زیاتر لە 60 کورد لە هەڵبژاردنەکانی دانیمارک بەربژێرن

14 November 2025
زیاتر لە 60 کورد لە هەڵبژاردنەکانی دانیمارک بەربژێرن
سێشەممەی داهاتوو هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی دانیمارک بەڕێوەدەچن
زیاتر لە 60 کورد لە هەڵبژاردنەکانی دانیمارک بەربژێرن


سێشەممەی داهاتوو لە دانیمارک هەڵبژاردنە خۆجێییەکان دەکرێن، هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی شارەوانی و هەرێمیی 98 شارەوانی و 4 هەرێم لە سەرتاسەری دانیمارکن. پارتە بەشدارەکان کێبڕکێیانە لەسەر 2432 کورسیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و 134 کورسیی ئەنجوومەنی هەرێمەکان، بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی دانیمارکدا زۆرتر لە 60 بەربژێری کورد هەن.  بەربژێرەکان بەسەر پارتە جیاوازەکاندا دابەش بوونە و زۆرتریش سەر بە سۆسیال دێموکراتەکان و پارتە چەپە نێوەڕاستەکانی دیکەن. ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە باڵکێشن ئەوەیە کە هەڵبژاردن بۆ هەرێمێکی نوێ دەکرێت کە بڕیاروایە سەرەتای ساڵی 2027 دروستبێت. 
لەم بارەیەوە لە دانیمارکەوە رەشید کێستەیی کە ساڵانی زۆرە لەوێ دەژیت، سەربازیی بۆ دانیمارک کردووە و ئاگرکوژێنەوەیەکی بەنێوبانگە لەو وڵاتە. ئەو شارەزایی لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و رۆڵی دیاسپۆرای کوردی لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە، دیاسپۆرانشینی چالاکە لە دانیمارک و بۆ جاری دووەم خۆی بەربژێر کردووە، خزمەتی سەربازیی کردووە و وەکو ئاگرکوژێنەوەیەکی بەناوبانگ لەو وڵاتە کار دەکات. ئەو لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و رۆڵی دیاسپۆرای کورد شارەزاییەکی قووڵی هەیە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، پێویستە بەربژێرانی کورد کار بۆ ئەو پرسانە بکەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە، ئەمەش وای دەکات متمانەی دەنگدەران بەدەست بهێنن، دەشڵێت" زۆری ژمارەی بەربژێرە کوردەکان نیشانەیەکە لە سەرکەوتنی کورد لە دانیمارک و زیاتر تێکهەڵچوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی دانیمارکی و هەنگاوێکی گرنگە بۆ نیشاندانی بوونی کورد و کاریگەرییان لە کایەی سیاسەتی دیموکراتی دانیمارکدا".
رەشید کێستەیی جەخت دەکاتەوە کە بەربژێرە کوردەکان دەبێت خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بەو متمانەیەی دەنگدەرانی کورد پێیان دەبەخشن، ئەو داوایان لێدەکات کە لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کار بکەن و هۆشیاریی سیاسییان بەرز بکەنەوە، چونکە بەم شێوەیە دەتوانن متمانەی زیاتری هاووڵاتییان بەدەست بهێنن، بەتایبەت لە ناو دیاسپۆرا ، پێی وایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ کوردی دیاسپۆرا کە رۆڵێکی گەورە بگێڕن لە دروستکردنی پردێکی بەهێز لە نێوان کوردستان و دانیمارکدا، نەک تەنیا لە بواری سیاسی، بەڵکو لە بوارەکانی کولتووری، پەروەردەیی و بازرگانیشدا.
بە گوتەی کێستەیی، تائێستا پردێکی راستەقینە لە نێوان کوردستان و دانیمارکدا نەبووە، بەهۆی هەندێک ئاستەنگ و بەرژەوەندیی سیاسی و بازرگانییەوە، ئەو هیواخوازە کە بەشداریی کارای کورد لە سیاسەتی دانیمارکدا، ببێتە هۆی دروستکردنی ئەم پردە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو روویەکەوە.
کێستەیی، کە خۆی لە ساڵی 2021 دا وەک بەربژێر بەشداریی کردووە، ئامۆژگاریی بەربژێرە کوردەکان دەکات کە راستگۆ بن لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ ئەو بەرنامە و پڕۆژانەی پێشکەشی خەڵکی دەکەن، ئەو داوایان لێدەکات کە چالاک بن و هەوڵ بدەن دەنگی زیاتری خەڵک بەدەست بهێنن لە کۆمەڵگەدا.
ئەو بەربژێرە کوردە روونیکردەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی دانیمارک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ رۆڵی کورد لە سیاسەتی خۆجێی وڵاتەکەدا، و ئاوات دەخوازێت نوێنەرانی کورد ببنە هۆکاری گۆڕانکاریی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگەی دانیمارکی و کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە.
رەشید کێستەیی داوای لە کوردی دانیمارک کرد کە لە رۆژی سێشەممەی داهاتوودا بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سۆشیال میدیای کوردی دانیمارک زۆر چالاکە و دەتوانن لەوێ زانیاری لەسەر بەربژێرەکان وەربگرن و بیانناسن.

رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی پەناخوازان لەنێو هۆتێلەکانی بەریتانیا دەکات

دۆخی کۆچبەران لە بەریتانیا، بەتایبەتی لەم ماوەیەی دواییدا، پێویستی بە بایەخپێدانی زۆر هەیە، ئەم هەفتەیە بە کردنەوەی دۆسێیەک لێرەوە دەستپێدەکەین و هەفتەی داهاتووش بەرنامەی دیاسپۆرا دەبەینە ئەوێ. ئەم هەفتەیە هاوکارمان ئاڵا شاڵی لە لەندەن بوو. لە کارێکی مەیدانیی باڵکێشدا لەوەی کۆڵیوەتەوە کە بۆچی مژاری ئەو کۆچبەرانەی لە هوتێلەکان نیشتەجێ دەکرێن هێندەی سەرنجی هەمووان لە بەریتانیا رادەکێشێ. 

