کوردی دیاسپۆرا هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوە
بەرنامەی 110ی دیاسپۆرا تایبەتبوو بە چۆنییەتی گەیاندنی هاوکارییەکانی کوردی دیاسپۆرا بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکووری و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا.
ئاوات مستەفا: سوپاسی رووداو دەکەین کە هۆکاربوو بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین هاوکاری
ئاوات مستەفا، نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەوروپا رایگەیاند، رووداو هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی زۆرترین هاوکاریی لە ئەوروپا و ئەمریکا کۆبکەینەوە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەمەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئەژمارە بانکییەکانی ئێمەوە.
ئاوات مستەفا روونیکردەوە، هاوکاریکردنی لێقەوماوانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان چەندە مرۆڤایەتیبن ئەوەندەش نیشتمانین و هاوکاریکردنەکە هەستێکی نەتەوایەتییە دوور لە سیاسەت.
گوتیشی"رێکخراوی خێرخوازی بارزانی نوێنەرایەتی کورد دەکات و لە گەیاندنی هاوکارییەکان تەنسیق و لۆجستێکی زۆر بەهێزی هەیەوە".
دەقی هەڤپەیڤینی ئاوات مستەفا لەگەڵ رووداو:
رووداو: دوای بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەزگای خێرخوازی بارزانی داوای لە کوردی دیاسپۆرا کردووە هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن، هۆکارەکەی ئەوەیە کارەساتەکە زۆر گەورەیە؟ یان میکانیزمێکی نێیە؟
ئاوات مستەفا: سەرەتا سوپاس بۆ بەڕێزتان و هاوکارانی رووداو بۆ ئەم دەرفەتە، بەڵی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە 2014ەوە هاوکاری پەنابەران و لێقەوماوان و ئاوارەکانی کردووە لەهەر کوێیەکی ناوچەکەدابن، بەڵام رۆژئاوای کوردستان و سووریا و باکووری کوردستان و تورکیا و عێراق و جاروباریش ئێران سەنتەری کارەکانی ئێمەبوون، ئەمجارە لەگەڵ جارەکانی دیکە جیاوازییەکە ئەوەیە کە هەستدەکەین کە کارەساتەکە گەورەترە، بۆ نموونە ئەگەر باسی باکووری کوردستان بکەین دەبینین کە دە شاری گرتووەتەوە، بەهەمان سێوە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی سووریاش، پێمانوایە کە هاوریکردنەکە چەندە مرۆڤایەتییە هێندەش نیشتمانییە و هەستێکی نەتەوایەتی هەیە، لەکاتێکدا رێکخراوی دەزگای بارزانی بووە چەترێک بەبێ جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی و رەنگەکان بۆ کارە مرۆییەکان، بەراستی هیمەتی هەموولایەکە بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەن و لە دیاسۆران و زۆر داواینکرد کە پێیان باشبوو لە ئەوروپا سەنتەرێک یان ناوەندێک هەبێت کە هەموویان لەوێیوە هاوکارییەکانیان بگەیین بە خەڵکی لیقەماو، سوپاس بۆ هەموولایەک بەراستی دانیشتوانی ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت ئوسترالیا و سوێنەکانی دیکەش هاوکاری زۆرمان بوون، ئێمە جگە لەوەی کە دەمانەوێ هاوکاری لیقەوماوانی بوومەلەرزەکە بکەین، ببینە پردێکی پێکەوەبەستنەوە لە نێوان کوردانی دیاسپۆرا و ئەو خەڵکانەش کە لێقەوماون و چاویان لە هاوکاری و هیمەتی ئێمەیە، بۆیە ئەمە بابەتێکی مرۆڤانەیە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی ئێمە یارمەتی هەموو کەسێک دەکەین، بەڵام بئەو بابەتە هەستێکی نەتوایەتی تێدایە دوور لە سیاسەت.
