خانمێکی کورد کار لەو تەکنەلۆژیایەدا دەکات کە وایکرد بەزوویی ڤاکسینی کۆرۆنا بدۆزرێتەوە

10 September 2021
خانمێکی کورد کار لەو تەکنەلۆژیایەدا دەکات کە وایکرد بەزوویی ڤاکسینی کۆرۆنا بدۆزرێتەوە
رێکخراوێکی کوردی لە سویسرا بەفەرمیی دەبێتە راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، چیرۆکی پزیشکێکی ئەڵمانی کە چووەتە رۆژئاوای کوردستان، تەکنۆلۆژیای دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا و گفتوگۆ لەگەڵ دڵنیا رەزازی لە مژارەکانی دیاسپۆرای ئەم هەفتەیە بوون.

رێکخراوێکی کوردی لە سویسرا بەفەرمیی دەبێتە راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان

رێکخراوێکی کوردی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە سویسرا بەفەرمی بووە راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان. ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە سویسرایە و کوردی دیاسپۆرانشین سەرپەرشتیی دەکەن، لە ساڵی 2010ەوە دەستبەکارە. 

پلەی راوێژکاریی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەردێتە ئەو رێکخراوانەی بە کارەکانیان بوونەتە جێگەی متمانەی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە. ئازاد سەڵاواتی، سەرۆکی رێکخراوەکە لە ژنێفەوە لەمیوانی دیاسپۆرا بوو.

چیرۆکی پزیشکێکی ئەڵمانی کە چووەتە رۆژئاوای کوردستان

پزیشکێکی ئەڵمانی کە چووبووە رۆژئاوای کوردستان، لە دیاسپۆرا باسی ئەوە دەکات کە لەوێ چیی بینیوە و چیش وایلێکردووە بچێتە ئەوێ.   

ئەو پزیشکە ئەڵمانییە لە ساڵی 2014ەوە بەبەردەوامی لە وڵاتەکەی خۆیەوە بەڕێگەوە بووە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لەوکاتەوە دکتۆر میشاییل ڤیلکە کاری زۆری بۆ فریاکەوتنی رۆژئاوای کوردستان کردووە و لە ئەڵمانیا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ دیاسپۆرای کوردی دروستکردووە. زنار شینۆ چووبووە شاری ڤیزبادن و گفتوگۆیەکی باڵکێشی لەگەڵ هەبووە.

تەکنۆلۆژیای دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا

خانمە زانستکارێکی کورد کار لەو تەکنەلۆژیایەدا دەکات کە وایکرد بەزوویی ڤاکسینی کۆرۆنا بدۆزرێتەوە. مۆنا مورادی باسی ئایندەی تەندروستیی مرۆڤەکان و ئەو دەرفەتانە دەکات کە وادەکەن جاری داهاتوو بۆ پەتایەکی وەک کۆرۆنا چۆن ئامادەتر بین.  

تا ئەوکاتەی ڤاکسینی کۆرۆنا نەدۆزرابووەوە، کەم کەسمان شتێکمان لەبارەی شتێک بەناوی ئێم ئاڕ ئێن ئای دەزانی. کە ڤاکسینەکە دۆزرایەوە، تێگەیشتین کە بەشی زۆری ڤاکسینەکان بەو تەکنەلۆژیایە بەرهەمدێن و دەرگایەکی نوێش بەڕووی چارەسەری پزیشکیدا بۆ ئایندە کراوەتەوە. رەنگە بۆتان سەرنجڕاکێش بێ کە بڵێم خانمێکی سەرکەوتووی زانستکاری کورد ئێستا کار لەسەر ئەو تەکنۆلۆژیایە دەکات. سەرەتا بیناسن، دوایی لە ستۆدیۆ میوانم دەبێت.  

دڵنیا رەزازی لە دیاسپۆرا کارە هونەرییە نوێکەی ئاشکرا دەکات

دڵنیا رەزازی کچی رەوانشاد مەرزیەی فەریقی و مامۆستا ناسر رەزازییە. زۆر کەس دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومێک لەپاش کۆچی دوایی دایکی ناسییان، بەڵام زۆر کەم لەبارەی کارەکانیەوە دەزانن. چونکە لە میدیادا یەکجار دەرکەوتووە، بەڵام ئەمشەو لە دووەمین دەرکەوتنیدا جگە لە کارە هونەرییەکانی، باسی کارەکەشی دەکات کە چۆن لە سوێد کاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.