لە بەهەشتی خەیاڵەوە بۆ دۆزەخێکی راستەقینە، چیرۆکی دوو هاوژینی گەنجە کە لە ساڵی 2020وە ترس و کێشەیەک راویان ناوە و بەرەو هەندەرانی بردوون، ئەوان دەڵێن لەبری گەیشتن بە لووتکەی ئارامی، نزیکەی چوار ساڵ و نیوە لەنێو هوتێلەکانی بەریتانیا وەک زیندانییەک دەژین و هێشتاش ترسی دەرکەوتن و ناسینەوەیان هەیە.
ئێستا لە لەندەنم، لەگەڵ خێزانێکی کورد، خەڵکی باشووری کوردستان، کە نزیکەی چوار ساڵ و نیوە لە بەریتانیان، لێرە لە هوتێلێکدا دەژین کە کۆچبەرانی تێدا نیشتەجێ کراون، دەتوانم بڵێم وەک کەمپێکی کۆچبەران وایە، رێگەیان پێنادرێت کار بکەن و دۆخیان زۆر خراپە، چارەنووسیان نادیارە لەم وڵاتە، چونکە دوو جار داوای مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و مافی کارکردنیان نییە و داهاتووشیان لێڵ و نادیارە.

پەناخواز:
من لە کوردستان لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاتوومەتە دەرەوە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانم بگەڕێمەوە، هیچ پەیوەندییەکیشم لەگەڵ کەسوکارم نەماوە، لێرەیش من خۆم نەخۆشم، شێرپەنجەم هەیە و شەکرەم هەیە، باری دەروونیشم لەم چەند ساڵەدا زۆر خراپ بووە، دوو نەشتەرگەری گەورەم بۆ کراوە و چەندین راپۆرتی پزیشکیم هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچم بۆ نەکراوە.

پەناخواز:
تەنیا ژوورەوە و دەرەوەیە، سەیری بنمیچی هوتێلەکە دەکەیت، هیچ کارێکت نییە بیکەیت، هەفتەی نۆ پاوەند وەرده‌گری، بەڕاستی نۆ پاوەند بۆ کەسێکی ئاسایی ئەم وڵاتە هیچ نییە، تەنیا نرخی قاوەیەکیش نییە، ئەوان بە شتێکی زۆر ئاسایی سەیری دەکەن کە چۆن بژی، چۆن ناژی، دواتر، ئەم وڵاتە رێگەی کارکردن بە پەناخوازان نادات تا لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەسێکی وەک من ئێستا کە خێزانم نەخۆشە، زۆر زۆر سەختە و هەست دەکەم غەدرێکی زۆرم لێ کراوە.

دوو جار داوای مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، مافی کارکردنیان نییە و داهاتووشیان لێڵ و نادیارە.

پەناخواز:
پێش هەموو شتێک، تۆ مرۆڤی، ئەم زەوییە بۆ مرۆڤایەتی دروست بووە، ئەگەر کێشەیەکت نەبێت لە وڵاتی خۆت، هەرگیز روو لە هیچ وڵاتێک ناکەیت، وڵاتی خۆت وڵاتی دایکتە و خۆشت دەوێت، بەڵام لێرە، کە ناچار دەبیت وڵات بەجێ بهێڵیت و روو لە وڵاتێکی ئاوا بکەیت و داوای مافی پەنابەری بکەیت، شتەکان وا وێنا دەکەیت کە هەموو شتێک ئاسان دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرەتا وەڵامێک وەرناگریت کە بە مرۆڤانە بژی، دواتر هەموو ژیانت تێکدەچێت، کاتێک هەموو ژیانت تێکچوو، هەست بە رووخان دەکەیت، لایەنی دەروونی و هەست زۆر زۆر ئێستا من هەست بە بێتاقەتییەکی زۆر دەکەم، دەیان جار ویستوومە کۆتایی بە ژیانی خۆم بهێنم.

پەناخواز:
وەڵا هەر پشکنین و چارەسەرە، هیچی دیکە نا، من شتێکم هەیە بیڵێم، ویستم ببم بە دایک، بەڵام هێندە باری دەروونم خراپە توانای ئەوەشم نییە.

بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، کۆچبەرانی نایاسایی لە هوتێلەکان نیشتەجێ دەکرێن، رێگە بە دەزگاکانی راگەیاندن نادرێت شوێن و ژیانیان نیشان بدەن، لەبەردەم یەکێک لەو هوتێلانە وەستام، هوتێلێکی گەورەی 311 ژوورییە لە نزیک شاری لەندەن، دەیان خێزانی کۆچبەر تێیدا خەونی ئازادی و بەریتانیابوون دەبینن.
ستانداپ:
کۆچبەرانی نێو هوتێلەکان لەنێو بەرداشێکدان کە لە هەردوو لاوە دەیانهاڕێت، لەلایەکەوە، راستڕەوەکان بەکاریان دەهێنن بۆ هاندانی دەنگدەرانی دژە کۆچبەر و دەڵێن بە خۆڕایی لەو هوتێلانە پاڵیان داوەتەوە، لەلایەکیشەوە، کۆچبەران دەیانەوێت لەو هوتێلانە دەربچن، بەڵام حکومەت بۆ ماوەیەکی درێژ دەیانهێڵێتەوە.
بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا خەوی لە هەزاران کۆچبەری نیشتەجێی ئەم وڵاتە زڕاندووە، چیتر کۆچبەری نایاسایی، بەتایبەت ئەوانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە هاتوون، مافی پەنابەرییان پێنادرێت، تەنانەت ئەگەر پێش بڕیارەکەش خۆیان گەیاندبێتە بەریتانیا.

