یەشار کەمال

یەشار کەمال

یەشار کەمال، نووسەری ناوداری کورد، یەکێک بوو لە نووسەر و چیرۆکنوسە گەورەکان نەک تەنها لە تورکیا بەڵکو بەرهەمەکانی لەمێژ بوو رەهەندێکی نێودەوڵەتیان وەرگرتبوو، بەو پێیەی کتێبەکانی بۆ زیاتر لە زمانێک وەڕگێردرابوون..

ئەم نوسەرە گەورەیەی کورد ، ناوی تەواوی کەمال سادق کوکجەلیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ لە دایک بووە لە خێزانێکی جوتیار، لە ژینگەیەکی کشتوکاڵیدا گەورە بوو کە پڕ بوو لەو چیرۆک و ئەفسانەو بەسەرهاتە کۆنانەی شەوانە جوتیارە پیرەکان بۆ بەسەربردنی کات دەیانگێڕایەوە..

یەشار کەمال لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٣ یەکەم بەرهەمی ئەدەبی خۆی بڵاو کردەوەو دواتر وەکو نوسەرێک دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی نوسینەکانی لە رۆژنامە تورکیەکاندا.. یەکێک لەو بەرهەمە یەدەبییانەی کە ناوبانگێکی گەورەی بە یەشار کەمال بەخشی رۆمانی حەمەدۆک بوو کە لە چوار بەرگ پێک هاتووە، بەرگی یەکەم ساڵی ١٩٥٥ بڵاوی کردووەتەوەو بەرگی دووەمی ساڵی ١٩٦٩ بڵاوی کردوەتەوە، بەرگی سێهەم ساڵی ١٩٨٤ و بەرگی چوارەمیش ساڵی ١٩٨٧ بڵاوی کردوەتەوە، کە دواتر بۆ چەندین زمانی زیندووی دونیا وەڕگێڕدراوە..

یەشار کەمال جگە لە کارە ئەدەبیەکانی، هەر لەسەرەتای تەمەنی لاوێتیەوە تێکەڵ بە بزوتنەوە سیاسیە چەپەکانی تورکیا دەبێ و یەکێک دەبێ لە ئەکتیڤیستە سیاسیە چالاکەکانی سەردەمی خۆی کە بەهۆی بیروباوەڕە سیاسیەکانیەوە توشی چەندین کێشەو گرتن و ئەشکەنجەدان دەبێتەوە.. 

دواتر یەشار کەمال دونیابینی سیاسی رەهەندێکی دیکە وەردەگرێ و زیاتر دژی ئەو ستەم و پێشێلکاریانە دەوەستێتەوە کە لە وڵاتەکەیدا رووبەڕووی کورد ئەنجام دەدرێ و لەسەر ئەم هەڵوێستانەشی ساڵی ١٩٩٥ دادگای تورکیا زیاتر لە ساڵێک سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنێ

ئەم ئەدیبە گەورەیە، لە ژیانی ئەدەبی خۆیدا چەندین خەڵاتی گەورەی پێبەخشراوە و خاوەنی زیاتر لە ٢٥ بەرهەمی ئەدەبی مەزنە.. رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ کۆچی دوایی دەکات..
 یەشار کەمال، لە رێوڕەسمی پێدانی دکتۆرای فەخری کە لەلایەن زانکۆی بیلگی لە ئیستەنبوڵ بۆی سازکرابوو. دواهەمین وەسییەتنامەی بۆ خوێنەرانی راگەیاند، لەو وەسێتنامەیەدا یەشار کەمال رایگەیاند :

" ئەوەی کتێبەکانی من دەخوێنێتەوە نابێت ببێت بە پیاوکوژ، دەبێت ببێت بە دوژمنی شەڕ، دەبێت رووبەڕووی قۆرخکردنی مرۆڤ ببێتەوە لەلایەن مرۆڤەوە. نابێت کەس ئەوی دیکە بە کەمتر لەخۆی بزانێت و هەوڵی سڕینەوەی بدات. نابێت رێگە بدرێت بەو دەوڵەت و حکومەتانەی کە هەوڵی سڕینەوەی مرۆڤەکان دەدەن".