کۆمزار
مەسقەت، پایتەختی شانشینی عومان
ئەم شانشینە بەهۆی دۆخی جوگرافی و دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی یەمەن، سعودیە، ئیمارات و ئێران و ئەو رۆڵەی لە نێوەندگیری لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی رۆژئاوا وەکو ئێران و ئەمریکا، هەیبووە، وەک پایتەختی ئاشتەوایی کەنداو دادەنرێت.
زیاتر لە دوو هەزار کیلۆمەترمان لە هەولێرەوە بڕیوە بۆ ئەوەی لێرە لە مەسقەت، بەدواداچوون بۆ بنچینەی زمانێکی ونبوو بکەین.
لە کۆمزاری لەوە دەکۆلینەوە ئایا ئەمانە کوردن و ئەو زمانەی قسەی پێدەکەن زمانێکی سەربەخۆیە یان شێوەزارێکی کوردییە ؟
کۆمزاری...
رەنگە زۆربەتان باسی زمان و کولتووری کۆمزارییەکانتان بیستبێت، دەگوترێت هۆزێكی جیاوازن لە شانشینی عوممان. ئەم هۆزە لە پارێزگای موسەندەمی عومان، گوندێکیان هەیە بەناوی کۆمزار.
سەرەتا پێویستە لە مەسقەتەوە بەفڕۆکە بچین بۆ پارێزگای مەسەندەم، لە باکووری عومان. دوای کاژێرێک دەگەینە خەسەب، ناوەندی پارێزگای مەسەندەم.
دەچینە کەنار دەریای عومان، لەسەر کەنداو. لێرە بەدواوە دەبێت بۆ گەیشتن بە کۆمزار رێگەی دەریا بگرینەبەر. پێویستە 40 کیلۆمەتر بە بەلەم ببڕین.
مستەفا گۆران: سڵاو باوکی هەدیل چۆنی، دەنگوباست. چەند خولەکمان پێدەچێت ؟
عەبدوڵڵا کۆمزاری- کاپتنی بەلەم:
سڵاو لە تۆش، زۆر سوپاس . پشتیوان بە خودا بە چل خولەک دەگەین.
عەبدوڵڵا کۆمزاری- کاپتنی بەلەم:
من تەمەنم 50 ساڵە، ئەوە 35 بۆ 40 ساڵە لەنێو دەریام هاتووچۆ دەکەم لەنێوان کۆمزار و خەسەب.
مستەفا گۆران: چیت بینیوە لە ماوەی ئەو تەمەنەت دا لەنێو دەریا دا؟
عەبدوڵڵا کۆمزاری- کاپتنی بەلەم:
دەریا زۆرجار مەترسیدارە، شەپۆڵەکانی زۆر بەرزن و هەوای زۆر بە تینی هەیە، جاری واهەیە خێرایی بایەکەی دەگاتە 40 کیلۆ مەتر لە کاژێرێک دا، بەپێی کەشوهەوا دێینە نێو دەریا، ئەگەر کەشوهەوا باش نەبێت نایێین چونکە رەنگە تێبکەوین.
بەدرێژایی رێگەکە لایەکمان شاخە و لایەکەی دیکەشمان گەرووی هورمز. باڵندە و دۆلفینەکانی ئەم دەریایە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و جوان دەبەخشن.
دوای زیاتر لە یەک کاژێر کۆمزارمان لێوە دەرکەوت.
چۆن بزانین ئەمانە پسمام و دۆتمامی ئێمەن؟ هەر بۆ ئەم دوو دەستەواژەیە کە لە شێوەزارەکانی کرمانجیی سەروو و کەلهوڕیی کوردی دا وەکو خۆیان ماونەتەوە، کۆمزارییەکان (پسئامۆ) و (دۆتئامۆ)، بەکاردێنن.
یاقوتی حەمەوی لە کتێبە گرنگەکەی (موعجەموبولدان)ـدا،کۆمزارییەکان بە لوڕ و ئێرانی پێناسە دەکات و چەندین مێژووناس، زمانەوان و لێکۆلینڤانی ئەورووپاییش لە هەندێک بەڵگەی گرنگ دا، باسی نزیکبوونی زمانی کۆمزاری لەگەڵ بەلووچی، کوردی، فارسی و زمانەکانی رۆژئاوای باکووری ئێران دەکەن.