ئالان، پارێزەر:
لە یەکەم چاوپێکەوتنی مافی پەنابەریدا، 95%ی داواکارییەکان رەتدەکرێنەوە، چونکە هۆم ئۆفیس کاتێک سەیری کەیسێک دەکات، پێی وانییە ئەو کەیسە و ئەو شتانەی کە کەسەکە باسی دەکات، بەڵگەی تەواوی پێبێت کە ئەم کەسە راست دەکات یان شتەکانی تەواوە، لەبەر ئەوەیە پەنا دەبەنە بەر دادگا، دوو ساڵ چاوەڕێ دەکەیت تاوەکو هۆم ئۆفیس وەڵام دەداتەوە، یان ساڵێک چاوەڕێ دەکەیت، ئایا کەیسەکەت وەرگیرا یان وەرنەگیرا؟ پێش ئەوەش، تاوەکو قبووڵ دەکەن کە تۆ مافی پەنابەرییت وەرگیرا، وەک پەناخوازێک لێرە، نزیکەی شەش تاوەکو حەوت مانگی دەوێت، پاشان چاوپێکەوتنەکەت بۆ رێک دەخەن، چاوپێکەوتنەکەش ساڵێکی پێدەچێت، دواتر چاوەڕێکردنی دادگاش دوو ساڵی پێدەچێت.

ئالان لە یەکێک لە دوازدە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی راوێژکاری یاسایی بەریتانیا کاردەکات و دەیان کەیسی کۆچبەرانی لایە، رێککەوتنی بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ سنووردارکردنی ئەو کۆچبەرانەی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە هاتوون، بە گورزێکی کوشندە بۆ داهاتووی کۆچبەرانی نایاسایی دەزانێت.

ئالان، پارێزەر:
لەبەر ئەو زەختە زۆرەی کە ئەوان هەیانە لەسەر پەناخوازان و بەتایبەتی حیزبی ریفۆرم ئێستا گەورەترین زەختە لەسەر حیزبی دەسەڵات کە دەڵێت: 'ئێوە مافێکی بێ سنوور بە پەناخواز دەدەن، دەبێت سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێت،' خۆی ئەو کۆنترۆڵی سنوورەی کە ئێستا کراوە، لەسەر داوای پارتی ریفۆرم کراوە و پارتی ڕیفۆرم پێنج داوای نوێی بە حکومەت داوە، یەکەم: با مافی مانەوەی هەمیشەیی (Indefinite) نەمێنێت، ئەگەر کەسێک داوای مانەوەی هەمیشەیی دەکات لەم وڵاتە، دەبێت بەڕاستی بزانێت کە سوودێکی بۆ ئەم وڵاتە هەیە، واتە کاری هەبێت، خانووی هەبێت و لانیکەم دە ساڵ لەم وڵاتە بێت، ئینجا مافی هەبێت، ئەمە یەکێکە لە داواکارییەکان، یەکێک لەو خاڵانەی کە نایجل فەراژ داوای دەکاتەوە، کە سەرکردایەتی پارتی ریفۆرمە، دەڵێت با لەمەودوا هیچ کەسێک کە هاتە ئەم وڵاتە، نابێت کەس و خێزانەکەی بێنێت، ئەگەر هاتوو ئەمانەی نەبێت، بەداخەوە لە مانگی نۆی ئەم ساڵەوە بڕیارێک جێبەجێکرا کە ئەگەر بتەوێت خێزانەکەت بێنیت، دەبێت کاتێک کە تۆ مافی پەنابەریت هەیە، داهاتەکەت 29 هەزار پاوەند بێت و ماڵێکت هەبێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنیا پار 37 هەزار کەس لە ڕێگەی بەلەمەوە لە دەریای مانش لە فەرەنساوە بە قاچاخ خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ژمارەیەک کە پشتیوانانی کۆچبەریشی هانداوە رێگەی کۆچی نایاسایی توندتر بکرێت و ئاسانکاری بۆ کۆچی یاسایی بکرێت.

نیک، هاووڵاتی بەریتانیا:
پێموایە دەبێت رێگەیان پێبدرێت کار بکەن، پێموایە دەبێت رێگەیان پێبدرێت بژێوی خۆیان دابین بکەن، پێموا نییە دەبێت لە هوتێلەکاندا نیشتەجێ بکرێن، نەخێر، پێموا نییە کۆچبەری دەبێت رابوەستێنرێت، پێموایە دەبێت رێگەیەکی یاسایی بۆ کۆچبەری هەبێت، ئەوە خاڵەکەیە، نابێت هیچ هاندەرێک بۆ کۆچبەری نایاسایی هەبێت، چونکە دەبێت پرۆسەیەکی یاسایی هەبێت، پارتی ریفۆرم، پێموایە لە بنەڕەتدا دژی کۆچبەرانن و خەڵک هاندەدەن بۆ ئەوەی دژی کۆچبەران بن، بۆیە زۆر دژی ئەوانم.

سەرەڕای رێکارە نوێیەکانی لەندەن دژی کۆچبەرانی نایاسایی و سنووردارکردنی 50 هەزار کۆچبەر لە 2024، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە 11 مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە 38,700 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە ئەم وڵاتە، بەپێی ئەنجوومەنی پەناخوازانی بەریتانیا، بەهۆی رێکارە نوێیەکان نزیکەی 71 هەزار پەناخواز وڵاتینامەی بەریتانیایان پێنادرێت.


