پاراستنی ددانی منداڵان

پاراستنی ددانی منداڵان

لە بەرنامەیەکی تایبەتی دکتۆر ئاراس برادۆستیدا، پزیشکانی پسپۆڕی ددانی منداڵان کۆمەڵێک ئامۆژگاری و رێنمایی گرنگیان سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی ددانی منداڵان و گرنگی پاکڕاگرتنی ددان لە تەمەنی منداڵییەوە پێشکەش کرد.

دکتۆر هەژان عەبدولواحید، پزیشکی پسپۆڕی ددانی منداڵان، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەم ددانی منداڵ لە تەمەنی "شەش بۆ دە مانگی" دەست بە دەرکەوتن دەکات و تا تەمەنی "دوو ساڵ و نیو بۆ سێ ساڵی" دەبێت هەموو 20 ددانی منداڵ دەربکەون. دکتۆر هەژان جەختی کردەوە کە ئەم ددانانە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەست بە کەوتن دەکەن تاوەکو تەمەنی سێزدە ساڵی.

"بەردەوام لیکی منداڵ زۆر دەبێت و سووربوونەوەیەک لە پووک دروست دەبێت کە ئازار بۆ منداڵەکە دروست دەکات، هەروەها هەر شتێک بدەیتە دەستی منداڵەکە دەیبات بۆ دەمی"، دکتۆر هەژان وای گوت و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێکجار منداڵەکە تای بەرز دەبێتەوە و خەوی تێک دەچێت.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، دکتۆر ناز وشیار، پزیشکی خێزانیی ددانی منداڵان، هۆشداری دا بە دایکان و باوکان کە پێویستە لە تەمەنێکی زووەوە گرنگی بدەن بە تەندروستیی ددانی منداڵەکانیان و رێگە نەدەن منداڵ تەنیا ئەو کاتە بچێتە لای پزیشکی ددان کە ئازاری زۆری هەیە.

"زۆرینەی دایکان و باوکان گلەیی ئەوە دەکەن کە منداڵەکەیان لە پزیشکی ددان دەترسێت، لە کاتێکدا خەتاکە هی خۆیانە چونکە تەنها کاتێک منداڵەکەیان دەهێنن کە ئازار و ئاوسانێکی زۆری هەیە"، دکتۆر ناز وشیار وای گوت و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی زەبرێکی دەروونی لای منداڵ کە تاوەکو دوارۆژ بەردەوام دەبێت.

هەردوو پزیشک لەسەر گرنگی شۆردنی ددانی منداڵان جەختیان کردەوە و گوتیان یەکەم هەنگاو لە پاراستنی ددانی منداڵدا شۆردنیەتی. دکتۆر ناز وشیار تەکنیکی دروستی شۆردنی ددانی منداڵانی نیشاندا و وتی: "تاوەکو تەمەنی حەوت ساڵی، منداڵ ناتوانێت بە باشی ددانی خۆی بشوات و پێویستە دایک و باوک ئەم کارە بۆ منداڵەکەیان بکەن".

پزیشکەکان هەروەها ئامۆژگاریان کرد کە خواردنی شیرینی بۆ منداڵان کەم بکرێتەوە و پێویستە دوای نان خواردن بیخۆن نەک پێشی، هەروەها پێویستە ددانی منداڵەکانیان دوو جار لە رۆژێکدا بشۆن و باشترین کاتی شۆردنی ددان شەوان پێش خەوتنە کە نابێت پشتگوێ بخرێت.

"پێویستە فڵچەی ددان بەر پووکی منداڵ بکەوێت چونکە پووکی ددان وەکو نینۆکی خانمان گیرفانێکی هەیە، لەو گیرفانەدا زۆرترین خواردن کۆدەبێتەوە"، دکتۆر ناز وشیار وای گوت و ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە مەعجوونی ددان کە فلۆراید-ی تێدایە بەکاربهێنرێت بەڵام بە بڕێکی کەم بۆ منداڵان.

پزیشکەکان لە کۆتایی بەرنامەکەدا هانی دایکان و باوکانیاندا پەتی ددان بۆ منداڵەکانیان بەکاربهێنن، بەتایبەتی ئەو جۆرەی وەک کەمانچەیە، بۆ ئەوەی نێوان ددانەکانیان بە باشی پاک بکرێتەوە و رێگە لە کلۆربوونی بگیرێت.

"مادام بڕیارت داوە ژیانی هاوژینی پێک بێنی و منداڵت هەبێت، پێویستە وەکو مرۆڤ لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەتییە بیت و هەموو ئەو وردەکارییانەی لە ژیانی منداڵەکە هەیە لە ئەستۆی تۆدایە، بە بچووکترین ددانیشەوە"، دکتۆر ئاراس برادۆستی بەم قسانە بەرنامەکەی کۆتایی پێهێنا.