حکومەتەکانی ئەورووپا دەیانەوێت کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بنێرنەوە

07 November 2025
حکومەتەکانی ئەورووپا دەیانەوێت کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بنێرنەوە
حکومەتەکانی ئەورووپا دەیانەوێت کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بنێرنەوە

لە سەرتاسەری یەکێتیی ئەورووپا دەنگی ناردنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەرزبووەتەوە. فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، بەڕاشکاوی دەڵێت دەبێ ئەو کۆچبەرانە بنێردرێنەوە کە بڕیاری ناردنەوەیان دراوە. بۆیەش لە سەردانی هەفتەی داهاتووی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ بەرلین، ئەم مژارە باسدەکرێ. 
ئەم هەفتەیە یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بە لێدوانێکی لەسەر زەحمەتبوونی ناردنەوەی هاووڵاتییانی سووریا هەرایەکی گەورەی لەنێو میدیای ئەڵمانیا و لەنێو حکومەتەکەی خۆیشیدا نایەوە. ئەو کە سەر بە پارتی کریستیان دێموکراتەکان بە رێبەرایەتیی مێرتزە، چووبووە سووریا و هەندێک ناوچەی بینیبوو، کە زۆر وێران ببوو. بۆیەش پێیوابوو زەحمەتە خەڵک بتوانن لە شوێنێکی وا ژیانێکی شایستەیان هەبێ. راوێژکاری ئەڵمانیا و بەرپرسانی دیکە وەڵامی خێرایان هەبوو و گوتیان دەبێ ناردنەوەی کۆچبەرانی هاووڵاتیی سووریا جێبەجێ بکرێ. هەر ئەم هەفتەیەش دادگایەکی ئەم شارە (واتە دوسەلدرۆف) بڕیاریدا کە ناردنەوەی هاووڵاتییانی سووریا (بە هەندێک مەرجەوە) دەکرێ جێبەجێ بکرێ. دادگاکە حوکمی لەسەر دۆسێی پەنابەریی پیاوێکی سووریی 46 ساڵ و کوڕە 26 ساڵەکەی دا. بەپێی حوکمەکە ناوچەکانی دیمەشق و لازقیە هێندە مەترسیدار نین کە نەکرێ کۆچبەرانیان بۆ بنێردرێتەوە. 
پێشتریش لە سێپتێمبەری ئەمساڵ دادگایەکی شاری کوێلن لەسەر دۆسێی کۆچبەرێکی رۆژئاوایی خەڵکی پارێزگای حەسەکە بڕیارێکی هاوشێوەی دابوو. لەلایەکی دیکەوە دانیمارک دەیەوێ بە سیاسەتێکی جیاواز لە ئەڵمانیا کۆچبەرانی رۆژئاوا و سووریا بنێرێتەوە. ئەویش بەوەی کە بڕە پارەیەکیان بداتێ کە هێندە زۆر بێ بتوانن لە وڵاتی خۆیان ژیانێکی نوێی پێ دەستپێبکەنەوە. دیاسپۆرا دۆسێیەکی تایبەتی لەسەر ئەم مژارە هەبوو.
هەر لەم بارەیەوە لە دانیمارک دەنیز سرنجی،کە رۆژنامەڤان و نووسەرێکی کوردستانی و دانیمارکییە، میوانی دیاسپۆرا بوو رایگەیاند، حکومەتە ئەورووپییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی رۆژئاوا و سووریا بۆ وڵاتەکانیان، ئەم پرسە بووەتە بابەتێکی گەرمی مشتومڕ لە وڵاتانی ئەورووپا، بە تایبەت لە دانیمارک، ئاماژەی بەوەدا کە پارتە دانیمارکییەکان داوای گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری و رۆژئاوای کوردستان دەکەن، بە تایبەت دوای راگەیاندنی ئاسایشی هەندێک ناوچە لە سووریا، پارتەکان پێیانوایە کە دەبێت ئەم پەنابەرانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی بکەن، بەڵام ئەم سیاسەتە وەک دەردەکەوێت ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر کۆمەڵگای دانیمارک.
بە گوتەی سرنجی، لە دانیمارک نزیکەی 45 هەزار پەنابەری سووری هەن، لە نێو ئەم ژمارەیەدا، دەوروبەری 5 هەزار کەسیان کوردن، هەندێک پێیانوایە ژمارەی کورد زیاترە، بەڵام سرنجی پێیوایە ژمارەکە کەمترە، ئەم ژمارە زۆرەی پەنابەران، چ کورد بن یان عەرەب، وای کردووە کە دانیمارک تووشی گوشارێکی زۆر بێت لە پرسی یەکخستن و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆیان.
دەنیز سرنجی باسی "هەشت بەشی چوار"ی یاسای پێکەوەژیانی دانیمارکی کرد، کە وای لە پەنابەران کردووە کە بە شێوەیەکی کاریگەرتر لەگەڵ کۆمەڵگادا تێکەڵ ببن، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانەش، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بە تایبەت ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی بەرزن، تووشی بێکاری بوونە و نەیانتوانیوە کارێکی شیاو بدۆزنەوە.
ئەو رۆژنامەڤانە کوردە روونیکردەوە کە سیاسەتی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سووریا، چەندە لە ئاستی قسەدا باسی لێوە دەکرێت، ئەوەندە لە واقیعدا جێبەجێ ناکرێت، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەڕێنراونەتەوە زۆر کەمە و ئەو ژمارەیەی کە باس دەکرێت 27 هەزار راست نییە. پارتە دانیمارکییەکان زیاتر قسە لەسەر گەڕانەوە دەکەن، بەڵام لە کردەییدا رێگری زۆر هەیە لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پلانە.
دەنیز باسی رۆڵی کوردی رۆژئاوای کرد لە دانیمارک و بەراوردی کردن بە کوردی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا، لە کاتێکدا کوردی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا رۆڵێکی کاریگەر و چالاکیان هەیە لە بواری سیاسەت و کۆمەڵایەتیدا و بە باشی تێکەڵ بوونە، لە دانیمارک دۆخەکە جیاوازترە. 
دەنیز گوتیشی"بە گشتی دۆخی کوردی سووریا لە دانیمارک جیاوازە، بەشێکی زۆری گەنجەکان سەرکەوتوو بوونە لە خوێندن و کاردا، بەڵام بەشێکی تریان تووشی بێکاری بوونە و هێشتا نەگەیشتوون بە ئاستی باوی پێکەوەژیان، ئەم پرسە پێویستی بە هەوڵێکی زیاتر هەیە لە لایەن حکومەتی دانیمارک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ یەکخستنی باشتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ پەنابەران".