 نەبەز ئەحمەد، توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی گلاسگۆ لەسەر پرسی کۆچبەران لە بەریتانیا، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و تیشکی خستە سەر دۆخی کۆچبەران و هۆکارەکانی سیاسیکردنی ئەم پرسە لە شانشینی یەکگرتوو.
نەبەز ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی کۆچبەران لە بنەڕەتدا بووەتە کێشەیەکی سیاسی و لە چوارچێوەی بابەتێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەرچووە، ئەو جەختی کردەوە کە کۆچکردن بە درێژایی مێژوو بەشێک بووە لە سروشتی کۆمەڵگا مرۆییەکان و توێژینەوە زانستییەکان، بەتایبەت لە بواری ئابووری و کۆمەڵناسیدا، سەلماندوویانە کە سوودی زیاترە لە زیانی، بەڵام کاتێک ئەم پرسە دەبێتە بابەتی ململانێی سیاسی نێوان پارتەکان، وەک هەموو بابەتەکانی دیکە ئاڵۆز دەبێت.
ئەحمەد چەند هۆکارێکی گەورەی بۆ سیاسیکردنی پرسی کۆچبەران خستەڕوو، ئەو گوتی" سەرچاوەی ئەم کێشەیە لە ئەمریکاوە دەستیپێکرد لە سەردەمی ترەمپدا کە بە تووندی قسەی لەسەر ئەم بابەتە دەکرد، لە بەریتانیاش دوای پڕۆسەی برێکزیت و تەنانەت پێشیشی، پرسی کۆچبەران بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مشتومڕی سیاسی".
بە بڕوای ناوبراو، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەریتانیا نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ئابووری بۆ قەیرانەکانی خانوبەرە و بێکاری بدۆزنەوە، ئەوان پێیان وابوو کە بە جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا (برێکزیت) دەتوانن ئەم قەیرانانە چارەسەر بکەن، بەڵام کاتێک نەیانتوانی ژمارەی پێشبینیکراوی پەنابەران کۆنترۆڵ بکەن و پڕۆسەیەکی روون بۆیان دابنێن، هێزە پۆپۆلیستەکان دەستیان بە قۆستنەوەی ئەم بابەتە کرد، پارتی ڕیفۆرمی بەریتانی، کە نایجل فاراج بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە کاری لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بە باشی ئەم هەڵەی قۆستووەتەوە و ئێستا ئەم پرسە بووەتە بابەتی یەکەمی گفتوگۆی سیاسی لە بەریتانیا.
سەبارەت بە ڕۆڵی میدیای بەریتانی، نەبەز ئەحمەد ڕوونیکردەوە کە میدیا رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە داڕشتنی بۆچوونی گشتی، ئەو رەخنەی لە میدیای کوردی گرت و گوتی" نەیتوانیوە بە باشی گفتوگۆ لەسەر کێشە سەرەکییەکانی ژیانی پەنابەران لە ئەورووپا بکات و هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە میدیای بەریتانی وەک BBC، سەرەڕای ئەوەی کەناڵێکی خاوەن ئەزموون و حکومییە، ناچار بووە لە ژێر فشاردا راپۆرتگەلێک بڵاوبکاتەوە کە رەنگدانەوەی دۆخی ئێستای کۆچبەرانە".
نەبەز ئاماژەی بەوەدا کە هێنانی ناوی کورد لە راپۆرتەکاندا پەیوەندی بەو راستییەوە هەیە کە بە پێی راپۆرتەکانی NCA (دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانی)، کورد رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە قاچاخچێتی مرۆڤ بۆ بەریتانیا، ئەو جەختی کردەوە کە ئەمە ئامارێکی فەرمی پۆلیسە و زۆربەی ئەو باندە گەورانەی کە لە فەرەنسا، ئەورووپا و بەریتانیا دەستگیر دەکرێن، کورد رۆڵی سەرەکییان تێدایە. گوتیشی"زۆرێک لە دوکانەکانی "کۆرنەر شۆپ" و "باربەر شۆپ" لە بەریتانیا لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵکراون و کاری نایاساییان تێدا دەکرێت، کاتێک قسە لەسەر کاری نایاسایی دەکرێت لەلایەن پەنابەرانەوە، راستەوخۆ ناوی کورد دێتە پێشەوە، ئەم دیاردەیە پێویستی بە گفتوگۆی جددی هەیە لە میدیای کوردیدا".

لەمیا قەدوور: دەرکردنی سووریاییەکان زیان بە ئابووریی ئەڵمانیا دەگەیێنێت
لەمیا قەدوور: کەرتی تەندروستیی ئەڵمانیا پشتی بە سوورییەکان بەستووە

سووریایەکی نوێ چۆن دەبێت و دەرفەتەکانی گەڕانەوەی پەنابەران چین؟ لەمیا قەدوور، ئەندامی پارتی  سەوز لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (کە خۆیشی بە بنەچە سوورییە)، لەگەڵ شاندێک کە یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاشی تێدابوو، چوونە سووریا، بۆئەوەی لەنزیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەوێ بکەن، ڤادەفوول پاش سەردانەکە رایگەیاند، رەوشی سووریا لە دۆخی ئەڵمانیای ساڵی 1945 خراپترە. 
لەمیا قەدوور، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هاوکارمان مەی دۆست، باسی دەرفەتە نوێیەکان، مەترسییەکان و رۆڵی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا دەکات، هەڤپەیڤینەکە دواتر لە بوڵتەنی رۆژئاوای کوردستان پەخشدەکرێ، بەڵام ئەمشەو سەرنجتان بۆ ئەو بەشەی رادەکێشم کە باسی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و بۆچوونی ئەویش بۆ ئایندەی سووریا دەکات. 


دەقی هەڤپەیڤینەکە بە سۆرانی:

رووداو: رۆژباش خاتوو قەدوور.
لەمیا قەدوور: سڵاو بۆ ئێوە.

