نهێنییەکانی چارەسەری بەردی زراو، کەی نەشتەرگەری پێویستە؟

نهێنییەکانی چارەسەری بەردی زراو، کەی نەشتەرگەری پێویستە؟

لە بەرنامەیەکی نوێدا، دکتۆر ئاراس میوانداریی پڕۆفیسۆر د. قەلەندەر کەسنەزانی، راوێژکاری نەشتەرگەریی چاندنی جگەر و پەنکریاسی کرد. ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆفیسۆر کەسنەزانی پەرتووکێکی پزیشکیی نێودەوڵەتی لەبارەی برینداربوونەکانی رێڕەوی زراو نووسی. پەرتووکەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ پزیشکان و خوێندکارانی پزیشکی لە جیهاندا و بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ پزیشکیی کوردی دادەنرێت.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەکە و پەرتووکەکە، "بەردی زراو" بوو. پڕۆفیسۆر کەسنەزانی، روونیکردەوە کە نزیکەی 85%ـی تووشبووان هیچ نیشانەیەکیان نییە و بەردەکانیان بە رێکەوت دەدۆزرێتەوە. بەڵام ئەو کەسانەی نیشانەیان هەیە، تووشی ئازارێکی توندی لەناکاوی سک دەبن و ئەگەری ئاڵۆزیی مەترسیداری وەک زەردوویی و هەوکردنی پەنکریاسیان هەیە.

د. قەلەندەر، ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لە هۆکارەکانی زوو دەستنیشانکردنی بەردی زراو ئەوەیە کە لەم سەردەمەدا نەخۆشەکان خۆیان داوای سۆنار دەکەن.

سەبارەت بە نەشتەرگەری، پڕۆفیسۆر کەسنەزانی جەختی کردەوە کە هەموو کەسێک پێویستی بە لابردنی زراوی نییە. بە گوتەی ئەو، نەشتەرگەری تەنیا لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا پێویستە، وەک گەورەبوونی قەبارەی بەردەکان بۆ زیاتر لە 3 سانتیمەتر، بوونی ئازاری توند و دووبارە، یان دەرکەوتنی ئاڵۆزیی تەندروستی.

لەبارەی ژیانی دوای نەشتەرگەریی لابردنی زراو کە زۆربەی کات بە هەناوبینی (نازوور) دەکرێت، پڕۆفیسۆر کەسنەزانی گوتی، "مرۆڤ دەتوانێت ژیانێکی تەواو ئاسایی بژی و پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە لە سیستمی خۆراکیدا نییە." هەروەها ئاماژەی بە مەترسیدارترین کێشەی کاتی نەشتەرگەری کرد کە برینداربوونی بۆریی زراوە و رایگەیاند، ئەم حاڵەتە لە باشترین سەنتەرەکانی جیهانیشدا روودەدات و نابێت هەمیشە وەک هەڵەی پزیشک سەیر بکرێت.