لە ئەڵمانیاش گەنگەشەیەکی گەرم لەنێو حکومەت و رای گشتیدا لەسەر مژاری ناردنەوەی کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا دروستبووە. 
هاوکارمان زنار شینۆ بەدواداچوونی زۆرتری بۆ کردووە و لە ڤیتییەکدا وردەکارییەکانی ئاشکرا دەکات.
دەقی ڤیتییەکە:
لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە ئەڵمانیا، کۆچبەرە سوورییەکان بوونەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان.
گفتوگۆی سەرەکی لەبارەی گەڕاندنەوە و دیپۆرتکردنەوەیانە.
لێرە راوێژکاری ئەڵمانیا، دەڵێت شەڕ لە سووریا کۆتایی هاتووە و سەرۆکی سووریای بانگهێشتی ئەڵمانیا کردووە و پرسی دانوستاندن لەگەڵ فەرمانڕەوای شام لە بەرلین، دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانە.

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا:
سەرەتا ئەو کەسانە دیپۆرتدەکەینەوە سووریا کە تاوانیان کردووە؛ ئەمە پلان بۆ داڕێژراوە، ئێمە ئەمە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی جێبەجێ دەکەین و ئێستا وەزیری ناوخۆ کاری لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی ئەمە بەردەوام بێت، دەمانەوێت بەشدار بین لە سەقامگیریی ئەو وڵاتەدا، سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرعم بانگهێشتی ئەڵمانیا کردووە و لەگەڵیدا لەو بارەیەوە قسە دەکەم بۆ ئەوەی بزانین پێکەوە چۆن چارەسەری دەکەین، دەمەوێت جارێکی دیکەش بڵێم؛ شەڕی ناوخۆی سووریا کۆتایی هاتووە، ئێستا هیچ هۆکارێک نییە بۆ کۆچبەری لە ئەڵمانیا، بۆیە ئێستا دەتوانین دەست بە دیپۆرتکردنەوە بکەین، هەروەها ئەوەش زیاد دەکەم کە ئێستا بەشێکی گەورەی کۆچبەرانی سووریا بگەڕێنەوە و بەشداری لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەدا بکەن، بەبێ ئەو کەسانە ئاوەدانکردنەوە مەحاڵە و ئەو کەسانەی گەڕانەوە رەتدەکەنەوە، بێگومان لە داهاتوویەکی نزیکدا دیپۆرتیان دەکەینەوە.

بەگوێرەی وەڵامێکی نووسراوی پرسیاری رووداو بۆ فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، لە 9 مانگی ئەمساڵدا، تەنیا 19 هەزار و 245 کەسی خەڵکی سووریا داوای مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا کردووە و لەوانە 6 هەزار و 204 کەسیان کوردی رۆژئاوای کوردستانن، هەروەها تەنیا 10 هەزار و 545 هاووڵاتیی سووریا لە ئەڵمانیان کە بەگوێرەی یاساکانی کۆچبەری پێویستە ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.

