنێکدا بەشداری بکات، چونکە بە وتەی ئەو، "کێشەکەمان گوێگرە، کێشەی ئیشی هونەریمان نییە". ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی توانا، کارێکی باش دەکەن لەگەڵ خەڵکی باش، میوزیکژەنی باش و ڤیدیۆگرافەری زۆر باش، بەڵام گوێگر نییە.
هێمن حەمەساڵح خەڵکی قەڵادزێیە و شانازی بە شارەکەیەوە دەکات و دەڵێت "شوێنی لەدایکبوونم قەڵادزێیە، شارێکی جوان". ئەو بە ئاماژەدان بەوەی کە چەندە هونەر دوای مردن گەورە دەبێت بەڵام"هەمیشە ئێمەش دەڵێین ئێمەش هونەر دەکەین بۆ مێژوو، بۆ دوای مردنمان".
سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هێمن حەمەساڵح خاوەنی خەونێکی گەورەیە بۆ ناساندنی دەڤەرەکەی لەو بارەوەیە گوتی "من ویستم شتێکی زۆر جیاواز بکەم، ئەوەی کە لەو دەڤەرەی ئێمە، وەک پشدەر و بتوێن، تۆزێک دوور بووینەوە لە مەسەلەی گۆرانی تازەگەری و پۆپ میوزیک و ئەو شتانە، من خۆشحاڵم کە توانیومە بەشێک بم لەو دەڤەرە و بتوانم دەنگی پشدەریش بگەیانم بە کوردستانی گەورە".
هێمن حەمەساڵح نموونەی هونەرمەندێکی بەتوانایە کە سەرەڕای دووری لە نیشتمان، بەڵام هەوڵ دەدات لە رێگەی هونەرەکەیەوە، پێوەندییەکانی لەگەڵ خاک و کولتووری نەتەوەکەی قووڵتر بکاتەوە و دەنگی ناوچەکەی بە کوردستان و جیهان بگەیەنێت.


ئەڵمانیا.. سیبەر ئەفەندی دەیەوێ بە رەنگە تایبەتەکانی رێچکەکانی مۆدە بشکێنێت 
سیبەر ئەفەندی باسی کۆلێکشنەکانی دەکات کە هەمیشە ناوی کوردییان هەیە


سیبەر ئەفەندی ناوێکی تایبەتی هەیە، لە کۆبانێ ماڵباتی ئەفەندی بەوە ناسراون کە سەرکەوتوو و کاریگەرن، ئەویش وایە، لە دنیای مۆدە و دیزایندا کاری تایبەت دەکات و حەزدەکەم هاوکارم مەی دۆست لەو فیچەرەدا زۆرترتان بۆ بگێڕێتەوە.

سیبەر ئەفەندی، کچێکی کوردی تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی کۆبانێیە، لە ساڵی 2016ـەوە لە هۆڵەندا دەژی و ئێستا رووی لە جیهانێکی نوێ کردووە؛ جیهانی مۆدە و دیزاین، ئەو، بە رەنگە تایبەتەکانی خۆی دەیەوێت رێچکەکانی مۆدە بشکێنێت و بە روانینێکی جیاوازەوە سەیری ئەم بوارە بکات، ئەو لەبارەی خۆیەوە دەڵێت: "سیبەر رەنگاوڕەنگە".
یەکەمین کۆلێکشنەکەی بە ناوی KurdItalia Heritage بوو.


سیبەر ئەفەندی- دیزاینەر

ئێستا حەزمکرد شتێک لە کولتوورەوە وەربگرم و شتێکیش لە جیهانی مۆدەوە، زۆرمان حەز دەکرد کەسێک دیزاینێک بکات کە بڵێین زەوقی تێدایە یان نا، دیزاینەرێکی ئیتاڵیم دۆزییەوە، لە پڕۆژەیەکدا پێویستە وەرزێک ببینیتەوە بۆ ئەوەی ئیلهامی لێوەربگریت، واتە شتەکان ئەکادیمین، بەڵام من بە شێوازێکی هونەری و داهێنەرانە کردم، سیاسەتم تێکرد، ستەمم تێکرد، ئەو شتانەی کە زۆر لە سۆشیاڵ میدیا دەیانبینین.


