دیاسپۆرا

دیاسپۆرا
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دیاسپۆرا، تیشکی خستە سەر پشتیوانیی کوردانی دەرەوەی وڵات بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، کە رووبەڕووی هێرشی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە.

عاکیف حەسەن، چالاکوانێکی دیاری کوردە لە ئەڵمانیا، رایگەیاند کە بەنیازن خۆپیشاندانێکی گەورە لە ئەڵمانیا رێکبخەن بۆ پیشاندانی هێزی دیاسپۆرای کوردی و پشتیوانیکردن لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە، داوای کرد کە رێکخراوە کوردییەکان پێکەوە کاربکەن، کۆمیتەیەکی هاوبەش دروست بکەن و خۆپێشاندانی گەورە بە بەشداریی نزیکەی 40 هەزار کەس رێکبخەن.

عاکیف حەسەن، سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا رایگەیاند، دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبوون، چونکە حکومەتی دیمەشق پرسی کورد وەکو پرسێکی ئەمنی دەبینێت و داوای هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی هەسەدە دەکات.
ئەمینە مستۆ، رۆژنامەڤانێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانەو ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی 600 هەزار کەس لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەژین کە زۆربەیان خەڵکی عەفرینن. ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە چوارەم جارە خەڵکی عەفرین ئاوارە دەبن، بەڵام ئەمجارەیان بڕیاریان داوە بەرگری بکەن و ماڵەکانیان جێنەهێڵن.

رووداوەکانی بە "کۆمەڵکوژی" دژی کورد وەسف کرد و رایگەیاند، میدیای ئەڵمانی و ئەوروپی گرنگییەکی زیاتر بە رووماڵکردنی دۆخەکە دەدەن.

رۆنی جافۆ، یەکێکی دیکە لە بەشداربووان، چیرۆکی باوکی گێڕایەوە کە لە عەفرینەوە ئاوارەی حەلەب بووە و ئێستا جارێکی دیکە لە شێخ مەقسوودەوە بۆ عەفرین ئاوارە بووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە گرووپە چەکدارەکان هەر گەنجێک دەستگیر دەکەن کە وێنە یان ڤیدیۆی سیاسی لە مۆبایلەکەیدا هەبێت.

عەلی عیسۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئێزدینا، ئاماژەی بەوە کرد کە 5,000 ئێزدی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەژین و تەنیا 30٪ـیان ئاوارەی عەفرین بوون. نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە بەهۆی ئەزموونی خراپی پێشوویان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، ئێزدییەکان ببنە ئامانجی هێزە تووندڕۆکان.

محەمەد ئیبۆ، ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا و خەڵکی شێخ مەقسوود، رایگەیاند کە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بە زمانی ئەڵمانی و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و میدیاکانی ئەڵمانیا، بۆچوونی میدیای ئەڵمانی گۆڕاوە و ئێستا پشتیوانی لە کورد دەکەن. بە گوتەی ئەو، میدیای ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە کە حکومەتی ئەحمەد شەرع هێرش دەکاتە سەر کورد.
محەممەد ئیبۆ، داوای لە کوردانی دەرەوەی وڵات کرد لە بەردەم شارەوانییەکان خۆپێشاندان بکەن، لە کاتێکدا عاکیف حەسەن، پێشنیازی کرد خۆپێشاندانەکان لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتان ئەنجام بدرێن.

زەکەریا حەسەن، بەشداربوویەکی دیکەیەو ئەندامی جڤاتی کوردی ئەڵمانیایە، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ 5 رێکخراوی دیکەدا نامەیەکیان ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە بۆ ئەوەی گوشار لەسەر حکومەتی سووریا دروست بکات تاوەکو هێرشەکانی بۆ سەر کورد لە حەلەب رابگرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە هەوڵدەدەن حکومەتی ئەڵمانیا ئەو 620 ملیۆن یۆرۆیەی وەکو هاوکاری بۆ سووریای تەرخانکردووە، وەکو فشارێک رایبگرێت.

هەروەها رایگەیاند کە گرووپی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی ئەڵمانیا هەڵوێستێکی توندیان دەبێت و فشار دەکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کورد. 
عەفاف شێخمووس، ئەندامی ئەنجوومەنی بیانییانی شاری هێرنە، رایگەیاند، دەبێت هەوڵ بدرێت کاریگەری لەسەر میدیای ئەڵمانی دروست بکرێت و لەگەڵ پەرلەمانتاران کۆببنەوە بۆ روونکردنەوەی بارودۆخەکە، کە بە "جەنگی دژی مرۆڤایەتی" وەسفی کرد.

ناوبراو جەختی لە گرنگیی خۆپیشاندان لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمان کردەوە و گوتی، پێویستە دەنگیان بگاتە پارتە ئەڵمانییەکان و ناوەندەکانی بڕیار.
دلاڤا شێخی، چالاکوانێکی کورد لە ئەڵمانیا، رایگەیاند، هەندێک خێزان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆ ماوەی 3 رۆژە بێ خواردن ماونەتەوە و گرووپە چەکدارەکان پارە و زێڕی ئەو کەسانەیان بردووە کە هەوڵی دەرچوونیان لە گەڕەکەکە داوە.


 
 
 
لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن دەدرێت. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات.
 
پێشکەشکار: هێمن عەبدوڵڵا
 
پرۆدیوسەر: سابیر یاسین و سەنگەر ستار