رووداو: کەسێک بیەوێ لە ئەوروپا هاوکارییەکانی لە رێگەی ئیوەوە بگەیێنێت چۆن پەیوەندی بکات؟
ئاوات مستەفا: خەڵکێکی زۆر لە ئەوروپا بە پارە و بە کەلوپەل هاوکارییەکانیان گەیاندووە بە ئێمە، بابەتەکە هەستێکی نەتەوایەتی لە پشتە و ئەو خەڵکە کە سەیری لێقەوماوان دەکات لە کەناڵی رووداو یان کەناڵەکانی دیکە ئازارێکی زۆر دەبینێت، یان دیمەنی منداڵێک دەبینن لە ژێر بەردو وگڵدایە و دایک و باوکی لە دەرەوە بۆی دەگرین، یان تەرمێک دەبینن لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان ئەوا کاریگەرییەکی زۆر لەسەر خەڵک دروست دەکات و هانیان دەدات هاوکارییان بکەن، بۆیە باشترە هاوکارییەکان بە لایەنێک بسپێردرێن کە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانیان تەنسیق و لۆجستییەکی زۆر بەهێزی هەبێت، رێکخراوی دەزگای خێرخوازی بارزانی هەموو ئەو مەرجانەی هەن و تەنسیق و لۆجستی زۆر بەهێزی هەیە، هەروەها دەمەوێ لێرە سوپاسی روودا بکەم کە هەژمارە بانکییەکانی ئێمەی بڵاوکردەوە بە تەئکید کاریگەری زۆری هەبوو لە زیاتر کۆکردنەوەی هاوکارییەکا، خەڵکێکی زۆر لە هەموو وڵاتانی ئەووپا هاوکاری گەیاند، زۆرترین هاوکاریش لە ئەڵمانیا و ئەمریکا کۆکراونەتەوە، بۆیە رووداو کە رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەیری دەکات بەشێکی زۆر گەورەی بەردەکەوێت لە کۆکردنەوەی ئەو هاوکارییانە و پیزانینمان بۆی هەیە، هەندێ کەس کە پارەی هەیە و دەیەوێ هاوکاری لێقەوماوان بکات باشترە لە رێگەی ئێمەوە بیکات، بەهۆی ئەوەی تەنسیق و پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە و لەوێ ئامدەین، نەک بەخۆی کە چەند هەزار دۆلارێکی هەیە و تاوەکو دەچیت و دەگەڕێتەوەو پارەکەی هەر بەشی گەشتەکەی ناکات، بەڵام لە رێگەی ئێمەوە پارەکەی هەمووی وەک خۆی دەگات و زۆرترین سوود دەگەیێنێت بە لێقەوماوان، بۆیە پیویستە ئێمە وەکو کرد هاوکاری زۆر بکەینلە رێگەی ئێمەوە، چونکە دەزگای خێرخوازی بارزانی نوێنەرایەتی کرد دەکات و خەڵک دەتوانێت تاقیمان بکاتەوە، ئەوەی گومانێک لە خەرجکردنی پارە و هاوکارییەکانیان هەیە دەتوانێت راستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکات و روونکردنەوەی پیدەدەین، هەروەها هاوکارییەکان هەرچەند زۆربن هەر کەمن، بەهۆی گەورەیی کارەساتەکە، ئەوەی لە کەناڵەکان دەیبینن زۆر گەورەترە لەوەی کە هەیە.
رووداو: کەی هاوکارییەکان دەگەنە عەفرین و رۆژئاوای کوردستان؟
ئاوات مستەفا: ئەمشەو هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەگەنە عەفرین و بەسەر لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان دابەش دەکرێن.
رووداو: زۆر سوپاس
رۆدی عەلی: چەکداران لە هەرێمی عەفرین پارەی هاوکارییەکان دەدزن
رۆدی عەلی، چالاکڤان و یەکێکە لەو کەسانەی بە هاوکاریی چەند چالاکڤانێک هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا وبەلجیکا کۆدەکەنەوە، رایگەیاند، دۆخی رۆژئاوای کوردستان خراپە و هاوکارییەکان زۆر کەمن.
رۆدی عەلی میوانی بەرنامەی دیاسپۆرابوو لە بارەی هاوکارییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا رایگەیاند، ئێستا زۆربەی دەروازە سنوورییەکان داخراون و ناتوانرێت بە ئاسانی هاوکارییەکان بگەیێندرێت و گوتی"ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاوکاریی لە دەروازەی حەمام گەیشتە عەفرین کە پێکهاتبوو لە کامیۆنێکی جلوبەرگ و بەتانی، لە عەفرین تیمێکی چەند کەسیمان لەوێ هەن و هاوکارییەکان لە نێوان عەفرین جەندرێس دابەشدەکەن"، گوتیشی" گرنگترین ئێستا هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان پارەیە، هەرچەندە بڕێک پارە نێرداوە، بەڵام چەکداران لە هەرێمی عەفرین پارەی هاوکارییەکان دەدزن، بۆیە توانیمان لە رێگەی کەسێکەوە کە متمانەپێکراوی ئێمەیە پارە بگەیێنین بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە".