لەگەڵ سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری کورد-ئەڵمانیی پارتی سۆسیال دیموکرات قسە دەکەم، دەڵێت گرووپێکی بچووکن و پێویستە زۆر خۆیان نەترسێنن، بەڵام دیسانیش تەنیا گەڕاندنەوە بۆ پایتەختی سووریا لە بەرنامەی سیاسییاندایە و ئەو کوردانەی رۆژئاوای کوردستان کە بڕیاری سزادانی دادگەیان لەسەر نییە و پەنجەمۆری وڵاتێکی دیکەی ئەوروپییان نییە، مەترسیی گەڕاندنەوەیان زۆر کەمە.

سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا - پارتی سۆسیال دیموکرات:
ئەوەی لێرە تاوانی گەورەی ئەنجامدابێت و مافی مانەوەی مسۆگەریشی نەبێت؛ بۆ نموونە هاووڵاتییەکی ئەڵمانی کە رەگ و ریشەی سووریی هەبێت دیپۆرت ناکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر تاوانیشی ئەنجامدابێت، بەڵام پەناخواز هەن یان ئەوانەی مافی مانەوەی مسۆگەریان نییە، دیپۆرتکردنەوە دەیانگرێتەوە و دادگەی ئیداریی دوسلدۆرف لەبارەی دوو کەیسەوە ئەو بڕیارەی داوە، ئەوانەی تازە دێن یان ئێستا داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، هیچ چانسێکیان نییە یان چانسێکی زۆر کەمیان هەیە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، بەڵام ئەگەر سەر بە کەمینەکان بن، بۆ نموونە کورد، درووزی یان شیعە کە ئیسلامییەکان هەڕەشەیان لێدەکەن، مافێکی پاراستنی بچووکیان دەبێت.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی سووریا لە ئەڵمانیا دەژین، حکومەتیش دەیەوێت ئەوانەی کار ناکەن و نایانەوێت کار بکەن، بگەڕێنەوە؛ ئەو ژمارەیە چەندە؟ بە دروستی نازانرێت.

هاتووچۆی نێوان شاندی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا و سووریا زەمینە دروست دەکات کە دوای سەری ساڵی داهاتوو گەشتی نێوان بەرلین و شام دەستپێبکەن و ئەمەش دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکردنی دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیانی سووری.

هەر لەم بارەیەوە عەفاف شێخمووس، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانیانی شاری هێڕنە لە ئەڵمانیا میوانی دیاسپۆرا بوو، پرسی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان شیکردەوەو کە بووەتە بابەتێکی گەرم و جێی نیگەرانییەکی زۆر، گوتی"پرسی ناردنەوەی پەنابەران زۆر زەحمەتە و مەودایەکی زۆری هەیە، ئەو کەسانەی خاوەنی مانەوەی هەمیشەیین، مانەوەی سیاسی، یان 'گۆچە سیا' (حیمایەتی سیاسی) بن، ئەوا لە مەترسیی گەڕانەوەدا نین، بەڵام کێشە بۆ ئەو کەسانە دروست دەبێت کە ئەم جۆرە مافی مانەوەیان نییە. دەشڵێت" لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێک هەبووە کە دە کەس یان زیاتر لە پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان گەڕێندراونەتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ هاووڵاتیانی سووری بووە، نەک کوردی رۆژاڤا".
شێخمووس روونیکردەوە دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ سووریا و لێدوانەکانی فریدریش مێرز کە گوتی "مەترسی لەسەر سوورییەکان نەماوە و وڵاتەکەیان شیاوە بۆ ژیان"، ئەم پرسە زیاتر پەرەی سەندووە. حکومەتی ئەڵمانیا و دادگاکان پێیان وایە کە چیتر "مەترسی لەسەر ژیانیان نییە" و دەتوانن بگەڕێنەوە.
بە گوتەی عەفاف شێخمووس، پارێزەرانی پەنابەران هەوڵدەدەن بەرگری لە دۆسیەکان بکەن و پێیانوایە سووریا وڵاتێکە حکومەتێکی هەیە و ژیان تێیدا ئاساییە، هەروەها پەرە و کار و سەقامگیری تێدایە و هەژاریش وەک جاران نییە، ئەوان پشت بەم بنەمایانە دەبەستن بۆ ئەوەی بڕیاری گەڕانەوە رابگیرێت.
عەفاف شێخمووس لەبارەی پەنابەرانی کوردی رۆژئاوای کوردستان گوتی" دۆخی کوردی رۆژاڤا جیاوازە و زۆر باشترە لە پەنابەرە عەرەبەکانی سووریا، چونکە ئەو دەزانن کە ئێستا دوای هاتنی حکومەتی سووریا، کێشەیەکی زۆر هەیە، کوردی رۆژاڤا ژیانیان لە مەترسیدایە."
ئەو روونیکردەوە کە ناردنەوەی کوردی رۆژاڤا بۆ سووریا زۆر زەحمەتە، چونکە حکومەتی ئەڵمانیا دەزانێت کە "مەترسی زۆر" لەسەر ژیانیان هەیە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی وەک قامیشلۆ و مەترسیان لەسەرە، ئەوا حکومەتی ئەڵمانیا نایاننێرێتەوە، هەروەها زۆرجار رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی سووریا و لایەنەکانی رۆژاڤادا هەیە، ئەمەش وایکردووە کەیسەکانی گەڕانەوەی کوردی رۆژاڤا زەحمەتر بێت.

