نووسەرێکی کورد لە بەریتانیا مێژووی کوردستان دەگێڕێتەوە

17 March 2023
نووسەرێکی کورد لە بەریتانیا مێژووی کوردستان دەگێڕێتەوە

دیاسپۆرای ئەم هەفتەیە جیاواز بوو لە دیاسپۆراکانی پێشتر و تایبەت بوو بە نەورۆز و مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کوردستان.

پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن لە ئەڵمانیا مەراسیمێکی گەورەی بۆ نەورۆزی کوردستان رێکخست کە یەکەمجارە دامەزراوەیەکی فەرمیی ئەوروپیی نەورۆز بە جەژنێکی کوردی دەناسێنێ.

 

لە بەرنامەکەدا زۆر زانیاریی نوێ سەبارەت بە مێژووی کوردستان باسکرا، دەردەکەوێ کە یەکەمین تێکست لە مێژووی جیهاندا لە کوردستان نووسراوە، یەکەمین دانەوێڵە کورد چاندوویەتی، سەلاحەدینی ئەیووبی کوردایەتیی کردووەو نەورۆزیش جەژنێکی سەت لە سەت کوردییە.

هەموو ئەو زانیارییانە مێژوونووسێک باسی کرد کە بەشی گەورەی ژیانی لە دیاسپۆرا بۆ توێژینەوە تەرخانکردووەو لەسەر ئەمە کتێبێکیشی نووسیوە.

سۆران حەمەڕەش، مێژوونووس و هەروەها نەوەی موفتی پێنجوێنییە رایگەیاند: هەمیشە بە بەردەوامی هەوڵی شێواندنی مێژووی کورد دراوە بە نەورۆزیشەوە، لە کاتێکدا نەورۆز جەژنێکی سەت لە سەت کوردییە.

 ئەو مێژوونووسە گوتی "نەورۆز جەژنێکی سۆمەرییە و ئەوان لەو جەژنەدا 12 رۆژ ئاهەنگیان گێڕاوە، تاوەکو سەدەی بیستەم ئەو نەورۆزەی کراوە هاوشێوەی سۆمەرییەکان بووە، لای سۆمەرییەکان دوو سەری ساڵ هەبووە، بەڵگەنامەم لایە سۆمەرییەکان کوردبوون و DNAـی گەنمی کورد لە نێو گەنمی سۆمەرییەکاندا هەیە. بۆیە زۆر چیڕۆک هەن دەیسەلمێنن کوردستان کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون و شارستانییەتە لە مێژوودا".

 

سۆران حەمەڕەش لە بارەی نەورۆزەوە گوتی "لە بەڵگەنامەکانی ئەفسانەی نەورۆز تەنیا ناوی کورد هاتووە و جەژنی نەورۆز بە هیچ وڵاتێکەوە نەبەستراوەتەوە،  سەرەتا لەلایەن پاشایەکی مادییەوە کراوە، ئەسڵی وشەی نەورۆز لە "نەوڕۆژ"ـەوە هاتووە" بە واتای رۆژی نوێ".

  

سۆران حەمەڕەش کە نووسەری کتێبی "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد"ە، باسی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت "ئەگەر جیهان زووتر راستییەکانی زانیبا، ئاراستەی رووداوەکان جیاوازدەبوون، لە مێژوودا ئەو وێنەیە بۆ کورد کراوە کە بە خاکەوە نەبەستراوەتەوە، کورد لە مێژوودا وەکو شاخاوی ناسێندراوە، یاخود لە هەر سەردەمێکدا بە ناوێک ناسراوە".