رووداو: لایەنگرانی دیپۆرتکردنەوە دەڵێن، رژێمی ئەسەد رووخاوە و پێویستە ئێستا سوورییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە نوێوە ئاوەدان بکەنەوە، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئێوە لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانی لە سووریا بوون، ئایا ئەمە راستییەکانی سەر زەوی نیشان دەدات؟

لەمیا قەدوور: بەڵێ و نەخێر، بەڵێ، لە هەندێک ناوچەی سووریا یان لە هەندێک شوێن، لەوانەیە دۆخەکە هێشتا وەکو 20 ساڵ لەمەوبەر بێت، چونکە شەڕ کاتی وەستاندووە، بەڵام شارەکانی وەکو دێرەزوور یان حومس یان بەشێک لە دیمەشق، یان لەسەر رێگەی نێوان دیمەشق و حەلەب، ئەگەر لە نزیکەوە سەیری لای راست و چەپی ئۆتۆبانەکە بکەیت، هەندێک شوێنی وەکو غەززەیان لێهاتووە، یان بەڕاستی وەکو دوای جەنگی جیهانیی دووەمی لێهاتووە، لەوێ ژیان هەرگیز ناکرێت، خەڵکیش لەوێ ناژین، تەنیا کەلاوەی ماڵەکان ماونەتەوە، واتە ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەڵێن شەڕ کۆتایی هاتووە، ئەمە راستە، شەڕ کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکە وێران نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئێمە ئێستا دەبینین ئەم وڵاتە چەندە وێران بووە.

رووداو: ڤادەپوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق جەختی لەوە کردەوە کە سووریا هێشتا وڵاتێکی ئارام نییە، ئێوە خۆتان بە میدیاکانتان گوتووە کە لە هەندێک ناوچە، بۆ نموونە لە دیمەشق یان ئیدلب، ئێستا تاوەکو رادەیەک ئارامی هەیە، ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە بە بڕوای ئێوە، دیپۆرتکردنەوە بۆ هەندێک ناوچەی سووریا لەژێر هەندێک مەرجدا دەکرێت، یان هێشتا ئەمە بە مەترسی دەبینن؟
لەمیا قەدوور: حکومەتی کاتیی ئەحمەد شەرع، یەک ملیۆن سووریی وەرگرتووە کە دەیانەوێت بە خۆبەخشانە بگەڕێنەوە، یەک ملیۆن، ئەمە دەستپێکێکی زۆر باشە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان گەیشتوونەتە سنووری توانای خۆیان، نەک لەبەر نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، بەتایبەتی لە ئیدلب، خێزانەکەی من خەڵکی ئەو ناوچەیەن لەسەر سنوور، لە نزیک عەفرین، لە بەشە عەرەبییەکە، واتە نزیکترین گوندی دیکە کوردییە، ئەوانیش پێم دەڵێن، بەڵێ، مرۆڤ دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام هەر کەسێک ژیانێکی ئارامی بۆ منداڵەکانی بوێت، هەر کەسێک بیەوێت کارێک بکات، واتە هەر کەسێک بەڕاستی بیەوێت لێرە بژی، بێگومان دەبێت سەرەتا سەیری ئەوە بکات کە ئایا هەلی کار هەیە، ئایا منداڵان بەڕاستی دەتوانن لە قوتابخانەکاندا جێگەیان بکرێتەوە، ئایا بەڕاستی شوێنی نیشتەجێبوون دەدۆزنەوە، واتە بە بڕوای من، دەبێت بە وردی هەڵسەنگاندن بکرێت کە گەڕانەوە بۆ کێ دەکرێت، بەڵام ناچارکردن بە گەڕانەوە لە ئێستاوە، من ئەمە بە کێشە دەبینم، ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خۆبەخشانە بگەڕێتەوە، ئەوکاتە بێگومان دەتوانێت.

رووداو: ئەڵمانیا بە شێوەیەکی چالاک هەوڵ دەدات کرێکاری شارەزا لە وڵاتانی دیکەوە وەربگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دیپۆرتکردنەوەی ئەو سووریانەی لێرە دەژین و کار دەکەن، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئێوە ئەمە رەت دەکەنەوە، چەند ئەندامی دیکەی بوندستاگ لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی ئێوەدان؟ و ئێوە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی چی دەکەن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە سوورییەکان دەستکەوتن بۆ ئابووریی ئەڵمانیا؟
لەمیا قەدوور: بە ئاشکراکردنی ئەمە لە گفتوگۆ سیاسییەکانمدا، واتە لە فراکسیۆنی پارتی سەوزدا تەنیا من نیم کە هەمیشە ئاماژە بەوە دەکەم کە لەم وڵاتەدا پێویستمان بە هەموو کرێکار و پسپۆڕەکان هەیە، گرنگ نییە سووری بن یان نا، بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە سەیری سوورییەکان بکەین، ئەوان بەشێکی گرنگی کارمەندان پێکدەهێنن، بە تایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا، جا پزیشک بن یان لە بواری چاودێریدا، چاودێریی تەندروستیی ئەڵمانیاش بە سوورییەکانەوە بەندە، بۆیە ئەم داواکارییە، کە رەنگە لە سەرەتادا بۆ هەندێک کەس بەهێز دەربکەوێت، دەڵێن ئەگەر لە سوورییەکان رزگارمان ببێت، رەنگە تاوان کەم ببێتەوە و ئاشتیی زیاتر لێرە ببینین، پێشبینی دەکەم ئەمانە بیرکردنەوەکانیان بن، بەڵام بێگومان ئەمە قسەی پووچە، چونکە هەر کەسێک پێیوابێت بەم شێوەیە دەگاتە ئاشتی، دەبێت سەرەتا ببینێت کە ئەگەر سوورییەکان بڕۆن، ئابووریی ئەڵمانیا زۆر لاواز دەبێت، لەم رووەوە، ئەم لێدوانە نەک هەر هەڵەیە، بەڵکو دەتوانم بڵێم زۆرینەی فراکسیۆنەکەشم هەمان بۆچوونیان هەیە و ئێمە لە هەموو شوێنێک، ئێوەش ئەمەتان لە سەرۆکی فراکسیۆن و سەرۆکی پارتەکەمانەوە بیستووە، هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم مشتومڕە بێمانایە، ئێمە دواجار لە مشتومڕی "دیمەنی شار" و دیپۆرتکردنەوە بۆ سووریا، ئەمەمان بیست، و باوەڕ ناکەم ئەمە جاری کۆتایی بێت، دەزانن، ئێمە بە گشتی دەنگی لەم جۆرە لە ئاڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) دەبیستین و چیتر هیچ شتێک مرۆv تووشی سەرسوڕمان ناکات، بەڵام کاتێک راوێژکاری ئەڵمانیا شتێکی وا دەڵێت، قورساییەکی جیاوازی هەیە، و ئەمە کێشەی منە، من دەزانم چۆن لە رووی سیاسییەوە داواکاریی لەم جۆرە هەڵبسەنگێنم، ئەمە هەمیشە لەلایەن راستڕەوە تووندڕەوەکانەوە دەگوترێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم بۆچوونە ئێستا گەیشتووەتە ناوەندی کۆمەڵگە و لەلایەن راوێژکاری فیدراڵییەوە دەگوترێت، دەبێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتی.

