هۆکار و چارەسەری دڵەکزێ؛ خانمانی دووگیان چۆن خۆیان بپارێزن؟
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس.. نەخۆشێك هاتووەتە ستۆدیۆ دەڵێت هیچم بۆ نەدەخورا، نەمدەتوانی هیچ شتێك قوتبدەم، تیمێكی پزیشكیی پسپۆڕ لە ستۆدیۆن، باسی هۆکار و چارەسەری نەخۆشییەکە دەکەن، دەڵێن "ئەکەلەژیا" نەخۆشییەکی دەگمەنە، بەڵام ئێستا لەجیاتی نەشتەرگەری، بە تەکنیکێكی نوێ و بە هەناوبین، چارەسەری نەخۆشییەکە دەکەن.
لەم بەرنامە نوێیەی دکتۆر ئاراس، باسی دوو نەخۆشی دەکرێت، یەکێكیان تووندبوون و گرژبوونی دەرچەی خوارەوەی سوورێنچک "ئەکەلەژیا"، دووەمیان شلبوونەوە و پەککەوتنی دەرچەی خوارەوەی سوورێنچک "دڵەکزێ یان ترشەڵۆکی گەدە" کە وادەکات ترشیی گەدە بگەڕێتەوە سوورێنچک و هۆکاری سووتانەوە بێت.
د. وارڤین لوقمان لەبارەی هۆکارەکانی دڵەکزێ و ترشەڵۆکی گەدە دەڵێت، زۆربەی تووشبووان دەرچەی سەر گەدەیان شلە و خۆراکەکان دەگەڕێنەوە، دەکرێت ئەمەش بەهۆی شلبوونەوەی دەرچەکە، دەکرێت بەهۆی قەڵەوی و زیادبوونی پەستانی نێو گەدە بێت.
د. رێبەر عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت، خۆراکی تەندروست، سەوزەکان بەگشتی و شەربەتی سرووشتی بۆ تووشبووانی دڵەکزێ بەسوودترن، نیشانەکان کەمدەکەنەوە، بەڵام شەربەتی دەستکرد، خواردنەوە وزەبەخشەکان، قاوە و چا دوورنییە نیشانەکان خراپتر بکەن.
د. شناو هەورامی، پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوونە دەڵێت خانمانی دووگیان زۆرتر تووشی دڵەکزێ دەبن، چونکە پەیوەندی بە هۆڕمۆنەکان هەیە کە دەرچەی خوارەوەی سوورێنچکیان کە لەسەر گەدەیە، زۆرتر شل و خاو دەبێتەوە و تووشی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە دەبن.
بینەری بەرنامەکە بن، ببینن چۆن نەخۆشێكی ئەکەلەژیا پشکنین و چارەسەری بۆ کراوە؟
بهشی بكه لە