ئاو، دەریا، بەرم، تڕادی
ئەمانەش ئەو وشانەن کە کۆمزارییەکان بۆ ئاو، دەریا، شەپۆل و بەلەم بەکاریدێنن.
کۆمزار گوندێکی دوورەدەستی عومانە. زیاتر لە 4000 هەزار کەس لەنێو 270 ماڵی گوندەکەدا دەژین. جگە لە فەرمانبەریی حکومەت، بژێوی ژیانیان زیاتر لەسەر راوە ماسییە.
بەدر کۆمزاری - ماسیگر:
باشترین کات بۆ راوەماسی وەرزی هاوینە، چونکە ماسی زیاتر دێنە سەر ئاو، بەڵام زۆر هیلاک دەبین لەبەر گەرما. وەرزی زستان زۆر خۆشە بۆ راوە ماسی، بەڵام چەند کەشوهەوا گەرمبێت ماسی زیاتر دێنە سەر ئاو. ئێمە لە نوێژی بەیانییەوە دەردەچین بۆ نێو دەریا ، جاری واهەیە 500 کیلۆ هەندێک جاریش 1000 کیلۆ و زیاتریش راو دەکەین .
هەرچەندە لە کەم سەرچاوەدا ئاماژە بە نزیکبوونی زمانی کۆمزاری لە زمانی کوردی کراوە، بەڵام هەندێک وشەی هاوبەش لەنێوان ئەم دوو زمانەدا، تووشی سەرسووڕمانمان دەکات. تاوەکو ئێستا زۆربەی لێکۆلینەوەکان کەسانێک کردوویانن کە خۆیان فارس و عەرەب بوون، یاخود رۆژئاوایی بوون و شارەزاییان لە زمانی کوردی دا نەبووە.
ئێمە، هاتووین بۆ دۆزینەوەی ئەو هاوشێوەییە لەنێوان زمانی کوردی و کۆمزاری دا.
کولتووری کۆمزارییەکان بەشێوەیەکە، پاراستنی شێوەزاری تایبەتی خۆیان لەلا پیرۆزە. ئەوەش وایکردووە سەرەڕای خوێندنیان بە زمانی عەرەبی، بەڵام کۆمزاییەکان نەوە دوای نەوە شێوەزارەکەیان پاراستووە.
محەممەد حەسەن - خانەنشین:
لە ئێمەوە وشەکان لەبەر دەکەن ، پێشتر باو باپیرانمان نەیاندەزانی زۆر بە باشی بە عەرەبی قسەبکەن ، ژمارەیەکی کەم بە عەرەبی قسەیان دەکرد. هیچ جیاوازییەک لە نێوان کورد و کۆمزارییەکان نابینم ، زۆر لێک نزیکن، کاتێک ئێوەم بینی قسەتان دەکرد لە کولتوور و عادات و خواردن وەک یەک قسە دەکەین، بە کۆمزاری ئەمە دەستە، ئەمە لنکت ، ریش ، روو، نخروت، شوم، حێجب ، گۆش، مۆخ، پا ، ورگ.
لە سەرچاوە عەرەبییەکان و ئەو راپۆرت و لێکۆلینەوانەی لەسەر کۆمزارییەکان کراوە، باس لەوە دەکرێت ناوی کۆمزار لە ژمارەی سەردانیکەرانی ئەم گوندەوە هاتووە. لە چەند سەرچاوەیەکیشدا بەو پێچ و کڵاوە گوتراوە کە کۆمزارییەکان لەسەری خۆیانی دەبەستن.
هیچ سەرچاوەیەک نییە باسی مێژووی کۆنی کۆمزار بکات، بەڵام لە سەدەی 16 و 17ـی زایینیدا لەژێر دەسەڵاتی پۆرتووگالییەکاندا بووە.