فینلاند.. گفتوگۆ لەبارەی هۆکار و چارەسەرییەکانی ناشیرینبوونی وێنەی کورد کرا
لە فینلەند بەدرێژایی رۆژ دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە و کەسانی ئەکادیمی لەسەر بابەتێکی سەرنجڕاکێش گفتوگۆیان کردووە، ئەویش ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەن کە وێنە (یان وێنا)ی کورد (ئیمەیجی کورد) ناشیرین دەکەن. لەوەش کۆڵدراوەتەوە کە چارەسەر بۆ ئەو دیاردانە چین. 
بۆ ئەوەی بزانین لەوێ چی گوتراوە و ئەنجامگیرییەکان چی بوونە، نووسەر و کۆمەڵناس رێبوار کەریمی، کە سێمینارەکەی بەڕێوەبردووە، میوانی دیاسپۆرا بوو، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوام هەیە، چونکە وێنەی نەتەوەیی یان جڤاکی شتێکی دینامیکە و بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەو روونیشی کردەوە کە بیرۆکەی ئەم سیمینارە لە پڕۆژەیەکی 20 ساڵ لەمەوبەری حکومەتی فینلاندەوە سەرچاوەی گرتووە، کە تێیدا گرووپێک بە سەرۆکایەتی یۆرمان هۆلیلا (سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای نۆکیا) کاریان لەسەر وێنەی فینلاند لە جیهاندا دەکرد، بەڵام بەشێکی گرنگی کارەکانیان چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی فینلاند بوو.
کەریمی جەختی لەوە کردەوە کە مەبەست لە "وێنە" تەنیا لایەنە جوانەکان نییە، بەڵکو گرتنەبەری تەواوی وێنەکە بە جوان و ناشرینەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت وێنەیەکی گشتگیر و باشتر پێشکەش بکرێت، گوتیشی "ئێمە وەک نەتەوەیەک بە بەردەوامی بابەتی قسە و لێدوانی خەڵکین، هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لە دیاسپۆرا."
سیمینارەکە بە دوو لایەنی سەرەکیی وێنەی گروپی کوردەوە خەریک بوو: یەکەم، پرۆسەی ناوخۆییی شێوه‌گرتنی ناسنامەی دەستی جەمعی کورد لە دیاسپۆرا، دووەم، جۆری پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین و چۆن میدیای ئەو وڵاتانە لەسەر کورد دەنووسن و باس لە کورد دەکەن.
دکتۆر مەریوان وریا قانع و دکتۆر مینا عەلی، لەناو ئەو پسپۆڕانەدا بوون کە لە گفتوگۆکاندا بەشدار بوون، دکتۆر کەریمی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە ئەنجامگیرییە سەرەکییەکانی سیمینارەکە ئەوە بوو، میدیا لە رۆژئاوا کێشە و دیاردە نێگەتیڤەکان گەورە دەکات و هەندێک جار حاڵەتی تاکەکەسی وەک تایبەتمەندی گرووپێک نیشاندەدات، کە دەبێتە هۆی خزمەتکردن بە دیسکورسێکی رەگەزپەرستی و ئەمنی لەو وڵاتانەدا.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، سیمینارەکە چەندین خاڵی گرنگی خستەڕوو:
1. قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی فینلاند: بەشێک لە بەرپرسانی فینلاند کە لەگەڵ کۆچبەران کار دەکەن، بانگهێشتی سیمینارەکە کران تا گوێ لە کێشە و روانگەکانی کورد بگرن و تێبگەن کە باسکردنی کێشەکان نابێت ببێتە هۆی ناشرینکردنی تەواوی گرووپێک.
2. نیشاندانی فرەڕەنگی کۆمەڵگای کوردی: یەکێک لە ئامانجەکان ئەوە بوو کە فینلاندییەکان ببینن کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی فرەڕەنگ و جیاوازە و ناتوانرێت هەموو جیاوازییەکان لە چوارچێوەی وێنەیەکی ناشرین و بچووکدا کۆ بکرێتەوە.
3. پەرەپێدانی کولتووری دیالۆگ: سیمینارەکە جەختی لە پەرەپێدانی کولتووری دیالۆگ لەناو خۆی کورد و لەگەڵ فینلاندییەکان کردەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو وێنە نێگەتیڤانەی کە لە کورد نیشان دەدرێن و نیشاندانی جوانترین وێنەی پۆزەتیڤ لەخۆیان.
دکتۆر رێبوار کەریمی ئاماژەی بە چیرۆکێکی گەنجانی کورد لە هێزی دەریایی فینلاند کرد، کە سەربەرزی پێیانەوە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە "بەناوبانگترین کوردی فینلاند" کوڕێکە کە بەهۆی تاوانکارییەکانییەوە ناسراوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە میدیا زیاتر تیشک دەخاتە سەر لایەنە نەرێنییەکان.

