هۆڵەندا، کاتێک ئیمەیلێک دەبێتە بومەلەرزەیەکی سیاسی

هۆڵەندا، کاتێک ئیمەیلێک دەبێتە بومەلەرزەیەکی سیاسی
هۆڵەندا، کاتێک ئیمەیلێک دەبێتە بومەلەرزەیەکی سیاسی
پەرلەمانی هۆڵەندا وەک یەکەم پەرلەمانی ئەوروپی، لەژێر گوشاری بێوێنەی دیاسپۆرای کوردی، بڕیارێکی چارەنووسسازی لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای کوردستان پەسند کرد. ئەم سەرکەوتنی دیپلۆماسییە دوای ئەوە هات کە نامەیەکی دیاسپۆرانشینانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە دوو ملیۆن جار بۆ پەرلەمانتاران و کاربەدەستان نێردرا. یەکێک لە پەرلەمانتارەکان بە سەرسامییەوە دەڵێت: "مەیلبۆکسەکەم هێندە فوول بووە، جگە لە داواکاریی کوردەکان هیچ نامەیەکی دیکە نابینم." ئەم گوشارە جەماوەرییە وایکرد 143 پەرلەمانتار لە کۆی 150 ئەندام، دەنگ بە پڕۆژەبڕیارێک بدەن کە رژێمی دیمەشق ناچار دەکات بۆ وەرگرتنی هاوکارییە 620 ملیۆن یۆرۆییەکەی ئەورووپا، دەبێت بە فەرمی گەرەنتیی پاراستنی مافی کورد و پێکهاتەکان بدات.

بەریتانیا و ئەورووپا؛ هەڵوێستەکان تووندتر دەبن
لەلایەکی دیکەوە، دەنگی ناڕەزایەتی گەیشتووەتە ناو جەرگەی دەسەڵاتی بەریتانیا. لە لەندەن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ سیاسییە کوردەکانی نێو پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوا کۆبووەوە. سەرباز بەرزنجی، کە یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی ئەو گرووپە، رایگەیاند کە بەڵێنیان وەرگرتووە حکومەتی بەریتانیا راستەوخۆ کار لەسەر چارەسەری دۆخی رۆژئاوا بکات. هاوکات لە پەرلەمانی ئەورووپا، مارتین شیردەڤان، سەرۆکی فراکسیۆنی چەپەکان، پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرۆکی جڤاتی ئەورووپا کرد و گوتی: "قبوڵکراو نییە بە پارەی باجدەرانی ئەوروپی، تێچووی سەرکوتکردنی کورد لەلایەن سووریاوە دابین بکرێت." هەروەها کاتی پیری، دۆستە دێرینەکەی کورد، داوا دەکات پایتەختە رۆژئاواییەکان بۆ تێگەیشتن لە راستییەکانی سووریا، تەنیا گوێ لە دیاسپۆرای کوردی بگرن.

فەرەنسا؛ دۆستایەتییەکی پڕ لە گوشار
هەمووان دەزانین فەرەنسا هەمیشە وەک دۆستی کورد ناسراوە، بەڵام ئایا لەم رۆژانەدا لە ناو کۆڵان و پەرلەمانی پاریسدا چی دەگوزەرێت؟ ئەمشەو کانی جەهانگیری، چالاکوانی ناسراو لە ستۆدیۆ میوانمانە و بۆمان رووندەکاتەوە کە چۆن گوشاری 
شەقام و پەرلەمان گەیشتووەتە ئاستێک، حکومەتی فەرەنسا ناتوانێت چاو لە ئازارەکانی رۆژئاوا بپۆشێت.

چیرۆکی کەزییەک؛ کاتێک کارسازی و هونەر دەبنە خەبات
لەم راپۆرتەدا، دوو چیرۆکی کاریگەرتان بۆ دەگێڕینەوە کە جیهانی هەژاندووە. یەکەمیان چیرۆکی خانمە کارسازێکی سەرکەوتووە، کە لە نێو کۆڕبەندی گەورەترین خاوەن براندەکانی جیهاندا، کاتەکەی تەرخانکرد بۆ پیشاندانی وێنەی ئەو چەکدارەی کەزیی ژنانی کوردی بڕیبوو؛ ئەو دەڵێت: "ناسنامەی نەتەوەکەم لە هەموو براند و بازرگانییەکم گەورەترە." لەلایەکی دیکەوە، هونەرمەند سامان هیدایەت لە ئەڵمانیا، لە رێگەی پەیکەرێکی ناوازەوە، وێنەیەکی جیاوازی بۆ رێزگرتن لەو کەزییە بڕاوانە دروستکردووە، تاوەکو ئەو برینە مێژووییە لە یادەوەریی ئەورووپادا بە زیندوویی بهێڵێتەوە.

خۆپیشاندانی گەورەی شاری بۆن
لە کۆتایی گەشتەکەماندا، ئامادەکارییەکان بۆ خۆپیشاندانە مەزنەکەی سبەی لە شاری بۆن دەخەینە روو، کە بڕیارە هەزاران کورد لە سەرتاسەری ئەڵمانیاوە کۆببنەوە و هاواری ئازادی بۆ رۆژئاوا بەرز بکەنەوە.