دانیشتووانەکەی دەڵێن مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 3000 ساڵ و لە چەند لێکۆلینەوەیەکی زانکۆکانی ئێرانیش دا، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ساسانییەکاندا بووە.
گرافیک
ێ- ۆ- چ- پ- ڵ- ئەو پیتانەن کە لە زمانی کوردی و کۆمزاری دا هەیە.
لێکۆلینڤان و زمانناسی فەرەنسی مەکسیم تابت، لە توێژینەوەیەکیدا سەبارەت شێوەزاری کۆمزارییەکان دەڵێت، جگە لە پیتە عەرەبییەکان، چەند پیتێکی دیکە کۆمزارییەکان بەکاریاندەهێنن کە تەنیا لە زمانی کوردی و فارسی دا هەن. دانیشتووانی کۆمزاریش پێیانوایە زمانی کوردی نزیکترین زمانە لە زمانی کۆمزاریەکان.
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح- فەرمانبەر:
باپیرم کاتێک وەفاتی کرد تەمەنی 127 ساڵبوو، پرسیاری کۆمزارم لێدەکرد دەیگوت وەک تۆ هیچی لێنازانم و کاتێک هاتوومەتە دونیا کۆمزار هەبووە و بەم شێوەیە قسەیان کردوە و دەیگوت نازانم ئەو شێوەقسەکردنەی کۆمزاریانە لەکوێوە هاتووە، بەڵام دەگوترا بەهۆی زۆری سەردانیکەرانی ئەو شێوەزارە دروستبووە، بەڵام ئایا ئەمە راستە؟ کەس نازانێت. زمانی کوردی نزیکترین زمانە لە کۆمزاریەکان، من دوێنێ لەگەڵ ئێوە دانیشتووم، زۆر وشەم لەبەرکردووە و رەنگە زۆربەی وشەکانمان وەک یەک بن.
دوای ماندووبوون و گەڕان بە شوێن پێکهاتەی زمانی کۆمزاری دا، هاتینە کەنار دەریا کە پشوویەک بدەین. منداڵانی کۆمزاریم بینی خەریکی یاریکردن بوون. گوتم بزانم ئەوان چ زانیارییەکیان لایە لەسەر زمانەکەیان.
زەم زەم عەلی- خوێندکار:
من دەریام خۆشدەوێ، من لە باوکمەوە فێری مەلەکردن بووم، حەزم لە راوەماسییە لەنێو دەریادا لەگەڵ باوکم.
دوورەدەستی ئەم گوندە و نەبوونی رێڕەوێکی وشکانی بۆ هاتووچۆ، بەشێک لە کچانی کۆمزاری لە خوێندنی زانکۆ بێبەشکردووە. دوای تەواوکردنی شەشی ئامادەیی، ناچارن دەستبەرداری خوێندن ببن.
خەدیجە محەممەد - کچی ماڵ:
من لە قوتابخانە پۆلی شەشی ئامادەییم تەواوکردووە و ناوم لە زانکۆی نزوی دەرچوو، بەڵام نەچووم ، چونکە زۆر دوورە لە ئێمەوە، دەبێت لێرەوە بەناو دەریادا بچمە خەسەب، دواتر لەوێ بە فڕۆکە بچمە مەسقەت و لەوێش بە پاس بچمە نزوی بۆیە خوێندنم تەواونەکرد.
لێرە زانیم کە پیاوانی پیری گوندەکە، زانیاری زیاتریان لەسەر رێوڕەسم و کولتووری کۆمزاری هەیە. بۆیە هاتینە ئەم ماڵە کۆمزارییە ، کە چیرۆکەکانی دەریا دەزانێ و سروودەکانی خۆیانی بۆ خوێندم. ئەم ئاوازە لەنێو کۆمزارییەکاندا بە نەدبە ناسراوە، بەڵام زۆر لە شێوازی هۆرەی کەلهوڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکە.
محەممەد حەسەن- خانەنشین:
بە کۆمزاری ئەمە دەستە ئەمە لنکت ، ریش ، روو، نخروت، شوم، حێجب ، گۆش، مۆخ، پا ورگ .