لە پەرلەمانی بەریتانیا بەشێوەیەکی زانستی مێژووی کوردستان و ناسنامەی کورد رووندەکرێتەوە 

سێشەممەی داهاتوو لە پەرلەمانی بەریتانیا سێمینارێک لەبارەی کوردەوە هەیە، بەڵام بە دیوە مێژووییەکەیدا، سەنتەری (کوردیش پرۆگرێس) میوانداریی نووسەر و مێژوونووس سۆران حەمەڕەش دەکات. لە سێمینارەکەدا قسە لە شێواندن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەکرێ، بەتایبەتیش لە سەدەی رابردوودا. 
ئەوانەی دەیانەوێ بۆی بچن، سێمینارەکە کاژێر 19:00 بەکاتی لەندەن دەستپێدەکات، لە هۆڵی 11ی نێو پەرلەمانی بەریتانیا. 

ئەڵمانیا.. لە کتێبخانەیەکی نێودەوڵەتی ئێسن بەشی زمانی کوردی کرایەوە

لە شاری ئێسنی ئەڵمانیا، لە کتێبخانەی نێودەوڵەتیی (ئێسن-شۆنەبێککە) رووداوێکی دیکەی گرنگی کولتووریی پەیوەنددار بە دیاسپۆرای کوردییەوە هەبوو. لەو کتێبخانەیە بەشێکی تایبەت بە زمانی کوردی کرایەوە. بەشێک کە لەمەودوا کتێب و بەرهەمە کولتوورییەکانی دیکە بە زمانی کوردی کۆدەکاتەوە و هەم بۆ کوردی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤالن و هەمیش بۆ ئەو ئەڵمان و بیانییانەی دەیانەوێ لەسەر کوردستان و کورد و دیاسپۆرای کوردی توێژینەوە بکەن یان زۆرتر بزانن، بەرهەمەکان بەردەست دەبن. 
ئێستا لەو کتێبخانەیە بەشەکانی رووسی، ئۆکراینی، تورکی، عەرەبی و پۆڵۆنی هەن و هەر رۆژێکی هەفتە بۆ یەکێک لەو زمانانە دەرگای کتێبخانەکە دەکرێتەوە، جگە لە زمانی تورکی کە لە مانگێکدا 14 رۆژ کراوەیە. ئەوانەی لێرە دەژین دەتوانن لە (گوستاڤ هەینەمانپلاتز) لە شاری ئێسن بگەڕێن و بچنە ئەو کتێبخانەیە. 

لە شاری بۆنی ئەڵمانیا فێستیڤاڵی هونەریی عەفرین بەڕێوەدەچێت

لە شاری بۆنی ئەڵمانیا فێستیڤاڵێکی هونەری بەڕێوەدەچێت بەناوی عەفرینەوە، ژیان سەعیدی پەیکەرتاش یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و لەو بارەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد:
ژیان سەعید - پەیکەرتاش:
ئەمساڵ ئەزموونێکی نوێم کردووە و بەکارمهێناوە، ئەم ئەزموونەش ئەنجامی ئەوە بوو کە نەمدەتوانی بەرد بەکاربهێنم لەبەر ئەوەی کێشەیەکی تەندروستیم لە دەستەکانمدا هەبوو و کارکردن بە بەرد زەحمەت بوو، ناچاربووم ماددەیەکی نوێ بدۆزمەوە، ئەم ماددەیە پێش منیش خەڵکی دیکە دروستیان کردووە، منیش بینیومە و لە خەڵکی دیکەوە فێری بووم، ناڵێم خۆم دۆزیومەتەوە، بەڵام هەموو کەسێک بە رێگەی خۆی دروستی دەکات، هەموو کەسێک بە شێوازی خۆی دروستی دەکات، هەندێک کەس هەن هەمان ماددەکان تێکەڵ ناکەن، ماددەی دیکە تێکەڵ دەکەن، ئەم ماددەیەی من دروستم کردووە لە کاخەزە، پێی دەڵێن هەویری کاخەز، کاتێک وشک دەبێتەوە، زۆر پتەو و رەقە، بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، دەتوانیت بەکاریبهێنیت، تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت مۆبیلیاتی لێ دروست بکات، بابەتەکەشم ئەمجارە گۆڕاوە و بە فەلسەفەی نێوان مرۆڤ و زەوی و ئاسمانەوەم بەستووەتەوە.