ئەم هەوڵەی بۆ دروستکردنی پردێکی کولتووری، لە هەمان کاتدا فەلسەفەی ژیانیشی نیشان دەدات، ئەو باوەڕی وایە کە هونەر و مۆدە دەتوانن مرۆڤەکان لە یەکدی نزیک بکەنەوە.


سیبەر ئەفەندی- دیزاینەر

ئێمە هەموومان یەکین، مرۆڤەکان هەموو یەکین، رەنگە بە جلوبەرگ وا نەبێت، بەڵام بەلای منەوە واین، ئێمە هەموو یەکین، با هەموو بوەستن، با ئەوانیش بوەستن، تۆ دەتوانیت لەلای من بیت و منیش دەتوانم لەلای تۆ بم، ئەگەر لەم شتە بچووکەوە دەست پێبکەین، دەتوانین شتی گەورەتریش دروست بکەین.


سیبەر، ئەم پەیامە لەنێو وردەکارییەکانی کارەکەیدا دەشارێتەوە، ئەو یەکەمین دیزاینی کۆلێکشنەکەی "KurdItalia Heritage"ـمان نیشان دەدات.


سیبەر ئەفەندی- دیزاینەر

بەوپێیەی من کوردی و ئیتاڵیم تێکەڵ کردووە، واتە سەیری قوماشەکە دەکەیت و دەزانیت قوماشێکی کوردی نییە، زیاتر دەتوانین بڵێین شتی چاکەت یان وەکو پەردە وایە یان وەکو پارچەی خاولی وایە، بەڵام بەشێوەیەکی داهێنەرانە کراوە، لای کورمانجەکانیش، قوماشێکی سادەی ئاسایی نییە، یان زۆر رەنگاوڕەنگە یان گرانبەهایە لای کورمانجەکان، من تێکەڵم کرد، گوتم ئەم قوماشە دەهێنم کە زۆر گرانبەها نییە، بەڵام کاتێک سەیری دەکەیت وا دەردەکەوێت کە بە دەست دروستکراوە، بۆ ئەوەی زیاتر، با بڵێین رۆحی کورمانجی و رۆحی ئیتاڵیای پێ بدات، ئیتاڵیا و منیش زۆر رەنگاوڕەنگین.



یەکەمین کۆلێکشنەکەی بناخەی خەونێکی گەورەیە، بۆ ئەوەی بیکاتە راستی، لە سەرەتادا بۆ ماوەی 4 ساڵ لە شاری ئوترێخت لە هۆڵەندا دیزاینی مۆدەی خوێندووە.


سیبەر ئەفەندی- دیزاینەر

کاتێک دەخوێنم، نامەوێت هەر کە تەواومکرد راستەوخۆ کارێک بکەمەوە، دەمەوێت سەرەتا ئەزموون یان وەکو دەڵێین شارەزاییم هەبێت، دەمەوێت هێدی هێدی پلان دابنێم بۆ ئەوەی مارکەیەکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە.


ئەو، لەگەڵ ئەم خەونەدا، دەیەوێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ کەسانی دیکەش، پەیامی کۆتایی ئەو، تەنیا لەبارەی مۆدە نییە، بەڵکو لەبارەی خۆناسین و ژیانە.


سیبەر ئەفەندی- دیزاینەر

بەدوای خۆتاندا بگەڕێن، خۆتان بناسن، حەز لە هەموو شتێک بکەن، بەدوای خۆشەویستیدا بگەڕێن، خۆشەویستی تەنیا کچ و کوڕ نییە، خۆشەویستی، خۆشەویستی، خۆشەویستیی نەتەوە، خۆشەویستیی کار...  بگەڕێن بزانن حەزتان لە چییە، بۆ ئەوەی تێیدا گەورەتربن و ئاسوودەبن.

سیبەر ئەفەندی بە رەنگەکانی کۆبانێ و خەیاڵە جیهانییەکانیەوە، درێژە بە گەشتەکەی لە جیهانی مۆدەدا دەدات.