لە ئێمەوە وشەکان لەبەر دەکەن ، پێشتر باو باپیرانمان نەیاندەزانی زۆر بە باشی بەعەرەبی قسە بکەن ، ژمارەیەکی کەم بەعەرەبی قسەیان دەکرد، هیچ جیاوازیەک لەنیوان کورد و کۆمزارییەکان نابینم، زۆر لێک نزیکن.
بەهۆی بوونی تاکە بیرێکی ئاوی سازگار لەم گوندە،کاتی خۆی زۆرجار کەشتییە بازرگانییەکان لەنگەر دەگرت. لە وەرزی بەهار و زستانیش دا بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و شێوەزاری قسەکردنیان، ساڵانە نزیکەی 10 هەزار گەشتیار سەردانی ئەم گوندە دەکەن.
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح- فەرمانبەر:
پێش هاتنی ئامێری تەحلیە بۆ ئێرە، هەموو خەڵکی کۆمزار ئاوی ئەو بیرەیان بەکار دەهێنا، زۆرجاریش کەشتییە بازرگانییەکان لەنێوان هند و وڵاتانی ئەورووپا لێرە لەنگەریان دەگرت و ئاوی ئەو بیرەیان بەکار دەهێنا، تاکە سەرچاوەی ئاوی شرینی ئەم ناوچەیەبوو، هەموو کۆمزاریش لەو بیرە ئاویان دەبرد ، ئاوەکەی سارد بوو، خۆیان پێ دەشۆرد و خواردنیان پێ ئامادە دەکرد.
لە وەرزی هاوین و لە کاتی پشووی قوتابخانە، بەشێکی بەرچاوی کۆمزارییەکان لە خەسب نیشتەجێ دەبن. بۆ گەیشتن بە زانیاری زیاتر لەسەر ئەم گوندە و بەدواداچوون لە نزیکییان لە زمانی کوردی، پێویستە جارێکی دیکە بە بەلەم بەرەو خەسەب بگەڕێینەوە.
عەلی زەید عەلی - کاسب:
بەوە دەڵێن سرک، بە کۆمزاری ئەمەیش سێم، ئەوانە لە وەرزی هاوین دا کاتێک دەهاتین بۆ خەسەب لێرە بەکارمان دەهێنان، ئاومان لەو جەڕەیە دەکرد ، شەو تاوەکو بەیانی ئاوەکە سارد دەبوو، لەمەش ئاومان دەخواردەوە، دوای کۆتایی هاتنی هاوین دەگەڕاینەوە کۆمزار.
ئەمە پێی دەڵێین مەشک ، شیرمان تێدەکرد و رامان دەشەقاند تاوەکو شیرەکەی ناوی دەبووە دەو ، ئێمە پێی دەڵێن دەو .
لە خەسب قەڵایەک هەیە بە ناوی کۆمزارییەکان.
لە سەدەی 16 و 17 ئەم ناوچەیە کۆلۆنیی پۆرتووگال بووە. هەر لەو سەردەمەدا چەندین قەڵای بەنێوبانگ لە شارەکانی مەسقەت، خەسەب و چەندین شاری دیکەی عومان دروستکراوە. ئەم قەڵایەی کۆمزارییەکانیش لە خەسەب، یەکێکە لەوانە و لە ساڵی 1965 لەلایەن سوڵتانی عومانەوە، نۆژەنکراوەتەوە.
عەلی زەید عەلی - کاسب:
من ئەوە 12 بۆ 13 ساڵە لە خەسب نیشتەجێم ، ئەمە قەڵای کۆمزاریەکانە ، مێژوی زیاتر لە1000 ساڵە، شوێنی پاراستنی کۆمزاریەکان بوو لە کاتی شەڕ و ئاژاوەکان دا. هەروەها شێخێک هەبووە سەرپەرشتی کۆمزاریەکانی دەکرد لەم قەڵایەوە.
شێوەزاری کۆمزاریەکان لە چەندین زمانەوە پێکهاتووە لەوانە کوردی و ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی، نزیکترین زمان لە کۆمزارییەکان کوردییە.
