ئیدریس بارزانی - ئەندازیاری ئاشتی

ئیدریس بارزانی - ئەندازیاری ئاشتی

 

بەڵگەفیلمەکە باسی ژیان و خەباتی ئیدریس بارزانی دەکات لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان، هاوخەبات و کەسە نزیکەکانی لەم بەڵگەفیلمەدا شایەتی کوردپەروەری و ئازایەتی و مرۆڤدۆستی ئەو دەدەن،  ئیدریس مستەفا بارزانی ساڵی 1944 لە بارزان لەدایکبوو، کاتێک تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دوورخرایەوە و لەوێ ژیانێکی سەختی دوور لە نیشتمانی بەسەربرد، بەڵام ئەو ژیانە سەختە نەبووە هۆکارێک بۆئەوەی نەخوێنێت و نەخوێنێتەوە.

ساڵی 1947 مەلا مستەفای باوكی لەگەڵ 500كەس لە هەڤاڵانی روویانكردە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو، دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد.

ئیدریس بارزانی تاوەكو گەڕانەوەی بارزانی باوكی بۆ عێراق و كوردستان لە ساڵی 1985ـدا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.

ئەو كەسانەی هەمیشە نزیكی بوونە دەڵێن، ئیدریس بارزانی لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا هاورێیەتیەكی باشی هەبووەو توانای زۆری هەبووە لەنووسین و داڕشتندا بە هەرسێ زمانی كوردی وعەرەبی و فارسی ، شەوانە تاوەكو درەنگ دەیخوێندەوەو دەینووسی و هەردەم كتێبی پێبووە، هەموو دەرفەتەكانی دەقۆستەوە بۆ خوێندنەوە تەنانەت لەنێو ئۆتۆمبیلیشدا. بایەخی بە بوارەكانی نەتەوەیی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە، زۆربەی شیعرەكانی مەلای جزیری ، ئەحمەدی خانی و وەفایی لەبەربوونە. كەسێكبووە زۆر حەزی لە ئەدەب و سۆفیگەرێتی بووە.

ئەو هاوڕێ و پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیكبوون، هەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەكەن و دەڵێن ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەكان جیانەدەكردەوەو بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیاكانی كوردستاندا رۆژی كردووەتەوە .

 

لەساڵی 1961 كە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، ئیدریس بارزانی رۆڵێكی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی هەندرێندا، كە دواتر گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی عێراقی بەدواداهات و گەیشتە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، لە دوای ساڵی 1975 لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێكهێنانی بەرەی نیشتمانیی عێراق جود و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، رۆڵی باڵای هەبووە .

 

پێش ئەوەش لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ پارتەكانی بەشەكانی دیكەی كوردستانیشدا رۆڵێكی باڵای هەبووە، بەتایبەتی لە دروستكردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا. ئەو تایبەتمەندییە دروستكردنی هاوكاری بەشێوەیەك بەرچاوبوو، كە لە ئەدەبیاتی پارتیدا بە "ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی" نێونراوە.

 

لەساڵی 1964 ئەوكاتەی بارزانی باوكی لە ناوچەی رانیە و دەورووبەری دەبێت ، بۆ هاوكاریكردنی لە ئیشوكاری پێشمەرگە و ئیدارەی سەربازیدا، ئیدریس بارزانی لە ناوچەی بارزانەوە دەباتە لای خۆی و بەرپرسیارێتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێدەسپێرێت .

 

لە مانگی پێنجی 1966 راستەوخۆ سەرپەرشتی داستانی بە ناو بانگ و سەركەوتووی چیای هندرێن دەكات، كە لە رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ تانك و تۆپ و تەیارە و هێرشی سەربازی رژێمی ئەو كاتی عێراقدا بەرگریی و سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكرێت. ئەوانەی لەو سەردەمەدا بوون دەیگێڕنەوە کە ئیدریس بارزانی هەموو پێداویستییەكی مەعنەوی بۆ ئەو سەركەوتنە دابین كردووەو لە سەنگەرەكانی مەیدانی داستانەكانەدا وەكو پێشمەرگە و وەكو سەركردەیەكی پڕ توانا و ورەبەخش دەوری سەرەكی گێڕاوە.

 

ئیدریس بارزانی لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكانی ئاوارەكانی باشووری كوردستان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان .

 

لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا كە لە گوڵانی 1976 بەرپا بووە، رۆڵ و كاریگەریی ئیدریس بارزانی بە رادەیەكە كە هەوڵ و كۆششی بێ وێنەی ئەو بە داینەمۆ و ناوەندێكی مەعنەوی و سەرەكی و كارا تۆمار بووە لە بەرامبەر ئەو دۆخ و گۆڕانانەی ئەو كاتەدا.


لە كاژێر 6ی سەر لەئێوارەی رۆژی 31ی مانگی 1ی 1987 لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی هەلەج لە تەنیشت باوكی دەنێژرێت. دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانیدا و لە رۆژانی 6 تاوەكو 8-10-1993 لە رێوڕەسمێكی تایبەت تەرمی هەردووكیان، لەنێو پێشوازییەكی خەڵكی كوردستان، گەیێندرانە گوندی بارزان و لەوێ نێژران.

 

ئەم بەڵگە فیلمە بەرهەمی ساڵی 2023 تۆڕی میدیایی رووداوە. لەلایەن ئاسۆ حاجی کاری ئامادەکردن و دەرهێنانی بۆ کراوە.