رووداو: پێشوازیی فەرمی لە ئەحمەد ئەلشەرع لە بەرلین رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، زۆر کەس دەڵێن، نابێت ئەڵمانیا پێشوازی لە کەسێک بکات کە پێشتر لە لیستی تیرۆردا بووە، ئێوە لەبارەی ئەم سەردانە و رەخنەکانی سەری چی دەڵێن؟
لەمیا قەدوور: من ئەو رەخنەیە، لانیکەم بەشێکی، هاوبەش دەکەم کە مرۆڤ بە گومان یان وریابێت، پێموایە ئەمە گونجاوە، کە مرۆڤ لانیکەم وریابێت و بەرامبەر بەم کەسایەتییە، ئەحمەد شەرع، بە گومان بمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت ئەوە قبووڵ بکرێت کە زۆرینەی خەڵکی سووریا زۆر دڵخۆشن کە لانیکەم لە ئەسەد رزگاریان بووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع وەکو سەرۆکی کاتی، منیش پێموایە کە دەبێت ئێمە ئەمە بە شێوەیەکی هاوسەنگ ببینین، لە لایەکەوە، بێگومان دەبێت لە رەخنەکە تێبگەین و خۆشمان وریابین، بەڵام لە هەمان کاتدا تێبگەین کە سووریا ئێستا پێویستی بە سەقامگیرییە، نامەوێت بڵێم، بە هەر نرخێک بێت، ئەوە زۆر دوور دەڕوات، من خۆم ئەڵمانی-سووریم، زۆرێک لە خزمانم هێشتا لە سووریان، و هەموو ساڵێک لەوێ بووم، کێشەیەکی گەورەم لەگەڵ ئیسلامییەکان هەیە، لە هەمان کاتدا، ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو هەوڵ بدات بڵێت، من خۆم لەمە دوورخستووەتەوە، دەبێت ئەمە بسەلمێنێت، واتە، کردار و هەڵسوکەوتەکانی دەبێت ئەمە بسەلمێنن، تەنانەت رەخنەگرانی شەرع کە من لە سووریا قسەم لەگەڵ کردوون، پێمدەڵێن، ئێمە دەرفەتێکی پێدەدەین، و دەبینین، ئێمە دەرفەتێکی پێدەدەین، هیوامان هەیە کە ئەمە سەرکەوتوو بێت، ئێمە وریادەبین، بەڵام، دەبێت ئەو دەرفەتە وەربگرێت، بەڕاستی من خۆشم لەسەر ئەو باوەڕەم کە دەبێت لانیکەم دەرفەتێکی پێبدرێت، بەڵام بەپێی کردارەکانی هەڵدەسەنگێندرێت.

رووداو: ئایا ئەگەر ئەحمەد شەرع لە بەرلین بەڕاستی رازی بێت کۆچبەرە سوورییەکان وەربگرێتەوە، بە بۆچوونی ئێوە ئەمە هەنگاوێکی باش دەبێت؟
لەمیا قەدوور: پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو رازی بێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش گوتبووی کە لە وەرگرتنی ملیۆنان سووریدا گەیشتوونەتە سنووری توانای خۆیان، من سەرسامم چۆن ئێستا هەزاران کەسی دیکە بەبێ ژێرخانێکی باش، دووبارە لەناو دەوڵەتی سووریادا تێکەڵ دەکاتەوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەر ئەو ئەم کارە بکات، دەبێت باجەکەی زۆر قورس بووبێت، دەبێت مرۆڤ بە دەنگی بەرز بپرسێت، ئایا دەوڵەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەردا چی پێشکێش کردوون؟ واتە، ئایا ئەمە کڕدراوە؟ من زۆر سەرسام دەبم ئەگەر بگوترێت، بەڵێ، ئێمە تاوانباران و کەسانی مەترسیداری سووری وەردەگرینەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت دواتر سنوورداشکردنەوەی گرووپەکانی دیکەش بەردەوام بکەن، ئەمەش لایەنە مەترسیدارەکەی بابەتەکەیە، لەنێوان تاوانباران و کەسانی مەترسیدار و هەموو کەسانی دیکەدا جیاوازییەکی گەورە هەیە، سوپاس بۆ خودا، ئەمە جیاوازییەکی زۆر گەورەیە، ئەگەر سووریا تاوانباران وەربگرێتەوە، ئەو کاتە پێویستە حکومەتی سووریاش بیر لەوە بکاتەوە ئەو تاوانبارە ئەڵمانانەی لە سووریا یان عێراق لە زیندانەکاندان، بیانگەڕێنێتەوە و رادەستی ئەڵمانیایان بکات، لە راستیدا ئەمە داوایەکی زۆر سەوزانەیە (مەبەست لێی پارتی سەوزەکانە)، من ئەمە بە دەنگی بەرز دەڵێم، ئەگەر بمانەوێت لە تاوانباران رزگارمان ببێت، ئەو کاتە دەبێت پێش هەموو شتێک تاوانبارەکانی خۆشمان وەربگرینەوە.