کولتوورێکی دیکەی باوی کۆمزارییەکان ئەوەیە کە رۆژانی هەینی لە ماڵی سەرۆک خێزان وەکو باوک یاخود باپیر کۆدەبنەوە و نانی بەیانی پێکەوە دەخۆن. ....
دەیان وشە و دەستەواژەی نوێی دیکەمان هاتە بەر گوێ کە کوردی بوون یان زۆر لە کوردی نزیک بوون.
گرافیک
جێناوەکان
کۆمزاری : کوردی:
مێ هامتم من هاتم
تو هامتی تۆ هاتی
یێ هامت ئەو هات
رەنگەکان:
کۆمزاری: کوردی:
سپیر سپی
سیا رەش
سەوز سەوز
سورخ سوور
زەرد زەرد
مەکییە حەسەن یەکێکە لە نووسەرانی کتێبی (فەرهەنگی بابەتیی زمانی کومزاری) باسی مەترسییەکانی سەر زمانەکەیان و ئەو هۆکارانە دەکات کە زمانی کۆمزاریی پەراوێز خستووە.
مەکییە حەسەن کۆمزاری- لێکۆلینڤان:
ئایا گریمانە هەیە کەوا کوردەکان لە دێرزەمانەوە کۆچیان کردبێت بۆ ئەم ناوچەیە و زمانی خۆیان لەگەڵ زمانەکانی دیکەی وەک عەرەبی، فارسی، لارکی و ئاچۆمی و لێرە نیشتەجێبووبن؟ دەڵێم بەڵێ رەنگە وابێت، بەڵام ئایا بەدڵنیاییەوە ئەمە راستە؟ ناتوانم ئەمە بڵێم، چونکە پێویستمان بە بەڵگەی زانستییە ، ئێمە زانا نین و بەڵگەشمان بەدەستەوە نییە، وەک بەڵگەێکی زانستی تاوەکو ئەمە پشتڕاست بکەینەوە، بەڵام ئەگەر دەپرسی ئەمە فەرەزیاتە دەڵێم بەڵێ راستە تاوەکو ئەوکاتەی پێچەوانەی ئەمە دەردەکەوێت.
رێکخراوی یونسکۆ، لە لێکۆلینەوەکانیدا، باس لەو زمانانە دەکات کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە و دەڵێت؛ لە شەش هەزار و 700 زمان لە جیهان دا، سێ هەزار و 78 زمان بەهۆی کەمیی ئاخێوەران و سیاسەتی یەکدەستکردنی کولتووری لەلایەن دەسەڵاتی هەندێک لە وڵاتان و پەراوێزخستنی زمانی دایک لەبەر زمانی فەرمی لە هەندێک وڵات دا، لەژێر مەترسیی لەنێوچووندان.
زمانی کۆمزاری یەکێکە لەو زمانانەی کە سەرەڕای هەوڵی ژمارەیەک پسپۆڕ و چالاکڤانی خەمخۆر، دوور نییە لەو مەترسییە. ئەگەر لەڕووی جوگرافییەوە، کۆمزار لە کوردستان نزیک بووایە، ئەو مەترسییە لەسەر ئەم زمانە کەمتر دەبوو.
پێشکێشکار: مستەفا گۆران
پرۆدیوسەر: فریا یونسی
وێنەگر
ئەحمەد عەزیز
ئەحمەد یونس
هاوکاران:
شێخ حەسەن کۆمزاری
عەبدولسەلام زرافی
رێبەر: عەبدوڵڵا کۆمزاری
شوفێر : ئەبو ئەحمەد حوشی
دۆبلێرەکان:
رێکار عەزیز
ئەحمەد گەرمیانی
محەممەد رەحیم
کۆسار عەزیز
پەیام سەربەست
نازەنین گۆران
سامان خالید
ئیرەم هوشیار
بەڕێوەبەری دۆبلاژ
جووتیار قارەمان
دەنگ و میکس
نیاز محەممەد
مۆنتاژ : مەسعود مستەفا
بهشی بكه لە