رۆدی عەلی گلەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە وەک تورکیا هاوکاری رۆژئاوای کوردستان و سووریا ناکەن و گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ تیمێکی نێودەوڵەتی نەچوونەتە عەفرین، تەنانەت حکومەتی ئەڵمانیا بەهۆی نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا هاوکاریی نانێرێت بۆ عەفرین، واتە ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا وەک هاوکاری بۆ تورکیای کردووەو بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان نەکردووە"
رۆدی عەلی ئاشکرایکرد، هەمووعەفرینییەکانی دیاسپۆرا هاوکاری لێقەوماوانی عەفرینیان کردووە و کۆمەکەکانیان لە رێگەی جیاوازەوە گەیاندووە بە لێقەوماوانی شارەکەیان.
لە ئەڵمانیا زیاتر لە 100 هەزار یۆرۆ بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوا کۆکراوەتەوە
سێئال حەسەن، لە جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا، کە خۆیشی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە،کەمپەینێکیان بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا راگەیاندووە و میوانی بەرنامەی دیاسپۆرابوو، رایگەیاند، بەداخەوە رۆژئاوا ئەمڕۆ بێ کەسە و تەنیا خۆی ئازارەکانی دەکێشێت، گوتی "نەبوونی پەیوەندی بە کەسوکارمان لە رۆژئاوای کوردستان گەورەترین کێشەیە و بە زەحمەت دەتوانین بزانین کەسوکارمان لەوێ لە چ بارودۆخێکدان و تەنانەت ناتوانین بزانین چەند کەس گیانیان لەدەستداوە، هەندێکجار ناچارین لە رێگەی سۆسیال میدیاوە رایگبەیێنین ئایە فلانە کەس ماوە یان نا".
سێئال حەسەن سەبارەت بە هاوکارییەکان گوتی" ئێمە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە ژمارەی بانکیمان راگەیاند و سێ رۆژە بەردەوامە و تاوەکو ئیستا زیاتر لە 100 هەزار یۆرۆمان بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوا و باکوور کۆکردووەتەوە نزیکەی 90%ی هاوکارییەکانیش لە ئەڵمانیا کۆکراونەتەوە و دەمانەوێ بڕەکە بگەیێنینە 500 هەزار یۆرۆ".
سێئال حەسەن ئاشکرایکرد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام بانگەوازمان بۆ هاوکارییەکان کردووە، گوتیشی" ئاگادارین کە دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە رۆژئاوای کوردستان و هەوڵدەدەین پەیوەندیان لەگەڵ دروستبکەین و هاوکارییەکانمان لە رێگەی ئەوان و هەروەها پارتە سیاسییەکان بگەییێنین بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە".
شاهین کورکوتیش یەکێکە لە چالاکڤانەکان لە جڤاکی کوردی راین و زیگبورگ کە خۆیشی خەڵکی باکووری کوردستانە. ئەوانیش کەمپەینێکی گەورەیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوەی هەناردنی کۆمەکەکانیان گوتی"هاوکارییەکان بەشێوەیەکی باش کۆدەکرێنەوە، بەڵام ئێمە نازانین لەوێ چۆن دابەشدەکرێن، بۆیە بڕیارماندا خۆمان هاوکارییەکان بگەیێنین بەو کەسانەی کە متمانەمان پپێیان هەیە، ئێمە رۆژانە پەیوەندی بە کەسوکارمان لە باکوور دەکەین، پێمان دەڵێن هاوکارییەکان پێمان نەگەیشتوون، بەتایبەتی گوندەکان هیچ هاوکارییەکیان پێنەگەیشتوون"
شاهین کورکوت روونیکردەوە، ئەمڕۆ هاوکارییەکانیان گەیاندە سەمسوور و هەوڵدەدەن بگەیێنین بە هەموو شارە زیانلێکەوتووەکان.