ئیسماعیل مامۆ، شانۆکار و نووسەری کورد، لە کۆبانێ سینەمای گەڕۆکی دانا 

ئیسماعیل مامۆ پاش شەڕی قارەمانانەی خەڵکی کۆبانێ لەدژی داعش هاتە هۆڵەندا، لەوکاتەوە کۆبانێ لە دنیادا دەنگیدایەوە، ئەو لە هۆڵەندا شانۆی خوێند و تەواویکرد، پار پرۆژەی سینەمای گەڕۆکی بردەوە کۆبانێ. لە هۆڵەنداش کتێبێکی بە هۆڵەندی لەسەر ژیانی خۆی بڵاوکردەوە. 
هاوکارمان مەی دۆست فیچەرێکی باڵکێشی لەسەری ئامادە کردووە. 

دەقی نیوزفیچەرەکە:
کۆبانێ، ئەو شارەی بە خۆڕاگرییەکەی لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد، هەزاران چیرۆکی لێهەڵقوڵا، یەکێک لەوانە چیرۆکی ئیسماعیل مامۆیە، گەنجێکی کورد کە 10 ساڵ لەمەوبەر کۆبانێی جێهێشت و لە هۆڵەندا ژیانێکی نوێی دەستپێکرد، بەڵام هەرگیز وڵاتەکەی خۆی لەبیر نەکرد.
ئیسماعیل مامۆ، تەمەنی 29 ساڵە، لە دیاسپۆرا هونەری کردە هاوڕێی خۆی و لە رێگەی ئەوەوە پردێکی لەنێوان کۆبانێ و هۆڵەندا دروستکرد، لە هۆڵەندا دەستی بە خوێندنی نواندن کرد، تاوەکو بتوانێت چیرۆکی خۆی و هەزاران مرۆڤی وەکو خۆی بگێڕێتەوە.
خۆشەویستیی بۆ وڵاتەکەی، ساڵی 2024 جارێکی دیکە گەڕاندییەوە کۆبانێ، لەوێ پڕۆژەی سینەمای گەڕۆکی دامەزراند، ئەو لەگەڵ تیمەکەیدا گوند بە گوند دەگەڕا و فیلمی پیشانی خەڵکی کۆبانێ دەدا، لەو گوندانەی کە شەڕ شوێنەواری خۆی تێدا بەجێهێشتبوو، ئیسماعیل بە سینەما، پێکەنین و هیوای لەسەر رووی منداڵان چاند. دیمەنێک هەیە، هێشتا لە بیری ئیسماعیل نەچووەتەوە.

ئیسماعیل مامۆ- شانۆکار و سینەماکار
"کاتێک گۆرانییەکە تەواو دەبێت لە فیلمی ئازاد، دوای تەواوبوونی فیلمەکە دەبینم منداڵێک هەڵدەستێت، دەستەکانی دەخاتە پشت خۆی و وەکو ئەوەی لە ماڵەوە بێت بەدەم گۆرانییەکەوە دەڕوات، ئەو هەستە وای لێکردم ئەو شەوە بگریم، چونکە من ئەو کاتە منداڵێکم دڵخۆش کردبوو، ئەو دیمەنە هەرگیز لەبیر ناکەم".

چیرۆکی ئیسماعیل تەنیا لەسەر شاشەی سینەما و تەختەی شانۆ نەمایەوە، ئەو سەرگوزەشتەکانی خۆی وەکو پەنابەرێک لە کتێبێکدا کۆکردەوە، ناوی کتێبەکە پەیامێکی کورتە؛ "دایە من قەیران نیم".

ئیسماعیل مامۆ- شانۆکار و سینەماکار
"لە میدیاکاندا زۆر دەڵێن قەیرانی پەنابەران، قەیرانی پەنابەران لە تەلەڤزیۆن، رادیۆ و کتێبەکاندا، لە هەموو شوێنێک. من بینیم منیش پەنابەرێکم، بەڵام 24 کاژێر کاردەکەم و دەمەوێت لەم کۆمەڵگەیەدا ناسنامەی خۆمیان پیشان بدەم و کۆمەڵگەی  خۆم بناسێنم ، هەمیشە پێیان دەگوتم قەیران، بیە منیش پەیامێکم بۆ دایکم نووسی، هەرجارێک من باسی کێشەکانی خۆم دەکرد و دەمگوت من کێشە و قەیران نیم، ناوی کتێبەکەشم کردە 'دایە من قەیران نیم'.