رووداو: ئێوە رەخنەتان لە رووداوە تووندوتیژییەکانی ساحل و سوەیدا گرت کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئەلشەرعەوە ئەنجامدران، زۆرێک لە کورد ئێستا دەترسن شتێکی هاوشێوە بەسەر ئەوانیشدا بێت، دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی هێرشی وا دووبارە نەبنەوە و پێکهاتەکان، بە کوردیشەوە، باشتر بپارێزرێن؟
لەمیا قەدوور: ئەمە پرسیارێکی باشە، لە راستیدا، بۆ ئەمە رەچەتەیەکی ئامادەکراو نییە، بەڵام بە تایبەتی کوردەکانی سووریا، کە بەشێکیان لەنێو خانەوادەکەمدان و من تێڕوانینێکی روونم هەیە، هێشتا پێویستییان بە ئاستێک لە ئاسایش و خۆبەڕێوەبەری هەیە، کە دەکرێت لە چوارچێوەیەکی گشتیدا بێت، بەڵام دەبێت هەمیشە مسۆگەر بکرێت، ئەمەش راستە، کە کورد بتوانێت وەکو لە عێراق ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەری بپارێzێت، ئەمە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک لە سووریا، بەڵام  ئەگەر ئێوە بە گشتی لە بواری کۆمەڵایەتیدا بپرسن، چۆن دەکرێت رێگری لە هێرشکردنە سەر کەمینەکان بکرێت؟ ئەمە گەورەترین ئاڵنگاری و ئەرکە کە ئێستا دوای دوو نەوەی ئەسەد، لەبەردەم سەرۆکی کاتیی دەوڵەتی سووریا دایە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت ئەو دیوارە گەورانە یان ئەو درزانەی لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتەدا دروستبوون، دووبارە بڕووخێنێت؟ بێگومان نەک بەوەی کە مرۆڤ نەتوانێت میلیشیاکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان کۆنترۆڵ بکات، هەموو ئەوانەی ژێر دەستی ئەلشەرع نین ئیسلامین، بەڵام هەندێکیان وان، ئەوانیشن بەرپرسیارن لەو توندوتیژییانە، ئەلشەرع لەسەر ئەمە هەڵدەسەنگێندرێت، ئایا دەتوانێت ئەم کۆمەڵگەیە کۆبکاتەوە، ئایا دەتوانێت ئیسلامییەکانی نێو ریزەکانی دیسیپلین بکات و لە کۆمەڵکوژیی وا دووریان بخاتەوە؟ ئایا دەتوانێت متمانە لەنێو کۆمەڵگەی دروز یان عەلەویدا دروست بکات? ئێمە ئەمە دەبینین، ئایا دادپەروەری بۆ هەمووان بەدیدەهێنێت؟ من پێموایە سوورییەکان پێش هەموو شتێک ئەمەیان دەوێت، دادپەروەری بۆ هەمووان، هەندێکجار هەست دەکەم بەڵێ، بەرەو رێگەیەکی راست دەڕوات، هەندێک جاریش بیر دەکەمەوە، نەخێر، بەرەu رێگەیەکی هەڵە دەڕوات، چونکە بەم شێوەیە ناتوانێت ئارامی، دادپەروەری و ماف بۆ هەمووان بەدی بهێنێت.

رووداو: زۆرێک لە کورد داوای سیستمێکی دەوڵەتیی نا ناوەندی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ ناوچەکانیان دەکەن، هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟ بە بڕوای ئێوە، دەبێت رۆڵی کورد لە سووریای نوێدا چی بێت؟
لەمیا قەدوور: پێویستە رۆڵێکی سەرەکی، یان لانی کەم رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت، ئەوان بەشێکن لەم وڵاتە، بە بڕوای من، ئەوان بەشێکن لە ناسنامەی سووریا، لای من سووریا هەمیشە دەوڵەتێکی فرەنەتەوە بووە، دەوڵەتێک کە لەنێو کۆمەڵگەدا زۆر بە لێبووردەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدی دەکرد، دەمەوێت مرۆv بیری لێ بکاتەوە، بۆ نموونە، حکومەتێکی داهاتوو بە بەشداریی وەزیرانی کورد دابمەزرێت، هەروەک چۆن وەزیرانی عەلەوی، کریستیان، درووز و ئێزدییش هەبن، مادام هەموویان سووری بن و مادام هەموویان بڵێن، دەمانەوێت ئەمە لەپێناو بەرژەوەندیی ئەم وڵاتە و تەواوی گەلەکەیدا بکەین، ئەمە شتێکی باشە، ئەگەر بوترێت ئێمە دەوڵەتێکی ئیسلامین یان دەوڵەتێکین کاریگەریی ئیسلامی لەسەرە، ئەوکاتە بێگومان دەبێت لێبووردەیی و ئازادیی هەموو باوەڕێکی دیکە بە شێوەیەکی راستەقینە مسۆگەر بکرێت؛ هەروەها بە بەڵێنی ئەمنیشەوە، ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەیە و دەبێت بڵێم، من لام سەیرە کە ئاخۆ ئەمە سەرکەوتوو دەبێت یان نا.

رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز خاتوو قەدوور، بۆ کاتەکەت و ئەم هەڤپەیڤینە.
لەمیا قەدوور: سوپاس.