لاوێکی عەفرینی لە فەرەنسا کۆمەک بۆ لێقەوماوانی عەفرین کۆدەکاتەوە
هەر بۆ عەفرین لە فەرەنساش هەڵمەتێک دەستیپێکردووە. ئاریا ژێمو، چالاکڤانێکی عەفرینییە و لە رێگەی وێبسایتی sos.kurdistan کۆمەککۆدەکاتەوە، هەروەها رێگەکانی گەیاندنی هاوکاری دەخاتەڕوو، ئاریا کە زۆر چالاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەوادارێکی زۆری هەیە، میوانی دیاسپۆرابوو و گوتی" ئێمە هاوکارییەکانمان تەنیا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە کۆدەکەینەوەو دەنێرین، هاوکارییەکانی ئێمە تەنیا پارەن، واتە داوا لە خەڵک دەکەین پارە بنێرن بۆ هەژمارە بانکییەکانمان و تاوەکو ئێستا پارەیەکی زۆر کۆکراوەتەوەو هەر لە رێگەی هەژمارە بانکییەکانمان پارەکەمان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوا ناردووە".
ئاریا ژێمو گوتیشی" لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆر چالاکین و هاوکاری باش کۆدەکەینەوە و خەڵک فێر دەکەین چۆن هاوکارییەکانیان بنێرن".
لە ئەسکەندەنافیا کۆمەک بۆ بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە
لە ئەسکەندەنافیاش کە کوردێکی زۆری لێیە و لەوێش چەند چالاکڤانێک کەپەینیان راگەیاندووە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، یەکێک لەو چالاکڤانانە دەریا قادرە، ئەو میوانی دیاسپۆرابوو، پەیامەکانی خۆی گەیاند و گوتی "گرنگە ئێمەی کورد لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوەبین و هاوکاری یەکدیبین، چەند رۆژێکە کەمپاینێکمان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاندووە و داوا لە کوردی نیشتەجێی ئەسکەندەنافیا دەکەم هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بکەن".
دەریا قادر گوتیشی" هاوکارییەکانی ئێمە تەنیا کۆکردنەوەی پارەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەکی بانکیمان راگەیاندووە دەتوانن لەو رێگەیەوە هاوکارییەکانتان بنێرن".
دەریا قادر روونیکردەوە کە هاوکارییەکانیان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستانە.
لە مزگەوتەکانی بەریتانیا هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکرایەوە
حکومەت و رێکخراوەکانی بەریتانیا زیاتر لە 33 ملیۆن پاوەندیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ناردووە
لە بەریتانیاش کۆمەکردن وهاوکاری زۆر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکراونەتەوە، یەکێک لەو جالاکوانانە کە کاری کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەکات، محەممەد جەلال بەرزنجییە سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، کوردی دیاسپۆرای بەریتانیا کۆمەک بۆ لێقەوماوانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆدەکەنەوەو گوتی" ئەمڕۆ لە تەواوی مزگەوتەکانی بەریتانیا لە دوای نوێژی هەینی کۆمەک و هاوکاری ماددی بۆ لێقەوماوان کۆکرایەوە و بڕێکی زۆر لە پارە کۆکرایەوەو لە هەندێ مزگەوت زیاتر لە 7 هەزار پاوەند کۆکرابوویەوەو پارەکان لە رێگەی حکومەتی بەریتانیا بۆ لێقەوماوان نێردرا".
محەممەد جەلال ستایشی حکومەتی بەریتانیای کرد کە زۆر بە باشی هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکات و گوتی" حکومەتی بەریتانیا 5 ملیۆن پاوەندی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرەزەکە تەرخانکرد و هەروەها رێکخراوە مرۆییەکانیش 27 ملیۆن پاوەندیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرەزەکە نارد، جگە لەمەش حکومەتی بەریتانیا نزیکەی 77 تیمی گەڕۆکی ناردووە بۆ باکووری کوردستان بۆ کاری رزگارکردن".
لە بەرەبەیانی 6ی ئەم مانگە بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی سووریا و تورکیای بە پلەی 7.4 پلەی رێختەر هەژاند و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە و دەیان هەزار کەسیش برینداربوونە.