لەم کتێبەدا ئیسماعیل بە زمانێکی سادە باسی هەست و ئەزموونەکانی خۆی دەکات، ناوی پاڵەوانی کتێبەکە بارانە، ئەو دەیویست ئەمە چیرۆکی هەموو پەنابەران بێت، چوار ساڵ کاری لەسەر کرد و لە ئاداری ساڵی 2024دا بڵاوکرایەوە، ئێستا ئیسماعیل دەڵێت، بووەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی هۆڵەندی.

ئیسماعیل مامۆ- شانۆکار و سینەماکار
"کاتێک کەسێک پێم دەڵێت باسی شتێک بکە کە لە کولتووری تۆدا هەیە، ئەو کاتە هەست دەکەم من کێم و هەست دەکەم من کێشە نیم، بۆیە کاتێک من کولتووری خۆم تێکەڵ بە کولتووری ئەوان دەکەم، ئەوکات کولتووری هەردووکمان دەوڵەمنتر دەبێت، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە من قەیران نی".

سەرەتای حەزی ئەو بۆ سینەما لێرەوە دەستیپێکرد، شانۆی شاری رۆتەردام لە هۆڵەندا. 

ئیسماعیل مامۆ- شانۆکار و سینەماکار
کاتێک هاتمە شاری رۆتەردام، سەرەتا کە لە کەمپ دەرچووم هاتمە ئێرە، لێرەش، لەم شانۆیە، شانۆی رۆتەردام، سەرەتای دەستپێکردنم بە کاری شانۆ و سینەما بوو، من هاتوومە ئێرە و چاودێریی چەندین پڕۆژەم کردووە و هەموو جارێک لێرە کارم دەکرد، واتە لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ ژیانی خۆمم لێرە بەسەردەبرد، واتە هەم کارم دەکرد و هەمیش دەهاتم سەیری شانۆگەرییەکانم دەکرد، لێیانەوە فێردەبووین و ئەو کەسانەی لێرە بوون زۆر یارمەتییان دام، تاوەکو بووم بە کەسێکی ئامادە بۆ ئەوەی بچمە ئۆدیشن و لە زانکۆ شانۆ بخوێنم، کاتێک لە کەمپ بووم، ئێمە لە دەرەوە نەبووین، ئێمەیان هێنا، فیلمێکی گەورە بوو، یەکەمجار بوو من لە تەمەنی 19 ساڵیدا فیلمێک لەسەر شاشەیەکی گەورە ببینم، شتێک بوو کە هەستی جووڵاندم.

ئیسماعیل مامۆ، ئەمڕۆ بە هونەرەکەی چیرۆکی خۆی و گەلەکەی دەگێڕێتەوە، ئەو دەیەوێت لە داهاتوودا چەندین پڕۆژەی دیکە ئەنجام بدات، یەکێک لەوانە دروستکردنی سینەمایە لە رۆژئاوای کوردستان، چیرۆکی ئەو چیرۆکی هیوایە کە لە کۆبانێوە دەستیپێکرد و لە هۆڵەندا بە هونەر گەشایەوە.

ماڵباتێکی کوردستانی و ئەلبانی بە کوردییەکی شیرین چیرۆکەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕنەوە

فەراتی کورد و هاوژینە ئەلبانییەکەی (دیران) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە ناوی ناسراو، ئەوان چیرۆکەکانیان بە زمانی کوردی دەگێڕنەوە و باسی ژیانی خۆیان لە شاری دویسبورگی ئەڵمانیا دەکەن. 
 
فەرات و دیران، دوو هاوسەری کورد و ئەلبانی، چیرۆکی خۆیان بۆ بینەرانی رووداو گیرایەوە، فەرات پیاوێکی کوردە و خەڵکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانە، ئەو لە سەرەتای ساڵی 2004ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی و ژیانی خۆی لە سفرەوە دەستپێکردووە، فەرات شانازی بەوە دەکات کە یەکەمین گەنجی کوردی گوندەکەیان بووە کە هاتووەتە ئەڵمانیا.
فەرات بە دڵخۆشییەوە باس لە هاوژینەکەی، دیران دەکات، کە کچێکی ئەلبانییە و زۆر بە باشی فێری زمانی کوردی بووە و دەڵێت "هەر کاتێک دەبینم خانمەکەم کورد نییە، لەگەڵ دایکمان بە کوردی قسە دەکات، واتە من زۆر دڵخۆشم". ئەو پێیوایە فێربوونی زمانی کوردی قورس نییە بۆ هەر کەسێک کە لە دڵەوە بیەوێت.
حەلیم، کە ئێستا ناوی دیرانە و تەمەنی 37 ساڵە، بە دڵخۆشییەوە باس لە ژیانی هاوژینی خۆی لەگەڵ فەرات دەکات و دەڵێت "من کچێکی ئەلبانیم، بووکی کوردم، زۆر دڵخۆشم، چونکە حەز دەکەم فێری کورمانجی ببم". دیران باس لەوە دەکات کە فەرات هەمیشە داوای لێدەکات بگەڕێنەوە کوردستان، تەنانەت دەڵێت "هەر شایەتی ئەوەیە تاوەکو دەرگا دەکاتەوە دەڵێت 'ئێمە کەی دەچینەوە کوردستان؟'" بەڵام دیران بەهۆی سەرماوە نایەوێت لە زستاندا بگەڕێنەوە و پێی باشترە لە نەورۆزدا بڕۆن.
دیران بەراوردێک لە نێوان جلوبەرگی کوردی و ئەلبانیدا دەکات، دەڵێت"بۆ نموونە جلوبەرگی کورمانجی لە نەورۆز و ئاهەنگی هاوسەرگیریدا، جلوبەرگی خۆمان یەک کراس و کەمێک زێڕە، بەڵام لای ئەلبانییەکان بۆ نموونە کاتێک دەچیتە ئاهەنگی هاوسەرگیری جلوبەرگی زۆرە". هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دابونەریتی کورد و ئەلبانییەکان زۆر لە یەکەوە نزیکن، بە پێچەوانەی ئەڵمانەکانەوە.
فەرات داوا لە کوردی دیاسپۆرا دەکات زمانی کوردی لەبیر نەکەن و دەڵێت "ئەو شتە بکەن و لەسەر ئەو ئامانجە بڕۆن و زمانی کوردی لەبیر مەکەن، بەبێ زمان ناتوانن، هەرکەسێک بیەوێت، دەتوانێت هەموو کاتێک فێری کورمانجی ببێت."

