مێژووی شوێنەوارەکانی دهۆک

مێژووی شوێنەوارەکانی دهۆک

کوردستان لانکی شارستانییەکانە
تۆڕی میدایی رووداو بەڵگەفیلمێکی نوێێ لەبارەی مێژووی شوێنەوارەکانی پارێزگای دهۆک بەرهەمهێناوە، بەڵگەفیلمەکە ئاشکرای دەکات زیاتر لە دوو هەزار شوێنی شوێنەواری لە سنووری پارێزگاکە دۆزراونەتەوە، ئەمەش بەڵگەیەکی نوێیە لەسەر دەوڵەمەندی مێژووی کوردستان بە شوێنەوارەکان.
د. حەسەن ئەحمەد، شوێنەوارناس لە بەڵگەفیلمەکەدا دەڵێت: "کوردستان لانکی شارستانییەکانە، ئەم قسەیەش ئەوە نییە بڵێی هەروا گوتراوە، کوردستان ئەو خاکەیە کە بۆ یەکەمجار مرۆڤی کۆنی تێدا نیشتەجێ بووە، بیری ئاوەدانکردنەوە و بەخێوکردنی ئاژەڵی کێوی، هەروەها بیری چاندن، بازرگانی، هونەر و بیروباوەڕ هەموویان لەسەر خاکی کوردستان داهێندراون."
خەنەس و جەروانە: سیستەمی ئاودێری یەکتا لە جیهاندا
بەڵگەفیلمەکە تیشک دەخاتە سەر شوێنەواری خەنەس کە تێیدا زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو بەردی گەورە بەکارهاتوون و چوار جۆر تێکستی بزماری لەسەر بەردەکان هەڵکەندراون. ئەم تێکستانە کۆنترین تێکستن لە سەرانسەری جیهان کە تاوەکو ئێستا بە شێوازی خۆیان ماونەتەوە.
کۆڤان ئیحسان، شوێنەوارناس لە بەڵگەفیلمەکەدا روونی دەکاتەوە کە خەنەس لە سەردەمی کۆندا یەکێک بووە لە شارەکانی ئارارتییەکان و دواتر کەوتووەتە دەست ئاشوورییەکان. لەوێدا گەورەترین کەڤاڵی سەر بەرد نەخشێندراو و هەڵکۆڵدراو دەبینرێت، کە بە مەنحوتەی گەورەی سەنحاریب ناسراوە.
هەروەها جەروانە، کە بەشێکە لە پرۆژەی ئاودێری سەنحاریب، کۆنترین کەناڵی ئاوە لە هەموو جیهان کە تاوەکو ئێستا بە شێوازی کۆنی خۆی ماوەتەوە. ئەم سیستەمە ئاو لە خەنەسەوە بۆ نەینەوا گواستووەتەوە بە درێژایی 80 کیلۆمەتر.
ئامێدی: مێژووی هەزاران ساڵە
بەڵگەفیلمەکە ئاماژە بە ئامێدی دەکات، کە پایتەختی میرنشینی بادینان بووە. ناوی ئامێدی یەکەمجار لە تێکستی بزماری "مسلس سەودا" هاتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا.
لە ئامێدی، خوێندنگەی قوببەهان یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکان کە لە سەدەی شازدەی زایینی بونیات نراوە. تاوەکو ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو خوێندن لەم خوێندنگەیە هەبووە و ئێستا هەوڵدەدرێت نۆژەن بکرێتەوە.
هەروەها دەرگای بادینان، یەکێکە لە دەرگا کۆنەکانی ئامێدی کە لەسەری نەخشی شەڕکردنی دوو چەکدار لەگەڵ مارێک هەڵکەندراوە، ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر نەورۆز و سەرساڵی کوردی.
زاخۆ و پردی دەلال
پردی دەلال لە زاخۆ، کە بە پردی بەردی یان پردی گەورە ناسراوە، یەکێکە لە شوێنەوارە دەگمەنەکان کە تاوەکو ئێستا بەکاردەهێندرێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، مێژووی پردەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتی، ساڵی 485ی زایینی.
شانەدەر: دۆزینەوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ
د. ئیما پۆمەرۆی، پسپۆری شوێنەوارناسی زانکۆی کامبریج، لە بەڵگەفیلمەکەدا باس لە گرنگی ئەشکەوتی شانەدەر دەکات کە تێیدا پاشماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە. ئەو دەڵێت: "ئەوە لە جیهاندا یەکێکە لە گرنگترین سایتە مێژووییەکان بۆ تێگەیشتن لە نیاندەرتاڵەکان."
هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان
ڤالێنتینا مۆزۆلی، شوێنەوارناس لە زانکۆی ئۆدینە لە ئیتالیا، جەخت دەکاتەوە: "شوێنەوارەکان لە کوردستان زۆر گرنگن، چونکە بەشێکن لە شارستانیەتی دێرینی وڵاتی میزۆپۆتامیا."
ئێستا پڕۆژەیەکی گەورە هەیە لەگەڵ زانکۆی ئۆدۆنێ بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆکەوە بۆ ئەوەی ئەم شوێنانە بکەنە نێو لیستی شوێنەوارەکانی یونسکۆ.
بەڵگەفیلمەکە هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە هەزاران شوێن و شوێنەواری دیکە هەن کە لە ئایندەدا دەدۆزرێنەوە و پیشانی خەڵک دەدرێن، ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر دەوڵەمەندی مێژووی کوردستان.

وێنەگرتن و دەرهێنان: حەیدەر عومەر
مۆنتاژ و دەنگ: سارۆیان بەیان
ریسێرچ: حەیدەر عومەر و شالاو قەرەداخی
بەرهەمی ساڵی 2025