یاریزانێکی کورد سێ شەو و سێ رۆژ بەسەریەکەوە رایکرد
بەهجەت حەسەن، لە میونشنەوە تا رۆما رایکرد


بەهجەت حەسەن، یاریزانی یاریی راکردنی دوورمەودا (ئولترا رەن)، کوردێکی دیاسپۆرانشینە و لە شارۆچکەی (کێمپتن)ی باشووری ئەڵمانیا دەژیت. لە یارییەکی دەگمەنی راکردندا، توانیویەتی سێ شەو و سێ رۆژ بەسەریەکەوە رابکات. ئەو لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە تا شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایکردوە. ئەم یارییە پشت بە راهێنانی مێشک و دڵ و سیستمی خواردن و شێوازی راکردن دەبەستێ، ئەو یاریزانە گەنجە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرایە و باسی یارییەکە و ریکۆردەکانی لەو جۆرە یارییە جیهانییەدا دەکات. 
بەهجەت حەسەن، یاریزانێکی کوردە لە یارییەکانی راکردنی دوورمەودا (ئۆڵترا رەن)، کە نەک تەنیا رۆیشتنە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی قووڵی توانای جەستەیی و دەروونی مرۆڤە. بەهجەت، کە ماوەی 23 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و نیشتەجێی شاری کێمپتنە، چیرۆکێکی پڕ لە ئیلهامبەخشیی لەگەڵ خۆی هێنا، چیرۆکێک کە سنوورەکانی توانای مرۆڤ تێدەپەڕێنێت و ئومێد و ئیرادە بە گوێگران دەبەخشێت.
پێش هەموو شتێک، دیمەنی 50 کاژێر راکردن بە بەردەوامی لەسەر ئامێری "ترێدمێڵ" سەرسووڕهێنەرە، لە کاتێکدا زۆربەمان دوای نیو کاژێر یان کەمتر هەست بە ماندوویی دەکەین و دەوەستین، بەهجەت توانیویەتی ئەم ریکۆردە ئەستەمە بشکێنێت. ئەمە نیشانەی تەنیا توانای جەستەیی نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بەڵگەی بەهێزیی مێشک و ئیرادەی نەبەزیویەتی. 
دەستکەوتی سەرەکی بەهجەت، راکردنی 1200 کیلۆمەترە لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە تاوەکو شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لە ماوەی 10 رۆژدا. ئەمە تەنیا مەودایەکی دوورودرێژ نییە، بەڵکو گەشتێکە بەنێو چەندین جوگرافیا و دابونەریتی جیاوازدا، کە بەهجەت بە پێیەکانی خۆی بڕیویەتی. دەڵێت "زۆرتریش لە دەرەوە رادەکەم، یانی بە هەر چوار وەرزی ساڵەکەش لە دەرەوە رادەکەم".
بەهجەت حەسەن تیشک دەخاتە سەر سێ پایە سەرەکییەکەی ئەم یارییە:
1. مەشقی دەروونی (مێنتاڵ ترەینینگ):  ئەمە گرنگترین بەشە. "یەکەم شت مێنتاڵە... مێشکی مرۆڤ زۆر بەرگری دەکات لەوەی کە خۆی بە خۆی دەڵێت من تەمبەڵم ناتوانم". ئەو باس لە تاقیکردنەوەیەکی سەیر دەکات کە 24 کاژێر لە ژوورێکی 6 مەتریدا سووڕاوەتەوە بۆ ئەوەی توانای مێشکی خۆی تاقیبکاتەوە، نهێنییەکەی لە وشەیەکدا کورت دەکاتەوە: "تەمبەڵیم لە لەشی خۆمدا کوشت."
2. سیستمی خۆراکی تایبەت: لە کاتی راکردنی دوورودرێژدا، جەستە وزەیەکی بێئەنداز دەسووتێنێت، رۆژانە 20 هەزار کالۆری دەسووتێنێت، بۆیە خواردنێکی تایبەتی هەیە کە پێکدێت لە خورما، مۆز و چەندین جۆری دیکەی خۆراک کە وزەی پێویستی پێدەبەخشن، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز و وردە وردە دەیانخوات.
3. توانای جەستەیی و شێوازی راکردن (کۆندیشین): دەبێت سەرەتا بە هێواشی دەست پێ بکەیت و شێوازی راکردن و هەنگاونان گرنگە، سێ شێوازی سەرەکیی راکردن هەیە، بەهجەت شێوازی ناوەڕاستی پێی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی وزە و کەمکردنەوەی فشار لەسەر قاچەکان.
سەرباری ئەو هەموو فشارەی لەسەر جەستەی دروستی دەکات، بەهجەت ساڵانە پشکنینی پزیشکی ورد دەکات، پزیشکەکانی سەرسام دەبن بە تەندروستی باشی و هیچ کێشەیەکی جەستەیی نییە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر رژێمی راهێنانی دروست و پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی تەندروستی. "لە بیست ساڵی رابردوودا لەوانەیە سێ جار نەخۆش کەوتوومە، یەکێکیان کۆرۆنا بوو."
سەبارەت بە ئاواتەکانی بەهجەت دەڵێت"گەورەترین ئاواتی من ئەوەیە بە راکردن بگەڕێمەوە کوردستان، دوای 25 ساڵ دابڕان، نامەوێت بە فڕۆکە یان ئۆتۆمبێل بگەڕێمەوە، بەڵکو دەمەوێت بە پێیەکانی خۆم بگەمەوە وڵات. ئەمەش وەک وەفایەک بۆ خاکەکەم و خۆشەویستیی بۆ وەرزشەکەم".
ئامانجەکانی بەهجەت تەنیا لەسەر شکاندنی ریکۆردەکان و گەشتی نێوان وڵاتان ناوەستێت، ئەو سێ پرۆژەی گەورەی خێرخوازی لەپێشە، بەتایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان. دەیەوێت لە هەولێر یان سلێمانی، سێ یان چوار شەو و رۆژ بە بەردەوامی رابکات، بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و داهات بۆ:
نەخۆشخانەی هیوا.
منداڵانی بێ دایک و باوکی شەهیدان