فەرات و هاوژینەکەی میوانی دیاسپۆرابوون باسی چالاکییەکانی خۆیان و کاریگەریی ڤیدیۆکانیان لە سۆشیاڵمیدیا کرد، فەرات و دیران باسی سەرەتای پەیوەندییەکەیان کرد و ئەوەیان خستەڕوو کە چۆن بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، فەرات ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتادا رووبەڕووی هەندێک دژواری بوونەتەوە، بە تایبەت لەلایەن کەسوکار و خزمانیانەوە و دەڵێت "هەر لە سەرەتاوە زەحمەتی هەبوو، چونکە من بە کەسوکاری خۆمم دەگوت کە دەمەوێت کچێکی ئەلبانی بێنم، هەندێک لە کوردەکان ترسیان هەبوو، بەڵام ماڵباتەکەم زۆر پشتیوانییان کردم". دیران بە هێمنی و لەسەرخۆیی توانی ئەو کۆسپانە تێپەڕێنێت و خۆی لە دڵی کەسوکاری فەراتدا جێبکاتەوە، فەرات بە خۆشییەوە دەڵێت"ئێستا باشترە و دایکی من زۆری خۆشدەوێت و پەیوەندییەکانیان زۆر باشن و هیچ کێشەیەکیان نییە." 
سەبارەت بە ناوی کچەکەیان شێرێ، فەرات روونیکردەوە ناوەکە لەلایەن خزمانی دیرانەوە قبووڵکراوبوو و گوتی"کاتێک ناومان لێ نا شێرێ، ئەلبانییەکان زۆر پێیان خۆش بوو، دەڵێن هەر ژنێک دەبێت شێری مێردەکەی بێت، شێرەکەی منیش باشە، بەڕاستی شێرە."
دیران سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ کوردستان گوتی "کوردستان زۆر خۆشە و خەڵکەکەی زۆر گەرموگوڕن، بەڕاستی شوێنێکی جوانە و باشترە لە ئەلبانیا"، فەراتیش باسی لێکچوونی نێوان کولتووری کوردی و ئەلبانی کرد، بە تایبەت لە جەژنەکان و میوانداری و خواردنەکاندا، و گوتی"نەورۆز و جەژنەکانی ئێمە وەکو یەکن، خواردنەکانیشمان لێکچوونی زۆریان هەیە، بۆ نموونە گۆشت و برنج."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی ژیانی هاوبەش لە دیاسپۆرا، فەرات گوتی "زەحمەتی هەیە، بەڵام من لە سەرەتاوە دیران م ئاگادارکردەوە کە دەبێت زمانی کوردی فێ بێت و رێز لە دایک و باوکم بگرێت، هەروەها دەبێت فێربێت کولتوور و دابونەریتەکانی ئێمە چییە و دیران  تائێستا بە شێوەیەکی باش زمانی کوردی فێر بووە".
سەبارەت بە کاردانەوەی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فەرات گوتی" زۆربەی کۆمێنتەکان ئەرێنین و خەڵکێکی زۆر خۆشیان بەم پەیوەندییە دێت و حەز دەکەن فێری زمانی کوردی ببن و بەڕاستی سەدان هەزار کەس لە ڤیدیۆکانمان رازین و کۆمێنتی باشیان بۆ ناردووین و زۆر دڵخۆشم کە خەڵک حەزی لە زمانی کوردییە."